Home / بەشی مێژووی كورد / بۆچی لەناو هەمو كوردا تەنها بارزانیەكان جامانەی سور دەبەستن؟

بۆچی لەناو هەمو كوردا تەنها بارزانیەكان جامانەی سور دەبەستن؟

2382016133490_16820151125490_589_0

لەنێو هەمو خێڵەكانی كوردا تەنها بارزانیەكان جامانەی سور دەبەستن، ئەم مەسەلەیە رەگوریشەو پێشینەی خۆی هەیە، پەیوەندی بەهەلومەرجێكی مێژوویی‌و بەریشەی بیروباوەڕی بارزانیەكانەوە هەیە.

“بارزان” كەوتوەتە ئەوپەڕی باكوری رۆژئاوای پارێزگای هەولێر، لەنزیك سنوری عێراق لەگەڵ هەریەك لەئێران‌و توركیا، بەرلەوەی شێخ تاجەددین لەكۆتایی سەدەی هەژدەهەمدا تەكیەی تێدا دابنێ‌، لەگوندێكی زێبارییەكان بەولاوە هیچی تر نەبو.

بارزانیەكان بەبنەچە سەر بەخێڵی “زێبار” بون، بەڵام بارزان ئەو گوندە بو كە ناوی خۆی بەبارزانیەكان‌و بیروباوەڕەكەیان بەخشی، بارزانیەكان زادەی بیروباوەڕەكەیانن، كە تێهەڵكێشێكە لەبیروباوەڕی ئیسماعیلی‌و سۆفیگەری‌و تا ساڵانێكی زۆر بەشاراوەیی هێشتیانەوە‌، تا لەسەردەمی شێخ عەبدولسەلامی دوەمدا ئاشكرا كرا، ئەگەر ئەم بیروباوەڕە نەبوایە ئەوان نەیاندەتوانی جێیەك بۆ خۆیان لەمێژودا دابین بكەن.

لەنێو هەمو گروپە ئایینیەكانی كوردا هیچ سیستەمێكی گوێڕایەڵی لەڕوی توندوتۆڵی‌و تۆكمەییەوە شانی لەشانی سیستەمی بارزانیەكان نەداوە، كە شێخەكانیان خاوەن كاریزما بون‌و بەپیرۆز دادەنران، شێخەكانی بارزان بەپێچەوانەی شێخەكانی زێبارو سورچی‌و برادۆستی دراەسێیان یان شێخەكانی قادری‌و نەهری‌و تاڵەبانیەوە نەبونە چینێكی ئؤرؤستۆكراتی كشتوكاڵی‌و زەویدار.

دروشمی جامانەی سور لەبیروباوەڕی بارزانیەكاندا پەیوەندیی بەبیروباوەڕێكی شۆڕشگێڕانەو هەلومەرجێكی دیاریكراوەوە هەیە، ساڵی 1895 شێخ نشینی بارزان روبەروی گەورەترین گەلەكۆمەكی لەهەمو مێژویدا بۆوە، كە لایەنەكانی پێكهاتبون لەئۆرۆستۆكراتی خێڵە بەهێزەكەی زێبارو سورچی‌و شێخ نشینی نەهری‌و نەهری‌و برادۆست‌و لۆلان، پاش زنجیرەیەك شەڕ‌و پێكدادان شێخی بارزان توانی سه‌رکه‌وێت‌و بەتەواوی دەست بەسەر بارزاندا بگرێت.

لەو سەردەمەدا گەورەترین كێشەی بارزان ئەوە بو كە لەدەوروبەرێكی نەیاردا بو، نەیارە بەهێزەكەی ئەم شێخ نشینە، ئۆرۆستۆكراتی دەرەبەگی خێڵی زێبار بو، بەڵام  پێداگری شێخی بارزان لەسەر بەهاكانی دادپەروەری‌و پشتگیری هەژارو چەوساوەكان هەیبەتی ئەوی زیادكردو وایكرد بتوانێ‌ زۆربەی جوتیارە چەوساوە رەشوروتەكان بەلای خۆیدا راكێشێ‌، ئەمەش بوە مایەی دەركەوتنی وەك لایەنێكی بەسام‌و بێباك.

كۆتایهێنان بەسەردەمی شاردنەوەی بیروباوەڕ، واتە كۆتایهێنان بەتەقیە، بەرونی لەسەردەمی شێخ محەمەدی كوڕی شێخ عەبدولسەلامی یەكەمدا دەستیپێكرد، شێخ محەمەد لەڕێی بەكارهێنانی هێزەوە رێزو هەیبەتێكی زۆری بۆ شێخ نشینەكە پەیدا كرد‌و پێی ناخۆش بو پەیڕەوەكانی هەم دڵسۆزی تەكیەی بارزان بن‌و هەم دڵسۆزی ئۆرستۆكراته‌كانی خێڵی زیبار، لەم روەوە ناچاری كردن خۆیان ساغ بكەنەوەو تەواوی دڵسۆزییان تەنها بۆ تەكیەی بارزان بێ‌، ئیتر كە پەیڕەوەكانی لەچنگ دەرەبەگەكانی زێبار رزگار كرد، تەكیەی بارزانی بۆ كردن بەتاكە سەرچاوەی بەهای كۆمەڵایەتی.

شێخ عەبدولسەلامی دووەم درێژەی بەپەیامی ئەو شێخانەی پێش خۆی دا كە ئەركی بەرپەرچدانەوەی ئۆرۆستۆكراسیی زێباریان دەستپێكردبو. ئەوەی تێكۆشانی جوتیارەكانی تۆكمەتر دەكرد ئەم بیروباوەڕەی تەكیەی بارزان بو كە بانگەشەیان بۆ نەهێشتنی چەوسانەوەی جوتیاران دەكرد كە چیتر چینە دەستڕۆشتوەكان‌و دەوڵەمەندەكان لەسەر رەنج‌و ماندو بونی هەژاران نەژین‌، جوتیارەكان توندوتیژییەكی زۆریان لەدژی دەرەبەگاكانی زێبار بەكارهێناو سەرەنجام بزوتنەوە جوتیاریەكان بەپشتیوانی شێخایەتی بارزان سەركەوتنی یەكلاكەرەوەیان بەسەر ئۆرستۆكراتەكانی زێباردا بەدەستهێنا، بەم سەركەوتنانە شێخایەتی بارزان ئاسایشی خۆی لەسەر بنەمای دڵسۆزیی جوتیارە تازە رزگاربوەكان دامەزراند.

شێخ عەبدولسەلام لەكاتێكدا ژمارەی پەیڕەوەكانی زیادی دەكردو تا دەهات زیاتر پشتیوانی هەژارەكانی بەدەستدەهێنا، له‌گه‌ڵ کۆتایی هاتنی سه‌ه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م‌و ‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا جامانەی سوری كردە دروشمێك بۆ پەیڕەوەكانی. هەڵبژاردنی ئەم دروشمە پەیوەندی بەو هەلومەرجەوە هەیە كە تێیدا تەكیەی بارزان ئەوەندە لەخۆی دڵنیا بو كە ترسی لەئاشكرا كردنی بیروباوەڕی خۆی نەما بو. ئیتر دروشمی سوری بیروباوەڕی بارزانیەكان بوە هاوتای نەریتی خەتەنە لەلای باوەڕدارەكانی جولەكەو موسڵمان، كە مەبەستی سەرەكی خەتەنە لێكجیاكردنەوەی باوەڕداران‌و ناباوەڕدارانە‌و پەیوەندی بەو پەیمانەوەیە كە لەنێوان خواوەندو باوەڕداراندایە.

لەبیروباروەڕی بارزانیەكانیشدا جامانەی سور ئەو ئەركەی پێسپێردراوە كە خەتەنە لەجولەكایەتی‌و ئیسلامدا پێیسپێردراوە‌و بارزانیەكان لەنابارزانیەكان جیادەكاتەوە.

تێیینی: سه‌رچاوه‌ی ئه‌م راپۆرته‌ کتێبی “ریشه‌ی بیروباوه‌ڕی بارزانیه‌کان”ه‌ له‌نوسینی فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد.

باخچە

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

119095056_3275492369233076_6105125648834508866_n

سابیر بەگ یەکێک لە سمبولەکانی شۆڕشی شێخ مەحموود ‏۱۸۹۳ — ۱۹۲۷

‏ نوسینی: مامۆستا عەبدولقادر شکاک ۲۱ ئازار / ۲۰۱۹ لەناو هەموو شۆڕشەکانی گەلانی ڕزگاریخوازدا زۆر …