Home / بەشی مێژووی كورد / هەڵوێستی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران(حدکا) بەرامبەر بە ژن.

هەڵوێستی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران(حدکا) بەرامبەر بە ژن.

هەڵوێستی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران(حدکا) بەرامبەر بە ژن.
کوردەکان وەک یەکێک لەگەورەترین نەتەوەبێ دەوڵەتەکانی جیهان ناسراون، کە مێژویەکی دور و درێژیان هەیە، هەر لەدەسەڵاتی سەربەخۆوە بگرە هەتا پاشایەتی و میرنشینی و نیمچە سەربەخۆی، ئەم شێوازە هەتا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم بەردەوام بوو، واتە تا ئەو سەردەمەی کە حوکمەتەکانی عوسمانی و ئێرانی بۆ ڕوخاندنی دەسەڵاتی میرنشینە کوردیەکان هێزی چەکداری هاوبەشیان بەکارهێنا. هەرچەندە خەباتکردن بۆ ڕزگاربوون لەژێر دەسەڵاتی بێگانە بەردەوام بوو لەنیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە، بەڵام لەسەدەی بیستەمدا خەباتی ڕزگاریخوازی کوردی پێی نایە قۆناغێکی پێشکەوتوو. لە چلەکانی سەدەی بیستەمدا شێوازی خەبات و بەرخۆدان گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هات، ئەمەش پاش دامەزراندنی کۆمەڵەی(ژ.ک) و (حدکا). گرنگی و تایبەتمەندی ئەو قۆناغە لەوەدا خۆی دەبینیەوە کە ژنانیش هوشانی پیاوان لەبوارەکانی شیانی سیاسی و پەروەردە و فێرکردن و فەرهەنگ و خەباتی چەکداری دژ بە ستەمکاران ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە لەکۆمەڵگەی ئێرانی ئەو سەردەمە. لە لۆژیک و بیرکردنەوەی تاکەکاندا هاوشێوەی سەدەکانی ڕابردوو بە شێوازێکی خراپ مامەڵە لەگەڵ ژندا دەکرا، بە بەردەوامی نا یەکسانی و زوڵم و چەوساندنەوەی ڕەگەزی دەبینرا، ئەمە لەکاتێکدا بوو کە ژنان لە زۆربەی بوارەکانی ژیانی ڕۆژانە بێ بەش کرابوون، واتە کاتدا ژنان لەکۆمەڵگەییەکی تەواو سونەتیدا کرابونە قوربانی حەز و ئارەز و خولیاکانی پیاوان، لە ڕوی کۆمەڵایەتیشەوە ژنان لەوپەڕی ئاست نزمیدا دەبینران. لە ڕوی خوێندن و خوێندەواریشەوە دیسانەوە ژنان لە ئاستێکی خراپدا بوون، تەنانەت وای لێهاتبوو نوخبەیەکی کەمی ژنان نەبێت سەرجەمیان نەخوێندەوار بوون. لە کۆمەڵگەی ئێرانیدا پیاو بەتەنها خاوەن بڕیار بوو، ژن بە لاواز و کەم ئارەزو زەعیفە ناودەبرا، وشەی (زەعیفە)، کە زۆر باوبوو، گەورەترین سوکایەتی بوو بەژن، بە واتای کەم دەسەڵاتی و لاوازی و بێ توانای و ترسنۆکی ژن بەکارهێنراوە. ئەو باوەڕەش لای ژنان دروستکرابوو کە ئەوان کەسانێکی بێ دەسەڵاتن و لەتوانایاندا نیە بەشداربن لە بەڕێوەبردنی کاروباری ژیانی ڕۆژانەدا، ئەمەش پەیوەنی بەو کلتور و پەروەردە کۆمەڵایەتییەوە هەبوو کە کۆمەڵگەی ئێرانی تێدا لەقاڵب درابوو، خودی ئەوانەش ڕۆڵیان هەبوو لە دەستەمۆکردنی ژنان بۆ پیاوان، سەرەڕای ئەمانەش کلتوری بەکارهێنانی دیاریکردنی دهاتوو و چارەنوس لەلایەن پیاوانەوە باو بوو، ئەمەش وای کردبوو کە ژن زۆر بەدەگمەن مافی بەشداریکردنی لە داهاتوی خۆی هەبێت، دواجار هەموو ئەمانەش چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی گەورەیان دروستکردبوو. لە ڕوی ئابوریشەوە ڕۆڵی ژنان فەرامۆش کرابوو، بە شێوەیەک ڕۆڵی ژن لەکۆمەڵگەی ئێرانیدا تەنها تێرکردنی پێداویستی پیاوان بوو لەگەڵ خستنەوەی منداڵ، ئیتر بەکەمی نەبوایە ژنان بەشداری پڕۆسەی بەرهەمهێنانیان نەدەکرد ڕۆڵیان بەتەواوەتی فەرامۆشکرابوو. پێویستە ئەوەبزانرێت ژنانی کورد بە هەمان ئەو فۆڕم و شێوازە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا، واتە هەڵسوکەوتی پیاوانی کورد لە ئێراندا هەڵقوڵاوی ناوخودی کۆمەڵگەی ئێرانی بوو، هەندێ جاریش خراپتر بو. بەڵام لە ساڵی1945 حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران(حدکا) دامەزرا، هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە گرنگی و بایەخی گرنگی بە ژنان دا، بە شێوەیەک ئەو حیزبە هەوڵی داوە هاوشانی پیاوان سود لە ئەزمون و تواناکانی ژنانیش وەربگیرێ و کاربکرێ بۆ ئەوەی ژنان بچنە ناو کۆمەڵگە و تواناکانیان بەگەڕبخەن. (حدکا) بزوێنەری هەست و بەرژەوەنییە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانی کۆمەڵگە بوو، لەپاش دروستبوونی ئەو حیزبە شانبەشانی گەشەکردنی لایەنی سیاسی لایەنی کۆمەڵایەتی و چینایەتیش گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. قازی محمد کە کەسێکی دیار و یەکەمی حیزبەکەبوو دەرگای لەسەر ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی کردبویەوە. لەم حیزبەدا ڕێکخراوەکانی لاوان و خوێندکاران و ژنان و جوتیارانی دامەزراند، سەرجەمیان ئازادانە کاری خۆیان ئەنجام ئەدا. هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حیزبەوە ژنان و کچان بەشداریان کرد لە کۆڕ و کۆبونەوەکاندا بە وتار خوێندنەوە و دەربڕینی هەست و ئارەزوی نەتەوەی، ئیدی بۆیەکەمین جار ژنان لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا بەشداریان کرد. (حدکا) هیوا و ئومێدی کچان و ژنانی کوردستان بوو، بە دامەزراندنی ئەو حیزبە خۆری هیوای ژنان هەڵهات، چونکە دامەزراندنی ئەم حیزبە سەرەتای بەدیهێنانی مافە سروشتیەکان بوو بۆ ژنان. قازی محمد هێندە گرنگی بە کێشەی ژنان داوە، تەنانەت ماڵەکەی خۆی کردبوو بە لانکەی ئەو ژن و کچانەی کە لەلایەن مێرد و کەس و کارەکانیانەوە زوڵمیان لێ دەکرا، خۆی و میناخانی هاوسەری بەردەوام یارمەتیدەری ژنان و کچان بوون، لەلایەکەوە قازی نمونەی باشترین پیاوی نیشان دەدا کە مامەڵە و هەڵسوکەوتێکی تەندروستی لەگەڵ خێزان و کچەکانیدا دەکرد، لەلایەکی ترەوە خێزانی قازی محمد نمونەی چاکترین ژنەکانی سەردەمەکەی خۆی بوو، ئەمانەش ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕا لە ڕێنمونی کردنی کۆمەلگە و فەراهەمبونی مافەکانی ژنان. قازی محمد چەندین جار لە وتارەکانیدا ئاماژەی بە هەندێ داب و نەریت داوە و بە سەرچاوەی دواکەوتوی و لاوازی کۆمەڵگەی داناون، وەک دیاردەکانی ڕەدوکەوتنی کچ و ژن ، کچ بە زۆر بەشودان، منداڵی سەربێشکە مارەکردن و ڕێگری کردن لە هاتنەدەرەوەی کچ و …..هتد، ئەم بیرو باوڕەی قازی محمد لەوە سەرجاوەی گرتبوو، کە ئەو باوەڕی بە ئازادی ئافرەت هەبوو، پێی وابوو پێویستە وەک مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ ژندا بکرێ و ڕێزی لێ بگیرێت و لە هەمان کاتدا مافەکانی دابین بکرێ، بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بە باشترین شێوە ڕۆڵ بگێڕن لە بەرەو پێش بردنی کۆمەڵگە. (حدکا) هاوشێوەی زۆربەی بزوتنەوەکانی میلەتانی تر داوای ژیانی دیموکراسی دەکرد، وەک ئاشکرایە یەکێک لەبنەماکانی دیموکراسی یەکسانی نێوان ژن و پیاوە و نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاوازییەکی ڕەگەزییە. (حدکا) لەپەیڕەوی ناوخۆی خۆیدا کە دوو مانگ پێش دامەزراندنی کۆمار بڵاوی کردۆتەوە هاتووە “لە
کوردستان و ئەو ئوستانانەی دیکەی ئێران کە کوردیان تێدا نیشتەجێییە پێویستە بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی خەڵک لەسەر بنەمای دیموکراسی ڕەچاوبکرێت، ئامانجی حیزب بڵاوکردنەوەی دیموکراسیە و بە پێی ئەوەش پێیویستە خەبات بکرێت بۆ باشترکردنی ژیانی هەموو مرۆڤێک” . لەبڕگەی پێنجەمی هەمان پەیڕەودا هاتووە کە ” یەکسانی نێوان ژن و پیاو ئاماجێکی بەردەوامی حیزبە کە کاری بۆ دەکات، سەرەڕای ئەمەش پێویستە ژنان لەهەموو بوارەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا مافی بەرامبەری پیاوانیان هەبێت”. ئەم بڕگانە لە پەیڕەوی حیزب گرنگی و بایەخی ژنمان بۆ دەردەخەن لەڕوانگەی ئەو حیزبەوە. پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێ کە تەواوی ئەو بڕگە و مافانەی کە باسکران زۆر نامۆبوون بە کۆمەڵگەی ئێرانی، ئەمە یەکەم هەڵوێستی ڕون و ئاشکرایە کە پێداگری لەسەر مافەکانی ژنان و داوای یەکسانی و نەهێشتنی مافە ڕەگەزییەکان بکات، هەموو ئەمانەش دەسکەوتی مەزنن و مایەی شانازی حیزبی دیموکراتن. لە پاش دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەسەرەتای ساڵی1946 دا، بۆ یەکەمین جار ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژنان دامەزرا و دەستی کرد بە تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی ژنان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی نەتەوەی کوردیدا، ئەو ڕێکخراوەسەرەتا بە ناوی ( یەکێتی یایان ) دەستی بە کارەکانی کرد، پاشان ناوەکەی گۆڕا بۆ ( یەکێتی ژنانی دیموکراتی ئێران ). ڕێبەر و سەرکردەی ئەم ڕێکخراوە ( مینا قازی ) بوو، کە هاوسەری قازی محمد بوو، ئەم ڕێکخراوە لەهەلومەرجێکدا پێکهات کە کۆمەڵگەی کوردستان لە دەورانی دەرەبەگایەتیدا بوو، کە تێیدا ژنان لەسەرجەم مافەکانیان بێ بەش کرابوون، بۆیە لە فەزایەکی دیموکراسیدا کە کۆماری کوردستان پێکی هێنابوو، ژنانی کور توانیان لەدەوری ڕێکخراوی خۆیان کۆببنەوە و ڕێگا چارەی گونجاو بۆ گیر و گرفتەکانیان بدۆزنەوە. ڕێکخراوی یەکێتی ژنان کاری دەکرد بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان و کچان و ڕزگارکردنیان لە دەری نەخوێندەواری، هەروەها هاندانیان بۆ ئەوەی تێکڕای ژنان بەشداربن لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتیەکان کە دژی دەسەڵات ڕێکدەخران، لەهەمان کاتدا ئەم ڕێکخراوە هاندەربوو بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بنوسن لە ڕۆژنامەکاندا، سەرەڕای کۆکردنەوەی هاوکاری مادی بۆسوپای کۆمار، ژنانی ڕێکخراو بەپێی توانی خۆیان ئەو شارەزایەی کە هەیانبوو خزمەتی سوپای کۆماریان دەکرد، هەر لە دروستکردنی خواردن و ئامادەکردنی جل و بەرگ و هەتا دەگاتە پێداویستی تەندروستی. پاش ئەوەی بەپیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی کۆتای بە دەسەڵاتی کۆماری کوردستان هات و ڕوخا، هەر لەو ماوەشدا تێکۆشانی ڕێکخراوی یەکێتی ژنان هاوشێوەی ڕێکخراوە چالاکەکانی تری کۆمار ڕوی لە کزبوون کرد و وەستا، خەباتی ژنان بۆ دەستەبەرکردنی مافە سروشتی و نەتەوایەتیەکانیان وەک خەباتی حیزبی دیموکرات ڕوی لەخەباتی نهێنی کرد، ئەوەش لە پێناو مانەوە و ڕەخساندنی دەرفەتێکی گونجاوتر بۆ هاتنەوە ناو مەیدانی خەباتی مەدەنی.
*سەرچاوەکان 1_ئەیوب ئەیوب زادە: لە ژێکافەوە بۆ کۆمار.
2_هیمداد حوسێن: ڕۆژنامەوانی کوردی سەردەمی کۆماری کوردستان.
3_حەمید ڕەزا جەلائی پور: قازی محمد ( کوردستان لەساڵەکانی 1941_1946 )
4_ڕەحیم سابیر حوکمەتی میللی کوردستان.
5_میرزا محمد امین مەنگوڕی: بەسەرهاتی سیاسی کورد( 1941_1958 ).
6_نەوشیروان مستەفا ئەمین: کورد لەگەمەی سۆڤێتدا
7_ئەحمەد مەحمود علی( مەلا ئەحمەد پێنجوێنی ): مێژوی کورد لە سەد و دوانزە ساڵدا.
8_موژگان فەرەجی: ژنان و بازاڕی کار، گۆڤاری ژنان، ژمارە15
9_نەسرین حەسەن زادە: ژنان و ناسیۆنالیزم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گۆڤاری ژنان،
ژمارە14l 10_ڕازیە ڕەشیدی: ڕۆڵی ژنان لەپەرەسەندنی سیاسی، گۆڤاری ژنان، ژمارە44
11_چنور قادری: لە سیستمی نا دیموکراتیدا ژن و پیاو خاوەن بەشداری یەکسان نین، گۆڤاری ژنان، ژمارە28
12_پەیامی یەکێتی ژنانی کوردستان بەبۆنەی ( 61 )مین ساڵیادی دامەزراندنی ( حدکا ) وە.

About كه‌یفی عمر

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …