Home / مێژووی ئیسلام / خیلافەتی حەسەنی كوڕی عەلی(٤٠-٤١) كۆچی

خیلافەتی حەسەنی كوڕی عەلی(٤٠-٤١) كۆچی

خیلافەتی حەسەنی كوڕی عەلی(٤٠-٤١) كۆچی
نووسینی: پڕۆفیسۆر دكتۆر عبدالشافی محمد عبداللطیف

وەرگێرانی: نهاد جلال حبیب الله
كاتێك ئەمیری باوەڕداران عەلی كوری ئەبوو تالیب لێیدرا و برایەوە بۆ ماڵی خۆی و خەڵكی دڵنیابوون دەیكوژێت و هیچ هیوایەكی مانەوەی ژیانی نەماوە، جوندوبی كوڕی عەبدوڵڵا چوویە لای و پێی وت:(ئەی ئەمیری باوەڕداران ئەگەر تۆمان لەدەستدا بەیعەت

بدەینە حەسەن، ئەویش وتی: نە فەرمانتان پێ دەكەم و نە ڕێگریشتان لێ دەكەم، خۆتان باشتر دەزانن) ، ئەمە گەورەترین بەڵگەیە بۆ پوچەڵكردنەوەی بانگەشەكانی شیعە كە دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)وەسیەتی خیلافەتی بۆ عەلی كردوە و عەلیش وەسیەتی خیلافەتی بۆ كوڕەكانی كردووە لە دوای خۆی، ئەگەر ئەو بەرپرسیارە ڕاست بوایە هەر پرسیاری وای لێنەدەكرا، هەروەك عەلیش خۆی لەدوای كوژرانی عوسمان بە نا بەدڵی و لە ژێر فشار و داوای زۆری هاوەڵاندا خیلافەتی قبوڵ كرد، ئەگەر وابوایە چاوەڕوانی نەدەكرد تا كەسێك پێشنیاری بۆ بكات، بەڵكووو دەبوو یەكسەر قبوڵی بكات.

هەرچۆنێك بێت عەلی خیلافەتی بۆ موسڵمانان بەجێهێشت و پێی وتن(خۆتان باشتر دەزانن) كاتێك گیانی سپارد، پشتیوانەكانی بەیعەتیان دا بە حەسەنی كوڕی، وەك تەبەری دەیگێڕێتەوە یەكەم كەس بەیعەتی پێدا قەیسی كوڕی سەعدی كوڕی عوبادە بوو، پێی وت: دەست بكەرەوە تا لەسەر قورئان و سوننەتی پێغەمبەرەكەی و جەنگی لادەران بەیعەتت پێ بدەم، حەسەن پێی وت: بەڵكووو لەسەر قورئان و سوننەتی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، چونكە لە پشت هەموو مەرجێكەوەیە، ئەویش بەیعەتی پێدا و بێدەنگ بوو و خەڵكی دیكەش بەیعەتیان پێدا) .

كاتێك حەسەن بەیعەتی سێیەمی قەیسی قبوڵ نەكرد(كوشتاری لادەران) خەڵكی تێیگەیشتن حەسەن حەز بە جەنگی دژ بە موعاویە ناكات و هەر لە سەرەتاشەوە حەسەن حەزی بەشەڕكردن نەبوو، كاتێك باوكی ویستی بچێت بۆ بەسرە(پێش ڕووداوی جەمەل) تا بەرامبەر بە تەلحە و زوبەیر و عائیشە بوەستێتەوە، ئەو پێی وابوو باوكی نەچێت نەوەك جەنگ و خوێن ڕێژی ڕووبدات) ئەو ڕووداو و قوڕبەسەریانەی لەجەمەل و صفین و جەنگی خەواریج لە نەهرەوان ڕوویاندا حەسەنیان زیاتر لە جەنگ و كوشتار بێزارتر كرد، هەروەك پێی وابوو باوكی كە لەم بەهێزتر و دلێرترو باشتر بوو ڕووداوەكان بەسەریدا زاڵ بوون، بۆیە وای دەبینی موعاویە سەركەوتووە و لادانی خەڵكی عێراقی لە ڕووی باوكیدا بینی كە تا چەندە باوكی لێیان بێزاربوو، قەناعەتی بەوە كرد كە ئەو خەڵكە هی ئەوە نین پشتیان پێ ببەستێت، هەموو ئەمانە وای لە حەسەن كرد كە بڕوای بەجەنگی دژ بە موعاویە نەبێت و پێی وابێت چاكی و بێدەنگی و یەكڕیزی ئوممەت لەوە زیارت و خوێن ڕشتندا نییە، بەڵكووو لە ئاشتی و تەباییدایە، بۆیە حەزی بە ئاشتی و تەبایی دەكرد، ئەمەش ڕاست و پێكان و دانایی و واقیعبینی بوو.

حەسەن ژیریەكی باشی بەكار هێنا كە بەڵگەی ئاسۆ بینی و بەرچاو ڕوونی بوو، كاتێك نەیویست هەر لەسەرەتاوە بەرەو ڕووی خەڵكی عێراق بێتەوە و بەوەی بە ڕێكەوتن چوو لەگەڵ موعاویە و كاروباری دایە دەست، چونكە لاوازی و دواكەوتوویی خەڵكی عێراقی دەزانی، بۆیە ویستی ئەو ڕێڕەوەیان بكاتە بەڵگەی ڕاستی نیاز و دیدی خۆی بۆیان و بەڵگەی ئاشتی و سەلامەتی ئەوەی بۆی دەچێت، بۆ ئەمەش ڕازی بێت تا لەگەڵیان بچێت بۆ جەنگ و سوپای ئامادەكرد و قەیسی كوڕی سەعدی بە دوانزە هەزار سوپاوە پێشخست و خۆیشی بەدوایدا چوو، كاتێك موعاویە ئەو هەواڵەی بیست ئەویش بە سوپاكەیەوە كەوتەڕێ ‌و لە (مەسكەن)دابەزی، حەسەنیش لە مەدائین بوو، ئەو كات یەكێك لە خەڵكی عێراق هاواری كرد: قەیس كوژرا، بەمە پشێوی سوپاكەی گرتەوە و خەڵكی عێراق نا سەقامگیری خۆیان بۆ گێڕایەوە و دەستردێژییان كردە سەر شمەكەكانی حەسەن و كەلوپەلەكەیان برد، تەنانەت ڕاخەرەكەی ژێریشیان ڕاكێشاوبە شمشێریش لێیاندا و برینداریاریان كرد، لێرەدا ڕووداوێك ڕوویدا كەبەڵگەی گەورەی هەبوو، والی مەدائین كە عەلی داینابوو ناوی سەعدی كوڕی مەسعودی سەقەفی بوو موختاری كوڕی ئەبو عوبەیدەی كوڕی مەسعودی برازای هات بۆلای، كەسێكی گەنج بوو پێی وت(تۆ هیچ دەوڵەمەندی و خانەدانیەكت هەیە؟ ئەویش وتی:ئەی چی؟ وتی:حەسەن بگریت و بیبەیتە لای موعاویە و دڵنیای بكەیت؟ ئەویش وتی:نەفرینی خوات لێبێت، كچەزای پێغەمبەری خوا بیگرم و بیبەم؟بەڕاستی كەسێكی پیس و خراپی؟) . كاتێك حەسەن ئەمەی بینی زانی هیچ سوودێكیان تیا نیە و بەكەڵكی هیچ نایەن، سەرەتاش هەر ئەم بڕوایەی هەبوو، بۆیە نوێنەری ناردە لای موعاویە و داوای ڕێكەوتنی لێكرد، موعاویەش بەوە دڵخۆش بوو عەبدوڵڵای كوڕی عامر و عەبدوڕەحمانی كوڕی سەمرەی نارد بۆلای و چوونە لای حەسەن لە مەدائین و چی ویست ڕازی بوون، ڕێكەوتن لەسەرئەوەی لە بەیتولمالی كوفە پێنج هەزار درهەم لەگەڵ چەند شتێكدا كەمەرجی دانابوون بیبات.

پاشان حەسەن لەناو خەڵكی عێراقدا هەستاو وتی(ئەی خەڵكی عێراق، ئێوە سێ خراپەتان لە ڕوودا نواندم: باوكمتان كوشت، خۆمتان بریندار كرد، شمەكەكەشتان بردم) تەبەری گێڕانەوەیەكی دیكە دێنێت، ئەویش ئەوەیە موعاویە لەتاو خۆشحاڵبونی بە پێشنیاری حەسەن بۆ ڕێكەوتن لاپەڕەیەكی سپی بۆ حەسەن ناردووە كە لەخواردا مۆرێكی خۆی لەسەر بووە، تا حەسەن بەدڵی خۆی چ مەرجێكی دەویێت بینووسێت) .

ئەوەی حەسەن كردی ڕاست و دروست بوو، جگەلەوەش تەنها ڕشتنی زیادە خوێنی موسڵمانان بوو، بەڵام حەسەن لەگەڵ ئەوەی بەیعەتی خۆی وبنەماڵەكەی بۆ خیلافەت هەڵوەشاندەوە، بەڵام سەلامەتی موسڵمانانی بە باشتر زانی، ئەم كارەشی چەسپاندنی فەرموودەیەكی باپیری بوو(پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)) كەلەسەر مینبەر بوو سەیری حەسەنی دەكردو فەرمووی(ابنی هذا سید ولعل الله یصلح به بین فئتین عظیمتین من المسلمین) ، لای زانایان ئەم فەرموودەیە بەڵگەیەكی پێغەمبەرایەتییە، حەسەنیش پێشبینیەكەی باپیری پشت ڕاستكردەوە و هێنایەدی.

ئەمەش ئەوە ڕوون دەكاتەوە چاكسازی نێوان دوو تاقم كارێكی چاك و جێ سوپاسە و خوا و پێغەمبەرەكەی پێیان خۆشە و ئەوەی حەسەن كردی لە گەورەترین فەزڵ و پلەو پایەیەكیەتی كە پێغەمبەر(صى الله عليه وسلم)وەسفی پێكردووە، ئەگەر جەنگ واجب یان سوننەت بوایە پێغەمبەر(صله الله عليه وسلم) وەسفی ئەنجام دانی یان سوننەت نەدەكرد، بەم كارە دلێرانە حەسەن ماوەی سەختی و دڵگرانی ناو مێژووی موسڵمانانی كۆتایی پێهێنا و یەكبوون و سوكنایی بۆ ئوممەت گێڕایەوە، خوای گەورە چاگترین پاداشتی بداتەوە، بەڕاستی ویژدانی ئارام و دڵی بێ خەم و ئارام بوو، گوێی بە ڕەخنە و ناخەمی گەمژەیی عێراقیەكان نەدا، كاتێك هەندێ وەسفیان دەكرد كە ئەو لێیان دوور بوو، وەك پێیان دەوت(ئەی ئەو كەسەی ڕووی باوەڕدارانت ڕەش كرد) (ئەی سەرشۆڕكەری عەرەب) ئەویش تەنها ئەوەندەی پێ دەوتن(حەزم نەكرد لەسەر دەسەڵات بتاندەم بە كوشتن و لە ناوتان ببەم).

ساڵی یەكگرتن و دامەزراندنی دەوڵەتی ئومەوی
وەك بینیمان ئوممەتی ئیسلامی لە كۆتاییەكانی خیلافەتی عوسمانی كوڕی عەففانەوە ناڕەحەتیەكی سەختی بینی گەردەلول گرتیەوە، ئەگەر پتەوی و بەهێزی ئەو بنیادەی نەبوایە كە پێغەمبەر( صلى الله عليه وسلم) ئایین و دەوڵەت و ئوممەتی لەسەر دانابوو، ئەوا ڕەشەباكە دەیبرد، بەڵام بە فەزڵی خوا لە ڕووی ڕووداوەكاندا وەستاو-سەرەڕای زۆری زیانەكان- بەسەلامەتی لێی دەربازبوون تا سەرلەنوێ بۆ جێگەیاندنی پەیامی نەمری و جیهانی خۆی لێبنەوێتەوە، ئەو پەیامەی خوا خستبوویە سەر شانیان تا بە مرۆڤایەتییان بگەیەنن، هەروەك خوای گەورە بەهۆی كۆتایی پێغەمبەرانەوە ئەم ئوممەتەی ڕێنموونی كرد، بەدڵفراوانی حەسەنیش خوێنی لە ڕژانیش پاراست، وەك لە وتارەكەیدا پاش بەیعەتدانی بەموعاویە باسی دەكات.

هەمو سەختی و برینەكانی بڕی و بەرژەوەندی و ئوممەتی لەبەرچاو گرت، پاش ئەوەی دانوستانی ئاشتی بەست و بە مەرجەكان ڕازیبوو موعاویە هات بۆ كوفە و حەسەن و حوسەینیش پێشوازیان لێكرد، خەڵكیش بەیعەتیان پێدت، ئەمەش لەبیست و پێنجی ڕەبیعولئەوەلی ساڵی (ك41) دا بوو، موسڵمانان خۆشی و چاكەیان لەوڕووداوە گەورە یە بەدیدەكرد و هەناسەیەكی قووڵیان هەڵكێشا و سوپاسی خوایان كرد لەسەر كۆتایی هاتن بەسەردەمی جەنگ و ناوی ئەو ساڵەیان نا(الجماعة) یەكبوون و یەكگرتن.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …