Home / بەشی مێژووی كورد / سەرە قەڵەمێک لەو دەرفەتانەی کورد لە جەرخی مێژووی نوێوە لە دەستی داون

سەرە قەڵەمێک لەو دەرفەتانەی کورد لە جەرخی مێژووی نوێوە لە دەستی داون

4012173172016_hamidiye-4

شەریف هەژاریی

کورد ئەو گەلەی لە خۆخۆرییدا هەموو ساتێ لەسەر پێیە بۆ گیانی یەکتر ! * پێش درووستبوونی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانیی سونەگەرا و وسەفەوی شیعەگەرا ، ئەوا دەسەڵاتێکی مەرکەزیی بەهێزی داگیرکاریی لە کوردستاندا نەبوو ، کەچی میرە کوردییەکان لە خۆخۆریدا نەیانتوانی ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە و ئیمپراتۆرییەتێک یان دەولەتێک بنیادبنێن ! بەڵکو هەردەم لە یەکترخۆرییدا دەژیان ، تا عوسمانیی و سەفەوییەکان لە دوو میرنشینی بچووکەوە بەسەر خاکی کوردەوە کە کوردستانە و بەسەر نەتەوەی کوردەوە بوونە ئیمپراتۆریەت و، میرنشینە کوردییەکانیش ڕۆشتن بەپیریانەوە و دابەش بوون بەسەریاندا و بوونە ئامێری دەست تورک و فارس . * لە دەورانی دەسەلا‌تی‌ عوسمانیی و سەفەوییەکان هەمیشە هەر میرێکی کورد بیویستبایە خەبات بۆ دامەزراندنی دەولەتی کوردی بکا ئەوا لە لایەن میرەکانی دیکەوە دژایەتیی دەکرا و داگیرکارانی تورک و فارسی دەهێنرایە سەر، مێژووی بەریەککەوتنە زۆر و زەوەندەکانی میرانی : ‘ بابان ، ئەردەڵان ، بادینان و سۆران ‘ سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن . * لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهانیی دا کە دەسەلاتی عوسمانی پڕوکا . کوردی باکور کە شێخ عەبدولقادری نەهری سەرکردایەتی دەکرد ، ئەوا بە ناوی برایەتیی ئیسلامییەوە زۆر بە ئاسانیی لەلایەن کەمال ئەتاتورکی ئەفسەری ئەوکاتەوە فریودرا و شێخ عەبدولقادر نەیتوانی دەرفەتەکە بقۆزێتەوە و دەوڵەتی کورد ڕاگەیەنێت . لە ویلایەتی موسڵیش کە هەرێمی باشوری کوردستانی ئەمڕۆیە ئەوا شیخ مەحمود هەرچەندە پێشتر باوکی کە ” شێخ سەعید ” بوو لە لایەن تورکەکانەوە لە سێدارە درابوو ، بەڵام شێخ مەحمودیش لەلایەن تورکەوە فریودرا و هێزی کۆکردەوە بۆ هاوکاری دەوڵەتی کوردکوژی عوسمانیی و شەڕی شوعەیبەی دژ بە ئینگلیزەکان ئەنجامدا لە پێناو برایەتیی ئاینیی لەگەڵ تورکە عوسمانییەکاندا . * لە دەورانی جەنگی دووەمی جیهانیش دا ، تەنها پێشەوا قازی محەمەد دەرفەتەکەی قۆزتەوە ” کە ئەم کۆمارەش چەند هۆکارێکی ناوخۆیی و دەرەکیی بوونە هۆی زوو ڕووخانی ، بەڵام دەستکەوتێکی مێژووی سەنگینی کوردە و تەحەدایەکی زۆر کاریگەریش بوو بۆ داگیرکارانی گشت کوردستان لەو کاتەدا ”، هەرچەندە لە هەمان کات دا ، دەوڵەتی عێراقیش لەوپەڕی لاوازیی و ململانێی ناوخودی دەسەڵاتدارانیی حکوومەت دابوو، کەچی کوردانی باشور نەیانتوانی ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە . * لە کاتی شۆڕشی ١٤ ی تەموزی ١٩٥٨ ی عێراقیش دا ، گەلی کورد لە باشور نەیانتوانی دەرفەتی نەمانی ڕژێمی ناوەندی عێراق بقۆزنەوە بەڵکو لەژێر ناوی ” برایەتیی کورد و عەرەب”ەوە هانایان بۆ عەبدولکەریم قاسم بردەوە و عەبدولکەریمیش پاش کەمتر لە سێ ساڵی دەسەڵاتەکەی ئەوا شەڕی دژ بە کورد هەڵگیرساندەوە . * بەدرێژایی ساڵانی پەنجا و شەستەکان و دواتریش ! چەندین کودێتا لە عێراق و تورکیا دا ڕوویدا . کوردی هیچ بەشێک لە بەشەکانی باکور و باشور نەیانتوانی دەرفەتی نەمانی دەسەڵاتی ناوەند بۆ خۆیان بقۆزنەوە . پارتیی دیموکراتی باشوری کوردستانیش لە ١٩٦٤ەوە بوونە دووبەش و ، بەشێکیان بوونە داردەستی حکوومەتی ئەوکاتی عێراق و ، بەشی سەرۆکایەتیش بوونە ئامێری دەستی شای ئێران . لەو کاتەوە تاکو ئێستا هەر لە یەکترخۆریدان و کاریگەریشیان لەسەر هێزەکانی بەشەکانی دیکە داناوە کە پەرت ببن بەسەر ئەم دوو هێزەی باشور دا . * لە ساڵی ١٩٧٥ کە شۆڕشی کورد لە باشوری کوردستان کاریگەریی هەبوو هەر لە زاخۆوە تا خانەقین . کەچی لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی شۆڕش خۆیان هەڵواسیبوو بە دەسەڵاتی حەمەڕەزا شای ئێران دا ، ئەوا نەیانتوانی دەرفەتەکە بقۆزێتەوە بۆ بنیادنانی دەوڵەتی کوردیی و بگرە ‘ بێ لێکدانەوەی دۆخەکە و بەهۆی ڕێکەوتنی جەزائیری ١٩٧٥ ی ئێران و عێراقەوە ‘ لە پڕ ئاشبەتاڵیان لە ناو شۆڕش دا ڕاگەیاند ، کە ئەمە خاڵێکی ئابڕووچوانەیە لە ناو مێژووی کورد دا تا هەتایە . * لە ساڵی ١٩٧٨ ڕاپەڕینەکان لە ئێراندا بەتینتر بوو ، قاسملووی ڕێبەری کورد تیۆریای کەوتنی دەسەڵاتی شای ئێرانی داڕشت و کۆمیتەیەکی سەرپەرشتیاری پێک هێنا بۆ گەڕانەوە بۆ خۆرهەڵاتی کوردستان و خستنی دەسەڵاتی شا و ، خۆشی ڕۆشتە تاران و سەرپەرشتی گشتیی دەکرد . پاش ئەوە ساڵی ١٩٧٩ بە تیۆریی و پراکتیکیی سەرکەوتوو بوو لە خستنی دەسەڵاتی شای ئێران و زۆرزوو ناوچەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانی ڕزگارکرد و بەپێی دۆکیۆمینتەکانی بەریتانیا لە ماوەیەکی کەمدا سوپایەکی پێشمەرگەی ١٠٠٠٠٠ ‘ دە هەزار کەسی ‘ بنیاد نا ، بەڵام ئەو دەرفەتەش بەهۆی دوو هۆکارەوە خاپورکرا : 1 – خۆخۆریی کورد بەتایبەتی پارتیی و یەکێتیی کە دوو هێزی باشوری کوردستان بوون ململانێکانی خۆیان گواستەوە بۆ خاکی ئازادکراوی خۆرهەڵاتی کوردستان . کە پارتیی بوونە چاوساغی سوپای پاسداران بۆ گرتنی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی قاسملوو . هەرچەنە یەکێتیی و حیزبی شوعی بە سەدان پێشمەرگە هاوکاری دیموکراتیان کرد ، بەڵام چ دیموکرات و ” چ یەکێتیی و شوعی کە هێزی پشتیوانی دیموکرات بوون ” نەیانتوانی هەمیشەییانە پارێزگاری لە خاکی ڕزگارکراوی خۆرهەڵات بکەن ، بەهۆی نابەرامبەری هێزەکانی خومەینیی و هەبوونی فڕۆکەی سیخۆ و چەکی قورسی وەک دەبابە و تانک و … هتد . کە لە هیچ شتێ سوپای خومەینی دەستی نەدەپاراست . بەپێی قسەکانی ساڵی ڕابردووی خامنەیی کە لە شاری سنە کردی ، ئەوا سوپای پاسداران زیاد لە بیست هەزار کەسی بەدەست دیموکراتەوە لە خۆرهەڵاتی کوردستاندا کوژراوی داوە . 2 – خۆخۆری کورد لە ناو خودی هێزەکوردییەکانی خۆرهەلاتی کوردستان ، هەریەکە لە کۆمەڵەی کوردستانی ئێران و سوپای ئەحمەدی موفتیزادە دژایەتیی دیموکراتیان کرد ، کۆمەڵە کە لە ژێر هێژموونی مەنسور حیکمەتی فارسیست – مارکسیست دابوون ئەوا قاسملوویان بەبۆرجوا و کۆنخواز ناودەبرد کە هەوڵی بنیادی دەسەڵاتی نەتەوەیی-بۆرجوازیی دەدا و ، ئەحمەدی موفتیزادە و هێزەکانیشی بەناوی ‘ برایەتیی ئیسلامی ‘ یەوە پاڵپشتی هێزەکانی خومەینیان کرد . هەربۆیە ئەو دەرفەتە مێژوویەش لەکیسدرا . * لە ساڵی ١٩٩١ بەهۆی بڕیاری ٦٨٨ ی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەوا خاکی باشوری کوردستان لە چنگ دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق پارێزرا و بەخشرا بە هێزە کوردییەکانی باشور . هێزە کوردییەکان بەتایبەت یەکێتیی و پارتیی لە بری ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کە دەسەڵاتی سەدام لەوپەڕی لاوازییدا بوو ، کەچی دیسانەوە بەناوی ” برایەتی کورد و عەرەب ” ـەوە هانایان بۆ سەدام بردەوە !! * لە ساڵی ٢٠٠٣ سەدام ڕوخێنرا و کورد و تەنی : ” عێراق فڕی نەما بەسەر جمهورییەوە ”. ئەمریکا زیاد لە حەفتەیەک کەرکووکی دا بەدەست یەکێتیی و پارتییەوە بۆ ئەوەی پلانەکانی خۆیان سەربخەن . کەچی یەکێتیی چوون بەبیانووی خزمایەتییەوە عەشیرەتە عەرەبەکانی سنوری تکریتیان بەرەو کەرکووک هێنایەوە کە عەرەبەکان پێشتر هەڵهاتبوون ، پارتیش لەژێر کاریگەری تورکیا لە هەوڵی زیندووکردنەوەی تورکمانەکاندا بوو . ئەمە سەرەڕای ئەوەی پارتیی و یەکێتیی بیریان هەر لای فەرهودی و تاڵانی بوو تا ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی . هەربۆیە پارتیی و یەکێتیی جارێکی دیکە ڕۆشتنەوە بۆ بەغدا و دەوڵەتی عێراقیان بۆ عەرەب دروستکردەوە . * ئەوە بۆ دوو ساڵ زیاترە ، داعش هاتووەتە عێراق و سوریا ، لە بری ئەوەی پەیەدە بارودۆخی سوریا بقۆزێتەوە و دەوڵەتی کوردی ڕاگەیەنێت و برایەتیی لەگەڵ هێزە کوردییەکانی دیکەی خۆرئاوا بکات. کەچی بووەتە ‘ هاوپەیمانی ئێران و هێزەکانی ئەسەد ‘ و کانتۆن دروست دەکا و بڕوای بە دەوڵەت – نەتەوە نەماوە و لە نەگبەتی کورد پەیەدە بە فەرمانی پەکەکە پێی وایە : چەرخی دەوڵەتیی نەتەوەیی ئێکسپایەر بووە !! بەڵکو دیموکراتییەت بۆ گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دادەهێنێ !! کورد وتەنی : ” ڕێوی نەئەچوو بە کونا هەژگێکیشی بەخۆیەوە ئاڵاندبوو !! لەم لاشەوە لە باشور ، پارتیی و یەکێتیی لەبری ئەوەی ناوخۆیان پتەو بکەن و دەوڵەت ڕاگەیەنن !! کەچی هەر خەریکی حساباتی تاڵانیی نەوتن و ، لەم ساتە پڕ ـ دەرفەتاوییەدا زیاتر لە جاران هێزەکانی باشوری کوردستان ڕیزەکانیان لێکترازاوە !! وادیارە پارتیی و یەکێتیی وەک پیشەی هەمیشەییان ئەم جارەش لەبری ڕاگەیاندنی دەوڵەتیی کوردی ئەوا دەیانەوێ بۆ چەندەهەمین جاریان دەوڵەتی عێراق بۆ عەرەب بنیادبنێنەوە !! کورد پێویستە لە ئێستادا ، کە دەوڵەتەکانی عێراق و سوریا بوونیان تەنها لەسەر کاغەزە ، ئەوا ستراتیژێکی ڕزگاریی نەتەوەیی داڕێژێ و هێزەکانی هەر بەشێک لە خاکی کوردستانیش ڕێز لە هێزەکانی بەشەکانی دیکە بگرن. زۆر پێویستە لە باشور ڕیزەکانی کورد یەکخرێ و دەوڵەت ڕاگەیەنرێ و تەنانەت ئەشتوانرێ گەر کورد لە خۆخۆریی و گیانی حیزب – پەرستی بکەوێ ئەوا خۆرئاوا و باشوری کوردستان یەکبگرنەوە !! پێویستیشە هێزەکانی خۆرهەڵات جووڵانەوەی چەکداری دەست پێ بکەنەوە و نابێت پەکەکە ببێتە ئامێری دەست ئێران بۆ ئەوەی ڕێگا لە شۆڕشگێڕانی خۆرهەڵات بگرێ . سەبارەت بە دۆخی باکور و هەدەپە-پەکەکەش ئەوا نووسینێکی تایبەتی گەرەکە ، بەڵام وەک وترا : زۆر پێویستە هێزەکانی هەر چوار پارچە چیتر بەرژەوەندی نەتەوەیی بکەنە تێکۆشانی خەباتی ڕاستەقینەیان و بیخەنە پێش بەرژەوەندییە حیزبیی و بنەماڵەیی و تاکەکەسییەکان .

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …