شه‌ممه‌ , تشرینی دووه‌م 18 2017
Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / ئازادی رادەربڕین لە سەردەمی پێغەمبەردا(صلی الله علیە وسلم)

ئازادی رادەربڕین لە سەردەمی پێغەمبەردا(صلی الله علیە وسلم)

ئازادی رادەربڕین لە سەردەمی پێغەمبەردا(صلی الله علیە وسلم)

نووسینی

نهاد جلال حبیب الله

لێرەدا كورتەیەك لەسەر ئازادی رادەربڕین لە سەردەمی پێغەمبەردا(صلی الله علیە وسلم) باس دەكەین،

ئەو مەیدان‌و بوارانەش سەبارەت بە ئازادی رادەربڕین لەو ماوەدا دەیانخەینە ڕوو بریتین لەمانە:

یەكەم: ئازادی ڕادەربڕینی ئایینی.

دووەم: ئازادی ڕادەربڕینی سیاسی.

سێیەم: ئازادی ڕادەربڕینی هزری (نووسین و لایەنە ڕاگەیاندنیەكانی).

*یەكەم: ئازادی ڕادەربڕینی ئایینی:

بەگشتی سروشتی ئایینە ئاسمانیەكان و دانراوە مرۆییەكانیش وابووە كە هەركامیان هاتووە هەوڵی گۆڕان و گۆڕینی داوە لە پەیامی پێشوودا. ئیدی ئەوانەی ئاسمانی بوون بە دوو شێوە گۆڕانیان دەكرد لە پەیامی پێشوودا.

1-گۆڕین بە پێی بڕیاری خوایی وەك عیسا(علیە السلام) بە فەرمانی خوا هەوڵ دەدات گۆڕین بكات لە پەیامی مووسادا(علیە السلام)دا بەوجۆرەی خوا بۆی دیاری كردووە (أحل لكم بعض الذی حرم علیكم) ئەم گۆڕانانەش تەواوكەربوون بۆ پەیامی پێشوویان نەك تێكشێنەر و لەناوبەر وەك لە فەرمایشتی سەحیحی پێغەمبەردا (صلی الله علیە وسلم) هاتووە كە كاری پێغەمبەران دەشوبهێنێ‌ بە بینایەك كە دروستیان كردووە و خشتێكی سووچێكی ماوە كە ئەوەش كاری پێغەمبەرانە(علیهم السلام).

2-ئەو گۆڕانكاریەی كە پەیڕەوكەرانێ‌ یان شوێنكەوتوانێ‌ یان دوژمنانێكی پەیامی ئەوكات یان پەیامی پێشوو ئەنجامیان داوە و پاڵنەرەكەش كەمفامی یان ڕق و كینە یان نەزانی بووە كە دواجار بوونەتەوە مایەی سەر لێشێواونی خەڵكی، خواش لەبارەیانەوە دەفەرموێت (یحرفون الكلم عن مواضعه). خەڵكی حیجازیش (قوڕەیش بەتایبەت) لەو نێوەندەدا پەیامی پاكی حەنیفیان شێواندبوو، كاتێكیش پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) هات لە دژی وەستان و هەوڵیاندا پەیامی سەركوت بكەن، بەمجۆرە سەرەتای توندڕەوی دژ بە ئازادی ڕادەربرین بەرامبەر پەیامی ئیسلامی دەركەوت، بۆ ئەمەش ئەم هەنگاوانەیان گرتنەبەر:

1-سووكایەتیكردن بە ئایینی ئیسلام‌و شوێنكەوتووان‌و ڕێبەرەكەشی.

2-چەوساندنەوەی شوێنكەوتووان.

3-ڕێگرتن لە بانگەواز كردن بۆ ئیسلام.

4-گەمارۆدانی ئابووری و شەهید كردنی ئەندامەكانی.

5- دەركردنی كەسەكان و هەوڵی شەهیدكردنی پێغەمبەرەكەی.

6-هەڵمەتی سەربازی و پیلانی هاوپەیمانی دژ بە ئیسلام.

بەرامبەر بەمە بانگەوازی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) بۆ شتانێ‌ بوو كە پەیامە ئاسمانیەكانی پێشوو داوایان دەكرد، هەروەها پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) بە چاوی سۆزو دڵ بۆسووتان سەریری دەكردن‌و نەك توندی لە دژ بەكارنەهێنان بەڵكو هێندە نەرمی نواند و هەوڵی ڕێنموونی بۆ نیشان دەدان كە لە چەند قوناغێكدا ئاگاداری كردنەوە، ئەمەش سەرەتای پەیامی ئیسلام بوو بۆ ئایینەكانی دی، (تعالوا الی كلمە سوا‌ء بیننا وبینكم) ئەگەریش ئەمەیان نەویست داوای گفتوگۆ مشتومڕی نێوان هەر دوو لای دەكرد (تعالوا ندع أبنا‌ءنا و أبناءكم ونساءنا و نسائكم وأنفسنا وأنفسكم ثم نبتهل) كە دەوڵەتی ئیسلامیش دامەزرا پەیامی یەكلایی خۆی دەربڕی (لا اكراە فی الدین) بەڵكو جگە لە ئازادی تاكە كەسی بیروڕا ئازادی بە كۆمەڵیشی پێدان وەك لە دەستووری مەدینەدا ئەوە بەدیدەكەین لە چەند بەندێكی دەستوورەكەدا هاتووە كە جوولەكەكان دەستووری خۆیانیان بۆ كێشەكانی خۆیان هەیە و ئایینی خۆیان بۆ خۆیانە و مافی پەرستش و بیروباوەڕو چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانیان هەیە، بەشداری سیاسی و ئابووری و هتد…یان بۆ هەبوو و مافی تەوای هاوڵاتیبوونیان لە دەوڵەتی مەدینەدا هەبووە وەك موسڵمانان. تا دواجار كەوتنە پیلان گێڕان دژ بە پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم)‌و دەوڵەتی ئیسلامی‌و لەو یاسایە لایاندا كە خۆیان بڕیاریان لەسەری هەبوو، ئەویش پاراستنی بەرژەوەندی گشتی دەوڵەت بوو، بۆیە دوای ئەو ناپاكیە بە پێی قۆناغ و ئاستی ناپاكیەكەیان دەستە دەستە سزای خۆیان وەرگرت.

واتە ئیسلام ئەو پەڕی ئازادی دەبەخشێت تا ناپاكی بێتە مەیدان، ئەو كات بەپێی ناپاكیەكە دەركردن و پێ‌ چۆڵ كردن وكوشتن سزای ناپاكان دەبوو تا سنوورە گشتیەكانی دەوڵەتی ئیسلامی پێ‌ پەشێو نەبن، هەروەك لە هەموو دەوڵەت و یاسایەكی هەر پارچەیەكی جیهاندا لە هەر ماوەیەكی مێژووییدا سزای توند بۆ ناپاكان بە دەسەڵات هەبووە، وەسیەتەكانی پێغەمبەریش (صلی الله علیە وسلم) سەبارەت بە نەبەزاندنی سنوورە ڕێپێدراوەكانی ئازادی ڕادەربرین بنەمایەك بوو بۆ هزرو دەستووری ئیسلامی دواتری ناودەوڵەت و كۆمەڵگە ئیسلامیەكان. بەڵام پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) نەیهێشت لەسەر بنەمای ئازادی ڕادەربڕین چاڵە ئاگرینەكان و قامچیەكانی ستەم وەك خۆیان بن، بۆ نموونە بتەكانی ناو دەوڵەتی ئیسلامی لەناوبردن و لەگەڵ لێبوردنی بۆ هەموو ستەمكارەكان بەڵام نەیهێشت لەسەر سیستمی ستەمكاری خۆیان بڕۆن. بەڵام لەناو دەوڵەتی ئیسلامیدا بنەمای گشتی پەیڕەوی ئایینی بریتی بووە لە (فمن شاء فلیؤمن ومن شاء فلیكفر).

دووەم: ئازادی ڕادەربڕینی سیاسی:

لە مێژووی پێغەمبەراندا ئازادی ڕادەربڕینی سیاسی مەودای خۆی هەبووە و لە بازنەی بەدەر لە بەرهەڵستكاری چەكداریدا گوتاریان ئەوە بووە (ئیشی خۆتان بكەن، ئێمەش ئیشی خۆمان دەكەین) بە هاتنی پەیامی ئیسلامیش دامەزراندنی و چەسپاندنی دەوڵەتی ئیسلامی بەرنامەی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) بوو، بەڵام وەك تەواوكەری پەیامی پێغەمبەرانی پێشوو جووڵایەوە و پلەی كەماڵی پەیامی خواییش لەو قۆناغەدا بوو، سەرچاوەی بیرو پەیڕەوی سیاسی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) لە دەوڵەتەكەیدا سروشی خوایی بوو، لە دەوڵەتی ئیسلامی دواتریشدا قورئان و سوننەت سەرچاوە و ئیجماع و ئیجتهادیش لە مەیداندا بوون. واتە بە پشت بەستن بە دوو سەرچاوەی تەشریعی قورئان وسوننەت دەرگای ئیجتیهاد و ڕادەربڕینەكانی زانایان كراوە بوو، هەر ئەمەش جیاوازی ڕاو زۆری و قەڕەباڵغی كتێبخانەی هزری سیاسی ناو مێژووی ئیسلامی هێنایە كایەوە.

لە دەوڵەتی مەدینەدا ئازادی ڕادەربرینی سیاسی لە سێ‌ لایەنەوە بوو:

1-ئازادی ناموسڵمانان: ئەمەش زیاتر جوولەكەكانی دەگرتەوە كە مافی بەشداری ڕاو بڕیاری ناو دەستورەكەی مەدینەیان بەڵگەی ئازادی سیاسییان بوو، تیایاندا مافی جۆرە سەربەخۆییەكی سیاسی و چارەسەری كێشەكان لای خۆیانیان هەبوو، هاوكات مافی بەشداری سیاسی ناو موسڵمانانیش هەبوو بۆ نموونە بۆیان هەبوو ئەگەر ویستیان كێشەكانیان ببەنە لای سەركردەی ئیسلامی (پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) بەڵام وەك موسڵمانانی دیكە لە چەند لایەنێكی بنەڕەتی سیاسیدا ملكەچبوون وەك هەنگاونان بۆ پاراستنی دەوڵەت‌و دژایەتی نەكردنی‌و ڕێنەدان بە دەستدرێژی ناحەزان.

2- ئازادی دوو ڕووەكان: ئەمانە كە لە ڕوخساردا خۆیان بە موسڵمان دەزانی و لە ناخدا دژیان بوون نیازو كاریان لای سەركردەی دەوڵەتی ئیسلامی ڕوون بوو، بەڵام ڕێیان لێ‌ نەدەگیرا‌و دژایەتی‌و سووكایەتییان بەرەوڕوو نەدەكرایەوە. بەڵكو لەبری لێدان وریابوون لە پیلان دەگیرایە بەر، بۆ وەڵامی هێرشە ژێربەژێرەكانیشیان خوا قورئانی دانا وەك چۆن بۆ هێرشی بێباوەڕان چەكی دانابوو بۆ وەستان لە ڕووی دووڕووەكاندا قورئان بوو(وجاهدهم بە جهادا كبیرا)

3-ئازادی ڕادەربڕینی سیاسی موسڵمانان: ئەمەش خۆی دەبینیەوە لە ڕاوێژ‌و ڕاوەرگرتن وەك پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) لە جەنگی خەندەقدا ڕای سەربازی سەلمانی وەرگرت، لە بەدردا موسڵمانانی كۆكردەوەو ڕای وەرگرتن ئایا جەنگ هەڵدەبژێرن یان دەگەڕێنەوە. لە ئوحوددا ڕای لەسەر ئەوە بوو لە مەدینە بمێننەوە، بەڵام كە دەستەیەكی موسڵمانان ڕایان وابوو بچنە دەرەوەی مەدینە پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) ڕاكەی ئەوانی هەڵبژارد، یان ڕادەربڕینی ئەبووبەكری سدیق سەبارەت بە دیلەكانی بەدر، یان ڕاوێژی پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) لە مەسەلەكانی دیكەی مەدینەدا و ئازادی دەڕبڕینی ڕای تاكەكان و گوێگرتنی سەركردە لێیان هەموو ئەمانە بوونە بەڵگە‌و بنەڕەت بۆ دواتر ئازادی ڕادەربڕینی سیاسی موسڵمانان بوون.

سێیەم: ئازادی ڕادەربڕینی هزری:

مەیدانی هزری لە تێڕوانینی ئیسلامدا بەرفراوانترین ماوەی هەیە، بەڵكوكراوە بە پێویستی و ئەركی سەرشان (لاولی الالباب)(لقوم یتفكرون…)(یتفكرون فی خلق السموات والارض…)تەنانەت بێباكانە ئیسلام لایەن و ئایینەكانی دی بانگ دەكات تا مشتومڕ لەسەر مەسەلەكان بكەن (تعالوا ندع أبناءنا وأبناءكم….ثم نبتهل….) پێغەمبەریش (صلی الله علیە وسلم) زۆر هەوڵی داوە بیری هاوەڵان بجوڵێنێ‌ تا زیاتر بیریان فراوانتر بكەن، بۆیە ئەو ئازادیە رادەربڕینە هزرییەی لە مێژووی ئیسلامدا بە هەموو ماوەو سەردەمەكانیەوە بەدیدەكرێت پێویستی بە نووسینی چەند بەرگێكە لەسەری.

ناوةندى ئةيوبى

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About نورسی گۆران

Check Also

82642017_501

پانۆرامای بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە كوردستان

پانۆرامای بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە كوردستان بەردەوام شێواز و چۆنییەتی بڵاوبونەوەی ئیسلام لەناو گەلی كورددا جێگەی …