Home / بەشی مێژووی كورد / ڕۆژنامەگەریی زیندان لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا(1975-1993)

ڕۆژنامەگەریی زیندان لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا(1975-1993)

zindan_1237849535

ئیسماعیل تەنیا-ھانۆڤەر

لەوانەیە، (ڕۆژنامەگەریی زیندان)، لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، بەتایبەتیش بۆ ساڵانی پێش(1975)دەستەواژەیەکی کەمێک نامۆ بێت، بەڵام لەسەردەمی نوێ و بەتایبەتیش لەنێوان ساڵانی (1975-1993)دا، دەستەواژەیەکە، گیانی بەرخودان و بەرگری ئەندامە چالاکەکانی(پێ. کا. کا)، ڕۆحیان بەبەردا کردو کردیانە چەمکێکی ئاشنا پێمان و لە زیندانەکانی باکوری کوردستان و تورکیادا، بۆ مانەوەی دەنگی خەبات و بەرخودان و بەردەوام گەیاندنی داخوازییەکانیان، پەیڕەویان لێکرد. کاتێک کە تەنھا ماوەی دوو ساڵ بوو، ئەم ڕێکخراوە، ڕاگەیاندنی خۆی ڕاگەیاندبوو و ڕایەڵەی ڕێکخستنەکانی لەنێو خەڵکیدا، بڵاوببۆوە، ڕژێمی تورکیا، بەتایبەتیش حوکمی عەسکەرتاری کەپاش کودەتا سەربازییەکەی (کەنعان ئێڤرین)، دەسەڵاتی وڵاتی گرتبۆوە دەست، یەکەم ھەنگاوی قەدەغەکردن و سەرکوتکردنی بزووتنەوەو ڕێکخراوە چەپەکان بوو ھەڵبەتە ڕێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پێ. کا. کا)ش، ھەر لە زەمینەیەکی نھێنی و قەدەغەکراویدا دروست ببوو. . . ھەر زوو، ئەندامە دیارو چاڵاکەکانیان دەستگیر کران و خرانە زیندانەکانەوە. ئەوانە، کە جارێ ھەر لە خەباتی سیاسی و ڕێکخستندا بوون، گورزێکیان بەرکەوت، وەلێ ئەمانە لەزیندانیشدا، دەستبەرداری خەبات و ھوشیارکردنەوەی خەڵک نەبوون. لەوێش، سەرەڕای کۆنترۆڵی فاشیەتی و عەسکەرتاری ئەم ڕژێمە، بیریان لەدەرکردنی ڕۆژنامەو گۆڤارو بڵاوکراوە ئەگەر بە شێوەی سادەو دەستنووسیش بێت، دەکردەوە.

(ھەوار)، یەکەم ڕۆژنامەی لەم بابەتە بوو، کە دەستەبژێرێک لە زیندانییەکانی(پێ. کا. کا)، لە بەندینخانەی شاری دیاربەکر بەشێوەیەکی ھەفتانە، ھەریەک لە(مەزلوم دۆغان و فەرھات کورتئای و مەھمەت ھەیری دورموش)، یەکەم ژمارەیان بە دەستنووس و لە (19/8/1980)دا، بە ھەشت لاپەڕە ئامادە کردو لەڕێگای ئەو کەسانەی کە سەردانیان دەکردن، دەگەیاندە دەرەوەی زیندان و لەوێش کۆپی لەبەر دەگیرایەوەو بەنێو ڕێکخستنەکاندا، بڵاویان دەکردەوە. لەماوەی پازدە ڕۆژدا، توانیان سێ ژمارەی لێ بڵاو بکەنەوە، کە دواتر، ھەر ئەم ڕۆژنامەیە لە ئەڵمانیا، بە ئامێری تابیعە دووبارە یەکەم ژمارەی لەڕێکەوتی (5/4/1981)دا، چاپ و بڵاوکرایەوە. ئەم ڕۆژنامەیە، بەزمانی کوردی(کرمانجی ژووروو، لاتینی)و تورکی بوو. لەژێر ئاڕمی(ھەوار)دا دروشمی؛(ژ بۆ سەرخوەبوون و ئازادیا کوردستان)، نووسرابوو.

پاش ئەم ھەوڵە، ھەر لە بەندینخانەکانی دیاربەکردا، کۆمەڵێک زیندانی تری سەر بەھەمان ڕێکخراو، لەساڵی(1988)دا، بڵاوکراوەیەکی تریان بەناوی(بەرھەم)، دەردەکرد. دوای ئەمانە، چەند بڵاوکراوەیەکی تر لە زیندانەکاندا، بڵاوکرانەوە، کە ئەمانەن؛

(1)-چروسکا ژیان؛ گۆڤارێک بوو لەزیندانی دیاربەکر لەساڵی(1988)دا، دەردەچوو.

(2)-سیم(تیل ئۆرگو)؛ کۆڤارا ڕزگاری جڤاتی. لەزیندانەکانی شاری ئورفا، دەردەچوو. گۆڤارێکی تایبەت بە منداڵان بوو، یەکەم ژمارەی لەساڵی(1988)دا، بەزمانی کوردی(کرمانجی ژووروو-لاتینی)، بڵاو کرایەوە. تەنھا سێ ژمارەی لێدەرچوو. ئەم زیندانی و ڕوناکبیرانە سەرپەرشتی دەرکردنیان دەکرد؛ (شوکرو گولمش، عیزەت بالکان، ئیدریس گیوزەل، قادر ئەکن، عەلی کلیچ، فەوزی یەتکین).

(3)-دەنگێ مە؛ گۆڤارێک بوو، زیندانییە کوردو تورکە چەپەکان، لە زیندانی ئەنقەرە بەکوردی و تورکی، دەریاندەکرد. یەکەم ژمارەی لەساڵی(1989)دا، لێ بڵاوکرایەوە. پاش دەرچوونی پازدە ژمارە، وەستا. ھەر یەک لە (تایفون شەن و جەمال تاش)، نووسینیان تێدا بڵاودەکردەوە.

(4)-شەڤکا بەرخودان؛ گۆڤارێکی سیاسی و کولتوری بوو، بەزمانی تورکی لەلایەن زیندانییەکانی (پێ. کا. کا)، بەزمانی کوردی(کرمانجی ژووروو-لاتینی)و تورکی، دەردەچوو. یەکەم ژمارەی لەساڵی(1989)دا لێ بڵاوکرایەوە. پاش دەرچوونی دوازدە ژمارە، وەستا.

(5)-زارۆکێ پێشەنگ؛ گۆڤارێکی تایبەت بەمنداڵان بوو، لە زیندانی شاری(ئایدن)، بەزمانی تورکی دەردەچوو. یەکەم ژمارەی لەساڵی(1991)دا، دەرچووە. پاش ماوەیەک لەدەرچوون، ناوەکەی بۆ(دیلان)، گۆڕاوە. تەنھا دوو ژمارەی بەناوی(دیلان)ەوە، لێدەرچووە.

لەم کورتە نووسینەدا، دەگەینە ئەم ئەنجامانە؛

(1)-ئەندامە چالاک و زیندانیکراوەکانی ڕێکخراوی(پێ. کا. کا)، پێشەنگ و داینەمۆی سەرەکی ئەم بوارەن و، ئەوان لەم فەترە زەمەنییەدا(1975-1993)دا، ئەم کارو چالاکییەیان داھێناوەو، خۆیان خاوەنی ئەم سەروەریەن لەمێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا.

(2)-بڵاوکراوە، ڕۆژنامە، گۆڤارەکان، یەکەم جار بە دەستنووس لە زیندانەکاندا دەنووسرایەوەو دواتر ڕەوانەی دەرەوە دەکران. لەدەرەوەش، یان بە ئامێری تابیعە، یان بەشێوەی کۆپی، بڵاودەکرانەوە.

(3)-یەکەم بڵاوکراوە، لە بەندینخانەی شاری دیاربەکر دەرچووە. لەکۆی ھەشت ناوونیشاندا، سێیان بەر زیندانیە خۆڕاگرەکانی ئەم شارە دەکەوێت، کە دەتوانرێت بە دڵی زیندووی باکوری کوردستان، ناوزەدی بکەین.

(4)-پاش شاری دیاربەکر، دوو دانە لەشاری(ئایدن)و سەرو دانەش لە شاری(ئورفا)و(ئەنقەرە)، دەرچووینە.

(5)-لەم ھەشت بڵاوکراوەیەدا، سێ دانەیان تایبەت بوون بە منداڵان و بۆ ئەوان نووسرابوون.

(6)-جگە لە زیندانییانی کورد، تورکە چەپەکانیش ھاوسۆزی کورد بوون و لەم بوارەدا، بەھاوبەشی کاریان کردووە.

*مەزلوم دۆغان؛ یەکێک بوو لە دامەزرێنەرو ئەندامی سەرکردایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان. لەساڵی(1955)دا، لەدایک بووە. لە نەورۆزی (1982)دا، لەدژی زوڵم و زۆری دەوڵەتی تورکیادا، لە زیندانی دیاربەکر ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو، شەھید بوو. لەم کاتەوە بۆتە سیمبوڵی نەورۆزو بەرخودان.

*فەرھات کوردئای؛(1949-1982)، لەگەڵ مەزلوم دۆغان، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو شەھید بوو.

*مەھمەت ھەیری دورموش؛ لە ساڵی(1955)دا، لە چەولیک لەدایک بووە. ئەندامی سەرکردایەتی (پێ. کا. کا) بووە. لە(23. سەرماوەزی 1979)، لەگەڵ فەرھات کوردئای دەگیرێ و لە زیندان مان لەخواردن دەگرێت و لە(12ی ڕەزبەری 1982)دا، لە زیندان شەھید دەبێت

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …