Home / ناوداران / عەبدولڕەحمان قاسملۆ لە دیدێکی مێژووەوە

عەبدولڕەحمان قاسملۆ لە دیدێکی مێژووەوە

عەبدولڕەحمان قاسملۆ لە دیدێکی مێژووەوە‌

fb_img_1475576892736

نوسینی :کەیوان ئازاد

عه‌بدولڕه‌حمان قاسملۆ ده‌بێته‌ سێیه‌مین سكرتێری گشتیى حزبی دیموكراتی كوردستانى ئێران، كه‌ دواى هه‌ریه‌ك له‌ پێشه‌وا قازى محه‌مه‌د و ئه‌حمه‌د تۆفیق، بووه‌ قوربانى له‌پێناو كورد و خاك و پارته‌كه‌یدا. یه‌كه‌میان پێشه‌وا قازى محه‌مه‌د بوو كه‌ وه‌ك یه‌كه‌مین سه‌رۆك كۆمارى كوردستان و یه‌كه‌مین سكرتێرى حزبى دیموكراتى كوردستان له‌ 31ى ئادارى1947 له‌ مه‌یدانى (چوارچرا)ى شارى مه‌هاباد له‌گه‌ڵ سه‌درى قازى براى و حه‌مه‌حوسێن خانى سه‌یفی قازى، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی په‌هله‌ویی ئێرانه‌وه‌ له‌سێداره‌ دران. دووه‌میان ئه‌حمه‌د تۆفیق بوو كه‌ ساڵى 1973 له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى ڕژێمى به‌عسى عێراقه‌وه‌ له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا گیانى له‌ده‌ست دا. سێیه‌میشیان عه‌بدولڕه‌حمان قاسملۆ بوو كه‌ ئێواره‌ى ڕۆژى پێنجشه‌م 13ی ته‌مووزی 1989 له‌ شارى (ڤییه‌نا)ى پایته‌ختى وڵاتى نه‌مسا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى كۆمارى ئیسلامیی ئێران كۆتایی به‌ ژیانى هێنرا.


ته‌نانه‌ت دواى ئه‌ویش سادقى شه‌ره‌فكه‌ندیش له‌ 17ى ئه‌یلوولى 1992 له‌ شارى (به‌رلین) به‌ هه‌مان شێوه‌ى قاسملۆ كۆتایی به‌ ژیانى هێنرا. له‌و كاته‌وه‌ش تا به‌ ئێسته‌ ده‌گات، سه‌رجه‌م به‌رپرس و كادیر و ئه‌ندام و لایه‌نگر و هه‌وادارانى ئه‌و حزبه‌، به‌ هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌وه‌ (حزبى دیموكراتی كوردستانى ئێران و حزبی دیموكراتى كوردستان-ئێران) له‌ بیرى ئه‌وه‌دان كه‌ چۆن و بۆچى كه‌سى یه‌كه‌مى پارته‌كه‌یان بوونه‌ قوربانى و نه‌یانتوانى دۆزى ڕه‌واى نه‌ته‌وه‌ و خاك و پارته‌كه‌یان به‌ سه‌ركه‌وتن بگه‌یه‌نن؟ ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌یه‌ تا ئێسته‌ وه‌ڵامێكى زانستیى نییه‌؟


عه‌بدولڕه‌حمان كوڕى محه‌مه‌د ئاغاى دیبوكرى ناسراو به‌ (عه‌بدولڕه‌حمانى قاسملۆ) له‌ 22ی كانوونی یه‌كه‌می 1930 له‌ شارى ورمێى خۆرهه‌ڵاتى كوردستان له‌دایك بووه‌. خوێندنى سه‌ره‌تایى و ناوه‌ندى و ئاماده‌یی له‌و شاره‌ ته‌واو كردووه‌. به‌مه‌به‌ستى ته‌واوكردنى خوێندنیش ساڵى 1948 چووه‌ته‌ پاریسی پایته‌ختی فڕه‌نسا و له‌وێش تێكه‌ڵ به‌ دونیای سیاسه‌ت بووه‌، به‌ڵام ڕووداوێك وێستگه‌ی ژیانی به‌ ئاراسته‌یه‌كى تردا گۆڕی. ئه‌ویش ته‌قه‌كردن بووه‌ له‌ شای ئێران له‌ 4ی شوباتی 1949 له‌لایه‌ن (ناسری فه‌خرانی)، بۆیه‌ به‌ناچاری ئه‌و شار و وڵاته‌ خۆرئاوایه‌ بۆ شاری پراگی پایته‌ختی وڵاتی چیكۆسلۆڤاكیا به‌جێ هێشت. ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى خۆشحاڵی به‌و ڕووداوه‌ ده‌ربڕى و له‌پاڵ نه‌یاره‌كانى شاى ئێران، به‌شداریى چه‌ندین چالاكیى سیاسی كرد، چونكه‌ ئه‌و پادشایه‌ى ئێران هۆكارى سه‌دان نه‌هامه‌تى بوون بۆ كورد به‌ گشتى و كوردى خۆرهه‌ڵاتى كوردستان به‌تایبه‌تى. بۆیه‌ له‌ژێر فشاری حكوومه‌تی ئه‌و كاته‌ی فڕه‌نساى هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تى شاهه‌نشاهى ئێران، به‌ناچاری ئه‌و وڵاته‌ی به‌جێ هێشت.


دوای گه‌یشتنیشی به‌ شاری (پراگ) ده‌ستی به‌ خوێندن كرد، تا ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 1952 بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسى له‌ زانستی ئابووریی سیاسیدا له‌ زانكۆی پراگ وه‌رگرت. كاتێكیش د. محه‌مه‌دی موسه‌دیق له‌ ئێران حكوومه‌تێكی نیشتمانیی له‌ نێوان ساڵانی 1951-1953 پێك هێنا، وازى له‌ خوێندنى باڵا هێنا و گه‌ڕایه‌وه‌ ئێران بۆ ئه‌وه‌ى درێژه‌ به‌ كارى سیاسی بدات و به‌و توانا و بواره‌ی هه‌یه‌تی و ئه‌و هه‌له‌ی له‌ وڵاتی ئێراندا ڕه‌خساوه‌، چی له‌ده‌ست بێت بۆ نه‌ته‌وه‌ و كۆمه‌ڵگاكه‌ی بیكات. ئه‌وه‌بوو له‌ ساڵی 1953 یه‌كه‌م ئه‌ركی حزبیی پێ سپێردرا، كاتێك كرایه‌ به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو (ڕێكخراوی توده‌ی ئێران و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران). به‌هۆى ئه‌و خه‌باته‌شییه‌وه‌ چاوى ده‌زگاى ساواكى چووه‌ سه‌ر، بۆیه‌ به‌ناچارى له‌ ساڵى 1959 ئێرانى به‌ره‌و عێراق به‌جێ هێشت. دواى دوو ساڵیش مانه‌وه‌ له‌ عێراق، به‌هۆی ناكۆكیی سیاسی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د تۆفیقی سكرتێری حزبه‌كه‌ى، عێراقى به‌ره‌و چیكۆسلۆڤاكیا به‌جێ هێشت، به‌ڵام ئه‌و دوو ڕووداوه‌ له‌ خه‌بات و كۆڵنه‌دان خاویان نه‌كرده‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌مجاره‌شیان باشتر و به‌گوڕتر له‌ جاران ده‌ستی دایه‌وه‌ كار و درێژه‌ی به‌ خوێندنی بال اَدا، تا له‌ ساڵی 1962 بڕوانامه‌ی دكتۆرای له‌سه‌ر (زانستی ئابووریی سیاسی) له‌ به‌شی ئابووریی زانكۆی پراگ وه‌رگرت.


دواى ئه‌و ئه‌ركه‌ ئاكادیمییه‌ى بۆ خزمه‌تى نه‌ته‌وه‌ و حزبه‌كه‌ى، له‌ كۆنفرانسی سێیه‌می حزب كه‌ له‌ 21ی حوزه‌یرانی1971 له‌ شاری كۆیه‌ به‌سترا، به‌شداریى كرد و وه‌ك ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردرا. دوو ساڵ دواتریش له‌ كۆنگره‌ی سێیه‌می حزبدا له‌ ساڵی 1973 به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ به‌ سكرتێری گشتیی حزب هه‌ڵبژێردرا. له‌و پۆسته‌شدا مایه‌وه‌، تا له‌ ئێواره‌ی 13ی ته‌مووزی1989 له‌ شاری ڤییه‌نای پایته‌ختی نه‌مسا شه‌هید كرا. به‌وه‌ش بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد شۆڕشگێر و سیاسه‌توان و سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری لێ رۆی.


له‌م تۆمارانه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و ڕێبه‌ره‌ى حزبى دیموكرات، هه‌ر هه‌لێكی بۆ چالاكیی سیاسی بۆ ڕه‌خسابێت، كاری له‌سه‌ر كردووه‌. كاتێكیش به‌هۆی ئه‌و چالاكییانه‌وه‌ دووچاری ده‌ركردن یان ئاواره‌بوون بووبێت، سوودی له‌ كات وه‌رگرتووه‌ و له‌ خزمه‌ت فێربوون و خوێندندا به‌كاری هێناوه‌.


ئه‌گه‌رچی ڕه‌وتی ڕۆژگار بۆ دواوه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ و به‌ره‌و پێش ده‌ڕوات، به‌ڵام له‌ده‌ستدانی د. عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملۆ چ بۆ حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و چ بۆ بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، زیانێكی گه‌وره‌ بوو، به‌هۆى ئه‌وه‌ى سیاسییه‌كى دانسقه‌ى كورد بوو كه‌ بتوانێت مامه‌ڵه‌ی سیاسه‌ت به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ بكات.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

1516611239wefayi

وه‌فایی

جام کوردی: میرزا عەبدوڕە‌حیم سابڵاغی ناسراو به وەفایی شاعیری به ناوبانگی کورد، ساڵی ١٢٦٤ی ھەتاوی …