Home / بەشی مێژووی كورد / رۆژی ئاڵا رۆژی بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌شه‌كانه‌وه‌ی به‌ ئازادی

رۆژی ئاڵا رۆژی بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌شه‌كانه‌وه‌ی به‌ ئازادی

رۆژی ئاڵا رۆژی بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌شه‌كانه‌وه‌ی به‌ ئازادی ‌

راپۆرتی، هێرۆ یاسین‌     18/12/2012

رۆژی 16ی مانگ كاتێك به‌یه‌كێك له‌شه‌قامه‌كانی كه‌ركوكدا تێده‌په‌ڕیم، هاووڵاتیه‌كم بینی كه‌ جلوبه‌رگه‌كانی خۆی كردبوو به‌ ئاڵای كوردستان، له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرتنی ئاڵایه‌كی گه‌وره‌ی كوردستان و به‌و شه‌قامه‌دا تێده‌په‌ڕی، ئه‌مه‌ش زۆر سه‌رنجمی راكێشاو له‌بیری خۆمدا وتم: ئه‌و هاووڵاتیه‌ كه‌ركوكییه‌ چه‌نده‌ خۆشه‌ویستی بۆ كوردستان و ئاڵای كوردستان هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی له‌ شارێكی وه‌ك كه‌ركوكدا. بۆیه‌ كه‌وتمه‌ بیركردنه‌وه‌ی رۆژی ئاڵا كه‌ چه‌ند جوان و سه‌رنجڕاكێش شێوازی خۆی كردبوو به‌ئاڵای كوردستان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بیرم كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئاڵا بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك هێمایه‌ك بێت بۆ شانازی و یه‌كبوونه‌وه‌ و كۆكبوون له‌سه‌ر هێمایه‌كی نیشتمانی، ئه‌وا بۆ ئێمه‌ی كورد پێویسته‌ زیاتر له‌مه‌ بێت، چونكه‌ كورد پێی ناوه‌ته‌ هه‌زاره‌ی سێیه‌می مێژووه‌وه‌ به‌ قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره‌ و ژماره‌یه‌كی چل ملیۆنییه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرێك له‌وڵاتانی دونیا به‌پێی نه‌ریتی خۆیان ئاڵا به‌كار ده‌هێنن، به‌تایبه‌تی له‌ كاتی وێنه‌گرتنی فیلم و دراماكاندا كه‌ زۆر به‌زه‌قی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌و كاره‌ نه‌كراوه‌، به‌تابیه‌تی له‌ هه‌ندێك شوێن ناسراو نییه‌ و ئاڵاكه‌ی له‌پشتی به‌رپرسانه‌وه‌ دانانرێت، به‌ڵكو له‌هه‌رێمی كوردستان ئاڵا ته‌نها وه‌ك ره‌مزێكی نه‌ته‌وه‌یی به‌كار ده‌هێنرێت، به‌تایبه‌تی له‌كاتی هێنانه‌وه‌ی روفاتی ئه‌نفالكراوه‌كان یان شه‌هیده‌كان داده‌نرێت، كه‌ ئه‌وه‌ش بۆته‌ جیگه‌ی نیگه‌رانی، چونكه‌ دانانی ئاڵای كوردستان نرخ و هێمایه‌كی تایبه‌تی بۆگه‌لی كورد هه‌یه‌.
شێوازی ئاڵای كوردستان
ناسنامه‌ی هه‌موو وڵاتێك ئاڵایه‌ و هێزو ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تیشه‌، بۆیه‌ ئاڵای دوو وڵات هه‌رگیز له‌یه‌ك ناچن، كوردیش وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر خاوه‌ن ئاڵای خۆیه‌تی و له‌چوار قۆناغی جیاجیادا هه‌ڵیكردووه‌و هه‌ر قۆناغه‌ش ئاڵاكه‌ی شێوه‌یه‌كی وه‌رگرتووه‌.
بوونی ئاڵای كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می ماد، ئیتر بێئه‌وه‌ی تا ئێستا یه‌كلایی بووبێته‌وه‌ كه‌ ره‌نگی ئه‌و ئاڵایه‌ چۆن بووه‌، به‌دوایدا ئاڵای حكومه‌تی كوردستان له‌رۆژی 17ی ئه‌یلوولی 1922 له‌به‌رده‌م مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سلێمانی له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌دا هه‌ڵكراوه‌، ئه‌ویش له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كه‌ی شێخ مه‌حموده‌وه‌ كه‌ زه‌مینه‌ی ئاڵاكه‌ سه‌وز بووه‌ و بازنه‌یه‌كی سوور له‌ناوه‌ڕاستی ئاڵاكه‌دا بووه‌ و له‌ناو بازنه‌كه‌دا وێنه‌ی مانگێكی سپی تێدابووه‌.
ئه‌م ئاڵایه‌ له‌هه‌موو ئاڵاكانی دوای خۆی جودا بووه‌، چونكه‌ كاتێك به‌دوایدا ئاڵای كۆماری ئارارات هات. ره‌نگه‌كانی هه‌مان ره‌نگه‌كانی ئه‌و ئاڵایه‌یه‌ كه‌ ئێستا له‌كوردستان هه‌ڵده‌كرێت، به‌كه‌مێك جیاوازییه‌وه‌.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ شكستی شۆڕشی شێخ سه‌عید پیران و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی ئارارات كه‌ رێكخراوی خۆییبوون دروست ده‌بێت و كابینه‌ی حكومه‌ت داده‌مه‌زرێنێ و ئاڵایه‌كیش داده‌نێت كه‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ سه‌وز بوو، سپی له‌ناوه‌ڕاستدا و سوور له‌به‌شی ژێره‌وه‌، له‌ناوه‌ڕاستی به‌شه‌ سپییه‌كه‌دا بازنه‌یه‌كی زه‌رد كه‌ نیشانه‌ بوو بۆ خۆر، دانرابوو. له‌ناو ئه‌و بازنه‌یه‌شدا وێنه‌ی زنجیره‌ شاخێكی تێدایه‌ كه‌ ره‌نگی شینی ئاسمانییه‌.
پاشان له‌رۆژی16/12/1945  به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌هاووڵاتیان له‌مه‌یدانی چوارچرا-ی مهاباد ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر هه‌موو فه‌رمانگه‌و قوتابخانه‌كان هه‌ڵكرا، ئاڵاكه‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ی سوور و له‌ناوه‌ڕاستدا سپی و له‌خواره‌وه‌ سه‌وز، له‌ناو سپییه‌كه‌دا كه‌ چوار ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ریه‌كه‌ له‌به‌شه‌كانی تر بوو، نیوه‌ی رۆژێك كه‌ دوو گوڵه‌گه‌نم له‌ملاو له‌ولایه‌وه‌ به‌ڕه‌نگی زه‌رد هه‌بوون و به‌سه‌ریه‌وه‌ پێنووسێك هه‌بوو، له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه‌ نووسرابوو «ده‌وڵه‌تی جمهوری كوردستان».
له‌جیاتی 21 تیشك پێویست بوو 8 تیشك بێت
هاوكات له‌كاتی هه‌ڵكردنی ئه‌و ئاڵایه‌، محه‌مه‌د قودسی كه‌ وتارێكی مێژوویی خوێنده‌وه‌ كه‌ راڤه‌ی ره‌نگه‌كانی ئاڵاكه‌ به‌شێك بوو له‌وتاره‌كه‌ و تێیدا رایگه‌یاند: «ره‌نگی سوور نیشانه‌ی جه‌نگاوه‌ری و نه‌به‌زی گه‌لی كوردو ره‌نگی سپی نیشانه‌ی خاوێنی و دڵپاكی و ره‌نگی سه‌وز مانای خاكی كوردستانی پڕ له‌ده‌غڵ و دانه‌، هه‌روه‌ها رۆژه‌كه‌ مانای وایه‌ رۆژی سه‌ربه‌ستیمان هه‌ڵهات، ئه‌و دوو گوڵه‌گه‌نمه‌ نیشانه‌ی جووتیارانی كوردستانه‌، هه‌وڵ بده‌ن بۆ به‌رهه‌مهێنانی به‌روبوومی وڵاته‌كه‌یان و پێنووسیش هاوار ده‌كات بۆ په‌ره‌سه‌ندنی زانیاری و هه‌موو جۆره‌ خوێنده‌واریه‌ك له‌ناو گه‌لدا.»
هه‌ندێك جار ته‌نیا جیاوازی له‌ هێما شكلییه‌كاندایه‌، وه‌كو ئه‌و گوڵه‌گه‌نمه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ئاڵای كۆماری مهاباد بوو، هێما بوو بۆ رۆشنبیری و فێربوون، ئه‌و خۆره‌ش كه‌ له‌سه‌ر ئاڵای كوردستانه‌، هێمایه‌ بۆ گه‌ل.
دكتۆر كه‌یوان ئازاد مامۆستای زانكۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ئاڵای كوردستان ناسنامه‌ی كورده‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موومان پارێزگاری لێبكه‌ین و ببێته‌ ناسینه‌وه‌و پیرۆزییه‌كانی كورد. دكتۆر كه‌یوان وتیشی: ئاڵای كوردستان ئه‌و بیست و یه‌ك تیشكی خۆره‌یه‌ كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی ئاڵاكه‌دا تیایه‌تی، ده‌بوو هه‌شت تیشك بوایه‌، چواری بۆ چوار پارچه‌كه‌ی كوردستان (باكورو باشورو خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا) چواریشی بۆ پیرۆزییه‌كه‌ی ئاینی زه‌رده‌شت كه‌ بریتییه‌ له‌ ئاگرو هه‌واو خاك و ئاو.
زۆرترین فرۆشیاری هه‌یه‌
هه‌رچه‌نده‌ ئێستا ئاڵای كوردستان زۆرترین فرۆشی هه‌یه‌، وه‌ك میران عه‌لی كه‌ ئاڵا ده‌فرۆشتێت، وتی: هه‌موو جۆره‌ ئاڵایه‌كی حزب و لایه‌نه‌كان ده‌فرۆشم، به‌ڵام خه‌ڵك زیاتر حه‌ز به‌كڕینی ئاڵای كوردستان ده‌كات. وتیشی: ئێستا ئه‌و ئاڵایه‌ له‌زۆرێك له‌وڵاتانی دراوسێوه‌ دێت. له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی بۆچی ئاڵای كوردستان زوو ده‌دڕێت، ئه‌و هاووڵاتیه‌ وتی: ئه‌و ئاڵایانه‌ی كه‌ ده‌ستكردی خۆماڵین، تا شه‌ش مانگ ده‌مێنێته‌وه‌، وتیشی: ره‌شه‌بای سلێمانی زۆر تونده‌، ئاڵاكه‌ به‌رگه‌ی ئه‌وه‌ ناگرێت، بۆیه‌ زۆربه‌ی ئاڵای داموده‌زگاكانی حكومه‌ت به‌دڕاوی هه‌ڵواسراوه‌.
یه‌كه‌م ئاڵا، ئاڵای شۆڕشی ناوچه‌یه‌ك بووه‌
كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر، مامۆستای مێژوو له‌زانكۆی سلێمانی، رایه‌كی جودای هه‌یه‌ و پێیوایه‌ ئه‌و ئاڵایه‌ی كه‌ له‌كوردستاندا هه‌ڵده‌كرێت، ئاڵای رابردوو نییه‌ هه‌روه‌ك له‌ مێژووی كوردیشدا ئاڵایه‌كی وه‌ك ئه‌مه‌ی كوردستان نه‌بوو. وتیشی: ئه‌م ئاڵایه‌ی ئێستا هه‌یه‌ یه‌كه‌م ئاڵایه‌ له‌مێژووی كوردایه‌تیدا، ئه‌و ئاڵایانه‌ی كه‌ له‌ پێشوودا هه‌بووه‌ ئاڵای كوردستان نه‌بووه‌، به‌ڵكو ئاڵای ده‌سه‌ڵات و شۆڕشی ناوچه‌یه‌ك بوون.
خه‌ڵه‌ف غه‌فور، رۆژنامه‌نووس ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ رۆژی ئاڵا بۆ كورد گرنگه‌ و پێویسته‌ بیر بكه‌ینه‌وه‌ بۆچی تاوه‌كو ئێستا نه‌ خۆمان و نه‌ ئاڵا و نه‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌یشمان سه‌ربه‌خۆ نین و هێشتا مه‌ترسی له‌سه‌ربوون و ژیان و شه‌كانه‌وه‌مان هه‌یه‌. وتیشی: رۆژی ئاڵا رۆژی بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌شه‌كانه‌وه‌ی به‌ ئازادی، هه‌نگاونان بۆ سه‌ربه‌خۆیی، كوردستانێكی ئازادو ئاڵایه‌كی شه‌كاوه‌ی سه‌ربه‌رز، ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ نابێت له‌ رۆژی ئاڵای كوردستاندا به‌ ته‌نیا لێره‌و له‌وێ ئاڵا هه‌ڵبكه‌ین، به‌ڵكو بیر بكه‌ینه‌وه‌ له‌وه‌ی چۆن بتوانین كوردستان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی و ئاڵاكه‌مان به‌ره‌و شه‌كانه‌وه‌ی زیاتر به‌رین، ئه‌مه‌ش گرنگترین ئه‌ركه‌ كه‌ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ده‌بێ له‌پێناویدا هه‌موو شتێك بكه‌ین.
كۆنترین ئاڵا له‌مێژوودا
سۆمه‌رییه‌كان یه‌كه‌مین كۆمه‌ڵه‌ی نیشته‌جێی باشوری عیراق بوون، كه‌واته‌ سۆمه‌رییه‌كان ده‌بنه‌ خاوه‌نی یه‌كه‌م ده‌وڵه‌ت، چونكه‌ ئه‌وان ئاڵایه‌كیان هه‌بووه‌ و له‌ شه‌ڕه‌كانیاندا به‌كاریان هێناوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ گرنگه‌، شاری هه‌ولێر 5 هه‌زار ساڵ پێش زایین ئاوه‌دان كراوه‌ته‌وه‌ به‌ر له‌ سۆمه‌رییه‌كان و ته‌نانه‌ت میسرییه‌ كۆنه‌كانیش. تا ئێستا روون نییه‌ شاری هه‌ولێر ئاڵای هه‌بووه‌ یاخود نه‌یبووه‌، بۆیه‌ مێژووی ئاڵای كورد روون نییه‌ و ده‌توانرێ بووترێت میسرییه‌ كۆنه‌كان و سۆمه‌رییه‌كان خاوه‌نی كۆنترین ئاڵان له‌مێژووی مرۆڤایه‌تیدا.
لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About كه‌یفی عمر

Check Also

192552018_hsen huzni 1

94 ساڵ لەمەوبەر حسێن حوزنی موكریانی، یەکەم چاپخانەی هێنایە ره‌واندز

خەندان-هاوار عەباس ‎(( ئێوه‌ حه‌قیقه‌ته‌ن گیانى میلله‌تی خۆتانن ، ئه‌و ره‌نجانه‌ى كه‌ ده‌یانكێشن هیچ وه‌ختێك …