Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / مێژووی ئەدەبی منداڵان ـــــ ( بەشی یەکەم )

مێژووی ئەدەبی منداڵان ـــــ ( بەشی یەکەم )

مێژووی ئەدەبی منداڵان ـــــ ( بەشی یەکەم )

رەزا شوان11504

لەگەڵ بوونی مرۆڤ لەسەر زەویدا .. لەگەڵ پێکهێنانی شیرازەی خێزانی و بنیاتنانی ماڵدا .. منداڵانیش بوونیان هەبووە و لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ ، منداڵان زۆرینەی هەموو گەلان پێکدەهێنن .. بە رێژەی لە سەدا چلی هەموو دانیشتوانی جیهانن .

لەگەڵ داهێنانی زمان و توانای دەربڕین و گوزارشتکردن لە زادەی بیر و هۆش و ئەندێەشە و لە سۆز و خرۆشی ناخی دەروون بە وشە و بە رستە .. لەگەڵ لە یەکتری گەیشتن و پەیوەندی و پێکەوە ژیاندا .. لەگەڵ پێکهێنانی کۆمەڵگا و بنیاتنانی شارستانی و داهێنان و پێشکەوتن و گەشەکردن لە هەمووبوارەکانی ژیاندا .. ئەدەب و هونەریش سەریان هەڵدا و ، چەندین لق و پۆپیان لێ بوونەوە .. لەوانەش ئەدەبی منداڵان هاتە کایەوە، ئەگەرچی ئەدەبی منداڵان ئەدەبێکی ـ نەنووسراو و تۆمارنەکراوبووە، بەڵام نەوە لە دوای نەوە دەماودەم ( بە زاری) بۆ یەکتریان گێڕاونەتەوە ، بە تایبەتیش لە شەوانی درێژی زستاندا لە شەوارە و لە دانیشتنەکانی گوێی ئاگرداندا .. لەگەڵخواردنی شەوچەرەدا، باپیرە یا داپیرە گیان، بە تام و چێژەوە چیرۆک و مەتەڵ و ئەفسانە و داستانیان بۆ گوێگرەکانیان گێڕاونەتەوە.

دایکانی میهرەبان و دڵسۆزیش لەگەڵ راژەنینی لانک و بێشکدا، بۆ ژیرکردنەوە و خافڵاندن و خەوبردنەوەی جگەرگۆشەکانیان ، بە دەنگی خۆش و ناسک بەسۆزیان ، لای لایە و گورگانە شەوێ و گۆرانی و بەستەیان بۆ وتوون .. یا بەر لە نووستن ، چیرۆکی خەیاڵئامێز و ئەفسانە و داستانیان بۆ منداڵە چاوگەشەکانیان گێڕاوەنەتەوە .. کە پاڵەوان و کارئەکتەرەکانی ئەم چیرۆکانە ، بە زۆری ( ئاژەڵ و باڵندە ) یا (شتیبەرجەستەی گەردوون) یا شتی ئەفسانەیی بوون ، وەک: خێو و دێودرنج ،ئەرژەنگ، سیمرخ ، ئەژدیها ، حەزیای حەوت سەر ، ئەسپی باڵدار ، پیرێژنی جادووکەر ، بووکیدەریا ، چەرخوفەلەکی ئەفسووناوی ، پاڵەوانی بازیبەند لە قۆڵ ، گۆڕنەتەڵە ، چەتەوڵ ، گەشتی حەوت ساڵەی مان و نەمان بۆ هێنانی ئاوی ژیان ، پاڵەوانی سەرکێشی لە توانابەدەر ، فریشتەی تەنگانە ، …هتد. هەموو ئەم مەتەڵ و چیرۆکە ئەفسانەییانە و ئەم داستانانە ، بەشێکی رەسەنن لە کەلەپووری دێرینی گەلان و .. بەشێکی گرنگیشن لە ئەندەبی منداڵان و ، لە ئەدەبی گەورەکانیشدا .
ئەدەبی منداڵان بەو شێوە سەرەتاییە دێرینە ناوبراوەی ، رەگ و ریشە و بوونی لە فۆلکلۆر و لە کەلەپووری زۆربەی گەلانی جیهاندا هەیە .. چەندین بەڵگەی مێژوویی و پاشماوەی دێرینی بەجێماو ، ئەم راستییە دەسەلمێنن .

لە راستیشدا ، هەندێ سەرچاوە و کتێبی مێژوویی کۆن هەن ، کە باسیان لە ئەدەبی منداڵان ، لە سەردەمەکانی کۆندا کردووە ، بەڵام بە شێوەیەکی ساکار ئاماژەیان بە هەندێ چیرۆک کردووە ، کە لە ناو گەلاندا باوبووە .. هەموو ئەم چیرۆکانەش پشتیان بە داب و نەریت و بە بەهاکانی کۆمەڵ و بە ئایین پەروەری بەستووە .. پاڵەوانی زۆربەی چیرۆکەکانیش ئاژەڵ و باڵندەن یا شتی خەیاڵی و ئەفسانەیین ، بە زۆریش گوزارشت لە هێز و ئازایەتی و بەرگری و سەرکەوتنی تاک دەکەن .

لە شارستانییەکانی کۆندا ، لە میانەی ئەو نەقش و نیگار و وێنانەی ، کە لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان و ، دیواری پەرستگاکان و ، کۆشک و تەلارەکانی پاشاکاندا دۆزراونەتەوە ، یا لەسەر تاشەبەرد دا هەڵکۆڵراون ، یا لەسەر خشتی سوورەوەکراودا یا لەسەر گەڵای پانی رووەکنەخشێنراون .. لە ناو ئەو وێنەکاندا ، وێنەی منداڵ و چیرۆکی منداڵانیشیان تێدایە.. ئەم بەڵگە بەجێماوانە ئەوە دەسەلمێنن ، کە ئەو گەلانە منداڵ و ئەدەبی منداڵانیان فەرامۆش نەکردوون .. لەوانەش فەرعەونییەکان ( میسرییە کۆنەکان) ، سۆمەرییەکان ، یۆنانییەکان ، رۆمانییە کۆنەکان ، چینییەکان ، هیندییەکان ، کوردەکان ، فارسەکان ، عەرەبەکان ، ئینگلیزەکان ، فەرەنسییەکان ، ئەڵمانییەکان ، روسسییەکان ، ئیتالییەکان ، یابانییەکان ، گەلانی ئیسکندناڤیا ، … هتد . کە هەریەکە لەم گەلانە زۆر یا کەم ، شۆێن پەنجەیان لە ئەدەبی فۆلکلۆری و منداڵاندا دیارە.

لەو چیرۆکە ئەفسانەییانەی کە لە فەرعەونییەکان بەجێماون و تا ئەمڕۆش بایەخ و خۆشییان کاڵنەبوونەتەوە و ، منداڵانی ئەمڕۆش چێژیان لێ وەردەگرن ، ئەفسانەی :
( دوورگەی مار ) و ( هەڵۆی جادوولێکراو ) و ( تاجی فەیروز ) ن .

سۆمەرییەکانی نیشتەجێی میزەپۆتانیاش ، یاسایەیەکی پێشکەوتووی پەروەردە و فێرکردنی منداڵانیان هەبوو ، کە تا رادەیەک لە پەروەردەکردنی منداڵا نی ئەمڕۆوە نزیک بوو .. هۆی ئەم پێشکەوتنەشیان ، بۆ داهێنان و بڵاوبوونەوەی ( نووسینی سۆمەری) دەگەڕێتەوە .. کە شۆڕش و وەرچەرخانێکی زۆ گرنگ بوو لە مێژووی مرۆڤدا .. سۆمەرییەکان خاوەنی کۆنترین ئەدەبن لە جیهاندا ، گرنگترین شاکاری ئەدەبیشیان ( داستانی گەلگامیشە) ـە .. منداڵ و ئەدەبی منداڵان ، لە چەند شوێنێکی ئەم داستانەدا ، بە زمانێکی ساکارتر ناویان هاتووە .. باس لە شتە تایبەتمەندییەکانی منداڵانی تێدا کراوە.

بەڵام ئەمە راستییەکە و ناپۆشرێت ، کە لە کۆنەوە تا ئەمڕۆش ، گرنگیدان و بایەخدان بە گۆشکردن و پەروەردەکردنی دروست و ، ئاراستەکردنی پێویست و ئاوڕدانەوەیەکی جدی لە ژیانی منداڵان و ، لە ئەدەبی منداڵانیش، بە رادەی پێویست نەدراوەنەتەوە .. وەکو پێویستیش ئەوە لەبەر چاو نەگیراوە ، کە چارەنووسی داهاتوودەکەوێتە دەستی منداڵانی ئەمڕۆوە ، ئەم مرۆڤە بچکۆلانەی ئەمڕۆن .. کە سبەینێ جیهان بەڕێوەدەبەن.

ئەدەبی منداڵان لە چاو ئەدەبی گەورەکانەوە، تا ئەمڕۆش شانس و هەلی پێویستی گەشەکردنی بۆ نەرخساوە، بەڵکو تا سێ سەدە لەمەوەبەر، ئاوڕدانەوە و خوودانە ئەدەبی منداڵان ، شەرمەزاری و پایەنزمی و دابەزین بووە .. تا سەردەمێکی نزیک و تا رادەیەکیش ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت ، لە زۆر شوێنی جیهاندا ، بە تایبەتیش لە سایەی رژێمە دیکتاتۆری و سەرکوتکەرەکاندا ، منداڵان پەراوێز کراون و ، بە ناڕەوایی دەچەوسێنرێنەوە و .. چێژی خۆشی منداڵێتی و ئازادی و ژیان نازانن و ، لە سادەترین مافەکانیان و ، لە سۆز و خۆشەویسی بێبەش کراون ، کوێرەوەری و ، نەبوونی و ، برسێتی ، ناچاریان کردوون کە کاری قورس و نەشیاو بکەن .. لە ئەمڕۆدا زیاتر لە دووسەد و پەنجا ملیۆن منداڵ لە جیهاندا ، رۆژانە بەبێ نازی و برسێتی سەردەنێنەوە.

بۆیە “کۆردڤاڵدهایم” دەڵێ : “سەرلەبەری دنیا قەرزاری منداڵن”، بەڵام بەداخەوە کە تا ئەمڕۆش زۆربەی گەلان و وڵاتانی جیهان ئەم قەرزەی منداڵانیان ئادا نەکردوون.

مێژووی ئەدەبی منداڵان، بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە، لە قۆناغە سەرەتاییەکۆنەکاندا، مەتەڵ، چیرۆکی ئەفسانەیی، متەلیسم و جادوویی، داستانی ئازایەتی، سەرکێشی، ئایینڕەوی، ئامۆژگاریی تەڵقین ئاسایی، رێنمایی، رێز و گوێدێری، شاسواری، شمشێربازی و تیربازی، خەیاڵکاری، باڵیان بەسەر ئەدەبی منداڵاندا کێشابوو .. هەتا دەگاتە قۆناغەکانی ئەدەبی منداڵان لە سەردەمی نوێدا، کە لە سایەی گۆڕانکاری و داهێنان و پشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و ، پەروەردەیەکی نوێ و ، پسپۆری و ، مۆدێرن و ، جیهانگیریدا، پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە .. زیاتر لە هەموو سەردەمێک ، لەم سەردەمەدا پێویستیمان بە ئەدەبی منداڵان و بە گەشەکردنی هەیە ، چونکە پەروەردەی نوێ و رۆشنبیری و ئەدەبی منداڵان بوونەتە دووانە و بە تەواوکەری یەکتری.

ئەدەبی منداڵان ، بەر لە هەموو شوێنێکی تری جیهاندا ، لە وڵاتانی ئەوروپادا گەشەی کرد و پێشکەوت ، بە تایبەتیش لە وڵاتانی فەرەنسا و ئینگلتەرادا .. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ، کە کۆمەڵێک نووسەری بە توانا ، ئاوڕیان لە ئەدەبی منداڵان دایەوە و ، چەندین بەرهەمی خۆش و بەسوودیان بۆ منداڵان نووسی و چاپیان کردن .. هۆیەکی گرنگی تریش ، دەگەڕێتەوە بۆ داهێنای ئامێری چاپکردن و ، دامەزراندنی چاپخانە و ، دەزگای بڵاوکردنەوەی و چاپکردنی کتێبی منداڵان و ، کردنەوەی کتێبخانەی تایبەت بە منداڵان .. سەرەڕای ئەمانەش حەز و پەرۆشی خودی منداڵان ، بۆ خوێندنەوەی کتێب و ئەو بابەتانەی تایبەت بوون بە ئەدەبی منداڵانەوە .

یەکەمین کتێب کە بۆ یەکەمین جار بۆ منداڵان چاپکرا کتێبێک بوو کە کۆمەڵێکچیرۆکی لەخۆ گرتبوو .. ناوی کتێبەکەش ( ئەفسانەکانی ئێسوب ) ـە کە لە ساڵی ( ١٤٨٤) دا ، لە لایەن ( ولیام کاکستۆن : ١٤٢٢ـ ١٤٩١) ـەوە ، چاپکرا .. ئەم کارەی کاکستۆن بە دەستپێشکەری و بەهەنگاوێکی گرنگی مێژوویی لە بواری ئەدەبی منداڵاندا دادەنرێت ، ئەو (ئێسوب)ەش ، کە ولیام کاکستۆن ئەم چیرۆکە ئەفسانەییانەی داونەتە پاڵ .. وەکو دەگێڕنەوە کە کۆیلەیەکی یۆنانی بووە ، لە نێوان ساڵانی (٦٥٠ ـ ٦٢٠) ی پێش زایینی ژیاوە ، لەبەر زیرەکی و بلیمەتی ، گەورەکەی ئازادی دەکات .. ئێسوب زۆر حەزی بە گەڕان و گەشتکردن دەبێت ، بە گەڕان و گەشکردن و ، بە نووسنی چیرۆک بە ناوبانگ بووە .. دەتوانین بەوە دایبنێین کە یەکەمین کەس بووە ، کە چیرۆکی بۆ منداڵان نووسیوە .. ئەمەش یەکێکە لە چیرۆکەکانی ئێسوب ( قەلەڕەش و گۆزە ):
“لە دەشتێکی چۆڵدا ، قەلەڕەشێک زۆر تینووی دەبێت ، زۆر بە دوای ئاودا گەڕا .. تا گۆزەیەکی دۆزییەوە ، کەمێک ئاولە بنەکەیدا بوو .. بەڵام دەنووکی نەدەگەیشتەئاوەکە .. قەلەڕەشەکە خەریک بوو لە توینیا بمرێت .. دەیڕوا نییە ئاوی ناو گۆزەکە .. لە دواییدا بیرۆکەیەکی باشی بۆ هات .. بە دەنووکی یەک لە دوای یەک چەویهەڵدەگرت و دەیخستنە ناو گۆزە ئاوەکەوە ..ئاوەکە بەرەبەرە سەرکەوت .. تا گەیشتەلێواری گۆزەکە .. ئەوسا قەلەڕەشەکە ، دەنووکی تێنا وتێر ئاوی خواردەوە . ”

ئەو مەبەستانەی کە لەم چیرۆکەدان : هەوڵدان و کۆڵنەدان ، بیرکردنەوە ، سەرکەوتن بەسەر تەنگانەدا .

ئەگەرچی كاکستۆن ، کتێبەکانی بەو نیازەوە نەنووسیبوون ، کە ئارەستەی منداڵانیان بکات .. بەڵام سێ لە کتێبەکانی بە درێژایی ساڵان .. بوون بە بابەتی منداڵان .. ئەو چیرۆکانەی کە لەم سێ کتێبەیدا بوونو ، بۆ منداڵان لەباربوون و ، منداڵانیش بە کتێبی خویانیان دەزانین و، تام و چێژیان لە خوێندنەوەیان وەردەگرت .. ئەم سێ کتێبە بوون: ( رێوی رینارد ) و ( ئەفسانەکانی ئێسوب) و ( مردنی ئارسەر) .

لە ساڵی ( ١٦٥٧) دا ، پەروەردەکاری چیکۆسلۆڤاکی ( جان ئامۆس کۆمینۆس ) کتێبێکی گرنگ و بەسوودی بۆ منداڵان لەژێر ناوی ( جیهانی وێنەدار )دا ، چاپکرد . ئەم کتێبە کتێبێکی زانیاری بوو ، وەک لەوەی کە کتێبێکی ئەدەبی بێت .. بەڵام لەو سەردەمەدا هەر بابەتێکی تازە بۆ منداڵان بنووسرایە ، بایەخ و سوودی خۆی هەبوو.

( ئورئیل ئۆفیک) گەشەکردنی ئەدەبی منداڵان ، بەسەر پێنج سەردەمدا دابەش دەکا :
سەردەمی کۆن : دەقە ئەدەبییەکانی ئەم سەردەمە ، منداڵانیان بە گیانی ئازایەتی و ، سەرکێشی و ، شاسواری و ، رەوشت بەرزی و ، شەڕ و رووبەڕووبوونە و ، ئینتیما بۆ هۆز و گەورەکانیان پەروەردە دەکردن .. لەسەر دیواری تەلار و پەرستگاکان و ، لەسەر گەڵای رووەکدا ، نموونەی ئەدەبی منداڵانی ئەم سەردەمە دۆزراونەتەوە .

سەردەمی ناوەراست : لەم سەردەمەدا ، قەشەکانی کەنیسەکان ، لە شوێنە دوورەکاندا ، دەستیان بە کۆکردنەوەی چیرۆکە کۆنەکان کرد و ، بە جوانی و رێکی نووسییاننەوە و ، پاراستیانن .. بە هۆی ئەمانیشەوە ، ئەو چیرۆکان لە زۆر شوێندا بڵاوبوونەوە .

سەردەمی چاپخانە : ئەم سەردەمە لە نیوەی سەدەی یانگزەمیندا دەستی پێ کرد ، واتە لە دوای داهێنانی ئامێری چاپکردن ، کە لە لایەن ئەندازیاری ئەلمانی (گۆتەمبەرگ)ەوە داهێنرا .. دامەزراندنی چاپخانە و کتێب چاپکردن .. شۆڕشێکی رۆشنبیری و ئەدەبیی پەرپاکرد .. ئەوەبوو لە ساڵی ( ١٥٥٠) دا لە ئینگلتەردا کۆمەڵێک چیرۆک چاپکران .

سەردەمی زانیاری : ئەم سەردەمە ، لە دەرچوونی کتێبی ( ئیمیل) لە نووسینی مامۆستا و فەیلەسوفی فەرەنسی ( جـان جاک رۆسـۆ ) وە دەستی پێکرد ..ئەم کتێبەشی لە ساڵی ( ١٧٦٢)دا چاپکرد.

دوا بە دوای کتێبکەی رۆسۆ ، چەند کتێب و لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی منداڵ و ئەدەبی منداڵان چاپکران ، لەم سەردەمەدا ئەدەبی منداڵان ، پشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی . رابەری ئەم ئاراستەیەش ( جۆن نیوبەری ) بوو .
سەردەمی نوێ (سەردەمی زێڕین) : ئەم سەردەمە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەمینەوە دەستی پێکرد .. لەگەڵ دەرچوونی کتێبی ( ئەلیس لە وڵاتی سەیر و سەمەرەدا )کە لە نووسینی ( لویس کارول ) ـە .. بە دوای ئەم کتێبەشدا چەند کتێبێکی تریش چاپکران .

بەڵام دکتۆر ( عەلی ئەلحەدیدی ) لە کتێبەکەیدا ( لە ئەدەبی منداڵان دا ) مێژووی نوێی ئەدەبی منداڵان ، بە سێ قۆناغی سەرەکی دەستنیشان دەکات :
قۆناغی یەکەم : لە ساڵی ( ١٦٩٧) ەوە دەست پێدەکا ، بە دەرچوونی یەکەمین کتێبی ئەدەبی بۆ منداڵان ، لەژێر ناوی ( چیرۆکەکانی دایە قازم ) لە نووسینی نووسەری فەرەنسی ( چارلز پیرۆ ) .. چارلز ، بوو بە دەستپێشکەر و ریچکەشکین .. بە دوای ئەمدا چەند نووسەرێکی تر هاتنە بوارەکەوە و ، دەستیان بە نووسین بۆ منداڵان کرد .. هەر لەم سەردەمەشدا ، لە نێوان ساڵانی ( ١٧٠٤ـ ١٧١٤) دا ، رۆژهەڵاتناس و ، نووسەر ( ئینتیوان گالان ) بۆ یەکەمین جار چیرۆکەکانی ( هەزار و یەک شەو )ی گۆڕییە سەر زمانی فەرەنسی ، کە چەند چیرۆکێکی شیاویان بۆ منداڵان تێدایە .

هەر لە فەرەنسادا لە ساڵی (١٧٤٧) دا، لە لایەن نووسەرێکی مەزنی منداڵدۆستەوە ، یەکەمین رۆژنامە بۆ منداڵان لەژێر ناوی ( هاوڕێی منداڵان) هاتە کایەوە .

بێجگە لە فەرەنسا ، رەوتی ئەدەبی منداڵان لە ئینگلتەرا ، ئەڵمانیا ، رووسیا ، ئەمریکا ، لە وڵاتانی ئیسکندناڤیا و، میسر ، سەری هەڵدا و بەرەو پێشەوە هەنگاوی نا .

قۆناغی دووەم : ئەدەبی منداڵان لە دوای ( جەنگی جیهانی یەکەم ) ەوە دەست پێکرد .. لە هەموو ئاستێکدا زیاتر بایەخ بە پەروەردەکردن و گەشەکردنی منداڵان درا و ، بە شیوەیەکی نەخشەداڕێژراوی ئەکادیمیش بایەخ بە ( زانیاری دەروونناسیی منداڵا ن) و بە سایکۆلۆژیای گەشەکردن درا .. وەکو مرۆڤێکی سەربەخٶش لە منداڵیان دەڕوانی .

قۆناغی سێیەم : لە دوای (جەنگی جیهانی دووەم ) ەوە دەستی پێکرد .. تا دەگاتە قۆناغی ئێستای ، کە بە ( سەردەمی زێڕینی ئەدەبی منداڵان ) ناودەبرێت .. گۆڕان و وەرچەرخانێکی نوێ هاتنە کایەوە و ، بایەخدان بە منداڵان و بە ئەدەبی منداڵان ، بوو بە پێویستییەکی گرنگی ئەم رۆژگارە .. بە تایبەتیش لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ، کە هەل و مەرجێکی باش بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵان رەخسا و .. چەندین کتێبخانەی منداڵان و ، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی منداڵان دامەزران ، بە ملێۆنان ژمارەی کتێب و گۆڤاری منداڵان چاپکران و بڵاوکرانەوە .. دەستوور و بنەما و ئاراستەی ئەدەبی منداڵان دیاری کران .. چیرۆک بوو بە وانەیەکی تایبەتی و، وەکو وانەکانی تری خوێندن ، لە قوتابخانەکانە بنەڕەتییەکانی ئەمریکادا دەخوێنرێ.

لەم قۆناغەدا هەموو هەوڵەکان بەو ئاراستەیەدان ، کە نەوەیەکی نوێ بۆ داهاتوویەکی باشتر پەروەردە بکرێن .. نەوەیەک کە ئاشتیخواز و مرۆڤ دۆست و چاکەخوازبن .. نەوەیەک تاکەکانی رێز لە یەکتری بگرن و ، پێکەوە ژیان و خۆشەویستی لە هۆش و دڵیاندا بڕوێن .. نەوەیەیەکی باوەڕبەخۆبن .. داهێنانخواز و پێشکەوتووخوازبن ..

بێگومان ئەدەبی منداڵان ، لە چوارچیوە کلاسیکییەکەیدا نەماوەتەوە ، رۆژ لە دوای رۆژ ، زیاتر پيشکەوتن و داهێنان بە خۆیەوە دەبینێت .. تا لە گەڵ هیوا و خواست و خولیا و خەونە شیرینەکانی منداڵانی زۆرزانی ئەم سەردەمەدا بگۆنجێت .

( فیلیپ ئاریس ) دەڵێ : “لە سەردەمەکانی پێش ئەم سەردەمەدا ، بە چاوی ئێستاوە لەمنداڵیان نەدەڕوانی .. منداڵێتی دیاردەیەکی تازەیە .. چونکە سەردەمەکانی کۆن ، بەوەناودەبرێن کە منداڵانیان پەراوێزکردبوون .. بایەخێکی ئەوتۆیان پێ نەداون .. بەڵکودەشیان چەوساندنەوە ..”

حەزدەکەین لێرەدا ئاماژەش بەوە بکەین گەلێ دەق و بابەتی ئەدەبی هەن ، بە تایبەتی بۆ منداڵان نەنووسراون و ، بۆ گەورەکان نووسراون . بەڵام دوای دەستکاری کردن و کورتکردنەوە و دووبارە داڕشتنەوەیان ، بە زمانێکی ئاسانتر ، وایان لێ کردوون کە بۆ منداڵان بگونجێن و ، منداڵان بە ئەدەبی خۆیانیان بزانن ، تا ئەمڕۆش منداڵان لە هەندێ لەو دەقە دەستکاری کراونە بێزار نەبوونە و تام وچێژیان لێ وەردەگرن ، بە تایبەتیش دوای ئەوەی کە کراون بە فیلمی کارتۆن یا بە فیلمی سینەمایی .. بۆ نموونە : رۆمانی ( رۆبنسون کروزۆ ) لە نووسینی ( دانیال دیڤۆ ) و ، رۆمانی ( گەشتەکانی گۆلیڤەر ) لە نووسینی ( جۆناسان سویفت : ١٦٦٧ ـ ١٧٤٥) .. کە نووسەر و سیاسەتمەدارێکی (ئینگلیزی ـ ئیڕلەندی ) بوو .. کە نووسەریناسراوی ئینگلیزی ( جۆن نیوبەری ) ئەم دوو رۆمانەی دەستکاری کردوون و ، کورتیانی کردوونەتەوە و ، بە زمانێکی ئاسانتر و گونجاوتر بۆ منداڵان ، دووبارە دایڕشتوونەتەوە و، چاپی کردوون .

داستان و ئەفسانە و مەتەڵ و چیرۆکە میللیەکانیش بەشی منداڵانیان تێدایە ، یا هەندێ لە چیرۆکی گەورەکان دوای کورتکردنەوە و ئاسانتر داڕشتنەوەیان ، بۆ منداڵان دەشێن.

من لەم رۆژانەدا ، بەشێکی زۆری چیرۆک و شانۆگەرییەکانی (ولیام شکسپیر)م بینی کە بە زمانی نەرویجی ، بەبێ شێواندنی ناوەڕۆک و بیر و مەبەستی چیرۆکەکان ، کورتر کراونەتەوە و ، بە زمانێکی ئاسانتر دووبارە بۆ منداڵان دایان رشتوونەتەوە .

پیویستە ئەوەش بڵێین کە ( کتێبەکانی خوێندنەوە) بۆ پۆلەکانی قوتابخانە بنەڕەتییەکان .. زۆربەی دەق و بابەتەکانیان بەشێکن لە ئەدەبی منداڵان و ، کتێبەکانیش بە کتێبی منداڵان دادەنرێن .

چیرۆکەکانی کتێبی ( کەلیلە و دیمنە ) ش ، کە لە بنەڕەتدا هیندین و ، بە زمانی هیندی نووسراون .. ( عەبدوڵڵا کوڕی موقەفەع ) یش لە ساڵی (٦٥٩) یزایینیدا لە زمانی فارسییەوە گۆڕیویەتە سەر زمانی عەرەبی .. چیرۆکەکانی ئەم کتێبە بە زمانی ئاژەڵەوە نووسراون .. بەشێکی زۆریان بۆ منداڵان دەشێن.. ( کەلیلە) و ( دیمنە) ناوی دوو چەقەڵی بران.. کە کراون بە سەر ناوی کتێبەکە .. چیرۆکەکانی ئەم کتێبە گەلی بەهای رەوشت بەرزی و ، وانە و پەندی بەسوودو ، گاڵتەئامێزی خۆشیانتێدایە.مێژووی چیرۆکەکانی ئەم کتێبە بۆ ( ١٠٠ تا ٥٠٠) ساڵ پێش زایینی دەگەڕێنەوە .فەیلەسووفی هيندی( بەیدەبا) چیرۆکەکانی بۆ شا (دبشەلیم)ی هیندستان گێڕاونەتەوە .. کتێبی ( کەلیلە و دیمەنە ) بە شاکارێکی نەمری جیهانی دادنرێ .. گۆڕیویانەتە سەر زۆربەی زمانەکانی جیهان .

شایانی باسیشە ، ژمارەیەکی زۆریش لە نووسەرە گەورەکانی جیهان ( شاعیران ، رۆماننووس و چیرۆکنووسان ) بەشێک لە نووسینەکانیان ، بە زمانێکی ئاسانتر و شیرین ، بۆمنداڵان نووسیون ، وەکو : تۆڵستۆی ، تشیخۆف ، چارلز دیکنز ، ڤیکتۆرهۆگۆ ، ئۆسکار وایڵد ، بۆشکین ، تاگوور ، لە شاعیرە خوالێخۆشبووەکانی خۆشمان : پیرەمێرد ، بێکەس ، زێوەر ، هەژار ، گۆران، قانع ، … هتد .

ئەدەبی منداڵان لە فەرەنسا دا :
لە ( سەدەی سیانگزەمین و چواردەمین ) دا ، ناوەڕۆکی دەقەکانی ئەدەبی منداڵان بریتیبوون : لە رێنمایی و ئامۆژگاری و چاکەخوازی و رەوشت باشی و شاسواری و پاڵەوانبازی و ئایینڕەوی .

هەر لەو سەردەمەدا ، کۆمەڵێک نووسەر دەستیان بە نووسینی ( ئەدەبی گەڕۆک ) کرد .. لە شوێنە گشتییەکاندا چیرۆک و هۆنراوە و نووسینەکانیان بۆ خەڵکی دەخوێندنەوە .. بە هۆی دێوەرە و فرۆشیارە گەڕۆکەکانیشەوە ، مەتەڵ و چیرۆک و هۆنراوەکانیان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بڵاودەبوونەوە .

بەڵام ئەدەبی منداڵان ، وەکو ( ئەدەبێکی سەربەخۆ) و ، لە سەردەمێکی تازەدا ، لە (سەدەی حەڤدەمین) دا بەر لە هەموو وڵاتانی جیهان ، بەشێوەیەکی فەرمی لە وڵاتی فەرەنسادا دەرکەوت و ، گەشەی کرد و ، هەنگاوی باشی بەرەوپێشەوە نا .

لەو سەرەمەدا ، نووسەرە بە توانا و بەناوبانگەکان ، شەرمیان دەکرد کە بە ناوی راستیی خۆیانەوە بۆ منداڵان بنووسن ، لەوە دەترسان کە لە ناوبانگ و پایەیان بێتە خوارەوە و ، رووبەڕووی لۆمە و تانە و رەخنە ببنەوە .. تا شاعیری بەناوبانگی فەرەنسی ( چارلز پیرۆ : ١٦٢٨ـ ١٧٠٣) ، لە ساڵی ( ١٦٧٩) دا ، کتێبێکی بۆ مندڵان چاپکرد لە ژێر ناوی( چــیرۆکەکانی دایــــە قـــــازم) .. کە کۆمەڵێک چیرۆکی خۆشی لەخۆگرتبوو ، لەوانە : (ســاندرێلا) و ( ریـش شــین ) و ( شـۆخە نووســتووەکە) و ( جنۆکە ) و ( پشیلەی جـزمە لەپێ ) .. بەڵام چارلز هێشتا ترسی نەشکابوو ، ئەم کتێبەی بە ناوی خۆیەوە بڵاونەکردەوە ، لە ترسی ناوبانگ و ، پایە نزمبوونەوەی..بۆیە بە ناوی کوڕە بچووکەکەیەوە بڵاوی کردەوە کە ناوی ( بیرودار مانکور ) بوو .

ئەم کتێبە ناوبابگی دەرکرد و ، پایەی ئەدەبی منداڵانی بەرزکردەوە .. بە یەکەمین کتێبی ئەدەبیی تایبەت بە منداڵان دادەنرێ .. دەرچوونی ئەم کتێبە بە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی رەوتی ئەدەبی منداڵان دادەنرێ . ناودەرکردنی ئەم کتێبە ، بوو بە مایەی دڵخۆشی و بە هاندەر بۆ چارلز ، بە دوای ئەم کتێبەدا ، کتێبێکی تری چاپکرد ، بە ناوی ( مەتەڵو چیرۆکەکانی سەردەمی رابردوو ) بەڵام ئەم کتێبەیبە ناوی خۆیەوە بڵاوکردەوە .

نووسین بۆ منداڵان لە فەرەنسادا ، تا ( سەدەی هەژدەمین)هێشتا رەگ و ریشەی بە تەواوی دانەکوتابوو .. تا فەیلەسوف و مامۆستای فەرەنسی ( جان جاک رۆسۆ ) کە لە ساڵی ( ١٧١٢ـ ١٧٧٨) ژیاوە .. رۆسۆی خاوەن ( بیردۆزیپەروەردەی سروشتی ) بیر و بۆچوونەکانی دەربارەی فێرکردنی منداڵ و پەروەردەکردنیان ، لە کتێبێکدا چاپکرد بە ناوی ( ئیمیل ) .. ئیمیل ناوی کوڕەکەی بوو . رۆسۆ جەختی لەسەر ئەوە دەکردووە .. کە نابێت رێ لە منداڵ بگیرێت، با بە ئازادی و سروشتی گەشە بکات و پەروەردە ببێت .. ناشبێ بە تۆبزی فێربکرێت ، با فێرکردنی کەمێک دوابکەوێت .. با منداڵ خۆی تاقیبکاتەوە و ، سوود و پەند و وانە لە تاقیکردنەوەکانی وەربگرێت ، کتێبی ( ئیمیل) لە شێوازی چیرۆکێکە بۆ منداڵان ، چیرۆکەکەش لەگەڵ بوونی ( ئیمیل) ی کوڕی دەست پێدەکا تا دەگاتە تەمەنی ( ٢٥ ساڵان )کە هاوسەرگیری دەکات .. رۆسۆ داوای لە ئمیل ی کوڕی کرد کە یەکەمین کتێب ، کتێبی ( رۆبنسون کروزۆ ) بخوێنێتەوە .. چونکە بە رای ئەو ، ئەم چیرۆکە باشترین تاقیکردنەوەی پەروەردەیی بە ئیمیل دەبەخشێت .. تا ماوەیەکی زۆر ، کتێبی ( رۆبنسون کروزۆ ) تەنها کتێب بووە لە کتێبخانەکەی ئیمیل دا .

گەورەترین و بە ناوبانگترین نووسەری فەرەنسی ، لە بواری نووسین بۆ منداڵان ، شاعیری مەزن ( لافۆنتین : ١٦٢١ـ ١٦٩٥ ) بوو .. کە لە جیهاندا بە شای چیرۆکی ئەفسانەیی بۆ منداڵان ناسراوە .. شای شاعیرانی ئەدەبی عەرەبیش (ئەحمەد شەوقی) کە ـ بە رەگەزکوردە ـ هۆگر و سەرسامی شیعرەکانی لافۆنتین دەبێ و ، کاریگەریی هەبووە لەسەر نووسیناکانی بۆ منداڵان .

لە ساڵانی ( ١٧٤٦ـ ١٧٩١) دا ، لە لایەن نووسەرێکی گەورەیتری فەرەنساوە ، بۆ یەکەمین جار یەکەمین رۆژنامەی بۆ منداڵان دەرکرد .. لە ژێر ناوی (هاوڕێی منداڵان ) دا ، کە لە نووسینی بابەتەکانیدا ، زمانێکی شیرین و ناسک و ساکاری بەکاردەهێنا . سەرنووسەری ئەم رۆژنامەیە ، لە جیاتی نووسینی ناوی راستیی خۆی ، لەژێر نازناوی( هاوڕێی منداڵا ن ) دا دەینووسی .. ئەم رۆژنامەیە سەرەڕای خۆشی و شادی خستنە دڵی منداڵانەوە .. سوود و خزمەتێکی زۆریشی پێ بەخشین .. لە هەمان کاتیشدا ، تەوژمێکی باشیشی بە گەشەکردنی ئەدەبی منداڵانی فەرەنسا دا .

گۆڕینی چیرۆکەکانی (هەزار و یەک شەو) یش ، کە لەلایەن رۆژهەڵاتناسی فەرەنسی (ئینتیوان گالان) ـەوە ، کە لە ساڵی (١٧٠٤) دا ، گوڕییە سەر زمانی فەرەنسی .. خوێندنەوە و بڵاوبوونەوەی چیرۆکەکانی ( هەزار و یەکشەو) بوونە مایەی ناوبانگ و دەستخۆشی لێکردنی لە فەرەنسادا ، هەروەها بوون بە هاندەریش بۆ ئینتیوان گالان، سوودێکی زۆری لێیان بینی و ، بوون بە ئیلهامبەخش ، بۆ ئەو چەند چیرۆکەی کە بۆ منداڵانی نووسییانی . نووسینی چیرۆکەکانی (هەزار و یەک شەو) بەم شێوەیەی ئێستای ، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٥٠٠) ی زایینی .. بەڵام لە راستیدا تا ئێستا نەزانراوە ، کە نووسەری راستیی چیرۆکەکانی ( هەزا و یەک شەو) کێیە .. بەشێک لە چیرۆکەکانی ئەم کتێبیە بۆ منداڵانی هەراش دەشێن .. ئەوەش ساغ بۆتەوە کە ( چەند چیرۆکێکی کوردی ) یش ، لە ناو چیرۆکەکانی (هەزار و یەک شەو) دان .

ئەدەبی منداڵان لە ئینگلتەرا دا :
لە دوای فەرەنسا ، ئەدەبی منداڵان لە ئینگلتەرادا بایەخیان پێدا و گەشەی کرد .. ئەو چیرۆکە کلاسیکییانەی پێشتر ، بریتیبوون لە ئامۆژگاری و ڕێنوێنی و ئایینڕەوی ، بێ ئەوەی گۆی بە ئاستی بیر و هۆشی منداڵان بدەن یا خولیا و حەز و ئارەزووەکانیان لەبەرچاوبگرن ، نموونەی ئەم کتێبانەش ، کتێبی ( بۆ کوڕان و کچان ) ە ، کە لە نووسینی ( جۆناسان بان یان ) ە .

لە ساڵی ( ١٧١٩) دا لە نووسینی ( دانێل دیڤۆ : ١٦٦٠ـ ١٧٣١) رۆمانی ( رۆبنسونکروزۆ ) چاپکرا .. دانێل بە دەستپێکەری چیرۆکی هونەری لە ئینگلتەرادا دادەنرێ .. دانێل زۆر حەزی لە گەشت و گوزەر بوو ، هەموو وڵاتانی ئەوروپا گەڕا .. رۆمانە بە ناوبانگەکەی ( رۆبنسوون کروزۆ ) ، دەربارەی سەرگوزشتەی ژیان و سەرکێشییەکانی پاڵەوانی رۆمانەکەی ( رۆبنسون کروزۆ ) ی سەیر و سەرسوڕێنەرە .. ئەم چیرۆکە ، لە چیرۆکێکی راستەقینەی بەسەرهاتی پێاوێک بە ناوی ( ئەلیکسەندەر سلکێرک)ەوە وەرگرتووە ، کە نزیکی (٣٠٠) ساڵ بەر لە ئستا .. ئەو پیاوە وێڵ دەبێت و ، دەکەوێتە دوورگەیەکی دووری دابڕاوەوە .. بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەو دوورگەیەدا ژیان بەسەر دەبات .. بێ هیوا نابێ و کۆڵنادات و خۆی لەگەڵ ئەو باروودۆخەدا دەگونجێنێت .. تا ئەو کاتەی هەلی گەڕانەوەی بۆ ( ئوسکۆتلەندە)ی نيشتمانی بۆ دەڕەخسێت .

دانێل دیڤۆ ، ئەم چیرۆکە راستییەی وەرگرتووە و ، بە شیوەیەکی ئەدەبی و هونەری لە رۆمانی ( رۆبنسۆن کروزۆ ) دادایڕشتووە .. ئەم رۆمانە بە شاکارێکی ئەدەبی دادەنرێ . گرنگترین ئەو مەبەستانەش کە لەم چیرۆكەدان : کۆڵنەدان ، خۆڕاگری ، بیرکردنەوە و گونجان ، هیواخوازییە لە کاتی تەنگانەدا .. لە راستیدا رۆمانی ( رۆبنسون کروزۆ) بۆ منداڵان نە نووسراوە .. بەڵام نووسەری بە ناوبانگی ئینگلیزی ( جۆن نیوبەری ) دەستکاریی کردووە و کورتی کردۆتەوە ، دووبارە بە زمانێکی ئاسانتر و گۆنجاوتر بۆ منداڵانی دایڕشتۆتەوە .. ( رۆبنسون کروزۆ کراوە بە فیلمی کارتۆن) و ، بە زۆربەی زمانەکانی جیهان دۆبلاج کراوە .. هێندەی تر ، منداڵان هۆگری بوونە و ، لە دووبارە کردنەوەی بێزار نابن .

هەر لە ساڵی ( ١٧١٩) دا ، ( رۆبەرت سامبر ) (چیرۆکەکانی دایە قازم ) ی گۆڕییە سەر زمانی ئینگلیزی و چاپی کرد ..کە ئەم چیرۆکانەی بوون: ( ساندرێلا ) و ( شۆخەنووستووەکە) و ( ریش شین ) .. بە مەبەستی خۆشی بەخشین بە منداڵانی ئینگلتەرا .

لە ساڵی ( ١٧٢٠) تیشدا ، ( جۆناسان سویفت) کتێبێکی بەناوبانگی چاپکرد ، لەژير ناوی ( گەشتەکانی گۆلیڤەر ) .. کە لەوەدوا ( جۆن نیوبەری ) بە شێوەیەکی کورتر و ئاسانتر دووبارە بۆ منداڵانی داڕاشتەوە و .. چووە چوارچێوەی ئەدەبی منداڵانەوە .

( جۆن نیوبەری) لە بواری ئەدەبی منداڵاندا نووسەرێکی بە توانابوو ، کتێبێکی زۆری بۆ منداڵان چاپکرد و بڵاوی کردنەوە .. رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پێشکەوتنی ئەدەبی منداڵان لە ئینگلتەرادا .. خاوەنی یەکەمین کتێبخانەی منداڵانیشە لە جیهاندا .. نیوبەری داوای لە نووسەران کرد ، کە کتێبی گەورەکان کورت بکەنەوە و ئاسانتر بۆ منداڵان بیان نووسنەوە .. نیوبەری نزیکەی ( ٢٠٠) کتێبی بچووکی بۆ منداڵان چاپکرد .. کە بریتبوون لە مەتەڵ و چیرۆکی ئەفسانەیی و داستان و چیرۆکە میللیەکان .. لەوانەش : ( رۆبنسون کرۆزۆ ) و ( گەشتەکانی گۆلیڤەر) یان تێدابوون .. بۆیە ( جۆن نیوبەری ) بە ( باوکی راستیی ئەدەبی منداڵان) لە ئینگلتەرا ناودەبرێت .

لە ساڵی ( ١٨٦٥) زلە ئینگلتەرادا ، خۆشترین چیرۆکی ئەفسانەیی بۆ منداڵان بڵاوکرایەوە ، لەژێر ناوی ( ئەلیس لە وڵاتی سەیر و سەمەرەدا) ، کە لە نووسینی نووسەری بەناوبانگ ( لویس کارۆل : ١٨٣٢ـ١٨٩٨) ..( لویس کارۆل ) ناوێکی خوازراوە .. ناوی راستیی ( چارلز لوتۆیدج دودسن ) ـە .

لویس کارۆل ، چیرۆکنووسێکی بە توانا و زانایەکی ماتماتیک و وێنەگرێکی فۆتۆگرافی ئینگلیزیی ناسراوبوو .. چیرۆکی ( ئەلیس لە وڵاتی سەیر و سەمەرەدا) ی نووسی ، کە بە یەکێک لە شاکارە ئەدەبییەکانی منداڵان دادەنرێت .. ئەم چیرۆکە ئەدەبی منداڵانی بردە قۆناغێکی زێڕینەوە .. بێجگە لەم چیرۆکە لویس کارۆل چەند چیرۆکێکی تریشی نووسی لەوانە : چیرۆکی ( لە میانەی شووشەوە ) و ، چیرۆکی ( چەنەبازی ) .

چیرۆکی ( ئەلیس لە وڵاتی سەیر و سەمەرە دا ) ناوبانگێکیجیهانی هەیە و گۆڕیویانە بۆ سەر زۆربەی زمانەکانی جیهان و ، کراوە بە فیلمی کارتۆن .
ئەم چیرۆکە ، چیرۆکی کچێک دەگێڕێتەوە ، کە ناوی ( ئەلیس ) ـە .. لەپڕێکدا دەکەوێتە کونێکەوە و خۆی لە جیهانێکی خەیاڵیدا دەبینێتەوە .. دەڕوا و دەگەڕێت و .. بە سەرسامییەوە دەڕوانێت .. چاوی بە ( داوڵێک ، شێرێک ، پیاوێکی ئاسنین ) دەکەوێت .. هەموویان پێکەوە دەچن بۆ لای جادووگەرێک ، تا یارمەتیان بدات .. شێرەکە ئازایی دەویست ، پیاوە ئاسنینەکە دڵی دەویست ، داوڵەکەش هۆشی دەویست ، بەڵام ئەلیس گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە دەویست .. ئەم چیرۆکە بە چەندین سەرکێشیدا تێ دەپەڕێت .

ناشبێ ( چارلز جۆن لامب : ١٧٧٥ـ ١٨٣٤) لەیاد بکەین .. کە کۆمەڵێک چیرۆکی خۆشی بۆ منداڵان نووسیوە .

لە بەشی دووەمدا ، باسی مێژووی ئەدەبی منداڵان لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و رووسیا و وڵاتانی ئیسکندناڤیا و عێراق لە هەندێ وڵاتی عەرەبی بە تایبەتیش لە میسردا دەکەین.

لە بەشی سێیەمیشدا ، باسی مێژووی ئەدەبی منداڵانی کورد لە کوردستاندا دەکەین .

كوردپا

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About نورسی گۆران

Check Also

2016_9_2_23_36_43_713

چین و ماچین وڵاتی‌ ئه‌و چیرۆكانه‌ی‌ نهێنیه‌كانیان ته‌واو نابێت‌ ‌

له‌م بارودۆخی‌ قه‌یرانی‌ ئابووری‌ كوردستاندا . رێكه‌وتنی‌ گه‌شتێكی‌ به‌ خۆڕایی‌ زۆر گرنگه‌ .كۆنسڵخانه‌ی‌ چین گه‌شتێكی‌ …