Home / مێژووى ئاینەکان / چەند بۆچوونێکی نوێ لەبارەی چیرۆکی نوح پێغەمبەر (سەلامی خوای لێ بێت)

چەند بۆچوونێکی نوێ لەبارەی چیرۆکی نوح پێغەمبەر (سەلامی خوای لێ بێت)

چەند بۆچوونێکی نوێ لەبارەی چیرۆکی نوح پێغەمبەر (سەلامی خوای لێ بێت)

وەرگێڕانی: فەرەیدون ئەحمەد
چیرۆکی حەزرەتی نوح بۆ زۆربەمان ئاشکرایە، بەڵام چەند بۆچوونێکی نوێ لەوبارەوە دەخەینەڕوو:
1/ بۆچی گەلی نوح لافاوی بەسەردا هات؟. کاتێک کە بەهۆی هەروەبروسکەیەکەوە دارستانێک دەسووتێت، بێگومان دواتر ئەو دارستانە بەشێوەیەکی نوێ و پڕسوودی زیاتر دروست دەبێتەوە. گەلی نوحیش بێئیمانییان گەیشتبووە ئاستێک کە تێکەڵ بەخانە و شانەکانی لەشیان بووبوو، ئەگەر دروست بێت بڵێین تێکەڵ بە(DNA)یان بووبوو. بەڵگەی ئەوەش وتەکەی نوحە کە بەچاوی بەسیرەتی پێغەمبەرایەتی ئەو حاڵەتەی لێ بینیبوون، دەفەرموێت (ولایلدوا الا فاجرا کفارا)، واتە لەئایندەشدا منداڵەکانیان بێباوەڕ دەردەچن، لەبەرئەوە پێویست بوو ـ هاوشێوەی نمونەی دارستانەکە ـ ئەمانە بەشێوەیەک لەناوبچن کە کەس لەدوایان بەجێنەمێنێت تا ئەو سیفەتە بێباوەڕییەیان نەگوازرێتەوە.
2/ ئەو بێباوەڕییە بەجۆرێک بەربڵاو بوو، گەیشتبووە ماڵي نوح پێغەمبەر خۆیشی، کوڕەکەی و ژنەکەی لەو جۆرە بوون، لەبەرئەوە ئەوانیش لەناوچوون، بەڵگەی ئەوەش ئەوەیە کاتێک نوح سەلامی خوای لێبێت دەفەرموێت پەروەردگار! ئەوە کوڕی من بوو، (انه من أهلي)، خوای گەورە لەبەر مەقامی پێغەمبەرایەتی پێینافەرموێت کوڕەکەت کافر بوو، بەڵکو بەشێوەیەک کە لەگەڵ ئەو مەقامەدا بگونجێت دەفەرموێت (انه عمل غیر صالح)، نافەرموێت (انه کافر)، وەک بڵێی دەفەرموێت کوڕەکەت هەموو پێکهاتە و خانە و شانەکانی لەشی عەمەلێکی غەیر ساڵح بوو. ئەو سیفەتی نا ساڵحییە چووبووە ناو خانە و شانەکانی جەستەیەوە، لەبەرئەوە پێویست بوو ئەویش بمرێت.
3/ نوح پێغەمبەر سەلامی خوای لێبێت، باوک بوو، خوای گەورە بەبەرچاویی نوحەوە کوڕەکەی نەخنکاند، بەومانایەی بەچاوی خۆی نەیبینی کە دەخنکێت، بەڵکو دەفەرموێت (وحال بینهما الموج). شەپۆلەکە کەوتە نێوانیانەوە و ئیتر کوڕەکەی لەبەرچاو ون بوو.
4/ ئایا کەشتییەکەی نوح هەموو جۆرە گیاندارێکی لەخۆ گرتبوو؟.. تەنها جۆرەکانی باڵندە بەزیاتر لە200هەزار جۆر پۆلێندەکرێت، ئەی ئەو هەموو دڕندە و خشۆکە، ئایا نوح چوو بۆ کیشوەری بەستەڵەکی باکور تا دوو ورچی ئەوێ بهێنێت؟ یان چوو بۆ کیشوەری ئوستورالیا تا جوتێک کەنغەری نێر و مێ بهێنێت؟! …. کەشتییەکەی نوح شتێکی سادە بوو، بەوشێوەیە نەبووە کە چەند نهۆمێک بێت و جێگەی هەموو شت ببێتەوە، خوای گەورە لەبارەی کەشتییەکەوە دەفەرموێت (وحملناه على ذات ألواح ودسر)(القمر 13)، واتە کەشتییەکە لەچەند تەختەیەکی لەوحیی و پەتی تایبەت بەبەستنەوەی پارچەکان پێکهاتبوو، نوح بەتەنها خۆی کەشتییەکەی دروست دەکرد (واصنع الفلک)، (یصنع الفلک)،خوای گەورە بۆ یەکەمجار لەمێژووی مرۆڤایەتییدا نوحی فێری دروستکردنی کەشتی کرد (واصنع الفلک بأعیننا ووحینا) (هود37)… ئەی چۆن لەمانای فەرموودەی خوای گەورە (واحمل من کل زوجین)، تێبگەین. نوح پێغەمبەر ژمارەیەکی کەمی خەڵکی لەگەڵ خۆیدا سوارکردبوو، (وما آمن معه الا قلیل) (هود40). لەگیانلەبەرانیش تەنها چوار جووت گیانلەبەری پێویستی لەگەڵ خۆی هەڵگرت، کە لەئایەتێکی دیکەی قورئاندا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە: (ثمانية أزواج: منَ الظأن اثنین و منَ المـَعزِ اثنین …و مِنَ الابل اثنین و منَ البقر اثنین ) الأنعام 143) دوو مەڕ، دوو بزن، دوو حوشتر، دوو مانگا.
5/ ئایا لافاوەکە هەموو دونیای گرتەوە؟
خوای گەورە دەفەرموێت (و قیل یا نوح اهْبط بسـلامٍ منـا و برکاتٍ علیْکَ و على اُمَـمٍ مـمنْ معـک ، و اُمَـمٌ سـنُمتعُهُم ) هود 48). (سەلام و بەرەکات لەسەر تۆ و ئەو نەتەوانەی لەگەڵتدا بوون، نەتەوەی دیکەش هەن کە دەیانژێنین و نازونیعمەتیان پێدەدەین…)، دیقەت بدەنە (وأمم سنمتعهم) واتە لەگەڵ نوحدا لەناو کەشتییەکەدا نەبوون، وەک نەتەوەکانی “ئینکا” لەئەمەریکا کە کۆلۆمبس لەکاتی دۆزینەوەی کیشوەری ئەمەریکادا، بینینی.
6/ ئایا هەموو گرۆی مرۆڤایەتی ئێستا، لەنەوەی نوحن؟ خوای گەورە دەفەرموێت (و قیل یا نوح اهْبط بسـلامٍ منـا و برکاتٍ علیْکَ و على اُمَـمٍ مـمنْ معـک) .. (وعلى أمم ممن معک)، واتە هەر نوح خۆی بەتەنها نەبوو، لەبەرئەوە ئەو نەوەیەی کە لەدوای نوح تا ئەمڕۆ هەن، هەموویان نەوەی نوح نیین، بەڵکو نەوەی کەسانی دیکەشن کە “معک”، لەگەڵ نوحدا لەکەشتییەکە دابەزین و ئێستا بەجیهاندا بڵاوبوونەتەوە، ئەمە جگە لەو نەتەوانەی کە لافاوەکە نەیگرتوونەتەوە.
لەکۆتاییدا لەبارەی ئەم سەرنجانەوە دەڵێین (الله اعلم)، خوا زاناترە بەڕاستییەکان.
عەلی مەنسور کیالی/ توێژەر لەبواری هزری ئیسلامیدا
وەرگیراوە جودی و پەیجی تایبەتی نووسەر لەفەیسبووک.

About كه‌یفی عمر

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …