Home / مێژووى جیهان / 10 سەرکردە سیاسیە تیرۆر کراوەکانی جیهان

10 سەرکردە سیاسیە تیرۆر کراوەکانی جیهان

10 سەرکردە سیاسیە تیرۆر کراوەکانی جیهان

15057784_1793302227575019_1848860397_n

تیرۆرى ١٠ سەرکردە لە جیهاندا کاردانەوەى زۆرى لێکەوتوووەتەوە. جگە لەو ١٠ سەرکردەیەى وڵاتە جۆراجۆرەکان لێرە باس لە تیرۆرى سێ سەرکردەى کوردیش دەخرێتەڕوو.

١- بێنەزیر بوتۆ – پاکستان

بێنەزیر بوتۆ ئافرەتێکی سیاسەتمەداری پاکستانی بووە و سەرۆکی پارتی گەلانی پاکستان (پەپەپە) بووە. بوتۆ ئافرەتێکی سیاسی زۆر بەناوبانگی سۆشیاڵ-دیموکراتی پاکستانی بووە کە یازدەهەمین سەرۆک وەزیرانی پاکستان بووە.

بێنەزیر یەکەمین ئافرەت بووە کە هەڵبژێردراوە بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتێکی زۆرینە موسوڵمان، دوو جار بووە بە سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە دوو خولی جیاوازدا لە ساڵانی (١٩٨٨-١٩٩٠/ ١٩٩٣-١٩٩٦). گەورەترین منداڵی زولفیقار عەلی بوتۆی سەرۆک وەزیرانی پاکستان.

بێنەزیر هاوسەری عاسیف عەلی زارداری سەرۆکی پێشوی پاکستان بووە. بێنەزیر سومبولێکی شەڕکردنە بۆ دیموکراسیەت.

بێنەزیر لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٧ دا لە کاتی بەجێهێشتنی هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی پارتەکەیدا لە باخچەی نیشتمانی لیاقوات لە شاری ڕاوالپیندی و کاتێک لە تویوتا لاندکرۆزەرە ڕەنگ سپییە درعەکەیدا سەردەکەوێت و لە سەقفى ئۆتۆمبێلەکەیەوە سەرى دەردەهێنێت بۆ ئەوەى ماڵئاوایى لە ئامادەبووان بکات چەکدارێک چەند فیشەکێکی پێوە دەنێت و چەند تەقینەوەیەکیش لە چواردەورییەوە ڕوویاندا و بەهۆیەوە ٢٠ کەس کوژران. بێنەزیریش بە سەختی برینداربوو دواتریش گەیەنرایە نەخۆشخانەی گشتیی ڕاوالپیندی، بەڵام پاش ماوەیەک کۆچی دوایی کرد و گیانی سپارد.

٢- جۆن کەنەدی – ئەمریکا

جۆن فیتزجیراڵد کەنەدی ٣٥هەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە. لە ساڵی ١٩٦١ ەوە تاوەکو ئەو ڕۆژەی کوشتیان لە ساڵی ١٩٦٣ دا بەردەوام بوو لە سەرۆکایەتیکردنی ئەمریکا. کەنەدی لە سوپای ئەمریکادا فەرماندەی سەربازیی کەشتیی (MTB) دەبێت لە جەنگی جیهانی دووەمدا و لە باشوری زەریای هێمن. دواتر لە سەر لیستى دیموکراتەکان بوو بە ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا لە ناوچەی بۆستۆن و لە ساڵی ١٩٥٣ دا بوو کەسێکی لێهاتوو لەناو ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکادا.

لەگەڵ جاکلین بۆڤیەر لە ١٢ی ئەیلولی ١٩٥٣ دا هاوسەرگیریی کرد و لە ساڵی ١٩٥٥ دا دوای ئەوەی لە نەخۆشییەک چاک دەبێتەوە کتێبی (Profiles in Courage) دەنووسێت کە بەمانای (کورتە ژیانی بوێرەکان) دێت، خەڵاتی پولیتزەریشی بردووەتەوە.

لە ساڵی ١٩٥٦ دا کەنەدی پاڵێورا بۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا. چوار ساڵ دوای ئەوەش بۆ یەکەمجار خۆێی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا کاندید کرد بە ملیۆنان کەس تەماشای گفتوگۆ تەلەفزیۆنیەکانییان دەکرد کە لەگەڵ کاندیدی کۆمارییەکان (ڕیچارد میلهۆس نیکسۆن) ئەنجامی دەدان. دواتریش لەو هەڵبژاردنەی سەرۆکایەتی ئەمریکادا کە کاندیدی دیموکراتەکان بوو توانیی وەکو یەکەم سەرۆکی ڕۆمان کاسۆلیک سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٦٣ دا و لە نووسینگەکەیدا بە چەند گولـلەیەک لەلایەن “تیرۆریستانەوە” کۆتایی بە ژیانی هێنرا. جۆن کەنەدی گەنجترین سەرۆکی ئەمریکا بووە کە هەڵبژێردراوە و گەنجترین سەرۆکی ئەمریکاش بووە کە کوژراوە.

٣- ئیندیرا گاندى – هندستان

ئیندیرا پریادارشینی گاندى سیاسەتمەدارێکی وڵاتى هندستان بوو. بۆ سێ خولی یەک لەدوای یەک سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە. (١٩٦٦-١٩٧٧) و دواتریش خولێکی تریش و لە ساڵی ١٩٨٠-١٩٨٤ بووەتەوە بە سەرۆک وەزیران. گاندى دووەم ئافرەت بووە لە جیهاندا کە بۆ ماوەیەکی زۆر سەرۆکی حکومەت بووە.

ئیندیرا یەکەمین ئافرەت بووە لە هندستاندا کە بووە بە سەرۆک وەزیران و یەکەم سەرۆک وەزیرانی هندستانی سەربەخۆ بووە. پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتتدا توندوتۆڵ بوون. تاکە سەرۆک وەزیرانیش بوو کە نووسینگەیەکی حاڵەتی لەناکاوی بەمەبەستی ”دەرکردنی یاسا بۆ جێبەجێکردنى خێرا” ی کردووەتەوە. تاکە سەرۆک وەزیرانیش بوو کە بەهۆی دامەزراندنی ئەو نووسینگەیەوە زیندانی کرا.

ئیندیرا لە ٩:٢٠ خولەکی ڕۆژی ٣١ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨٤ دا لە ژووری ژمارە یەکی کۆشکی سەرۆک وەزیراندا لە شەقامی سەفدارجونگ لە نیو دەلهی تیرۆرکرا.

ئیندیرا گاندى لەلایەن دوان لە پاسەوانەکانیەوە کوژرا بەناوەکانی ”سەتوانت سینگ و بێنت سینگ” کە لەسەر ئاینی سیخ بوون.

٤- شا فەیسەڵ – سعودیە

فەیسەڵی کوڕی عەبدول عەزیزی ئالسعود پاشای سعودیە بووە لە ساڵی ١٩٦٤ ەوە تاوەکو ساڵی ١٩٧٥. لە ماوەى پاشایەتییدا توانیویەتی چاکسازی ئەنجام بدات و لایەنی دارایی وڵاتەکەی بەرەو پێش ببات و سیاسەتێکی مۆدێرن پیادە بکات، سیاسەتی دەرەوەی بە شێوەیەکی سەرەکی یەکگرتوویی ئیسلامی و دژە شیوعیەت بووە و پاڵپشتی لە نەتەوەی فەلەستین کردووە.

بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە توانیویەتی بیرۆکراسی پاشایەتی جێگیر بکات و یاسا و فەرمانەکانی لەنێوان سعودییەکاندا ناوبانگی هەبووە.

لە ٢٥ی ئازاری ١٩٧٥ دا ئەم پاشایە لەلایەن زڕبراکەیەوە بەناوی ”فەیسەڵ بن موسەید” بە گولـلەیەک کۆتایی بە ژیانی هێنرا کە تازە لە ئەمریکاوە گەڕابووەوە.

کوشتنەکە لە مەجلیسێکدا ئەنجامدرا لە ژووری چاوەڕوانیدا لەکاتێکدا کە شازادە فەیسەڵ قسەی بۆ نوێنەرانی کوەیت دەکرد کە چاوەڕوانی شا فەیسەڵ بوون. لەکاتێکدا کە شازادە فەیسەڵ دەچێت بۆ لەباوەشگرتنی شا فەیسەڵ، شا فەیسەڵ وا ڕاهاتبوو ماچی برازاکەی بکات بەپێی کلتوری سعودیە، ئا لەو کاتەدا شازادە فەیسەڵ دەمانچەیەکی بچووک دەردەهێنێت و شا فەیسەڵ دەکوژێت.

٥- تۆماس دارسی ماکگی- کەنەدا

تۆماس دارسی ئیتینی هەفس ماکگی ڕۆژنامەنووس و ڕاوێژکارێکی کاسۆلیکی و نەتەوەپەرستێکی ئێرلەندی و یەکێک بووە لە ئەندامانی کۆنفدراسیۆنی کەنەدی.

ماکگى هەوڵیداوە بۆ بەرەوپێشبردنی ناسنامەی نیشتمانبی کەنەدی و ئێرلەندییەکان، تا ئێستاش یەکەم قوربانیی کەنەدییە کە تیرۆر کرابێت لە ئاستی فیدراڵیدا.

لە بابەتەکانی ئابووریدا بە شێوەیەکی مۆدێڕن داوای فراوانکردنی پەرەپێدانی ئابووریی کردووە لە ڕێگای دروستکردنی هێڵى شەمەندەفەر و شەمەندەفەریشى بۆ برەودانی زیاتر بە ئابووری کەنەدا بەکارهێناوە.

تۆماس دارسی ماکگی هانی کۆچکردنی بۆ مەبەستی بازرگانی و داوای پاراستنی داهاتی گومرگی کردووە بۆ دروستکردنی کارگەی گەورە لەو وڵاتەدا. ڕێگری لە تائیفەگەرایی کردووە بە پاڵپشتیکردنی لە ئێرلەندییەکان لە کەنەدا.

لە ٧ی نیسانی ١٨٦٨ دا ماکگی دوای ئەوەی بەشداری لە گفتوگۆیەکدا کرد لە پەرلەمان و لە ڕێگەی گەڕانەوەیدا و لە شەقامی سپارکس کە ویستوویەتی بچێتە ژوورەوە بۆ ماڵەکەی، بەڵام لە دیوی ناوەوەی ماڵەکەیەوە دەرگاکە داخرابوو، ماکگیش لەکاتێکدا چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە خانمی ماڵ دەرگاکەی بۆ بکاتەوە بەڵام لەلایەن پاتریک جەی وێلانەوە و لەکاتی کردنەوەی دەرگاکەدا “تیرۆر” دەکرێت.

پاتریک جەی وێلان لایەنگرێکی ڕێکخراوی شۆڕشی نەتەوەپەرستی ئێرلەندی بووە و کاسۆلیکیش بووە و تۆمەتبارکرا بە ئەنجامدانی تاوانەکە.

٦- ڕەفیق حەریری – لوبنان

ڕەفیق بەهادین ئەلحەریری لە ١ی کانونی دووەمی ١٩٤٤ دا لەدایکبووە. بازرگانێکی دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار بووە. لە ساڵی ١٩٩٢-١٩٩٨ سەرۆک وەزیرانی لوبنان بووە. دواتر لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە دیسانەوە بووەتەوە بە سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە تا خۆی لە ٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٠٤ دا دەستی لەکارکێشایەوە.

ڕەفیق حەریری سەرۆکایەتیی پێنج کابینەی حکومەتی وڵاتەکەیی کردووە. حەریری توانیویەتی کۆنترۆڵی سیاسەتی دوای شەڕ و بازرگانی وڵات بکات و بەشێوەیەکی فراوان و بەرچاو بەیروتی دوای ١٥ ساڵ لە شەڕی ناوخۆ بنیاتنایەوە.

حەریری لە ١٤ی شوباتی ٢٠٠٥ دا تیرۆرکرا بەهۆی تەقینەوەیەکەوە کە تیایدا نزیکەی هەزار کیلۆگرام تیى ئێن تی لە ئوتومبێل و ماتۆڕەکانی ناو کاروانەکەیدا چێنرابوو.

لەلایەن دادگای تایبەتی لوبنانەوە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کرا و تا ئێستاش لێکۆڵینەوەکە بەردەوامی هەیە کە لەلایەن لێکۆڵەری سەربەخۆ دانیاڵ بێلمارەوە لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت.

لێکۆڵەری سەربەخۆ دانیاڵ بێلمار لە دوو ڕاپۆرتی یەکەمیدا باسی لەوە کردووە کە پێدەچێت حکومەتی تورکیا پەیوەندیی بەو کردە “تیرۆریستییەوە” هەبێت.

بەپێی لێکۆڵینەوەی کەناڵێکی هەواڵی کەنەدیش تیمی لێکۆڵینەوە تایبەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵگەی بەهێزیان دەستکەوتووە سەبارەت بە کردە “تیرۆریستییەکە” و حیزبوڵایان بە بەرپرسی کردەوە “تیرۆریستییە” ناوبردووە.

کوشتنی حەریری بووە هۆی گۆڕانێکی سیاسی گەورە لە لوبناندا، کە شۆڕشی برنج (ثورة الارز) و کشانەوەی سەربازانی سوریای لە لوباناندا بەدوادا هات.

٧- مهاتما گاندى – هندستان

چالاکوانێکی سیاسیی هندی و سەرکردەیەکی ڕۆحی بووە. مۆهاندەس کارامچاند گاندى بەشێوەیەکی گشتی بە مهاتما گاندى ناسراوە، سەرکردەیەکی بەرزی نەتەوەی هندستان بووە لەسەردەمی حوکمی بەریتانیادا لە هندستان.

گاندى دەنگی ناتوندوتیژی ناو جیهانێکی توندوتیژ بووە، چونکە کەسێکی ئایینی لەڕووی جەستەییەوە لاواز لە شەقامەکانی نیو دەلهیدا دەمی چەکەکانی داخست. ئەو کەسەش یەکەمجار خوێندکارێکی زانکۆ بوو دواتر بوو بە چالاکوان. گاندى گۆڕانێکی گەورەی نەک هەر لە هندستان بەڵکو لە هەموو جیهاندا بەرپاکرد.

گاندى سیاسەتەکانی بەرامبەر هەژاران و ئەو کەسانەی کە خوازیاری توندوتیژی نەبوون میهرەبانانە بوو، هەروەها سیاسەتەکانی نەخشەی بۆ گۆڕانێکی ئاشتیانە دەنەخشاند، توانیشی جۆرێک لە ئاشتەوایی لەنێوان هیندوس و موسوڵمانانی ئەو وڵاتەدا بێنیتە ئاراوە. ڕاستییەکی سەیریش ئەوەیە کە هاونیشتمانییەکی خۆی هەستا بە “تیرۆرکردنی” کە هاوئایینی خۆی و هیندوس بوو.

لە ٣٠ی کانونی دووەمی ١٩٤٨ دا و لەکاتی ڕۆیشتنیدا بۆ جێگایەک بەمەبەستی ئەنجامدانی نوێژ ”ناسورام گۆدسێ” هەڵدەستێت بە کوشتنی گاندى. کارەکەیشی بە هاوکاریی ”هیندۆ ماهاسابهای” ئەنجامداوە کە گاندى بە بەرپرسیار دەزانی لە لاوازکردنی هندستاندا بەوەی کە پێداگری لەسەر پێدانی پارە بە پاکستان دەکرد.

٨- مارتن لۆسەر کینگ – ئەمریکا

کەسایەتییەکی ئایینیی ئەمریکی و چالاکوان و سەرکردەیەکی بەرزی بزووتنەوەی مافەکانی هاووڵاتییانی مەدەنی ئەفریقی – ئەمریکی بووە.

لۆسەر کینگ زیاتر بەهۆی ئەو ڕۆڵەیەوە ناسراوە کە بۆ مافەکانی هاووڵاتییان هەیبووە و یاخیبوونی مەدەنیانەی ناتوندوتیژیی بەکارهێناوە.

مارتن بووە بە هێمایەکی نیشتمانی لە مێژووی مۆدێڕنی ئازادیخوازیی ئەمریکادا و بووە بە چالاکوانی بەدەستهێنانی مافەکانی هاووڵاتییانی مەدەنی.

لۆسەر کینگ سەرکردایەتی بایکۆتی پاسی مۆنتگۆمەری لەساڵی ١٩٥٥ دا کرد و هاوکار بووە لە دامەزراندنی کۆنفرانسی سەرکردایەتی کریستیانی باشووردا. بووە بە یەکەم سەرۆکی ئەو کۆنفرانسە.

لە ساڵی ١٩٦٤ دا مارتن بوو بە یەکەمین و گەنجترین کەس کە خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی وەرگرت لەسەر ئەوەی کە کاری بۆ کۆتاییهێنان بە جیاکاریی ڕەگەزی و نەژادی کردووە لەڕێگەی یاخیبوونی مەدەنییانە و ڕێگاکانی تر، کە توندوتیژی تیادا نییە.

لەکاتی نزیکبوونەوەی مردنیشیدا هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە هەژاری و وەستاندنی شەڕی ڤێتنام خستووەتە گەڕ.

لە ٤ی نیسانی ١٩٦٨ دا و لەکاتێکدا کە مارتن لەسەر بالەکۆنی قاتی دووەمی مۆتێلێک بوو بە فیشەکێک کۆتاییان بە ژیانی هێنا کە لە بەشی لای ڕاستی ڕوومەتیی دا و شەویلگەیی شکاند و لە تەمەنی ٣٩ ساڵیدا کۆتایی بە ژیانی هات.

“تیرۆر”کردنەکەشی بووە هۆى هەڵگیرسانى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى لە زیاتر لە ١٠٠ شاری ئەمریکادا.

٩- ئەبرەهام لینکۆڵن – ئەمریکا

ئەبرەهام لینکۆڵن نازناوەکەی “ئۆنێست ئابی”ە کە بە مانای ”ئابی ڕاستگۆ” دێت. ١٦هەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە. لە مانگی ئازاری ساڵی ١٨٦١ ەوە تاوەکو “تیرۆر”کردنی لە نیسانی ١٨٦٥ دا سەرۆکی ئەمریکا بووە.

لینکۆڵن لەکاتی جەنگی ناوخۆی ئەمریکادا وڵاتەکەی بەڕێوەبردووە و کۆتایشی بە کۆیلایەتی لە سنوورەکانی وڵاتەکەیدا هێناوە. ناوبانگی بە دادوەری و بەڕێزی دەرکردبوو. هەروەها لینکۆڵن توانیی بەشێوەیەکی سەرکەوتوانە کۆتایی بە ڕووداوی ”ترێنت” بێنێت کە قەیرانێک بوو لەنێوان بەریتانیا و ئەمریکادا و خەریکبوو بەهۆیەوە لە ساڵی ١٨٩١ دا جەنگ هەڵگیرسێت.

لینکۆڵن توانیویشیەتی ڕای جەماوەر لە ڕێگای قسەکردن و ڕەوانبێژیەکەیەوە یەکبخات، ئەدرەستی گێتیسبەرگەکەیشی لە سالی ١٨٦٣ دا بوو بە هێمایەک بۆ کاروباری نیشتمانی. لە نزیکی جەنگیشدا لینکۆڵن دید و بۆچوونێکی مۆدێرنی هەبوو لە بنیاتنانەوەدا و خوازیاری ئەوە بووە، کە بە خێرایی نەتەوەکە هاودەنگ و یەکگرتوو بکاتەوە لەڕێگای سیاسەتی ئاشتییانەوە.

لینکۆڵن بە شێوەیەکی بەردەوام لەلایەن شارەزایانەوە وەکو یەکێک لە مەزنترین سەرۆکەکانی ئەمریکا تەماشاکراوە و هەڵبژێردراوە. “تیرۆر”کردنی لینکۆڵن لە ڕۆژی هەینیى ١٤ی نیسانی ١٨٦٥ دا لەوکاتەدا کە شەڕی ناوخۆ بەرەو کۆتایی دەچوو.

“تیرۆر”کردنەکە پێنج ڕۆژ دوای ئەوە ڕوویدا کە جەنەراڵ ڕۆبەرت ئی لی فەرماندەی سوپای یەکگرتووی باکووری ڤێرجینیا گەمارۆی هەر دوو جەنەراڵ یولسێس گرانت و سوپای یەکگرتووی پۆتۆماکی دا. هەروەها ئەبرەهام لینکۆڵن یەکەم سەرۆکی ئەمریکا بوو کە “تیرۆر”کرا.

١٠- لیاقەت عەلى خان – پاکستان

نەوابزادە لیاقەت عەلى خان یەکێک بووە لە سەرکردە و کەسایەتییە دیارەکانی پاکستانی مۆدێرن و هاوکات سیاسەتمەدار و بیردۆزیاری سیاسی و پارێزەریش بووە.

عەلى خان لە ساڵی ١٩٤٧ ەوە تاوەکو “تیرۆر”کردنی لە ساڵی ١٩٥١ دا سەرۆک وەزیرانی پاکستان بووە، هەروەها یەکەم وەزیری بەرگری بووە و بووە بە وەزیری کاروباری کشمیر و دەرەوەیش.

سەرەتا لیاقەت وەک ئەندامێکی ”کۆمەڵەی هەموو موسوڵمانانی هندستان” و سیاسییەکی دیار دەرکەوت. ڕۆڵێکی گرنگی لە سەربەخۆیی پاکستان لەهێندستان گێڕاوە.

لە ساڵی ١٩٤٧ دا بووە بە سەرۆک وەزیرانی پاکستان، هاوکات وەکو دەستە ڕاستی محەمەد عەلى جەناح دەرکەوتووە کە سەرۆکی کۆمەڵەی موسوڵمانان و یەکەم پارێزگاری گشتی پاکستان بووە.

لە ١٦ی کانونی یەکەمی ١٩٥١ دا و لەکاتی کۆبوونەوەیەکی گشتیی کۆمەڵەی موسوڵماناندا دوو فیشەک دەنرێت بەسەر سنگییەوە. پۆلیسیش ڕاستەوخۆ تەقە لە “تیرۆریستەکە” دەکات و دەیکوژێت کە دواتر دەردەکەوێت “تیرۆریستەکە” ناوی سەعد ئەکبەر بابراک بووە.

عەلى خان دواتر دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەیەک و خوێنی لێ هەڵدەبەسترێت بەڵام بەهۆی قوڵی برینەکەیەوە گیان لەدەست دەدات. خاڵی گرنگی پشت “تیرۆر”کردنی عەلى خان بەتەواوەتی نەزانراوە، هێشتاش کردە “تیرۆریستییەکەش” پرسێکی زۆر گەورەیە، چونکە هەرگیز بەشێوەیەکی گونجاو لێکۆڵینەوەی لێنەکراوە.

سمکۆى شکاک – ڕۆژهەڵاتى کوردستان

لە “تیرۆرى” سەرکردەکاندا کوردیش بێبەش نەبووە. جگە لەوەى چەندین سەرکردى کورد، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانى بەغدا، تاران، ئەنقەرەوە لە سێدارە دراون چەند سەرکردەیەکى بزووتنەوەى ڕزگاریى کوردیش تیرۆر کراون.

سمکۆى شکاک لە ساڵى ١٩١٩ەوە لە دژى حکومەتى ناوەندیى ئێران ڕاپەڕى. لە کاتى مەلیکایەتیى شێخ مەحمودى حەفیدا سەردانى شارى سلێمانیى کردووە. لە ڕۆژى ٢١ى حوزەیرانى ١٩٣٠ لە کاتى بانگهێشتکردنى بۆ دانوستان لەلایەن بەرپرسانى حکومەتى ناوەندییەوە لە شارى شنۆ “تیرۆر” کرا.

سمکۆ هاوکات لەگەڵ ڕاپەڕینەکەیدا دیپلۆماسیى بەهێز بووە و داواى سەربەخۆیى بۆ کوردستان کردووە. هەروەها گرنگیى بە دەرکردنى ڕۆژنامە و گۆڤاریشداوە.

عەبدولڕەحمان قاسملو – ڕۆژهەڵاتى کوردستان

قاسملو ڕۆژى ٢٢ى کانوونى یەکەمى ١٩٣٠ لە گوندى قاسملوى نزیک شارى ورمێ لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان دایکبووە. لە ساڵى ١٩٧١ ەوە بووە بە سکرتێرى حزبى دیموکرات. ڕۆژى ١٣ى تەمووزى ١٩٨٩ د. عەبدولڕەحمان قاسملو سکرتێرى گشتیى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران و لەگەڵ عەبدوڵڵا قادری ئازەر نوێنەری حیزبی دیموکرات لە ئەوروپا و د. فازڵ ڕەسوڵ دۆستى حزبى دیموکرات و خەڵکى باشوورى کوردستان بەرەو شوێنی کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتى ئێران بەڕێدەکەون. لەو ڕۆژەدا و لە سەر مێزى گفتوگۆ قاسملو و یاوەرەکانى تیرۆر کران.

سەکینە جان سز – باکوورى کوردستان

لە ڕۆژى نۆى کانوونى دووەمى ٢٠١٣ سەرکردەیەکى کوردى باکوورى کوردستان بە ناوى سەکینە جان سز لە پاریس “تیرۆر” کرا. سەکینە جان سز لە ساڵى ١٩٥٨ لە شارى دێرسیم لە باکوورى کوردستان لە دایکبووە. کارى سیاسیى لە ناو پەکەکەدا دەستپێکردووە و یەکێک لە دامەزرێنەرانى پەکەکە بووە. لە ساڵى ١٩٧٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە دەستگیر دەکرێت لە دواى ١٢ ساڵ مانەوەى لە زیندان لە ساڵى ١٩٩١ لە زیندان ئازاد کرا. لە دواى ئازادبوونى گەڕایەوە بۆ ناو ڕیزەکانى پەکەکە.

لە ساڵى ١٩٩٨ ڕۆیشت بۆ ئەوروپا لە وڵاتى فەڕەنسا مافى پەنابەریى سیاسیى وەرگرت و وەک نوێنەرى پەکەکە لە ئەوروپا درێژەى بەکارەکانى دا. لە ڕۆژى نۆى کانوونى دووەمى ساڵى ٢٠١٣ لەگەڵ هەر یەک لە فیدان دۆغان، لەیلا شایلەمەز لەلایەن کەسێکەوە بە ناوى عومەر گیونەى، کە گومان دەکرێت سەر بە میتى تورکیا بێت لە شارى پاریس تیرۆر دەکرێن.

کۆشش بێستانسووری

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

9695010-72489810-d23a6f7d22e9c64184058eacf6d4ba9398dff9f8-1500-1-1549280593-728-32e9147584-1549363977

چەند زانیاریەک لەسەر ژیانی فیرعەونیەکان کە سەیر و سەمەرەیە

خێزان ئەمەی خوارەوە چەند زانیاریەکە لەسەر ژیانی فیرعەونیەکان کە سەیر و سەمەرەیە: -کۆیلەی تایبەتیان هەبووە کە …