Home / ناوداران / چەند لایەنێکی ژیانی ستالین

چەند لایەنێکی ژیانی ستالین

maxresdefault
ئیبراهیم عەباس
جۆزیف فیساری نوفیتش دجوگا شفیلی (18 دیسمبەر 1878 – 5 مارس 1953)  دووەم سەرکردەی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، کە بە دامەزرێنەری راستەقینەی یەکێتی سۆڤیەت دەناسرێت، سەرۆک وەزیرانی سۆڤیەت لە نێوان ساڵانی (1941-1953)، کە بەناوبانگە بووە بە بەدڵرەقی و بەهێزی و پیاوی ئاسنی لەبەر ئەم هۆکارەش لە تەمەنی 30 ساڵیدا ناوی خۆی لە جۆزێفەوە بۆ ستالین دەگۆرێت، کە بەمانای پیاوی پۆڵاین دێت.
راستە ستالین توانی یەکێتی سۆڤیەت لە کۆمەڵگایەکی کشتوکاڵیەوە بۆ کۆمەڵگایەکی پیشەسازی بەرێت. لە جەنگی جیهانی دووەمیشدا لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان سەرکەوتنیان بەسەر هیتلەردا تۆمار کرد، وە سۆڤیەت بووە وڵاتێکی بەهێزو زەبەلاح.
بەڵام چونکە بناغەی حوکمرانییەکەی سۆڤیەت و ستالین خۆ بەستنەوە بوو بە ئایدۆلۆژیاو دکتاتۆریانە و لەسەر بنەمای ترس و تۆقاندن و کوشتن حوکمرانیان کرد پاش “69” ساڵ لە “1922 ـ 1991” کۆتایی بە رژێمی سۆسیالیستی سۆڤیەت هات و سۆڤیەت کە “15” وڵاتە بوون پارچە پارچە بوون، لە بەرامبەر دیموکراسی و رێزگرتن لە مافی مرۆڤی وڵاتانی رۆژئاوا، بەتایبەت ئەمریکا چۆکیان دادا.
هەوڵ دەدەم، بە سود وەرگرتن لە چەند سەرچاوەیەک، بە تایبەت ویکیپیدیا و کتێبی” بیرەوەرییەکانی مارشاڵ زۆکۆف” ئەو مارشاڵە سۆڤیەتیەی، سوپاسالاری گەورەی رووسەکان بوو، توانی سەرکەوتن بەسەر هیتلەر و ئەڵمانییەکاندا تۆمار بکات و بەرلینی پایتەخت داگیر بکات بەر لەوەی هاوپەیمانەکان بگەنە بەرلین. کە ئەویش پشتی بە زانیارییەکانی (هیولومنجى) بەستووە کە وەرگێری چەرچڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بووە، هەڵوەستە لەسەر چەند لایەنێکی ژیانی ئەو دکتاتۆرەی مێژووی مرۆڤایەتی بکەم.
 بەو ئامانجەی سود لە زانیارییەکان وەربگرین و بکرێنە پەند بۆ ئەمرۆی حوکمداری و ژیانی رامیاری کوردستان. چونکە هەر حوکمێک کە بناغەکەی ترس و توقاندن بوو، سەر ئەنجامەکەی لە حوکمی ستالین و دکتاتۆرەکانی تری مێژوو باشتر نابێت.
ستالین کێ بوو؟
* لە  18 دیسمبەر 1878 لە شاری گوری لەدایکبووە، سێیەم منداڵی بنەماڵەکەیان بووە، ستالین ڕابەر و سیاسەتوانی کۆمۆنیستی سۆڤیەت بوو، کە لە نێوانی ساڵانی ٢٠ی تەمەنی تاکوو کاتی مردن ڕابەرایەتی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتی سۆڤیەتی لە ئەستۆ بوو. زۆر کەس بە بەرپرسی کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە مرۆڤی ئەزانن کە ژمارەی کوژراوەکان بە زیاتر لە 20 ملیۆن مرۆڤ مەزەندە دەکرێن.
* سەردەمی منداڵی ستالین کەمی دەزانرێت، بەڵام یەکێک لە ھاوڕێکانی سەردەمی منداڵی ستالین لەم بارەوە دەنوسێت: باوکی ستالین ھێندە دڵڕەقانە و خراپ لە ستالینی دەدا، ھەندێک جار نیوە مردوو دەبوو، بەڵام سەیر لەوە دا بوو کە ھیچ کەس گوێی لە گریانی ستالین نە دەبوو، ستالین ھەرگیز نەگریاوە.
*سێ خوشک و برای ستالین لە تەمەنێکی زۆر منداڵیدا مردوون، بۆیە ستالین بە تەنھا خۆی بە بێ خوشک و برا ماوەتەوە، لە تەمەنی ھەشت‌ ساڵیدا دایکی لە تیبلیس، لە خوێندنگەیەکی مەسیحی ئەرتۆدۆکسی دەیخاتە بەر خوێندن، بەو هیوایەی کورەکەی ببێت بە قەشە . بەڵام ساڵی ١٨٩٩ ستالین لەبەر ئەوەی ناتوانێت تاقیکردنەوەکان لە کاتی خۆی ئەنجام بدات ، لەم خوێندنگەیە دەردەکرێت.
*ستالین دوو جار ژنی ھێناوە، یەکەم ژنی جولەکە بووە بە ناوی کاترینا، پاش چوارساڵ لە ژیانی ھاوسەری لەگەڵ ستالیندا، ساڵی ١٩٠٧ بە نەخۆشی سیل دەمرێت، ستالین ھەموو پارەو پولی خۆی بۆ حزب تەرخان کردبوو، بۆیە نەیتوانی فریای ئەم ژنەی بکەوێت و دەرمانی گران بەھای بۆ بکڕێت. ساڵی 1917 لەگەڵ کچێکی 17 ساڵ بەناوی نادیە هاوسەرگیری دووەم دەکات، کە شیوعییەکی متەحەمیس و کچی یەکێک لەسەرکردە هاورێکانی دەبێت، دواتر ئەندازیاری تەواو دەکات و دەبێتە دایکی دوو منداڵ، بەڵام بەهۆی نەگونجانی لەگەڵ ستالین بە فیشەک کۆتایی بەژیانی دەهێنێت.
(هیولومنجى) وەرگێری چەرچڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەم جۆرە ستالین دەناسێنێت:
باڵای لە پێنج پێ و پێنج پەنجە بەرزتر نەبوو. لە شولارێکی بەهێز و بەتوانای هەبوو. بەڵام ناوشان و سنگی زۆر پان نەبوو. لەکاتی جەنگی جیهانی دووەمدا تەمەنی لە 64 ساڵیدا بوو.
زۆر گورج و گۆڵ و سوکەڵە بوو، لە گورجوگۆڵیدا لە پشیلە دەچوو، مووی سمێڵەکانی گەورەو پڕبوون. سەری پڕِو رەش و سپی بوو. هەر کە سیمای ئەو ئیمپراتۆرەت دەبینی لە خۆتەوە لە ئاستیدا خۆت بچوک دەبینیەوە، وەکو پیاوێکی بچکۆلەو ئاسایت لێدەهات. هەر کە گوێت لە دەنگیشی دەبوو، لە خۆتەوە تووشی داخورپان و سەرسوورمان دەبوویت، دەنگەکەشی شێوازی تایبەتی نەبوو، قسەکردنی شێوازی جۆرجی پێوەدیار بوو.
“ستالین و ترس”
کەسایەتی و نوێنەرانی سۆڤیەت لە بۆنەو ئاهەنگەکاندا هەر کە ستالینیان لێ دەربکەوتایە، لەرزیان لێدەهات و بێدەنگ دادەنیشتن، وەک ئەوەی لەناو گۆردا بن هەناسەیان لەخۆیان دەبری. چونکە ستالین پیاوێکی خۆ سەپێن بوو، هەوڵیدەدا بەهەموو شێوەیەک خۆی بەرامبەر کەسانی دەوروبەری بسەپێنێت، چونکە لە ناخیدا هەستی بە کەموکوری دەکرد. زۆریش حەزی لەشانازی و مەرایی و پیا هەڵدان بوو.
لەمبارەوە (هیولومنجى)  دەڵێت: رۆژێکیان (بافلوف)ى وەرگێری(ستالین)م بینى لە ترسى ستالین دەلەرزى.
بەڵام  ستالین خۆشی بەردەوام لەترس و دڵپەراوکێدا بوو، کەسانێکی زۆر کەمی دەوروبەری نەبێت کەس نەیزانیوە لە چ شوێنێک کار دەکات و لە کوێش دەخەوێت. خەڵک نەیتوانیوە سەردانی ستالین بکات، تەنها رێگا بۆ پەیوەندیکردنی لە رێگای سندوقی ئەو پۆستانە بووە کە لە دیوارەکانی کرملین هەڵواسرابوون، لەو رێگایەوە خەڵک دەیتوانی دەنگی خۆی بگەیەنێتە ستالین، ئەو سندوقانەش تەنها ناوە نهێنییە حکومییەکەی ستالینیان لەسەر نووسرابوو، نەک ناوە راستەقینەکەی خۆی، لە وێوە ئەو خەڵکە کڵۆڵ و کەسانەی سکاڵایان دەنووسی و دەیانخستە ناوسندوقەکە دەپارانەوە و داوای روحم و بەزەییان بۆ ئەو خزم  و کەسە گیراوانەیان دەکرد کە لە بریاری لە سێدارەدانیان بەسەردا درابوو، بەڵام هێشتا لە زیندانەکاندا بوون.
ستالین تەنها هەر وای لە میللەتەکەی نەکردبوو لە خۆی بترسێت و بەس، بەڵکو وای لە میللەتەکەی کردبوو، یەک لەیەکیتر بترسن و نەوێرن قسە بکەن. ھەرکەس و گروپێک بۆچونیان جیاواز بوایە بە ناوی خیانەت بە شۆڕش وسوشیالیزم و بەکرێگراوی بێگانە لە لایەن ئەم دەزگا پۆلیسانەوە دەستگیر دەکران و دووچاری چارەنوسی نادیار دەبوونەوە. ستالین بە راست و چەپی خۆیدا نەیارانی خۆی بە ناوی خائن و ھەڵپەرست و دژە شۆڕش و ئۆپۆزیسیۆنەوە پاکتاو دەکرد و لەناوی دەبردن.
“ستالین و برەودان بە کاری جاسووسی”
سەردەمی حوکمی ستالین بە سەردەمی ئاگر و ئاسن ناو دەبرێت، ئەو ھەر ئەوەندەی دەستی واڵا بوو، ئیتر کەوتە وێزەی نەیارەکانی خۆی، ھەرچەندە دەزگاکانی پۆلیسی نھێنی وەک چیکا و گپو لەکاتی لینینیشدا ھەبوون، بەڵام لەسەردەمی حوکمی ستالیندا گەیشتنە ئەوپەڕی دەسەڵات و دڵڕەقی.. لە چوارچێوەی ئەم شێوەکارانەدا ستالین پۆلیسی نھێنی ناوخۆ و دەرەوەشی دروستکرد، لەژێر چاودیری راستەوخۆی خۆیدا چەندین تۆڕی جاسوسی و دژە جاسوسی لە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەرەنسا و ژاپۆن و ئەمەریکا، بڵاو کردەوە، یەکێک لە کارە دیارەکانی ئەم دەزگایانەی ستالین ئەوە بوو کە ساڵی ١٩٤٠ لە مەکسیک توانیان دەستیان بگەیەننە ترۆتسکی و لەناوی بەرن. بەگشتی ستالین بەناوبانگە بەوەی کە باوەری بە بەکەس نەبووە و زۆربەی هاورێکانی خۆی لە ناو بردوون.
“مردنی ستالین”
رۆژی 5ی مارسی 1953 لە تەمەنی 73 ساڵیدا و لە ماڵەکەی خۆی لە کونتسەڤۆ، ستالین گیانی لە جەستەی دەرچوو، دووجار نیژراوە، جارى یەکەم لە 9ی ئازاری 1953 لە گۆرستانی گەوەرە پیاوانی روسیادا، لە گۆرەپانی سوور، جاری دووەم لە ساڵی 1961 بەدزیەوە لە نزیزک یەکێک لە دیوارەکانی کرملن نێژراوە، ھەتا ئێستا سەبارەت بە ھۆکاری مردنی ستالین ھیچ ئاشکرا نەبووە ، بەڵام سەرچاوە فەرمیەکانی حکومەتی سۆڤیەتی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو بە نەخۆشی فشاری دەماخ کۆچی کردووە. ھەندێک سەرچاوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لاڤرێنتی بەرییا، ستالینی دەرمانخوارد کردبێت، ھۆکاری ئەمەش ئەوە بووە گویا بەرییا ھەستی بەوە کردووە کە ستالین لەناوی دەبات، چونکە ئەو دەسەڵاتی زۆری پەیدا کردبوو، بەرییا کاری بۆ ئەوە کردووە کە پاش دەرمانخواردکردنی ستالین ھەتا ماوەی ٢٤ کاژێر ھیچ دکتۆرێک نەتوانێت سەردانی بکات.
یەکێکی دیکە لە چیرۆکەکانی مردنی ستالین باس لەوە دەکات گویا ستالین بە درێژایی رۆژێک لە ژورەکەی خۆی نەھاتۆتە دەرەوە ، بەڵام لەبەر ئەوەی ھیچ کەس بۆی نەبووە بێزاریکات ، کەس نەیوێراوە لە دەرگای بدات و ھەواڵی بپرسێت، بە درێژایی ئەو رۆژە ھەتا مۆڵەتی چونە ژوری ستالین وەرگیراوە و کەسێک بۆی ھەبووە بچێتە ژورەکەی ستالین لەسەر فەرشی ژورەکەی خۆی لەپەلوپۆ کەوتووە و پاشان بە فشاری دەماخ مردووە.
هۆکارەکەی هەرچییەک بێت، ستالین مردو پێش مردنی خۆی ملیۆنان مرۆڤی کوشت، سیستەمێکی بۆ یەکێتی سۆڤیەت بەجێهێشت، کە دواتر سەری یەکێتی سۆڤیەتی خوارد. حوکمداریی ئەم مرۆڤە نەک نەبووە جێگای شانازی مرۆڤایەتی و وڵاتانی سۆڤیەت، بەڵکو بەر نەفرەت کەوت. نەفرەتێک تا مرۆڤایەتی بمێنێت هەر بەردەوام دەبێت

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …