Home / بەشی مێژووی كورد / هۆکاری هەرەسی شۆڕشی ئەیلول 1961_1975 “

هۆکاری هەرەسی شۆڕشی ئەیلول 1961_1975 “

هۆکاری هەرەسی شۆڕشی ئەیلول 1961_1975 “
نووسین و ئاماده‌كردنی : صباح مجيد
14907793_1769283866667668_2002659460_o
شۆڕش خاڵی گواستنەوەی ژیانی کۆمەڵایەتیە بۆ دامەزراندنی سیستمێکی تازە، یاخود گۆڕانکاری ڕیشەیی کت و پڕ، کە بە هۆکارێکی نا ئاسایی لەبارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕودەدات و لە توند و تیژیش بە دور نیە، یان یان دەکرێ بوترێت شۆڕش تێکۆشان و خەباتە لەپێناو گۆڕینی سیستمی کۆمەڵگا، گۆڕینێکی ڕیشەیی بۆ قۆناغێکی پێشکەوتوی دیاریکراو. جاری وا هەیە واقیعێک، جا (سیاسی یان کۆمەڵایەتی یان ئیداری و یان دەزگا یان زانستی و چاکسازی) بێت دەگۆڕێت، بەشێوەیەک دەوترێ ئەو بارودۆخە ناگۆڕێت شۆڕشێکی دەوێ. لەم ڕوانگەیەوە سەیری شۆڕشی ئەیلول دەکەین بزانین ئەوەی کە لە دەرئەنجامی ئەو شۆڕشەوە گۆڕا چی بوو، شۆڕش بۆچی لەقۆناغێکی چارەنوس سازدا دوچاری هەرەس بوو. نوسەری بەناوبانگ ( کریس کۆچێرا ) لەکتێبەکەیدا( کورد لەسەدەی نۆزدە و بیستەم)دا دەڵێت” هەرەسی شۆڕشی ئەیلول هێشتا یەکێکە لە نهێنییە گەورەکانی دواساتەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد، گەورەی تەمەن و ماندوبون پاساوی هەمووشتێک نین، هەروەها دەست بەرداربوونی ئێرانیش لەشۆڕش وەڵامی هەموو لایەنەکانی ئەو نهێنییە نیە. ڕاستە ڕێکەوتننامەی جەزائیر1975 گورزێکی جەرگبڕ بوو بۆ شۆڕشی ئەیلول لەباشوری کوردستان، بەڵام سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول دەیتوانی بەردەوامی بە شۆڕش بدات، ڕاستە هاوکاری دەرەکی بۆ شۆڕش کۆتای هات، بەڵام خۆ لەو کاتەدا شۆڕش خاوەنی هێز و توانایەکی زۆر بوو، بە شێوەیەک شۆڕش خاوەنی توانایەکی ئابوری بەرفراوان بوو کە خۆی دەبینیەوە لە هەزاران دیناری عێراقی ئەو کاتە، ئەم بێجگە لە داهاتی خاڵە سنوریەکان کە بڕێکی زۆر بوو ئەتوانرا پشتی پێ ببەسترێ، شۆڕش خاوەنی ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە بوو، کە لایەنی مەعنەویەتیان لە بەرزترین ئاستدا بوو.ئەمەسەڕەڕای ئامادەی ڕۆڵەکانی نیشتیمان بۆ قوربانیدان لە پێناو نیشتیماندا. بوونی بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی،کە خۆی دەبینیەوە لە جۆرەکانی چەکی سوک وقورس و مام ناوەند، سەرکردایەتی شۆڕش کاتێک زانی زۆربەی داهات و بەڵگە نامەکان بێ ترس ئەگەنە ئەو دیو، ئەوسا بڕیاری هەرەسی دا. ئەگەر هەرەسی شۆڕش پێویستی ئەو کاتە بوو، ئەی بۆ پاش ساڵێک هەمان سەرکردایەتی لە( کەرەج )ەوە سەرکردایەتی کاتی دروستکردەوە و بڕیاری دەستپێکردنەوەی شۆڕشی گوڵانیدا؟؟، خۆ هەر ئەوان بوون بڕیاری هەرەسیان دا. دەبوو سەرکردایەتەتی شۆڕش هەستی بەوە کردبا کە ڕاستە نەمانی هاوکارییەکانی ئێران زیانی هەیە بۆ شۆڕش،بەڵام زیانی هەرەسی شۆڕش زۆر لەوە زیاتر بوو بۆ خەڵکی کوردستان،چونکە بوو بەهۆی دەستکراوەی ڕژێم بۆ ئەنجامدانی تاوان بەبێ هەبوونی ترس، سەرەڕای ئەوەی سەرکردایەتی شۆڕش بەشێوەیەک مامەڵەی دەکرد کە شۆڕش بۆ هەمیشە کۆتای هاتووە، تەنانەت هەندێکیان گرەویان لەسەر ئەوە دەکرد کە شۆڕش بۆ هەمیشە کۆتای عاتووە، ئەوەتا سەدام حسێن لەگفتوگۆیەکدا لەگەڵ (جۆرج حەبەش)سەبارەت بە مام جەلال وتبوی”جەلال دارخورما لەسەر سەری بڕوێ جارێکی تر ناتوانێ حەوت کەس بنێرێتە شاخ”. ئەم هەستە لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش دروست بوو، بەشێوەیەک کە دوچاری بێ هیوایەکی گەورە بوون، زیانی هەرەس زۆر گەورەتر دەر کەوت لە ناوچە دابڕاوەکان، بەشێوەیەک زۆربەی تاوانەکانی بەعەرەبکردن و بە بەعسیکردن لەو کاتەدا ئەنجامدرا، ئەمانەو چەندان شتی تر کە لەکاتی خوێندنەوەی بارودۆخەکە وەک خۆی بۆمان دەر ئەکەوێ تەنها ڕێکەوتنامەی جەزائیر نە بوو لە پشت هەرەسی ئەو شۆڕشەی باشوری کوردستان کە نزیکەی چواردە ساڵ بەردەوام بوو ،بەبێ ئەنجام کۆتای هات. ناکامڵی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردی هۆکارێکی تربوو کە هەنگاوەکانی گەشتن بە ئامانج و سەرکەوتنی شۆڕشەکەی خاوکردبووە، ناکۆکی ناوخۆی و دروست بوونی دووباڵ و گەورەبونی کێشەکان تا ئاستی بەکارهێنانی هێزی چەکداری دژ بەیەک هۆکارێکی تری هەرەس بوو تەنانەت ڕێگری کرد کە ئەم بزوتنەوە ناسیۆنالیستە بەشوێنێک بگات. کەواتە دەکرێ بوترێ سەرجەم قوربانییەکانی هەرەسی شۆڕشی ئەیلول، وەک کوژران و بەدیلگیرانی ژمارەیەک لە پێشمەرگەو هاوڵاتی مەدەنی، بەعەرەبکردن و بە بەعسیکردنی بەشێک لەخاکی کوردستان و دانیشتوانەکەی.بەجێ مانی بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی هێزەکانی پێشمەرگە و دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن سوپای عێراقەوە، بڵاو بوونەوەی ترس و تۆقاندن و ڕوخانی لایەنی دەرونی دانیشتوان و چەندان قوربانی تر تاوانێکن کە لە ئەستۆی سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلولدان، چونکە نەیانتوانی لە قۆناغێکی چارەنوس سازدا بەردەوامی بەشۆڕش بدەن و لەبری ئەوەی هەرەس بە پیلانەکانی دوژمن بهێنن خۆیان دوچاری شکست و هەرەس بوون. شکستی شۆڕشی ئەیلول شتێکی دەگمەن نەبوو لەمێژووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردیدا، دەیان شۆڕش و ڕاپەڕین لەهەردوو سەدەی نۆزدە و بیستەمدا بەم شێوە لەناوچون، وەک شۆڕشەکانی ( شێخ عوبەیدوڵای نەهری، شێخ مەحمودی بەرزنجی، شێخ سەعیدی پیران، قازی محمد)، سەرکردایەتیەکەیان لەبیری ئەوەدا نەبوون کە بەنیوەی شکست ڕازی بن، دواجار بزاڤەکەیان لەبزاڤێکی جەماوەری بەرفراوانەوە بۆ هەرەس و توانەوە چووە. خاڵی لێکچوو لەنێوان شۆڕشی ئەیلول و ئەوانی پێش خۆی ئەوەبووە، شۆڕشی ئەیلول دواشۆڕش بوو کە ڕوخساری پێش خۆی ون نەکردبێت، بەڵام هەرەس و لەناوچونی ئەوان بەتاوانێکی گەورە حسابی بۆ نەکراوە لەمێژوی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردیدا، هۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆڕانکاریانەی دوای شۆڕشی ئەیلول، هەروەها سەرکردەکانی بەشێک لەو شۆڕشانە لەگەڵ هەرەسی شۆڕشەکەیان چونەتە بەر پەتی سێدارە، دوای هەرەس بوون بە هێمای خۆبەختکردن، دیدی دوای شۆڕش نابینابووە لەبەرامبەر هەڵەکانیان، خۆ ئەگەر بەشێک لەسەرکردەکانی شۆڕشی ئەیلول لەئاکامی هەرەس گیانیان ببوایە بە قوربانی ، ئەوا ئێستا هەموو ئەو بەرپرسیارەتیەی کەوتوەتە سەرشانیان وون دەبوو.
سەرچاوەکان
1_کامەران بابازادە: ڕێکەوتنامەی جەزائیر و ڕەهەندەکانی لەسەر کێشەی کورد لەکوردستانی باشور
2_مسعود عبدالخالق: مەوسوعەی جودی بۆ چەمک و زاراوەی سەدەم.
3_نەوشیروان مستەفا ئەمین: لەکەناری دانوبەوە بۆ خڕەی ناوزەنگ، دیوی ناوەوەی ڕوداوەکانی کوردستانی عێراق1975_1987
4_کریس کۆچێرا: کورد لەسەدەی نۆزدە و بیستەمدا.
5_ سەلام عەبدولکەریم: ژیانی سیاسی لەباشوری کوردستان.

About كه‌یفی عمر

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …