Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی دیستۆپیا (شۆڕش یان هەرا)

مێژووی دیستۆپیا (شۆڕش یان هەرا)

utopian_l
حەمە سوسەیی
دوای ئەوەی سەردەمی مەلا مستەفا دەست پێئەکا ،ئێدی سەردەمی گۆڕینی چەمکەکانیش تووشی گۆڕانکاری ئەبن. بەشێوەیەك،یەکەمین چەمك کەدێتە ئاراوە بریتییە لە ووشەی ئەزبەنی. ئەڵبەت ئەم ووشەیە زیاتر وەك خۆبە بچووك نیشان دان و کۆیلەتی بەکارهاتوە زیاتر وەك ووشەی ڕێز. مەلا مستەفا لەبەر ئەوەی کەسایەتیەکی نەزان و نەخوێنەوارو ناشایستە بوە،هەربۆیە گەلێ بەلایەوە ئاسایی بوە کەوا خۆی چۆن بەرانبەر سەردەستەکان وەك کۆیلە نیشان داوە و بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە ، ئەمیش بەهەمان میتۆد لەگەڵ چوار دەورەکەی خۆیدا هەڵسوکەوتی کردوەو لەکۆیلە زیاتر پێی ڕەوا نەبینیون. بۆ نمونە، خۆی وەك (قەیتانی قۆنەرەی)عەبدول کەریم قاسم شوبهاندوە. لێرەدا لەبەردەم سەردەستدا ئاوا خۆی نمایش کردوە. کەچی لەبەرانبەر کەسانی چواردەوری خۆی بەزمانێکی تر وەك ئەوەی ئەوترێ(پێم خۆشە سەرۆکی حیزو قەحبە بم و سەرۆکی ئێوە نەبم)وەیان(سۆرەی قووندەر) . مەلا مستەفا هیچ پێی خۆش نەبوە خێمەکەی لەتەنیشت خێمەی ئەندامانی سەرکردایەتیەوە بوبێ و هەردەم لەسەروو ئەوانەوە خێمەیان بۆ هەڵداوە. ئەم لووت بەرزی و نەزانیەی مەلا مستەفا دیاردەیەکی نوێیە لە نێو شۆڕش و جوڵانەوەی کوردایەتی .مێژوو نیشانمان نادا کەوا مەلا مستەفا پەرتووکێکی نووسی بێ وەیان خاوەن فەلسەفەیەکی وا بێ وەیان لانی کەم هیچ ووتەیەکی بەکەڵك و ڕستەیەکی وانیە لەنێو کۆمەڵگای کوردیدا شایستەی ئەوەبێ وەك نمونە بهێنرێتەوە. ئەڵبەت پێش ئەو هەرگیز سەرکردەکان بەم شێوەیە نەبینراوون و مێژووش بەڵگەی وامان نیشان نادات کە هەریەك لە(پێشەوا،شێخ،سمکۆ و پێش ئەوانیش چەمکی ناهەموار و خراپیان بەکارهێنابێ.
لە دیستۆپیای مەلا مەستەفادا چەمکی هەڵهاتن و ئاشبەتاڵ بۆ یەکەمین جار بەپراکتیك پێڕەو ئەکرێت. هەڵهاتنی بەرەو ڕووسیاو پشتێکردنە کۆماری مهاباد یەکەمین دیاردەی نامۆیە لەجوڵانەوەی شۆڕشی کوردیدا و لەسەردەستی ئەم ڕوویداوە. پێش ئەمە مێژوو تەنها ئەو ڕووداوانەی بۆ تۆمار کردووین کە بریتی بوە لەبەرەنگاربوونەوە دژی دوژمنان. لە(یوتۆپیا)ی کۆمارەکەی مهاباد و دەوڵەتە کوردیەکەی شێخی مەزن مێژوو باسی قارەمانی ئەو دوو سەرکردەیەمان بۆ ئەکا کە چۆن یان لەسێدارە دراون و وەیان چۆن لەشەڕدا شێرانە جەنگاوون و دواتر زامدار بوون و پاشان نەفی کران. مەلا مستەفا بۆ یەکەمین جار هەڵهاتنی هەڵبژارد و چەمکی ترسنۆکی و ناجوامێری بەتەوێڵی خۆیەوە نا. کەچی مێژووی دیستۆپیاکەی مەلا مستەفا ئەو هەڵهاتنەمان بە شێویەکی تر بۆ تۆمار کردوەو ئاوەژووی کردۆتەوە.ئەمە سەردەمی گۆڕینی چەمکەکانە. هەڵهاتن،ڕاکردن،چۆڵکردنی بەرەی جەنگ گۆڕدرا بە ستراتیژ و هەڵسانەوەی شۆڕش. ترس لەپەتی سێدارەو زیندان گۆڕدرا بە ئازایەتی و جوامێری. ملشکاندن و پشتێکردنی هاوەڵەکان گۆڕدرا بە کوردایەتی و سیاسەتی ژیرانە.
ئەوکاتەی شێخی مەزن لەسلێمانی دژ بە داگیرکەرانی ئینگلیز جەنگا و داوای دەوڵەوتی کوردی کرد،سمکۆی شکاك بەهانای شێخەوە هات لەهەموو کوردستانەوە هاریکاری کرا. کەچی مەلا مستەفا بەپێچەوانەوە لە کۆماری مهاباد درزی خستە نێو کوردان و هەڵهات. ڕەخنە لە شێخ ئەگیرێ بەوەی دەستی نەخستۆتە دەست ئینگلیزی داگیر کەرەوە کەچی مەلا مستەفا بەرەو دەوڵەوتی ڕووسیای کۆمۆنیستی هەڵدێ و داوای مافی پەنابەری ئەکا. ئەمە لەکاتێکدا ،ڕووسیا یەکەمین ووڵات بوە کەپشتگیری کۆماری مهابادی کرد.دواتر،ئەمریکا لەساڵی ١٩٧٤ دا لەڕێگای ئێرانەوە پشتگیری مەلا مستەفایان کرد دژ بە حکومەتی عێراقی و هەر ئەوان داوایان لێ کرد ئاشبەتاڵ بە گردبوونەوەکەی بکا. کەچی بێ هیچ مەرجێ ئاشبەتاڵی کرد و دیسانەوە ڕووی کردەوە ئەو ووڵاتەی لەسەرەتادا پشتگیری لێ کرد و پاشان داوای پەنابەرێتی لێ کرد. ئەوەبوو دوای ئاشبەتال ڕووی کردە ئەمریکا و هەر لەوێش ساڵی ١٩٧٩ مرد. لەدیستۆپیادا سەرکردەکان ئەبنە کۆیلەی ئەو دەوڵەوت و لایەنانەی ئەبنە هۆکاری هەڵگیرساندنی شۆڕشەکان و شکستەکانیان. واتە ،هەر هەمان ووڵات هانی داون چەك هەڵبگرن و دواتر داوایان کردوە چەك دابنێن. لەدەستپێکی ئەم (دیستۆپیایە)دا چەمکی کوردایەتی گۆڕدرا بە چەمکی خیانەت و سەرشۆڕی. هیچ کام لە شێخی مەزن و پێشەوای گەورە ئامادە نەبوون کوردایەتی بە خیانەت بگۆڕنەوە. ئەوان چەمکەکانیان وەك خۆیان بەکارهێنا و مەلا مستەفا لەسەردەستی ئەو چەمکەکان گۆڕدران. خیانەت وای لێهات و تەشەنەی کرد کە یەکێکی وەك جەلال تاڵەبانی  لەساڵی ١٩٦٦ جاشایەتی بۆ حکومەتی عێراق بکا و پێش زریپۆش بکەوێ و کوڕی کورد ڕاوو بکەن. ئەم هەوڵەی جەلال و برایم ئەحمەد کەلەژێر ناوی جیابوونەوە لەمەکتەب سیاسی و باڵی مەکتەب سیاسی ناو ئەبران،جگە لە جاشایەتی هیچی تر نەبوو. ئێدی لەو ڕۆژەوە چەمکی خیانەت تەواو جێگای بە چەمکە ڕاستەقینە گرتەوە.
هەربۆیە گەلێ ئاسان بوو بۆ مەسعود بارزانی کە جارێکی تر پەنا بباتەوە بۆ سەدام حوسێن و لە ٣١ ئابی ١٩٩٦ دا و بەیارمەتی گاردی کۆماری شاری هەولێر و پەرلەمانی کوردستان داگیر بکەن و ئەو جاشایەتیە وەك کوردایەتی بەخەڵکی بفرۆشنەوە. ئەڵبەت ئەم جۆرە وەك کلتوورێکی لێکراو هەر پارت و لایەنێك بیەوێ گەلێ بەسانایی ئەتوانن بەئەنجامی بگەیەنن و لای جەماوەر و ئەندامانی خۆیان بەشانازیەوە باسی لێوە بکەن.نمونەی هێنانی سوپای تورکی بۆ بادینان و هێزی ئیتلاعات و میت و حەشدای شەعبی لەلایەن ئەم دوو لایەنەوە دیاردەیەکی ئاسایی و نۆرماڵە و هیچ پێیان شەرم نیە.
دەست پێکی ئەم مێژووە ئەگەڕێتەوە بۆ ٧٠ ساڵی ڕابردوو. ئەو کاتەی کۆمارەکەی پێشەوا کۆتایی پێهات،ئێدی لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستێ بەردەوامی هەیە و ئەو بناغەیەی ئەم مێژووە ڕەشەی خستە ڕۆژەڤی کوردستانی باشوورەوە و کاریگەریە نەرێنیەکانی لەسەر بەشەکانی تریش دروست کرد لەسەر دەستی مەلا مستەفا و نەوەکانی بەرپا بوو.
ئەو(یۆتۆپیا)یەی شێخ و پێشەوا بەردی بناغەیان بۆ داناو هەنگاویان بۆ هاویشت ،ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی کورتیش بوو،لێ مەرجی کوردبوون و کوردستانیبوون لەهەناویدا هەڵگرتبوو. هەر بۆیە ئەو هەوێنەی ئەو هەوڵەی ئەو دوو کەسایەتیە ناکرێ نادیدە بکرێن و لەیاد بکرێن. خۆشبەختانە ئەو(یۆتۆپیا)یە توانی بۆ هەتا هەتایە چەکەرەی ئەو تۆوە کوردەواریە بکاتەوە کەئەوان خۆیان بۆ بەخت کرد،ژیانیان بۆ تەرخان کرد،تەمەنیان بۆ سەرف کرد و دواتر خۆیان بۆگیانفیدا کرد.
ئەڵبەت مەلا مستەفا ئەو کەسایەتیە نەبوو کە بتوانێ درێژە بەو (یۆتۆپیا)یەی پێش خۆی بدا و گەشەی پێبکا.نەخێر و سەد نەخێر ئەم هات قوتابخانەیەکی بنیات نا کە تەواو دژی خواست و ئاواتەکانی شێخ و پێشەوا بوون. ئەوان لەسەر ئەو(یۆتۆپیا)یە  تووشی زیندان،لە ووڵات دوور خستنەوە،ماڵوێرانی ،زامدار بوون لەبەرەنگاربوونەوەو لەسێدارەدان بوون. کەچی مەلا مستەفا تەواو پێچەوانەکەی هەڵبژارد ئەو (دیستۆپیا)ی هەڵبژارد. بەو مانایەی لەجیاتی بەرگری لەنیشتمان و خاکی کوردستان ،ڕووەو سنوورەکانی ڕووسیا ڕۆیشت و پشتی کردە هاوڵەکانی لە کۆماری مهاباد. لەجیاتی پەتی سێدارە لەگەڵ پێشەوای نەمر،ڕاکردن و هەڵاتنی کردە بەردی بناغەی ئەو قوتابخانەیەی کەبەناوی خۆیەوە ناونراوە. لەجیاتی بەردەوام بوون لەسەر شۆڕش و خەبات دژی داگیرکەرانی کوردستان،ژیانی پەناهەندەیی و رابواردنی لەگەڵ ڕووسیەکان هەڵبژارد.لەجیاتی مانەوە لەگەڵ هاوڕێی خەبات و تفەنگ،ژێر چادری ئاوارەیی و سەرکزی هەڵبژارد. لەجیاتی یەکیتی نێو کوردان و یەکڕیزی بەرەی گەل،پاشاگەردانی و پەرتبوونی هەڵبژارد و هەر یەکەو لەشوێنێکی ڕووسیا گیرسانەوەو دواتر توانەوە. لەجیاتی بەرخودان و بەرگری ،هەڵاتن و ئاشبەتاڵی هەڵبژارد. ئەمە کرۆکی قوتابخانەی بارزانیە کەدواتر نەوەکانی لەسەر گۆشکران و ئەمان هاتن چەندین شتی ناهەمواری تریان بۆ زیاد کرد کەدواتر ئاماژەیان پێ ئەدەین.
(دیستۆپیا)ی بارزانی لەوەوە دەستی پێکرد کاتێ کوردایەتی و مانای کوردبوونی لەخێزان و بنەماڵەکەی خۆیەوە بەتەواوی سڕییەوە. هەر لە بەناو کردنی مناڵەکانی بەناوی عەرەبی و تورکی .کەئەمە هەرگیز لەسەرکردەی هیچ جوڵانەوەیەکی ڕزگاریخوازی هیچ گەلێك ناوەشێتەوە کە ناوی کوردی بەکار نەهێنێ و لەجیاتیان ناوی دوژمنی داگیرکەر لەمناڵ و نەوەکانیان بێنن. ئەم جۆرە لەنەریتە نامۆیە کارێگەری خراپی لەسەر بارتاقای کۆمەڵگەی کوردەواری دروست کرد. بەجۆرێک لایەنی ئایینی خرایە شوێنی لایەنی نەتەوایەتی و بەرژەوەندی ئایینی بەکارهێنرا دژ بە بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوە.
مەلا مستەفا بەوەشەوە نەوەستا و هەستا نازاناوی مەلای لەخۆی نا کەهەرگیز نەڕۆژێك لە ڕۆژان مەلایەتی کردوە ،وە نە خوێندەواریشی هەبوە تا ببێتە مەلاو پێش نوێژ. دیارە ئەو کات بۆ فریودان و لەخشتەبردنی خەڵکی ئەو نازناوەی  هەڵبژارد،لەلایەکی ترەوە وای نیشانی چواردەورەکەی خۆی دا کەبەهۆی مەلایەتیەوە وەك کەسێکی خوێنەر هەژمار ئەکرێ. ئەڵبەت ئەو کات مەلایەتی جگە لەوەی جێگایەکی بەرز و پلەو پاییەکی کۆمەڵایەتی بەهێزی هەبوە لەنێو کۆمەڵگای کوردەواریدا و لەزۆربەی کاتدا جێگای متمانەی خەڵکی بوە.
مەلا مستەفا یەکەمین کەسایەتی خێڵەکی کوردە کە دەستی کرد بە جیاوازی  کردن لەنێو ژنەکانی و دواتر مناڵەکانین. بەم هۆیەوە ، جۆرە نەرێتێکی نامۆی دروست کرد کە ئاوێتە بوو لەگەڵ نەریتی کوردایەتی. ئەم جۆرە نەریتە نەرێنیە  وای کرد کەئاسایی بێ بۆ کەسایەتی کورد کەچاو لەسەرکردەکەی بکا،بەجۆرێك، هێنانی زیاتر لەژنێك  و دواتر جیاوازی کردن لەنێو نەوەکان و ڕاکێشانی هەندێ بۆ لای خۆی و تەریك کردنی هەندێکی تر. بۆ نمونە، بارزانی حەمایلی لەژنەکانی تری جیاکردبۆوە و هەروەها مناڵەکانی ئەوی لەوانی تر پێ چاکتر بوو. هەربۆیە چەندین لەمناڵەکانی لەو خانەخوێە دەرکران و ڕوویان لەدوژمنەکەیان کرد و ئەویان لەماڵە باوك پێچاکتر بوو،لەوانە(لوقمان و عوبەیدوڵا). جێگای خۆیەتی هەڵوێستە لەسەر ئەو ڕەفتار و نەرێتە نێگەتیڤانە بدەین کەبارزانی لەخۆیەوە دەستی پێکرد و دواتر لە کۆمەڵگادا چاولێکەری بۆ پەیدا کرد.
یەکێ لەو وانەو پەندانەی هەریەك لە برایم و ئەحمەد و مەلا مستەفا فێری بوون بریتی بوو لە فەلسفەی خۆبەدەستەوەدان و کلك گرێدان بەدوژمنانی کوردەوە. لای ئەمان،ئەو شۆڕش و خەباتەی دێتە کایە پێوستە ڕەچاوی بەرژەوەندی سەردەستان بکرێ. هەربۆیە،چ لەڕێگای ئێران و تورکیا بۆ ئەوەی بتوانن بەرژەوەندیان پاراستراو بێ و نەکەونە ژێر گێژاوی گرتن و لەسێدارەدان و بتوانن بەئاسانی گەرمیان و کوێستان بکەن،ئەوەبوو هەموو ڕێگەیەکیان هەڵبژارد تا دڵی داگیرکەران  ڕابگرن بۆ مانەوەی خۆیان و بنەماڵەکانیان. لەو کاتەی برایم ئەحمەد جڵەوی پارتی هیوا بۆ مەلا مستەفا بەجێهێشت کە دواتر گۆڕدرا بە پارتی دیموکراتی کوردستان بەهەنجەتی ئەوەی گوایە ئەم سەردەمە پێوستی بە خەباتی چەکداری و هێزی تفەنگ بەدەستە. ئا لەو کاتەوە خەباتی ڕێکخستن و هۆشیاری کۆمەڵ و بڵاوکردنەوەی هزری نەتەوەیی لەلایەن برایم و مەلا مستەفادا شەقێکی تێهەڵدراو گۆڕدرا بە هێزێکی فشەڵی چەکداری کەدواتر پێش ئەوەی لەخزمەتی خەباتی کوردیدا تاقی بکرێتەوە لەلایەن شای ئێرانەوە گڵۆپی سەوزیان بۆ داگیرساند تا دژایەتی عەبدول کەریم قاسمیان پێکرد بەهەماهەنگی ئاغا و دەرەبەگی کوردستان.
ئەم هەڵایە لەژێر ناونیشانی شۆڕشی ئەیلولی ١٩٦١ دەستی پێکرد. هەڵبەت ئەو کارەی عەبدول کەریم قاسم دژ بە دەرەبەگ و ئاغا و بەگەکان لای زۆربەی سەرۆك و سەردارانی خێڵەکان دژایەتی کرا. ئەو هەموو زەوی و زارانەی گەڕاندرێنرایەوە بۆ پاڵەو جووتیاران ،ئەگەر چی بۆ ماوەیەکی کورت ببوو بەمایەی خێرو باشە بۆ زۆربەی خەڵکی هەژار و لێقەوماوان،لێ چینی بۆرژواو خوێنخۆر ئەمەیان پێ هەزم نەکراو لەساتیك گەڕان تۆڵەی خۆیان بکەنەوە. بۆ ئەمەش مەلا مستەفا باشترین خزمەتی بە هەریەك لە(چینە لەخۆباییبوەکەی کوردستان و حکومەتی ئێران و هێزی ئیستعماری ئەمریکا)کە ئەو دەم هاوپەیمانی ئێران بوون ،توانیان لەڕێگای ئەو هەموو چەك و تفاقە سەربازیەی پێشکەش بەمەلا مستەفا کرا لەڕێگای چەندین بەناو خەباتی کوردایەتی و دژایەتی عەرەب کورد هەڵبخەڵتێنن و ئەو شەڕە نەگریسەیان پێکرد کەجارێکی تر ئاغا و دەرەبەگیان هێنایەوە سەر بەڕە کۆن.
بەداخەوە لەبەرئەوەی هەڵاکەی ئەیلول هیچ جۆرە خۆئامادەگیەکی هزری بۆ نەکرابوو ،هەربۆیە بەفیکەیەکی شای ئێران توانرا کۆتایی پێبهێنرێ و ئاشبەتاڵی پێبکەن. ئەم هەرایە لەبەرئەوەی بنچینەکەی بۆ خەباتی کوردو کوردستان نەبوو،ئەوانەی ئەم هەرایەیان بەرپاکرد زۆرترین کات لەمەیدانی بەرنگاربوونەوە دوور بوون و بۆ تاقە ساتێکیش نەچوونە بەرەکانی شەڕەوە. ئەمان لەئێران بەکەماڵی ئیسراحەت خەریکی بارزگانی و کاری خۆیان بوون.هەرچی بنەماڵەو کەسە نزیکەکانی خۆیانە لەئاگرەکەوە دووریان خستبونەوەو لەدوورەوە بەدووربین سەیری کوردستانیان ئەکرد. بەواتایەکی تر،سەرکردەو پیاوە نزیکەکانی مەلا مستەفا هیچ باوەڕیان بەم هەراو هەڵایەی خۆیان نەبوو،هەربۆیە خاوەنداریان نەکرد و ئەمان تەنها لەخەمی پارەو ئیسراحەتەدا بوون.
یەکێ لەو دیاردانەی کە هەرای ئەیلول هێنایە کایەوە بریتی بوو لەبەشداری نەکردنی هیچ لەسەرکردە گەورەو نزیکەکانی مەلا مستەفا. لەمێژووی ئەو هەرایەدا تەنها کەسێك لەوانە نە گیران،نەکوژران و نەزامداربوون. بەڵکە،ئەوە تەنها خەڵکە سادە و خاکیەکە بوو خۆی کردە قوربانی ئەو فشە کوردایەتیەی مەلا مستەفاو هەراکەی ئەیلول. هێزەکانی سەر بەمەلا مستەفا و ئەوانی نزیکی خۆیان لە حاجی ئۆمەران و گەڵاڵە و قەندیل و هەندێکی تریان لە ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەشێکی تریان لە تاران جیگیر کرابوون و هیچ جۆرە بەشداریەکی ڕاستەوخۆی سەربازیان نەکرد. هەر بۆیە لە (دیستۆپیا)ی مەلا مستەفادا شتێك نەما ناوی خەباتی بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆ بێ و شەڕی دەستەو یەخە کردن لەگەڵ دوژمنان. زۆربەی کات مەلا مستەفا قارەمانی دروست کردنی دار جگەرەو کوشتنی وورچ بوو. ئەم بەناو سەرکردەیە بۆ تەنها ساتێکیش نەکەوتۆتە ژێر مەترسی گوللەو فیشەکی دوژمن،بەڵکە گەلێ دوور بووە لە بەرەکانی جەنگ . هیچ کاتێ نەیتوانیوە بەرەنگاری لە میلەتی کورد بکا،بەڵکە بەپێچەوانەوە میلەتی کوردی تووشی ئاشبەڵ و دەست خەڕۆیی کردوە،کورد وەتەنی(دەست خەڕۆکەر لە ماڵ وێرانکەر خراپترە)هەر بۆیە ئەمیش هەر ئەو کارەی کردوەو تەنها ئەوەی بەجێهێناوە کە دوژمنانی کورد ڕایان سپاردوە.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …