Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / ئایا ناوی منداڵەکەت ناوێكی عەرەبی ئیسلامیە یان ناوێکی “جاهلی” سەردەمی بتپەرستی

ئایا ناوی منداڵەکەت ناوێكی عەرەبی ئیسلامیە یان ناوێکی “جاهلی” سەردەمی بتپەرستی

ئایا ناوی منداڵەکەت ناوێكی عەرەبی ئیسلامیە یان ناوێکی “جاهلی” سەردەمی بتپەرستی؟

fb_img_1477342777239

 

کە منداڵ بووم پیاوێکی خزممان هەبوو، هەرچەند منداڵی ببوایە، ناوی عەرەبی لێدەنا. براکانم زۆرجار لێیان دەپرسی کە بۆ ناوی کوردی لە منداڵەکانی نانێت. ئەویش دەیگووت “ئەبێت ناوی منداڵەکانم ئیسمی بن”. ئەو پیاوە ساویلەکەیە بە زمانە سادەکەی خۆی مەبەستی لەوە بوو دەبێت ناوی منداڵەکانی عەرەبی و ئیسلامی بن. ئەو بۆچوونەی ئەو کابرایە مایەی سەرسوڕمان نیە، لەبەر ئەوەی کە ئەمڕۆ زۆرکەس بە زمانێکی تر هەر هەمان بۆچوونی ئەویان هەیە. ماوەیەک لەمەوبەر مەلایەکی بەڕێز لە وتارێکدا گاڵتەی بە ناوە کوردیەکان دەکرد و پێی وابوو دەبێت ناوی منداڵەکان ناوەی ئیسلامی وەک عەبدولڕەحمان و عەبدوڵا بێت نەک کوردی نوێ. ئەو مەلا بەڕێزە پێی وابوو ئەو ناوانە ناوی ئیسلامی عەرەبین و ناوی گونجاوی دروستن بۆ منداڵ نەک ناوی کوردی. جا با بزانین ئەم ناوە عەرەبیانە ناوی ئیسلامین یان ناوی جاهلی سەردەمی بتپەرستین؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەو بابەتە دەبێت سەرەتا بگەڕێمەوە بۆ ناوە دێرینە ئاشوریەکان و لەوێوە دەست پێبکەم.

 

ئاشوریەکان زۆرجار ناوە شەخسیەکانیان ناوی خودای تێدایە. ئەوان بە خودا دەڵێن “ئیلو” کە لە زمانی عیبریدا وەک “ئیل” دەردەکەوێت و لە عەرەبیدا بە شێوەی “ئیلاه/اله” دەردەکەوێت و پێش ئاشوریەکانیش زیاتر لە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر لای ئەکەدیەکانیش کە لە ڕووی فەرهەنگ و زمانەوە خزمن لەگەڵ ئاشوری و جوو و عەرەب، هەر بە شێوەی “ئیلو” دەرکەوتووە.

ئاشوریەکان زۆر ناویان لە ئاوێتەکردنی وشەی “ئیلو” کە مانای “خودا” دەدات، دروست کردووە. بۆ نموونە:

 

شەمشی ئیلو- ئەم ناوە ماناکەی دەبێتە (ڕۆژ خودامە) کە شێوە عەرەبیەکەی دەبێتە “شمس الله”.

نور ئیلی – ماناکەی دەبێتە “ڕوناکی خودا” و لەعەرەبیدا کە ئەمڕۆ وەک ناوێكی ئیسلامی دەردەکەوێتە و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و دەبێتە “نور الله” کە هەمان مانای هەیە.

 

لە ڕاستیدا هەموو ناوەکان کە خودای “اله” ی عەرەبی ئەمڕۆیان تێدا هەیە، بنەچەکەیان بۆ هەزاران ساڵ پێش ئیسلام و بۆ سەردەمی ئەکەدی و ئاشوری دەگەڕێتەوە و ئەو ناوانە بە شێوەیەکی خەست چوونەتە ناو زمانی عیبری جوەکانەوە و لای ئەوانیش ناوەکانی وەک (ئیسمائیل/ئیشما-ئیل، جوبرائیل/جوبرا-ئێل، سامۆئیل/سامۆ-ئێل……..) بەهەمان شێوە دەردەکەوێت و بە نزیکی هەموو ناوە عیبریە دێرینەکان ناوی “ئیل” هەیە. بۆ نموونە ناوی (ئیسماعیل) لە زمانی عیبریدا ماناکەی دەبێتە (خودا گوێ دەگرێت) و (سامۆئیڵ) ماناکەی دەبێتە (خودا گوێی لێبووە).

 

جا با بزانین ناوەکانی وەک عەبدوڵا و عەبدولرەحمان-ی عەرەبی ئیسلامین یان ئەوانیش ناوی سەردەمی بتپەرستین؟

مێژووی ئیسلام ناوی چەندین کەسایەتی تێدایە کە هیچیان لە بنەچەدا مسوڵمان نەبوون و ئەو ناوانەیان هەبووە. بۆ نموونە باوکی پێغەمبەر ناوی “عەبدوڵا” بووە و موسوڵمانیش نەبووە. هەروەها ئەسحابەی وەک (عەبدوڵای کوڕی عومەر کوڕی عاس) کە ناوەکەی “عەبدوڵا” بووە و دوایی بووە بە موسوڵمان و هەروەها (عەبدولرەحمان کوڕی سەمرە) کە ئەسحابەیەکی تر بووە و ئەویش سەرەتا موسوڵمان نەبووە. لە ڕاستیدا زۆرینەی ناوە عەرەبیەکانی ئەمڕۆی وەک (عەبدولکەریم، عومەر، عوسمان، زەید…..) کە خەڵک وەک ناوی ئیسلامی سەیریان دەکەن، ناوی سەردەمی پێش ئیسلامن و هیچ پەیوەندیان بە ئاینی ئیسلامەوە نیە.

 

ئەوەی کە ڕوونە ئەوەیە کە بنەچەی بەستنەوەی ناوی خودا بە مرۆڤەوە، دیاردەیەکی مێژوویی زۆر دێرینە و بۆ سەرەتای شارستانیەت دەگەڕێتەوە. سۆمەریەکان چەندین ناویان هەبووە بە هەمان شێوە. بۆ نموونە:  “دینگر ئامەمو” واتاکەی دەبێتە “خودا دایکمە” و لە زمانی ئەکەدیشدا دەردەکەوێت بە شێوەی “ئیلی ئەبی” (خودا باوکمە) کە لە عەرەبیدا دەبێتە “اله ابي” و ناوی ئەکەدی “ئیلی ئەخی” (خودا برامە) و  تەرەجومەکەی لە عەرەبیدا (اله اخي).

 

هەر وەک ڕوونکرایەوە هەموو ئەو ناوانەی کە ئەمڕۆ ئێمەی کورد لە ژێر کاریگەری ئاییندا دەیدەین بە منداڵەکانمان، ناوی سەردەمی بتپەرستین و هیچ پەیوەندیان بە ئاینی ئیسلامەوە نیە. ئەمڕۆ عەرەبەکان ئایین وەک ئامرازێکی ناسیۆناڵیستی و سەپاندنی فەرهەنگی خۆیان بەکاردەهێنن و وای نیشان دەدەن کە ئەو ناوانە پەیوەستن بە ئاینی ئیسلامەوە بەڵام هیچ بەڵگەیەکی زانستی و مێژووییی ئیسلامیش نیە کە بە هیچ شێوەیەک پشتگیری لەو بۆچوونە بکات و ئەو بۆچوونە بێ بنەمایە.

 

تێگەیشتن لە خۆمان و دەروبەرمان هاوکاریمان دەکات کە زیاتر و باشتر و ژیرانەتریش لە بیروباوەڕی خۆمان بگەین. جا خێزانی کورد، دوودڵ نەبی لەوەی کە ناوی منداڵەکەت کوردی بێت و دڵنیابە ئەو ناوە عەرەبیەی کە بۆ منداڵەکەتی دادەنێیت، ناوی سەردەمی بتبەرستیە و پەیوەندی بە ئاینەکەتەوە نیە. بۆیە زۆر جار ناوە کوردیەکە لەوانەیە نزیکتر و بێ زیانتر بێت بە ئاینەکەت وەک لە ناوە عەرەبیەکانی سەردەمی “جاهیلی” و بتپەرستی کە هیچ پەیوەندیان بە ئاینەکەتەوە نیە.

نووسینی: سۆران حەمەڕەش

سەرچاوەکان:

– Crouch, C.L. (2014), Israel and the Assyrians: Deuteronomy, the Succession Treaty of Esarhaddon, and the Nature of Subversion, Society of Biblical Literature, Atlanta.

– De Mieroop, M. V (2005), Cuneiform Texts and the Writing of History, Routledge, London.

– Di Vito, R. A (1993),  Studies in Third Millennium Sumerian and Akkadian Personal Names: The Designation and Conception of the Personal God, Gregorian Biblical BookShop, Rome.

– Pinches, T. g.(2016),The Old Testament in the Light of the Historical Records and Legends of Assyria and Babylonia, Theophilus Goldridge Pinches, London.

About زريان احمد

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …