Home / ناوداران / ئەحمەدی خانی

ئەحمەدی خانی

ahmadd

ئەحمەدی خانی
ئەحمەدی خانی (١٦٥١-١٧٠٧) شاعیر و نووسەر و ڕۆشنبیری گەورەی کورد بووە. ئەحمەدی خانی لە یەکەم کەسانێک دادەنن کە لەسەر کوردایەتی و نەتەوەخوازیی کوردی نووسیویەتی. بەناوبانگترین بەرھەمی کتێبی شیعری مەم و زینە کە چیرۆکێکی دڵدارانە دەگێڕێتەوە کە لە ساڵی ١٦٩٢ بە شێوەزاری کورمانجی نووسراوە.
ژیان

ناوی ئەحمەد کوڕی ئەلیاس کوڕی ڕۆستەم بووە. لە ساڵی ١٠٦١ی کۆچیی مانگی بەرانبەر بە ١٦٥٠ یان ١٦٥١ زایینی لەدایکبووە. نازناوی شیعری لە ھۆزی خانیان وەرگرتووە، بەشێکی ئەم ھۆزە لە دەوروبەری ناوچەی بۆتان بوون، بەڵام بنەماڵەی شاعیر باریان کردووە بۆ شاری بایەزید. لە مەم و زینەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە خانی لە جزیرە‌ ژیاوە. خانی یەکێک بووە لە مەلا گەورەکانی سەردەمی خۆیی و شارەزاییەکی چاکی لە فەلسفە و زانستەکانی دیکەدا ھەبووە. خانی لە دێڕێک لە هۆنراوەکانیدا باسی لە دایکبوونی خۆی دەکات و دەڵێت:
لەو ڕا کو دەما ژ غەیب فەک بوو         تەئریخ هەزار و شەست و یەک بوو[١]

وەک لە سەرچاوەکانی ژیانی و کردەوە ئەدەبییەکانی شاعیر دەردەکەوێ باب و باپیرانی لە ڕووی داراییەوە ژیانیان ئاسان بووە و بە بەختیاری ژیاون. ئەحمەدی خانی ھەموو ژیانی بۆ خوێندەواری و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی سیاسی خەرج کردووە لە کۆمەڵی کوردەواریدا. ئەمە دوو لایەنی ڕووناکی بووە، یەکەمیان بەرھەم ھێنانی داھێنانی ئەدەبی، واتە شیعری، دووەمیان فێرکردن و پێگەیاندنی منداڵان و لاوی کورد لە ڕووی خوێندەوارییەوە.

شاعیر لە مەڵبەندی لە دایکبوونی، شاری بایەزید، لەساڵی ١٧٠٧ (١١١٩ی کۆچیی مانگی) کۆچی دوایی کردووە و ھەر لەوێش نێژراوە.
کوردایەتی و زمانی کوردی

لە کتێبی دیالۆگ – ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا نووسراوە: «ئەحمەدی خانی ھەر لەسەرەتاوە دەیزانی کە کەلووپەلی کوردی بازاڕیان نییە، واتە ئەو کتێبانەی کە بە کوردی نووسیبوونی نەیاندەتوانی بگەنە ژمارەیەکی زۆر خوێنەر». ئەمەش بۆ دوو ھۆ دەگەڕێتەوە. لە لایەک ئەو کۆمەڵگەیەی کە ئەحمەدی خانی تێدا دەژیا، بەشی ھەرەزۆریان نەخوێندەوار بوو و لە لایەکی دیکەوە زمانی نووسین و خوێندنی ئەو سەردەمە زیاتر بە زمانی عەرەبی و فارسی بوو، نووسەرانی ڕۆژەھەڵاتی ناوین بە نووسەرانی‌ کوردیشەوە بەو زمانانە کتێبیان نووسیوە.

ئەحمەدی خانی یەکەم شاعیرە کە گلەیی لە سەرۆک ھۆزەکانی کورد دەکات کە یەکناگرن و پشت بە نەیارانیان دەبەستن، دەنا دوژمنانی کورد غوڵامێتیان بۆ کورد دەکرد و دەڵێت :
گەر دێ ھەبوا مە ئیتیفاقەک         ڤێگرا بکرا مە ئینقیادەک
روم و عەرەب و عەجەم تەمامی         ھەمیا ژ مە تا دکر غولامی
تەکمیل دکر مە دین و دەولەت         تەحلیل دکر مە عیلم و حیکمەت

ئەحمەدی خانی، گرنگییەکی زۆری بە زمانی کوردیی داوە و کاتێک بە زمانی کوردی شیعری نووسیەوە تەنھا ھەر بۆ ئەوە نەبووە کە بەو زمانە بنووسێت بەڵکو بە کوردیی نووسینی، وەکو ھەڵوێسەیەک لە دژی دەستەڵادارن و زمانەکەیان بەکار ھێناوە، ھاوکات وەکو ڕەخنەیەکیش لە کوردەکان خۆیان، چونکە خانی پێی وابووە کە زوو خۆیان دەدەن دەست، ئاغا و دەستەڵادارە بێگانەکان. کوردەکان ئازا و دلێر بوون، شاسووار، وەفادار، جێیمتمانە بوون، بەڵام ئەوە بەدەردی چی دەخوات، کاتێک خۆیان پەرش و بڵاو بن و نەتوانن یەکبگرن تا خۆیان کەیخودای خۆیان بن؟ زمانی نووسین دەتوانێت ببێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی ھەست بکەن کە ئەوانیش‌ نەتەوەیەکن وەهەروەها هانی کوردانی داوە بۆ ڕوو بەڕووبوونەوە لەگەڵ داگیرکەران .
بەرھەمەکان
عەقیدەیا ئیمانێ، بە پەخشان و ھۆنراوە سەبارەت بە پێنج کۆڵەکەی ئیمان لە ئیسلامدا نووسراوە. ساڵی ٢٠٠٠ لە سوید چاپ کراوە.
نووبەھارا بچووکان، ١٦٨٣، فەرھەنگۆکێکی عەرەبی – کوردی کە بە شیعر، بۆ منداڵانی کوردی داناوە کە فێری زمانی عەرەبی ببن کە ئەو سەردەمە زمانی دین و زانست بووە. یەکەم جار لە ١٩٢٦ لە ڕەواندز چاپکراوە.
مەم و زین، ١٦٩٢، یەکەم جار لە ١٩١٩ لە ئەستەمبوڵ چاپ کراوە.
‘”غەزەل و قەسیدە'” ، بەشێک لەو بەرهەمانەی خانین کە هونەرمەندیی خانی پێشان دەدەن و لەڕوی بیرو فەلسەفەی خانی تەواوکەری مەم و زینە .

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …