Home / بەشی مێژووی كورد / سیاسەتی مەعنەوی لە مێژووی کوردستاندا،بەشی یەکەم

سیاسەتی مەعنەوی لە مێژووی کوردستاندا،بەشی یەکەم

سیاسەتی مەعنەوی لە مێژووی کوردستاندا،بەشی یەکەم

15093102016_14508592_1284623688239051_642323586_n

نوسینی:سەباح موفیدی

زۆربەی کات، کە باس لە “سیاسەتی مەعنەوی”[1] دەکرێت، زەینی مرۆڤ خێرا بەرەو بواری ئایین و “سیاسەتی ئایینی”[2] رادەکێشرێت. زۆر جاریش کاتێک باسی لێ کراوە، سەرنجی جیاوازیی ئەم چەمکە لەگەڵ دیکەی چەمکە هاوشێوەکان نەدراوە، ئەگەرچی زیاتر مەبەستیان سیاسەتێک لەسەر بنەمای بیروباوەڕی ئایینی بووە. هەرچەند، ئەم چەمکانە هاوپۆشینیان هەیە و سنوورێکی دیاریی ئەوتۆ لە نێوانیاندا نییە و جیاکردنەوەیان هەستەمە، بەڵام بەتەواوەتی یەکێک نین. ئەم وتارە بەپێی توانا ئاورێک دەداتەوە سەر لایەنی تیۆریک و کردەوەیی ئەم سیاسەدە و زاڵیەتی لە قۆناغێکی بەرچاوی خەباتی سیاسی-نەتەوەیی کوردستاندا. بە رای نووسەر، سیاسەتی زاڵ بە سەر بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردیدا زۆربەی کات “سیاسەتی مەعنەوی” بووە، تەنانەت پاش دەسپێکردنی خەباتی نوێش لەسەر رەوتێکی نێو زۆربەی حیزبە نەتەوەخوازەکان کاریگەر بووە. لەم ئاڕاستەیەدا، سەرەتا باسێکی گشتی لەسەر مەعنەوییەت و سیاسەتی مەعنەوی و وێژە و دۆخی ئەم سیاسەدە لە جیهاندا دەکرێت و پاشانیش لە بەشی دووەمدا ئاور دەدرێتەوە سەر ئەم سیاسەدە لە مێژووی رامیاریی کوردستاندا.

بەشی یەکەم: باسێکی گشتی لەسەر سیاسەتی مەعنەوی

مەعنەوییەت

بە بڕوایەک مەعنەوییەت ئەو باوەڕەیە کە مرۆڤ لە بنەڕەتدا رۆحێکی هەمیشەییە کە بە شێوەی کاتی بوون و رواڵەتی جەستەیی لە خۆ گرتووە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئەزموون.[3] لەم راستایەدا، پییەر تیلارد دو چاردین[4] دەڵێت: “ئێمە بوونەوەرانێکی مرۆیی کە ئەزموونی مەعنەوییان هەیە، نین؛ ئێمە بوونەوەرانێکی مەعنەوین کە ئەزموونێکی مرۆییمان هەیە.”[5]

هێزی مەعنەوی، هێزێکی دەروونی و ویژدانییە کە هەمووان لێک گرێ دەدات و بە جۆرێ هاوبەشە. بۆ نووسەرانی پەرتووکی “سیاسەتی مەعنەوی؛ گۆڕینی جیهان لە دیوی ناوەوە”، هێزە مەعنەوییەکان “بە قووڵی و بەهێزەوە لە پشتەوەی دیمەنی رووداوەکانی جیهان لە رۆشتن و جموجووڵدان بە جۆرێ کە لە هەواڵەکانی شەودا نابینرێن….”[6] بۆ ئەوان ئەوەی زۆربەی کات پێی دەگوترێت “گورێسی زێڕین” کە لە پشتەوەیە و هەموو سیستەمە ئایینی، نهێنی و رازاوییەکان لێکتر گرێ دەدات و لێکهەدەپێکێت، هەر ئەو وانە یان نەریتە هەناوی و نهێنییانەن (عیرفانی و سۆفییانە). ئەوان لە ئاوەزی هەرمان – گورێسی زێڕین – وەکو نەخشەی سەرلەنوێ بینینەوەی جیهان کەڵک وەردەگرن و خوێندنەوەیەکی جیاواز، هەناوی و لە ناخ هەڵقوڵاو (شهوودی)، و دەروونناسانە لە سیاسەت پێشکەش دەکەن کە لەسەر یەکیەتی هەناوی مرۆڤایەتی و پێویستی بە هێزی تاکەکەسی جەخت دەکات. لە سەرەتای دەیەی 1990 دا بنەماکانی باوەڕی خۆیان بۆ باس لەسەر روخانی کۆمونیزم، چارەنووسی مەعنەوی ویلایەتە یەکگرتووەکان، و رۆحی هەندێ نەتەوە وەک رووسیا و ژاپۆن بەکار هێنا.[7]

بە گوتەی مەک لافلین، ئەو هێزانەی کە لە پشتەوەی دیمەنەکانەوە لە جووڵەدان، هەندێکیان ئەرێنی و هەندێکی تر نەرێنین. ئێمەی مرۆڤ زۆربەی کات بەپێی هاندەرێتییەکان و مەبەستەکانی خۆمان سەروکارمان لەگەڵیان هەیە – ئاگایانە یان نائاگایانە. لە باری ئەرێنییەوە، لە هەرێمی مەعنەویدا کار دەکرێت بۆ پێکهێنانی ئاکامگەلێکی چاک لەسەر گۆی زەوی – ئاشتی، هاودەنگی، هاوبەشکردنی سامانەکان، و هتد. بەپێچەوانەوە هەندێ وزە هەیە کە پێوەندییان بە ترس، تووڕەیی، بەخێڵی و دیکەی هەستە نەرێنییەکانەوە هەیە. ئەگەرچی لە کۆتاییدا رەنگە بۆ کەسێک خوا، یان سەرچاوەی بێ بنی هەموو بوونەوەران، لە پشتەوەی چاکەو خراپەوە بێت، بۆ مەک لافلین بە شێوەی ئاسایی هێزە ئەرێنییەکان “مەعنەوین” و “نەرێنییەکان” هێزگەلێکی نەرێنی “نافیزیکین”. هەروەها بەڕای ئەو، هێزە نەرێنییەکان لە جیهاندا تەنانەت کۆنتڕۆڵی زیاتریان لەسەر سیستەمە ئابووری و سیاسییەکان هەیە.[8] کەواتە سیاسەتی مەعنەوی لەسەر بنەمای هێزی مەعنەوی واتە هیزی ئەرێنییە کە پێوەندیی بە چاکە و هەڵبژاردنی چاکەوە هەیە.

ئەم جۆرە روانینە، زۆر گشتییە و لە بازنەی روانینی ئایینی بەتایبەت لە واتای ئایینە ئیبراهیمییەکان تێدەپەڕێت، بەجۆرێ کە رەنگە هەندێ بێ ئایین، مەعنەوییەتیان هەبێت. رەنگە کەسێک مەعنەوی بێت بەڵام بە پێویست ئایینی نەبێت. مەعنەوی لە بەرانبەر ماددی دایە، بەڵام کەسێک رەنگە خۆی پێوەند بدات بە بابەتگەلێکی نا-ماددییەوە کە بە پێویست ئایینی نەبن. هەروەها بەپێچەوانەوە، رەنگە کەسێک ئەرکە ئایینیەکان بە چاکی جێبەجێ بکات بەڵام کاریگەریی دەروونی وای لەسەر نەبووبێت و بە قۆناغی مەعنەوییەت نەگەیشتبێت و دۆخی دەروونی نەگۆڕابێت و خاوەن مەعنەوییەت و ئەخلاقییات نەبێت. بەڵام بەوەشەوە، هێزی ئایینی و ئیمانی دەروونی تاکە ئیماندارەکان بەشی گرنگ و سەرەکی هێزی مەعنەوی پێکدەهێنێت. هەروەها لە پێوەندی لەگەڵ سیاسەتدا، رەنگە کەسێک خاوەن مەعنەوییەت بێت بەڵام خۆی لە سیاسەت نەدات یان بەرەو سیاسەتی ئایینی بڕوات.

کەواتە لێرەدا بە گشتی مەعنەوییەت، ئەو رەوش و دۆخە (ناماددی بەڵام لە پێوەندیی لەگەڵ مادییەت) دەروونی و هەناوییەی مرۆڤە کە لە دۆخی ماددییەتی پەتی دووری دەخاتەوە و بەرەو کاری چاکە هانی دەدات، واتە دووری لە مرۆڤی جەستەیی و چوون بەرەو مرۆڤایەتی. ئەم رەوشە مەعنەوییە رەنگە بە هەرهۆیەک بێت بەڵام بە شێوەی ئاسایی بە هۆی بڕوا بە تاقە سەرچاوەیەک یان سەرچاوەگەلێکی ناماددییە بۆ هەموو ژیان (خوا، رۆح و…). لە ئیسلامدا تاقە سەرچاوە بنەمای ئەم مەعنەوییەتەیە و ئایەتی “ئێمە لە خواین و دەگەڕێینەوە بەرەو لای خوا” نموونەی روونی جۆرێ لەم بڕوایە.

سیاسەتی مەعنەوی

ئەگەرچی هەندێ مەعنەوییات مرۆڤ دەخەنە پەڕاوێزەوە بەڵام هەندێ مەعنەوییات و چەمکە پێوەندیدارەکان دەرەتانێکی رازاوی و هێماگەلێک پێکدێنن کە مرۆڤی بەرکەوتووی وە جووڵە دەخات و هانی دەدات بۆ کردەوەی چاک یان خۆپارێزی لە کردەوەی چەوت. بۆیە، شێوە ژیانی مەعنەوی دەتوانێت سەروکاری لەگەڵ رەوتی سیاسی هەبێت و کاریگەریی لەسەر دانێت. بەپێی ئەم رۆحییات و دۆخە دەروونییە (دروست یان نادروست) بووە کە هەندێ کەس ئامادە بوون بۆ بەخت کردن و بەخشین لە ئاستە جۆراوجۆرەکاندا لە گیان بەختکردن لە پێناو ئامانجێکدا تاکو شتێکی سادە وەک خزمەت بە هاوماڵێکی خاوەن پێویستی یان یارمەتیدانی حیزبێک بۆ خزمەت بە چاکەی هاوبەش و گشتی.

لێرەدا مەبەست لە سیاسەتی مەعنەوی، سیاسەت و سیاسەت کردن یان داڕشتنە بە پێی یان لە ژێر کاریگەریی دۆخی مەعنەوی و مەعنەوییەتدا. کەواتە، سیاسەتی مەعنەوی ئاکامی دۆخی دەروونی مەعنەوییە کە رەنگە بە هۆی بڕوا بە هێزێکی ناماددی (ئایینی یان نائایینی) و دەرەنجامی ناڕاستەوخۆی ئەو رەوش یان ئایینە بێت. بۆیە لەو روانگەوە لەگەڵ سیاسەتی ئایینی یەک نییە کە راستەوخۆ پێوەندیی بە ئایین یان هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی ئایینێک هەیە. ئەمە جیاوازە لە سیاسەتی ئایینی کە رەنگە بە واتای سیاسەت و رێبازی چۆنیەتی هەڵسوکەوتی حکومەت لەگەڵ ئایین لە کۆمەڵگایەک یان هەوڵی سیاسی لە پێناو ئایینێکی تایبەت و جێبەجێکردنی لە کۆمەڵگا بێت. هەروەها لەگەڵ چەمکی ئایینی سیاسی کە بە واتای دەستێوەردانی هەمە لایەنەی ئایین لە سیاسەت و دیکەی بوارە کۆمەڵایەتییەکانە جیاوازە، لەبەر ئەوەی کە لێرەدا ئایین و ئامانجی ئایینێکی تایبەت یان پێڕەوانی ئایینێکی تایبەت بە تەنیا لە ئارادا نییە و ئایین زۆربەی کات راستەوخۆ نایەتە گۆڕەپانی سیاسەدەوە. هەرچۆنێک بێت زۆربەی باسەکانی پێوەندیدار بە سیاسەتی مەعنەوی گرێدراو یان لە پێوەندیی لەگەڵ ئایین دایە و مەبەستیان مەعنەوییەتی ئایینیە بەڵام بەمەوە سنووردار ناکرێتەوە. لێرەدا زیاتر ئامانجگەلێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی نائایینی بەدواداچوون دەکرێت، ئەگەرچی رەنگە ئەوانە بۆخۆیان بەشێک بن لە ئامانجە ئایینییەکان یان ناڕاستەوخۆ ئامانجی ئایینێکی تایبەتیش بن.

لە سیاسەتی مەعنەویدا بڕوا بە پلورالیزمێک دەبینرێت و ئامانجەکان بە تەنیا پێڕەوانی ئایینێک لەبەر ناگرن، و ماف و دادپەروەریی و ئازادی بۆ هەمووان لەبەرچاو دەگیردرێت. لەم سیاسەدەدا هەمووان لە هەر ئایین و رەگەزێک و… لە دەور یەکتر خڕ دەبنەو و رێزیان لێ دەگیردرێت، وێرای ئەوەی کە خودی تاک رەنگە باوەڕی لەسەر بنەمای ئایین یان باوەڕێکی تایبەت بێت. لێرەدا رەهاخوازیی و تەنیا خۆ بە حەق زانین لە گۆڕەپانی گشتیدا کاڵ دەبێتەوە و نابینرێت. لە ئاستی جیاوازدا حەزەرات عیسا مەسێح[9] و محەمەد (سڵاوی خوایان لەسەر بێت)، گاندی، مارتین لۆتەر کینگ، ماندێلا و… خاوەن وەها سیاسەتێک بوون. بە گوتەی مەک لافلین و دەیڤیدسۆن، سیاسەتی مەعنەوی لە جیهانی ئەمڕۆدا، هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانە بەپێی مەعنەوییەت و هێزە هەناوییەکانی مرۆڤ.[10] لەم پێوەندییەدا هەندێ باس هاتووەتە ئاراوە کە سیاسەت بەرەو سیاسەتی مەعنەوی دەڕوات، زیاتر لەبەر ئەوەی کە رێگا کۆنەکان زیاندەرتر بوون.

وێژەی سیاسەتی مەعنەوی لە گوتاری زانستیدا

ئەگەرچی لە ژێر ناوی گوتاری ئایینی و پێوەندیی ئایین و سیاسەتدا کاری زۆر کراوە، بەڵام لە ژێر سەردێڕیی راستەوخۆی “سیاسەتی مەعنەوی”دا کارێکی ئەوتۆ نەکراوە. هەر بۆیە ئەم چەمکە مێژوویەکی کۆن و وێژەیەکی نوێی هەیە. لەو کەسانەی کە لەم بوارەدا کۆڵیونەتەوە، جگە لە کارەکانی “کۆرین مەک لافلین” کە پێشتر باسی کرا، دەکرێ بە “باربارا مەک گرەو” و جاشوا رامی ئاماژە بکرێت. کاری جاشوا زیاتر لە باری فەلسەفی و فەلسەفەی سیاسیدا بووە و هی ئەوانی تر لە باری کردەوەییدا. بۆیە چاکتر وایە لە یەکەمیانەوە دەست پێ بکەین ئەگەرچی پاش کاری ئەوانی تر و تازەترە.

کاری جاشوا زیاتر لەسەر مەعنەوییەت لە روانگەی ژیل دولووزەوە (95-1925)، بیرمەندی هاوچەرخی فەڕەنسی، بووە. بە ڕای جاشوا و پاول، “هۆگری قوولی دولووز بۆ مەعنەوییەتی بزۆک رەنگە خاڵی دەسپێکی بزوێنەر و هیوابەخش بێت بۆ دیسان بیرکردنەوە لەسەر ئیلاهییاتی سیاسی، ئەخلاقییات، و فەلسەفەی ئایین لە ژیر نیشانەی سیاسەتێکی مەعنەوی هێشتا باوەڕپێنەکراودا.”[11] بیرۆکە و نووسراوەکانی دولووز بوارێکی بۆ لێکدانەوەی واتای هاوچەرخی سیاسەتی مەعنەوی لە پێوەندیی لەگەڵ قەیرانە سیاسی و مێتافیزیکییەکانی ئەوڕۆکە پێکهێنا. مێتافیزیکی دولووز لەسەر سروشتی بە توندی داهێنەری ژیان جەخت دەکات و فرەچەشنی وەکو نۆرمی ئەخلاقی دەهێنێتە ئاراوە.  بیری دولووز بەرەو ئەمەگداری بۆ عیرفانی ژین­خوازیی راکێشرا کە راستی سروشتی وەکو جۆرێ دەرکەوتن و نواندنی نائیلاهییاتی لەبەرچاو دەگرێت. بەڕای ئەو “رووداو، تایبەتمەندیی و دەسکردەکانی ئەم جیهانە، و هەموو ململانێیەکان، بە سانایی هێماگەلێکن لە هەندێ دینامیکی بنەڕەتی تر – دینامیکگەلێ کە قەت بە تەواوەتی سەر بەم جیهانە نین.”[12] بەڕای جاشوا، ئەو جۆرە بیرکردنەوەی دولووز کە پێشنیار دەکات فەلسەفە لەگەڵ جیهانی مەعنەوی بۆ هەندێ پێوەندیی داهێنەرانە یەکدەگرن، رەنگە کلێڵی کردنەوەی توندڕەویەتی راستەقینەی سیاسەتی ئەو بێت. هەرچۆنێک بێت بە باس و کۆڵینەوە لەسەر لایەنی ئیلاهییاتی کاری دولووز، سەرچاوە واتاییەکانی پێوەندیی تایبەتی دولووز لەگەڵ نەریتی رازاوی و نهێنی خرانە دەرەوە. پیشان درا کە چلۆن لە بیری دولووزدا هەر لە یەکەمین کارەکانییەوە هەندێ پێوەندیی لە نێوان مەعنەوییەتی هەناوی (دەروونی)، زانیاریی نهێنی و تیڕوانینی توندڕەوانە بۆ پرسە فەلسەفییەکان – هەر لە سروشتی ناوێژئاگا تا دۆخی لە بەرزەوە روانین (ئیستیعلایی) و تەنانەت بناخەکانی ژیانی بیۆلۆژیکی خۆی – پێکهاتن.[13]

جاشوا رامی لە کتێبەکەیدا “دولووزی هێرمێتیک”،  دەڵێت کە لە واتایەکدا بۆ دولووز، بیر و هزر شانۆیەک لە زوڵم و ستەمە کە پاڵی پێوە دەنێت لە زۆر شوێندا لەسەر جۆرێ تێکەڵبوونی واتا راستییەکان و مەعنەوییەکانی ژیان قسە بکات. سەنتێزی بێ وێنە و گرنگی دولووز لە روانگەکانی سروشتی و مەعنەوی وەکو هێمای بیری هەناوی و هێرمێتیکی رۆژئاواییە[14] و وەک دووپاتی نابەرابەر و سەردەمییانەی ئەم نەریتە کۆنە لەبەرچاو دەگیردرێت. ئەگەرچی بۆچوونی هاوچەرخی دولووز هەر بەو رادەی کە سەرتۆقە نەریتییەکانی تاقیکاریی مەعنەوی پەرەپێدەدات، بەو رادەش دەرچوون لەوانەیە، بەڵام سووربوونی دولووز لەسەر سروشتی بیر وەک تاقیکارییەکی سەختی مەعنەوی، وەک پێکدادانێکی بگۆڕ لەگەڵ سروشت، راشکاوانە هێمای نەریتی هێرمێتیکە.[15] جاشوا ئاماژە بە بابەتی هەرەگرنگی، بە گوتەی خۆی، رۆڵی عارف وەکو یاسادانەر دەکات، رێبەرێک کە ژیانی کۆمەڵگا بۆ گەشە لە رەوشێکی گرنگتردا بەهێز دەکات. بەمجۆرە دێتە قۆناغی کردەوەی سیاسی. لەم راستایەدا، لە پێوەندیی لەگەڵ کاری دولوزدا ئاماژ بە هێنری بێرگسۆن، فەیلەسۆفی فەڕەنسی، دەکات و دەنووسێت کە لە واتای بێرگسۆنیدا، مەعنەوییەتی قووڵی عارف لە راستیدا جۆرێ “زانستی هەناوی ماددەیە”، واتە، پێوەندییەکی قووڵ نێوان باوەڕێکی نائاگایانە و قووڵایی ماددی کە پلەیەکی هەرەچاک لە ئازادییە، تەنانەت تا ئاستی توانستی پێکهێنانەوەی بەهرەکان. عیرفان بۆ بێرگسۆن زۆریش توانایی بۆ دوورخستنەوەی خۆ لە زەمەن و دۆخ لە رێگای وەکیەکزانینی خۆ لەگەڵ “خوا” نییە، بەڵکو پەرەپێدانی بیرگەی جیهانییە، گرفتاربوون لە رابردووی جیهانێکدا دەبێتە “ماشینێک بۆ پێکهێنانی خوداکان.” بەڵام ئەوەی بۆ دولووز گرنگە ئەوەیە کە عارف، دەگمەنییەک نییە بەڵکو جۆرێکی ئایدیالی ژیانی مرۆییە. هەر لەم پێوەندییەدا، بەپێچەوانەی هەوڵی بێرگسۆن بۆ سووک کردنی سیحر وەکو شەڕلاتانیزم و فڕوفێڵ، وێرای ستایشتی عارف، دولووز جەخت دەکات لەسەر توانایی سیحرباز بۆ “بەرزکردنەوەی ئاستگەلێک” لە سروشت و بەتەواوی دەرخستن و نواندنی ماکی گەشەسەندنی داهێنەرانە.[16]

هەرچۆنێک بێت بڕوا بە مەعنەوییات و هێزە نهێنییەکان لە هەموو جۆرێکیدا لە ژیانی هاوچەرخیشدا دەبینرێت و وەک گوتراوە لە فەلسەفەی مۆدێڕنیشدا لەڕاستیدا شتێ لە چەشنی “پاساوی باوەڕ” هەبووە. بۆیە کاریگەریی ئایدیا و هێما مەعنەوییەکان لە فەلسەفە و سیاسەتدا دەردەکەوێت. مەعنەوییەت کاریگەر بووە لەسەر بیر و فەلسەفەی مۆدێڕن و سیاسەت. لە روانگەی دولووزەوە بیری سەردەم لە نەریتی مەعنەوی جیا نەبووەتەوە بەڵکو بە شێوازی تر و بە هێمای ترەوە خۆیان دەنوێنن و هەر لە ناو ئەزموونی مەعنەوی دایە. بۆیە بیری سیاسی دەتوانێ ئەزموونی مەعنەوی و یان بنەمای مەعنەوی هەبێت و مەعنەوییەت گوتار و هێمای سەمبولیک بە سیاسەت دەبەخشێت. لەم پێوەندییەدا، جاشوا رامی لەسەر بیری دولووز ئاماژە دەکات کە هەردووکی ملهوڕانی ئیمپریال و رێبەرانی وڵاتان لە وزەکانی هێزی ناڕاستەوخۆی سیحر کەڵک وەردەگرن. دەسەڵاتی کەسی ملهوڕ بە هۆی ئامرازە تایبەتییە جۆراوجۆرەکانی بەردەستین، دەسەڵاتێ کە دەکرێ بەپێچەوانەوە وەکو کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بەکار بهێنرێت. سیستەمی ملهوڕی ئەم فرەچەشنییانە بەرهەم ناهێنێت بەڵکو تەنیا رێکیاندەخات یان سنوورداریان دەکات. هەروەها ئەگەرچی فاشیست و ساحیر هەردووکیان سیحربازن بەڵام لە دوو جیهانی جیاوازن: یەکیان لە گۆڕەپانی راستەقینەدا پێکدەهێنێت، لە کاتێکدا ئەوی تر بە شێوەی پەتی رەمز و کۆدی نهێنی دادەنێت.[17] هەروەها، هەر لەم پێوەندییەدا رۆڵی هێزە مەعنەوییەکان بەتایبەت ئایینی – لە بابەتە سیاسییەکانی جیهانی سەردەمدا بەتایبەت لە دەسمایەداریدا بە گرنگ دەنرخێندرێت. ئەوەی بۆ دولووز گرنگە لە بیریدا، بابەتێکی سیاسییە. پیشاندانی هێڵەکانی مەعنەوییەتێکی بووژاوی بیر و هزر و روانگەیەکی نوێ لەسەر پێوەندیی دوو لایەنەی هێزە ماددی و مەعنەوییەکان بەشێکە لە هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی فەلسەفە لە کاپیتالیزمی ئەو دواییانەدا، ئەرکێ لە دولووز خۆی وەک بووژانەوەی “باوەڕ لە جیهان”دا دیاریی کرد.[18]

هەر لەم پێوەندییەدا ‘باربارا مەک گرەو’ لەسەر مانەوەی باوەڕ لە فەلسەفەی سیاسیدا و گۆڕانکارییەکانی جان لاک لەم بوارەدا باسێک دێنێتە ئاراوە و دەڵێت جان لاک رێبازی نەریتی تیۆری سیاسی مەسێحی رەت کردەوە کە پاساوی ئایینی بۆ حکومەتێ بوو کە لەسەر بنەمای دۆکترینی گوناحی سەرەتایی پەرەی سەندبوو. گریمانەی سەرەکی ئەم رێبازە ئەوە بوو کە خەڵک بە شێوەی سروشتی (ماکی) گوناحبارن و کەواتە حکومەت پێویستە سروشتی گوناحباری مرۆڤ سنووردار بکاتەوە. بە واتایەکی تر، رۆڵی دەوڵەت راگرتنی خەڵک بە یەک شێواز لەسەر هێڵی دۆکترینەکانی خاوەن دەسەڵاتەکانە. لاک رێبازێکی پەرەپێدا کە دۆکترینی گوناحی سەرەتایی وەکو بنەڕەتی حکومەت و تەواوی سیستەمی سیاسی وەرگیراو لەوەی، رەت کردەوە. لاک ئایینی رەت نەکردەوە. لە جیاتی، بیرۆکەیەکی ئایینی جیاوازی هێنایە ئاراوە لەسەر ئەم تیۆلۆژییە سادەیە کە: خوا هەیە، و خوا پێوەندیی لەگەڵ خەڵک هەیە. بۆیە لەو بیرۆکەیە لایەنگری کرد کە پێوەندیی خوا بە ئەستۆی سەرکردەکانی دامەزراوە ئایینیەکان و دەوڵەت نییە کە زۆر دەکەن لە خەڵکی بۆ راهاتن لەگەڵ راڤەی ئەوان لە ویستی خوا. بە جێی ئەوە، خوا پێوەندیی هەیە لەگەڵ هەر تاکێکی مرۆڤ لە رێگای ویژدان و ناخییەوە. واتە ئیلهام، وریایی هەناوی و مەعنەوی، سروشت و ئاوەز و بیرکردنەوە. بۆیە ئازادی بیر و باوەڕ دەبێت بپارێزرێت، بە جۆرێ کە خەڵک گوێ بدەن و دەنگی خوا ببیستن و بە پێی ئەو دەنگە لە کۆمەڵگادا هەڵسوکەوت بکەن. بە واتایەکی تر، بەپێی تیۆلۆژی سیاسی لاک، یەکێک لە کردە سەرەکییەکانی حکومەت پاراستنی پێوەندیی خوا لەگەڵ خەڵک لە رێگای دامەزراندنی حکومەتێ کە رێگە نادات دەوڵەت یان دامەزراوەی ئایینی سەر بە دەوڵەت بە سەر خەڵکدا زاڵ بن. لە بری ئەوە، بیرۆکەی لاک ئەوە بوو کە حکومەت دەبێت لەلایەن خەڵک و بۆ خەڵک پێکبێت بۆ پاراستنی بێ لایەنەنانەی خەڵک، و لەبەرچاوگرتنی مافی تەواوی خەڵک بەتایبەت مافی بیروباوەڕ و دەربڕینی. لاک سیستەمێکی سیاسی پێشنیار کرد کە دەسەڵاتی هەردووکی دەوڵەت و کەلیسا یان بە گشتی دامەزراوەی ئایینی سنووردار بکاتەوە و بە جێی لەسەر نیازپاکی خەڵک بۆ کردەوەی راهاتوو لەگەڵ ناخ و ویژدان لە کۆڕی گشتیدا و پێکەوە کار کردن بۆ دۆزینەوەی راستی و چاکە جەخت بکات، بە واتایەک هەر ئەو “گرێبەستی کۆمەڵایەتییە.”[19]



[1]Spiritual Politics
[2] Religious Politics
[3] See:“Spiritual Politics”, at: http://new-age-spirituality.com/wordpress/content/category/spiritual-politics
[4]Pierre Teilhard de Chardin
[5]See: “Finding a Spiritually Sound Political Stance”, at: http://new-age-spirituality.com/wordpress/content/3016
[6]See: Corinne McLaughlin and Gordon Davidson, Spiritual Politics: Changing the world from the inside out, Findhorn Press, 1994.
[7] “Ageless wisdom to do spiritual readings of international and national events.” Book Review by Frederic and Mary Ann Brussat, at: http://www.spiritualityandpractice.com/books/reviews/view/837
[8]”Spiritual politics in Interview with Corinne McLaughlin”, at: http://moonmagazine.org/corinne-mclaughlin-spiritual-politics-2014-01-04/
[9]See: L. RON GARDNER, “The Spiritual Politics of Jesus”, at: http://www.electricalspirituality.com/the-spiritual-politics-of-jesus/
[10] See: McLaughlin and Davidson, 1994.
[11] Joshua Delpech-Ramey and Paul A. Harris, Spiritual Politics after Deleuze: Introduction, SubStance #121, Vol. 39, no. 1, 2010.
[12]Ramey and Harris, 2010.
[13]  بڕواننە: Ramey and Harris, 2010.
[14]  نەریتی هێرمێتیک و میراتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هێرمیس تریسمەجستوسی (Hermes Trismegistus) میسری کە بەڕای ئەو زانیاریی لەسەر جیهان دەتوانێ ماتۆڕی گۆڕانی مەعنەوی قوول، رۆشنگەری و ئازادی بێت. لەم نەریتەدا، ماددییەت و مەعنەوییەت بە قووڵی دەبنە یەکێک، و ئەوەی کە ژیان بۆ خۆی رەوتێکە لە بەرهەمهێنانەوەی تیندریک (Theandric لە تیۆلۆژیدا، پێوەندیی هەیە بە یەکبوونی کردەوەی ئیلاهی و مرۆیی لە مەسێحدا، یان کارگێڕیی هاوبەشی سروشتی ئیلاهی و مرۆیی) کە تێیدا سروشتی ئیلاهی هەم دەدۆزرێتەوە و هەم بەرهەمدەهێنرێتەوە لە کردنەوە و دەرخستنێکی تاکەکەسی و جیهانی، لە ماوەیەکی گەشەسەندنی و مێژووییدا. بە واتایەکی تر، مرۆڤایەتی بە ئۆلوهییەتێکی سەرەوەی تاک، ناتاکەکەسی، گشتی و جیهانی، و هەرمانی دیاریی دەکرێت. ژیانی مرۆڤ وەک رەوتێکی رزگاری تیندریک دەبینرێت کە سروشتی ئۆلوهییەت لە رێگای دەرخستنی چارەنووسی مرۆڤ لە خولگەلی مێژویی جیهانیدا دەدۆزرێتەوە و بەرهەم دێت. بە کورتی، بیری هێرمێتیکی پڕۆسەی ژیانی سروشتی لەگەڵ هێمایەک لە ئولوهییەتی ئەم جیهانییە. لەم نەریتەدا جیاوازییەکی روون لە نێوان ئاوەزمەندیی (مەنتیقی) و مەعنەویدا نییە؛ رامانە فەلسەفییەکان وەکو هەوڵ بۆ روونکردنەوەی پێکهاتە بەرزەهەڵکەوتەکانی (ئیستیعلایی) هاوبەش لە نێوان بوارەکانی سروشتی و مەعنەویدا، دەبینرێن. نزیکەی هەموو بنەما ستانداردەکانی هەناوخوازیی رۆژئاوایی دەگەڕێتەوە بۆ وانەکانی هێرمیس. هەروەها کە مەسێحییەت و یەهوودییەت دەستیان کرد بە تێکەڵکردنی وانە و کردەوەکان، دیکەی رەوتە هزرییەکانی سەردەمی کۆتایی ئیمپراتوری رۆمیش، سەنتزێک لە نەریتەکانی ئاوەزی نزیکەو رۆژهەڵاتی و میسری لەگەڵ فەلسەفەی یۆنانی باستانیان پەرەپێدا. (بڕواننە: Ramey, 2012, p 3-4-26).
[15]Joshua Ramey,The Hermetic Deleuze; Philosophy and Spiritual Ordeal, Duke University Press Durham and London 2012, p 2-6.
[16]Ramey, 2012, p 183-4.
[17]Ramey, 2012, p 198-9.
[18]Ramey, 2012, p 8.
[19]Barbara A. McGraw and Jo Renee Formicola, Taking Religious Pluralism Seriously; Spiritual Politics on America’s Sacred Ground, Waco, Texas USA, Baylor University Press, 2005, p. 5-7.

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …