Home / بەشی مێژووی كورد /  چایخانە و قاوەخانەكانی جارانی شاری هەولێر

 چایخانە و قاوەخانەكانی جارانی شاری هەولێر

 
1460878496
لە كۆنەوە كەسانێكی زۆر هەن پێیان خۆش بووە جێگا و شوێنێك هەبێت بۆ ئەوەی پشوویەكی تێدا بدەن و لە هەمان كاتیش خۆشەویست و ئازیزانی تێدا ببینن، جا باشترین شوێنی جارانیش چایخانە و قاوەخان بووە، بۆیە هەر لەو سەردەمەدا چەندین شوێنی دیاریكراو لە شێوەی چایخانە و قاوەخانە بە شەو و ڕۆژ دەرگایان بە ڕووی خەڵكی شارەكە و میوانان كرابەوە لەوانە:
چایخانە و قاوەخانەكانی عەبۆ
چایخانە و قاوەخانەی عەبۆ لە ساڵی 1885 دروست كراوە و خاوەنەكەی كەسێك بوو بەناوی عەبدوڵڵا سلێمان هەر بۆیەش پێیان دەگوت چایخانە و قاوەخانەكانی عەبۆ ئەو سا هەر لە بەرەبەیانەوە تا نیوەی شەو هەموو چین و توێژەكان تێیدا دادەنیشتن و كاتیان بەسەر دەبرد، ئەو چایخانە وەك كۆنترین شوێنی شاری هەولێر لە خزمەت خەڵكی شارەكەدا بوو چوار جار شوێنەكەی گواسترایەوە لە ساڵی 1900 گواسترایەوە بۆ لای گەراجی مەخمووری كۆن و ساڵی 1925 چووە بەرامبەر مزگەوتی خانەقا و ساڵی 1958 تا لە ساڵی 1983 بەیەكجاری تێك درا و ئاسەوارەكەی نەما، پێش ئەوەی تێك بدرێ شوێنەكەی كەوتبووە تەنیشت چێشتخانەی تاجریان، كە مام عەبۆی قاوەچی مرد، ئینجا كوڕەكانی كاكۆ و نادر و سەپەرشتی چایخانەكەیان دەكرد، بە تایبەتی مام نادر عەبدوڵڵا كە قاوە و چایە و شیر و ساردەمەنیەكانی وەك پیپسی و كۆلا و ناملێت و سیفۆن و سینالكۆ و مشن و مۆتا و شەربەتی تێدا دەخورایەوە و نرخی هەر یەكەشیان بە عانەیەك بوو كە ئەو كاتە دەیكرد 4 فلوس، بەڵام بەیانیەكەشی قاوەی تاڵیان بە خۆڕایی بە خەڵكەكەی دەدا، هەر بۆ مێژووش دەڵێین ئەو چایخانە بۆ یەكەمین جار لە ساڵی 1951 یاری بلیاردی هێنایە شاری هەولێر و یاری شەترەنجیشی تێدا دەكرا و سەرەتا شاگری نەبوو تەنیا برا و ئامۆزاكانی وەكو حاجی ئەمین و وەلی و محەمەد و تاهیر و یونس و منداڵەكایان كاریان تێدا دەكرد، بەڵام لە دەرەوەی بنەماڵەكەی خۆیان یەكەمین شاگری ئەو چایخانە خوالێخۆشبوو مام خەلیل بوو كە هەر لە ساڵی 1948 وە وەك شاگرد كاری تێدا كردووە.
چایخانە و قاوەخانەكانی حاجی مستیل
حاجی مستیل ناوی تەواوی مستەفا محەمەد ئەحمەد بوون بەڵام بە حاجی مستیل ناسراو بوون ساڵی 1912 لە شاری هەولێر لە دایك بووە و لە هەڕەتی لاویدا شەربەتفرۆشیی دەكرد لە نێوان شنۆ و سابڵاخ، قەتارچییەتیی دەكرد ئەو پیشەیەش بریتی بوو لە كڕین و فرۆشتنی مافوور و قاڵی و ئەو جۆرە شتانە، دواتر لە دەوروبەری ساڵی 1945 – 1946 دا لە كۆڕێ چایخانەكی دانا، چونكە ئەوسا ماڵی لەوێ بوو، دواجار لە ساڵی 1949 هاتە شاری هەولێر و لە ناو دارتاشەكان چایخانەیەكی دانا، جگە لەوەش چایخانەیەكی هاوینەشی لە تەنیشت سینەمای حەمرا دانا كە ئەو كات چواردەوری هەمووی چۆڵەوانی بوو، شاگردەكانی ئەوكاتی بریتی بوون لە عوسمان محەمەد و جەمال و عەبدوڵڵا و حاجی قادر بوون.
چایخانە و قاوەخانەكانی بایز
خاوەنی چایخانەی بایز ناوی تەواوی مام بایز ئیسماعیل مەحمود یەكێك بووە لەو كەسانەی كە خاوەن قاوەخانە و چایخانەیەكی بەناوبانگ بووە لە شاری هەولێر و لە هۆزی نانەكەلی یە و ساڵی 1914 لە شاری هەولێر دایك بووە و هەر لە تەمەنی 18 ساڵیەوە شاگری چایچی بووە، ئینجا لەلای سینەمای سەلاحەین چایخانەیەكی بچكۆڵەی دانا، پاشان گواستیەوە سەر ڕێگای موسڵی كۆن، بۆیە ئەو كاتە ئەو چایخانەیە ببوە شوێنی گواستنەوەی ئەوانەی لە هەولێرەوە دەچوونە موسڵ واتە ئەو شوێنە لەو سەردەمە هەم چایخانە و هەم نەقلیات بوو، یەكەم شاگردی ئەو چایخانە مام ئەحمەد بوو كە ماوەی 20 ساڵ لەو چایخانەیە كاری دەكرد، دووەمین شاگردیشی هەر ناوی مام ئەحمەد بوو، ئینجا چەند كەسێكی دیكە بەناوی فەیسەڵ و عەدنان كاریان تێدا دەكرد، ئەو كاتە نرخی چایە بەیەك عانە بوو، هەروەها هێلكەوڕۆنێكی چاكیشی هەبوو، ئەو كاتە چایەی (ئەبو كەعب) و (ئەبو كتلی) و ( ئەبو جەمال) هەبوون.
چایخانە و قاوەخانەكانی عەلی فلەیح
عەلی فلەیح ناوی باوكی حەسەن بوو لە سەیدەكانی نەعیمی بوو ساڵی 1884 لە شاری هەولێر لە دایك بووە و تەكیەیان لە شاری كەركوك هەبوون ئەو پیاوە بینایەی چایخانەكەی لە عەبدولرەحمان چەلەبی بە كری گرت و دواتر شوێنێكی دیكەی لە شیخۆ ئاغا كڕیەوە، لەو چایەخانەدا چایە و قاوە دەخورایەوە چایەكە بە 4 فلوس بوو، بەڵام قاوەكە بە خۆرایی دەدرایە خەڵكی و بە هاوینانیش شەربەت و ماستاو هەبوو، هەر بۆ مێژوو دەڵێین خوالێخۆشبوو عەلی فلەیح یەكەم كەس بوو قەوانی هێنایە شاری هەولێر كە ئەوسا لە موسڵ و بەغداوە دەهات، ئەو قەوانەش بە قورمیش كاری دەكرد و دەرزیەكی هەبوو دەكەوتە سەر بەكرەكە كە شێوەكەی بازنەیی بوو چەندین حەیرانی كاوێس ئاغا و ئوم كەلسوم و فەرید ئەتڕەش و عەبدولحەلیم حافزی لەسەر تۆمار كرا بوو، ئەو كاتەش كاویس ئاغا دۆستایەتیەكی بەتینی لەگەڵ خوالێخۆشبوو عەلی فلەیح هەبوو باشترین بەڵگەش بۆ ئەو ڕاستیە كاویس ئاغا لە گێڕانەوەی بەیتی گەنج خەلیل دەڵێ لە چاوی عەلی فلەیحی، ئەو پیاوە ساڵی 1940 وازی لە چایخانەكە هێنا و ساڵی 1947 یش كۆچی دوایی كرد.
چایخانە و قاوەخانەكانی مەچكۆ
خاوەنی چایخانەی مەچكۆ ناوی مەجید ئیسماعیل مستەفایە و بە مەچكۆ ناسراوە و ساڵی 1923 لە شاری هەولێر لە دایك بووە و لە دەور و بەری ساڵی پەنجاكان ئەو چایخانەی داناوە لەو ساوە تا ئێستا بە چایخانەی ئەدیب و نووسەر و ڕۆشنبیر و شاعیران ناسراوە، كاتی خۆی لەو چایخانەیە چایە و شەربەت دەدرایە خەڵك، چونكە مەچكۆی ڕەحمەتی خۆی باشترین وەستای شەربەت بوو، هەروەها دۆمینە و تاوڵەی تێدا دەكرا، بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی 1962 كۆچی دوایی كرد، ئیدی تەحسینی كوڕی جێگای گرتەوە و ئەمیش دۆستایەتیەكی باشی لەگەڵ ئەدیب و ڕۆشنبیران هەبوو، بەڵام ئەفسووس ئەمیش ساڵی 1991 كۆچی دوایی كرد و موحسینی برای لەو ساوە تا ئێستا ئەركی ڕاپەڕاندنی چایخانەكەی گرتە ئەستۆی خۆی و كۆنترین شاگردیشی مام حاجی قادر بوو.
چایخانە و قاوەخانەكانی دیكەی هەولێر
جگە لەوانەش چەندین چایخانە و قاوەخانەی دیكە هەبوون وەك چایخانە و قاوەخانەی كەوبازان و لەیالی هەولێر (شەوانی هەولێر) و تاقی و عەنتەر و قەرداران و قەمیش و سەید كەریم و باكوور و چەندین قاوەخانە و چایخانەی دیكە.
ئا: محەمەد سەعید كوردە

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …