Home / بەشی مێژووی كورد / ئایا کورد ئاریە؟

ئایا کورد ئاریە؟

pc6329f54dc0e6ecac82cfd759581bf4f2_mapiran444

سۆران حه‌مه‌ ره‌ش

دیارە تیۆری ئاریەکان بۆ کورد گرنگە لەبەر ئەوەی کە بە نزیکی هەموو مێژوونوسێکی کورد لە کتێبەکانیاندا ئاماژە بە ئاری بوونی کورد دەکەن و ئاری کراوەتە بنەچەی کورد، بۆیە دەبێت بزانین ئایا ئەم تیرۆیە چۆن سەری هەڵداوە و ئاریەکان کێن، پێش ئەوەی کە بڕیار بدەین و دڵنیا بین کە ئایا کورد ئاریە یان نا.

پێش ئەوەی کە باس لە ئاری بکەین، دەبێت ئەوە بزانرێت کە ئەمڕۆ زمانەکانی جیهان پۆلێن کراون و چەندین گروپی جیاواز و لقە گروپیان لێ دروستکراوە. بۆ نموونە زمانی عەرەبی و عیبری دەکەوێتە ناو گروپە زمانی سامیەوە. زمانی کوردیش دەکەوێتە ناو گروپە زمانی هیندۆئەوروپیەوە. دانانی زمانی کوردی لەو گروپەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی زمانەوانیەوە دەرکەوتووە کە هاوبەشی و پەیوەندی زمانەوانی لە نێوان ئەو زمانانەدا هەیە. واتە بەڵگەی ڕوونی زمانەوانی پشتگیری لەو بۆچوونە دەکات. لە ناو گروپی زمانە هیندۆئەوروپیەکاندا چەندین لقە گروپ هەیە. بۆ نموونە ئەڵمانی و ئینگلیزی و هۆڵەندی… سەر بە لقە گروپی جێرمانیکن. بوونی پەیوەندی زمانەوانی لە نێوان ئەم گروپەدا مەرج نیە کە ئەوە بگەیەنێت پەیوەندی ڕەگەزیش لە نێوان ئەو گروپەدا هەبێت. واتە کە کوردی وئەڵمانی پەیوەندی زمانەوانی لە نێوانیاندا هەیە، مەرج نیە ئەمە ئەوە بگەیەنێت کە پەیوەندی ڕەگەزیی لە نێوانیاندا هەیە، لەبەر ئەوەی کە زمان و ڕەگەز دوو بابەتی جیاوازن و پێویست بە لێکۆڵینەوەی ڕەگەزیی دەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی پەیوەندی ڕەگەزیی.

دەبێت ئەوە بزانرێت کە مێژووی تیۆری زمانی هیندۆئەوروپی زۆر کۆن نیە و له‌ سەرەتادا کابرایەکی دادوەری ئینگلیز به‌ناوی سێر ولیەم جۆنس (Sir William Jones) لە ساڵی ١٧٨٦ دا لە هیندستان، سەرنجی پەیوەندی نێوان زمانی سانسکریت و یۆنانی کۆن و لاتینی دابوو. جا ئه‌گه‌رچی جۆنس ئاماژەی بەو پەیوەندیە کرد بەڵام هیچ ناوێکی تایبەتی بۆ ئەو گروپە زمانە دانەنا. دوا بەدوای ئەوە لە ساڵی ١٨١٣ دا لێکۆڵەرێکی ئینگلیز بە ناوی تۆماس یەنگ (Thomas Young)، بۆ یەکەمجار دەستەواژەی هیندۆ ئەوروپی (Indo-Eropean) بۆ ئەو گروپە زمانە دانا. هەندێک جاریش لە ژێر کاریگەری لێکۆڵەرە ئەڵمانەکاندا، دەستەواژەی هیندۆ- ئەڵمانی (Indo-Germanic) بە هەمان مەبەست بەکار هاتووە. چونکه‌ هەر لە سەرەتاوە ناوەکە لەگەڵ بۆچوونی ئەو سەردەمەی ئەکادیمیە ئەڵمانەکاندا نەدەگونجا، بۆیە دەستەواژەی هیندۆ- ئەوروپی لای ئه‌وان زۆر قبوڵکراو نەبوو.

ئەو لێکۆڵینەوانەی کە سەبارەت به‌ زمانە ئەوروپیەکان دەکرا، بەشێک بوون لە کۆمەڵێک کاری هاوشێوەی تر، له‌سه‌ر بنه‌مای ئاڕاستەیەکی فکری ئەو سەردەمه‌ی ئه‌وروپيه‌کان ئه‌نجام ده‌درا. لەبەر ئەوەی که‌ ئەوان، لە ژێر کاریگەری تەورات و تەنانەت لێکدانەوەی هەڵەی ئەو کتێبە، پێیان وابوو ئەم زمانانە نەک ته‌نها لە یەک بنەچەی زمان، بەڵکو له‌ يه‌ک ڕەگەزیشەوە هاتوون. ئامانجی ئەوروپیەکان له‌و گه‌ڕانه‌دا، دۆزینەوەی مێژووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نەبوو، بەڵکو دۆزینەوەی ڕەچەڵەکی زمان یان ڕەگەزی خۆیان بوو. به‌ کورتی ئەوروپیەکان لەو سەردەمەدا، له‌و کۆشش و گه‌ڕانه‌ياندا سەرگەرمی ئەوە بوون کە ڕابردوی ڕەچەلەکی زمانەکانیان لە یەک گەلی بنەچەدا بدۆزنەوە. بەو جۆرە ئەم بابەتە بووە مایەی مشتومڕێکی زۆر لە ئەوروپا و چەندین لێکۆڵینەوەی، بە تایبەتی لە ئەڵمانیادا، لەسەر دەکرا.

ئەڵمانەکان لە سەدەی هەژدە و نۆزدەدا زۆر بە چڕو پڕی بۆ ڕەگەزێ دەگەڕان کە بیکەن بە بنەچەی ئەڵمان. هەوڵەکەشیان لەوەدا بوو کە شوێنێک بدۆزنەوە لە خۆرهەلاتدا بێت، لەبەر ئەوەی کە خۆرهەڵات بنەچەی ئاینە کۆنەکان بووه‌. هەڵبەت ئەوان لە ژێر کاریگەری تەوراتدا بوون و ئەو سەردەمەش ئاینی کریستیان کاریگەری گەورەی لەسەر کۆمەڵگەی ئەوروپی و نووسینی مێژوو هەبوو. ئەڵمان و ئەوروپیەکان لەم کارەیاندا پەنایان نەدەبرد بۆ بەڵگە زانستیەکان بەڵکو ئەو کاتە کە هێشتا دۆزینەوە ئارکیۆلۆجیەکان نەکرابوو، ئەوان لە رۆژهەڵاتدا تەنها نەتەوەکانی وەک جو، فارس، مید و هندیان دەناسی. بۆیە هەوڵەکەیان لە چوارچێوەی ئەو نەتەوانەدا، دۆزينەوه‌ی ڕابردوویەک بوو کە لەگەڵ بیروباوەڕی ئاینی و کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمەدا گونجاو بێت. لە ئەنجامدا گەلێکیان هەڵبژارد بۆ ڕۆڵی بنەچەی ڕەگەزی زمانە هیندۆ ئەوروپیەکان و گووتیان ئەو گەلە (ئاریAryan ) بووە و مانای ناوەکە، ڕەسەن (noble) بووە. گوایە ئەو گەلە لە سەردەمێکدا لە باکوری هیندستاندا ژياوه‌ و دوایی بووه‌‌ته‌ سێ به‌شه‌وه‌: مید و فارسەکان و سانسکریت و پاشتر ورده‌ ورده‌ بەشەکانی تری زمانە هیندۆ ئەوروپیەکان لەو بنەچەوە دروست بوون. یەکەمين جار ئەم بڕیارە لەلایەن Christian Lassen (1800-1876) وە درا، کاتێک کە داوای کرد وشەی (ئاری) لەبری دەستەواژەی (هیندوئەوروپی) بەکاربهێنرێت وەک ناوێكی گشتی بۆ خێزانی زمانە هیندۆئەوروپیەکان و ئەو گەلانەی کە قسەیان پێکردووە، لەبەر ئەوەی ناوی “ئاری” هەستێکی هاوبەشی ڕەچەڵەکی و بڵاوبوونەوەی جوگرافی دەدا بەو گەلە نەک لەسەر بنەمای مێژوویی.
پێشتر ئەڵمانەکان لە ساڵی ١٧٧٠ دا به‌ وشەی Arier ئاشنا بوون. ئەوان ئەو وشەیەیان لە زمانەوانێکی پسپۆڕی هیندی و فارسی، بەناوی Abraham Hyacinthe Anquetil-Duperron وەرگرتبوو کە ئەویش وشەکەی لە ئاڤێستا و Rigvida (کە سەرچاوەی هیندی کۆنە) وەر گرتبوو. بەڵام هەڵبژاردنی ئەو ناوچەیە لەسەر بنەمایەکی چه‌وت دانرابوو، چونکە به‌ هۆی تێگه‌يشتنێکی هه‌ڵه‌ی ئەوان لە ته‌ورات داڕێژرابوو. لەبەر ئەوەی کە لە تەوراتدا دەگووترێت هەموو مرۆڤایەتی لە سەرەتاوە لە باخی ئەدێن (جنات عدن Garden of Eden) وە هاتووه‌. ئەوروپیەکان لە سەدەی هەژدەهەمدا (باخی ئه‌دێن) يان به‌ شوێنێک مه‌زه‌نده‌ ده‌کرد که‌ دەکەوێتە لای کشمیر و ناوچەی تبتەوە و هەتاوەکو سەدەی بیستەم لەسەر ئەو باوەڕە بوون.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و کاته‌ بەپێی بۆچوونی کەسەکان و خواست و به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتە ئەوروپیەکان جێگای ئه‌و باخه‌ گۆڕانکاری پێ کراوە. بۆ نموونە لێکۆڵەرێکی ئەڵمانی به‌ناوی جولیۆس کلاپرۆس (Julius Klaproth) (١٧٨٣ز- ١٨٣٥ ز) کە موچە خۆری حکومەتی ڕوسيای قەیسەری ئەو سەردەمە بوو، له‌سه‌ر داوای ئه‌و حکومەته‌، که‌ به‌ نياز بوو سنوری ده‌سه‌ڵاتی بەرەو ناوچەی قۆقاز بەرفروان بکات و دەیویست ڕەواییەکی مێژوویی به‌ پرۆژه‌که‌ی بدات، ئامارێکی بۆ زمانەکانی ئەو ناوچانە کرد. کلاپرۆس له‌ ئه‌نجامی کاره‌که‌يدا گەیشتە ئەو بڕوايه‌ی کە دوای لافاوەکە کۆمەڵێک لە نەتەوەکان لە ناو شاخەکاندا جێگیر بوون و بنەچەی گەلی ئاری گەراندەوە بۆ شاخەکانی هیمالایە و قۆقاز. بێگومان له‌ پاداشتی ئه‌و‌ کاره‌دا حکومەتی ڕوسی کردیانە ئەندامی ئەکادیمیای ڕوسی زانست و دوایی نازناوی ئەکادیمی پاشایانەشی لەلایەن ئەو حکومەتەوە پێ بەخشرا.

واتە هەرچەندە لە سەرەتادا تیۆری هیندۆئەوروپی لەسەر بنەمایەکی زانستی داڕێژرابوو، بەڵام دوایی لە ژێر کاریگەریی ئادیۆلۆجی نەتەوە ئەوروپیەکان بە تایبەت ئەڵمانەکان، تیۆریەکە هەندێک لایەنی زانستی لە دەستدا و زمان و ڕەگەز بە تەواوی تێکەڵکران.

له‌ هەمان کاتدا ئاڕاسەتەیەکی رەگەزپەرستیانەی سیاسی ترسناک، بێ پاڵپشتکردن بە بەڵگەی زانستی، شانبەشانی ئەم تێۆريه‌ له‌ گه‌شه‌کردندا بوو. بۆ نموونە August Wilhelm Shclegel (1767-1845) پێی وابووە کە هیندیەکان دوو ڕەگەز و دوو ڕەگی زمانەوانی جیاوازیان هەبووە. يه‌که‌ميان هیندی وڵاتەکە، کە خەڵکێکی کێوی و ڕەش پێست بوون، چەکی سادەیان پێ بووە و لە دارستانە پان و بەرینەکاندا ژیانێکی ساده‌يان به‌سه‌ربردوه‌، دووهه‌ميان نەتەوە هیندۆ ئەوروپیەکان که‌ لە ناوچەی بنجابەوە بەرەو خوارەوە کۆچيان کردوه‌ هەتاوەکو هیندستان. شلێگڵ پێی وابوو کە ئەوانەی بە زمانی سانسکریتی قسەیان دەکرد لە ڕەگەزێکی سپی پێست بوون و هەر ئەوان خەڵکەکەیان ئاشنای شارستانیەت کردوه‌. به‌ڵام نه‌ بەڵگەيه‌کی زانستی ، ئارکیلۆژی یان مێژوویی نادات کە گوايا ئەوانە سپی پێست بوون و ئەوانەی تر ڕەش پێست. هه‌روه‌ها لاسن (Lassen) کە یەکێک بوو لە داکۆکیکەران لە تیۆری ئاریەکان، دەڵێت “خەڵکی ئاری هەرگیز ڕێیان نەداوە کە خەڵکەکانی سەر بە خێڵە ڕەش پێستەکان حوکمیان بکەن. ئاریە کۆنەکان هەمیشە سەلماندوویانە کە ڕەگەزی حوکمڕانن و خەڵکە لاواز و ملهوڕەکانیان ڕاوناوە کە ئەوان ئەو هێز و توانایەی ئەمانیان نەبووە.”
ئایا بۆچی ئەم نەتەوە ئەفسانەییە هێندە نایاب بووە که‌ نەیهێشتووە کەس حوکمی بکات، یان بۆچی خەڵکەکەی تر ملیان داوە بەمان و ئەم زانیاریانە لە کوێوە هاتوون؟ لە ڕوانگەیەکی ئەکادیمیەوە، ناتوانرێت ئەمە بە مێژوو نووسین دابنرێت، زیاتر بۆچوونێکی لایەنگرانەی کەسەکەیە و هیچ پەیوەندی بە مێژووەوە نیە و ته‌نها ڕەنگدانەوەی سیاسەتی کۆلۆنیاڵیستی ئەو سەردەمە بووە کە لە ئەوروپادا بڵاو بووە.

لە ڕاستیدا ئەم تیۆریە لە هەموو سەردەمێکدا بۆ مەبەستی سیاسیش بەکار هاتووە. بەریتانیەکان سوودیان له‌و تیۆريه‌ بینیوە و بە يارمه‌تی ئه‌و ئەفسانە مێژوویيه‌ خۆیان لەگەڵ هندیەکان کردۆتە هاوڕەگەز و مانایەکی مێژوویی و ڕەوایان بە داگیرکردن و حوکمڕانیکردنی هندستان داوه‌ و خۆیان بە تەواوکەری ئاریەکان داناوە. ئه‌م بيرۆکه‌يه‌ هەتاوەکو ئەمڕۆش هندۆسەکان وەک چەکێکی ئاینی و سیاسی سوودی لێ وەردەگرن و دەڵێن کە هیندەکان لە بنەچەدا لە ڕەچەڵەکێکی پاکی ئاری بوون و ئاینی هیندوسی که‌ ئاينی بنه‌ره‌تی ئاریەکان بووه‌، موسوڵمان و ئاینەکانی تر تێکيانداوه‌. هەمان تیۆری هه‌تا ئەمڕۆ لە ئێراندا سوودی لێ وەردەگیرێت بە مەبەستی مانادان بەم نەخشە سیاسیەی ئێران. فارسەکان خۆيان به‌ ئاری ده‌زانن و هەندێکیان بە کورد دەڵێن تۆش ئاری ڕەسەنیت وهەموومان لەیەك ڕەچەڵەکین و نەتەوەکانی عەرەب و تورک دەبنە هۆی تێکدانی وڵاتی ئاریەکان. بەو شێوەیە دەیانەوێت کورد حوکمڕانی ئێران بە بەشێک لە ڕاستیەکی مێژوویی بزانێت و لە ناو ئەو ناسنامە ئەفسانەییه‌دا قبوڵی ده‌سه‌ڵاتيان بکات و لە هەمان کاتيشدا مانایەکی مێژوویی بدەن بە پان ئێرانیزم. زۆربەی جار به‌ کورد دەڵێن تۆ لە “خێڵە ئاریە سەرەتاييەکانی”وەکو ئەوەی کە مەدالیای شانازیان به‌ کورد به‌خشيبێت. وه‌ک پێشتر باسکرا، ناتوانرێت نکۆڵی له‌ پەیوەندی نێوانی زمانە هیندۆئەوروپیەکان بکرێت، چونکه‌ لە پرۆسەی بەراوردکردنی زمانەوانیدا، ئەو پەیوەندیە بە ئاشکرا دەبینرێت، بەڵام دەستنیشانکردنی یەک ڕەگەز وەک بنەچەی ئەو زمانانە شتێکی زانستی نیە، لەبەر ئەوەی که‌ زمان و ڕەگەز دوو بابه‌تی زانستی جیاوازن.

لەگەڵ گۆڕانی باری سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەڵمانەکاندا سەرەتای ئەم تیۆریە گۆڕانی بە خۆیەوە بینیوە. ئەیگن و لاریمۆر لە دوو توێی کتێبێکدا، له‌ژێر ناونیشانی “داهێنانی ڕەگەز لە لایەن ئەڵمانەکانەوە” (The German Invention of Race) پرۆسەی دانانی زۆر لە تیۆریە سەرەتاییەکانی ڕەگەزی ئاريان، نوسيوه‌. ئه‌م دوو نوسه‌ره‌ لە کتێبەکەیاند پرۆسه‌که‌یان بە دوور و درێژی خستۆتە ڕوو. لە سەرەتای ئه‌و کتێبەدا دەڵێن “ئەفسانەی ئاریەکان، بەشداریەکی زەرەرمەندانەی تری ئەڵمانەکان بوو بۆ بیرکردنەوەی ڕەگەزیی کە بە تەواوی لە دەرەوەی “زانستی” ڕەگەزەوە سەری هەڵداوە.”
ئەم دوو لێکۆڵەرە پێیان وایە کە تیۆری ئاريه‌کان لە سەر بنەمای زانستی دانەڕێژراوە، بۆيه‌ دەستەواژەی “ئەفسانەی ئاریەکان” ی بۆ به‌کاردێنن و دووپاتی دەکەنەوە کە لێکۆڵینەوەکان لە دەرەوەی زانستی رەگەزدا ئەنجام دراوە و کتێبەکەیان بۆ ئەو بابەتە تەرخان کردووە. هه‌ر له‌وباره‌يه‌وه‌ هێریک (Herrick) یش ئه‌و تیۆریە بە ئەفسانەی ئاریەکان ناو دەبات و دەڵێت “بەرەو کۆتایی سەدەی هەژدەیەم و سەرەتای سەدەی نۆزدەيەم، لێکۆڵەرە ئەوروپیەکان تەنها ئاریەکانیان دانەهێنا، بەڵکو هەروەها ناوچەی بنەچەی جوگرافی و ڕێڕەوی ترانزێتيشيان بۆ ئەوروپا بۆ ڕەگەزێکی ڕەسەن داهێنا. “

هەندێک لە بۆچوونەکان کە تیۆری ئاریەکانی لەسەر دامەزراوە، داڕشتنیان هێندە رەگەز پەرستیانەیە کە ئەگەر لەم سەردەمەدا بوایە لەوانەبوو لە ئەوروپا قەدەغە بکرانایە و خاوەنەکانیان ببرانایە بۆ دادگا. بەڵام هەر ئەو بۆچوونەیە کە لەو سەردەمەدا باو و قبوڵکراو بووە، دوایی بووەتە بناغەی ڕوانگەی نازیەکان بۆ ڕەگەز و دانانی ئەلمان بە رەگەزێکی تایبەت کە بنەچەکەی لە هیندستانەوە هاتبێت. بۆیە لە سەردەمی هیتلەردا لۆگۆی ئاڵای ئەڵمانەکان بریتی بوو لە سیمبۆڵی هیندیە کۆنەکان کە بە سواستیکا (Swastika) ناسراوە و بەو جۆرە ڕەگەزی ئاریەکان بوو بە ڕەگەزە نایابە پیرۆزەکە. دیارە لە مێژوودا خەڵکانێک بە (ئاری) ناو هێنراون و ناوچەيه‌کيش هەبووە به‌و ناوه‌وە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە که‌ وشه‌کانی (ئاری، هوری) يان هەر وشەیەکی تر کە ئەو چەند پیتەی تێدا بێت، به‌ مانای لاوه‌کی لێکدراونه‌ته‌وه و بگرە نەتەوەیەک لەسەر بناغەی تەنها چەند وشەیەک دروستکراوە‌، چونکە لەو سەردەمەی ئەوروپادا ئامانجه‌ سەرەکەیەکە دۆزینەوەی ڕابردوویەکی پڕ شکۆمەندی بووە بۆ خۆيان نەک دۆزینەوەی ڕاستیەکی مێژوویی.
لە ڕاستیدا زمانی کوردی زمانێکی هیندۆئەوروپیە و ئەو بابەتە بابەتێکی زانستیە و لەسەر بنەمای لێکدانەوە و بە پاڵپشتی بەڵگەی زمانەوانی ئەنجام دراوە، بەڵام دەستنیشانکردنی ڕەگەزی ئاری بۆ کورد، تیۆریەکی بێ بنەما و نازانستیە و بە درێژایی مێژوو و لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەو تیۆریەوە، زیاتر بۆ مەبەستی سیاسی بەکارهاتووە و لە حاڵەتی کورد دا فارسەکان سوودیان لێ وەرگرتووە بۆ سەپاندنی فەرهەنگی خۆیان و پێدانی ڕەوایی مێژوویی بە وڵاتێکی جوگرافی هاوفەرهەنگ کە فارس تێیدا باڵا دەست بێت. لە ئەنجامی ئەم تیۆریە بێ مانایەدا ئەمڕۆ کورد سڵ دەکاتەوە لەوەی کە بڵێت من ئاری نیم و زۆر کورد شانازی بە ئاری بوونی خۆیان دەکات و ئەم تیۆریە هەمیشە بۆ دەستەمۆکردنی کورد و توانەوەی لە ناو فەرهەنگی بە ناو ئێرانیدا بەکارهاتووە.
ئەنجام زمانی کوردی زمانێکی هیندۆئەوروپیە و بابەتی رەگەز پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ڕەگەزیی دەکات و دانانی کورد بە ئاری تیۆریەکی بێ بنەما و نازانستیە و ناکرێت بگووتریت کورد ئاریە لە کاتێکدا کە تیۆری ئاریەکان خۆی تیۆریەکی نازانستی و ئەفسانەییە.
تێبینی:
– ئەم وتارە زۆر کورتە و گرانە لێرەدا هەموو ڕوویەکی ئەو تیۆریە بخرێتە ڕوو. ووردەکاری ئەم تیۆریە و سەرچاوەی زانیاریەکان لە کتێبەکەمدا “کورد کێیە؟” زۆر بە ووردی خراوەتە ڕوو و گەر دەخوازیت زیاتر بچیتە قوڵایی بابەتەکەوە، تکایە بەشی (کێشەی تیۆری ئاریەکان) لەو کتێبەدا بخوێنەرەوە.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …