Home / بەشی مێژووی كورد / ئایین و سیاسەت لە سەردەمی کۆمەڵەی ژ. ک و کۆماری کوردستاندا

ئایین و سیاسەت لە سەردەمی کۆمەڵەی ژ. ک و کۆماری کوردستاندا

د. سەباح موفیدی

پێشەکی

دەرەتانی خولقاو لە پاش شەڕی دووەمی جیهانی، دۆخی ئاڵۆزی ئێران و تێكچوونی دەسەڵاتی ملهوڕانەی رەزا شا و دوورخستنەوەی لەلایەن هاوپەیمانانەوە و دابەشبوونی ئێران بە دوو بەشی ژێر دەسەڵاتی سۆڤییەت و بەریتانیا، ئەو هەلەی رەخساند کە لە ئێرانی ئەو کاتەدا نیوەدێمۆکراسییەک و هەندێ ئازادیی سیاسی و دەرەتانێک بۆ هەناسەدانێکی نەتەوە بندەستەکانی ئەو وڵاتە بخولقێت و دۆخێکی لەبار پێکبێت کە نەتەوەی کوردیش تێیدا ئاواتەکانی بەدواداچوون بکات. بۆیە بزووتنەوەی کوردی وەخۆکەوت تاکو حکوومەتی تایبەتی خۆی پێکبهێنێت. دیارە ئەم حکومەتە بەپێی هەلومەرج لە باری جوگرافیاییەوە کەوتبووە نێو بازنەی دەسەڵاتی سۆڤییەتەوە و سیاسەتەکانی ئەو دەمەی سۆڤییەت زیاتر بۆ راگەیاندنی ئەو حکومەتە یارمەتیدەر بووە و بۆ ماوەیەکی کورت دەرەتانی شیاوی رەخساندبوو. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە پێوەندیی ئایین و سیاسەت لە کۆماری کوردستاندا لە نێو بازنەی سۆڤییەت وەک وڵاتێکی کۆمۆنیست، بەپێچەوانەی بەریتانیا وەک وڵاتێکی سێکیولار، چۆن بووە؟ لەم وتارەدا پاش روانینێکی کورت بەسەر چەمکی سێکیولاریزمدا، بە ئاوردانەوەیەک بە سەر پێوەندیی ئایین و سیاسەت لە کۆماری دێمۆکراتیکی کوردستاندا هەوڵ دەدرێت شێوازی ئەو پێوەندییە روون بکرێتەوە.

سێکیولاریزم: جیایی “دەوڵەت و ئایین” نەک “ئایین و سیاسەت”

نە لە باری تیۆریکەوە و نە لە باری کردەوەییەوە سیاسەت و ئایین بە تەواوی لێکتر جیا نەکراونەتەوە. لە باری تیۆرییەوە دەکرێ ئاماژە بە بیروڕای “ژاکۆب توب” بکرێت کە لەسەر پێوەندیی نێوان ئیلاهییات (تیۆلۆژی) و تیۆری سیاسی و پێش گریمانەی ئیلاهییاتی بۆ تیۆری سیاسی و ئەوەی کە ئیلاهییات سەرەتا بە شێوەی بابەتێکی پێوەندیدار بە تیۆری سیاسی سەریهەڵدا، باس دەکات. لە روانگەی ئەوەوە، پێوەندیی ئیلاهییات لەگەڵ تیۆری سیاسی شتێکی لاوەکی نییە و لە راستیدا ئیلاهییات بە دوور لە گۆڕەپانی کۆمەڵگا لە ئارادا نییە، تەنانەت ئەوەی کە داواکاریی ئەوەی هەیە کە بەتەواوی ناسیاسییە، دەکرێ هۆی سیاسی هەبێت. هەروەها کە هیچ ئیلاهییاتێک بە بێ هۆی سیاسی لە ئارادا نییە، هیچ تیۆرێکی سیاسیش بە بێ پێش گریمانەی ئیلاهییاتی لە ئارادا نییە (بڕواننە: ژاکوب، 2016). لە باری کردەوەییشەوە تا مرۆڤێکی ئایینی لە کۆمەڵگادا هەبێت، ئێستا بۆ پاراستنی مافی ئەو یان بۆ بەدەستهێنانی دەنگی، ئەو دووانە لێکتر جیا ناکرێنەوە. بەڵام ئایین و دەوڵەت وەک دامەزراوە دەتوانن تاڕادەیەکی زۆر جیا بن و دەوڵەت وەک دامەزراوەی بێلایەن لە کۆمەڵگادا خزمەت بکات و بە شێوەی دادپەروەرانە لە نێوان گروپە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڵسوکەوت بکات و کاروباری هەڵسووڕانی وڵات تێپەڕێنێت.

 هەر لەو راستایەشدا بوو کە لە باری سیاسییەوە کێشەی ئایینی و ناکۆکی و شەڕی ئایینی وایکرد کە وڵاتانی رۆژئاوایی بڕیار بدەن کاروباری سیاسی خۆیان بدەنە دەست دامەزراوەیەکی بێلایەن (دەوڵەت) کە مافی هەمووان بپارێزێت و کەلەپوورێک گەشە بستێنێت کە هەموو تاک و گروپە ئایینییەکان رێزیان لێ بگیردرێت و رێز لە یەکتر بگرن. دەوڵەتی سێکیولار وەک دامەزراوەی بێلایەن و پارێزەری بنەماکانی ئازادی، بەرابەری و دادپەروەریی و برایەتی رەچاو کراوە. سێکیولاریزمیش، ئایدۆلۆژیای ئەو رەوتە و بڕوا بەو بنەمایانەیە. هەر بۆیە بە واتای دژایەتی لەگەڵ ئایین بە گشتی نییە. هەرچۆنێک بێت، بوونی خەڵکی ئایینی و ئایین وەک بەشێک لە کەلەپوور و ئازادیی ئایینی بووەتە هۆی ئەوەی کە لە هەندێ بواردا سیاسەت و ئایین تێکەڵییان هەبێت و دەوڵەت و سیاسەتوانانیش سەرنجی ئەم لایەنەی کۆمەڵگا بدەن.

کەواتە، دەوڵەتێ کە لە دژی ئایین بێت، ناکەوێتە نێو بازنەی دەوڵەتانی سێکیولارەوە. سیاسەت و ئایینیش لێکجیاناکرێنەوە و ئەوەی پێویستی بە جیابوونەوەیە “دەوڵەت و ئایینە” ئەویش بە شێوەی دامەزراوەیی نەک لە هەموو بوارێکەوە چۆن خودی دەوڵەت وەک بەشێک لە سیاسەت بۆ کاروباری خزمەتگوزاریی سەروکاریی لەگەڵ گروپە ئایینییەکان دەبێت. بۆیە، هەندێ لە وڵاتە کۆمونیستەکان، سێکیولار نین و دژە ئایینن بە هۆی ئەوەی کە بە پێچەوانەی وڵاتانی سێکیولار بڕوایان بە ئازادیی بە گشتی (لەوانە ئازادی ئایینی) وەک کۆڵەکەیەکی دێمۆکراسی لە پەنای بەرابەری و دادپەروەریدا، نییە.

سۆڤییەتی کۆمونیست و کوردستانی سێکیولار

سۆڤییەت بۆخۆی حکومەتێکی کۆمونیست بوو و وەک ئاماژە کرا بەپێی زۆربەی پێناسەکانی دێمۆکراسی و سێکیولاریزم، لەڕاستیدا وڵاتانی کۆمونیست نە دێمۆکراتیکن و نە سێکیولار، لەبەر ئەوەی کە ئازادی وەک یەکێک لە بنەماکانی بەدیهاتنی ئەو چەمکانە لەو وڵاتانەدا نییە و بەرابەریش کورت کراوەتەوە سەر ئابوورییەکەی، کە ئەویش لە زۆربەیاندا بەرەو بەرابەری لە هەژاریدا رۆشتووە. بە گشتی لە باری سیاسییەوە چۆن وڵاتانی کۆمونیست بڕوایان بە ئازادی حێزب و گروپە سیاسییەکانی تر بێجگە لە حێزبی کۆمۆنیست نییە، دێمۆکراتیک نین و لە باری پێوەندیی ئایین و سیاسەتیشەوە چۆن ئازادی ئایینی نییە و زیاتر لە دژی ئایینن، سێکیولار نین.

بەڵام ئەم دۆخەی سۆڤییەت لەسەر کۆماری کوردستان کاریگەریی نەبوو و حکومەتی کوردستان بەپێچەوانەوە حکوومەتێکی کۆمونیستی نەبوو. رێبەرانی کورد و کۆماری کوردستان تەنیا لە هەلومەرجی سیاسی پێکهاتوو کەڵکیان وەرگرت و پێوەندییان لەگەڵ سۆڤییەت، پێوەندییەکی سیاسی بوو. لەمبارەوە غەنی بلوورییان (1997) لە سەرکردەکانی پێشووی حێزبی دێمۆکرات دەڵێت: “کۆمەڵەی ژ.ک حێزبێکی سەربەخۆ بوو، و بە ڕاستی زانیبووی بۆ بە ئامانج گەیاندنی نەتەوەی کورد پێویستە دەست بۆ هەموو دەوڵەتێک راکێشێ کە ئامادە بێ یارمەتی بە نەتەوەی کورد بکا، بەڵام چونکە ئەو کات بیری چەپ بە سەر رەوتی ژیانی سیاسیدا زاڵ بووە رێبەرایەتی کۆمەڵە لە تەنگژەی ئەوەدا بوو کە نابێ جیا لە سۆڤییەت نامە بۆ شوێنێکی تر بنووسێ و تەنانەت پێوەندیی ژ.ک لەگەڵ ئینگلیزییەکان بوو بە هۆی دڵگیر بوونی رووسەکان و بە دوای ئەو رووداوەدا لە قازییان گێڕاوە بچێتە تەورێز و چاوی بە کۆنسولی رووس بکەوێ، کە قازی چوو” (ل. 53).

چالاکان و رێبەرانی سیاسی ئەو کاتی کوردستانیش هەم خۆیان زۆربەیان دژە ئایین نەبوون و نەتەوەخواز بوون، هەم بە باشیش کۆمەڵگای نەریتی خۆیان ناسیبوو و دەیانزانی کە ناکرێ لە دژی ئایین راوەستن. هەر بۆیە حکومەتی کوردستان، حکومەتێکی سێکیولار و بە رێبەرایەتی پیاوانی ئایینی و لەسەر بنەمای سیاسەتی مەعنەوی (واتایی) و سێکیولاریزم بوو و رێزی لە ئایین و ئازادیی ئایینی دەگرت، ئەمەش لە کردەوەدا دیار بووە، هەرچەند حکومەتێکی ئایینی نەبوو.

ئایین و کردەوەی سیاسی لە کۆمەڵەی ژ.ک و کۆماردا

هەروەها کە زۆرینەی رێبەرانی کوردی ئەو دەم پیاوانی ئایینی و ئاییندارانی خاوەن واتایەتی (مەعنەوییەت) تایبەت بوون، واتایەتی ئایینی رەنگدانەوەی تایبەتی لە کردەوەی سیاسیاندا هەبوو، هەروەها وەک سیاسەتوانانێ کە بە باشی کۆمەڵگای نەریتی خۆیان دەناسی و دەیانزانی کە ئایین تەشەنەی زۆری تێدایە، رەچاوی لایەنی ئایینی کۆمەڵگایان دەکرد و رێز و حورمەتی ئایینیان رادەگرت. لە پەنای عەبدوڕڕەحمان زەبێحی و کەسانی تردا، پیاوانێکی ئایینی وەک مەلا عەبدوڵڵا داوودی و مەلا عەبدولقادری مودەڕڕسی لە ناو دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی “ژ.ک”دا بوون کە لە 16ی ئابی 1942دا دامەزرا و دواتریش کەسانی تری ئایینی وەک قازی محەمەد دەچنە رێزیانەوە. ئەندامانی ژ.ک کاتێک دەبوون بە ئەندام بە قورئان سوێند دەدران. مەلا عەبدوڵڵای داوودی بەرپرسیاری یەکێک لە دوو قوتابخانە سەرەتاییەکانی کوردی بە ناوی “گەلاوێژ” بوو ئەویتریان “ئازادی” بووە کە لە دوایین ساڵی تێکۆشانی کۆمەڵە و هەروەها لە کاتی دامەزرانی حێزبی دێمۆکراتی کوردستاندا بە نیوە-نهێنی و شەوانە لە مەهاباد بۆ فێرکردنی خوێندن و نووسینی کوردی چالاک بووە (گادانی، لل. 21-20).

بوونی ئەم کەسایەتییە ئایینیانە کاریگەریی لەسەر چالاکی سیاسی ئەودەم هەبوو. بۆ وێنە هەر لەم پێوەندییەدا غەنی بلورییان (1997) لە بیرەوەرییەکانیدا دەگێڕێتەوە کە کاتی چوون بۆ نەغەدە و شنۆ بە مەبەستی پیشاندانی شانۆی “دایکی نیشتمان” لەو شارانەدا، قازی محەمەد بەو شێوەیە ئامۆژگاری کردوون: “شنۆ شارێکی ئایینییە. چونکە ئێوە بەڕاستی نوێنەری کۆمەڵەی “ژ.ک”ن دەبێ باش خۆ بنوێنن. دەبێ ئاکار و هەڵسوکەوتی نەجیبانەتان هەبێ و سەرنجی خەڵک بۆ لای خەباتی کۆمەڵە راکێشن. بەیانان و کاتی تریش دەبێ بچن لە مزگەوتەکان لە ریزی خەڵکدا راوەستن و نوێژی بەکۆمەڵ بکەن. ئەوە دەتوانێ خۆشەویستی ئێوە لە نێو خەڵکدا پتر بکات و دەبێ نموونە بن و ئاکاری جوان لە خۆ پیشان بدەن”(ل. 41). ئەم شێوە هەڵسوکەوتە کاریگەریی کۆمەڵایەتی زۆری هەبوو، وەک مام غەنی دەڵێت کە “بۆمان دەرکەوت، ئامۆژگارییەکانی قازی محەمەد بە تەواوی دروست بوون. چوونی ئێمە بۆ مزگەوت و نوێژکردنمان شوێنی لەسەر بیروڕای خەڵک دانابوو. ئەمجارە لەگەڵمان دلۆڤان و رووخۆش بوون و کاتێک شانۆی دایکی نیشتمانمان پێشکەش کرد، پێشوازییان لێکرد”(ل. 42).

رەنگدانەوەی ئایینیش لە خودی شانۆی دایکی نیشتماندا دەردەکەوێت بە جۆرێ کە بەو هۆنراوەی “حاجی قادری کۆیە” لە هەڵاچوون بە خوادا دەست پێ دەکات و بەو جۆرە چالاکان و دارێژەرانی شانۆکە ویستوویانە کە بنەمای ئایینی و واتایی (مەعنەوی) بۆ ویست و داخوازەکانیان پیشان بدەن:

ئەی بێنەزیر و هەمتا هەر تۆی کە بەرقەراری/ بێ دار و بێ دیاری، بێدار و پایەداری …
ئێستێکە بۆیە “حاجی” مەدحت دەکا بە کوردی/ تاکەس نەڵێ: بە کوردی نەکراوە مەدحی باری

ئەمە نموونەیەکی شیاو لە شێوازی هەڵسوکەوتی رێبەرانی سیاسی لەگەڵ ئایین و پیشاندەری پێگەیشتوویی سیاسی و تێگەیشتن لە کۆمەڵگا بووە، شتێ کە لە هەندێ لایەنی سیاسی بزووتنەوەی دواتری کوردستاندا نەبینرا و بە ئاکاری نەشیاویان جۆرێ قەڵشتی کۆمەڵایەتییان پێکهێنا کە نەیارانی گەل کەڵکیان لێوەرگرت.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …