Home / بەشی مێژووی كورد / خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی “بە دەم رێگاوە گوڵچنین”

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی “بە دەم رێگاوە گوڵچنین”

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی “بە دەم رێگاوە گوڵچنین”

%d9%a4%d9%a3-%d9%a3%d9%a0-%d9%a1%d9%a4-%d9%a2%d9%a2-%d9%a1%d9%a1-%d9%a2%d9%a0%d9%a1%d9%a6-1469108268

عەبدولخالق یەعقوبی-

لە گرێی خێڵەوە بۆ گۆڕانی نیشتمان
خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی “بە دەم رێگاوە گوڵچنین، چەند بابەتێکی کۆمەڵناسی”

جیهانی کۆن خەریکی گیاندانە و جیهانی نوێ خەبات دەکات بۆ ئەوەی بێتە نێو گۆڕەپانەوە: ئەم چرکەساتە چرکەساتی دێو و دەعباکانە.
ئانتۆنیۆ گرامشی

وەک لە پێشەکیدا “نەوشیروان مستەفا ئەمین” ئاماژەی پێدەدات، کتێبی “بە دەم رێگاوە گوڵچنین، چەند بابەتێکی کۆمەڵناسی” (لەمەبەدواوە “گوڵچنین”) بۆ وەڵامدانەوەی ناراستەوخۆ بەڵام وردی ئەم پرسیارانە نوسراوە:
“بۆچی هەتا ئێستاش ئەم گرێیە: گرێی خێڵ، گوند، ناوچە، لە دەرونی مرۆڤی کوردا ئەوەندە کاریگەرە، ئەوەندە جێگەی شانازییە خۆی پێوە هەڵ بکێشێ؟
بۆچی ئەوەندەی ئینتیما بۆ گوندەکەی، شارەکەی، ناوچەکەی ئەی وروژێنێ، ئەوەندە ئینتیما بۆ نیشتمانەکەی – کوردستان نای خرۆشێنێ و، ئەوەندە ئینتیما بۆ تیرەکەی، هۆزەکەی، خێڵەکەی ئەی جولێنێ ئەوەندە ئینتیما بۆ نەتەوەکەی – کورد ناوی بزوێنێ؟
بۆچی حیزبەکان مەکتەبی کۆمەڵایەتی یان دامەزراندوە بۆ بەلاداخستنی کێشەی کۆمەڵایەتی ئاڵۆز و خوێناوی لە کاتێک دا دەزگای قەزایی “پیشەیی” هەیە.”
گوڵچنین، ل ١١

لە هێنانەئارای باسوخواسی زانستیی لە چەشنی کۆمەڵناسی بەر لەوەی جۆری میتۆد و ئاستی مەعریفیی تۆژەر شایانی سەرنج بن، جۆر و شێوازی ئەو پرسیارانە گرینگن کە تۆژەر لە دو توێی لێکۆڵینەوەی خۆیدا دەیخاتە بەردەست. وەک ئالڤین تافلێر، کۆمەڵناسی ئەمریکی، دەڵێت، “گەڵاڵەکردنی پرسیارێکی “دروست” باشترە لە وەڵامدانەوەی هەزار پرسیاری “هەڵە”.” بۆیە کتێبی “گوڵچنین” لە رێگای ئەم پرسیارە بە رواڵەت سادە بەڵام لە راستیدا زۆر گرینگانەوە هەوڵی داوە بەشێک لە هۆکارەکانی دواکەوتویی کۆمەڵگای کوردی زەق بکاتەوە و لێیان بتۆژێتەوە، ئەو کۆمەڵگایەی کە لە سۆنگەی خراپ تێگەیشتنی بۆ چەمکی “خێڵ” و “نیشتمان” تا ئێستاش لە لایەکەوە گرێی خێڵی نەکراوەتەوە و لە لایەکی ترەوەبە ئاستێکی زۆر نزمی ئینتیمای نەتەوەییەوە دەژیت. کە واتە، پرس و پرسیاری سەرەکیی ئەم کتێبە ئەوەیە کە بۆچی کۆمەڵگای کوردی هێشتاش نەیتوانیەوە دۆخی هزری خێڵەکی تێپەڕێنێت و پێ بنێتە نێو قۆناغی ژیانێکی مۆدێرن و شارستانییەوە؟

ئەگەرچی “گوڵچنین”کتێبێکی ئاکادمیک و پشتئەستور بە تیۆرییە دیارەکانی زانستی کۆمەڵناسی، چ کلاسیک و ج مۆدێرن،  نییە، بەڵام تێڕوانین و هەڵسوکەوتی نوسەر لە گەڵ بابەتەکە خاوەن مەنتیقێکی زانستییە؛ پرسیارە سەرەکییەکانی ئەم کتێبە (ئەوانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا) رون و مشتومڕهەڵگر و هەڵقوڵاو لە واقیعی کۆمەڵگای کوردینە، دابەشکاریی بابەتەکان بە پێی پێداویستیی مەوزوعیی کتێبەکەیە، زمانی نوسەر شەفاف و سادە و رەوانە، و لە شوێنی پێویست پشت بە کۆمەڵێک سەرچاوەی جۆراوجۆر بەستراوە. خاڵی هەرە گرینگ ئەوەیە کە “گوڵچنین” لە رێگای خوێندنەوەی مێژوی کەموزۆر هاوچەرخی کوردستان (لە دواساڵانی سەدەی نۆزدەوە تا هەنوکە)و نمونەهێنانەوە لە پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردییەوە (پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیاسی، خێڵەکی، ئاینی، و هتد) هەوڵی ئەوە دەدات کە چەشنێک گوتار چێ بکات: گوتاری تێپەڕین لە گرێی خێڵەوە بۆ گۆڕانی نێشتمان. بە وتەیەکی تر، ئەم کتێبە هەم خوێنەرەوەی مێژوی گوتاری باوی کوردستانە، هەمیش دروستکەری گوتارێکی مۆدێرنی نەتەوەییە کە دواجار هەوڵی باشترکردنی دۆخی هەنوکەی نیشتمان دەدات. لەم کورتە وتارەدا، هەوڵ دەدەم بە پشتبەستن بە دوایین بەشی “گوڵچنین”، “رایەڵەی پێوەندی رۆحی ی لە تەریقەتی نەقشبەندی دا، مەلانا خالید بە نمونە”، خوێندنەوەیەکی خێرا لە سەر شێوازی گوتارناسی و گوتارسازیی نوسەری ئەم کتێبە ئاراستەی خوێنەرەوە بکەم.

سەرەتا سوکەلەنگەرێک لە سەر چەمکی “گوتار” (discourse) بۆرونکردنەوەی مەبەستی بەرباسی ئەم خوێندنەوەیە گرینگ و پێویستە. رەگوڕیشەی چەمکی  discourseدەگەڕێتەوە بۆ سەر چاوگیdiscurrere، بە واتای هەڵاتن بە ئاراستەی جۆراوجۆر. ئەم چەمکە بە واتای دەرکەوتنی زمان لە پەیڤ یان نوسیندا بە کار دێت، بەڵام لە زانستی جوانکاریی کلاسیکدا، زمان وەک جوڵە و کردە ئاماژەی پێدەکرێت. بە وتەیەکی تر، زمان خاوەن پێکهاتەیەکی بگۆڕ و ناپایەدارە و ئەم بگۆڕیی و ناپایەدارییەش زادەی گۆڕانکارییەکانی دۆخی کۆمەڵایەتی، ئابوری، و کولتوریی کۆمەڵگایە. هەر بۆیە زاراوەی “گوتار” لە زمانی کوردیدا بۆ discourse زۆر نابەجێ نییە، ئەگەرچی پڕبەپێستیش نییە، لە سۆنگەی ئەوەی گوتە و پەیڤ کە بەشێکن لە زمان لە زاراوەکەدا ئامادەیە. گوتار، وەک جوڵە و کردەی زمان، بۆی هەیە هەم بابەتی تۆژینەوە بێت، هەمیش ئامانجی تۆژینەوە، وەک چۆن لە “گوڵچنین” بابەتی تۆژینەوەکە شیکردنەوەی گوتاری گرێی خێڵە لای تاک و کۆمەڵگای کوردی و ئامانج سڕینەوەی ئەو گوتارە باوە و هێنانەئارای گوتاری گۆڕانە لە پێناوی دروستکرنی ئینتیمایەکی بەرزی نیشتمانیدا. لە سۆنگەی ئەوەی چەمکی گوتار روی لە پرۆسە کۆمەڵایەتییەکانە و ئەم پرۆسانەش خوڵقێنەری واتان، بۆیە گوتاری جۆراوجۆر خوڵقێنەری واتای جۆراوجۆرن. لە هەمان کاتدا، گوتار بیچمدەری جیهانبینییەکان و پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانن. میشل فۆکو پێی وایە، گوتارەکان کۆمەڵێک کردەن کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک بیچم بە کۆمەڵێک بابەت دەدەن کە خۆیان قسە دەکەن… گوتارەکان لە سەر بابەتەکان نادوێن؛ ئەوان دروستکەری بابەتەکانن و لە پرۆسەی ئەم دروستکردنەدا دەستتێوەردانی خۆیان دەشارنەوە. لەم گۆشەنیگایەوە، دەتوانین بڵێین، کتێبی “گوڵچنین” جەخت دەکاتە سەر خوێندنەوەیەکی گوتاریی روداوە مێژویەکانی کۆمەڵگای کوردی و لەم رێگایەوە شێوازە جۆراوجۆر و زمانناسییەکانی دیاریکردنی ناسنامەی تاک و کۆمەڵگای کوردی لە هەناوی گوتاری خێڵ-دا دیاری و دەستنێشان دەکات. هەر بۆیە، روبەڕوبونەوەی روکەشیانە و سۆزدارانە لە گەڵ ناسنامەی کوردی لەم کتێبەدا جێگە و پێگەی نییە و خوێندنەوەی نوسەر بۆ بابەتە بەرباسەکانی خوێندنەوەیە بە ئاراستەی لێکدانەوەی گوتاری (discourse analysis)بە پشتبەستن بە تەتەڵەکردنی زمانناسانە (گەڕانەوە بۆ پەند، و قسەی نەستەق، و پەندی پێشینیانی کوردی) و شیکردنەوەی مێژوگەرایانە (گەڕانەوە بۆ روداوەکانی مێژوی هاوچەرخی کوردستان).

وێدەچێت بنەمای تێگەیشتنی نوسەری “گوڵچنین” بۆ پشتبەستن بە شیکردنەوەی بەشێک لە مێژوی کورد و ئاوڕدانەوەی بەردەوامی بۆ پێدراوەکانی زمانی کوردی (لە دوتوێی پەند و قسەی نەستەقدا)لە سەر ئەو بیرۆکەیە دامەزرابێت کە زمان هەموکات نەک لە پانتایی مێژو بەڵکو لە پانتایی گوتاردا بە کار دێت. ئەم بیرۆکەیە بە واتای ئەوە دێت کە بکەری زمان هەموکات لە قەڵەمڕەوی گوتاردا بە سەر دەبات و گەڕانەوەشی بۆ مێژو لە بازنەی گوتار و شرۆڤەکانی خۆیدا قەتیس دەمێنێت. کە واتە، زاڵبونی گوتاری بکەری زمان بە سەر هەرێمی مێژودا تایبەتمەندییەکی گوتاری بە مێژو دەدات. بۆیە، مێژو خاوەنی جەوهەر و سریشتێکی دیاریکراو و نەگۆڕ نییە کە قابیلی دۆزینەوە بێت، بەڵکو مێژو رەنگ و رواڵەتی ئەو گوتارە وەخۆ دەگرێت کە راڤەکاری مێژو هەڵی دەگرێت. لە بەر ئەمەیە کە وێدەچێت نوسەری “گوڵچنین” لە دو لایەنەوە کەڵک لە مێژوی ئەم سەد، دوسەد ساڵەی دوایی کورد بۆ ئامانجی کتێبەکەی وەردەگرێت: یەکەم، ئەو روداوانە لە مێژوی کۆمەڵگای کوردی هەڵدەبژێرێت کە پاساودەری هەڵسوکەوتەکانی هەنوکەی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایە بێت (“بۆچی هەتا ئێستاش ئەم گرێیە: گرێی خێڵ، گوند، ناوچە، لە دەرونی مرۆڤی کوردا ئەوەندە کاریگەرە، ئەوەندە جێگەی شانازییە خۆی پێوە هەڵ بکێشێ؟”). بۆ نمونە، بەشێکی بەرچاوی “گوڵچنین” (نیزیکەی ١٠٠ لاپەڕە) بۆ شیکردنەوەی کەسایەتی و ژیانی مەولانا خالید نەقشبەندی تەرخان کراوە، کە ئەمە خۆی سەلمێنەری ئەوەیە نوسەر رەفتاری هەنوکەی زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی رەچاو کردوە، کە تائێستاش لە سەر باوەڕی ئاینی دامەزراوە.

دوهەم، نوسەر روداوە مێژوییە هەڵبژێردراوەکانی کتێبەکەی بە شێوەیەک، ئەگەرچی خێرا و ناڕاستەوخۆ،  شرۆڤە دەکاتکە دواجار لە خزمەتی سڕینەوەی گوتاری “باو و ناکارا”ی خێڵسالاری و هێنانەئارای گوتاری “مۆدێرن و بەکار”ی نەتەوەخوازیدا بێت (“بۆچی حیزبەکان مەکتەبی کۆمەڵایەتی یان دامەزراندوە بۆ بەلاداخستنی کێشەی کۆمەڵایەتی ئاڵۆز و خوێناوی لە کاتێک دا دەزگای قەزایی “پیشەیی” هەیە؟”). بۆ وێنە، هەر لە بابەت ژیان و کەسایەتیی مەولانا خالید نەقشبەندی،کاتێک نوسەر دەخوازێت باس لە ئامانج و ویستی مەولانا بکات پرسیارێک دەهێنێتە ئاراوە کە هەڵقوڵاوی گوتاری خۆیەتی بۆ گومانکردن لەو دامودەزگا سیاسی و دینییانەی کە بە ناوی خێڵ و خوداوە هەوڵی رێکخستن و مۆبیلیزەکردنی کۆمەڵگا دەدەن:
” ئاخۆ ویستی ئەو، کە ئەو هەمو هەوڵەی بۆ داوە و بەرگەی ئەو هەمو گوشارەی گرتوە، هەر تەنیا پێڕەوی کیتاب و سوننەتی رەسول بوە، یان لە ژێر چەتری ئیسلامەتیەکی پاک دا ئامانجێکی گەورەتری هەبوە، بەڵام بە هۆی مەرگی ناوەختەوە بە رانەگەیەنراوی بردویەتیە ژێر گڵ؟” (گوڵچنین، ل ٢٥٠).

نوسەر دوای شرۆڤەکردنێکی کورت و خێرا لە سەر خەلیفەکانی تەریقەتی مەولانا لە پاش مەرگی، بەو ئەنجامە دەگات کە:
“شێخایەتی تەریقەت لە کوردستان دا بۆتە یەکێ لە شێوەکانی دامەزراندنی سیستەمی دەرەبەگایەتی…
شێخانی تەریقەت، ناوبانگیان پەیدا کردوە، نفوزی دینی یان زیاد و، دەسەڵاتی دنیایی یان پەیدا کردوە. بونەتە خاوەن زەوی و ران و رەوە. سوڵتانەکانی عوسمانی بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆیان، بە تایبەتی دوای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی میرایەتیە کوردەکان، لە کوردستان یارمەتی بەهێزبونی دەسەڵاتی ئەوانیان داوە. وەقف یان بۆ تەرخان کردون، موچەیان بۆ بڕیونەتەوە، خانەقا و تەکێ یان بۆ دامەزراندون. کاربەدەستانی حکومەتی رێزیان لی گرتون. بەمانەش پایەی کۆمەڵایەتی یان بەهێز بوە. لە خێزانی بچوک و نەناسراوەوە بون بە بنەماڵەی فراوان و دەسەڵاتدار”. (گوڵچنین، ل ٢٥١)

لێرەدا نوسەر مێژوی ژیان و کەسایەتیی مەولانا خالید لە بێژینگی لێکدانەوەی گوتاریی خۆی دەدات و بەو ئەنجامە دەگات کە تەریقەتەکەی مەولانا خالید، لە رێگای خەلیفەکانییەوە،  دواجار دەبێتە یەک لە شێوازەکانی سیستەمی دەرەبەگایەتی  و لە خزمەتی دەسەڵاتێکی داگیرکەری لە چەشنی دەسەڵاتی عوسمانیدا دەمینێتەوە. تایبەتمەندیی ئەم خوێندنەوەیەی نوسەری “گوڵچنین” لە لایەکەوە ئەوەیە کە ناخوازێت مێژو لە دۆخێکی دابڕاو لە زەینی رەخنەکارانەی خۆی بخوێنێتەوە (واتە، مێژو لە نێو زەینی خوێنەری مێژودا بونی هەیە، نەک لە دەرەوەی)، و لە لایەکی تریشەوە ئەم خوێندنەوەیە لە خزمەت گوتارێکی مۆدێڕنی لە چەشنی گوتاری سەروەریی نەتەوەیی دایە (واتە، گوتارێک کە پەیوەندیی بە بواری گشتیی {public sphere}  ژیانی مرۆڤی کوردەوە هەیە لە چەشنی ئازدی و دیموکراسی و چارەنوسی نەتەوەیی).

خاڵێکی تری شایستەی ئاوڕلێدانەوە لەم کتێبەدا کەڵکوەرگرتنی نوسەر لە دەقی ئەدەبیاتی زارەکیی کوردییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی سەرنج و تێبینییەکانی خۆی لە مەڕ کۆمەڵگای کوردی، ئەو شتەی کە پێشتر وەک تەتەڵەکردنی زمانناسانە بە مەبەستی لێکدانەوەی گوتاری ئاماژەم پێدا. نوسەری “گوڵچنین”  ئەدەبیاتی فۆلکلۆریک، شیعری کلاسیکی کوردی، و پەند و قسەی نەستەق بۆ دو مەبەست بە کار هێناوە. یەکەم، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو کۆمەڵە زاراوەیەی کە لە بواری کۆمەڵناسیدا بۆ بابەتگەلی کتێبەکەی بە پێویستی زانیون. بۆ نمونە، لە بەشی “وشەوانی”ی “گوڵچنین”دا (ل ١٣-١٥) بۆ هەر زاراوەیەک کە واتا و ناوەرۆکەکەی لێکداوەتەوە پشتی بە هەندێک دەقی ئەدەبیاتی زارەکی یان نوسراو بەستوە. “نەوشیروان مستەفا ئەمین”، بە پێچەوانەی زۆربەی نوسەرانی ئاکادیمیکی ئەم بوارە، بۆ ساغکردنەوە و داڕشتنی زاراوە تایبەتەکانی کۆمەڵناسی هەوڵی نەداوەلە زمانی بیانییەوە بگەڕێتەوە سەر زمانی کوردی، بەڵکو پێشینە و مێژینەی زمانی کوردی دەکات بە بەردی بناغە و لە دەقەکانی ئەدەب و فۆلکلۆری کوردیدا بە دوای رەگوڕیشەی ئەم زاراوانەدا دەگەڕێت. بۆ وێنە، نوسەر بۆ لێکدانەوەی ناوەرۆکی زاراوەی “خێڵ” سەرەتا ئاماژە بە ریشە و واتای سەرەکییەکەی دەکات کە “ئێل’ە، وشەیەکی تورکی مەغۆلی بە واتای: گەل، کۆمەڵێ خەڵک، گوێڕایەڵیی کەسێ بۆ گەورەکەی (گوڵچنین، ڵ ١٣). تۆژەر پاشان ئاماژە بە ئەو دەستەواژانە دەکات کە لە زمانی کوردیدا لەم زاراوەیەوە کەوتونەتەوە، دەستەواژەی لە چەشنی: ئێلی، ئێلخان، ئێلچی، ئێلجاڕی، ئێلات، ئێلاخ. ئینجا نوسەر دێتە سەر باسی زاراوەی “خێڵ” و بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک دەقی ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی (هەی دەلیلەی رەم هەردە و هەڵەت گێڵ/ هەر سەرداری پۆل تەتارانی خێڵ {وەلی دێوانە}) ئەو خاڵە پشتڕاست دەکاتەوە کە “خێڵ” هەمان وشەی “ئێل”ە و تەنیا لە سەر زمان گۆکردنی گۆڕاوە. دواجار و پاش ئاماژەدان بە چەند دەستەواژەی پەیوەندیدار بە “خێڵ”، وەکو خێڵی حەمە، بانی خێڵان، کانی خێڵ، سەرخێڵ، و هتد  نوسەر بۆ خوێنەرەوەی رون دەکاتەوە کە لە بابەتەکانی کتێبەکەیدا خێڵی لە بری عەشیرەتی عەرەبی و “tribe”ی ئینگلیزی بە کار هێناوە (گوڵچنین، ڵ ١٤).

مەبەستی دوهەمی نوسەر لە پشتبەستنی بە ئەدەبیاتی زارەکیی و کلاسیکی کوردی لە “گوڵچنین”دا لەم بیرۆکەیەوە ئاو دەخواتەوە کە زمان دەرەتانێکە بۆ دەربڕین و خویاکردنی جیهانی واقیع. لەم تێڕوانینەدا بۆ زمان، جیهان لە رێگای زمانەوە دەکەوێتە بەردەستی ئێمە؛ زمان ئاوێنەیەکە کە روخساری کۆمەڵگای تێدا دەبینرێت؛ زمان دەلاقەیەکە بەرەو جیهانی دیاردەکان. بە وتەیەکی وردتر، لەم دیدگایەدا، زمان، وەک سیستەمێکی گەیاندنی واتا، نیشاندەری ئەو گوتارانەیە کە ئاخێوەرانی زمان هەڵگری هەن و/یان کاری پێدەکەن. لەو سۆنگەیەوە کە “گوڵچنین” تۆژینەوەیە لە گۆڕەپانی کردەی گوتاری باڵادەستیی خێڵ لە پەیوەندی دەگەڵ واقیع و عەینییەتی کۆمەڵگای کوردی، زمان وەک بەشێک لەم واقیع و عەینییەتە کەڵکی لێ وەردەگیرێت و دەبێتە بەڵگەی سەلمێنەری باڵادەستیی گوتاری خێڵ لە کۆمەڵگای کوردی و لە لای تاکی کورد. “گوڵچنین” سەرنجی ئێمە بۆ ئەو پانتاییە کاتەکی و شوێنەکییانە (واتە مێژو) رادەکێشێت کە تێیاندا باڵادەستیی گوتاری خێڵ بیچم دەگرێت، پانتاییەک کە تێێدا هەڵگر و خودانی ئەو گوتارە، واتە تاک و کۆمەڵگای کوردی، لە رێگای سیستەمی زمانەوە (قسەی نەستەق و پەند و گوتەی پێشینیان) لە لایەکەوە تەعبیر لە بون و بەهای خۆی دەکات و لە لایەکی تریشەوە شێوازی بون و بەهای خۆی دیاری دەکات. ئەگەر هزر خۆی بەرهەمێکی گوتاری بێت، وەک چۆن فۆکو پێی وابو، زمان کە دەربڕ و پێکهێنەری هزرە بەشێکە لەو بارودۆخە مێژوییەی کە پێناسەکەری کۆمەڵگا و تاکە. لەم گۆشەنیگایەوە، دەتوانین بڵێین تێڕوانینی “گوڵچنین”، بۆ وێنە، بۆ مەولانا خالیدی نەقشبەندی تێڕوانینێکی گوتاری-زمانییە؛ هزر و کەسایەتیی مەولانا بە پشتبەستن بە نامە و نوسراوە و شیعرەکانی، لەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کە تێیدا ژیاوە و کاری تەریقەتداریی کردوە لێکدەدرێتەوە. بە وتەیەکی تر، لەم تێڕوانینەدا، مەولانا خالید تەنیا نوێنەری پەیامێکی زەینی-ئایدیالیستیی روت و رەها نییە، بەڵکو ئاراستەکراو و ئاراستەکەری دۆخێکی عەینی-ماتریالیستیشە، و بەم چەشنە “گوڵچنین” ئەو میتۆد و مۆدێلەی کە پێی وایە هزر دیاردەیەکی زەینیی سەر بە بواری ترانسدێنتاڵی (پێگەباڵا)بەهاکانە رەت دەکاتەوە.

بۆ ئەوەی تێبینییەکانی سەرەوە پتر بۆ خوێنەرەوەی ئەم خوێندنەوەیە رون بێتەوە، باسی نمونەیەک لە نامەکانی مەولانا خالید دەکەین و تێیدا گرینگیی گوتار-زمانی مەولانا شی دەکەینەوە:
“لە نامەیەک دا کە بۆ هەمو کاربەدەستانی خانەقای سلێمانی بە کۆمەڵ: مەلا عەبدوڵای هەرەوی، مەلا عەبدوڕەحمان، دو عەبدولقادر و دو ئەحمەدی، نوسیوە، گلەیی لە بێسەروبەری کاروباری خانەقا کردوە و سەرلەنوێ ئیشوکاری بە سەردا دابەش کردون. پلەکانی ریزبەندی کردون و، هەمان پرنسیپی گوێڕایەڵی بێ چەندوچۆنی مورید بۆ شێخەکەی دوبارە کردۆتەوە، کە “ومن قال لشیخە: لم؟ لا یفلح ابدا”، واتە هەر کەس بە شێخەکەی بڵێ: بۆچی؟ هەرگیز سەرکەوتو نابێ! هەڕەشەی لێ کردون کە ئەگەر رێنماییەکانی جێبەجێ نەکەن، لە نێوان ئەو و ئەوان دا “فیراقی ئەبەدی” رو ئەدات.” (نامە:١٤٨)
گوڵچنین، ل ٢٤٤

لە شیکردنەوەی بۆ ناوەرۆکی ئەم نامەیە، نوسەر ئاماژە بە “پرنسیپی گوێڕایەڵی بێ چەندوچۆنی مورید بۆ شێخەکەی” دەدات کە رەنگدانەوەی لێکدانەوەی گوتاریی ئەوە بۆ رستەی “ومن قال لشیخە: لم؟ لا یفلح ابدا”. وەکو فۆکو پێی وابو، گوتارەکان تەنیا بریتی نین لە کتێب و دەق و وتارەکان، بەڵکو هەر وەتر مۆدێلی کردار و هەڵسوکەوتیش هەن. هەر بۆیە رستەی “ومن قال لشیخە: لم؟ لا یفلح ابدا” ئەوەندەی دەربڕی پەیوەندییەکی رۆحی ومانەویی نێوان مورید و مورادە، ئەوەندەش چوارچێوەی مۆدێلێکە بۆ شێوازی رەفتاری رێبواری رێبازی تەریقەت کە لە “پرنسیپی گوێڕایەڵیی بێ چەند و چۆنی مورید بۆ شێخەکەی”دا رەنگ دەداتەوە.

فۆکو هەروەتر پێی وایە گوتار دەشێت لە پەیوەندیی دەگەڵ دەسەڵاتدا پێناسە بکرێت. بە وتەیەکی تر، گوتار لای فۆکو دەربڕینی ئایدیالیستانەی بۆچون و بیرۆکەکان نییە، بەڵکو لە بازنەیەکی بە تەواوی ماتریالیستیدا، بەشێکە لە پێکهاتەی دەسەڵات لە نێو کۆمەڵگادا. لەم سۆنگەیەوە، ئەگەر لە بۆچونی نوسەری “گوڵچنین” بۆ خوێندنەوەی بەشێک لەم نامەیەی مەولانا خالید بڕوانین، دەبینین لە دیدی ئەوەوە ئەو گوتارەی کە مەولانا لە دەقەکانیدا هەڵگرێتی ئاشکراکەری گەمەی دەسەڵاتێکە کە ئەو خواستویەتی بە ناوی “رزگاری” (لا یفلح) لە سەر پەیڕەوکارانیدا دایبەزێنێت. “سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی ئیشوکار” و “ریزبەندیکردنی پلەکان” و تەنانەت “هەڕەشە کردن” لە کاربەدەستانی خانەقا لەم خوێندنەوە گوتارییەی نوسەردا بەشێکە لە رێکخستنەوەی سیستەمی دەسەڵاتدارییی مەلانا خالید وەکو رێبەری تەریقەتی نەقشبەندی. کە واتە، لە دیدی نوسەی “گوڵچنین”وە، دەقەکانی مەلانا خالید ئەوەندەی دەبڕی ئایدیالۆژیی تەریقەتی نەقشبەندییە، ئەوەندەش کردەی هێزێکە کە هەڵسوڕاوانە ژیانی موریدەکانی تەریقەت رێکدەخات و بیچم و واتای پێدەبەخشێت. ئەوەی لای نوسەر لێرەدا گرینگیی فراوانی هەیە راڤە و شیکردنەوەی ئەم نوسراو و نامانە وەکو دەقی هەڵگری واتا نییە، بەڵکو وەکو دەقی پشتئەستور بە گوتارێکە کە ئامانجە سەرەکییەکەی پتەوکردنی پێگەی دەسەڵاتی دینی و دنیایی خۆیەتی. لێرەدایە کە، فۆکو گوتەنی، زانست و دەسەڵات لە هەناوی گوتاردا یەکدەگرن و دەبنە هۆی ئەوەی پێگەی خاوەن گوتار لە سیستەمی سیاسی، ئابوری، کۆمەلایەتی، و کولتوری بەهێز بکەن.ئەم نمونەیەش دیسان تایبەتمەندیی راڤەکارانەی “گوڵچنین” ئاشکرا دەکات کە لە سەر بنەمای لێکدانەوەی گوتاری بۆ روداوەکانی مێژوی کوردستان بە پشتبەستن بە تەتەڵەکردنی زمانی دامەزراوە. نوسەری “گوڵچنین” گوتارەکان لە پێناوی واتای ئەواندا شی ناکاتەوە، بەڵکو بە مەبەستی تێگەیشتن لەو بارودۆخە کە تێیدا بیچمیان گرتوە و هەروەها ئەو گۆڕانکارییانەی کە دەیهێننە ئاراوە تاوتوێیان دەکات. هەر بۆیەنوسەر لە خوێندنەوەی ئەو گوتارە ئاینییەی کە مەلانا خالید هەڵگری بوە بەو ئەنجامە دەگات کە:

“تەریقەتی نەقشبەندی بۆتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری، سیاسی، کاریگەر. تەنیا هێزی مەعنەوی رۆحی نەبوە، بەڵکو لە هەمان کات دا بۆتە هێزێکی مرۆیی “حساب” بۆ کراو. ئاخۆ ئەم بزوتنەوەیە، هیچ بەرنامەیەکی چاکسازی کۆمەڵایەتی هەبوە، یان لە هیچ جێگایەکی پرۆسەی چاکسازیی دینیی دا کە کەسانی وەکو عەبدوڕەحمانی کەواکیبی، جەمالەدینی ئەفغانی، محەمەد عەبدە.. ساڵانی دواتر ئاڵاهەڵگری بون، شوێنی ئەبێتەوە؟”
گوڵچنین، ل ٢٢١

ئەگەرچی نوسەر وەڵامی ئەم پرسیارە راستەوخۆ ناداتەوە و پێی وایە لەم بوارەدا لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە، بەڵام گرێدانەوەی ئامانجی تەریقەتی نەقشبەندی بە هەبون یان نەبونی بەرنامەیەکی چاکسازی کۆمەڵایەتی خۆی دەلالەت لەوە دەکات کە، بە باوەڕی نوسەری “گوڵچنین”، هەر رێکخراوێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری، یان دینی لە کۆمەڵگای کوردی ئەگەر لە ناخی خۆیدا هەڵگری پرۆژەی چاکسازی لە پێناوی بەرژەوەندیی کۆمەڵگادا نەبێت، ئەوە نابێتە بزوتنەوەیەک لە پێناوی گۆڕانی گوتاری خێڵ بۆ گوتاری نیشتمان.کورت و کرمانجی، نەوشیروان مستەفا ئەمین لە کتێبی “گوڵچنین”دا هەوڵی داوە لە رێگای شیکردنەوەی گوتاری خێڵ و گەڕان بە دوای هۆکارەکانی مەیل و مەراقی تاک و کۆمەڵگای کوردی بۆ گوتارێکی ئەوتۆ ناڕاستەوخۆ گرینگی و پێداویستیی گوتارێکی مۆدیرنی لە چەشنی ئینتیمای نەتەوەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە بهێنێتە ئاراوە. گوتاری خێڵ لە کۆمەلگای کوردیدا گرێیەکە تەنیا لە رێگای گۆڕانی بنچینەیی لە پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەکرێتەوە؛ ئەوە ئەم گۆڕانەیە کە دواجار هەڵگری گوتاری نیشتیمانییە و لە پێناوی سەرەوریی نیشتیماندایە.

سەرچاوەکان:

1-    Dreyfus, Herbert and Rabinow, Paul. Michel Foucault: beyond Structuralism and Hermeneutics, Second Edition. University of Chicago Press, 1983.

2-    Smart, Barry. Michel Foucault. New York: Tavistock Publications, 1985.

٣- احمدی، بابک. “دانش و اقتدار”، مدرنیتە و اندیشە انتقادی. تهران: نشر مرکز، ١٣٧٣.

٤- عضدانلو، حمید. گفتمان و جامعە. تهران: نشر نی، ١٣٩١.

٥-‌ضیمران، محمد. میشل فوکو: دانش و قدرت. تهران: انتشارات هرمس، ١٣٧٨.

٦- نەوشیروان مستەفا ئەمین،. بە دەم رێگاوە گوڵچنین، چەند بابەتێکی کۆمەڵناسی. بەیروت: الدار العربیە للعلوم- ناشرون، ٢٠١٥.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

FB_IMG_1495617038172

هاودیان لە سەرچاوە مێژووییەكاندا…

هاودیان لە سەرچاوە مێژووییەكاندا… فازل هاودیانی رەگ‌و ریشەی ناوی (هاودیان)، لێكدانەوەو بیروڕای جیاواز لەخۆ دەگرێت، …