Home / بەشی مێژووی كورد / یادداشتەکانی مەنافی کەریمی وەزیری فەرهەنگی کۆماری کوردستان

یادداشتەکانی مەنافی کەریمی وەزیری فەرهەنگی کۆماری کوردستان

یادداشتەکانی مەنافی کەریمی وەزیری فەرهەنگی کۆماری کوردستان، بە بۆنەی تێوەرسووڕانەوەی ٦٦ ساڵ بە سەر ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان دا

یادداشتەکانی میرزا مەنافی کەریمی
وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەنی قازی

قازیی محەمەد لە سەروبەندی حکوومەتی کوردستان دا تەمەنی ٤٦ساڵ بوو و بەو توانایی زاتییەی کە هەیبوو جگە لە زمانی کوردی لە گەڵ زمانی ئینگلیسی،فەڕانسەیی،ڕووسی، فارسی و تورکی ش ئاشنایی هەبوو. بۆ فێر بوون و خوێندەواری لاوانی کورد هەستیارییەکی تایبەتی لە خۆیەوە نیشان دەدا و هەر بۆیەش بۆ ماوەی درێژ سەرۆکی ئیدارەی مەعاریفی شارستانی مەهاباد بوو. وێچوو بوو، لاواز و ڕەشتاڵە بوو، چاوی زەق و درەوشاوە بوو، ردێنێکی کورتی دەهێشتەوەو ئەوەش لە وەجاهەتی زیاد دەکرد. زۆر شەوان دوای سەعاتێک یان دوو سەعات لە دوای نیوەشەو دەیفەرموو مەناف ئەمشەو دەچمە سەردانی دەورو بەری شاری. لەوەی کە لە شاری دا ئارامی و هێمنی تەواو لە گۆڕێ دا بوو ڕازی و خۆشحاڵ بوو. قەت خۆی لە خەڵک و هاوکارەکانی جوێ نەدەکردەوە و لە میوانی و جێژنی تایبەتی ئەوان دا بەشداری دەکرد. هەڵسوکەوتی لە گەڵ خەڵک و بە تایبەتی لە گەڵ ئەندامانی حیزب وەک ڕەفیقێک وا بوو، قەت نێوی دوژمنانی نەدەهێنا سەر زمان و زۆر جوامێرانە لەگەڵیان دەبزووتەوە. لە دەبەرکردنی جلوبەرگ دا سادەیی ڕەچاو دەکرد، هەتا بڵێی لەسەرەخۆ و دەربەر بوو و لە هەمان کاتیش دا دڵسۆزی هەموان بوو. بەو خەسڵەتانەوە خەڵکی مەهاباد ئەویان وەک دووچاوی خۆیان خۆش دەویست و بۆیەش ناسناوی ” بینایی” بوو.
لە هەلومەرجی تایبەتی ئەو زەمانی دا هێزە هاوپەیمانەکان بە مەبەستی گواستنەوەی کەلوپەلی شەڕ و دابین کردنی پێداویستییەکانی خۆیان ، باشووری ڕۆژئاوای ئێران و لەوانە دوو ئەستانی سنە و کرماشانیان داگیر کرد بوو و حکوومەتی نێوەندی ئێرانیش ئەو ناوچەیەی چۆل کرد بوو، بە لەبەرچاو گرتنی ئەو بار و دۆخە ، دیاری کردنی سنووری کوردستان زۆر دژوار بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کوردەکان لە هەموو شارەکانی کوردستان پەرەیان دەدا بە چالاکی تەبلیغی و لە حەول و تێکۆشانەکانی خۆیان زیاد دەکرد و لەو شارانە دا سەرەڕای توانایی ماڵی زۆر کەم و زەمانی کورت توانیان خوێندنگە داییر بکەن و کتێب بۆ قوتابیان پەیدا کەن و هەر وەها تێبکۆشن بۆ سازکردنی کتێبخانەی گشتی و دەست پێداهێنان و دروستکردنەوەی ئەو شوێنە گشتییانەی لە ماوەی شەڕی دووەمی جیهانی دا ڕووخا بوون و لەو ڕووەوە هەنگاوی زۆر کاریگەر و بە کەلکیان هەڵێنایەوە.بە لەبەرچاوگرتنی هەبوونی هێزی دەوڵەتی لە هێندێک لە شارەکانی بەرباس ، بە تایبەتی لە ڕووی سیاسی و نێونەتەوەییەوە کە بەشێک لە ژێر نفووزی ئەمەریکا و ئینگلیستان وبەشێکیش لە ژێر دەستەڵاتی سۆڤییەتییەکان دا بوو ، دەرەتان زۆر کەم بوو و زەمینەی مەیدانی چالاکی لە هەموو لایەکەوە بەسنوور و بەرتەنگ بوو. سەردەشت، بانە، سنە و سەقز بە دەست هێزە دەوڵەتییەکانەوە بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، پڕیشکی چالاکی تەبلیغاتی حیزب گەیشتە ئەوێش و کاردانەوەی زۆر جێی سرنجی لەو ناوچانە چ لە شار و چ لە لادێ دا هەبوو.

سەبارەت بە شانۆی دایکی نیشتمان لە ساڵی ١٣٢٤/١٩٤٥

هێشتا نازانم نووسه‌ری شانۆی دایکی نیشتمان چ که‌سێک یان که‌سانێک بوون. ئه‌و شته‌ی له‌و و له‌مم بیستووه‌ ئه‌وه‌یه‌‌ هێندێک له‌ جه‌وانانی مەهابادی له‌ دوای ڕووخان و تێک ته‌پینی حکوومه‌تی ڕه‌زا خان له‌ ساڵی 1320ی هه‌تاوی [ ئووتی ساڵی 1941ی زایینی] به‌ هه‌بوونی ئازادییه‌کی ڕێژه‌یی، جارو بار له‌ ده‌وری یه‌کتری کۆ ده‌بوونه‌وه‌ و به‌ زمانی کوردی ڕاهێنانیان له‌ سه‌ر شانۆی دایکی نیشتمان ده‌کرد و به‌ڕێوه‌یان ده‌برد.
دایکی نیشتمان به‌ شیوه‌یه‌کی دڵتاوێن له‌ کاتێک دا ده‌ست و پل و لاقی له‌ کۆت و زنجیر دابوو و نوشتابووه‌وه‌و هه‌ڵده‌لەرزی و تاقه‌تی ڕۆیشتنی نه‌بوو ده‌هاته‌ سه‌ر شانۆ و بینه‌ران به‌ دیتنی ئه‌و وه‌زعه‌ دڵتاوێنه‌ی دایکی نیشتمان خه‌م و په‌ژاره‌یه‌کی زۆر دایده‌گرتن و به‌ تایبه‌تی به‌ بیستنی هاواری دڵته‌زێنی منداڵه‌کانی، فرمێسک ده‌چاویان ده‌تزا و دیتنی ئه‌و شانۆ په‌ژاره‌نگێزه‌ شوێنێکی قووڵی ده‌کرده‌ سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی بینه‌ران. ئه‌سڵی شانۆکه‌ له‌ ٥ به‌یت شێعری شاعیری بە نێوبانگی کورد عه‌بدولره‌حمانی شه‌ره‌فکه‌ندی ( هه‌ژار) ئیلهامی وه‌رگرتبوو:

جووجه‌ڵه‌ی نیشتمان *

ڕاوکه‌ری به‌دخوو، خوێن رێژی خوێن خۆر/ ئه‌تۆ بی و خودا ،به‌سیه زوڵم وزۆر
ئه‌مجارش بم ده‌ مۆڵه‌ت و مه‌ودا/ ڕۆڵه‌ی شیرینم له‌ شیرین خه‌ودا
له‌ ژێر باڵم دا ، ڕای مه‌په‌ڕێنه‌ /هێلانه‌که‌مان لێ مه‌ڕووخێنه‌
له‌ خوێنی خۆم دڵ، ئه‌ندێشێ ناکا/ به‌ڵام ده‌ترسم تیرت خه‌تا کا
نه‌درێ له‌ من ، وه‌ڕۆڵه‌م که‌وێ /جه‌رگه‌که‌م ببڕێ له‌ شیرین خه‌وێ
دندووکی شووشی، شووشه‌ی گیانمه‌/ خه‌ت و خاڵه‌که‌ی، خه‌تی گیانمه
تۆ باخه‌به‌ر نی له‌ ئێش و ده‌ردم /دڵ ده‌برژێنێ هه‌ناسه‌ی سه‌ردم
له‌ دایکت پرسه‌، پێت ده‌ڵێ حاڵم /ئینجا تام ده‌که‌ی ژیانی تاڵم
پێم خۆشه‌ بمرم نه‌ک جووجه‌ڵه‌که‌م /بڕه‌نجێ و بپسێ به‌ندی دڵه‌که‌م
هه‌ژار جووجه‌ڵه‌ی نیشتمان ئه‌تۆی/ وه‌های خۆش ده‌وێی به‌وه‌فابی بۆی‌

شاعیر ئاوا ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ مه‌لێک له‌ نێو لک و پۆپی دارێک دا هێلانه‌یه‌ک بۆ خۆی و جووجه‌ڵه‌کانی پێکه‌وه‌ ده‌نێ تا له‌و هێلانه‌یه‌ دا به‌ خه‌یاڵی ئاسووده‌ منداڵه‌کانی به‌خێو کا. جووجه‌ڵه‌کانی وورده‌ وورده‌ بازه‌ڵه‌ ده‌بن و وه‌جموجووڵ ده‌که‌ون و دایکیان به‌ ڕه‌نج و کوێره‌وه‌رییه‌کی زۆر دان و ئاوی ڕۆژانه‌یان بۆ په‌یدا ده‌کا و ئاگای لێیان ده‌بێ.
له‌ پڕ له‌ دووره‌وه‌ سێ ڕاوکه‌ری لێ په‌یدا ده‌بن هه‌ر یه‌که‌ی له‌ لایه‌که‌وه‌ به‌ره‌و هێلانه‌که‌ی دێن. دایک هه‌ست ده‌کا ڕاوکه‌ره‌کان زۆر بێ به‌زه‌ و دڵره‌قن و، ببێ و نه‌بێ ده‌یانه‌وێ ڕاویان که‌ن. ڕاوکه‌ره‌کان به‌ چاوی قوشقی ته‌ماشای ئه‌ملاولای خۆیان ده‌که‌ن تا ده‌گه‌نه‌ بن ئه‌و داره‌ی مه‌له‌که‌ و جووجه‌ڵه‌کانی هێلانه‌یان لێ داناوه‌. دایکه‌که‌ زۆر په‌شێوه‌ و له‌سوێی منداڵه‌کانی نازانێ چ بکا. یه‌کێک له‌ ڕاوکه‌ره‌کان خه‌ریکه‌ سێره‌یان لێ بگرێ. دایک به‌ هات و هاوار و پڕمه‌ی گریانه‌وه‌ به‌ سه‌ر ڕاوکه‌ره‌که‌ دا ده‌قیژێنێ : ئه‌ی ڕاوکه‌ری خوێن خۆر ده‌زانم به‌ ته‌مای ڕاوی ئێمه‌ هاتووی . ئێمه‌ بۆخۆمان له‌ سووچێکی ئه‌م لێڕه‌واره‌ هێلانه‌یه‌که‌مان پێکه‌وه‌ ناوه‌ لێمان مه‌ڕووخێنه‌، له‌ ژێر باڵم دا جووجه‌ڵه‌ نازداره‌کانم نوستوون ،له‌ خه‌ویان ڕامه‌په‌ڕێنه‌. ئێمه‌ ئه‌م هێلانه‌ پچکۆڵانه‌یه‌مان به‌خوێنی دڵ دروست کردووه‌ لێمان تێک مه‌ده‌.دندووکی شووشی جووجه‌ڵه‌کانم شووشه‌ی گیانمه‌، خه‌ت و خاڵی په‌ڕ و باڵیان نیشانه‌ی گیانمه‌. ئه‌من له‌ مه‌رگی خۆم ناترسێم ، به‌ڵام ترسم له‌وه‌یه‌ ئه‌و تیره‌ی تێن هه‌ڵده‌که‌ی سه‌ر بکا و وه‌به‌ر ڕۆله‌کانم که‌وێ، له‌ شیرن خه‌و ڕایان په‌ڕێنێ و به‌ندی جه‌رگ و دڵم بپسێنێ.

ئه‌وکه‌سه‌ی‌ ده‌وری دایکی نیشتمان ی ده‌گێڕا عه‌بدوڵای نه‌هری بوو که‌ له‌ ساڵی ١٣٦٠ی هه‌تاوی کۆچی دوایی کرد. ئه‌و له‌ جلوبه‌رگی دایک دا به‌ ده‌نگی خۆش و دڵنشینی خۆی به‌ ئاهه‌نگێکی خه‌فه‌تاوی ڕووه‌و ڕاوکه‌ره‌کان ئه‌و شێعرانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌خوێنده‌وه‌ و ده‌گریا. عوبه‌یدیلای ئه‌یووبیان و سیرووسی حه‌بیبی ده‌وری منداڵه‌کانیان ده‌گێڕا و ئه‌و ده‌می هه‌ر دووکیان مێردمنداڵ و له‌ ته‌مه‌نی ١٣ – ١٤ ساڵی دابوون. سیرووسی حه‌بیبی لاوێکی وێچوو و به‌وه‌ج بوو و ده‌نگی زۆر خۆش بوو و کاری له‌ سه‌ر دڵی بیسته‌ر ده‌کرد . ئه‌و کراسێکی سپی ده‌به‌ر دابوو و چووبوو ده‌قالبی په‌پووله‌یه‌که‌وه‌،ده‌سته‌ باریک و شووشه‌کانی ڕووه‌و ئاسمان هه‌ڵده‌هێنا و یه‌ک له‌ شێعره‌ به‌ نێوبانگه‌کانی حاجی قادری کۆیی ده‌خوێنده‌وه‌ که‌‌ له‌ په‌سنی خودا دایه‌ .
ئه‌ی بێ نه‌زیر و هاوتا، هه‌ر تۆی که‌ به‌رقه‌راری / بێ دار و بێ دیاری، بێدار وپایه‌داری
به‌ زمانی منداڵانه‌ له‌ کاتێکدا کوڵی گریانی له‌ ئه‌وكی دا بوو له‌ خودا ده‌پاڕاوه‌ دایکی بپارێزێ و له‌ چنگ ڕاوکه‌رانی ڕزگار کا. ناڵه‌ و نزای مندالانه‌ی ئه‌وه‌نده‌ دڵتاوێن بوو ‌ دڵی هه‌موو بیسته‌رێکی ده‌خسته‌ ئۆف و ژانه‌وه.
له‌وحاڵه‌ دا بینه‌ران بێ ئه‌وه‌ی بتوانن پێشی خۆیان بگرن زۆڕ زۆڕ ده‌گریان. شانۆیه‌که‌ له‌ حه‌وشه‌ی ماڵێک پێشکێش ده‌کرا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رو دراوسێش لێی بێ به‌ش نه‌بن. ئه‌و ژن و کچانه‌ی شانۆکه‌یان له‌ پشت په‌نجه‌ران، له‌ سه‌ر دیواران و له‌ سه‌ر سه‌ربانانه‌وه ده‌دی ، نه‌یان ده‌توانی پێشی گریانی خۆیان بگرن و گۆڕ گوڕ فرمێسک له‌ چاویان ده‌هاته‌ خوارێ وهیچ بینه‌رێک نه‌بوو ئه‌و شانۆیه‌ کاری له‌ سه‌ر نه‌کا و به‌ دیتنی غه‌م داینه‌گرێ.له‌ شانۆکه‌ دا، دواجارمنداڵان بن پیلی دایکیان ده‌گرن و هه‌لیده‌ستێنێن و ماچی ده‌که‌ن و دڵی ده‌ده‌نه‌وه‌ تا ئه‌وه‌ی که‌ له‌ سایه‌ی پێکێشی و ووره‌ی ئه‌واندا، دایکی نیشتمان له‌ مردن و یه‌خسیری و له‌ چنگ ڕاوکه‌ره‌کان ڕزگاری ده‌بێ. ئه‌وشانۆیه‌ له‌ شاره‌کانی مەهاباد، نه‌غه‌ده‌، شنۆ و بۆکان پێشان درا و خه‌ڵک به‌ گه‌رمی پێشوازییان لێکرد.

لە ڕۆژی ٢٨ی بەفرانبار کە ٣ ڕۆژی مابوو بۆ دووی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی شارەکانی کوردستان لە عەشێرەتەکان و تایفەی جۆر بە جۆر و دانیشتووانی لادێکان بە فەرسەنگان لە ڕێگای دوور و درێژەوە ، سەرەڕای سەرمای سەختی زستان بە هەست و کوڵێکی کە لە گێڕانەوە نایە هاتنە نێو شاری مەهاباد. ئەوینی نیشتمان ئەوهۆگرانەی ئەوەندە فرووسماو کرد بوو کە بۆ ئەوەی زووتر بگەنە شاری لاق و دەستیان تێکداڵا، هەر دەستە و تایفەیەک و هەر خێڵ و عەشێرەتێک بە ڕوی کراوە و گوڵ بەدەم لە کاتێک دا ئاڵایان بە دەستەوە بوو، هاوکات لە گەڵ دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا لە پێشەوەی سوارە و پیادە هاتنی خۆیان بۆ نێو شاری بە هاواری هەر بژی و پایەدار بێ کورد و کوردستان ڕادەگەیاند. خەڵکی مەهابادیش بە بەروپیل هاتنەوەی گەرم و بانگهێشتنی ئەوان بۆ ماڵی خۆیان میواندارییان لێ کردن.
ئێستا ڕۆژی دووی ڕێبەندان گەیشتبوویە، لە گەڵ ئەوەشدا کە چەند ڕۆژ پێشتر بەفر باریبوو و هەوا لە بار نەبوو و ئاسمان تیرە و تنۆک بوو، ئەوی ڕۆژێ بە پێچەوانەی ڕۆژەکانی پێشتر هەوا ساف و دڵڕفێن بوو، تێشکی هەتاو دیمەنی کێو و دەشت و سارای ئەوەندەی دیکەش جوانتر کرد بوو. دەتگوت خۆڕسکیش هاو ڕێک لە گەڵ خەڵک هاتووە یارمەتییان بدا، خەیابانەکان و سەر دەرک و دەروازەی ئیدارە و ماڵی خەڵک بە ئاڵای کوردستان ڕازابوونەوە. لە هەموو کوێیەکی دەنگی گۆڕانی خۆشی خۆجێی دڵی هۆگرانی ئازادی دەلاواندەوە. لە سەعات ٨ی بەیانییەوە هەر دەهات و ژمارەی خەڵک زیادی دەکرد. لە لایەکی مەیدانی چوارچرا قوتابیانی کچ و کوڕ بە جلوبەرگی یەکپۆش ریزەیان بەستبوو و شاد و دەم بە پێکەنین بوون و سروودیان دەخوێندەوە. لە لایەگی دیکەش لە بەرانبەر سەکۆی ووتاردان،بە هەزاران کەس لە خەڵکی شار و لادێکانی موکریان بە جلوبەرگی جوان و ڕەنگاوڕەنگی کوردی ڕاوەستا بوون.
سەرۆک عەشیرەتەکانی کە لە ناوچەی جۆر بە جۆرەوە لەو میتینگە مەزنە دا بەشدارییان کردبوو بریتی بوون لە:
١-ماکۆ و ئاگری: ئاغایانی ئەمەرخانی جەلالی، شێخ حەسەن، شێخ کەی، حەسەنی دەلایی، حەبدوڵا میلان فەخری.
٢-سۆمای برادۆست و دەشتی مەرگەوەڕ:ئاغایان سەید عەبدوڵای گەیلانی زادە، ئەمەر خانی شەریفی، عیرفان شەریفی، تاهیر خانی سمکۆ، عەبباس فنک، قۆیتاس ئاغا، شێرۆ محەمەدی، حاجی وەتمانی عەبدی، حەسەن تێلۆ، تەمەر خان، موراد نوورکۆ، حەسەن هەنارە، زوبەید، عەزۆ، سەید سەعیدی فەهیم
٣-شنۆ:ئاغایان مووسا خانی زەرزا، قەرەنی ئاغای زەرزا، میرزا سەعید، قازیی محەمەدی خزری، کاک هەمزە.
٤-سندووس: ئاغایان ئەحمەدی کا خدر، قاسمی پیرۆتی، محەمەدئەمینی پیرۆتی
٥-لاجان: ئاغایان عەبدوڵای قادری، مامەندی پیرۆتی، حوسێنی محەمەدی، پیرۆتی ئەمیر عەشاییری، هەمزەی نەڵۆسی
٦-خانێ: ئاغایان حەمەدەمین ئاغا ، قەرەنی ئاغا
٧-میاندواو: ئاغای محەمەد حوسێنی سەیفی قازی
٨-بۆکان: ئاغایان عەبدولڕەحمانی شەڕەفکەندی، ڕەشیدی عەلی زادە
٩-عێلی مەنگوڕ: ئاغایان ئیبڕاهیمی ئەدهەم، مام حەسەنی ئافان، کاک سڵەمان، کاک هەمزە، محەمەدئەمین ئاغا، سەلیم ئوجا‌ق
١٠-عێلی هەرکی: ئاغایانی ڕەشید بەگ، بەگزادە، نووری بەگ، زێڕۆ بەگ
١١-عێلی گەورکی سەقز: ئاغایان محەمەد ئاغا ، ئیبڕاهیم ئاغا
١٢-عێلی گەورکی سەردەشت: ئاغای کاک ئەسەد ئاغا
١٣-عێلی دێبۆکریی شاروێرانی: ئاغایان جەعفەری کەریمی، قارەمانی محەمەدی
١٤-عێلی دێنۆکری بۆکانێ: ئاغایان ئێلخانیزادە، محەمەدی، عەزیزئاغای کولتەپە، ساداتی هیدایەتی ئاجیکەند
١٥-عێلی فەیزوڵابەگی بۆکان و سەقزی : ئاغایان محەمەدی فەیزوڵابەگی، عەلی خانی شێرزاد،ئەحمەد خانی فارووقی،عەبدوڵا خان، حەسەب خانی فەیزوڵابەگی
١٦-سەقز:ئاغایان عەلی خانی فاتیح، محەمەد خان، ئەحمەد خانی شەجیعی،شێخ سدیقی ئەسعەدی، ڕەسووڵ ئاغای مەحموودی، عەلی جەوانمەردی، محەمەد ڕەشید خانی قادر خانزادە.
١٧-عەشیرەتەکانی جوانڕۆ،هەورامان، بارزانی
١٨-مەشایخی کولیجە بە سەرۆکایەتی شیخ حەسەنی شەمسی بورهان
دوای قسەکانی قازیی محەمەد ئەم کەسانەی خوارەوە نوتقیان کرد و سەبارەت بە خەبات و پایەداری گەلی
کورد دوان و ئامادەیی خۆیان بۆ هەموو جۆرە فیداکارییەک ڕاگەیاند:
١-محەمەد حوسێنی سەیفی قازی
٢-مەلا حوسێنی مەجدی
٣-حاجی بابا شێخ
٤-عەبدولڕەحمان شەڕەفکەندی (هەژار)
٥-محەمەدئەمین شێخەلیسلامی (هێمن)
٦-سەید محەمەدی ئەییووبیان
٧-شێخ حەسەنی شەمسی بورهان
٨-ئەمەرخانی شکاک
٩-زێڕۆبەگ
١٠-محەمەدئەمینی موعینی
١١-سەید عەبدولعەزیزی گەیلانی زادە
١٢-ئیبراهیمە ئەدهەم مەنگوڕ
١٣-ئەحمەدی ئێلخانی زادە
١٤-محەمەدی قادری
١٥-محەمەدی نانەوا زادە
خانمەکان:
١٦-ویڵمەی سەییادیان
١٧-خەجیجی حەیدەری
لە کۆتایی ڕێو ڕەسمەکە دا قوتابییەکانی مەدرەسەکانی کوردستان، گەلاوێژ و سەعادەت سروودی نەتەوەی و نیشتمانییان پێشکێش کرد.

شه‌رحی حاڵی کورتی هه‌ر کام له‌ وه‌زیره‌کانی حکوومه‌تی جمهووری کوردستان و ئه‌و پله‌ و پایانه‌ی هه‌یانبوو ئاوایه‌:
1. سه‌دری هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ ( سه‌رۆکوه‌زیر) ئاغای حاجی بابه‌ شێخ، خه‌ڵکی شاری بۆکان بوو، له‌ کاتی ڕاگه‌یاندنی کۆماری کوردستان دا ته‌مه‌نی ٦٨ ساڵ بوو . به‌ڕێزیان له‌ بنه‌ماڵه‌ی سه‌یده‌کانی زه‌مبیل بوو و له‌ کارو باری شه‌رعی دا زۆر زانا و کارامه‌ بوو . له‌ هه‌ستان و دانیشتنی گشتی دا له‌ گه‌ڵ خه‌ڵک باش ده‌جووڵاوه‌.ئه‌ندامی ژ.ک نه‌بوو، له‌ ساڵی ١٣٢٤ له‌ گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی حیزبی دێمۆکرات که‌وت و له‌ ساڵی ١٣٣٣ی هه‌تاوی له‌ دێی تورجان وه‌فاتی کرد.

2- محه‌مه‌د حوسێنی سه‌یفی قازی وه‌زیری جه‌نگ، ئامۆزای خودالێخۆشبوو قازی محه‌مه‌د پیاوێکی هه‌تا بڵێی به‌ خۆوه‌ بوو. له‌ یه‌كێک له‌ دێیه‌کانی نزیک میاندواو داده‌نیشت . دڵخوازانه‌ ببوو به‌ ئه‌ندامی ژ.ک . فه‌رمانده‌یی ئه‌رته‌شی نه‌ته‌وه‌یی کوردستانی به‌ ئه‌ستۆوه‌ بوو.به‌ڕێزیان که‌سێکی زۆرگەرموگوڕ بوو و بوێری و ئازایی له‌ باوکی سه‌یفولقوزات شاعیری شۆڕشگێڕی کورد بۆ به‌ میرات به‌ جێ مابوو.

3- مه‌نافی که‌ریمی ٢٥ ساڵان له‌ ئه‌ندامانی ژ.ک، یاریده‌دانی قازیی محه‌مه‌دی له‌ کاروباره‌کانی له‌ مه‌ڕ کۆمیته‌کانی حیزبی به‌ ئه‌ستۆوه‌ بوو.

4- محه‌مه‌دئه‌مینی موعینی وه‌زیری کیشوه‌ر نزیکییه‌کی زۆری له‌گه‌ڵ بازرگانانی شووره‌وی له‌ ته‌ورێز هه‌بوو و جێی باوه‌ڕی و دڵنیایی ئه‌وان بوو.

5. سه‌ید محه‌مه‌دی ئه‌یووبیانی مه‌رکه‌زی ( ته‌ها زاده‌) وه‌زیری بێهداری لاوێکی سی ساڵه‌ بوو و بۆ خۆی خۆی پێگه‌یاندبوو و له‌ ئه‌ندامانی له‌ مێژینه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک بوو.

6- عه‌بدولره‌حمانی ئێلخانیزاده‌ (موهته‌دی) وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ له‌ خاوه‌نموڵکانی به‌ ده‌سته‌ڵاتی شاری بۆکان ، خوێندنی ئایینی زۆر باشی هه‌بوو یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی هه‌ڵکه‌وتووی ژ.ک بوو ، ته‌مه‌نی نزیک ٣٥ ساڵ ده‌بوو و له‌پێناو ژ.ک دا چه‌رمه‌سه‌رییه‌کی زۆری کێشابوو.

7. سمایلاغای ئێلخانیزاده‌ وه‌زیری ڕێ ته‌مه‌نی ٣٥ ساڵ بوو کوڕی مه‌حمووداغای ئێلخانیزاده‌ ، له‌ بنه‌ماڵه‌ به‌ده‌سته‌ڵاته‌کانی شارستانی بۆکان بوو.له‌ ساڵی ١٩٤٤ دا بوو به‌ ئه‌ندامی ژ.ک

8- ئه‌حمه‌دی ئیلاهی وه‌زیری ئابووری ، ته‌مه‌نی٤٠ ساڵ بوو، له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زرانی ژ.ک دا بوو به‌ ئه‌ندام. ناسیاوییه‌کی باشی هه‌بوو له‌ سه‌ر پرسی ئابووری.

9. خه‌لیلی خوسره‌وی ٣٨ ساڵان وه‌زیری کار له‌ ئه‌ندامانی ژ.ک بوو، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ که‌ ته‌شکیلاتی حیزب به‌ ته‌واوی نهێنی بوو زۆربه‌ی دانیشتنه‌کان له‌ ماڵی به‌ڕێزیان ده‌کران.

10- که‌ریمی ئه‌حمه‌ده‌ین وه‌زیری پۆست و تێلێگراف، ٤٠ ساڵان بوو، له‌ ساڵی ١٩٤٥ دا بوو به‌ ئه‌ندامی ژ.ک

11- حاجی مسته‌فای داودی ٥٥ ساڵان له‌ بنه‌ماڵه‌ ناسراوه‌کانی مهاباد بوو، له‌ ساڵی ١٩٤٥ دا ئه‌ندامه‌تی ژ.ک ی په‌ژراند، له‌ ته‌جاره‌ت و سه‌ودا و مامڵه‌ دا زۆر زانا وئآگای له‌ مه‌سه‌له‌کانی ڕۆژانه‌ بوو.

12- مه‌لا حوسێنی مه‌جدی ٦٥ ساڵان وه‌زیری داد ، خوێنده‌وارترین و به‌نێوبانگترین پیاوی ئایینی بوو و ئیعتبار و بایه‌خی دینی و قه‌زایی زۆر به‌رزی هه‌بوو.

13- مه‌حموودی وه‌لیزاده‌ ، ٢٣ ساڵان مه‌دره‌سه‌ی به‌رزی کشتوکاڵی که‌ره‌جی ته‌واو کردبوو، له‌ ساڵی ١٩٤٣ دا بوو به‌ ئه‌ندامی ژ.ک ، له‌ کاروباری کشتوکاڵ دا خاوه‌ن ڕا بوو.

14- سه‌دیقی حه‌یده‌ری وه‌زیری ته‌بلیغات له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ژ.ک، له‌ کاروباری حیزبی دا زۆر چالاک بوو و له‌ پێناو ئازادی کوردستان دا زه‌حمه‌تی زۆری کێشا.

هەڵکرانی ئاڵا ی کوردستان لە نەغەدە

بە پێی بڕیاری کۆمیتەی نێوەندی حیزبی دێمۆکڕات فەرمانی هەڵکردنی ئاڵای سێ ڕەنگی کوردستان لە شارستان نەغەدە دەرچوو. ڕۆژی ٢٧- ٩ – ١٣٢٤ی هەتاوی ئاغایانی حوسێنی فڕووهەر، عەلیی خوسرەوی ، محەمەدئەمینی شەڕەفی، دڵشادی ڕەسووڵی و وەهابی بلووریان سەعات ٨ی بەیانی گەیشتنە شارستانی نەغەدە و لە لایەن ئاغایانی پیرۆتی،کاک بایەزید و میرزا ئیبراهێم سەرۆکی شارەوانی نەغەدە و چینە جۆر بە جۆرەکانی خەڵک لەو شارە پێشوازییان لێ کرا. خەیابان لە خەڵک جمەی دەهات و لە پیادەڕۆیەکان پێشمەرگە کوردەکان کە ژمارەیان دەگەیشتە ٧٠٠ کەس بە ڕیز و ڕێکوپێکی تایبەتی نیزامی ڕاوەستا بوون و سەعات ٣٠/٩
لە کاتێکدا شاری نەغەدە پڕ لە سروور و شادی بوو و هەموو خەڵکی شارەکە لە تورک. کورد،هەرمەنی و ئاسۆڕی بەشدارییان تێدا کرد بوو، قوتابیانی مەدرەسەی کچانە و کوڕانەش خەسلەتێکی تایبەتیان دابوو بە ئەو رێو ڕەسمە، هەڵگرانی ئاڵا لە جێگای تایبەتی کە بۆ چەقاندی ئاڵا لە بەر چاو گیرا بوو نیزیکتر بوونەوە و لە کاتێکدا ئاڵای کوردستانیان هەڵدەدا،چەکدارانی حیزبیش بە نیشانەی شادی هەزار فیشەکیان بە هەوا دا تەقاند. ئاڵاکە لە بەر دەرگای خانووی حیزب لە سەر شانی یەکێک لە پێشمەرگەکانی حیزب بوو و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شاری نەغەدە چاویان بە ئاڵا کەوت، دوایە ئاغای عەلیی خوسرەوی لە مەڕ دەوری شەهیدانی ڕێگای ئازادی نوتقێکی دوور و درێژی کرد ، هەر وەها کوڕی ئاغای تەقی خانی بۆزچەلوو یەکێک لە سەرانی بەڕێزی عێلی قەرەپەپاغ هاتە سەر سەکۆی ووتار دان. لە لایەن عێلی گەورەی خۆی ڕا دەستەی ئاڵا هێنەری بە خێرهاتن کرد و پێ خۆشبوونی خۆی دەربری لە دامەزرانی لقی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە نەغەدە. ئەو ڕێوڕەسمە بە قوربانی کردنی چەند سەر گا و مەڕ و جێژن و شادیی گشتی خەڵکی نەغەدە کۆتایی هات.

هەڵکردنی ئاڵا لە بۆکان

لە بەرواری ٥/١٠/١٣٢٤ی هەتاوی ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزب ڕا ئەسپێردران کە لە ڕێوڕەسمی هەڵکردنی
ئاڵای کوردستان لە شاری بۆکان بەشداری بکەن و ئەوانە بریتی بوون لە ئاغایان: مستەفای سوڵتانیان، عەبدولقادری مودەرەسی، حوسێنی فڕووهەر [ زێڕینگەران ]، محەمەدئەمینی شەڕەفی،عەلیی خوسرەوی، مەحموودی وەلیزادە، ڕەحیمی لەشکری، هێمن شاعیری نەتەوەیی و محەمەدی نانەوا زادە فەرماندەی ئەڕتەشی کوردستان و قاسم ئاغای ئێلخانیزادە. ئەو هەیئەتە لە سەعات یەکی دوای نیوەڕۆ لە مەهاباد وەدەر کەوت و سەعات دوو گەیشتە میاندواو و ژمارەیەک لە باوەڕپێکراوان و گەورەی بۆکان ئاغایان محەمەدئەمینی ئێلخانیزادە،ئیبڕاهیمی عەلییار،ئەبووبەکری موهتەدی، هەژار و حەقیقی شاعیر هاتبوونە پێشوازی ئەو هەیئەتەی مەهاباد لە دوو کیلۆمیتری شاری میاندواو لە گوندێک کە بە تەغیاباد بەنێوبانگە و زۆربەی دانیشتوانی ئەوێ هەرمەنی بوون، لەوێ لە لایەن عیشقی خان ی هەرمەنی پێشوازییەکی گەرم و جێی پەسن دان لە هەیئەتەکە کرا و لە کاتێکدا ژنان و پیاوانی هەرمەنی لەمبەر ئەو بەری جادە ڕاوەستا بوون هەیئەتەکەیان بە هوریا کێشان و چەپڵە لێدانی بەردەوام بەڕێ کرد. لە نێوان میاندواو و بۆکان دێیەکی گەورە هەیە بە نێوی ‘ قەرە مووسالیان’ کە یەکێک لە پێگەکانی حیزبی دێمۆکڕاتیش لەوێ داندرابوو، ئەندامانی حیزب لەو گوندە کە بریتی بوون لە ئاغایان مستەفای موقتەدیری،یۆنس خان،مەحموود خان، عەبدوڵا خانی ئەمیری زۆر بە گەرمی پێشوازییان لە هەیئەتەکە کرد و وەک باوە مەرێکیشیان کردە قوربانی و لە سەعات چواری ئێوارێ شاندەکە گەیشتە دێی عەلییاباد کە لە دوو کیلۆمیتری بۆکان هەڵکەوتووە. لەو دێیە ژمارەیەک لە باوەڕپێکراوانی بۆکان لەوانە جەعفەر ئاغا و مارف ئاغای ئێلخانیزادە، ئەحمەد بەگ، فەیزوڵابەگی، هەباس ئاغا و خالید ئاغای حیسامی، فەیزوڵا خان و عەلی خانی قازلیان، عەلی بەگی فەیزوڵابەگی، عومەر ئاغا و ئەحمەدئاغا و کەریم ئاغای عەبباسی بە قوربانی کردنی چەند سەر گا و مەڕ پێشوازییان لێ کردن.
بۆ سبەینێ ڕا سەعات ١٢ جەنابی ئاغای حاجی بابە شێخ ڕەئیسی هەیئەتی میللی کوردستان لەگەڵ ئەحمەد ئاغای ئێلخانیزادە هاتنە نێو شاری بۆکان. ڕۆژی ٧/١٠/١٣٢٤ی هەتاوی سەعاتی ٨ی بەیانی لە سەر قەڵای بۆکان کە دەڕوانێتە شاری بۆکان ڕێوڕەسمی هەڵکردنی ئاڵا بەڕێوەچوو، مووزێک ماڕشی نیزامی لێ دا و خەڵکی شارەکە کە نیزیکەی شەش هەزار کەس دەبوون لە خوارەوەی قەڵاکە و لە دەوری حەوزی بۆکان دەستیان کرد بە شایی و هەڵپەڕكێ. هاوکات وێڕای ئەو شایی لۆغانە ئاڵاهەڵگر ڕێوڕەسمی هەڵدانی ئاڵاکەی بەڕێوە برد لە کاتێک دا کە ئاغای حاجی بابە شێخ و عەلیی بەگی شێرزاد لە لای ڕاست و ئاغایان حەسەنی قزڵجی و محەمەد سادقی قزڵجی و عەلیی خوسرەوی و جەعفەر ئاغا و مارف ئاغای ئێلخانیزادە ، خالیدی حیسامی،حوسێن ئاغای عەلییار و براکانی لە لای چەپ ڕاوەستابوون ئاڵای کوردستان لە نێو شادی و هوریا و ماڕشی نیزامی دا هەڵکرا. دوایە مامۆستا هەژار و محەمەد سادقی قزڵجی [ قازیی کاکە حەمە]خیتابەی زۆر بەکەلکیان سەبارەت بە گرینگی و ڕێزلێنانی ئاڵای کوردستان خوێندەوە و ئاغایانی هەژار و حەقیقی هەرکامەیان بە نۆرەی خۆی هێندێک لەو پارچە شێعرانەیان خوێندەوە کە لە مەڕ مەسەلەی نەتەوەیی و نیشتمانی نووسیبوویان و لە سەعات یەکی دوای نیوەڕۆ ڕێو ڕەسمەکە کۆتایی هات.

لە سەر دەمی کۆمار دا ژنانی کورد بۆ جاری یەکەم هاتنە نێو چالاکی کۆمەڵایەتی و دەرفەتێکیان دەست کەوت مافی لە دەستچووی خۆیان تا ڕادەیەک وەربگرنەوە و ناسێنەی خۆیان لە بەشی جۆربەجۆری کۆمەڵ دا بناسنەوە. بە لەبەر چاو گرتنی مادەی ٢١ی مەڕامنامەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، لە مەر ئەوەی کە، ژنانیش وەکوو پیاوان دەبێ هەموو مافی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنی یان هەبێ، ڕێکخراوەیەک بە نێوی ‘ حیزبی یایانی کوردستان’ [ یەکێتیی یایانی کوردستان] پێک هات کە سەرۆکایەتییەکەی بە ئەستۆی مینا خانم هاوسەری قازیی محەمەدەوە بوو.زۆر ئاشکرایە لە بەر دەنگ خەفە کردن و کارشکێنی خوت و خۆڕایی حکوومەتی ڕەزا خانی پەهلەوی سەبارەت بە خوێندنی ساوایان لە کوردستان ، ژمارەی ژنانی خوێندەواری هەرێمی کوردستان لە چاو ژنانی خوێندەواری شارەکانی دیکەی ئێران زۆر کەم بوو. لە گەڵ ئەوەشدا لە بەر خۆشەویستیی حکوومەتی کوردستان لە نێو یایان دا، هەر کە بیستیان یەکێتیی یایان ساز بووە، ژمارەیەکی زۆر بە ڕەزا و جۆشەوە هاتنە نێو ئەو یەکێتییە و نێونووسیان تێدا کرد. وەزاڕەتی فەرهەنگی کوردستانیش جگەلەو مەدرەسە کچانەیەی هەبوو، خوێندنگەیەکی دیکەی کچانەی داییر کرد. لە بەر ئەوەی ژمارەیەک لە ژنان لەو بارەیە دا خزمەتی زۆر شایانیان کرد ، پێویستە هێندێک لەوانەی بە لێوەشاوەییەوە خزمەتیان کرد بناسێندرێن، بۆ ئەوەی نێویان لە مێژووی فەرهەنگی ئەم ووڵاتە دا بۆ هەمیشە بمێنێتەوە، ئەوانەش بریتی بوون لە خانمان:
١-یای مینای قازی سەدری یەکێتیی یایان. ٢-یای ئامینی داودی.٣-یای زیبای ئەییووبیانی مەرکەزی.٤-یای شاسوڵتانی فەتتاحی قازی.٥ یای ڕەعنای فرووهەر [زێڕینگەران].٦- کولسومی سوڵتانیان.٧-نەزاکەتی حاجی ڕەشیدی.٨-خەجیجەی حەیدەری.٩-وەجیهەی شوجاحی.١٠-ویڵمەی سەیادییان.
ئەو یایانەش کە هاوکاریی ڕۆژنامەی کوردستان یان دەکرد و بە نووسینی ووتار، یارمەتی ڕۆژنامەیان دەدا بریتی بوون لە خانمان ١- کوبڕای عەزیمی.٢- حەڵەبی ئیسماعیل فەرەجی. هەر وەها ئەو ژنانەش کە لە جێژن و ڕێوڕوسمی تایبەتی دا ووتاریان دەخوێندەوە بریتی بوون لە یایان: ١- سەلتەنەتی داود زادە، ٢-
عیشرەتی عەزیمی،٣-ویلمەی سەییادیان،٤-خەجیجەی حەیدەری،٥-ئێرانی بلووری، ٦-فەریدەی زەندی.

هەر وەها لە شاری مەهاباد کەمایەتییەک لە جوولەکان کە نیزیکەی ٦٠ خێزان بوون دەژیان، بە پێچەوانەی جوولەکەکانی ناوچەکانی دیکەی ئێران جوولەکەکانی مەهاباد دەوپەڕی ئاسوودەیی و ئارامی دا خەریکی کەسپ وکاری وەک زێڕینگەری،بەزازی، خەڕازی و عەتتاریی بوون. هیچ جۆرە ناخۆشییەکیان نەبوو و کەس جاڕزی نەدەکردن و هەموویان لە ئەمن و ئەمان دا بوون.بە ڕاگەیەندرانی حکوومەتی جمهووری کوردستان ئەوانیش هاوڕێ لە گەڵ خەڵکی مەهاباد لە جێژن و شادی دا بەشدارییان
کرد.وەزاڕەتی فەرهەنگ کە خەرێکی رێکخستنی کاروباری مەدرەسەکان و دابین کردنی کتێبی خوێندن و کاروباری دیکەی کولتووری بوو، جوولەکە هاوشارییەکانیشی لە بیر نەبردبووەوە. بە پێی بەیاننامەیەک ڕێگای دا بە جوولەکەکان کە بە پێی سەرنجی تایبەتی قازیی محەمەد ئەوانیش وەکوو برا کوردە
کانیان بتوانن خوێندنگەی تایبەتی خۆیان هەبێ و خوێندن بە زمانی عیبری [ وێناچێ ئەو زمانە عیبری بووبێ، زمانی عیبری دوای پێکهاتنی دەوڵەتی ئیسراییل وەک زمانی نێو کتێب زیندوو کرایەوە. جووڵەکەکانی کوردستان و ئێران بە شێوەزارێکی ئارامی نوێ قسەیان کردووە و ودەکرێ لەو مەدرەسەیەی لە مەهاباد داییر کرا بەو زمانە خوێندرابی . ح.ق.] بۆ ئەوان ئازاد و مەدرەسەکەیان وەکوو مەدرەسەکانی دیکەی کوردستان باری قانوونی دەبێ و هەر بەو ئاڕاستەیە دا بە دوای بڵاو بوونەوەی بەیاننامەی باسکراو دا ڕێگا درا بە کرانەوەی خوێندنگەیەک بە بەڕێوەبەریی ئاغای داود زادە . کرانەوەی ئەو خوێندنگەیە پێشوازیی لێ کرا وبە ساز کردنی کۆڕی جیژن و شایی و بە ئامادەبوونی دایوبابانی قوتابیان پۆلی خوێندن کرانەوە.

حیزبی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان هەر هەمان حیزبی توودە بوو کە بە هێندێک ئاڵوگۆڕی کەم لە مەڕامنامە دا و بە لە بەرچاو گرتنی بار و دۆخی زەمانی و بێ سەرنجدان بە ئەوەی کە چالاکی خۆی لە خاکی ئێران دا دەکا، ئەو کارانەی کە کۆمۆنیستەکان لە بەراییەکانی شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبر دا کردبوویان، بە پەلە لە ئازەربایجانی ئێرانیش دا پیادەی کرد. دەستی بە سەر ماڵ و موڵکی خاوەنموڵکان دا دەگرت و لە نێو وەرزێران دا دابەشی دەکرد. فابریک و کارگەی کە بەدەست کەسانی دەسترۆیشتووە بوون لێی سەندن و کردنیە خۆماڵی . ماڵیات و خاوەی قورسی بەسەر دەوڵەمەندان و بازارییەکان دا سەپاند، مولک و ماڵی کەسانی ناسراوی زەوت کرد. لە ئاکام دا ئازەربایجانی ئێران خەڵکی چالاک و کارلێهاتوویەکی ئەوتۆی تێدا نەما. لە ڕاستییدا تەورێز وەک شارێکی بێ ڕوح و بێ هەستی لێ هاتبوو، خەیابانەکانی چۆل و هەڵسووڕانی پێوە دیار نەبوو، دووکان کەلوپەلیان کەم و بێ ڕمێن و بێ موشتەری بوون، سەرانی حکوومەت ئاگایان لە وەزعی ئابووری ناوچەی ژێر دەستەڵاتی خۆیان نەبوو،لە جیات ئەوەی دە فکری ئاسوودەیی و ئێروویی خەڵک دا بن، حەولی سەرەکی ئەوان تێکەڵبوونەوەی دوو ئازەربایجانەکان بوو.

قازیی محەمەد بە ئەندامانی حیزبی گوت لەگەڵ ئەوەشدا دەزانم ڕێگای پەڕێنەوە و چوون بۆ شووڕەوی کراوەیە و ڕێگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا وەک پێشوو لە ژێر دەستەڵاتی ئێمە دایە، بەڵام ئەمن چۆن پەنا بەرمە بەر دەوڵەتێک کە پێبەند نییە بە هیچکام لە بەرعۆدەیی و بەڵێنەکانی، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆی و بەڵێنی درۆی کە دوژمنان پێیان داوە و جگە لە فریو و تەڵەکە نەبێ شتێکی دیکە نییە ، نەتەوەکانی کورد و ئازەربایجانی کردووەتە قوربانی خۆی و پشتی بەر داون.ئەمن دەوڵەتی شووڕەویم تاقی کردەوە و دیسان تاقیکردنەوەی هەڵەیە. ئەندامانی حکوومەت ئازادن، بۆ هەر کوێیەکی دەیانەوێ بچن و هەرچی پێویستیانە لەگەڵ خۆیانی بەرن و نەهێڵن چرای ئەم بزووتنەوە نەتەوەییە بکووژێتەوە.

ئەو ڕۆژەی کە دادگەی پێداهاتنەوەی ئێمە دەستی پێکرد، نیزیکەی هەشتا ڕۆژ لە دادگەی هەر سێک قازییەکان تێپەڕیبوو، دادگای سەرەتایی سەحرایی،سزای مەرگی بۆ بڕیبوونەوە، بۆ دادگەی پێداچوونەوە هەیئەتێک لە ئەفسەرانی دادگەی تەورێز ،ناردرانە مەهاباد کە ژمارەیان چاردە کەس بوو. قازیی محەمەد لە دوایین بەرگری کردن دا کە چل و هەشت سەعاتی خایاند، لە دادگە دا گوتی: ئەوە بزانن لە دوای کووژرانی من هەر دڵۆپە خوێنێکی من ، دەبێتە قازیی محەمەدێک و ئەم بزووتنەوەیە قەت دانامرکێ.

ئه‌و ڕۆژه‌ی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگی کوردستان که‌وته‌ به‌ر ده‌ست من ، هه‌ستم کرد بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و کارانه‌ی خراونه‌ سه‌ر ئه‌ستۆی من له‌ داهاتوو دا له‌ گه‌ڵ کێشه‌ی زۆر قورس و دژوار به‌ره‌وڕوو ده‌بم. له‌ خه‌رمانامی ١٣٢٠وه‌ تا ساڵی ١٣٢٤ ته‌قریبه‌ن هه‌موو فێرگه‌کان داخراو یان نیوه‌ داخراو بوون و وه‌زعی خانووی ئه‌وان و ده‌رس دادانی ساوایان له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ ناڕێک و پێک و شپرزه‌ بوو و بۆ گوتنه‌وه‌ی زمانی کوردی نه‌ کتێبێک هه‌بوو و نه‌ مامۆستا، له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ بۆ کردنه‌وه‌ی فێرگه‌کان له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ گوشار ده‌هات، چ چاره‌یه‌ک جگه‌ له‌وه‌ نه‌بوو له‌ کوردستانی عێراقه‌وه‌ کتێبی کوردی بهێندرێ ، به‌و بڕیارانه‌ی وا له‌ لایه‌ن هه‌یئه‌تی فه‌رهه‌نگی ڕا درا له‌ ماوه‌یه‌کی که‌م دا ئه‌و کتێبانه‌ی پێویست بوون گه‌یشتنێ و دوای گۆڕانی پێویست له‌ چاپخانه‌ی مەهاباد [کوردستان!] ئاماده‌ کران و کتێبه‌ تازه‌کان له‌ فیرگه‌کان و کتێبخانه‌ گشتییه‌کانی شاری دا بڵاو کرانه‌وه‌، هاوکات له‌ گه‌ڵ کرانه‌وه‌ی فێرگه‌کان چه‌ند نه‌فه‌ر له‌ ئامۆژگارانی عێراقی به‌ دلخوازی خۆیان به‌ مه‌به‌ستی ده‌رس دادانی زمانی کوردی به‌ ناوه‌کانی عوسمان دانیش ، محه‌مه‌د ووردی، عه‌بدولقادر ئه‌حمه‌د، جه‌میل به‌هائه‌دین هاتنه‌ مەهابادێ . خوێندکاران به‌ شه‌وق و زه‌وقێکی زۆره‌وه‌ که‌ چاوه‌ڕوان نه‌ده‌کرا هاتنه‌ پۆله‌کانی ده‌رس ، و به‌و مرخه‌ زۆره‌ی هه‌یانبوو له‌ ماوه‌ی که‌متر له‌ مانگێک دا ئه‌لفوپێتکه‌ی کوردی و تا ڕاده‌یه‌کیش خوێندن و نووسین فێر بوون و به‌و پێیه‌ ئه‌و گیروگرفته‌ی وا له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وا داده‌ندرا جێبه‌جێکردنی محاڵ بێ به‌ هاسانی به‌رته‌ڕه‌ف بوو.
چوار مانگ له‌ حکوومه‌تی کوردستان تێپه‌ڕیبوو و له‌و ماوه‌یه‌دا که‌موکورتی و کێشه‌ی کاروباری په‌روه‌رده‌ تا ڕاده‌یه‌ک به‌لادا خرا، به‌ڵام ئیداره‌ کردنی مه‌دره‌سه‌کان له‌ گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو حه‌وله‌ش که‌ درابوو پێداویستی به‌ جیدییه‌تێکی زیاتر بوو، بۆ پێشگرتن له‌وه‌ی کاره‌کان نه‌که‌ونه‌وه‌ سه‌ریه‌ک و کاری فه‌رهه‌نگی چه‌تی تێنه‌که‌وێ ئاغای برایمی نادری م کرده‌ جێگری [وه‌زاره‌ت] ی فه‌رهه‌نگی کوردستان ناوبراو یه‌کێک له‌ لاوانی خوێنده‌واری کرماشانی و لیسانسی ئه‌ده‌بییات بوو، به‌ڕێزی لاوێکی زۆر هه‌ڵسووڕاو و له‌ جێبه‌جێکردنی کاره‌کان دا جیدی بوو ، شه‌و و ڕۆژ بۆ ده‌مێکیش چییه‌ له‌ پێڕاگه‌یشتن به‌ پێداویستییه‌کانی مەدرەسەکان ته‌نه‌خی نه‌ ده‌کرد و ئه‌رکه‌کانی خۆی به‌ باشترین شیوه‌ پێک ده‌هێنا و من به‌ فکری ئاسووده‌وه‌ به‌ کاره‌کانی دیکه‌ی حیزبییه‌وه‌ خه‌ریک بووم.

سێ بیرەوەری دیکەی میرزا مەنافی کەریمی وەزیری مەعاریفی کوردستان سەبارەت بە ڕووداوەکانی
ساڵانی ٢٥-١٣٢٤

١-ڕۆژێک لە ماڵی ئاغای محەمەدی عەبباسی کە لایەنگری دەوڵەتی نێوەندی بوو دانیشتبووین، ژمارەیەک لە سەرۆک عەشیرەتەکانی ناوچەی سەقز و چەند نەفەر ئەفسەری ئەڕتەشی ئێران بۆ وتووێژ سەبارەت بە چلۆنایەتی سەربازخانەکانی دەوڵەتی نێوەندی و پێشمەرگەی حکوومەتی کوردستان لە سەر ڕێی جادەی سەقز-بانە لەو کۆبوونەوەیە دا ئامادە بوون. ئاغای ئەمیر ئەسعەدی عەلییار [ عەلیی ئاغای حاجی ئێلخانی] میوانی ئاغای عەبباسی بوو و لەو مەجلیسە دا بوو، نەخۆش بوو و زۆر ماندوو و فڵ بوو، بە پێی ئەوەی کە لە ڕابردووە وە منی دەناسی گوتی: وەک دەبینی نەخۆشم و لە پێ کەوتووم، ئێستا کە دەچییەوە مەهابادێ، وەزعی نەخۆشی من بە عەرزی قازیی محەمەد بگەیێنە ،ئەمن دەمەوێ بگەڕێمەوە دێیەکانی خۆم لە دەورو بەری بۆکان و لەوێ بحەسێمەوە. کاتێک من لە سەقز چوومە خزمەت قازیی محەمەد و ڕاسپاردەکەی ئەمیر ئەسعەدم پێگوت، فەرمووی ئێمە لەگەڵ هیچکەس دوژمنایەتیمان نییە و قەت پێشی هاتنەوەی کەس ناگرین، ئاغای ئەمیر ئەسعەد دەتوانێ لەوپەڕی ئازادی دا لە هەرجێیەکی کە پێی خۆش بێ بژی. دوای دوو ڕۆژ ووڵامەکەم بۆ ئاغای ئەمیر ئەسعەد بردەوە. ئەمن لە شێوەی هەلسوکەوت و پەیام ناردنی ئەو دوو کەسایەتییە گەورەیە کە بە ساڵان دوژمنایەتییان لە گەڵ یەکدی هەبوو حەزم کرد و بە خۆمم کوت: پیاوانی گەورە تەنانەت لە دۆژمنایەتی کردنیش دا گەورەیی و لەسەرەخۆیی خۆیان دەپارێزن.

٢-مەئموورییەتێکم هەبوو بۆ سەردەشت.کاربەدەستانی دەوڵەتی نێوەندی لە ڕادەست کردنی کاروباری سەردەشت بە ئێمە بە بیانووی جۆر بە جۆر خۆیان دەدزییەوە، بە ئەزموونی پێشوو کە لەو جۆرە بەڵێنە نێو هڵۆڵانە هەمبوو دەمزانی کە ئەمڕۆ و سبەینێ کردنی کاربەدەستانی تاران جگە لە فریو وکەتن شتێکی دیکە نییە جابۆیە ئێوارەی ڕۆژێک رائەسپێردرام پێویستە فەرمانی هێرش بۆ گرتنی سەردەشت بە فەرماندەی پێشمەرگەکان بگەیێندرێ کە هەرچی زووترە سەردەشت و دەوروبەری ئازاد بکەن، بۆ جێبەجێکردنی ئەو فەرمانە سەعات ٩ی شەو گەیشتینە دێی کاولان، لەگەڵ هاوڕێکانم ئاغایانی مەحموودی وەلیزادە و دڵشادی ڕەسووڵی بۆ حەسانەوە چووینە سەربانی کە لەوێ جێگایان بۆ ڕاخستبووین. هێشتا خەومان لێ نەکەوتبوو و سەعات نیزیکەی یەکی دوای نیوە شەو بوو ماشێنێک لە بەر دەرگای قاوەخانە ڕای گرت و خەبەری ئێمەی لە قاوەچییەکە پرسی و کاتێک زانیان ئێمە لەوێین هاتنە سەربانی، ئەو کەسەی ناردرا بوو ئاغای سەدیقی حەیدەری بوو.
ئەو گوتی: سۆڤییەتییەکان لە پلانی هێرشی پێشمەرگە بۆ سەر سەردەشت ئاگادار بوون و دەڵێن ئەوە ئێمە لە تاران خەریکی جێبەجێ کردنی مەسەلەی ئازەربایجان و کوردستانین ،بەڵام ئێوە دەتانەوێ بیانوویەک بدەنە دەست دەوڵەتی نێوەندی و ئەوەش لە سەر ڕێی جیبەجێ کردنی کێشەکان بەرهەڵستێک ساز دەکا، لە بەر ئەوە بڕیاری هێرش بۆ سەر سەردەشت پوچەڵ کرایەوە و من و هاوڕێکانم چەند ڕۆژێک لە نیزیکی دێی هەمران لە چادری پێشمەرگەکان لە بەرزاییەکان دا ماینەوە.

٣-مەئموورییەتێکیشم هەبوو بۆ میاندواو. چەند ڕۆژێک بوو حکوومەتی ئازەربایجان بە دەست ئارامی هەرمەنی میرزا ڕەحمەتی شافیعی گرتبوو و لە تەغی ئاباد زیندانی کرد بوو. دەیانگوت پارەیەکی زۆر لە نێوبراو داوا دەکەن و ئاشکرا بوو دوای ئەوەی پارەیان لێ ئەستاند گیانی خۆشی بۆ ڕزگار ناکرێ، سەعاتی دەی بەیانی بوو کە بانگ کرام بۆ ئیدارەی حیزب. یەک لە پێشخزمەتەکان منی ڕێنوێنی کرد بۆ لای قازیی محەمەد کە بەڕێزیان فەرموویان دەزانی ئەوە ئاغای ڕەحمەتی شافیعی لە میاندواوێ زیندانی کراوە، وەک دەردەکەوێ نییەتێکی خراپیان لە ئاست وی هەیە ، دەستبەجێ لە گەڵ دووسێ کەس لە ئەندامانی حیزب بچنە ئەوێ و لە لایەن منەوە بە نەماز عەلییێڤ بڵێن زیندانی کردنی کوردێک بە دەست ئازەربایجانییەک بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە نیوەی زیاتری خەڵکی میاندواو کوردن لە ڕوانگەی ئێمەوە سووکایەتییەکی گەورەیە. ئەگەر میرزا ڕەحمەت تاوانێکیشی کرد بێ دەبێ لە مەهاباد سزا بدرێ، هەلبەت من بۆچوونم ئەوە نییە و ئازاد بوونیم لە زیندانی کردنی پێ باشترە. لە گەڵ ئاغایان حاجی مستەفای داودی،محەمەدئەمینی شەڕەفی، دڵشادی ڕەسووڵی و هەباس ئاغای عەزیزی زاوای ئاغای ڕەحمەتی شافیعی بە ماشین وەڕێ کەوتین، لە میاندواو لە پێش قاوەخانەیەک بۆ چایی خواردنەوە ڕامان گرت. تەماشامان کرد، سەربازێکی شووڕەوی هاتە پێشێ و گوتی فەرماندە دەیەوێ چاوی بە ئێوە بکەوێ. لە گەڵ سەربازەکە چووم. فەرماندە پرسیاری کرد میرزا مەناف بۆ چ کارێک هاتوون بۆ میاندواو؟ گوتم بۆ دیتنی ئێوە هاتووم و دەستبەجێ پەیامەکەی قازیی محەمەدم ڕاگەیاند، ئەویش گوتی بەو کەسانەی لە گەڵت هاتوون بڵێ دەستبەجێ میاندواو بە جێ بهێلن و لە یەکەم قاوەخانەی سەر رێیە چاوەڕوانی هاتنەوەی ئێوە بن، قسەکەیم چی بە جێ کرد و گەڕامەوە لای و پێی گوتم بە ماشێنی من بچۆ بۆ لای ئارام ، ئەو شافیعی ڕادەستی ئێوە دەکا، کە گەیشتنە تەغی ئاباد سەر و سۆراغی ئارامی هەرمەنیم کرد، شوێنی کارەکەیان پێ نیشان دام، بەڵام ئارام بۆ خۆی لەوێ نەبوو،بە ڕواڵەت لە ئاغای شافیعی و هەر وەها من کە پێشتر دەمانناسی ڕوودەربایستی هەبوو، بەڵام پێشتر فەرمانی دا بوو کە ئاغای شافیعی ڕادەستی من بکەن. دوای نیزیک پێنج دەقیقە ئاغای شافیعی یان هێنا بۆ دەفتەر دەستبەجێ سواری ماشین بووین و هاتینەوە میاندواو، لەوێ ماشێنی حیزب ئامادە بوو، بە سپاس لە نەمازعەلییێڤ سواری ماشین بووین و هەموومان بەرەو مەهاباد وەڕێ کەوتین و لە یەکەم قاوەخانەی سەر ڕێیە ئەندامەکانی دیکەش لەگەڵمان کەوتن، سەر و ڕوو ماچ کردن دەستی پێکرد و لەو سەرکەوتنەی وە دەستمان هێنابوو هەموومان شاد و خۆشحاڵ بووین ( پێویستە لێی زیاد بکرێ ئەو قسەیەی
نەمر میرزا مەنافی کەریمی لە مەڕ ڕزگار کردنی ژیانی میرزا ڕەحمەتی شافیعی لە وەسییەتنامەی پێشەوا قازیی محەمەد دا وەڕاست دەگەڕێ. پێشەوا لەو بارەیەوە نووسیویە: ” میرزا ڕەحمەت یان کەسێکی دی هەرچەند لە کوشتن ڕزگارم کرد، ئەگەر شتێکی لە مەر من دە دڵ گرتبێ، گەردنم ئازاد کا” ح.ق.)

تێبینی وەرگێڕ: ئەو یادداشتانەی میرزا مەنافی کەریمی وەزیری فەرهەنگی جمهوورییەتی کوردستان، بەڕێز هاشمی سەلیمی ڕێکی خستووە و لە پەراوێزی بیرەوەرییەکانی سەعیدی هومایون دا ” پیشوای بیداری” خاطرات سعید همایون، موسسە چاپ و نشر آراس، هولر، ٢٠٠٤ دا بڵاوی کردووەتەوە. لەوانەیە ئامادەکار لە بەر کورتیی یادداشتەکان ئەوەی کردبێ، بەڵام بریا بە جوێ چاپ کرا بان. پێویستە ئاماژەی پێ بکرێ وەک لە دەقی یادداشتەکان ڕا دەر دەکەوێ میرزا مەنافی کەریمی لە نووسینەوەی هێندێک بابەت دا ڕاستەوڕاست کەلکی لە ڕۆژنامەی کوردستانی سەردەمی کۆمار وەرگرتووە.
وێنەکانی ڕەحمەتی میرزا مەنافی کەریمی بە سپاسەوە لە ئاڕشیوی مێدیا تیڤی وەرگیراون.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

8d6bc955-dc09-4703-9404-68b73b89d27f

نامەکەی نازم حیکمەت بۆ کامەران بەدرخان

ئامادەکردن و وەرگێڕان لە تورکییەوە: بەکر شوانی* شاعیری ناوداری تورک نازم حیکمەت (١٩٠٢-١٩٦٣) ساڵێک یان …