Home / ناوداران /  ژيانى قازى محمد

 ژيانى قازى محمد

hqdefault%d8%a7

ژيانى قازى محمد
لەدایکبوون=١٨٩٣
مەرگ =٣٠ی مارچی ١٩٤٧
مەیدانی چوارچرای مەهاباد
هۆکاری مردن= لەسێدارەدان
نەتەوە =کورد
هاووڵاتی= ئێرانی
پیشە =دادوەر (قازی)
شار= مەهاباد
سەرناو= سەرۆک کۆماری کوردستان
وادە= ١١ مانگ
حیزبی سیاسی =کۆمەڵەی ژ.ک، حیزبی دێموکراتی کوردستان
بەرانبەر(ەکان) =حکوومەتی ناوەندیی ئێران
بیروڕای ئایینی =ئیسلام
دایک و باوک =قازی عەلی
———————-
سەرەتای ژیان
قازی محەممەد، کوڕی قازی عەلی، لە بنەماڵەیەک کە ناوبانگی لە شاری مەهاباد بۆ چوار سەدە پێشتر دەگەڕێتەوە. ئەوان نە تەنیا لەلای خەڵک بەڵکوو لەلایەن دەسەڵاتداران و بەرپرسانی حکوومەتیش، جێگەی رێز و پێ‌زانین بوون. هەر بە بنەماڵە زانا و ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر بوون. لە شەڕی یەکەمی جیهانی‌دا پیاوی وەک میرزا فەتاحی قازییان لە بەرەنگاریی راستەوخۆ دەگەڵ ڕووسەکان لێ شەهید بوو، کوڕە لاوەکانیشی (سالار و محەممەد) بە دیل گیران و بۆ شوێنە دوورەکانی رووسیەی ئەو کات بەڕێ کران و تا شۆڕشی ئۆکتۆبر هەر لە دیلی‌دا بوون.
قازی عەلی باوکی، لە ١٩٣٠ لە مەهاباد رێکخراوێکی کوردی بە ناوی بزووتنەوەی محەمەد پێک هێنا. ناوبراو لەگەڵ جووڵانەوەی شێخ محەمەد خیابانی لە تەورێز پێوەندی هەبوو، تا ساڵی ١٩٣٤یش کە کۆچی‌دوایی کرد لەسەر ئەو کارە بەردەوام بووە.
قازی عەلی، دوو کوڕی هەبووە، یەکیان ئەبوالقاسم قازی (ناسراو بە سەدری قازی) بووە کە دوو دەورە لە لایەن خەڵکەوە کراوەتە نوێنەری پەڕلەمان و جێ‌بڕوا و کاریگەرێتی تایبەتی هەبووە. دوای تەواوبوونی کاری پەڕلەمان لەسەر ڕاسپاردەی باوکی، بۆ ڕاپەڕاندنی کارە سیاسییەکان و یاری‌دانی خەڵک هەر لە تاران مابۆوە.
قازی محەممەدیش کە ساڵی ١٩٠٠ی زایینی لەو بنەماڵە دا لەدایک بووە. قازی محەممەد لە منداڵی و لاوی دا زۆر خولیای زانست و فێر بوونی زمانە بیانیەکان بووە و جگە لە عەرەبی و فارسی، دەگەڵ زمانی فەڕنسی و ئینگلیزی و تا ڕادەیەکیش ڕووسی ئاشنایەتی کردووە. قازی محەممەد زۆری حەز بە تێکەڵاوی دەگەڵ زانایانی زەمان، کەسایەتیە گەورەکان، کوردانی نیشتمانپەروەر و سەرۆک عەشیرەتەکان هەبووە.
—————
دەستپێکی فەرهەنگی
دوای کۆچی‌دوایی باوکی، بوو بە دادوەر(قازی)ی شار. لە بەر ئارەزووی خۆی بۆ کاری فەرهەنگی و بردنەسەرەوەی زانیاری خەڵک، لە ساڵەکانی بەر لە ١٩٤١ و دوای ئەوەش بەرپرسایەتی دایەرەی فەرهەنگ و ئەوقافی شاری مەهابادی بە ئەستۆوە گرتووە و خزمەتی بەرچاوی فەرهەنگی کردوە و لە کاتی بەرپرسایەتیی ئەودا، یەکەم قوتابخانەی کچان لە مەهاباد کراوەتەوە. هەر لەبەر ئەوە دەگەڵ زۆرێ لە خوێندکاران، رۆشنبیران و مامۆستایان پەیوەندی نزیکی بووە.
لە چەند ساڵ ماوەی نابەسامانی دەوڵەتی ناوەندیی تاران، واتە لە ساڵانی١٩٤١ تا ١٩٤٥ کە کۆماری کوردستان پێک هاتووە، بەڕێوبەرایەتی ئەو لە پێش‌بردنی کاروبارەکان‌دا و بە تایبەتی لە چارەسەریی کێشە عەشیرەی‌یەکاندا دەورێکی بەرچاو بووە. زۆر لە گرفتەکانی کاری ڕۆژانەی خەڵک لە دیوانی ئەودا کە مەحکەمەیان پێ‌دەوت، چارەسەر بووە.
قازی محەممەد ڕێزی تایبەتی بۆ دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ.ک) هەبووە. زۆر لە دامەزرێنەرانی ژ.ک ڕاوێژیان لەگەڵ کردووە و زۆریان خۆش ویستوە و گەلێکیان هەوڵ دەگەڵ داوە تا ببێتە ئەندامی ئەو کۆمەڵە.
قازی لە ڕوانگەی نوێنەرانی بیانی‌شەوە کە ئەوکات ئێرانیان لەنێو خۆیان دا دابەش کردبوو، ڕێزی تایبەتی هەبووە. هەر کەس چۆتە مەهاباد تێکۆشاوە بەر لە هەموو کەس چاوی بە ئەو بکەوێ. بانگ کرانی بۆ سۆڤیەت هەر لەم پەیوەندیەدا بووە، کە دەگەڵ وەفدێکی گەورە سەردانی باکۆیان کرد.
—————–
ژیانی سیاسی و کۆمار
قازی محەممەد کە بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژ.ک و ناوی نهێنی بینایی بۆ دانرا، هیوایەکی زیاتری بۆ بەرپرسان و خەڵک پێک هێنا. لە ئاکامی تێگەیشتنی بە وەخت و ئازایەتی سیاسی ئەو و بە قەناعەت گەیشتنی بەرپرسانی کۆمەڵەدا بوو کە ژ.ک بوو بە حیزبی دێموکراتی کوردستان و وەک حیزبێکی دێموکرات و پێشکەوتوو دەستی کرد بە تێکۆشان و خەباتی سیاسی. قازی لەبەر ڕێزی تایبەتی کە بۆ ژ.ک‌ی هەبوو، بناغەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتیشی هەر بە ٢٥ی گەلاوێژ، ڕۆژی دامەزرانی ژ.ک دانا و هەر بۆیەش سەرنجی زۆربەی نزیک بە تەواوی بەرپرسانی بۆ تێکۆشان لە نێو حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ڕاکێشا. حیزب زۆر بە خێرایی پەل‌وپۆی سەند و تێکۆشانی لە هەموو ناوچەی ئازادی کوردستان دا پەڕەی سەند. قەیرانی بە زۆر لکاندنی کوردستان بە ئازەربایجانەوە حەل کرد و مەجبووری کردن حیسابی جیاواز بۆ کوردستان بکەن. لە یەکەم کۆنگرەدا، لە ٢٢ی ژانویە ١٩٤٦ (٢ی رێبەندانی ١٣٢٤ی کۆچیی هەتاوی) بە بەشداریی نوێنەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و مەلا مستەفا بارزانی و سەرۆک عەشیرەت و نوێنەرانی هەموو چین و توێژەکانی کوردستان پێکهاتنی یەکەم کۆماری کوردستان ڕاگەیێندرا.
لە ماوەی دەسەڵات‌داڕی کۆماری مەهاباد ئەوەی پێویست بوو زۆر بە ڕاشکاوی بە شای ئێران و قەوام (سەرۆک وەزیرانی کاتی ئێران) ڕاگەیاندوە، قامکی لەسەر لاوازییەکانیان بەرانبەر بە گەلی کورد داناوە. بە ئاشکرا پێی گوتون، ئێوە لە قسەکانی خۆتان‌دا دوودڵن و ناتانەوێ مەسەلەی کوردستان چارەسەر بکەن.
کاتێک پێشەوا لەلایەن قوام السلگنەوە بۆ تاران بانگهێشت دەکرێ و لە ڕێکەوتی ٢٨ی ژوئەنی ١٩٤٦ دەچێتە تاران، لەلایەن ژمارەیەک لە وەزیران، نوێنەرانی پارلمان و نوێنەری کوردەکانی تاران و نوێنەری حیزبەکان و یەکیەتی کرێکاران لە فڕۆکەخانە پێشوازی لێ دەکرێ. ڕۆژنامەی ایران ما هەر ئەوکات دەنووسێ:
ئێستا کە قازی محەممەد لە تارانە و ئازادیخوازان چاویان پێی کەوتوە، دەردەکەوێ کە بیر و ڕای ئەو جێگیرکردنی ئازادی و دێموکراسی لە تەواوی ئێران دایە و مافی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئینسانی بۆ نەتەوەی کوردیش لە گۆڕێ دایە. هەر کارێک بە سوودی دێموکراسی بێ لەلایەن پێشەوای کوردستانەوە بە دڵەوە پێشوازی لێ دەکرێ. هیوادارین جەنابی قەوام لەو سەفەرە مێژوویی‌یە کەڵک وەرگرێ.
————————-
ڕووخانی کۆمار
دوای وتووێژی زۆر، تاران و کۆماری مەهاباد بە خاڵێکی هاوبەش نەگەشتن و گرفتەکان چارەسەر نەکران. هەر بۆیە بەشوێن ماوەیەک هەڕەشە، و بە دوای وەر گرتنی هێندێ بەڵێن بۆ یارمەتیدان لە ڕووخاندنی کۆماری مەهاباد لە لایەن بڕێک سەرۆک عەشیرەتەکان، تەنانەت چەن کەس لەوانەی دەگەڵ قازی سەفەری باکۆیان کردبوو، تاران لە پێش‌دا هێرش دەکاتە تەورێز بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئازەربایجان و پاشان هێرش دەکاتە سەر کوردستان.
ئەرتەشی ئێران کە قورسترین ئامێری شەریان چەن تانکی کۆن و قۆڕازە بوو، ڕۆژی ٢٠ سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی (١٩٤٦ی زایینی) گەیشتە دەرۆی شاری تەورێز و ڕۆژی ٢١بە هەڵاتنی سەرۆکانی کۆمار بۆ سۆڤیەت کۆماری ئازەربایجان ڕووخا و ئەرتەش شاری تەورێزی داگیر کرد. دوای ئەوە ئەرتەش لەوێڕا بەرەو مەهاباد ڕێ کەوت. لەو ئەو ناوچانەی دیکە لە باشوری مەهاباد‌دا کە خۆیان بە بەشی کۆمار دەزانی و دەسەڵاتی تارانیان بە حکوومەتی ناوەندی نادەزانی، واتە لە شارەکانی سنە، دیواندەرە، مەریوان هەتا نزیکی سەقز، لە چەن مانگ پێش ئەوە، هێزیان ئامادە کردبوو؛ بەڵام دوای تەورێز ئەرتەش هێزی نوێی لە ڕێگای قەزوێن بۆ سەقز نارد کە لە ٢٠ی سەرماوەز گەیشتنە سەقز و لە ڕێگەی بۆکان بە یارمەتی هێندێ لە کوردەکانی سەربە حکوومەتی شا، ڕێگەی مەهابادیان گرتە بەر. قازی وەک سەرۆک کۆمار دەستوور دەدات هەتا دەکرێ لە شەڕ خۆ بپارێزن چون ماڵوێرانی پێوەیە. ئەگەرچی لە پێناوی وڵات هەمووان تێدەکۆشن بەڵام بە هۆی جووڵانەوەی سەرنجڕاکێشی هێزەکانی سۆڤیەت، زۆر بە خێرایی، لە ماوەی چەن ڕۆژ کوردستان داگیر دەکرێ. ئەگەر چی ئەو ڕەخنە لە قازی، وەک سەرۆک کۆمار و جێی متمانەی جەماوەر دەگیرێت کە بۆ ئەوندە پشتی بە یارمەتی سۆڤیەت بەستبوو کە بە دەست‌‌کێشانی لە پاڵپشتی کۆمار ئاوەها بە خێرایی کۆمار تێدا چوو؛ بەڵام لەوەدەچێ گەورەترین هۆی ڕووخانی کۆمار یەک‌نەبوونی هەوموو دەستەکان ببێت، تا ئەو ڕادەیە کە هێندێ هەتا سۆڤیەت کوردستانی چۆڵ کرد، نامەیان نارد بۆ تاران کە وەرن، ئێستە کاتی هێرشە. بە ئاگادار بوون لە داهاتووی کۆمار مەلا مستەفا هەوڵی دا کە قازی دەگەڵ خۆی بباتە دەرەوە، بۆ پاراستنی گیانی، بەڵام قازی‌ بەوە ڕازی نەبوو، پێی وا بوو دەبێ لە سەر بەڵێنی خۆی بمێنێتەوە. قازی دەزانێ کە بە زوویی کۆمار دەڕووخێت؛ لە نێوان شەر یان خۆبەدەستەوە دان، وەک بەرپرسیارێکی گیانی خەڵک، بۆ بەرگری لە کوشتن و وێران کردن، وەک قارەمانێکی نەتەوەیی خۆ بەدەستەوە دەدات. هەڵبەت سەبارەت بەوە،‌ ڕەخنەدەگرن کە ئایا ئەگەر قازی دەگەڵ مەلا مستەفا بڕۆشتایە، دواتر نەیدەتوانی قازانجی زیاتر بێت بۆ گەلەکەی؟‌ بەڵام لە کاتی ماڵئاوایی لەگەڵ مەلا مستەفا، قازی ئاڵای کوردستان دەسپێرێ بە مەلا مستەفا و وەک جوابی ئەو پرسیارە دەڵێ: “من خۆم فیدای خەڵکی دەکەم و هیچ کات وەک پیشەوەری و سەرانی ئازەربایجان ناکەم تا وڵاتەکەم لە خوێن دا شەڵاڵ بێو هەزاران کەس بە کوشت بچن.”
ئەرتەش ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەز دەگاتە مەهاباد وەک پایەتەختی کۆمار و وەک ئەو شارەی دەسەڵاتی کۆماری تێدایە، کاتێ زیاتری بۆ دادەنێن. ئەگەرچی هەر لە پێشدا هەم قازی بۆخۆی و هەموان دەیانزانی سزای قازی و هەڵسووکەوتی حکوومەت دەگەڵ وی چۆن دەبێ، بەڵام دادگایەک ڕێ دەخرێت و تێیدا قازی و ئەندامانی کۆمار بە چەن تاوانی سەرەکی دادگایی دەکرێن.
ئەگەرچی هەردوو کۆماری مەهاباد و ئازەربایجان لەسەر پاڵپشتی سۆڤیەت دامەزرێندران، بەڵام کۆماری مەهاباد ڕاستقینە ئارەزووی جەماوەری کورد بوو. سۆڤیەت بۆ سوودی خۆی دەستی لە پاڵپشتی کێشاوە و دەسەڵاتی تاران هەردوو کۆماری لاوازی مەهاباد و ئازەربایجانی خنکاند. درێژەی کۆماری مەهاباد ١١ مانگ بوو.

زيرين

hqdefault

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …