Home / بەشی مێژووی كورد / كوره‌ی خشت و كوره‌چیه‌كان مێژوویه‌كن بۆ شاری هه‌ولێر

كوره‌ی خشت و كوره‌چیه‌كان مێژوویه‌كن بۆ شاری هه‌ولێر

كوره‌ی خشت و كوره‌چیه‌كان مێژوویه‌كن بۆ شاری هه‌ولێر

كوره‌چیه‌كان یه‌كێكن له‌ دانیشتووانه‌ ره‌سه‌نه‌كانی شاری هه‌ولێر كه‌ به‌ سه‌دان ساڵه‌ له‌و شاره‌ بوونیان هه‌یه‌، ئه‌وان هاوشانی خه‌ڵكی هه‌ولێر خه‌ریكی كاركردن بوون، به‌ڵام جیاوازی ئه‌وان له‌ پیشه‌كه‌یان بوو كه‌ كاری كوره‌ی خشت دروستكردن بوو، كه‌ جگه‌ له‌وان كه‌سی تر ئه‌وكاره‌ی نه‌زانیوه‌و به‌هۆی ئه‌و پیشه‌یه‌شیان توانیویانه‌ بۆ یه‌كه‌مجار بینای خانوو به‌ شێوه‌یه‌كی شارستانیانه‌و به‌ خشتی سووركراو له‌و شاره‌ دابنێن و ببنه‌ هۆكارێك بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌و مۆدێلی خانووی خشت بهێننه‌ هه‌ولێر، كه‌ نموونه‌ی كاره‌كه‌شیان خانووه‌كانی گه‌ڕه‌كه‌ دێرینه‌كانی ته‌عجیل و خانه‌قاو عه‌ره‌ب و 3 گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی قه‌ڵایه‌.

* سه‌ره‌تا له‌ ته‌عجیل دروستكران

سه‌باره‌ت به‌ كوره‌چیه‌كانی شاری هه‌ولێر، ره‌فعه‌ت وه‌یسی كوره‌چی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كوره‌چیه‌ دێرینه‌كانی هه‌ولێر به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: كوره‌چیه‌كان شوێنی دانیشتنیان له‌ هه‌ولێر، گه‌ڕه‌كی ته‌عجیل بووه‌، كه‌ سه‌دان ساڵه‌ له‌و گه‌ڕه‌كه‌ نیشته‌جێن، بۆیه‌ له‌ سه‌ره‌تاشدا كوره‌كانیشیان هه‌ر له‌و گه‌ڕه‌كه‌و له‌سه‌ر به‌ستی ته‌عجیل دروستكردووه‌ كه‌ ژماره‌یان 14 كوره‌ بووه‌.

كوره‌چیه‌ به‌ناوبانگه‌كانی هه‌ولێر زۆرن كه‌ زۆربه‌یان ئێستا له‌ ژیاندا نه‌ماون و رۆڵێكی گه‌وره‌یان هه‌بووه‌ له‌ به‌كارخستنی كوره‌كان، وه‌كو مام وه‌یسی و حاجی شه‌هاب و حاجی هه‌مزه‌و عه‌باس ره‌شید كوره‌چی و مام له‌تیف و ئه‌سكه‌نده‌ر كوره‌چی و سلێمان كوره‌چی و ره‌شید كوره‌چی و سه‌لیم كوره‌چی و حاجی جبرائیل و حاجی سه‌عدوڵـڵاو میكائیل كوره‌چی و ئه‌حمه‌د سلێمان و عه‌زیز میرزاو نه‌شئه‌ت عه‌بدۆك و جه‌رجیس جبرائیل و حه‌یده‌ر ئیسماعیل و موته‌ڵیب سۆفی ئیسماعیل و فه‌تاح نوعمان و شه‌هاب سه‌لمان و مه‌جید میكائیل كوره‌چی و چه‌ندین كوره‌چی تر، به‌ڵام به‌ناوبانگترینیان كه‌ریم كوره‌چی بووه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ عه‌مید خالید كوره‌چی یه‌كێكی تره‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی كوره‌چیه‌ دێرینه‌كانی هه‌ولێر، رایگه‌یاند: كه‌ریم كوره‌چی وه‌ك سه‌رداری كوره‌چیه‌كان له‌ شاره‌كه‌ سه‌یركراوه‌و له‌ گه‌ڕه‌كی ته‌عجیل دیوه‌خانه‌یه‌كی هه‌بووه‌ كه‌ زۆربه‌ی خه‌ڵكی گونده‌كانی هه‌ولێر سه‌ردانیان كردووه‌و خواردنی بۆ خه‌ڵكی ئاماده‌كردووه‌و شه‌وان میوانه‌كان له‌وێ خه‌وتوون و په‌یوه‌ندییه‌كی باشیشی له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌ ئاغاكانی ده‌شتی هه‌ولێر هه‌بووه‌ به‌تایبه‌تی ئاغاكانی هۆزی دزه‌یی، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆی كاری خشت بووه‌ كه‌ بۆ گونده‌كانی هه‌ولێر دروستكراوه‌، هه‌روه‌ك كه‌ریم كوره‌چی رۆڵێكی كاریگه‌ریشی له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی خه‌ڵكی شار له‌ناو دیوه‌خانه‌كه‌ی گێڕاوه‌.

* گوازرانه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی شار

خالید كوره‌چی ئاشكراشیكرد كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی سییه‌كاندا به‌هۆی فراوانبوونی شاری هه‌ولێر حكومه‌تی ئه‌وسا بۆ پاراستنی ژینگه‌ی شاره‌كه‌ بڕیارده‌دات شوێنی كوره‌ی خشته‌كان بۆ شوێنێكی دوورتری شار بگوازێته‌وه‌، بۆیه‌ كوره‌كان له‌ گه‌ڕه‌كی ته‌عجیل گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ گه‌ڕه‌كی كورانی ئێستای نزیك شه‌قامی شه‌ست مه‌تری كه‌ ناوی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ش هه‌ر له‌ ناوی كوره‌كانه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌و ژماره‌یان گه‌یشته‌ 25 كوره‌ی خشت، به‌ڵام له‌ ساڵی 1937 دا به‌هۆی زیاتر گه‌وره‌بوونی شاره‌كه‌ ئه‌مجاره‌ كوره‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ی شارو بۆ گونده‌كانی تۆپزاوه‌و قۆریتان گوازرانه‌وه‌ كه‌ ژماره‌ی كوره‌كان له‌و دوو شوێنه‌ 32 كوره‌ی خشت بوو.

كوره‌چێتی و خشت بڕین و دروستكردن له‌ هه‌ولێر، له‌ كۆندا كارێكی زۆر قورس بووه‌ بۆ كوره‌چیه‌كان، چونكه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ ئه‌وان به‌هۆی ده‌ستكاری ئاودانی خۆڵ و خشت بڕین و باركردنی خشت و داگیرساندنی كوره‌یان ئه‌نجامداوه‌و هیچ ئامێرێكی پێشكه‌وتووی وه‌كو ئێستاش له‌به‌رده‌ستیان نه‌بووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وان به‌هۆی ساده‌یی ژیان له‌و سه‌رده‌مه‌داو په‌یداكردنی بژێوی ژیانیان به‌هۆی ئه‌م پیشه‌یه‌ كاره‌كه‌یان زۆر لا خۆشه‌ویست بووه‌.

كاركردنی كوره‌ی خشت ته‌نها له‌ وه‌رزی هاوین ئه‌نجامده‌دراو له‌ وه‌رزی زستان كوره‌كان له‌كار ده‌وه‌ستان كه‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆی بارانبارین بووه‌ كه‌ كاری كوره‌چیه‌كانی سه‌خت ده‌كردو خشته‌كه‌ی هه‌ڵده‌وه‌شاندو به‌هۆی سه‌رماو سۆڵه‌ش خشته‌كه‌یان وشك نه‌ده‌بوو، چونكه‌ له‌وكاته‌دا به‌هۆی تیشكی خۆر خشته‌كانیان وشك ده‌كرد، بۆیه‌ كوره‌چیه‌كان له‌ وه‌رزی زستان كاری دروستكردنی گۆزه‌و دیزه‌یان ئه‌نجامده‌دا.

* گواستنه‌وه‌ی خشت به‌ ئاژه‌ڵ

ره‌فعه‌ت وه‌یسی كوره‌چی باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌هۆی نه‌بوونی ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر له‌ زوودا كوره‌چیه‌كانی هه‌ولێر گواستنه‌وه‌ی خۆڵ بۆ دروستكردنی خشت و خشت گواستنه‌وه‌شیان به‌ ئاژه‌ڵ ئه‌نجامده‌دا، به‌ڵام له‌ ساڵی په‌نجاكاندا ئۆتۆمبێل ده‌هێنرێته‌ هه‌ولێرو كوره‌چیه‌كان به‌ ئۆتۆمبێلی جۆری دۆج و عه‌نته‌رناش خشت و قوڕه‌كانیان ده‌گواسته‌وه‌.

* دروستبوونی گڵكه‌ند به‌هۆی كوره‌كان

خالید كوره‌چی ده‌ڵێت: ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ له‌ هه‌ولێر پێیده‌وترێت (گڵكه‌ند) له‌ كۆندا زه‌وییه‌كی ئاسایی بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی نزیكی له‌ كوره‌كانی خشت له‌ گه‌ڕه‌كی ته‌عجیل و ده‌رهێنانی خۆڵه‌كه‌ی بۆ دروستكردنی خشت بۆ ماوه‌یه‌كی دوورو درێژ شوێنه‌كه‌ی قوڵ بووه‌، بۆیه‌ دواتر ناونرا (گڵكه‌ند).

ره‌فعه‌ت كوره‌چی باس له‌وه‌شده‌كات كه‌ له‌ له‌وكاته‌دا به‌هۆی نه‌بوونی سووته‌مه‌نی پێشكه‌وتووی هاوشێوه‌ی ئه‌مڕۆ كوره‌چیه‌كانی هه‌ولێر كوره‌كانیان به‌ پاشماوه‌ی ئاژه‌ڵ داده‌گیرساند بۆ سووركردنه‌وه‌ی خشت كه‌ له‌ لادێكانی هه‌ولێر ده‌یانهێنا، به‌ڵام دوای ده‌ركه‌وتنی نه‌وتی ره‌ش كوره‌چیه‌كان نه‌وتیان بۆ داگیرساندنی كوره‌ به‌كارده‌هێنا كه‌ به‌ تانكه‌ر له‌لایه‌ن میریه‌وه‌ بۆیان دابینده‌كرا.

ره‌فعه‌ت كوره‌چی ئه‌وه‌ش ئاشكراده‌كات كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا ته‌نها خانه‌واده‌ كوره‌چیه‌كانی ناو شاری هه‌ولێر كاری كوره‌یان زانیوه‌، به‌ڵام دوای گواستنه‌وه‌ی كوره‌كان بۆ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر خه‌ڵكی لادێكانیش به‌هۆی كاركردنیان وه‌كو شاگردی كوره‌كان شاره‌زاییان له‌و پیشه‌یه‌ په‌یداكردو دواتر ئه‌وانیش كوره‌یان دروستكرد كه‌ به‌وهۆیه‌وه‌ پیشه‌كه‌ زیاتر گه‌شه‌یكردو ژماره‌یان زیادبوو.

* مێژووی كوره‌چیه‌كان

مێژووی بوونی خانه‌واده‌ی كوره‌چیه‌كان له‌ شاری هه‌ولێر به‌ روونی دیارنییه‌، به‌ڵام به‌ بۆچوونی خالید كوره‌چی زۆربه‌ی ئه‌گه‌ره‌كان مێژووی بوونیان له‌و شاره‌ بۆ مێژووی دروستكردنی خانووی خشت به‌راورد ده‌كه‌ن كه‌ له‌وكاته‌ی خانووی خشت له‌ هه‌ولێر دروستكراوه‌ ئه‌وانیش له‌وێ ژیاون كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ سه‌دان ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

* خشته‌كان چه‌ند رۆژێك ده‌سووتان

ره‌فعه‌ت كوره‌چی ده‌ڵێت: شێوازی دروستكردنی خشتی كۆن بریتیبوو له‌ تێكه‌ڵكردنی پووش و پاشماوه‌ی ئاژه‌ڵ له‌گه‌ڵ جۆره‌ خۆڵێكی تایبه‌ت و پاشان ئاودان و شێلانی، ئینجا خشته‌كه‌یان به‌ جۆره‌ قاڵبێكی تایبه‌تی له‌ دار دروستكراو ده‌بڕی و خشته‌كه‌شیان له‌سه‌ر زه‌وی راده‌خست تا وشك ده‌بوو، دواتر ده‌یانخسته‌ ناو كوره‌كان و دوای سووتاندنی بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك ئینجا خشته‌كه‌ له‌ دروستكردنه‌كه‌ی ته‌واوده‌بوو.

* كوره‌چیه‌كان دوو به‌رباب بوون

خالید كوره‌چی باس له‌وه‌شده‌كات كه‌ بنه‌ماڵه‌ی كوره‌چیه‌كانی هه‌ولێر له‌ دوو به‌ره‌باب پێكهاتوون، یه‌كێكیان نه‌وه‌ی حاجی عوسمانه‌ كه‌ خه‌ڵكی كۆنی ناوچه‌ی خۆشناوه‌تین، به‌ڵام له‌ كۆندا هاتوونه‌ته‌ شاری هه‌ولێرو نیشته‌جێبوون، به‌ره‌بابێكی تریش له‌ كوره‌چیه‌كانی شاره‌كه‌ هه‌ن كه‌ نه‌وه‌ی ره‌جه‌ب كوره‌چین كه‌ له‌ زه‌مانی زوودا ره‌جه‌ب به‌هۆی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆچی كردووه‌ بۆ وڵاتی ئێران و دوای كۆچی دواییكردنیشی كوڕێكی هه‌بووه‌ كه‌ به‌ دوای كه‌سوكاره‌كه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ شاری هه‌ولێرو دووباره‌ ده‌ستیكردووه‌ به‌ كاری كوره‌ی خشت دروستكردن.

* سووده‌كانی خشت

خشت له‌ دروستكردنی خانوو به‌ گونجاوترین مادده‌ داده‌نرێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ وه‌رزی هاوین پله‌ی گه‌رمی خانووه‌كان كه‌مده‌كاته‌وه‌و له‌ وه‌رزی زستانیش پله‌ی گه‌رمای خانوو به‌رزده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆی هه‌ڵمژینی شێی ئاوی باران و كه‌مكردنه‌وه‌ی تیشكی خۆره‌ به‌هۆی پێكهاته‌ی مادده‌كه‌ی، به‌ڵام له‌ كۆتایی حه‌فتاكاندا به‌هۆی ده‌ركه‌وتنی بلۆك له‌ شاری هه‌ولێر به‌كارهێنانی خشت بۆ دروستكردنی خانوو له‌ناو دانیشتووانه‌كه‌ی كه‌مبووه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی گه‌وره‌یی قه‌باره‌ی بلۆك و ئاسانی له‌ دروستكردنی بینای خانوو بووه‌، بۆیه‌ به‌كارهێنانی خشت ساڵ به‌ساڵ به‌ره‌و نه‌مان چوو، ژماره‌ی كوره‌ی خشته‌كان كه‌میان كردو ژماره‌ی كارگه‌ی بلۆك زیادیان كرد.

* ئێستا بۆ جوانكاری به‌كاردێت

له‌ ئێستادا به‌كارهێنانی خشت زۆرتر بۆ جوانكردنی سیمای شوێنه‌ گشتییه‌كانی شاری هه‌ولێرو نوێكردنه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌ كلتووری و ئاسه‌وارییه‌كانی هه‌ولێر به‌كاردێت، بۆ نموونه‌ له‌ نوێكردنه‌وه‌ی خانووه‌كانی قه‌ڵای هه‌ولێرو گه‌ڕه‌كه‌كانی ته‌عجیل و عه‌ره‌بان و خانه‌قاو هه‌روه‌ها مناره‌ی چۆلی مێژوویی و بازاری قه‌یسه‌ری.

خالید كوره‌چی روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ چۆنییه‌تی به‌كارخستنی كوره‌ كۆنه‌كان بریتیبوو له‌ دانانی خشته‌ ئاماده‌كراوه‌كان له‌ناو كوره‌كه‌ كه‌ نزیكه‌ی 20 تا 21 هه‌زار خشت جێگای تێدا ده‌بۆوه‌، دواتر سه‌رجه‌م دیوارو ده‌رگای كوره‌كه‌ش به‌ قوڕ سواغ ده‌دراو دوای سوتانی خشته‌كان ئینجا دیواری كوره‌كه‌ ده‌شكێنراو خشته‌كان ده‌رده‌هێنران و بۆ شارو گونده‌كان بارده‌كران.

* له‌ عه‌ینكاوه‌ش دروستكرا

جگه‌ له‌ كوره‌كانی گه‌ڕه‌كی ته‌عجیل و گه‌ڕه‌كی كوران و گوندی قۆریتان له‌ رابردوودا، چه‌ند كه‌سێك له‌ خه‌ڵكی عه‌ینكاوه‌ چه‌ند كوره‌یه‌كی خشتیان له‌ نزیك عه‌ینكاوه‌ دروستكرد، به‌ڵام ده‌وترێت له‌و كاره‌یان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، بۆیه‌ دوای ماوه‌یه‌ك كوره‌كانی خۆیان تێكدا كه‌ ئێستاش ئه‌و شوێنه‌ بووه‌ته‌ گه‌ڕه‌ك و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ ناوه‌كه‌ی بووه‌ته‌ كورانی عه‌ینكاوه‌.

خالید كوره‌چی ئه‌وه‌ش ئاشكراده‌كات كه‌ ئه‌و خۆڵه‌ی بۆ خشت دروستكردن به‌كاردێت جۆرێكی تایبه‌تییه‌، چونكه‌ خۆڵی هه‌موو ناوچه‌یه‌ك بۆ خشت گونجاو نیه‌و نابێت خۆڵه‌كه‌ مادده‌ی قه‌سپۆكی تێدابێت، چونكه‌ ئه‌و مادده‌یه‌ خشته‌كه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنێت، بۆیه‌ له‌ شاری هه‌ولێر ته‌نها خۆڵی ناوچه‌ی گڵكه‌ندو له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاریش خۆڵی گونده‌كانی تۆپزاوه‌و قۆریتان و ماستاوه‌ بۆ دروستكردنی به‌كارده‌هات و گونجاو بوو.

* سه‌دان ساڵ ته‌مه‌نییه‌تی

یه‌كێك له‌ سووده‌كانی خشت له‌ به‌كارهێنانی بۆ دروستكردنی خانوو و باڵه‌خانه‌كان، به‌هێزی پێكهاته‌كه‌ی و درێژی ته‌مه‌نه‌كه‌یه‌تی به‌ به‌راورد به‌ بلۆك، چونكه‌ خشتی كۆن پووشی له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵده‌كرا كه‌ ئێستا زۆر شوێنی كه‌له‌پووری و ئاسه‌واری هه‌ولێر هه‌ن كه‌ به‌ خشت دروستكراون و ته‌مه‌نه‌كه‌شیان بۆ سه‌دان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌وانه‌ خانووی گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كانی هه‌ولێرو مناره‌ی چۆلی مێژوویی و بیره‌ كۆنه‌كانی ئاو له‌ هه‌ولێر.

خالید كوره‌چی راشیگه‌یاند كه‌ به‌هۆی گۆڕانكاری له‌ بارو گوزه‌رانی ژیان، له‌ ئێستادا زۆربه‌ی نه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ كوره‌چیه‌كانی هه‌ولێر له‌بڕی كاری كوره‌چیاتی كاری تر ئه‌نجامده‌ده‌ن، بۆ نموونه‌ زۆربه‌یان كاری میری و پزیشك و ئه‌ندازیارو ئه‌فسه‌رو كاری بازرگانی ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی له‌ناوچوونی پیشه‌ی كوره‌ی خشت دروستكردن له‌و شاره‌.

* بینای كوره‌كانی خشت

ره‌فعه‌ت كوره‌چی ده‌ڵێت: بینای كوره‌ كۆنه‌كانی خشت له‌ هه‌ولێر هه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستی كوره‌چیه‌كانی ئه‌و شاره‌ دروستكراوه‌ كه‌ بیناكه‌ی به‌ خشت و قوڕ دروستكراوه‌و له‌ به‌شی ده‌ره‌وه‌ی چه‌ند تاقێكی هه‌یه‌ كه‌ ده‌رگاكانی كوره‌كه‌یه‌و له‌ ناوه‌وه‌شی بریتییه‌ له‌ شوێنێكی هاوشێوه‌ی كۆگا كه‌ خشته‌كان بۆ سووتاندنیان تێیدا داده‌نرێت، له‌ ته‌نیشت كوره‌كه‌ش حه‌وزێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی سووته‌مه‌نی دروستده‌كرا كه‌ نه‌وتی ره‌شی له‌خۆده‌گرت له‌گه‌ڵ ته‌نكیه‌كی ئاو كه‌ به‌هۆی نه‌وت و ئاو كوره‌كه‌ گه‌رمده‌كرا كه‌ كۆندێسه‌یه‌كی داگیرساندنی ئاگریش كاری گه‌رمكردنه‌وه‌ی كوره‌كه‌ی ئه‌نجامده‌دا.

به‌هۆی ده‌ستنه‌كه‌وتنی كاری تر له‌ رابردوودا خه‌ڵكی هه‌ولێرو هه‌ندێك له‌ گونده‌كان كاری كوره‌ی خشتیان ده‌كرد، هه‌رچه‌نده‌ كارێكی سه‌خت و خه‌ته‌رناكیش بوو به‌هۆی به‌هێزی گڕی ئاگره‌كه‌ی كه‌ وه‌كو بوركانێك ئاگری دروستده‌كرد، به‌ڵام بۆ په‌یداكردنی بژێوی ژیانیان ناچاربوون ئه‌م كاره‌ قورسه‌ به‌ كرێیه‌كی كه‌م ئه‌نجامبده‌ن كه‌ رۆژانه‌ ته‌نیا نیو دینار كرێی كاركردنیان بوو.

ره‌فعه‌ت كوره‌چی باس له‌وه‌شده‌كات كه‌ نرخی خشت له‌ كۆندا به‌ هه‌زار دانه‌ خشت ده‌خه‌مڵێنرا كه‌ ئه‌وكات نرخه‌كه‌ی هه‌رزان بوو كه‌ له‌ په‌نجاكان به‌ 1 دینار بوو دواتر بوو به‌ 2 دینارو 500 فلس و پاشان بوو به‌ 15 دینار، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گۆڕانی سه‌رده‌می ژیان نرخه‌كه‌شی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات و نرخه‌كه‌ی گران ده‌بوو.

* به‌ ئاوی ته‌عجیل ئاویانده‌دا

كوره‌چیه‌كان بۆ ئاودانی خۆڵه‌كانیان بۆ دروستكردنی خشت پێویستیان به‌ ئاوێكی زۆر هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ كۆندا ئامێری ترومپای ئاو نه‌بوو، بۆیه‌ له‌ شاری هه‌ولێر به‌هۆی ئاوی بارانی جۆگه‌كه‌ی ته‌عجیل كه‌ وه‌كو رووبارێك به‌ناو هه‌ولێر ده‌هات و له‌ گوندی قۆریتانیش به‌هۆی جۆگه‌ڵه‌ی ئاوی باران و ئامێری (ناعور)ی بیر ئاویان بۆ خۆڵه‌كان دابینده‌كرد كه‌ به‌ سه‌رپشتی ئاژه‌ڵ ئاوه‌كه‌یان ده‌گواسته‌وه‌.

به‌هۆی پێشكه‌وتنی ته‌لكنۆلۆژیا شێوازی كوره‌ی خشت گۆڕانكاری به‌سه‌رداهاتووه‌، بۆیه‌ ئێستا چه‌ندین كارگه‌ی دروستكردنی خشتی هونه‌ری له‌ هه‌ولێر هه‌ن كه‌ به‌هۆی ئامێری پێشكه‌وتوو خشته‌كان دروستده‌كرێن و ده‌بڕدرێن كه‌ به‌رهه‌می دروستكردنه‌كه‌شی به‌ به‌راورد به‌ كوره‌ كۆنه‌كان زۆر زیاتره‌و كوره‌كانیان جێگای 200 هه‌زار خشتی تێدا ده‌بێته‌وه‌، جۆری خشته‌كانیشی جیاوازتره‌و شێوه‌ی ئیشپێكردنیشی پێشكه‌وتنێكی به‌رچاوی به‌خۆوه‌ بینیوه‌ كه‌ به‌ نه‌وت و كاره‌با كارده‌كه‌ن و ئامێره‌كانیشی پێوانه‌ی پله‌ی گه‌رمیان له‌سه‌ره‌.

* رووخاندنی كوره‌كانی قۆریتان

له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییشدا به‌هۆی فراوانبوونی شاری هه‌ولێر به‌ راده‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو و زۆربوونی دانیشتوانی، له‌ ساڵی 2013 دا ده‌زگاكانی حكومه‌ت له‌م شاره‌ بڕیاریاندا به‌ تێكدانی كوره‌ كۆنه‌كانی خشت له‌ گوندی قۆریتان كه‌ هۆكاره‌كه‌ی بۆ ده‌رهاوێشتنی دووكه‌ڵێكی زۆرو پیسبوونی ژینگه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو، بۆیه‌ له‌ ئێستادا سه‌رجه‌م كوره‌كانی ئه‌و گونده‌ رووخاون و ته‌نها ئاسه‌واری هه‌ندێك دیواری ماونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ده‌بووایه‌ چه‌ند كوره‌یه‌ك وه‌كو ئاسه‌وارێكی كه‌له‌پووری كۆنی ئه‌و شاره‌ وه‌كو یادگارییه‌ك بمایه‌و نه‌ڕوخێندرانایه‌، به‌ڵام ئێستاش هه‌ندێك كوره‌ی تر له‌ گوندی (ماستاوه‌) ماون كه‌ خشتی شێوه‌ كۆنه‌كان به‌رهه‌مده‌هێنن كه‌ پێده‌چێت ئه‌و كورانه‌ دوایین كوره‌ی خشتی كۆنی هه‌ولێر بن و كه‌سیش نازانێت، ئه‌و كورانه‌ش ته‌مه‌نێكی كه‌میان ماوه‌ بۆ رووخاندنیان یان ئه‌وه‌تا بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌وێ ده‌مێنن و به‌رده‌وامی به‌و پیشه‌ كۆن و مێژووییه‌ی شاری هه‌ولێر ده‌ده‌ن.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

FB_IMG_1495617038172

هاودیان لە سەرچاوە مێژووییەكاندا…

هاودیان لە سەرچاوە مێژووییەكاندا… فازل هاودیانی رەگ‌و ریشەی ناوی (هاودیان)، لێكدانەوەو بیروڕای جیاواز لەخۆ دەگرێت، …