Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی کوردناسی لە ئینستیتوتی دەستنووسەکانی ڕۆژهەڵات (کوردۆڵۆجیا لە ساڵانی 1959 – 2005)

مێژووی کوردناسی لە ئینستیتوتی دەستنووسەکانی ڕۆژهەڵات (کوردۆڵۆجیا لە ساڵانی 1959 – 2005)

fb_img_1466070153374

پرۆفیسۆر زارێ یوسوپۆڤا
وەرگێڕانی پرۆفیسۆر جەبار قادر
کۆردلۆجیا وەکو برانشێکی تایبەتی ڕۆژهەڵاتناسی ئەکادیمی لە ڕووسیا لە سەر بنەمای چالاکییەکانی ژمارەیەک زانای بە توانا و بەناوبانگ وەکو ڤ.دیتێل، ڤ. ئە.ژوکۆڤسکی، ڤ.ڤ.ڤلیامینۆف – زرینۆف، پیۆتەر لێرخ، ئەلیکسەندەر ژابا، ڤ.ڤ. مینۆرسکی، و ڤاسیلی.پ. نیکیتین دامەزرا.
ئەوەی ڕاستبێ‌ ڕۆڵی سەرەکی لە دامەزراندن و گەشەکردنی توێژینەوەی کوردی لە سان- پیتەرسبورگ دەگەڕێتەوە بۆ ئی.ئە.ئۆربیللی، ئەو باوکی ڕاستەقینەی قوتابخانەی پیتەرسبورگی کوردۆڵۆجیایە و نووسەری ژمارەیەک وتاری بەنرخە لە بارەی مێژوو و کولتوور، ئەدەبیات، زمان و فۆلکلۆری کوردەوە.
لە ساڵی 1959دا بە دەستپێشخەری ئۆربیللی لە لقی ئینستیتوتی ڕۆژهەڵاتناسی، کە خۆی سەرۆکایەتی دەکرد، گروپی کوردناسیی دامەزرا. لە ڕاگەیاندنی دامەزراندنی ئەو گروپەدا ئۆربیللی وتی “بە لەبەر چاوگرتنی پێویستی بە شارەزایی لە بواری کوردناسیدا و بەرەو کردنەوەی بەشی کوردۆڵۆجیا…….. لە 1ی مارتی 1959گروپێک لە کوردناسان کە ئێستا سەر بە بەشی ئێرانیستیکان (ئێرانناسی) بە سەرۆکایەتی خۆم لە ئەندامانە دادەمەزرێ‌: ک.ک.کوردۆێیف(قەناتێ‌ کوردۆ)، ئی.ئی. دیمینێیەڤا (ڤاسیلێیڤا) و قوتابیانی دکتۆرا ئی.ئە.سمیرنۆڤا، زارێ‌ یوسوپۆڤا، کەریمی ئەیوبی و جەلیلۆف (جەلیلێ‌ جەلیل). ئامانجی ئەم گروپە لێکۆڵینەوەیە لە بوارەکانی مێژوو، کولتوور و زمانی گەڵی کورد و بەم شێوەیە سەردەمێکی تازە لە گەشەکردنی کوردۆلۆجیا لە ڕووسیا دەستی پێکرد و لەم خاڵەوە تاوەکو ئیستاش کوردناسی لە ڕووسیا لە سەر ئەو خەتە دەڕوات کە ئۆربیللی دەستنیشانی کرد.
بواری یەکەمی لێکۆڵینەوەکان زمان بوو. توێژینەوەی زمانەوانی بە تایبەتی گرنگ بوو بۆ کار و چالاکییەکانی گروپەکە. توێژەرە سەرکردەکانی ئەم گروپە قەناتێ‌ کوردۆ و تسوکەرمان و قوتابیەکانیان بوون وەکو سمیرنۆڤا (کە ئێستا توێژەرە لە ئینستیوتی زمان لە ئەکادیمیای زانستی ڕووسیا) و زارێ یوسوپۆڤا کە مۆرفۆلۆجیا، فۆنەتیک و سینتاکسی زمانی ئەدەبی کورد و دیالێکتەکانی خوێند، ئەمانە چەند کتێبێکی ڕێزمان و فەرهەنگیان خستە بەردەست و هەندێ تێکستی فۆلکلۆرییان بڵاوکردەوە، کە کەرەسەی زمانەوانی دەوڵەمەندیان لە خۆداکۆکردبۆوە و یەکجار پێویستن بۆ توێژینەوەی بەراوردکاری دیالێکتەڵۆگیا (لێکۆڵینەوە لە دیالێکتەکان).
سەردەمی گرنگی مێژووی توێژینەوەی زمانەوانی گرێدراوە بەکار و چالاکی ماندوونەناسانەی قەناتێَ کوردۆ، کە توێژینەوە دەسپێک و پێشەنگەکانی زۆر گرنگ بوون بۆ گەشەکردنی کوردۆلۆجیا لە ڕووسیا. قەناتێ‌ کوردۆ ژمارەیەک لێکۆڵینەوەی بەڵگەیی لە بواری زمانی کوردیدا بەرهەم هێنا، کە بوونە بنەمایەک بۆ زمانزانانی کورد، وەکو: یەکەمین ڕێزمانی کوردی، (ڕێزمانی زمانی کوردی (کرمانجی) لەساڵی 1957، فەرهەنگی کوردی- ڕووسی (1960)، ڕێزمانی بەراوردکاری زمانی کوردی لە سەر بنەمای کەرەستەی دیالێکتەکانی کرمانجی و سۆرانی (1978). لە نێو ئەو نووسینانەی کوردۆ کە بڵاونەکراونەتەوە و زیاتر سەرنج ڕاکێش. “توێژینەوەی دیالێکتی کوردی زازا”یە. هەروەها”پوختەیەک لە کوردناسی ڕووسی و سۆڤیەتی. لە تەک لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانیدا لە بواری زمانی کوردی کوردۆ لە گەلێ‌ بواری تردا وەکو ئەدەبی کوردی، مێژوو، ئایین و بڵاوکراوەکانیش کاری دەکرد و بەرهەمی بڵاو دەکردەوە. قەناتێ‌ کوردۆ توانایەکی زۆری لە ئامادەکردنی کادر و پسپۆری ئەکادیمی بۆ کورد و کوردستان خەرج کرد، قوتابیەکانی لە زمانزانان، مێژوونووسان، پسپۆڕانی ئەدەبیات ئەوڕۆ لە ناوەندە زانستییەکان لە ڕووسیا و لە دەرەوەی ڕووسیاش سەرکەوتوانە کار دەکەن. لەساڵانی1960-1985 کوردۆ سەرۆکایەتی گروپی کوردۆڵۆجیای دەکرد و چالاکییەکانی کاریگەری زۆریان هەبوو لەسەر گەشەکردنی کوردناسی لە ڕووسیا و دەرەوەی ڕووسیاش.
بەرهەمەکانی زمانزانێکی تری ناودار ئی.ئی.تسوکەرمان، بۆ ڕێزمانی کرمانجی کوردەکانی ئەرمەنستان تەرخان کرابوون. لە ناو بەرهەمەکانیدا”پوختەی ڕێزمانی کوردی”(1962)، کە بۆ دیالێکتی کرمانجی، بەتایبەتی زارەکی تەرخان کرابوو. هەروەها “کرمانجی خوراسان” 1986، کە بۆ یەکێ لە شێوە زارەکانی کرمانجی تەرخانی کردبوو و هەروەها دیالێکتی کوردەکانی تورکمەنستانی دەگرتەوە، کە باو باپیرانیان لەخوراسانی ئێرانەوە هاتبوون. هەروەها لێکۆڵینەوەیەکی سەرنج ڕاکێشی تسوکەرمان لەگەڵ یەکێ لەقوتابیەکانیدا شیکۆیێ گەسانیان (کە لە تەمەنی لاوییدا کۆچی دوایی کرد) لەبارەی (تێپەراندنی سیستەمی بێلایەنی گوێپێنەدراو لە دەقە ئەدەبیەکانی کوردانی ئەرمەنستاندا)، بوو.
هەر لە سەرەتای ساڵی 1960 گروپی کوردناسی دەستی کرد بە توێژینەوەی دیالێکتی باشوری کوردیی، کە ئەوانە قسە بەم دیالێکتە دەکەن لە کوردستانی عێراق و ئێران دەژێن. بە سەرپەرشتی قەناتێ‌ کوردۆ سێ تێزی دکتۆرا لەم بوارەدا ئامادەکران “دروستبوونی کاری ئاڵۆز لە زمانی کوردیدا، سۆرانی” لەلایەن سمیرنۆڤاوە پێشگر و پاشگر لە دیالێکتی باشوری زمانی کوردیدا سۆرانی” لە لایەن زارێ یوسوپۆڤاوە،”مێژووی لێکسیکۆگرافیای کوردی، بنەماکانی دانانی فەرهەنگی ڕووسی -کوردی” لەلایەن عەبدولڕەحمان مارفەوە(1972)، (دکتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف.).
ساڵانی دواتر گروپی زمانزانانی کوردۆڵۆجیا ژمارەیەک کتێبیان بڵاو کردەوە لە بارەی فەرمان و لێکسیکۆلۆجی لە هەندێ لە زاراوەکانی باشور وەکو سۆرانی(لەلایەن قەناتێ‌ کوردۆ و زارێ‌) و زاراوەی موکری (سمیرنۆڤ و کەریمی ئەیوبی) و هەورامی (ز.یوسوپۆڤا) و گۆرانی (یوسوپۆڤا و ن.سەفرۆنەڤا). لێرەدا لەسەر بنەمای تێکستە زارەکییەکان لە هەورامی و گۆرانی کۆڵیبوونەوە. ئەم لێکۆڵینەوانە بوون بە بنەمایەک بۆ میتۆدێکی نوێ لەبواری زمانزانی کوردیدا. لێکۆڵینەوە لەم دیالێکتانە زۆر گرنگە بۆ زانستی دیالێکتۆڵۆجیا، چونکە هەندێ لە شارەزایانی ئیرانیستیکا (وەکود.مەکەنزی و جۆیس بلۆ) و کوردناس (ر.تسەبولۆف) لافی ئەوە لێدەدەن، بەبێ بەڵگەی باوەڕپێکراو، کە ئەم دیالێکتانە پەیوەندییان بەکوردییەوە نیە. هەر وەکو لێکۆڵینەوەکانی پێشتری قەناتێ‌ کوردۆ لە بارەی دیالێکتی زازا و توێژینەوەکانی کەریمی ئەیوبی، سمیرنۆڤا لە بارەی دیالێکتەکانی باشوری زمانی کوردی، ئەوەیان دەرخستووە کە ئەو ئێرانناس و کوردناسانە بە هەڵەدا چوون و بۆچوونەکانیان لە جێگەی خۆیاندا نین و بنەمای زانستییان بۆ نیە.
دووەمین ئامانجی گروپی کوردناسی سانپیتەرسبورگ توێژینەوەی ئەدەبی کلاسیکی و هاوچەرخی کورد بوو. مارگرێتا ڕودێنکۆ ڕۆڵی گرنگی لەم بوارەدا گێڕا. مخابن زۆر کۆچی دوایی کرد. ئەو یەکەمین زانا بوو کە پەیدۆزی (تەحقیق)ی گرنگترین تێکستەکانی ئەدەبی کوردی کرد و بڵاویکردنەوە، وەکو: (شێخی سەنعانی) فەقیێ تەیران لە سەدەی چواردەهەمی زاینیدا ژیاوە، (یوسف و زوڵێخای) سەلیمێ سلێمانی کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شازدەهەمی زاینی.
(مەم و زینی) ئەحمەدی خانی سەدەی حەڤدەهەمی زاینی و (لەیلاو مەجنونی) حارسی بدلیسی کە ئەویش لە سەدەی حەڤدەهەمدا ژیاوە. ڕودێنکۆ یەکەمین کەتەڵۆگی گشتگیری دەستنوسە کوردییەکانی لە کتێبخانەی نشتیمانی لێنینگراد (ئینستیتوتی دەستنووسەکانی ڕۆژهەڵات)ئامادە کرد و لە ساڵی 1961دا بڵاوکرایەوە. ئەم دەستنووسانە لە لایەن زانا و دیپلۆماتە ڕووسەکانەوە بەدەستهێنران وەکو ب.ئە.دۆرن، ڤ.ڤ.ڤلیامینۆف – زیرنۆف، ئەلیکسەندەر ژابا…….هتد.
ئەرکی لێکۆڵینەوە لە ئەدەبی کوردی سەدەکانی ناوەڕاست کەوتە ئەستۆی ژ.س.موسائیلیان کە قوتابی رودینکۆ بوو. تێزی دکتۆراکەی بۆ یەکێ لە دەقە ئەدەبیە میللییە گرنگەکان تەرخان کرد، کە (زەمبیل فرۆشە). ئەم دەقە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی پازدەهەم و شازدەهەم. لە دواییدا ئەم تێزە بوو بە بنەمای کتێبێک، کە لە ساڵی 1983 بڵاو کرایەوە. ئەم چاپە دەقە پەیدۆزکراوەکە دەگرێتە خۆ، کە لە سەر بنەمای شەش دەستنووس لەکتێبخانەی نشتیمانی لە لێنینگراد هەڵگیرا بوون. لە تەک دەقێکی تردا کە لە لایەن شاعیرێکی کوردەوە لە سەدەی هەژدەهەم بە فراوانکردنەوە بە شیعر وتوویەتیەوە. لەکتێبەکەدا هەروەها هەندێ ڤێرشنی فۆلکلۆریی ئەم داستانە بڵاوکراونەتەوە.
یەکێ لە دەستکەوتە زانستییە گەورەکانی قەناتێ‌ کوردۆ لە بواری ئەدەبیاتدا، ئەنتۆڵۆگیای شیعری کوردییە لەدوو بەرگدا، کە هەر بەخۆی لە ساڵانی 1983-1985 سەرپەرشتی کردووە. ئەم ئەنتۆڵۆگیایە شیعری 21 شاعیر لە سەدەکانی دەیەم تا بیستم دەگرێتەخۆ. هەروەها کوردۆ سەرپەرشتی هەندێ تێزی دکتۆرای کرد لە بواری ئەدەبی هاوچەرخی کوردیدا وەکو “داهێنانی شاعیری پێشکەوتووخوازی کورد هەژار” لە لایەن کەریمی ئەیوبییەوە لە ساڵی 1961 بەرگری لێکرا. هەروەها (لەبارەی مێژووی ئەدەبی کوردییەوە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم) لە لایەن مارف خەزنەدارەوە، کە وەکو کتێبیش لە ژێر ناونیشانی (چەمکێک لە مێژووی ئەدەبی هاوچەرخی کوردی) لە ساڵی بڵاوی کردووە 1967. هەروەها “مێژووی گەشە کردنی چیرۆکی هونەریی هاوچەرخی کورد لە عێراق لە ساڵانی 1925-1960” لە لایەن جەمشید حەیدەری (1977). ز.ن.فۆرۆژیکیناش سەرپەرشتی تێزی دکتۆرای ئەنوەر قادر محەمەد (جاف) ی کرد لە ژێر ناونیشانی”لیریکی شاعیری کوردی سەدەی نۆزدەهەم بەدیالێکتی گۆرانی مەولەوی”، کە لە ساڵی 1986، بەرگری لێکرا.
لەتەک لێکۆلینەوە لە مێژووی نووسراودا، گروپی زانایانی کوردۆلۆجیا دەستیان کرد بەکۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەو لێکدانەوەی فۆلکلۆری کوردی بەتایبەتی لە دیالێکتی کرمانجی ژووروو. لە نێو بەرهەمە سەرەتاییەکانی ئەم بوارەدا کۆکردنەوەو بڵاوکردنەوەی دەقە فۆلکلۆرییەکان بوو، وەکو گۆرانییە سەر بە ژانرە جیاوازەکان، ئەفسانەکان، چیرۆکە خەیاڵییەکان، پەندی پێشینان و مەتەڵۆک و نوکتە. ئەم شتانە هەمووی لە لایەن کارمەندانەوە کۆکراونەتەوە لە کاتی گەشتە زانستییەکاندا بۆ ئەو ناوچانەی کوردی یەکێتی سۆڤیەتی جارانی لێ دەژیان. ئۆربیللی، قەناتێ‌ کوردۆ و ڕودێنکۆ یەکەمین هەنگاویان لەم بوارەدا هەڵهێنا. بەتایبەتی ئەو کەرەستانە گرنگن کە ئۆربێللی لەکاتی خۆیدا لە ناوچەی مۆکس لە تورکیا کۆی کردبوونەوە و ئێستا لە توانای ئێمەدا نیە ئەو کارە بکەین، ئەوەش لەکاتی گەشتەکەیدا بۆ ئەوێ لە ساڵانی 1911-1914. لە سەر ئەو بنەمایە ئۆربیللی فەرهەنگی کوردی – ڕووسی دانا. کە دوای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر لەساڵی 2002 بۆ یەکەمین جار لە یەریڤان چاپ کرا. فەرهەنگەکە لە لایەن تسوکەرمان و موسائیلیانەوە ئامادەکرا بۆچاپ، موسائیلیان کتێبی “گۆرانییە میللییە کوردییەکان” یشی ئامادە کرد بۆ چاپ و لە ساڵی 1986 لە سەر بنەمای دەستنووسە کۆکراوەکانی ئەلیکسەندەر ژابا، کە لە کتێبخانەی نشتیمانی لێنینگراد پارێزرابوون، بڵاوکردەوە.
کەرەستە فۆلکلۆرییە کۆکراوەکانی ڕودێنکۆ بەتایبەتی گرنگ و مایەی بایەخن بەر لە هەمووشیان گۆرانی لاواندنەوە، کە لە ئۆکتۆبەری 1972 لە ئەرمەنستان،گورجستان وئازەربایجان کۆی کردنەوە و لە دوای مردنی بڵاوکرانەوە، لەگەڵ وەرگێڕاناندا بۆ زمانی ڕووسی و بە لێکۆڵینەوەیەکەوە لە چوارچێوەی کتێبێکدا بە ناونیشانی “شیعری ڕیتوێڵی کوردی-خوێندنی سەرقەبران) لە 1982.
ئۆردیخان جەلیلۆف (ئۆردیخانێ جەلیلی) شارەزاییەکی فۆلکلۆری دیارە. ئەو خۆی بە داستانە مێژووییە کوردییەکانەوە خەریک دەکرد و لە سەر ئاستی ئەکادیمی لەو بوارەدا خاوەن پێگە و ناوبانگە. بە تایبەتی ئەو کەرەستانەی بەخۆی کۆی کردۆنەتەوە، بەشێکیان لە گەڵ جەلیلێ جەلیلی برایدا لە کاتی سەردانە زۆرەکانیدا بۆ کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران لە قەوقاز و ناوەڕاستی ئاسیا. لێکۆڵینەوە دوور و درێژەکانی لەم بوارەدا ئەنجامەکەن بەرهەمێک بوو بە ناوی”گۆرانییە مێژوییە کوردییەکان” کە لەساڵی2003 بڵاو کرایەوە. چاپی ساڵی 2004 کتێبەکەی زارێ‌ یوسوپۆڤا “دەقە فۆلکۆرییەکانی کوردانی باشوور” هەندێ‌ دەقی زارەکی کوردانی عێراق دەگرێتە خۆ لە گەڵ وەرگێڕانیاندا بۆ سەر زمانی ڕووسی.
ئامانجی سێیەمی توێژینەوەکانی گروپی کوردۆلۆجیا لە سان پێتەرسبۆرگ لە بواری مێژوو و مێژوونووسیدا بوو. بە هۆی زانیاری کەمەوە لە بارەی سەرچاوە مێژووییەکانەوە لە بارەی سەدەکانی ناوەڕاست و کۆنەوە، توێژینەوەی مێژوو زیاتر چڕ بووەوە لەسەر کێشە هاوچەرخەکان و سەردەمی نوێی مێژووی کورد. تەنها مێژووزانی گروپی کوردناسان ئی.ئی.ڤاسیلێیڤا بوو، ئەویش گرنگییەکی زۆری دا بە پەیدۆزی، وەرگێڕان و توێژینەوە لە چەند دەقێکی مێژوویی سەدەکانی ناوەڕاست و سەردەمی نوێ‌. ئەو یەکەمین وەگێڕانی شەڕەفنامەی لە فارسییەوە بۆ ڕووسی ئەنجامدا. ئەو سەرچاوە مێژووییە گرنگەی سەدەی شازدەهەم، کە لە لایەن شەڕەفخانی بدلیسییەوە نووسراوە، تەنها سەرچاوەی مێژووییە لە بواری خۆیدا. دواتر ڤاسیلێیڤا لەسەر کڕونیکەکانی (تۆمارە مێژووییەکانی)ئەردەڵان لە کوردستانی ئێران کاری کرد، کە لە لایەن مێژوونووسانی کوردەوە لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا نووسراون.
چاپکردنی تاقە دەستنووسی پارێزراو لە کتێبخانەی نیشتمانی وەرگێڕانی شەڕەفنامەی شەڕفخانی بدلیسی بوو بۆ کوردی (کرمانجی) لە لایەن مەلا مەحموودی بایەزیدییەوە. ئەم کارە دەستکەوتێکی مەزن بوو لە بواری لێکۆڵینەوەی سەرچاوە مێژووییەکاندا. ئەو دەستنووسە لە ساڵی1986 لە لایەن کوردۆ و مۆسائیلیانەوە لە ژێر ناونیشانی “مێژووی کۆنی کوردستان” بڵاوکرایەوە.
مێژووی نوێی کوردستان لە چەند تێزێکی دکتۆرادا توێژینەوەی لەسەر کرا و زیاتر تەرخان کرا بوون بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردان لە سەدەکانی نۆزدەهەم و بیستەم، وەکو ئەوانەی سەید عەزیز شەمزینی، جەلیلێ‌ جەلیل و کاوس قەفتان.
ئیتنۆ- کولتور و ئیتنۆ- سۆسیال یەکێ‌ لەو بوارانە بوون کە هەندێ‌ نووسین و بڵاوکراوەیان بۆ تەرخان کرا وەکو ” کوردەکان” لە لایەن قەناتێ‌ کوردۆ وە کە هەوڵی ڕوونکردنەوەی لایەنی ماددی و رۆحی کولتووری کوردی دا. هەروەها هەندێ‌ پرسی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی (1975)، و مەلا مەحموودی بایەزیدی (خو و نەریتی کوردان) کە ڕودێنکۆ لە ساڵی 1963 ڕێکیخست و بڵاوی کردەوە. هەروەها تێزی دکتۆرای ئە.مەمەد نەزارۆف (بەسەرپەرشتی قەناتێ‌ کوردۆ) ” لێکۆڵینەوەیەکی ئیتنۆگرافی مێژوویی کوردانی تورکمانستان” لە ساڵی1964.
پڕۆژەی دوور و درێژی ڤاسیلێیڤا و موسائیلیان بە دەستپێشخەری قەناتێ‌ کوردۆ لە بارەی پڕۆسەی ئیتنۆ-مێژووییەوە، بەرهەمەکەی دەستنووسێکە کە زیاتر لە 900 لاپەڕەیە و ئامادەیە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. یەکێک لە ئامانجەکانی گروپەکە ئامادەکردن و بڵاکردنەوەی بیبلیۆگرافیایەک بوو لە بارەی کوردناسیەەوە. ئەمە ئەرکی موسائیلیان بوو و بە چاکی تەواوی کرد و لە دوو بەرگدا لە ساڵی 1996 بڵاوی کردەوە. ئەمە دەوڵەمەندترین لیستی ئەو نووسراوانەیە کە لە بارەی کورد و هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگەی کوردییەوە نووسراون و سەردەمێک دەگرێتە خۆ کە سەدەی شازدەهەم تاوەکو ساڵی1985 دەگرێتەوە.
لە ساڵی 2005دا بونیادی ئینستیتوتەکە سەر لە نوێ‌ ڕێکخرایەوە. گروپی کوردناسی خرایە سەر بەشی ڕۆژهەڵاتی نزیک لە لایەن (ئۆ.ف.ئاکیمۆشکین) بەرێوە دەبرێ‌. لەم کاتەدا واتە لە ساڵی (2005) چەند کوردناسێک لەم بەشەدا کار دەکەن ئەوانیش ئێلینا ڤاسیلێیڤا، ژاکە موسائیلیان، سافۆنەڤا و زارێ‌ یوسوپۆڤایە.
ئەم وتارە لە لایەن زارێ‌ یوسوپۆڤاوە بە ڕووسی نووسراوە و
لە لایەن: زۆرینەوە کراوە بە ئینگلیزی و ویکهام – سمیت پێیداچووەتەوە.
دوا تازەکردنەوەی ئەم وتارە لە 6/11/2008دا بووە.

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …