Home / بەشی مێژووی كورد / مادەکان کێ بوون ؟

مادەکان کێ بوون ؟

ماد11227516_1056227754389106_973392914776214492_n
ماد ناوی نه‌ته‌وه کە لە ھەزارەی یەکەمی پێش زایینی مەسێح کۆچیان کرد بۆ ڕۆژئاوای بانەکانی ئێران. مادەکان بناغەی یەکەم پاشاییەتی ئاریائیەکانیان دامەرزان بە شکست پێھێنانی ئاشوریەکان لە ٦٠٠ ساڵ پێش زایینی مەسێح ، بووە گەورترین پاشایەتی رۆژئاوای ئاسیا. پاشایەتی ماد لە سەردەمی ھەڤەخشترە حۆکمڕانی گەورەترین پاشایەتی ڕۆژئاوای ئاسیای ئەکرد. بە سەر وڵاتانی ئێران، تورکیا وئەفغانستانی ئەمڕۆ . یەکەم گەورەترین حۆکمڕانی بوو کە ھەموو نەتەوەکانی ئەو ناوچەی خستە ژێر ئالایێک. کۆمەڵە ھێرشەکانی ئاشووریەکان بۆ سەر ھەرێمی ماد لە ٨٠٠ ساڵ پێش زایینی مەسێح، ئەو نەتەوەی تووشی کێشە کردبوو. ھێرودوت دەنووسێ : ئاشووریەکان زیاتر لە ٥٠٠ سال حۆکمڕانیان کرد لە ئاسیادا. یەکەم خەڵکانێک وا بەرامبەری دەسەڵات ڕاوەستان، مادەکان بوون. ئەوان بۆ ئازادی شەریان کرد، تێ‌کۆشان و لە بەندەیی ڕزگار بوون.
سەرچاوەکانە سەبارەت بە مێژووی ماد
یەکەم ئاماژەکان لە سەر نه‌ته‌وه ماد لە نووسراوەیەکی مێژوویی لە کوێستانەکانی کوردستان دۆزرایەوە کە باسی لە ھێرشی شڵمانسەری سێەھەمی کردووە. ئەم نووسراوەیە بۆ‌ ساڵی ٨٣٧ پێش زایین دەگەڕێتەوە. مادەکان لە ڕەگەزی ھێند و ئەورووپایین کە لە ھەزارەی یەکەمی پێش زایین کۆچیان کردووە بۆ ئەو شوێنەی تایفەکانی گۆتییەکان، لۆلۆییەکان، کاسییەکان، ھۆرییەکان لەوێدا نیشەجێ‌بوون و لەوێ گیرسانەوە و دانیشتوانی ئەو ناوچەیەیان لە خۆدا تواندەوە. لە نزیکی شاری ھەمەدان لە ئێرانی ئێستادا ، بەرزایی ھەگمەتانە کە خاوێن مێژینەی بەقەد مادەکانە واتە لە سەردەمی مادەکان پایەتەختی ئەوان بووە و دوای ئەوانیش پایتەختی ھەخامەنشیەکان بووە(ھاوینە ھەوار). گرینگترین نووسراوەکان سەبارەت بە ماد لە نووسراوەکانی ھێرودوتدایە کە ٥٠٠ساڵ پێش لە داییک‌بوونی مەسێح نووسیویەتی. لە تەورات‌دا بە کورتی باسی ماد کراوە.
وڵاتی ماد
ماد ناوی وڵاتێکە کە ئەو خەڵکەی بە ماد ئەناسرێن لەوێ گیرسانەوە. وڵاتی ماد دوو بەش بوو. ئازەربایجانی ئێستای ئێران و بەشێک لە تورکیەی ئێستا مادی بچووک و بەشێک لە عێراق و پارێزگاکانی کوردستان و ھەمەدان و کرماشان و لۆڕستانی ئێستا مادی گەورە بوون. پایتەختی ماد لە ڕابردوودا ھەگمەتانە‌ بووە دوایی بە ئەکباتان ناوی گۆڕدرا. ئەو قەومە لە کوێستانەکان گیرسانەوە و لە بەرد مس، ئاسن، نۆقرە و زێڕ و مەڕمەڕیان بەدەست ئەھێنا. لە تەختاییەکانیشدا کشت‌وکاڵیان ئەکرد.

تیرەکانی ماد
وەک زانیاریە مێژوویەکان پێمان دەڵێن ٣ تیرە لە ٦ تیرەکەی یەکیەتی ماد واتە بوسیەکان، ستروخاتیەکان و بودیەکان ، بەشی کوردەکان بووە و ٣ تیرەکەی تر بریتی بوون لە ئاریزانتیەکان (پیاو ماقووڵەکان) کە لە نزیکی کاشانی ئێستای ئێران ئەژیان و مۆغەکان کە لە نێوان شاری مەراغە و ڕەی ئێستای تاران‌دا دەژیان و لە کۆتاییدا پارتاکانیەکان ئەو خەڵکە بوون و لە ئیسفەھانی ئێستادا ژیانیان ئەبردە سەر. وەک نووسراوە یۆنانیەکان دەڵێن تیرەی ستروخاتیەکان کە بە ساگارتی ناویان دەبردرێ لە کرماشانی ئێستادا بوون کە ناوی یۆنانی کراوەکەی یانی زاگرۆس بۆ زنجیرە کوێستان ئەو ناوچە داندرا.
پێکھاتنی پاشایەتی ماد
وەک یۆنانیەکان باسی دەکەن دوای ھێرشە پڕھێز و دڕندانەکانی ئاشوریەکان بۆ سەر خەڵکی ماد، دەوروبەری ساڵی ٧٠٨پێش زایین، ڕابەرێک لە تیرەکانی ماد کە ناوی دیاکۆ دەبێ، لە لایەن نوێنەرانی یەکیەتی تیرەکان ، بۆ دامەزراندنی حکوومەتی ناوەندی ھەڵدەبژێردرێت. بە یەکگرتنەوەی تیرە بەربڵاوەکان و ڕێکەوتن لە سەر یاساکانی ناودەوڵەتی ، حکوومەت پەرە ئەسێنێت و ھەگمەتانە بە پایەتەختی خۆیان دائەنێن.
پاشاکانی ماد
1. دیاکۆ (٧٠٨ تا ٦٥٥ی پێش‌ زایین) ٥٣ساڵ درێژەی ھەبووە.
2. فرۆرتیش (٦٥٥ تا ٦٣٣ی پ.ز.) ٢٢ساڵ درێژەی ھەبووە.
3. ھەڤەخشترە (٦٣٣ تا ٥٨٤ی پ. ز.) ٤٩ساڵ درێژەی ھەبووە.
4. ئەژیدەھاک (٥٨٤ تا ٥٥٠ی پ. ز.) ٣٤ساڵ درێژەی ھەبووە.
نیشانی تایبەتی پاشایەتی ماد
دیاکۆ
نزیکەی ٧٠٠ ساڵ پێش لە زایین لە نێو مادەکان‌دا کەسایەتییەک دەژیا بە ناوی دیاکۆ کە لەلای ھەموو مادەکانەوە ڕێزێکی تایبەتیی ھەبوو. دیاکۆ مرۆڤێکی باش‌ناسیاو، تێگەیشتوو و ھەڵکەوتەی گوندەکەی بوو. خەڵک کە لێزانی و تێگەیشتوویی و دادوەریی دیاکۆیان دیبوو بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفت و کێشە و ئاژاوەکانیان ھانایان دەبردە بۆ ئەو. دیاکۆ بوو بە خۆشەویستی ھەمووان و ناوبانگی داخست، وای لێ ھات کە لەبەر دادگەری و پیاوچاکییەکانی لە لایەن خەڵکەوە داوای لێکرا کە ببێ بە سەرۆک و پاشایان. ئەویش کە بشێوی و بەربڵاوی و ھەتەران و تەتەرانی ناوچەکە ئازاری دەدا، بە داخوازییەکەیان قاییل بوو و بڕیاری دا مادەکان لە دەوری یەک کۆکاتەوە و لەوان نەتەوەیەکی یەکگرتوو و ھاوبەش پێک بێنێ.
لە یەکەم ھەنگاودا داوای‌کرد لە خەڵک کە واز لە جودایی بێنن و لە دەوری یەکدا کۆبنەوە و فەرمانی دا کە پایتەختێک ساز کەن. ئەوە بوو کە شاری ئیکباتانیان ساز کرد. شارەکە حەوت شوورەی بازنەییی بەدەوردا کێشرابوو و ھەر شوورەیەک لەوی‌تر بەرزتر بوو و بارەگای شا و خەزێنەکانی لە نێو ئاخرین شوورەکەدا بوو. چێوەی دیوارە دەرەکییەکانی زۆر لە دیوارەکانی ئاتێن پایتەختی یۆنان دەچوو. ڕەنگەکانی ئەو شوورە حەوتەوانانە بە ڕیز بریتی بوون لە سپی، ڕەش، ئەرخەوانی، شین و نارنجی. لە سەربانی دوو شوورە دوایینەکە، یەکێکیان بە زێو و ئەوی دیکەشیان بە زێڕ داپۆشیبوو.
بە شاری ئیکباتان، ھەگمەتانەش وتراوە و ئەوڕۆکە پێی دەڵێن ھەمەدان. دیارە درێژایی زەمان ھەموو شتێکی لێ سڕیوەتەوە و بۆنوبەرامەی مادەکانی لێ نایە، بەتایبەت کە پاش مادەکان ئەو شارە ھەمیشە لەدەستی ناحەزانی ماد بووە و ھەرچی شارستانیەتی ئەو شارە بووبێ سڕیویانەتەوە یان بۆ خۆیان بردوویانە.
فرورتیش
فرورتیش پاش دیاکۆ دەسەڵاتی گرتە دەست و بۆ ماوەی ٢٢ ساڵ لە نێوان ساڵانی ٦٥٥ و ٦٣٣ حوکمی گێڕا. لە کاتی ھاتنە سەرتەختی فرورتیش، ھۆزی سەکا کە تیرەیەکی شەڕانی و جەنگاوەر بوون لە دەوروبەری زەریای ورمێدا دەژیان. پارسەکانیش لە باشوور دەژیان. فرورتیش ھەردەم ھەوڵی دەدا کە سنوورکەی ئیمپراتۆریی ماد بەربڵاوتر بکا، ئەوە بوو ھێرشی بردە سەر پارسەکان و مەڵبەندەکەیانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی و قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریی مادی بەرینتر کرد. بەڵام ئەو لە خولیای ئەوەدا بوو کە ھێرشیش بەرێتە سەر ئیمپراتۆریی ئاشوور و کۆتایی بە زۆڵم و ستەمی ئاشووریەکان بێنێ و گەلێ نەتەوە کە ناچار بوون باج و پیتاک و سەرانە بە ئاشووریەکان بدەن لە ژێری ئەو بێدادییەدا ڕزگار بکات.
سوپایەکی گرانی کۆ کردەوە و بەرەو نەینەوا پایتەختی ئاشوووریەکان کەوتە ڕێ. ھەواڵ گەیشتە ئاشووریەکان، ئەوان لە پێشەوە بەرپەرچی مادەکانیان دایەوە. سەکاکانیش کە لە دەوروبەری زەریای ورمێدا دەژیان و ھاوپەیمانی ئاشووریەکان بوون، سوپایەکی گرانیان لە پشتەوە خستەڕێ بۆ ھێرش‌بردنە سەر مادەکان و پشتیوانی لە ئاشووریەکان. ماوەیەکی دوورودرێژ گەلێ شەڕی قورس و گران لەو نێوەدا کرا. مادەکان کەوتبوونە گەمارۆی سەکاکان و ئاشووریەکانەوە.
لە یەکێ لەو شەڕانەدا لە ساڵی ٦٣٣ی پێش زایین فرورتیش کوژرا و دەوڵەتی ماد کز بوو و سەکاکان کە ھەلیان بە لەبار دەزانی کەوتنە داگیرکرتن و تاڵان‌کردنی مەڵبەندی مادەکان. ئەوان نزیکەی ٢٨ ساڵ ھەتەران و تەتەرانیان لە وڵاتی ماددا دەکرد و کەوتبوونە کوشتوبڕی مادەکان.
ھەڤەخشترە (سیاگزار) یان ( کەیخەسرەو بە کوردی
پاش کوژرانی فرورتیش، کوڕەکەی کە ناوی ھەڤەخشترە یان بە کوردی کەیخەسرەو بوو دەسەڵاتی گرتە دەست. دیارە ئەو کێشەی زۆری لەگەڵ سەکاکان ھەبوو. ھەڤەخشترە پێشەوایەکی لەبار و لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات‌دا سەرکردەیەکی بێ‌وێنە بوو. ئەو بۆ ئەوەی کە بتوانێ بەرەنگاری سوپای دوژمن بێت، سوپایەکی ڕێک‌وپێکی کۆکردەوە و پسپۆڕانە باری‌ھێنان. سوپایەک بریتی لە سوارە و پیادە. سوارەکانیان شانیان لە شانی سوارەکانی ئاشووری دەدا و پیادەکانیان لە تیرھاویشتن بێ‌وێنە بوون و بە تیروکەوان و نێزە چەکدار بوون.
لەبەر ئەوەی کە وڵاتی ماد جێگەیەکی لەبار بۆ پەروەردەی ئەسپ بوو و مادەکان ھەر لە منداڵییەوە شارەزای ئەسپ‌سواری و تیرھاویشتن بوون، کاری ھەڤەخشترە ئاسانتر دەبوو بۆ پێک‌ھێنانی سوارەیەکی خاوەن ئەزموون. ھەڤەخشترە توانیی جەنگاوەرانی ئازا و بەجەرگی وا بار بێنێ کە لە ھیچ شتێ نەترسن. ھەر بە یارمەتیی ئەو سوپا نەبەزە توانیی سەکاکان کە دەمێک بوو لە وڵاتی ماددا کەوتبوونە تاڵان و کوشتوبڕ تێک بشکێنێ و لە وڵات وەدەریان نێ. بەوجۆرە تۆڵەی باوکی و وڵاتە تاڵان‌کراوەکەی مادی لە سەکاکان کردەوە.
پاشانیش لەگەڵ نەبوو پۆلاسار پاشای بابل کە پێشتر بە یارمەتیی مادەکان سەربەخۆیی خۆیان بەدەست ھێنا بوو، یەکی گرت و بە سوپایەکی گرانەوە ھێرشی بردە سەر ئاشووریەکان و شاری نەینەوای لە ٦١٢ی پێش لە زاییندا گرت کە پایتەختی ئاشووریەکان بوو. ساراکوس (سەنا خەریب) کە پاش مەرگی ئاشوور بەنیپال ببووە پاشای وڵاتی ئاشوور، کە دی بەرگەی مادەکان ناگرێ ئاگرێکی گەورەی ھەڵکرد و خۆی و خاووخێزانی خستە ناو ئاگرەکە و بەوجۆرە چرای تەمەنی ھەزار ساڵەی ئیمپراتۆریی ئاشوور کوژرایەوە.
لە سەردەمی ھەڤەخشترەدا وڵاتی ماد گەلێک پەرەی سەند. ھەڤەخشترە بە تێگەیشتوویی و زانایی خۆی خزمەتی گەورەی بە مادەکان کرد. ئیمپراتۆریی ماد لە سەردەمی ئەودا زۆر بڵاو و بەرین ببوەوە.
ھەڤەخشترە لە ساڵی ٥٨٤ی پێش زایین کۆچی دواییی کرد.

ئەژیدەھاک (ئاستیاگ)
پاش ھوڤخشەترە، کوڕەکەی کە ناوی ئاستیاگ بوو دەسەڵاتی گرتە دەست. ئەویش نزیکەی ٣٤ ساڵ دەسەڵاتداریی کرد. لە سەردەمی ئەودا وڵاتی ماد ھێمن و کڕوکپ بوو. ئاستیاگ بە لاساییکردنەوەی پاشایانی ئاشووری بارەگای دروست کرد و خەڵکێکی زۆر تێیدا کەوتنە کار کردن. دەربارییەکان جلی ڕەنگاوڕەنگیان لەبەر دەکرد و لە ڕێوڕەسم و بۆنە تایبەتییەکاندا زنجیر و ملوانکەی زێڕینیان دەکردە مل.
ئاستیاگ کچێکی ھەبوو بە ناوی ماندانا، ئەم کچە درابوو بە مێرد بە یەکێ لە سەرکردەکانی پارس لە باشوور. ئەویش دواجار کوڕێکی دەبێ کە ناوی دەنێن کوورش. کاتێ کوورش گەورە دەبێ خۆی بە پارسێکی تەواو دەزانێ و بڕیاریش دەدا کە وڵاتی ماد داگیر بکات.
سوپایەک کۆ دەکاتەوە و بە سیاسەتیش خۆی لە بابلییەکان نێزیک دەکاتەوە و داوایان لێ دەکا کە پێکەوە ھەڵمەت بەرنە سەر ئیمپراتۆریی ماد. بابلییەکانیش کە دەمێک بوو لە حەسرەتی (ھاران)دا بوون کە ڕێگای ھاتوچۆی نێوان سووریا و بابل بوو و لەژێر دەستی مادەکاندا بوو، دەبن بە ھاوپەیمانی پارسەکان و دوو قۆڵی ھێرش دەبەنە سەر وڵاتی ماد و پاش گەلێ شەڕی قورس و گران، ئاستیاگ کە زۆریش بەتەمەن بوو وپاشا و سەرکردەی سوپای ماد بوو، لە لایەن پارسەکانەوە بە دیلی دەگیرێ و چەمەسەریی زۆر دەبینێ. بەوجۆرە دەسەڵاتداریی مادەکان دەکەوێتە دەستی پارسەکان و کوورش دەتوانێ حکوومەتی ھەخامەنشیەکان بۆ یەکەمجار دامەزرێنێ. بەوجۆرە ئیمپراتۆریی ماد لە ساڵی ٥٥٠ی پێش لە زاییندا سەرەوژێر دەبێ.

ململانێی ماد و لیدیا
ململانێی نێوان ئیمپڕاتۆریەتی ماد و ئیمپڕاتۆریەتی لیدیا (کە لە باکوری خۆرئاوای تورکیای ئێستا دەسەڵاتی هەبوو) لە سەردەمی پاشایەتی کەیخەسرەو دەستی پێکرد دوای ئەوەی کەیخەسرەوی پاشای ماد بە هاوپەیمانێتی بابل توانی ئیمپڕاتۆریەتی ئاشور لەناوببات ئینجا دەستی کرد بە فراوان کردنی سنووری دەسەڵاتی بەم جۆرە دەسەڵاتی بەرەو باکوری خۆرئاوای تورکیای ئێستا هەڵکشا، دواتر هێزەکانی ئیمپڕاتۆریەتی ماد هێرشیان بردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لیدیا بەم جۆرە شەڕ لە نێوان ئیمپڕاتۆریەتی ماد و ئیمپڕاتۆریەتی لیدیا هەڵگیرسا، پاش پێنج ساڵ جەنگ هیچ لایەک نەیتوانی سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بەدەست بێنێت. بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان لە دوا شەڕی نێوانیاندا خۆرگیران ڕوویدا هەردوولا ئەمەیان بە موعجیزەیەکی خوایی زانی هێزەکانی هەردوو لە شەڕ کردن کشانەوە و پاشەکشەیان کرد دواتر بە پێی پەیمانێکی نێوانیان ڕووباڕی هالیس بوو بە سنووری نێوانیان. هەرچەندە شەڕی نێوانیان کۆتایی هات بەڵام ململانێی نێوانیان هەر بەردەوام بوو تا ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی ماد و لە سەردەمی ئاستیاگ یاخود ئەژدەهاکی کوڕی کەیخوسرەویش ململانێکە هەر بەردەوام بوو بەو هۆیەوە ئیمپڕاتۆریەتی لیدیا بەرەو لاوازی دەچوو و ئیپڕاتۆریەتی مادیش توانی چەند شار و ناوچەیەک لە ئیمپڕاتۆریەتی لیدیا داگیر بکات، بەڵام ڕووخانی ئیمڕاتۆریەتی ماد بە دەستی هەخامەنشیەکانەوە کۆتایی بەو ململانێیە هێنا، دوای ڕووخانی ماد لیدیاش زۆر لاواز ببوو بە هۆی ململانێکەی لەگەڵ ماد بەوهۆیەوە هەخامەنشیەکان هێرشیان بردە سەر لیدیا و ئەو ئیمپڕاتۆریەتەشیان ڕووخاند و ئیتر ململانێکە کۆتایی هات.

شارستانیه‌تی وڵاتى ماد

ماد بریتی یه‌ له‌ دوانزهه‌م كۆمه‌ڵی نه‌ژادی ئاری كه‌ به‌ره‌و ناوچه‌ی ڕه‌ی ئازه‌ربایجان هاتوون و له‌وێدا جێ گیر بوون، شوێنه‌كه‌یان پێی ئه‌وترێ مادستان یانی وڵاتى ماد. له‌ باره‌ی نووسینی شێوه‌ی (ماد) وه‌ له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی كۆندا هه‌ریه‌كه‌ و به‌ جیاواز نووسیویه‌تی. له‌ به‌رده‌ نووسراوه‌كانى سه‌رده‌می داریوش دا وشه‌ی (مادا) یا (مادی) هاتووه‌. یۆنانیه‌كان (ئاهی)یان نووسیوه‌ موسا خورنی (مدی)ی نووسیوه‌. ئه‌سترابون (مدیا )ى نووسیوه‌. سه‌لمانازارى دووه‌م له‌ ناوه‌ڕاستى سه‌ده‌ى نۆهه‌می پ ز (ئامادا)ی نووسیوه‌. هێرۆدۆتی یۆنانی (مدر)ی نووسیوه‌. له‌ ئاوێستا دا (ڕه‌گه‌) یانی (ڕه‌ی) نووسراوه‌. هه‌ر شێوه ‌و شێوازێكی دانرابێت بۆ ئه‌م وشه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ مه‌به‌ست له‌ (مادا)ی ته‌ورات و كتێبه‌ كۆنه‌كانه‌. هێرۆدۆت ئه‌ڵێ: ماده‌كان له‌ كۆندا ناویان (ئاریان) بووه‌. له‌ پاشدا خۆیان ناو ناوه ‌(ماد). (مسیو برسی فه‌یروز)ی مێژوو نووسی كلدانی ئه‌ڵێ له‌ سه‌ده‌یه‌كی كۆنی پێش زایین ماده‌كان وڵاتى بابلستان داگیر كردوه‌ و ماوه‌ی (224) ساڵ تیا فه‌رمانڕه‌وای بوون.
سنووری وڵاتى ماد
به‌ پێ ی دیاری كردنه‌كه‌ی نجح الدوله‌ له‌ كتێبی (كفایه‌ الجغرافی) سنووری وڵاتى ماد به‌م شێوه‌یه‌:
– لای ژوورو ده‌ریای خه‌زه‌ر
– لای ڕۆژئاوا وڵاتى ئه‌رمه‌ن (ئه‌رمه‌نستان)
– لای خواروو وڵاتى فارس و سوریان – خورستان
– لای رۆژهه‌ڵات ئاری – ئه‌فغانستان له‌ كۆندا به‌ ئاریان ناوبراون.
دیسانه‌وه‌ نجم الدوله‌ ئه‌ڵێت: (ئاكیاتان) پایته‌ختی ماده‌كان بووه‌ له‌ سه‌ره‌تادا بریتی بوه‌ له‌ قه‌ڵایه‌ك كه ‌(دژۆزس) – توس له‌ ساڵی ( 1280) پ. ز ئیسلام دروستی كردوه ‌و ورده‌ ورده‌ فه‌رمانڕه‌وایانی پارس گوێ یان داوه‌تێ تا بۆته‌ ئه‌م هه‌مه‌دان،(1) به‌ڵام (هیرۆدۆت و فیرده‌وسی) به‌م شێوه‌یه‌ سنووری وڵاتى مادیان داناوه‌.
له‌ رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ ڕوباری جه‌یحون كه‌ ڕوباری (ئه‌مه‌ویه‌)شیان پێوتوه‌. له‌ سنووری توركستانه‌وه‌ تێپه‌ڕ ئه‌كات و ئه‌ڕژێته‌ ده‌ریای ئۆراڵ له‌ كۆندا ڕژاوه‌ته‌ ده‌ریای خه‌زه‌ره‌وه‌.
1. مێژووی تا میلادی (622) ساڵه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ (1280) ده‌ربکه‌ین (658)ی ئه‌مێنێته‌وه‌، یانی (658)ی پ.ز. توس (707)پ.ز فه‌رمانڕه‌وای وه‌رگرت یانی په‌نجا ساڵێک به‌ سه‌ر فه‌رمانڕه‌وایی نوسدا تێپه‌ڕ ده‌کات.
له‌ ڕۆژئاواوه‌ ڕوباری (هالیس) كه‌ له‌ سنووری ئاسیای بچووكه‌وه‌ تێ ئه‌په‌ڕێ و ئه‌ڕژێته‌ ده‌ریای ڕه‌شه‌وه‌، له‌ كۆندا به‌ ڕوباری(قزل ئیرماق) – هالیس – ناودار بوه‌. لای ژوور وه ‌وه‌ گۆمی خه‌زه‌رو ڕوباری ئاراس و چیاكانی ئارارات تا ئه‌گاته‌ ده‌ریای ڕه‌ش لای خواروو سنووری وڵاتى پارس و خوزستان. به‌ پێ ی ئه‌م دیاری كردنه‌ كوردستان له‌ به‌شی وڵاتى (ماد) دانراوه‌. هه‌ندێكی تر سنووری وڵاتى مادیان به‌م شێوه‌یه‌ داناوه‌ لای ژووروو ئه‌رمه‌نستان و گۆمی خه‌زه‌ر و توركستان. لای خوارو پارس و عێلام (خوزستانی ئێستا) و عیراقی عه‌ره‌ب لای ڕۆژ ئاوا روباری هالیس (قزل ئیرماق)یانی سنووری ده‌وڵه‌تی (لیدی) له‌ ئاسیای بچووك و سنووری بابل، لای ڕۆژ هه‌ڵات سنووری ئه‌فغانستان. له‌م دیاری كردنه‌دا كوردستان به‌شێكی وڵاتى (ماد)ه‌. ئه‌گه‌ر ویستمان كوردستان له‌ وڵاتى ماد بپچرین سنووری ماد به‌م شیوه‌یه‌ی لێ دێت.
لای ڕۆژئاوا ئه‌رمه‌نستان و كوردستان، لای خواروو خوزستان و پارس. لای رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ ئه‌فغه‌نستان، لای ژوورو توركستان و گۆمی خه‌زه‌ر و چیاكانی ئارارات. ئه‌وه‌ی باسمانكرد بریتی بوو له‌ سنووری وڵاتى ماد ئه‌مه‌ش ئه‌كرێت به‌ دوو به‌شه‌وه:

1- مادی گه‌وره:‌ بریتی یه ‌له‌ (عیراقی عه‌جه‌م) یانی كرماشان، هه‌مه‌دان، قه‌زوین، ڕه‌ی، عیراق، نه‌هاوه‌ند، ئه‌صفه‌هان…. هتد، كه‌ لوڕستان و مازه‌نده‌ران و خۆراسانیش سه‌ر به‌م به‌شه‌ن.
2- مادی بچووك: بریتی یه‌ له‌ ڕووبه‌ری خاكی ( ئازه‌ربایجان) مه‌ڵبه‌ندی فه‌رمانڕه‌‌وایانی ماد شاری (ته‌یسه‌فون) بووه‌. كه ‌( 25) فرسه‌خ خواروی شاری به‌غدا كه‌وتوه‌. یانی رۆژهه‌ڵاتى دیجله‌. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به ‌(مادیان) ناودار بووه‌ له‌ پاشدا ورده‌ ورده‌ گۆڕاوه‌ و بۆته ‌(مه‌دائن). پاش ئه‌وه‌ی كه‌یقوباد ده‌وڵه‌تی مادی پێك هێنا پایته‌ختی له‌ (مادیان)ه‌ وه‌ گواسته‌وه‌ شاری (ئاكباتان) – هه‌مه‌دان – كه‌ (شاری سه‌وز) یا (سه‌وزه‌ شار)یشیان پی وتوه‌. تا هاتنی (ئه‌ژده‌هاك بابا گه‌وره‌ی دایكی كورشی گه‌وره‌ ئه‌م شاره‌ پایته‌ختی ماد بووه‌. له‌ سه‌رده‌می كورشی گه‌وره‌یشدا هه‌مه‌دان سه‌رده‌مێك به ‌پایته‌ختی ماد مایه‌وه‌ له‌ پاشدا گوێزرایه‌وه‌ شاری (ئه‌حمتا) یانی ئه‌صفه‌هانی ئێستا. له‌و كاته‌دا كورش فه‌رمانی تازه‌كردنه‌وه‌ی (بیت المقدس)ی دا وه‌ك له‌كتێبێكدا له‌ هه‌مه‌دان ئه‌م هه‌واڵه‌‌ له‌م دواییه‌دا دۆزراوه‌ته‌وه‌ هه‌روه‌ها له‌ (ته‌ورات) كتێبی (عه‌زرا) عوزه‌یر فه‌سڵی شه‌شه‌مدا بۆمان ده‌رئه‌كه‌وێ كه‌ فه‌رمانڕه‌وایی كورشی مادی بووه‌ نه‌ك هاخامه‌نشینی وه‌ك له‌ دواییدا باسی ئه‌كه‌ین. پایته‌ختی مادی بچووكیشی (ورمیه‌) بووه‌ كه‌ زادگای پێغه‌مبه‌ری كورد زه‌رده‌شت بووه‌. (شه‌مسی ئاداد)ی چواره‌م فه‌رمانڕه‌وای ئاشوره‌كان ساڵی ( 824) پ ز تا ساڵی (812) پ ز وڵاتى مادی به‌یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ ناو بردوه‌ كه‌ باج ده‌ری ئاشووره‌كان بوون. ته‌گلات پالازاری دووه‌م فه‌رمانڕه‌وای ساڵی (744) پ ز له‌گه‌ڵ ماده‌كان به‌شه‌ڕ هاتوه‌ و خستونیه‌تی یه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى خۆیه‌وه‌. له‌به‌شی (17، 18)ی كتێبی ملوك دا بۆمان ده‌رئه‌كه‌وێ كه‌ به‌شێك له‌ وڵاتى ماد له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى سه‌لمانازارا بووه‌. به‌شی سه‌رووی وڵاتى فارس(1) سه‌ر به ‌وڵاتى ئاشوور بووه‌. له‌ پاشدا سه‌ر به‌خۆی به‌ ده‌ست هێناوه‌ و ده‌وڵه‌تی مادیان پێك هێناوه‌. دوای ئه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی (ماد و پارس) له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى كورشدا و به‌ ئازادی ژیاوه‌ تا هاتنی ئه‌سكه‌ندری یۆنانی بۆ خاكی ئێران.(2) مێژوو نووسه‌كان هه‌ندێ ڕای جیاوازیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر دیلیه‌تی ماد.
هێرۆدۆت ئه‌ڵێ ماده‌كان ماوه‌ی (5) سه‌ده‌ یانی (500) ساڵ به‌دیلیه‌تی ژیاون. به‌ڵام سه‌رچاوه‌ ئاشوریه‌كان به‌ دوو سه‌ده‌ یانی دوو سه‌د ساڵ ناوی ئه‌به‌ن. تا له‌ ئه‌نجامدا ساڵی ( 606) پ ز بۆ هه‌میشه‌یی كۆتایی به‌ ده‌وڵه‌تی ئاشووری خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات ئه‌هێنن و سه‌رنگوونی ئه‌كه‌ن.
1. به‌شی سه‌رووی وڵاتی فارس مه‌به‌ست له‌ وڵاتی ماده‌
2. کتێبی (نخبه‌ الأزهریه‌) ل 502

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

20191107-کرماشان-دۆزینەوە-دیوار-مێژویی88de9a-image

دیوارێکی ٢٧٠٠ ساڵە بەدرێژایی ١١٥کیلۆمەتر لە کرماشان دۆزرایەوە

تیمێک لە مێژووناسەکان شوێنەواری دیوارێکی دوو هەزار و ٧٠٠ ساڵەیان لە پارێزگای کرماشان دۆزیوەتەوە کە …