Home / مێژووی ئیسلام / شارستانیه‌ت / کاریگه‌ریی مۆسیقای كوردی لە سەر ئه‌وروپا لە سەدەی هەشتی زایینیدا

کاریگه‌ریی مۆسیقای كوردی لە سەر ئه‌وروپا لە سەدەی هەشتی زایینیدا

 

کاریگه‌ریی مۆسیقای كوردی لە سەر ئه‌وروپا لە سەدەی هەشتی زایینیدا
٢٠١٦-٠٨-٢٢-١٥-١٢-٤٤--885569698

 

عەلی سیرینی

 

ئەوەی جێی گومان نیە ئەوەیە، كە كورد لە زۆربەی سەردەمەكاندا ئەسپی خۆی تاو داوە، لە میانی شارستانیەتیدا. ئەو قسە هیچ و پووچانەی كە هەندێك نەفام و جاهیل وەك قەوان هەمیشە لێی دەدەنەوە، وەك ئەوەی كورد سەدان ساڵە كۆیلەیە، و هەمیشە چەوساوە بوە، و خاوەنی دەوڵەتی خۆی نەبوە…هتد، بایی یەك زەرڕە نرخیان نیە لە بواری زانستدا، بەڵكو ڕەنگدانەوەی ناخی گوتەرەكانیەتی!
زۆرێك لە كۆڵكە نوسەر و هەژاری بواری ڕۆشنبیری، ئەم قسانە لە نوسینی هەمیشە دووبارە و سەدبارە دەڵێنەوە. دەتوانین بڵێین پێویستە لێیان ببورین، چونكە مرۆڤ گەر نەزانێ گلەیی لێناكرێ!
زریاب كوردێكی شاری موسڵ بوو. ساڵی 777 ز، لە شاری موسڵ لە دایك بوو. زریاب گەنجایەتی خۆی لە بەغدا بردە سەر لە سەردەمی دەوڵەتی عەبباسیدا.
لە سەر دەستی ئیسحاق موسڵی، ئەویش كوردێكی موسڵ بوو، زریاب دەرسی مۆسیقا و گۆرانی خوێند.
وەك لە ناوەكەی دەردەكەوێ زریاب ناوێكی كوردیە، واتا ئاوی زێڕ. زەر واتە زەرد، و ئابیش ئاڤە، كە عەرەب تیپی (ب) ایان پێ ئاسانترە وەك ئەوەی بڵێن زریاڤ. خودی ناوی ئەندەلوسیش بەم شێوە هاتوە. پێش چوونی مسوڵمانان بۆ ئەندەلوس چەند خێلێكی سەرەتایی دڕندە لەوێ هەبوون، بە ناوی (ڤەندالوس)، كە عەرەب ناوی دوورگەی ئیبیریایان (ئیسپانیا و پورتوغالی ئێستا) بە ناوی ئەوانەوە كردە ئەندەلوس، بە گۆڕینی (ڤ) بۆ (ئـ).
ڤەندالوس تا ئێستاش لە زمانی ئینگلیزیدا وەحشی گەریەتی دەگەیەنێ، كە دیارە ماناكەی بۆ ئەو خێڵە سەرەتاییانە دەگەڕێتەوە، كە مێژوو بە دڕندەی وەسف كردوون.
ڕۆژێكیان هاڕون ڕەشید داوای لە ئیسحاق كرد، گۆرانی بێژێكی نوێ و دەنگ خۆش بێنێ. ئیسحاقیش زریابی لە گەڵ خۆی برد. زریابیش گۆرانیەكی خۆشی پێشكەش كرد، تیایدا باسی هاڕون ڕەشیدی دەكرد. هاڕون زۆر خۆشحاڵ بوو و، داوای لە ئیسحاق كرد گرنگی بدا بە زریاب. بەڵام ئیسحاق ئێرەیی بە زریاب برد و پاش ئەوەی لای هاڕون ڕەشید دەرچوون، هەڕەشەی لە زریاب كرد بە كوشتن یان دەرچوون لە بەغدا!
زریابیش كە تەماشای كرد، لەو سەردەمەدا تەنها دوو شوێن شارستانی و گەشاوەن، وەك پایتەختی دەوڵەت و پاشایی، كە بتوانێ تیایدا سەنگین بێ و ڕێز لە هونەرەكەی بگیریت، ئەویش شاری بەغدا و قورتوبە بوون. قورتوبە پایتەختی ئەماڕەتی ئنجا خیلافەتی ئەمەوی بوو، لە ئەندەلوس، واتە ئیسپانیای ئێستا.
زریاب بە خەم و پەژارەیەكی زۆر لە بەغدا دەرچوو، پاش ئەوەی هاڕون ڕەشید ڕێزێكی زۆری لێگرت. بەڵام ئێرەیی ئیسحاقی هاوزمان، بوە جێی مەترسی بۆ سەر ژیانی. ئیتر بەیەك جاری كەوتە ڕێ بەرەو میسر و لەوێوە بەرەو مەغریب و ئنجا لەوێش وەك پەناهێندەیەك، خۆیدا لە ئاوی نێوان مەغریب و ئەندەلوس تا بە كەشتیەك گەیشتە جێ و، بەرەو قورتوبە ملی ڕێگای گرت.
لەو سەردەمەدا عەبدورڕەحمانی دووەم، كوڕی حەكەمی نەوەی عەبدورڕەحمانی داخل، ئەمیری ئەندەلوس بوو. زریاب نامەیەكی بۆ عەبدورڕەحمان نوسی، داوای لێكرد ئیزنی بدا بێتە كۆشكەكەی بیبینێ!

ئەمیری ئەندەلوسیش ئیزنی دا بێتە كۆشكی حوكمڕانی!
پاش ئەوەی زریاب چەند پارچە مۆسیقایەك و گۆرانی پێشكەشكرد، عەبدورڕەحمان یەكجار سەر سام بوو بە زریاب و، ئیتر ئەمیری ئەندەلوس، زریابی لای خۆی هێشتەوە و بێ وێنە ڕێزی لێنا و خەڵاتی كرد. زریاب چی بویستایە ڕەت نەدەكرایەوە و بوو بە یەكێك لە پیاوانی ناو كۆشكی حوكمڕانی عەبدورڕەحمانی كوڕی حەكەم!
زۆری نەبرد، ناو و دەنگی زریاب لە هەموو ئەندەلوس بڵاو بویەوە. هەر لە هەمان كاتدا هەڵسا بە دامەزراندنی قوتابخانەیەك بۆ هونەر و مۆسیقا. كاریگەری زریاب بە سەر خەڵك ئەوەندە زۆر بوو، هەتا ئەوەی هونەر و بەهرەی هەیبوو لە وێدا بڵاوی كردەوە. زریاب نەك تەنها لە بواری مۆسیقا و گۆرانی بەڵكو، لە چەندین بواری تردا وەك مۆدێلی جلك، جۆری خواردن و تام و چێژی جۆراو جۆری، كرد بە مۆێلێكی تازە بۆ ئەندەلوس. ئەوەی زریاب لە بەغدا فێری بوو بوو، لە ئەندەلوس بەخشیەوە. لە ناو خەڵك بڵاوی كردەوە، جلی بەهاری شتێكە و هاوینی و زستانی و پایزیش شتێكی ترە. هەر بۆنەیەك و جلی تایبەتی خۆی دەوێ. ئەم جۆرە ستایڵە لە ئەندەلوس باو نەبوو، پاش زریاب هاتە كایەوە. زریاب هونەری چیڕۆك گێڕانەوەشی هەبوو. باسی ژیان و چۆنیەتی هەڵس و كەوتی خەلیفەكان و ئەمیرەكان و ناوماڵەكانیان لە بەغدا، بۆ خەڵكی ئەندەلوس باس دەكرد. خەڵك پێی سەر سام بوون و خۆشیان ویست. لە گەڵ ئەوەشدا فێری مۆسیقا و گۆرانی دەكردن.
هەروەها زریاب هونەری (مەساج)، واتە شێلانی جەستە بە ئاوی گوڵ و ڕۆنی زەیتون، بە نێو ئەندەلوسیەكاندا بڵاوی كردەوە.
زریاب وەتەری پێنجەمی زیاد كرد بۆ ئامێری عود. لە پێی هەڵۆ یان باز هەندێك كەل و پەلی عودی دروست كرد، كە پێشتر لە دار بوو. چەندین ئاواز و مەقامی نوێی خستە نێو هونەری گۆرانی و مۆسیقا، كە پێشتر نەبوون. زریاب داهێنەری ئەو مەقاماتانەیە كە پێیان دەگوترێ (تەواشیح ئەندەلوسییە). داهێنانێكی تری زریاب، نەشید گوتن بوو پێش دەستكردن بە مۆسیقا، و یەكەم كەس بوو بنەماكانی فێر بوونی گۆرانی دانا، بۆ خوێندكارە سەەرەتاییەكانی بواری گۆرانی.
گومانیش لەوەدا نیە كە چۆن لە ڕێگای ئەندەلوسەوە هونەری مۆسیقا لە ئوروپا گەشەی كرد و و پەرەی سەند. چونكە بۆ ماوەی هەشت سەدە ئەندەلوس مەنارەی شارستانیەت و هونەر و پێشكەوتن بوو لە ئوروپا.
هەركەسێك بیەوێ كاریگەری ئەندەلوس بزانێ بە سەر ئوروپا، بە تایبەت لە بواری هونەر و مۆسیقا، دەتوانێ بە هەر زمانێكی ئوروپی چەندین سەرچاوەی جۆراو جۆر بخوێنێتەوە.
ئوروپای ئەو سەردەمە، لە نێو گێژاوی دواكەوتن و خورافات و تاركیدا، نوقم بوو بوو. ئەوان سەردەمان ناونراون بە (سەردەمانی تاریكی)! بۆیە ئەو كات هەموو ئوروپا چاوی بڕیبوە ئەندەلوس، بۆ وەدەست هێنانی زانست و خوێندەواری و چارەسەری و بژێوی ژیانیش بە گشتی.
قورتوبە ڕێژەی دانیشتوانی نزیك بویەوە لە ملیۆنێك و، 113 هەزار خانوی لێبوو و، تەنها لە پەرتوكخانەی مزگەوتی قورتوبە (عەبدورڕەحمانی داخل دروستی كرد) نیو ملیۆن كتێب هەبوو، جگە لە كتێبخانە تایبەتیەكانی پیاوانی حوكم و زانست و خەڵكی تریش. جادەكان بەرد ڕێژ بوون، چرا لە سەر ڕێگاكاندا بە شەو پێدەكران، زبڵی جادە و ماڵان هەڵدەگیرا، چەندین وەزارەت و دیوان و هەموو بە شەكانی دەوڵەت، بە بە شی تۆماركردنیش بۆ هەموو دام و دەزگاكان بەڕێوە دەچوو.
كۆشكی حوكمڕانی ئەمەوی ئەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستیان پێشكەش بە زریاب كرد و، زریابیش ئێستا نەك هەر لە ئیسپانیا و پورتوغال و وڵاتانی مەغریب و تونس و جەزائیر ناوێكی پڕشنگدارە، بەڵكو لە هەموو ئوروپا، لە نێوەندە ڕۆشنبیری و هونەریەكان، زریاب ناوی بەهرەمەندێكی مەزنی مێژووی هونەر و مۆدێل و ڕۆشنبیریە!
بەڵام بۆ زریاب لە نێوەندی ڕۆشنبیری كوردی نە ناسراوە؟
چونكە ئەو ڕۆشنبیرانەی لە هەناوی پارتانێكی وەكو یەكێتی و پارتی و شتی لەم بابەتە دەرچوون، وەك دەروێشی خوو گرتوو بە هایوو هوو، خوویان بە كاوەی ئاسنگەر گرتووە، هەر كە باسی مێژووی كورد دەكرێ، درود بۆ كاوەی ئاسنگەرێكی ئەفسانە بەرز دەبێتەوە!!
لە ساڵی 845 ز لە قورتوبەی ئێستای ئیسپانیا، زریاب كۆچی دوایی كرد.

 

بۆ سوود وەرگرتن دەتوانیت ئەم سەرچاوانە ببینیت:

http://ar.wikipedia.org

http://www.yabeyrouth.com

http://ar.wikipedia.org

http://www.islamstory.com

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

49321407_2246848795534306_1664247291160035328_n

ئاڵاكه‌ی پێغه‌مبه‌رصلی الله علیه‌ وسلم چۆن كه‌وته‌ ده‌ست عوسمانیه‌كان؟

ئاڵاكه‌ی پێغه‌مبه‌رصلی الله علیه‌ وسلم چۆن كه‌وته‌ ده‌ست عوسمانیه‌كان؟ Kamaran Kurdewar پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه‌ …