Home / ناوداران / مەلا فەندی

مەلا فەندی

maxresdefault

ماموستا یاسین احمد – وه‌رگێری ماڵپه‌ر
لەساڵی ١٨٦٥ لەدایک بووە و لەساڵی ١٩٤٢ کۆچی دوایی کردووە
زانای بەناوبانگ و ناوداری شاری ھەولێر مەلائەبوبەکر ناسراو بە مەلا فەندی ، کوڕی حاجی عومەری ئەفەندی ئەربیلی کوڕی زانای بەناوبانگ مەلا ئەبوبەکر ناسراو بە (مەلای گچکە ) کوڕی عوسمان ئەفەندی کوڕی ئەبوبەکری یەکەم کوڕی عومەرە فەندی کوڕی شێخ شمس الدین کوڕی زانای بەناوباونگ شێخ بەھائەدین کوڕی زانای بەناوبانگ مەلاخدر کوڕی مەلا ئەلیاس ئەفەندییە ..
ئەم خێزانە لەرەچەلەکەوە ناسراون بە گەڕان بەدوای زانایی و دانایی لەبەر ئەمە کە سەیری باب و باپیرانی مەلا ئەفەندی دەکەی دەبینین زۆربەیان خەریکی بواری زانستی ئاینی و زانستەکانی دیکە بوونە و چەندین کەسی ناوداریان لێ ھەڵکەوتووە .
مەلا فەندی لەساڵی ١٨٦٥ لە قەڵای ھەولێر لەدایک بووە و لەنێو بنەماڵەیەکی ئاینی پەروەردەکراوە و لەرووی کۆمەڵایەتی خێزانی مەلا فەندی پێگەیەکی بەھێزیان ھەبوو ..
لەتەمەنی بچووکی رووی لە خوێندنی حوجرەکان کردووە دواتر قوتابخانە ئاینیەکان بۆ لەبەر کردنی قورئانی پیرۆز و خوێندنی فیقھی ئیسلامی و زمانەوانی و  فەلسەفە و بیرکاری , بەھۆی زیرەکی و دانایی توانی لەتەمەنی ٢٠ ساڵی ئەم خوێندنانە تەواو بکات ، دواتر وەک مامۆستایەک خەڵکی فێر دەکرد ..
مەلا فەندی مۆڵەتی خوێندنی ئیسلامی لەباوکی وەرگرتووە ، دواتر بەسەدەھا قوتابی ئاینی لەسەر دەستی ئەو مۆڵەتی مەلایەتیان وەرگرتووە و بەپێی سەرچاوەکانی مێژوو نزیکەی (٣٧٠) مەلا مۆڵەتی مەلایەتیان لەمەلا فەندی وەرگرتووە وەکو , شێخ مەحمەدی خاڵ ، شێخ مستەفای نەقشبەندی ، و ھبە اللە ئەفەندی موفتی ناوچەی ئاکرێ و حاجی مەلا ساڵح کۆزەپانکەیی …..
خوالێخۆشبوو مەلا فەندی کتێبخانەیەکی گەورەی ھەبوو لە مزگەوتی گەورەی ھەولێرێ لەناو قەڵا ، ئەم کتێبخانەیە کتێخانەی بنەماڵەی مەلافەندی بوو ، ئەویش چەندین کتێب و دەستنووسی دەگمەنی بۆ زیاد کرد ، ئەم دەستنووس و کتێبانەی کتێبخانەکەی مەلای فەندی بەپارە نەدەنرخاندرا ، چونکە ھاوشێوەیان کەم بوو ،زۆرینەی کتێبەکانی لە کۆشکەکەی لە گوندی (باداوە) (ئێستا گەڕەکێکی ناوشاری ھەولێر) ھەڵگرتبوو ، بەڵام لە رووداوەکانی ساڵی ١٩٥٨ و رووخانی رژێمی پاشایەتی  چەند کەسێکی نەزان زۆرینەی کتێبەکانیان سووتاند , بەشەکەی دیکەشی لەلای ئامۆزای مەلافەندی مامۆستا (رەشاد موفتی) پارێزرا و ئەم دەستنووسە و کتێبانە نزیکەی (٧٠٠) دانە دەبوو و لەنێو کتێبەکانی کتێخانەی مەلای فەندی کتێبی (کتاب الێحیح البخاری) کە سوڵتان (عەبدولحەمیدی دووەم) پیشکەشی بنەماڵەی مەلافەندی کردبوو..
مامۆستا مەلافندی ، کەسێکی دەوڵەمەند و ناوداربوو لەبەر ئەمە خەرجی قوتابییەکانی خۆی لەئەستۆ دەگرت ھەرچەندە ژمارەیان زۆربوایە ھەروەھا مەلای فەندی ناسراوبوو بە بەشداریکردن لە دروستکردنی قوتابخانە و مزگەوت  لە گوندەکانی دەوروبەری شاری ھەولێر و لەم گوندانە یەکێک لە قوتابییەکانی دەکردە مەلا و خۆی خەرجی و مووچەی مەلاکەی دەکێشا  ،
ھەروەھا مەلای فەندی جگە لەبواری ئاینی دەستی ھەبوو لە شیعر نووسین و توانیوویەتی بە چوار زمان شیعر بنوسێت  (کوردی , عەرەبی ، فارسی , تورکی ) ھەروەھا سەرچاوەی باڵای فەتوادان بوو لەشاری ھەولێر و دەوروبەری و زۆرینەی عەشیرەتەکانی ئەم ناوچەیە لەکاتی گرفتەکان روویان لەمەلافەندی دەکرد بۆ چارەسەرکردنی ..
ئەو پێگە ئاینی و کۆمەڵایەتیەی مەلافەندی ھەیبوو ھەندەی دیکە رێز و حورمەتی لەنێو خەڵکی زیاتر کردبوو و بۆ ھەر کێشەیەک پرسی پێدەکرا و رێگە چارەی بۆ دادەنا ..
مەلافەندی رۆڵێکی بەرچاوی ھەبوو لە نەھێشتنی دوژمنداری نێوان چەندی عەشیرەتی ئەو ناوچەیە ، ھەروھا رێگری لەھەندێ کەسی توندڕەو گرت کە بەناوی ئاینەوە دەستدرێژی بکەنە سەر مەسیحییەکانی شاری ھەولێر ، ھەروەھا لەکاتی دروست بوونب کێشەی موسڵ لەساڵی ١٩٢٢ مەلافەندی بەتوندی دژی ئەو بیرۆکەیە وەستایەوە کە ولایەتی موسڵ بخرێتە سەر وڵاتی تورکیا ..
بەھۆی دانایی و ئاستی بەرزی رۆشنبیری مەلافەندی ، چەندین شاندی جیاجیا لەناوچەکانی دیکە عێراق و کوردستان سەردانیان دەکرد …
مەلای فەندی پێگەیەکی بە ھێز لەلای کەسە ناسراوەکانی عێراق وەک مەلیک فەیسەڵی یەکەم و مەلیک غازی و ھەروھا و وەزیران و راوێژکارانی ئەو کاتی حکومەتی عێراقی ، ھەروھا پەیوندییەکی پتەوی ھەبوو لەگەڵ شێخ مەحمودی حەفید  کە لەکاتی دەسەڵاتی عوسمانی روی لەشاری ھەولێر کرد و ماوەیەک بە میوانداری لەلای مەلافەندی مایەوە ..
مەلافەندی چەندین کتێبی نووسیووە لەبوارە جیاجیاکانی زانست وەک تەفسیری قورئان و جەبر کە بەشێوەیەکی زارەکی کۆن دەگوتراوە (ھەمووی دەستنووسن) ھەروھا چەندین تێبینی و بلاوکراوەی ھەبوو لەسەر  ئەو کتێبانەی بە قوتابییەکانی دەگوتەوە ..
ھەروھا مەلافەندی چەندین کتێبی لە زمانەکانی (فارسی ، عەرەبی ، تورکی ) وەرگێراوە سەر زمانی کوردی و عەرەبی ھەروھا چەندین ھۆنراوە بە بەو چوار زمانە نووسیووە ، بەڵام زۆرینەی ئەو دەستنووس ھۆنراوانە لەکۆشکەکەی باداوە لەساڵی ١٩٥٨ سوتێندران …
یەکێک لەو رووداوە مێژوویانە تایبەتە بەمەلافەندی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤١ ، کاتێک کودەتای سەربازی لە عێراق روویدا ، رەشید عالی گەیلانی  سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق بڕیاریدا بنەماڵەی مەلیک فەیسەڵی دووەم لە پایتەخت دووربخاتەوە و بەرای خۆی باشترین شوێن بۆ مانەوەی بنەماڵەی پاشایەتی کۆشکی مەلافەندی بوو لەشاری ھەولێر .
مەلافەندی پێشوازی  لە بنەماڵەی پاشایاتی عێراق کرد و کەفالەتی ئەوەی کرد ئەو ماوەیەی بە ئارامی لەشاری ھەولێر و قەڵای باداوە جێگەیان ببێتەوە ..
ئەو کەسانەی لەبنەمالەی پاشایەتی عێراق روویان لە شاری ھەولێر کرد بریتی بوون لە شاژن عالیە و کوڕەکەی مەلیک فەیسەڵی دووەم و خوشکەکانی شاژن عالیە (عابدیە و بدیعە و جلیلە ) و پوری شاژن عالیە شازادە ساڵحە ھەروھا ئەو خزمەتکارانەی لەگەڵیان بوون ..
بنەماڵەی پاشایەتی ٢٨|٥|١٩٤١ لە بەغداوە بەڕێکەوتن تا ٣|٦| ١٩٤١ لە قەڵای باداوە لەشاری ھەولێر مانەوە
لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

181252020_swhra1-4

عەقڵ و عەشق لە دیدی سوھرەوەردی

عەقڵ و عەشق لە دیدی سوھرەوەردی بەشی یەکەم دنیای ئەمڕۆ دنیای قوتابخانە فکری و ڕێبازە …