Home / بەشی مێژووی كورد / جاف و عوسمانلی و فارس

جاف و عوسمانلی و فارس

جاف و عوسمانلی و فارس
كورتە باسێك

k_khel

لە ڕاستیدا عێلی جاف مایەی بایەخێكی زۆر بوو لە كاتی پەرەسەندنی ململانێی نێوان هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و سەفەویدا لەسەر كوردستان، نەخاسمە پاش جەنگی چالدێران (1524ز) كە لەنێوان سوڵتان یاوز سەلیم و شاە ئیسماعیل سەفەوی روویدا و لە ئاكامیدا كوردستان تووشی زەرەر و كارەساتێكی مەزن هات و خاكەكەی لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا دابەشكرا.

ناكۆكی و ململانێی هەردوو دەوڵەتی ناوبراو لەسەر حیسابی گەلی كورد شێوەیەكی مەزەبیی گرتەخۆ كە لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان سوننەگەری و شیعەگەریدا خۆیان بینییەوە. ئەوەبوو هەریەك لەو دوو دەوڵەتە ئاگری ململانێیەكەیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان خۆش دەكرد و بە شێوەیەك دەیانقۆستەوە كە كار بكاتە سەر میللەتی كورد و بەلای خۆیانیدا ڕابكێشن و لە ناكۆكیی نێوانیاندا بە كاریان بهێنن و سوودیان لێ وەرگرن .

سەفەوییەكان بە جیدی هەوڵیان دەدا میرنشینە كوردە سەربەخۆكان نەهێڵن، لەبەر ئەوەی زۆربەی خەڵكەكەیان سوننی مەزەب بوون، ئەم سیاسەتەش تا سەردەمی نادر شای ئەفشار و قاجارییەكانیش هەر بەردەوام بوو .

وەلێ عوسمانییەكان زۆر زیرەك و لێزانتر بوون لە سەفەوییەكان لە میانەی مامەڵەكردنیاندا لەگەڵ گەلی كورددا، چونكە توانیان میرنشینە كوردەكان لە ڕێگەی مەلا ئیدریسی بدلیسەوە بەلای خۆیاندا ڕابكێشن. بەو شێوە ئەو میرنشینانە بوونە دار دەستی عوسمانییەكان و بە مەبەست و بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بەكاریان دەهێنان .

لەو قۆناغەدا نەهێشتنی گشت میرنشینە كوردەكان بووبە سیاسەتێكی سەرەكیی هەردوو لا، ئەوەبوو ئەو میرنشینییانە یەك بە دووی یەكدا ڕووخان و لە ساڵی (1848)ەوە كوردستان كەوتە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی تورك و عەجەمەوە . لەو بارودۆخەدا عێلی گەورەی جاف كە لە هەردوو دیوی سنووری نێوان دوو دەوڵەتەكەدا دابەش ببوون، وەك هێزێكی مەزن و خاوەن سەنگی خۆی لە نێو گێژاوی ناكۆكی و ململانێی هەردوو هێزەكەدا وەستابوو و ببووە ئامانجێكی ڕاستەوخۆیان لە گۆڕەپانەكەدا .

جا لە سۆنگەی هەستكردنی هەردوو دەوڵەت، عوسمانی و سەفەوی، بە سەنگ و گرنگیی جاف، زۆر مەسەلەیەكی سروشتی بوو كە هەر یەكێكیان لە لای خۆیەوە گشت هەوڵێك بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی نەهێڵێت جاف لە دەوڵەتەكەی تر نزیك بێتەوە و، لەو پێناوەشدا هەریەك لە دوو دەوڵەتەكە گوشاری دەخستە سەر جاف و لایەنەكەی تر و هەڵمەتی سەربازیی دەكردە سەریان بۆ ئەوەی ڕێگە بگرێت لە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوانیان .

هەروەها پێوەندیی عێلی جاف لەگەڵ میرنشینی ئەردەڵاندا تا ڕادەیەكی زۆر ئاڵۆز و نائارام بووە، جا لەو بارەیەوە مێژوونووس مەستوورەی كوردستانی لە كتێبەكەیدا (مێژووی ئەردەڵان) ئاماژە دەكات كە ئەمانەڵڵا خانی فەرمانڕەوای ئەردەڵان زۆری لە جافەكان كوشت و سەركوت كرد، هەروەها وەڵەدبەگی سەرۆكی جافیشی بە دیل گرت و لەگەڵ حەبیب بەگ و كوڕەكانیدا لە قەڵای قەسڵان بەندی كردن.

مێژوونووس باسیل نیكیتین لە كتێبەكەیدا (الاكراد- كوردەكان) دەڵێت، عێلی جاف لە مێژەوە لە ناوچەی جوانرۆدا نیشتەجێ بوون، ئەم ناوچەیەش چووە ژێر دەسەڵاتی میرەكانی ئەردەڵان و بووبە هەرێمێكی ئەو میرنشینە كە پایتەختەكەی شاری (سنە) بوو .

k_showan

خێر و سامانی سرووشتیی ناوچەی جوانرۆ

ئەوەبوو میرەكانی ئەردەڵان هەوڵیان دەدا كە پێگەو دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچەی جوانرۆدا بە هێز بكەن ، ئەویش لەبەر دوو هۆی سەرەكی، یەكەم بە مەبەستی دەسبەسەراگرتنی خێر و سامانی سرووشتیی ئەو هەرێمە بە پیتە، دووهەمیش دەگەڕایەوە بۆ نیگەرانی و دوودڵییان لە هێز و توانای عێلی جەنگاوەر و جەربەزەی جاف .

بەو هۆیانەوە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان جاف و ئەردەڵانییەكاندا بەرپا بوون، تا كار گەیشتە ئەو ڕادەیە زاهیر بەگی سەرۆكی جاف بە خۆی و سەدەها خێزانی عێلەكەیەوە لە جوانرۆ ڕەوبكەن و لە سیروان بپەڕنەوە و لە ناوچەكانی دزیایش و بانی خێڵان (نزیك بە دەربەندیخانی ئێستا) لە سایەی بابانییەكاندا نیشتەجێ بن و بحەوێنەوە (نیوەی یەكەمی سەدەی 18) .

k_zaher

زاهیر بەگ سەرۆكی جاف

لە ڕاستیدا بابانییەكان بە گەرمەوە پێشوازییان لە جافەكان كرد و خوازیار بوون ئەمانە بەو هێز و توانا و شۆرەتەیانەوە كە هەیانبوو ببنە مایەی بەرقەرار بوونی ئاسایش و ئاسوودەگی لەو دەڤەرەدا. زۆری نەخایاند لە شەڕێكی نێوان سوپای خان ئەحمەد خانی ئەردەڵان و هێزی جافدا، زاهیر بەگ كوژرا، ئەمەش بووبە مایەی لاواز بوون و تێكچوونی ریزەكانی جاف بۆ ماوەیەك .

بەڵام عەبدولقادر بەگی كوڕە گەورەی زاهیر بەگ توانیی قەومانی جاف یەكبخاتەوەو ، وەك جاران بە هێزو بە سامیان بكات، بەهەمانشێوە سەرۆكەكانی پاش ئەویش لەسەر بە هێزكردن و پاراستنی سەنگ و توانای عێلەكەیان بەردەوام بوون.

k_abdol-qa

عەبدولقادر بەگ كوڕە گەورەی زاهیر بەگ

بە گشتی تایبەتمەندیی جوگرافیی ئەو شوێن و جێگایانەی جافی تێدا نیشتەجێبوون، وێڕای توانا و دەسەڵات و ئازایی خودی عێلی جاف و زۆریی ژمارەیان و توانای بەرهەڵستكارییان لە دژی هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و ئێرانیدا، كارێكی وایانكرد ئەو دوو دەوڵەتە حیسابێكی تایبەت بۆ جاف بكەن و هەوڵ بدەن لە خۆیانیانی نزیك بكەنەوە و ڕازییان بكەن .

لە ڕاستیشدا سوڵتانەكانی عوسمانلی زۆر دلۆڤانەتر و بە ئاگاتر بوون لە هەڵسوكەوتیاندا لەگەڵ عێلی جافدا كە هەندێكیان پاڵپشتیی سوڵتان مورادی چوارەمیان كرد لە فەتحی بەغدادا ساڵی 1048ك، پێش هاتنی زاهیر بەگ بۆ كوردستانی عێراق، و ئازایەتییەكی بەرچاویان لەو جەنگەدا نواند و نازناوی جافی مورادییان پێبەخشرا (وەك پێشتر باسمان كرد) .

شایەنی باسە نازناوێكی لەو جۆرە لە سەردەمی خۆیدا بە یەكێك لەو بەخشش و دەسكەوتە بەرزانە دەژمێردران كە تەنها بە گرووپ و پیاوە دلێرەكان دەبەخشران. بەڵام ئەو نزیكبوونەوە و پێوەندییەی جافە لەگەڵ عوسمانییەكاندا بوونە هۆی ئەوەی ئەم عێلە لە گۆڕەپانی ململانێی نێوان هەردوو دەوڵەتی عوسمانلی و ئێرانیدا بوەستێت و لە ئاكامەكانی ئەو ململانێیەی بەركەوێت .

لەو بارەیەوە موحەممەد ئەمین گلستانە لە كتێبەكەیدا ( سەرجەم مێژووی ئەفشاری و زەندی – مجمل التواریخ الافشاریە و الزندیە، لا 300) ئاماژە بەوە دەكات كە عەبدوڵڵا پاشای فەرمانڕەوای عوسمانی لە ناوچەی زەهاو (ئەو دەمە زەهاو لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بوو) دەكەوێتە شەڕەوە.

و لەگەڵ موحەممەد خانی زەنددا بەهۆی دەستدرێژیكردنی (( موحەممەد)) بۆ سەر ناوچەی زەهاو، ئەویش (عەبدوڵڵا پاشا) داوای كۆمەكیی لە عەبدولقادر بەگی كوڕی زاهیر بەگی جاف و چەند كەسێك لە عەشیرەتی باجەڵان كرد و، پێكەوە توانییان هێزە دەستدرێژیكەرەكە ڕاونێن .

هەروەها رۆژهەڵاتناسی بەریتانی ریچ ئاماژەی بە هاوكاریی كەیخسرەو بەگ لەگەڵ عەبدوڵڵا پاشای بابانیدا دژی مەحموود پاشای بابانی لە شەڕی (قەرەگۆل)دا – نزیك سلێمانی – كردووە، لەو دەمەدا عەبدوڵڵا پاشا لەلایەن سوپای ئێرانییەوە بە فەرماندەیی موحەممەد عەلی میرزای وەلی عەهدی ئێران و، مەحموود پاشاش لەلایەن هێزەكانی والیی بەغدا داوود پاشای عوسمانی، پاڵپشتی دەكران .

ئەوەبوو مەحموود پاشا تووشی شكست هات و عەبدوڵڵا پاشا بوو بە میری بابان (تاریخی سلێمانی و وڵاتی، موحەممەد ئەمین زەكی بەگ لا 143).

k_khel

عێلی جاف لە ناوچەی زەهاو, لە سەردەمی ژیانی كۆچەریدا

هەڵبژاردە لە تێكۆشانی جاف لە مێژووی هاوچەرخدا

داگیركردنی عێراق لەلایەن بەریتانیاوە پاش بەرپابوونی جەنگی جیهانی یەكەم (1914- 1918) سەرەتایەك بوو بۆ سەردەمێكی نوێ لە داگیركاریی ئیستعماری بەدفەڕ لە عێراقدا پاش چەندین دەیەی دوور ودرێژ لە حوكمی تاڵی عوسمانی لەم وڵاتەدا .

لە ڕاستیدا وڵاتەكەمان لەژێر سێبەری ئینگلیزدا بارودۆخێكی سیاسی وكۆمەڵایەتی و ئابووریی گەلێك ناهەمواری بە خۆوە بینی كە كاریگەرییەكی یەكجار خەراپیان لەسەر ژیانی گەلەكەمان جێهێشت .

بۆیە رۆڵەكانی گەلەكەمان بە كورد و عەرەب و كەمایەتییە براكانیانەوە پێكەوە بۆ بەرەنگاریكردنی داگیركەرانی نوێ ڕاپەڕین و ، لەو پێناوەدا قوربانییەكی مەزنیان پێشكەش كرد .

و میللەتی كوردیش لەلایەن خۆیەوە بەشێكی بەرچاوی لەو قوربانیدانە بەركەوت و، كوردستان بووبە گۆڕەپانێكی سەرەكیی تێكۆشان لە دژی داگیركەران كە بە ئاگر و ئاسن و هەندێ جاریش بە پیلان و تەڵەكەبازی، ڕفتاریان لەگەڵ گەلەكەماندا دەكرد .

جا مەسەلەیەكی سرووشتی بوو لەو قۆناغەدا كە جاف بە گوێرەی ژمارە و رۆڵ و كاریگەرییان لە كوردستاندا،پشكێكی زۆریان لە ئاكامە تاڵەكانی ئەو بارودۆخە بەركەوێت. لەو سەروبەندە دژوارەدا، كەریم بەگی فەتاح بەگی جاف لە كۆتایی دەیەی دووهەمی سەدەی ڕابردوودا، بووبە سەرۆكی جاف و سەلماندی كە زۆر شایەنی ئەو ئەركەیە، چونكە زۆر لێهاتووانە توانیی یەكڕیزی و یەكپارچەیی عێلە گەورەكەی بپارێزێت .

k_karimbg

كەریم بەگی فەتاح بەگی جاف

كەریم بەگ وەك دابی ڕەسەنی سەرۆكەكانی لەوەو پێشی جاف تا ناوەڕاستی بیستەكانی سەدەی بیست لەگەڵ عێلەكەیدا كۆچی نێوان گەرمیان و كوێستانی دەكرد، تا ئەو كاتەی بڕیاری دا بە گوێرەی بارودۆخی زەمان، لە گوندی كەلاردا نیشتەجێ بێت و ئەو شوێنە بكاتە مەڵبەندی سەرەكیی عێلەكەی، پاش ئەوەی هەڵەبجە جاران ئەو رۆڵەی دەبینی .

ئیدی بەو هۆیەوە كەلار پەیتا پەیتا گەشەی كرد و گەلێك پێشكەوتنی شارەستانی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی…هتد بەخۆوەبینی .هەروەها روڵەكانی جافی كۆچەریش لەلایەن خۆیانەوە و، بەهوی بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی وئابووریی نوێوە لە وڵاتدا، كۆمەڵ كۆمەڵ بە دووی یەكدا دەستیان بە نیشتەجێبوون كرد ولە گەرمیان و شارەزوور و شوێنەكانی دیكەی سلێمانی و كەركووكدا سەقامگیر بوون و حەوانەوە و، زۆربەی هەرە زۆریان وازیان لە ژیانی كۆچەری هێنا.

بەهەر حاڵ عێلی گەورەی جاف چ لە سەردەمی ژیانی كۆچەریدا چ لە پاش نیشتەجێبوونیاندا، هەمیشە خاوەنی هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی ڕەسەن و نەگۆڕی خۆیان بوون و، دڵسۆزی و ئەمەكداری و پابەندبوونی خۆیانیان بۆ ئەم خاكە ئازیزە لە گشت تەنگانە و بارودۆخێكدا سەلماندووە.

لێرەدا ئێمە ئاماژە بە هەندێك لەو هەڵوێست و ڕووداوانە دەكەین كە بە ئاشكرا، ڕێبازی خەباتگێڕانەی ڕاستەقینەی ئەم عێلە لە مێژووی نوێ و هاوچەرخدا، پاش داگیركردنی وڵاتەكەمان لەلایەن ئینگلیزەوە، ڕوون دەكەنەوە.

جا جگە لە هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی دیاری جاف و بەشداربوونی سەدان سواری جەنگاوەریان بە فەرماندەتیی حەمە عەلی بەگی برای مەحموود پاشا و كەریم بەگی برازای لە جەنگی شوعێبەدا شان بەشانی شێخی حەفید و عەشایەرە شۆڕشگێڕەكانی تری كورد ساڵی 1915،

رۆڵەكانی ئەم عێلە تێكۆشەرە بەشدارییەكی دیار و بەرچاویان لە شۆڕشی بیستی نیشتمانیدا كرد كاتێك رۆڵەكانی هەردوو تیری رۆغزایی و تەرخانی چوونە پاڵی شۆڕشگێڕ ئیبراهیم خانی دەلۆ لە كفریدا و بوونە پێشەنگی ئەو شۆڕشگێڕانەی كە شارۆچكەكەیان لە دەستی داگیركەر ڕزگاركرد و،

حكوومەتێكی كاتییان بە سەرۆكایەتی ئیبراهیم خان دامەزراند كە دوو لە ئەندامەكانی، حاجی محەمەدی تەرخانی و حەمە جانی رۆغزایی بوون. پاشانیش جافەكان وەك تێكڕا شۆڕشگێڕانی كفری سەر لە نوێ كەوتنەوە ژێر باری قورسی داگیركەر و تاڵاو و ئازار و نەهامتییەكی زۆریان لەو بارودۆخەدا چەشت .

هەروەها رۆڵەكانی جاف ئەوپەڕی داكۆكییان لە شێخ مەحموودی حەفید و راپەڕینەكانی لە دژی ئینگلیز كرد، نەخاسمە پاش ئەوەی شێخ مەحموود لە ژیانی، تاراوگەیی (لە هیندستان) ساڵی 1922 بۆ وڵات گەڕایەوە و حكوومەتە سەربەخۆكەی لە سلێمانیدا ڕاگەیاند و بووبە مەلیكی كوردستان و ئەوجا چەند جارێك لەگەڵ ئینگلیزدا ڕووبەڕووی یەكتر بوونەوە .

ئا لەو سەروبەندەدا چەند شۆڕشگێڕێكی جاف وەك: خەلیفە یونس رۆغزایی، محەمەد عەلی وەسمان رۆغزایی، مەحموود خاتری ئیسماعیل عوزێری… ناویان دەركرد و لە ڕیزی فەرماندەكانی بەرە سەرەكییەكانی شۆڕشدا ناسران .

لە بەهاری ساڵی 1931دا شۆڕشگێڕانی جاف لەسەروویانەوە كەریم بەگی سەرۆكیان و داوود بەگی برای و حەمە ئەمین بەگی كوڕی (مینە جافی شاعیر) لەگەڵ هەندێك لە رۆڵەكانی تری گەرمیان شانبەشانی شێخ مەحموودی حەفیددا داستانێكی شكۆداریان لە گوندی (ئاوباریكی) گەرمیاندا تۆمار كرد،

كاتێك توانییان گەمارۆی هێزێكی گەورەی میری بشكێنن كە فرۆكەكانی بەریتانی لە ئاسمانەوە كۆمەكی دەكردن و، زەرەر و زیانێكی زۆریان پێبگەیەنن و خۆیان دەربازكەن .

k_taiara

فرۆكەكانی بەریتانی لە ئاسمانەوەدەست دەكەن بە بۆردمانكردن

لە ڕاستیشدا ئەم داستانە كە لە گوندی ئاوباریكی بناری گلدا رۆژی 5ی نیسانی 1931دا ڕوویدا، بە گرنگترین ڕووداو لە دوا قۆناغی خەبات و ڕاپەڕینەكانی شێخی حەفیددا لە دژی ئینگلیز دەژمێردرێت .

جا بۆ ئەوەی لە هەقیقەتی ئەو بارودۆخە باش حاڵی ببین، دەڵێین، شێخی حەفید بەهۆی پێشهاتەكانی ئەو سەردەمە و لەسەر پێوەندی و داوای بەگزادەكانی جاف و عەشیرەتە دۆست و هاوپەیمانەكانی دیكەی لەو دەڤەرەدا، بڕیاری دا خەباتی چەكداریی خۆی لە سنووری سلێمانییەوە بگوێزێتەوە بۆ دەوروبەری كەركووك .

پاش ئەوەی شێخ مەحموود گەیشتە بناری گل، ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆك عەشیرەتەكانی گەرمیاندا كەوتنە دانانی نەخشەی پەلاماردانی كەركووك لە گل و لەیلانەوە بە مەبەستی ڕزگار كردنی ئەو شارە لە چنگی داگیركەران .

لەو كاتەی شێخی حەفید و كەریم بەگ و داوود بەگ و حەمە ئەمین بەگی جاف و ژمارەیەك لە ناودارانی گەرمیان لە ماڵی شێخ مەجیدی تاڵەبانیدا (خاوەنی گوندی ئاوباریك) میوان دەبن، دوژمن ئەو هەواڵەی پێدەگات و بۆ سبەی (5 ی نیسان)، فرۆكەكانی هێزی ئاسمانیی بەریتانی كوتوپڕ هەڵدەكوتنە سەر شۆڕشگێڕان لەو شوێنەدا و، دەست دەكەن بە بۆردمانكردنیان , بۆ ئەوەی ڕێگەی پاشەكشێیان لێ قەدەغە بكەن .

لە هەمانكاتدا هێزێكی زەبەللاحی میری لە سەرباز و پۆلیس و بەكرێگیراوان، بە چەك و تفاق و تەقەمەنیی زۆر و هەمە جۆرەوە بەرەو گوندەكە پێشڕەوی دەكەن و پاش نیوەرۆ دەگەنە ئەوێ و لە دوو قۆڵەوە خێرا پەلاماری دەدەن بۆ ئەوەی زوو بچنە نێو گوندەكەوە و شۆڕشگێڕان بەدیل بگرن یان لە ناویان ببەن ،

بەڵام شۆڕشگێڕە گیان لەسەر دەستەكان كە لە شێخ مەحموودی حەفید و هاوەڵەكانی و كەریم بەگی جاف و براكانی و چەكدارەكانی و هەندێك لە شێخانی تاڵەبانی و ئاغاكانی زەنگەنە و یاوەرەكانیان پێكهاتبوون ، مەردانە لە دوژمن هاتنە دەست و بەرگرییەیەكی شێرانەیان لەو سەنگەرانە كرد كە تێیدا بوون .

ئیدی شەڕێكی دەستە و یەخەی خوێناوی لە شوێنەكەدا بەرپا دەبێت و چەند كاتژمێرێك دەخایەنێت. ئەو هێزانەی سەر بە شێخ بوون و لە گوند و شوێنەكانی دەرەوەی ئاوباریكدا دابەش بوو بوون بۆیان نەڕەخسا بە هانای شێخ و هاوەڵەكانییەوە بچن و لە شەڕەكەدا بەشداری بكەن، ئەویش لەبەر كوتوپڕیی شاڵاوی دوژمن و خەستی بۆردومانی ئاسمانیی فرۆكەكانی بەریتانی .

بەهەر حاڵ لەو جەنگە نابەرامبەرەدا، شۆڕشگێڕان لە شەڕێكی دەستە و یەخەی دژواردا بە چەكە سووكەكانییانەوە توانییان لە بەرامبەر دوژمندا بە گشت تۆپو مەترلۆز و فرۆكە و چەكەكانی دیكەیانەوە بوەستن و مەردانە بجەنگن و داكۆكی لە خۆیان بكەن و نەهێڵن دوژمن بە سەریاندا زاڵ بن و دەستگیریان بكەن وەك هەوڵیان بۆ دەدا .

هاوكات بە تفەنگەكانیان تەقەیان لە فرۆكەكانیش دەكرد كە بە نۆرە دەهاتنە سەر شەڕگەكە و بۆردومانی شوێنەكانیان دەكردن، بگرە توانیشیان یەكێك لەو فرۆكانە بپێكن كە بە ناچاری لە باشووری رۆژهەڵاتی خوورماتوودا نیشتەوە.

ئەوجا لەگەڵ داهاتنی تاریكە شەوی ئەو رۆژە مێژووییەدا، شۆڕشگێڕان توانییان ئابڵۆقەی دوژمن بشكێنن و لە گوندەكە دەربازبن و، هێزی دوژمن بە پەرتوبڵاوی و هەناسە ساردی و زەرەر و زیانێكی گیانی و ماددیی زۆرەوە لە شەڕگەكەدا بە جێبهێڵن،

ئەم داستانە بە خوێنی گەشی پۆلێك شەهید و برینداری بە ئەمەكی گەلەكەمان تۆماركرا كە لەلایەن هاوەڵە قارەمانەكانیانەوە بۆ دەرەوەی گوند كوازرانەوە و دەرباز كران .

لێرەشدا جێی خۆیەتی ئاماژە بە ئازایەتی و دلێری جەنگاوەرانی جاف لە داستانەكەدا بكەین، لەسەرووشیانەوە كەریم بەگ و داوود بەگ و حەمە ئەمین بەگی جاف، تەنانەت شێخی نەمر دەربارەی ئازایی و جوامێری داوود بەگ لەو داستانەدا فەرموو بووی:

k_dawo-kurdi

داوود بەگی جاف

داوود شێرە.. شێر.. بۆ باس ناكەی! هەر لەو داستانەدا شێخ عەلیی قەڵبەزەش رۆڵێكی دلێرانە و مەردانەی نواند و بە خۆی هەژدەكەس لە چەكدارە گیان لەسەر دەستەكانییەوە، بوونە قوربانی خاك و وڵاتیان و شەهیدبوون. جگە لەم شەهیدە سەربەرزانە، چەند كەسێكیش لە چەكدارانی شێخ مەحموود و كەریم بەگی جافیش شەهید و بریندار بوون..

بارو دۆخ و پێشهاتە دژوار و سەختەكانی پاش جەنگی ئاوباریك كارێكی وایانكرد شێخی حەفید و یاوەرانی ناچاربن سنووری گەرمیان و كەركووك بەجێبهێڵن بەرەو سنووری عێراق – ئێران بگەڕێنەوە .

وەلێ، زۆری نەخایاند، بە هۆی پەرەسەندنی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و ئێران و بە سەرپەرشتیی كاربەدەستانی ئینگلیز لە دژی شێخ مەحموود، هەروەها بەهۆی هەندێك هۆكاری ناوخۆیی سەختی تر، شێخی حەفید بڕیاری دا دانووستان لەگەڵ حكوومەتی عێراقی و لایەنی بەریتانیدا بكات و خۆی بە دەستەوە بدات (24ی مایسی 1931)، ئیدی بەو شێوە بۆ باشووری عێراق دوورخرایەوە و كۆتایی بە ڕاپەڕینەكانی هات .

* * *

هەروەها ڕەوتی خەباتی ژمارەیەك لە بەگزادە و پیاوماقووڵ و كەسایەتییەكانی جاف لە ڕیزی پارتی هیوادا لە سەرەتای چلەكانەدا، بە هەڵوێستێكی خەباتگێڕانەی شەرفمەندانە لە مێژووی تێكۆشان و بەر خودانیاندا دەژمێردرێت،

ئەمەش بەڵگەیەكی ڕوونە لە سەر هەستكردنی هۆشیاریانەی نەتەوەیی و سیاسییان وەك تێكڕا روڵكانی دیكەی كەركووك و گەرمیان كە چووبوونە ڕیزی ئەو پارتەوە .

ئەوەبوو رۆڵێكی هەرە كاریگەریان بینی لەسەرخستنی ئەو كۆبوونەوەی پێكهێنان و ئاشتبوونەوەیەدا كە لە هاوینی ساڵی 1944دا لە ماڵی داوود بەگ لە كەلاردا بەسترا و گەیشت بەو ئاكامەی كە كێشە و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی هیوا لەو سەردەمەدا چارەسەر بكات و نەهێڵێت .

بە هەمانشێوە گوندی (گێژەكان)ی نزیك كەلار لە ساڵی 1945دا كۆنگرەیەكی تری ئەو پارتەی لە ئامێزگرت كە بە كۆنگرەی قەندیلە- قەنیلە ناسرا (كۆنگرەكە شەو لە رۆشنایی چرایەك- قەنیلەیەكدا بەڕێوە چووە) .

مەبەست لە بەستنی ئەم كۆنگرەیەش بۆ پاڵپشتیكردنی شۆڕشی بارزان بوو . لە ئاكامیدا سوارەكانی جاف بە فەرماندەیی مستەفا بەگی جاف و، سوارەكانی جموور و باجەڵان و تاڵەبانی هەندێك چالاكی و كاری سەربازییان لە دژی پێگە و دامەزراوەكانی میری لە هەردوو دیوی سیرواندا ئەنجام دا، بێ ئەوەی ئامانج و خواستی كۆنگرەكە بپێكن!

k_mstafa

مستەفا بەگی جاف

هەمیسان نابێت هەڵوێست و دەستپێشخەری و چالاكییە دیار و بەپێزەكانی نائیبەكان (پەرلەمانتارەكان)ی جافمان لە سەردەمی حوكمی پاشایی (مەلیكی) عێراقیدا لە پێناو ماف و خواستەكانی گەلەكەیاندا، لە بیر بچێت،

نموونەی، حەمە بەگ و داوود بەگی جاف (لە نائیبەكانی كەركووك)، عیزەت بەگی عوسمان پاشای جاف و ئەحمەد بەگی حەمە صالح بەگ و حەسەن بەگی عەلی بەگ و حامید بەگی جاف (لە نائیبەكانی سلێمانی).

k_hama-bg

سەبارەت بە ڕووداو و پێشهاتەكانی دواتریش كە رۆڵەكانی جاف تیایاندا بەشدارییان كرد، ئەمانە رووداوگەلێكی زۆر و جۆراوجۆرن و لە دەرفەتێكی ئاوەهادا ناتوانین باسی هەموویان بكەین ،

وەلێ ئێمە لێرەدا بە خێرایی ئاماژە بە هەندێكیان دەكەین (( وەك نموونە )) لەوانە: بەشداربوونی كاریگەرییان لە رووداوەكانی دەربەندیخان 1961 (سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول) و ، شەڕی ژاڵە لە گەرمیان ساڵی 1963 كە تێیدا ئەدیب خوسرەو جاف و مێژوونووس د. حەسەن جاف ئازایانە بەشدارییان تێدا كرد .

هەروەها مستەفا بەگی جاف ساڵی 1964 وەك نوێنەری عێلە گەورەكەی لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆڕشدا دانرا كە لە كەسایەتییەناسراو و لێهاتووەكانی كورد لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا دامەزرا. دیسان جێی ئاماژەیەكە یەكەمین شەهیدی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن كاكە حەمەی تەلان بوو لە عێلی جاف .

هەروەها زۆر بە خێرایی ئاماژە بە رۆڵ و بەشداربوونی دیاری عێلی جاف لە گشت بزووتنەوە و چالاكییە خەباتگێڕانەكانی تردا دەكەین كە رۆڵەكانی ئەم عێلە بەردەوام پێی هەستاون و قوربانیی مەزنیان بە دەیان هەزار كەس لە میانەیاندا داوە،

نەخاسمە لە كارەساتە شووم و دڵتەزێنەكەی بەناو ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی شەهید كە لە میانەیاندا رۆڵەكانی گەلی كوردمان لەلایەن بەعسی گۆڕ بەگۆڕەوە تووشی جینۆساید هاتن .

لە كۆتاییشدا ئاماژە بە رۆڵی دیار و هەرە كاریگەری رۆڵەكانی جاف دەكەین لە راپەڕینە شكۆدارەكەی گەلەكەمان لە بەهاری 1991دا و ئەو ئاكام و پێشهات و دەسكەوتە مەزنانەی دوای ئەو مێژووە هاتنە دی، لە سەروویشیانەوە دامەزراندنی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

About كه‌یفی عمر

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …