كورد له‌جه‌نگی چاڵدێرانه‌وه بۆ موسڵ، قوربانیی ململانێی مه‌زهه‌بگه‌رایی
“سه‌رنجێك له‌په‌یوه‌ندی نێوان ئاین‌و ناسیۆنالیزم له‌ڕوانگه‌ی بیربۆچوونه‌كانی (باربارا ئان-ریڤه‌ر)ه‌وه”
پرسیاری سه‌ره‌كی له‌م وتاره‌دا ئه‌وه‌یه بۆچی نه‌ته‌وه‌كانی عه‌ره‌ب و فارس و تورك توانیویانه سوود له‌ئایین و مه‌زهه‌ب وه‌ربگرن و بیكه‌نه ئامرازی بونیاتنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێمه‌ی كورد به‌پێچه‌وانه‌وه به‌و ئامرازه ده‌سته‌مۆ‌و رامكراوه‌و بۆته قوربانی؟ به‌مانایه‌كی تر له‌نێوان ئاین‌و ناسیۆنالیزمدا چ جۆره په‌یوه‌ندییه‌ك هه‌یه؟ ئایا ئاین ده‌توانێ رۆڵی له‌رۆنانی نه‌ته‌وه‌دا هه‌بێت یان نا؟
جه‌نگی چاڵدێران.. سه‌ره‌تای دابه‌شبوونی مه‌زهه‌بگه‌رایی كورد
زۆرجار ته‌نانه‌ت لای توێژه‌رانی بواری مێژووش خوێندنه‌وه‌یه‌كی نابابه‌تی ده‌كرێ بۆ جه‌نگی چاڵدێران ١٥١٤، به‌وه‌ی هۆكار‌و سه‌ره‌تای دابه‌شبوونی خاكی كوردستانه، به‌ڵام روانگه بابه‌تییه‌كه ئه‌وه‌یه، كه سه‌ره‌تای دابه‌شبوونی خاكی كوردستان بۆ په‌یماننامه‌ی زه‌هاوی ساڵی ١٦٣٩ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌نه‌ك جه‌نگی چاڵدێران، چونكه چاڵدێران سه‌ره‌تای دابه‌شبوونی كورد‌و كوردستانه له رووی ئاین و مه‌زهه‌بگه‌راییه‌وه له‌نێوان شیعه‌و سوننه‌دا، به‌جۆرێك له‌و دیرۆكه به‌دواوه جوڵانه‌وه‌ی كورد و كێشه ره‌واكه‌ی كراوه به قوربانی ململانێ مه‌زهه‌بییه‌كانی نێوان سوننه‌و شیعه، به شێوه‌یه‌ك راسته زۆرینه سوننه بوون و هه‌ر له‌به‌ر كاریگه‌ریی ئه‌و لایه‌نه‌ش به زۆری مه‌لائیدریسی به‌دلیسی پشتیوانی میرنشینه كوردییه‌كانی بۆ سوڵتان سه‌لیمی یه‌كه‌می عوسمانی خسته‌ڕوو، به‌كاریگه‌ری هێزی جه‌نگاوه‌رانی كوردیش عوسمانییه‌كان سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر سه‌فه‌وییه‌كاندا. هه‌روه‌ك له‌قۆناغه‌كانی دواتری جه‌نگی چاڵدێرانیشدا ئه‌م كارایی‌و كاریگه‌رییه مه‌زهه‌بگه‌راییه به‌رده‌وامی هه‌بوو، به‌جۆرێ هه‌تا ئه‌م ساته‌وه‌خته سێبه‌ری ململانێی مه‌زهه‌بگه‌رایی‌و كاریگه‌ریی ئاینی له‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان لانه‌چووه‌و ماوه‌و به‌رده‌وامه. ئه‌گه‌ر به‌شێكی تاوانی وڵاتان و زلهێزانی هه‌رێمیی و ناوچه‌یی بێت، ئه‌وا تاوانی گه‌وره ده‌كه‌وێته سه‌رشانی هێزه سیاسییه‌كانی كورد خۆی، چونكه له‌پاش راپه‌ڕینه‌وه ده‌رفه‌تێكی زێڕین به پشتیوانی وڵاتانی هاوپه‌یمان بۆ كورد هاته ئاراوه‌و به‌دیاریكراویش پاش روخانی رژێمی به‌عس له‌عێراق ساڵی ٢٠٠٣، بۆیه ده‌كرا كار له‌سه‌ر كاڵكردنه‌وه‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و كاریگه‌رییه مه‌زهه‌بگه‌راییه له‌سه‌ر میلله‌ته‌كه‌مان و كێشه ره‌واكه‌ی بكرێت له‌رێی بونیاتنانی دام و ده‌زگه‌ی ده‌وڵه‌تداریی و به‌رهه‌مهێنانی گوتارێكی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و فه‌رهه‌نگی نوێ و سه‌رده‌میانه له‌بواری بڕیارسازیی‌و ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا.
ئاین‌و مه‌زهه‌ب له‌ئامرازی بونیاتنانه‌وه بۆ كه‌ره‌سته‌ی ده‌سته‌مۆكردن
به حوكمی ئه‌وه‌ی زیهنیه‌تی مرۆڤی كورد زیهنیه‌تێكی داگیركراوه‌و ئازاد نییه، چ وه‌ك هزر‌و چ وه‌ك ئاین‌و چ وه‌ك سیاسه‌تیش، بۆیه ئه‌سته‌مه بتوانرێ به‌ئاسانی له‌و ده‌سته‌مۆبوون و داگیركراوییه رزگار بكرێت. كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه، كه‌كورد نه‌یتوانیوه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه درێژه به‌و گوتاره ئاینیه نه‌ته‌وه‌ییه بدات، كه پێشتر له سه‌رده‌می شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هرییه‌وه ده‌ستیپێكردووه و پێشتریش كه‌سایه‌تیه‌كی وه‌ك مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی تیۆریزه‌ی كردووه، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه (باربارا ئان- ریڤه‌ر) له‌خوێندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئاین و ناسیۆنالیزمدا روونی كردووەته‌وه، ریڤه‌ر له‌په‌یوه‌ندی نێوان ئاین و ناسیۆنالیزم و له‌ژێر كاریگه‌ری ئاین به‌سه‌ر ناسیۆنالیزمه‌وه، پۆلێنبه‌ندییه‌كمان بۆده‌كات له ڕووی ئه‌وه‌ی تا چ راده‌یه‌ك ئایین ده‌توانێت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ناسیۆنالیزم هه‌بێت، به‌و هۆیه‌شه‌وه جۆره‌كانی ناسیۆنالیزم له ژێر كارایی ئایین به‌مجۆره بۆ سێ جۆر پۆلێن ده‌كات:
یه‌كه‌م – ناسیۆنالیزمی سێكیۆلار.
دووه‌م – ناسیۆنالیزمی ئامرازی باوه‌ڕمه‌ند.
سێیه‌م – ناسیۆنالیزمی ئایینی.
له‌ڕوانگه‌ی ریڤه‌ره‌وه، جۆری یه‌كه‌م له‌ناسیۆنالیزم، كه ناسیۆنالیزمی سێكیۆلاره رێگه نادات ئایین له رونانی شوناسی نه‌ته‌وه‌ییدا جێگه‌یه‌ك بگرێت. جۆری سێیه‌م، كه ناسیۆنالیزمی ئایینیه، لای ناوبراو برییتیه له بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی، كه له‌لایه‌ن گروپێك له‌خه‌ڵك، كه زۆر كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ریی باوه‌ڕه ئایینیه‌كان به‌مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان له ژێر قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی سه‌ربه‌خۆدا. هه‌رچی جۆری دووه‌مه، كه بریتییه له‌ناسیۆنالیزمی ئامرازی باوه‌ڕمه‌ند، ریڤه‌ر وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌ك ده‌یبینێت، كه له‌ناو ئه‌م چه‌شنه له‌ناسیۆنالیزمدا، ئایین پێگه‌یه‌كی كاریگه‌ر و توخمێكی لایه‌نگیری شوناسی نه‌ته‌وه‌یی داگیر ده‌كات. به بڕوای ئێمه به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ هه‌ر دوو ئاراسته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی له باشووری كوردستان تێبینی دوو جۆر له‌م ناسیۆنالیزمه ده‌كه‌ین، كه‌ریڤه‌ر ئاماژه‌ی پێداوه، یه‌كه‌میان كاری له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه، كه جوڵانه‌وه كورد و كێشه ره‌واكه‌ی له‌سه‌ر ئاراسته‌ی ناسیۆنالیزمی سێكیۆلار بێت و هه‌ر چه‌شنه كاراییه‌كی ئاین به‌سه‌ر رێڕه‌وی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كورد و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیشه‌وه دوور بێت به‌بێ ره‌چاوكردنی تایبه‌تمه‌ندی بونیاتی خێڵه‌كی و ئاینی كورد. دووه‌میان ناسیۆنالیزمی ئاینییه، ئه‌گه‌رچی ته‌نها ره‌وتی ئیسلامی جیهادی له‌دروستبوون و پاش راپه‌ڕین و تامانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی دامه‌زرێنه‌ر و یه‌كه‌می كه‌سایه‌تییه ئاینییه‌كان ئه‌م گوتاره به‌رده‌وامی هه‌بوو، پاش نه‌مانی ئه‌و نه‌وه‌یه و به‌كاریگه‌ریی و هه‌ژمونی مۆدێلی ئاینداری میسر و سعودیه و پاشتریش ئێران و توركیا پوكایه‌وه و لاواز بوو. هه‌روه‌ها كه‌متریش توخنی ناسیۆنالیزم وه‌ك روانینی نه‌ته‌وه‌یی پوخت مامه‌ڵه‌ی ده‌كرد و ده‌یبه‌سته‌وه به‌ده‌قه ئاینیه‌كانه‌وه. به‌ڵام به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندن و ئه‌ده‌بیات و بڵاوكراوه‌كانیان پێكڕا جه‌ختكردنه‌وه بوو له رزگاركردنی نه‌ته‌وه له رێگه‌ی ئاین و به ئامرازی ئاین، كه‌به‌پێی بیروبۆچوونه‌كانی ریڤه‌ر ده‌چێته خانه‌ی جۆری سێیه‌م، كه‌ناسیۆنالیزمی ئایینیه. بێگومان ئه‌م ئاراسته‌یه‌ش ره‌چاوی ره‌گو ریشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كێشه‌ی كوردی نه‌كردبوو، هه‌ر بۆیه زوو ده‌كه‌وته ژێر سۆزی ئاینی گوتاری ئاینی عه‌ره‌بییه‌وه، به‌جۆرێك له قۆناغه‌كانی دواتر و تائێستاش هێنده‌ی مشوری كێشه‌ی فه‌له‌ستین و میسر و توركیا و ئێران ده‌خوات، هێنده له‌خه‌می كێشه و تێگه‌یشتنی ئاینی و نه‌ته‌وایه‌تی كوردیدا نییه. ئێمه بۆچوونمان وایه هیچ كام له‌م دوو ئاراسته‌یه نه‌یانتوانیوه راستینه‌ی كێشه‌ی كورد‌و بونیاتی كۆمه‌ڵگه‌ی ئاینی و پێویستی رۆڵی ئاین له رۆنانی شوناسی نه‌ته‌وایه‌تی كوردیدا بخوێننه‌وه وه‌ك خۆی، وه‌كچۆن له‌مێژ بوو عوسمانی و سه‌فه‌وییه‌كان توانیبوویان د‌رك به‌و رۆڵه گرنگه و كاریگه‌ره‌ی ئاین بكه‌ن له به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان ته‌وزیفی بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا سوڵتان و شاكانی سه‌فه‌وی و عوسمانی وا به‌ئاسانی نه‌یانده‌توانی میرنشینه كوردییه‌كان وه‌ك ئه‌رده‌ڵان و بابان له‌لایه‌ك و بابان و سۆران و ته‌نانه‌ت میر‌و باوك و برا‌و ئامۆزاكانی ناو یه‌ك میرنشین بده‌ن به‌گژی یه‌كتریدا، یان سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م نه‌یده‌توانی به‌ئاسانی سواره‌ی حه‌میدیه له‌ژێر سۆزی ئاینیدا بۆ كوشتار‌و قه‌تڵ‌و عامی ئه‌رمه‌نه‌كان پێكبێنێت، یان نزیكتر مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك له‌ماوه‌ی جه‌نگی سه‌ربه‌خۆیی توركیا‌و ده‌سپێكی بزوتنه‌وه‌ی كه‌مالیدا (١٩١٩ – ١٩٢٣) به‌ئامرازی ئاین هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له دژی سوڵتانی عوسمانی و غه‌زا به‌ناونانی خۆی به‌جه‌نگاوه‌ری كورد دژ به‌هێزه‌كانی یۆنان و فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا به‌رپا بكات و پاشتر توركیایه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماكانی یه‌ك نه‌ته‌وه‌و یه‌ك ئاڵا و یه‌ك زمان بونیات بنێ و كوردیش بخاته‌وه ناو مێژووه‌وه و به‌ناوی به‌رجه‌سته‌كردنی برایه‌تی ئاینی تورك و كورده‌وه فریویان بدات. بۆیه ده‌روازه‌و ده‌رچه‌ی رزگاربوون له‌و كاریگه‌رییه بریتییه له په‌یڕه‌وكردنی جۆری دووه‌می ناسیۆنالیزم، كه هه‌م جێی هێزه سێكیۆلاره‌كانی تیا ده‌بێته‌وه، هه‌م هێزه ئاینییه‌كانیش، كه پێكه‌وه له‌پێناوی كێشه‌یه‌كی ره‌وا‌و نه‌ته‌وه‌یه‌كی په‌رتكراودا تێبكۆشن.
جه‌نگی موسڵ وه‌ك وێستگه‌یه‌كی قوربانیبوونی كێشه‌ی كورد له‌ململانێ مه‌زهه‌بییه‌كاندا
تادێت له جه‌نگی موسڵ نزیك ده‌بینه‌وه، دواخستنی رزگار كردنی موسڵ هه‌ر شتێكی له‌پشته‌وه بێت، ئه‌و نه‌گبه‌تیه‌ی سه‌باره‌ت به كورد له هه‌گبه‌دا هه‌ڵگرتووه، كه جارێكی تر وه‌ك جه‌نگی چاڵدێران ده‌بینه‌وه قوربانی ململانێ مه‌زهه‌بییه‌كانی نێوان شیعه و سوننه. جارێكی‌تر له‌بری ئه‌وه‌ی جه‌نگی موسڵ وێستگه‌یه‌ك بێت بۆ به‌ره‌و پێشبوونی كێشه‌ی كورد له‌سه‌ر ئاستی جیهان و ناوچه‌كه به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت ده‌بینه‌وه سوته‌مه‌نی ئه‌و جه‌نگه مه‌زهه‌بییه‌و ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ره‌تا. له‌راستیدا هۆكاره‌كه به‌شێكی خۆمانین، كه‌نه‌توانیومانه به‌جوانی له‌ئاین تێبگه‌ین له‌په‌یوه‌ندی به‌ناسیۆنالیزمه‌وه، كه‌له‌به‌رژه‌وه‌ندی كێشه ره‌واكه‌ی خۆماندا له كۆنه‌وه تائێستا ته‌وزیفی بكه‌ین، نه‌توانیوشمانه پشتیوانی و په‌یوه‌ندییه سیاسیی و ئابوورییه‌كانی وڵاتانی میحوه‌ری ململانێ مه‌زهه‌بییه‌كانی وه‌ك ئێران و توركیا له قازانجی خۆمان درێژه پێبیده‌ن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌كرێت دابه‌شبوونێكی روونه له‌و نێوانه‌دا، ئه‌گه‌رنا هیچ پێویست ناكات ئێمه‌ی كورد ببینه به‌شێك له‌و ململانێ مه‌زهه‌بییه‌ی نێوان شیعه و سوننه كه له ئێستادا خاڵی به‌ریه‌ككه‌وتنی جه‌نگی موسڵه. ئه‌وه‌ش كه وایكردووه ئێمه تێوه بگلێین، یه‌كه‌م كارایی په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كانه به‌وڵاتانی دراسێ‌و هه‌رێمییه‌وه، كه له‌بری راگرتنی وه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كی هاوسه‌نگ له بواری سیاسیی و ئابوورییه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه كراوینه‌ته دارده‌ست و كرێگرته و دابینكه‌ری پیتاكی جه‌نگ، دووه‌م له رووی ئاینیه‌وه‌یه، كه كه‌سایه‌تی و هێما ئاینییه‌كان به‌شێكی هه‌ره زۆریان ده‌مێكه وه‌ك واعیزی سوڵتان رۆڵی خۆیان ده‌بینن و له‌ژێر كارایی نه‌ك ته‌نها ئایندا به‌ڵكو مه‌زهه‌بێكی دیاریكراویشدا دۆستایه‌تی و لایه‌نگیری بۆ میحوه‌ره‌كانی ململانێی جه‌نگه مه‌زهه‌بییه‌كه ده‌ربڕیوه، ئه‌گه‌رتا هیچ جۆره لێدوانێك نه‌به‌بابه‌تییه، نه‌واقیعیشه تایبه‌ت به‌پێویستی به‌شداری توركیا یان ئێران له‌جه‌نگی موسڵدا، چونكه دواجار رێڕه‌و و ئاراسته و راستینه‌ی كێشه‌ی كورد له عێرا‌ق و ناوچه‌كه و جیهان له رێڕه‌و و ئاراسته‌ی خۆی، كه مۆركی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌یه ده‌گۆڕێت بۆ مۆركه ئاینی و مه‌زهه‌بگه‌راییه‌كه، كه ئه‌وكاتیش له روانگه‌ی سوننه و شیعه‌وه وه‌ك ره‌عیه‌ت و خزمه‌تكار ته‌ماشا ده‌كرێین. بۆیه به‌ر له روودانی ئه‌و جه‌نگه زۆر گرنگه كورد خۆی به‌دوور بگرێت له هه‌ر جۆره خزانێك له‌ململانێ مه‌زهه‌بییه‌كان‌و جه‌نگی مه‌زهه‌بگه‌رایی سوننه‌و شیعه، كه‌له‌موسڵدا بڕیاره به‌منزیكانه وه‌ك وێستگه‌یه‌كی تری مێژووی حساباته‌كانی یه‌كتری له‌گه‌ڵ یه‌كدی یه‌كلا بكه‌نه‌وه.