Home / به‌ڵگه‌نامه‌ / بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژی کورد لە ساڵی 1987 ـ لە بەر ڕۆشنایی بەڵگەنامە فەرمییەکانی عیراق .

بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژی کورد لە ساڵی 1987 ـ لە بەر ڕۆشنایی بەڵگەنامە فەرمییەکانی عیراق .

ئەو بەڵگەنامە فەرمییانەی دەوڵەتی عیراق کە هێزەکانی ئەمێریکا دەستیان بەسەردا گرت و دواتر وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە لە سەر تۆڕی ئینتەڕنێت بڵاویکردنەوە، ڕۆشنایی دەخەنە سەر ئەو پەلامارە کیمیاوییانەی کرانە سەر گوند و ناوچەکانی کوردستان لە نیوەی یەکەمی ساڵی 1987، واتا بەر لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە نزیکەی ساڵێکی تەواو. ئاشکرایە کە ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1983 چەکی کیمیاوی لە دژی هێزەکانی ئێران لە بەرەکانی شەڕ بەکاردەهێنا. بە پێی ئەو زانیارییانەی لە بەردەستدان لە 1986 و 1987 سوپاکەی سەدام پێشمەرگە و ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستانی کیمیاباران ئەکرد.
وێنەی بەڵگەنامەکان و دەقە ئەسڵییەکەیانم بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی لە نامیلکەیەکی (80) لاپەڕەییدا لە ئەکایمیای کوردی لە ساڵی 2011 بڵاوکردەوە. پوختەی ئینگلیزییەکەشم لە ساڵی دواتردا لە کۆنفرانسێکدا، کە لە پاڕلەمانی یەکێتی ئەوروپا ڕێکخرابوو پێشکەش کرد. بە پێویستم زانی بیانکەم بە کوردی و بیانخەمە بەردەست خوێنەری کورد.
بەڵگەنامەکان بە ڕاشکاوەیی بەشداربوونی فەرمانگە و دامەزراوە سەربازی و هەواڵگرییە جۆراو جۆرەکان لە نەخشەدانان و جێبەجێکردنی ئەو قەسابخانە خوێناوییانە دەخەنەڕوو. زۆر بە ڕوونیش بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی خودی سەدام حوسێن دەرئەخەن. وردەکاری ئەو پەلامارانە و شوێنەوارە ترسناکەکانی بۆ ساڵانێکی زۆر بە شاراوەیی هێڵرانەوە. لە عیراقی ” فیدیراڵ ودیموکراتی ” دوای سەدام حوسێنیشدا کەسانێکی زۆر بە کاربەدەستانی تازەشەوە باوەڕ بەم بەڵگانە ناکەن و بە پڕوپاگەندەی کوردی لەقەڵەم دەدەن. هەندێکیشیان بە ئاشکرا خۆزگەی ئەوە دەخوازن، کە بەعس هەموو کوردی لە کۆڵیان بکردبایەتەوە.
هەموو جیهان بە هۆی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە لە 16 مارتی 1988 ئاگاداری لاپەڕەیەکی ڕەشی ئەو تاوانانە بوو کە بەعس لە کوردستان ئەنجامی دەدان. ڕاپەڕینی بەهاری 1991 پەردەی لە سەر زۆر لە تاوانەکانی بەعس لە کوردستان هەڵماڵی. بۆ یەکەمین جار لە ناوخۆی کوردستان دەرفەت پەیدا قوربانییەکان بەشێک لەو کارەساتانە بگێڕنەوە کە بەعس بەسەری هێنابوون. پێشمەرگە و دانیشتوانی گوندەکان چیرۆکی بەشێک لەو پەلامارانەیان بۆ ڕۆژنامەنووسانی بیانی گێڕایەوە. هێشتا کەس دەستی بە بەڵگەنامە فەرمییەکانی دەوڵەت نەدەگەیشت بۆ ئەوەی وێنە گەورەکە پیشان بدات.
پرسەکانی ئامادەکاری و نەخشەدانان بۆ ئەو پەلامارانە و میکانیزمی بیرۆکراسییانەی دام و دەزگا هەواڵگری و سەرکوتکەرەکانی دەوڵەت بۆ جێبەجێ کردنیان تا نیسانی 2003 بە شاراوەیی مانەوە، نەک تەنها بۆ خەڵک، بەڵکو بۆ ئەوانەشی کە خەریکی لێکۆڵینەوە بوون لە وردەکارییەکان. کۆماری ترس و دەوڵەتی ڕێکخراوەی نهێنی هەموو هەوڵێکی گرتبووە بەر بۆ ئەوەی ئەو تاوانانە بە نهێنی بمێننەوە. هەموو شوێنەوارێک کە دەبووە هۆی ئاشکرابوونی ئەو تاوانانە لە کوردستان و شوێنەکانی تری عیراقیش لە ناودەبران. ڕاگەیاندنی زۆربەی خاکی کوردستان وەک ناوچەیەکی داخراو و قەدەغەکراو، شەهیدکردنی ئەوانەی هەوڵیان ئەدا خۆیان لەو دۆزەخە ڕزگار بکەن، کاری حکومەتی ئاسان کردبوو بۆ شاردنەوەی ئەو کارەساتە و هەوڵی سڕینەوەی شوێنەوارەکانی.
هەموو ئەو بەڵگەنامانەی زانیارییەکیان تێدا بوو لە بارەی ئەو تاوانانە یا سەبارەت بە میکایزمی بیرۆکراسیانەی ئامادەکاری، نەخشەدانان، جێبەجێ کردنی پەلامارەکان و “چنینەوەی ئەنجامەکان ” وەک دام و دەزگا حکومییەکان لە نووسراوە فەرمییەکاندا وەسفیان دەکرد، تا ڕووخانی ڕژێم لە بەغدا هەڵگیرا بوون و بۆ کەس نەبوو بیانبینێت، باسی لێکۆڵینەوە لە بارەویەناوە هەر مەکە.
مایەی خەمگینی و نیگەرانییە ژمارەیەکی زۆر لەو بەڵگەنامانە لە نێوبران، دزران و فرۆشران، هێزەکانی ئەمێریکا و ئەم حیزب و ئەو گروپ دەستیان بەسەردا گرتن و توێژەران هەلێکی دەگمەنیان لە دەستدا بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستی لێیان بکۆڵنەوە و وێنەی تاوانەکانی ڕژێم بکێشن. ئێستاش گوێمان لێدەبێت چەند فەردەی لای ئەم و ئەوە. بەشێکی گرنگی مێژووی کورد لە باشوری کوردستان بە هۆی ئەم کارانەوە لە تاریکیدا مانەوە. دەکرا ئەم بەڵگەنامانە ببنە بەشێکی گرنگ لە ئەرشیفخانەی نیشتمانی کوردستان، کە تا ئێستاش تەنها وەکو بیرۆکەیەک دێت و دەچێت و نەهاتۆتە دی. ئەم بەڵگەنامانە بەشێکن لە یادەوەری گشتی گەلان و لە ڕێگەیانەوە تیشک دەخرێنە سەر ڕووداوەکان و بە شێوەیەکی زانستییانە بۆ خەڵک ڕووندەکرێنەوە.
ڕووداو و کارەساتەکانی دوای لە ناوچوونی ڕژێمیش ڕێگەی ئەوەیان نەدا ناوەندە زانستی و ڕۆشنبیرییەکان بپەرژێنە سەر ئەو کارە. کاربەدەستانی کورد لەم بارەیەوە زۆر خەمساردن. ئەوان کە ڕۆڵەکانی گەلەکەیان دیارترین قوربانی ئەو ڕژێمە خوێنڕێژە بوون، هیچ پەرۆشییەکیان بۆ بە ئەرشیفکردنی ئەو تاوانانە بە شێوەیەکی زانستییانە تا ئێستا پیشان نەداوە. ئەوەی کراوە و دەکرێت لەم بوارەدا هەوڵی تاکە کەسییە، کە بەداخەوە لە توانایدا نیە ئەم ئەرکە گەورەیە بەجێ بێنێت.
ئەو بەڵگەنامانەی لێرە دەیانخەینە ڕوو بریتین لەو نووسراوانەی لە نێوان سەرۆکایەتی کۆمار، هەواڵگری گشتیی سەربازیی، سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا و فەرماندەی هەردوو لەشکری یەکەم و پێنجەمدا لە ( 10 ئازاری 1987 بۆ 6 نیسانی هەمان ساڵ ) هاتن و چوونە. بەڵگەنامەکان تایبەتن بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە ناوچەکانی تەکیە، بەلەکجاڕی سەر بە ناحیەی قەراخ و دۆڵی بالیسان لە سەر ڕێگەی سەرەکی نێوان چوارقوڕنە و خەلیفان.
بەڵگەنامەکان بە زمان و دەستەواژەکانی بەعس نووسراون. گوتاری بەعس گوتارێکی پەلاماردەر و قێزەون بوو. لەو گوتارەدا نەیارانی دەسەڵات هەموو بە تێکدەر و بەکرێگیراو ناو دەبران. تەنانەت لە بەڵگەنامە و نووسراوە فەرمییە نهێنییەکانیشدا قەت بە ناوی خۆیان نێو نەدەبران. هەمیشەش پاساوی گونجاوی هەبوو بۆ ئەو هەڵسوکەوتە دڕندانەیە لە دژی نەیارە سیاسییەکانی. هەمیشە بە مەبەست باسی هێزی پێشمەرگە و سوپای پاسدار لە تەک یەکدا دەکرد بۆ ئەوەی بە لێکدانەوەی خۆی ئەوە لە مێشکی هەموو لایەک جێگیر بکات، کە ئەمانە شەڕی بەعس لە دژی ڕژێمی ئێران و کرێگرتە کوردەکانێتی.
لەو سەردەمەدا نەک تەنها کاربەدەست و بەرپرسی سەربازی، بەڵکو بەرپرسانی فەرمانگە و دامەزراوە مەدەنییەکانیش کاتێک نووسراوێکیان ئیمزا ئەکرد، ناویان لە سەر نووسراوەکە نەدەنووسرا، تەنها ئاماژە بە پلە و پایەی بەرپرسیارێتیان دەکرا. لەم نووسراوانەشدا هەمان شت پەیڕەوکراوە، بۆیە تەنها ئاماژە بە پایە و بەرپرسیارێتی ئەو کەسانە کراوە کە نووسراو و بەڵگەنامەکانیان ئیمزا کردووە. هەڵبەتە کارێکی زەحمەت نیە مرۆڤ بزانێت کێ دەمە کام پلە و بەرپرسیارێتی هەبوو. ئاشکرایە کێ ئەو دەمە سەرۆکی هەواڵگری سەربازی عیراق و فەرماندەی سوپای یەک و پێنج بووە.

بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەدام حوسێن بە چەکی کیمیاوی لە کورد درا:
بەڵگەنامەکان بە ڕوونی دەریدەخەن کە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە دژی کورد بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەدام حوسێن بووە. ئەو نووسراوە ڕەسمییانەی لەم بارەیەوە لە سەرۆکایەتی کۆمارەوە دەرچوونە و ڵۆگۆی ئەوێ و ئیمزای سکرتێری تایبەتی سەدامیان بەسەرەوەیە ئەم فاکتە پشتڕاست ئەکەنەوە. بەڵگەنامەکان ئەوەش دەردەخەن کە بە بێ پرسکردن بە سەرۆکایەتی کۆمار و ڕەزامەندی خودی سەدام حوسێن کەس نەیوێراوە بیر لە بەکارهێنان، نەخشەدانان و جێبەجێکردنی ئەو پەلامارە کیمیاوییانە بکاتەوە. کەسانی وەک وەفیق سامەڕایی پێشنیاری ئەم تاوانەیان کردووە، بەڵام لە کۆتاییدا وردترین وردەکارییەکانیان خستووەتە بەردەستی سەدام و ئەو فەرمانی داوە چی بکرێت. بەڵگەنامەکان ئەو میکانیزمانەش دیار ئەکەن کە سەرۆکایەتی کۆمار لە بەریگرتوون بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە ترسناکە لە دژی کورد و بزووتنەوە سیاسییەکانی. بەڵگەنامەکان باسی مەودا ترسناکەکانی ئەو پەلامارانە و کۆی فەرمانگە و دەزگا سەربازی و هەواڵگرییەکان دەکەن کە بەشدارییان لە ئەنجامدانیاندا کردووە. با رێگە بدەین بەڵگەنامەکان بە خۆیان لە سەر تاوانانە بدوێن.
نووسراوی زۆر نهێنی، تایبەت و بەپەلە کە لە سەرۆکایەتی کۆمار دەرچووە و ئێمزای سکرتێری سەرۆکی کۆماری بەسەرەوەیە، بەژمارە (953/ 965 ك) لە ڕێکەوتی 39/3/1987 و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی گشتی کراوە، لە خانەی بابەتدا نووسراوە ( ب/ بەکارهێنانی چەکی تایبەت). کاربەدەستانی سەربازی و ئەمنی بەعس بۆ شاردنەوەی دەستەواژەی چەکی کیمیاوی هەمیشە دەستەواژەی چەک و تەقەمەنی تایبەتیان بەکارهێناوە (عتاد خاص). ئەو کۆدەش دواتر هەر لە رێگەی نووسراوەکانی خۆیانەوە ئاشکرا دەبێت. لە نووسراوەکەدا هاتووە: نووسراوتان ژمارە (ش3/ق2/ 6885) لە 25 / 3 / 1987 “ڕەزامەندی وەرگیرا گورزەگە بوەشێنرێت بە مەرجێک بەرئەنجامی هەبێت… لە بەر ئەوەی مەبەست تەنیا ئەوە نیە زیان بگەیەنن بە تێکدەران. کاری پێویست بکەن بە هەماهەنگی لە گەڵ لەشکری پەیوەندیدار، بەر لە وەشاندنی گورزەکە ئاگادارمان بکەن. لە گەڵ ڕێزدا. سکرتێری سەرۆک کۆمار).
نووسراوەکە بە دەسخەت ئەم پەراوێزەی بە سەرەوەیە: بۆ ئاگاداربوونی بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری سەربازی لە ناوەڕۆکی نووسراوەکە، کە تایبەتە بە بەکارهێنانی (تەقەمەنی تایبەت)، لە چاوەڕوانی فەرمانی جەنابین بۆ ناردنی نووسراوەکە بۆ یاریدەدەرێتی یەکەم بۆ کاری پێویست. هەرچی پەراوێزی هۆبەی سێیەمە پێویستی هەماهەنگی کردن لە گەڵ ئەرکانی سوپا دووپات دەکاتەوە، بەو پێیەی ئەو فەرمانگەی بەرپرسە. بەخەتی دەستیش پێداچوونەوە بە نووسراوەکەدا کراوە سەبارەت بە بابەتەکە و ڕەزامەندی سەرۆکایەتی کۆمار. هەروەها هۆبەی سێیەم لە پەراوێزەکەیدا داوای هەماهەنگی لە گەڵ لێژنەی تایبەتدا کردووە بۆ ئەوەی لە سەر وردەکارییەکان ڕێک بکەون و کاتەکە دیاربکەن و بەر لە جێبەجێکردنی سەرۆکایەتی لێ ئاگادار بکەنەوە. هەموو پەراوێزەکان ئیمزای ئەفسەرە بەرپرسەکانیان بەسەرەوەیە بێ ئەوەی ناوەکانیان بنووسرێن. بەڵا ڕێکەوتیان لە سەرە و ڵۆگۆی سەرۆکایەتی کۆماری عیراقیان هەڵگرتووە (بڕوانە بەڵگەی ژمارە 1).
لە نووسراوێکی دیکەی زۆر نهێنی، تایبەت و بەپەلەدا، کە لە سەرۆکایەتی کۆمارەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا نێردراوە و ئیمزای سکرتێری سەرۆکی کۆماری بە سەرەوەیە بە ژمارە (953/1016ك) و لە ڕێکەوتی 2/4/1987 ئەم چەند وشەیە دەخوێنینەوە ( سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا، بابەت/ بەکارهێنانی چەکی تایبەت. ئاماژە بە نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی گشتی ژمارە(7371) لە ڕێکەوتی 31/3/ 1987، گورزەکە ناوەشێندرێت بەر لەوەی لە چۆنێتی بەرئەنجامەکانی ئاگادارمان نەکەنەوە. لە گەڵ ڕێزدا. ئیمزا سکرتێری سەرۆک کۆمار). وێنەیەکی نووسراوەکە بۆ بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی گشتی نێردراوە بۆ زانین و ئاماژە بە نووسراوی سەرەوە کراوە. پەراوێزەکان پێشنیاردەکەن فەرمان بە هۆبەی سێیەمی هەواڵگری سەربازی بدرێت، کە پیدەچێت ئەو کاتە وەفیق سامەڕائی سەرۆکی بووبێت، بۆ ئەوەی کاری پێویست و بەدواداچوونی بۆ بکات. ( بڕوانە بەڵگەنامەی ژمارە2)
ئەو بەڵگەنامانە دەریدەخەن کە پێشنیاری لێدانی کوردستان بە چەکی کیمیاوی لە بنەچەدا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازییەوە بووە، بە تایبەتی هۆبەی سێیەم، کە هۆبەی تایبەتمەند بوو بە ئێران و بە وتەی خۆیان باکوری عیراق، چونکە نووسراوی زۆر نهێنی و تایبەت کە لە سەرۆکایەتی کۆمار دەرچووە و ئیمزای سکرتێری سەرۆک کۆماری بەسەرەوەیە بە ژمارە ( 7/ج2/ 808/ک) لە ڕێکەوتی 12/3/1987 دەق ئاوا دەڵێت: بەڕیوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی گشتی، ب/ زانیاری. ئاماژە بۆ نووسراوتان ژمارە(م1/ش3/ق2/5809) لە ڕێکەوتی 10/3/1987، بەڕێز سەرۆکی فەرماندە فەرمانیدا کە بەڕێوەبەرایەتییەکەتان لێکۆڵینەوە لە گەڵ پسپۆران بکات سەبارەت بە وەشاندنی گورزێکی لەناکاو لە بنکەکانی “پاسەوانانی خومەینی لە ناو بارەگاکانی تێکدەرانی لقی یەکی تاقمی بارزانی بە تەقەمەنی تایبەت” لە ڕێگەی یەکێک لەم ئامرازانەوە: هێزی ئاسمانی، فڕۆکەوانی سوپا یا تۆپ. چی پێویستە بیکەن … ئاگادارمان بکەنەوە. لە گەڵ ڕێزدا. سکرتێری سەرۆک کۆمار. نووسراوەکە پەرواێزێکی لە سەرە کە ئاراستەی یاریدەدەری یەکەمی بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری سەربازی کراوە و لەم نووسراوە ئاگادار دەکاتەوە و پێشنیار دەکات هۆبەی سێیەم یەکسەر دەست بکەن بە لێکۆڵینەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو فەرمانەی سەدام حوسێن و هیچ ڕێگرییەکیش نیە کە هەماهەنگی لە گەڵ (م/5) بکەن سەبارەت بە بابەتەکە بۆ ئەوەی کەڵک لە زانیاری و شارەزاییان لەو بوارەدا وەربگیرێت. هەروەها پێشیان دەڵێت کەوا وێنەیەک لە نووسراوەکە هەڵگیراوە بۆ ئەوەی بەڕێوەبەری گشتی لێی ئاگادار بکرێت. (بڕوانە بەڵگەنامەی ژمارە 3).

سکرتێری سەرۆک کۆمار جارێکی تریش بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری سەربازی لە ڕەزامەندی سەدام حوسێن لە سەر پێشنیارەکەیان لە بارەی لێدانی کوردەوە بە چەکی کیمیاوی ئاگادار کردۆتەوە. لە نووسراوی زۆر نهێنی و تایبەت و زۆر بەپەلە، کە هەر لە سەرۆکایەتی کۆمار دەرچووە و ئیمزای سکرتێری سەدامی بەسەرەوەیە بە ژمارە (٧/ج٢/٨٧٧ك) لە ڕێکەوتی ١٩/٣/١٩٨٧ ئاماژە بەو ڕەزامەندییە کراوە، لە نووسراوەکەدا ئەمەی خوارەوە هاتووە (بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری سەربازی، بابەت/ بەکارهێنانی تەقەمەنی تایبەت، سەرنجتان رادەکێشین کە ڕەزامەندی لە سەر هەردوو پێشنیارەکەتان درا. بۆ کاری پێویست. لە گەڵ ڕێزدا. ئیمزا سکرتێری سەرۆک کۆمار).
هەر کەسێک ئەم نووسراوانە بخوێنێتەوە، کە بەو زمانە کارگێڕییە ئاسایی و سارد و سڕەوە نووسراون، قەت بیری بۆ ئەوە ناچێت، کە ئاکامی جێبەجێکردنیان کوشتنی هەزاران مرۆڤی بێگوناە و مەدەنییە.
پەراوێزی یاریدەدەری یەکەمی بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری سەربازی، کە نووسراوەکەی بۆ بەرپرسەکەی بەرز کردۆتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە فەرمانەکە لە بارەی بەکارهێنانی (تەقەمەنی تایبەتە)ەوەیە لە دژی ئەوانەی ناوی لێناون تاقمی بارزانی و بەکرێگیراوانی ئێران. لەوەش ئاگاداری ئەکاتەوە کە وێنەیەکی نووسراوەکە بەدەست دراوەتە بەڕێوەبەری فڕۆکەوانی سوپا (طیران الجیش)، کە ئەویش ئەوەی ڕاگەییاندووە، دەکرێت هێلیکۆپتەری سەمتی بە شەو لەو ناوچانە بەکار بهێنرێن. بە گوێرەی هەمان پەراوێز ئەو بڕگەیەش خرایە سەر نووسراوەکە بەر لەوەی فەرمانەکە بخرێتە واری جێبەجێکردنەوە. نووسراوە ئەسڵییەکەش لە لای یاریدەدەری یەکەمی بەڕێوەبەری گشتی هەڵگیراوە. بۆ کاری پێویست. پەراوێزەکەی بەڕێوەبەری گشتییش لە ٢٠/٣/١٩٨٧ دووپاتی ئەوەی کردووەتەوە کە پێویستە لێژنەی تایبەت ئامادە بێت بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی بەکارهێنانی تەقەمەنی تایبەت لە دژی ناوچەکانی ئەوانەی بە بەکرێگیراوانی ئێران ناویان دەبات (بڕوانە بەڵگەنامە ژمارە ٤).
وێنەی دووەمی ئەم نووسراوە کە هەمان ژمارە و مێژووی بەسەرەوەیە بە پێی پەراوێز بۆ یاریدەدەری یەکەمی بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری سەربازی بەرزکراوەتەوە بۆ ئاگاداربوون و کاری پێویست (بڕوانە بەڵگەنامەی ژمارە 5).
ئەم بەڵگەنامەیە بە ڕوونی و ڕاشکاوەیی دەریدەخات، کە سەدام حوسێن بەرپرسیارێتی یەکەمی لە ئەستۆدایە لە مەسەلەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژ بە کوردی مەدەنی و پێشمەرگە لە گوند و ناوچە ڕزگارکراوەکانی کوردستان لە نیوەی یەکەمی ساڵی ١٩٨٧دا. هەڵبەتە سەدام نەیدەتوانی ئەو نەخشە دۆزەخییانەی جێبەجێ بکات، ئەگەر تیکنۆلۆژیای نوێ و تۆڕێکی فراوان و ئاڵۆزی دامەزراوەی ئەمنی و سەرکوتکەری لە بەردەستدا نەبوونایە.
بەڵگەنامەکان ئەو دامەزراوە و فەرمانگانەش دیاردەکەن کە بەشدارییان کردووە لە پێشنیارکردن، نەخشەدانان و جێبەجێکردنی پەلامارە کیمیاوییەکاندا. پێدەچێت دەستەواژەی تەقەمەنی تایبەت کۆدێک بووبێت لە نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و فەرمانگە و دامەزراوە هەواڵگری و سەربازییەکاندا لە باتی چەکی کیمیاوی بەکارهێنرابێت مەبەستی شوێنگومکێ. ئەوەی سەیرە هەر ئەم دامەزراوانە بە خۆیان لە نووسراوی تردا خۆیان ڕیسوا دەکەن و پەردە لە سەر مانای شاراوەی تەقەمەنی تایبەت لادەدەن، کاتێ باس لە پێکهاتەی کیمیاوییەکانی ئەو تەقەمەنییە تایبەتە و کاریگەرییە ترسناکەکانیان لە سەر مرۆڤ و ژینگە دەکەن. بەڵگەنامەکان ئاماژەشیان بە کارتێکردنی ئاو و هەواش لە سەر بەکارهێنان و ئاراستەکردنی ئەو تەقەمەنییە تایبەتانە کردووە، کە باشتر واتای ڕاستەقینەی ڕووندەکاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگریی سەربازی ڕۆڵی گرنگی گێڕاوە لە پێشنیارکردن، نەخشەدانان و ئامادەکارییەکاندا بۆ پەلامارەکان. لە نووسراوەکان بۆ چەندین جار ئاماژە بەوە کراوە کە پێشنیارەکە لە بنەچەدا لە لایەن ئەو دەزگایەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار بەرزکراوەتەوە. بەڵگەنامەی وامان لە بەردەستدا نیە کە ئایە پێشنیارەکە لە وەڵامی داخوازی سەرۆکایەتی کۆمار بووە، یا خۆبەخشانە وەفیق سامەڕائی و یاوەرانی ئەو پێشنیارە ترسناکەیان بۆ سەدام کردووە. بەڵگەنامەکان لە هەموو کەسێک باشتر بۆ خۆیان ڕۆڵی لایەنەکان زۆر بە ڕوونی دەخەنە ڕوو.
دەستکاری زمان و دربڕینی بەڵگەنامەکانمان نەکردووە. ئەرکی زانستی داوای ئەوەمان لێدەکات کە دەقەکان وەک خۆیان بخەینە ڕوو، با زمان و دەربڕینەکانشمان بەدڵ نەبن. بەڵگەنامەکان پڕن لەو زمانە بازاڕاییەی بەعس پێی دەناسرا و لە دژی نەیارەکانی بەکاریدەهێنا، کە ئەمڕۆ بووەتە زمانی ستاندارتی باو لە گوتاری هەرزەی سیاسی و میدیای کوردا، باسی ئەوانەی بەغدا با لەولاوە بوەستێ. ئەمڕۆ ئەو گوتار و نووسینەی پڕ نەبێت لە جنێو و دابەشکردنی تۆمەتی بێ بەڵگە و بنەما بە ڕاست و چەپدا، ئەوا خوێنەری زۆر کەمە و لە بازاڕی گوتاربازاندا قروشێکی قەڵب ناکات. بەلای بەعسەوە هەموو ئەوانەی لە گەڵیدا نەبوون دوژمن و نەیار بوون، خۆ ئەگەر بەرهەڵست و نەیار بوونایە، ئەوا خۆفرۆش و کرێگرتەی ئێران، ئەمێریکا و ئیسرائیل…تاد بوون. باوەڕ ناکەم کەس مابێت بەعس جنێوی پێی نەدابێت. هەڵبەتە جنێو و ناو و ناتۆرەکانی بەعس بەرامبەر دوژمنان و نەیارانی ئەو دەمە مایەی شانازی و سەربرزی بوون، لێ جنێوەکانی ئەوڕۆ بۆ هەموو لایەک مایەی شەرمەزاری و نەنگین، با هۆکار و نیەتی مرۆڤانەشیان لە پشتەوە بێت .
لە نووسراوێکی زۆر نهێنی و تایبەت و بەپەلەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری سەربازی بۆ سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا بە ژمارە (٧٣٧١) لە ٣١/٣/١٩٨٧ ئەم دەقە دەخوێنینەوە ( بۆ سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا، ب/ بەکارهێنانی تەقەمەنی تایبەت.
1 – بەڕێز سەرۆکی فەرماندە”خوا بیپارێزێ” فەرمانی داوە کەوا بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە پسپۆراندا لە وەشاندنی گورزێکی ناکاو بە تەقەمەنی تایبەت لە دژی پاسەوانانی خومەینی، لە ناو بارەگاکانی تێکدەرانی لقی یەکی تاخمەکەی بارزانی و توانای جێبەجێکردنی بەهەر یەکێ لەم ئامارزانە: هێزی ئاسمانی، فڕۆکەوانی سوپا و تۆپ، بکۆڵنەوە.
2 – لێکۆڵینەوە لە فەرمانی بەڕێز سەرۆکی فەرماندە (خوا بیپارێزێ) لە گەڵ پسپۆراندا بەڕێوەچوو و ئەم پێشنیارەمان کردووە: أ. دواخستنی جێبەجێکردنی گورزەکە بۆ سەر بنکەکانی پاسەوانانی خومەینی لە ناو بارەگاکانی تاخمەکەی بارزانیدا تا مانگی حوزەیرانی داهاتوو، چونکە ئامانجەکان کەوتوونەتە ناوچەی شریتی سنووری عیراق و تورکیاوە، واباشترە ئەو ئامانجانە دیاری بکرێن کە دەکەونە دەرەوەی کاریگەری چاوەڕوانکراوی تەقەمەنی تایبەت بۆ سەر هێزی سنوور و گوندەکانی تورکیا. ب. دەستکردن بە نەخشەدانان بۆ جێبەجێکردنی پەلاماری هاوشێوەی دیاریکراو لە دژی بارەگاکانی بەکرێگیراوانی ئێران.
3 – ڕەزامەندی لە سەر هەردوو پێشنیاری (٢) سەرەوە وەرگیراو بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە شوێنی بارەگاکانی بەکرێگیراوانی ئێران کۆڵییەوە و ئەو ئامانجانەی خوارەوەی هەڵبژارد بە پشت بەستن بە قەوارەی بوونی دوژمنان لەوناوانە و کاریگەری بوونی ئەوانە لە سەر ئاسایشی ناوخۆ لە ناوچەی باکوردا، کە لە گەڵ توانای لەبەردەست و هەبوونی تەقەمەنی تایبەت و ئامرازی هاویشتن بگونجێت.
A – بارەگاکانی بەکرێگیراوانی ئێران لە ناوچەی دۆڵی بالیسان (گوندەکانی بالیسان، توتمە، خەتێ، شێخ وەسان) ی هەڵەکەوتوو لە نزیک ڕێگای سەرەکی چوارقوڕنە – خەلیفان.
B – بارەگاکانی بەکرێگیراوانی ئێران لە ناوچەی گوندەکانی ” تەکییە، بلکجار، سێوسنان” ی سەر بە ناحیەی قەرەداغ.
4 – ئەو ئامانجانەی لە (أ و ب)ی خاڵی (٣) سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە و لە بارەگا گرنگەکانی بەکرێگیراوان و دوژمنە ئێرانییەکانن لە شوێنی هێزەکانی ئێمەوە دوورن (وەک ئامانجی تەقەمەنی تایبەت) و زیاتر گونجاون بۆ بەکارهێنانی ئەم جۆرە چەکانە، چونکە دەکەونە ناوچەی نزمەوە کە یارمەتی دەرن بۆ نیشتنەوەی هەڵمی پێکهاتەی کیمیاوی و دەکرێت بەو ئامرزانەی لە بەردەستدان(هێزی ئاسمانی وتێسرەوێنی لوولەیی و سەمتییەکان بە شەو) جێبەجێ بکرێت.
5 – بەڕێوەبەرایەتییەکەمان پێشنیاری لێدانی ئەو دوو ئامانجەی کردووە، کە لە خاڵی (٣) سەرەوەدا ئاماژەیان پێکراوە بە بەکارهێنانی دوو لە سەر سێیی ئەو تەقەمەنییە تایبتەی لە بەردەستدایە (پێکهاتەی زارین – سارین) لە گەڵ سێ یەکی تەقەمەنی تایبەتی لە بەردەست لە (پێکهاتەی خەردەل) و ئەوەی دەمێنێتەوە پارێزگاری لێبکرێت بۆ باری تەنگەتاو لە کەرتەکانی شەڕدا.
6 – نووسراوی سەرۆکایەتی کۆمار- سکرتێر زۆر نهێنی و تایبەتی و بەپەلە ٩٥٣/٩٦٥ك لە ٢٩ ئازاری ٨٧ کە ئەمەی تێدا هاتووە (ڕەزامەندی درا لە گورز وەشاندنەکە بە مەرجی چنینەوەی بەرئەنجام… چونکە مەبەست تەنها هەر ئازاردانی تێکدەران نیە… بۆ کاری پێویست بە هەماهەنگی لە گەڵ لەشکری پەیوەندار… و بەر لە وەشاندنی گورزەکە ئاگادارمان بکەنەوە … لە گەڵ ڕێزدا). (بڕوانە بەڵگەنامەی ژمارە ٦).

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …