Home / بەشی مێژووی كورد / ئاق قۆینلۆ (٨١٠ – ٩٠٢ ک / ١٤٠٧ – ١٤٩٦ ز)

ئاق قۆینلۆ (٨١٠ – ٩٠٢ ک / ١٤٠٧ – ١٤٩٦ ز)

ئاق قۆینلۆ (٨١٠ – ٩٠٢ ک / ١٤٠٧ – ١٤٩٦ ز)

2723

پ. ی. د. ئاراس فەریق زەینەڵ(*)

ئەم زاراوەیە ناوی کۆمەڵێکی تورکمان بوو کەلە هەردوو بڕگەی تورکمانی “ئاق” بە واتای “سپی” و “قۆینلۆ” واتا “مەڕ” وەرگیراوە کە بەسەر یەکەوە واتای “مەڕی سپی” بەخشیوە، ئەوەش لەوەوە وەرگیراوە کە ئەم کۆمەڵەش وەک کۆمەڵی “مەڕی رەش” بژێوی ژیانیان و کاری رۆژانەیان بەندبووە لەسەر بەخێوکردنی سامانی ئاژەڵ بەگشتی و مەڕ بەتایبەتی کە لەدەشتاییەکانی هەرێمی تورکمانستاندا لەوەڕاندوویانە، هەروەها پێ‌ دەچێت “مەڕی سپی” نیشانەی ئاڵا یاخود بەیداخی ئەم کۆمەڵە بووبێت لەشەڕەکانیاندا ئەمەش بۆ جیاکردنەوەیان لە کۆمەڵی تورکمانی “قەرە قۆینلۆ” واتە کۆمەڵی “مەڕی رەش”.(1)

بۆیە دەتوانین بڵێین ئاق قۆینلۆ خێڵێکی کۆچەر بوون، مەڵبەندی یەکێتی خێڵە تورکمانەکانیان پێکدەهێنا، رەنگە بەهۆی خزمایەتی یاخود بەرژەوەندی هاوبەش یا هەر هۆیەکی تر لەدەوری یەک کۆبووبێتنەوە، پاش وەرگرتنی دەسەڵات لە قەرەقۆینلۆکان خێڵێکی تریش هاتوونەتە پاڵیان، زۆربەی خێڵەکانیش بەهۆی چەند هۆزێکەوە بەدەسەڵاتی ناوەندەوە پەیوەست بوون.

دەرکەوتنی ئاق قۆینلۆ:

ئاق قۆینلۆ ڕەچەڵەکیان دەچێتەوە سەر بایەندورییەکان،(2) ئەوەی جێگەی ئاماژە بۆ کردنە ، ئەگەر رەچەڵەکی قەرەقۆینلوەکان ڕوون و ئاشکرا نەبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ئاق قۆینلوەکان بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان و بەر لە دەرکەوتنیان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی لەناوچەکە بە ماوەیەکی زۆر باس لە بایەندورییەکان کراوە کە رەچەڵەکی ئاق قۆینلوەکانە، هەر ئەو سەرچاوە مێژووییانە باس لەوە دەکەن کە بایەندورییەکان ، یەکێکن لەو (24) بیست و چوار خێڵەی سەربە ئوغوزن، لەبەر ئەمە ئاق قۆینلوەکان دەڵێن بایەندووری بەم جۆرە بایەندورییەکان لە نێو خێڵی غوزەکان شوێنێکی تایبەتیان هەبووە، ئاق قۆینلوەکانیش وەک ئاماژەمان پێدا لە ڕەچەڵەکیانن، ئەم کۆمەڵە هۆزێکی تورکمانی سەر بەڕەگەزی غوزەکان بوون، لە تورکستان و قەرقیزیادا نیشتەجێ ببوون، پاشان لەسەردەمی “بایندەر”ی سەرکردەیان و لەنیوەی دووەمی سەدەی هەشتەمی کۆچی و چواردەهەمی زاینی بۆ لێدانی کۆمەڵی قەرەقۆینلۆ هاوکاری (تەیموری لەنگ) و (میرزا شاهرۆخی) کوڕیان کرد، ئەو دوژمنایەتیەش سەرەتایەک بوو کە یارمەتی داگیرکردنی چەندین ناوچەی کوردنشینی دان ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە ئەم کۆمەڵە بە پێچەوانەی قەرەقۆینلۆەکان ، کە شیعە مەزهەب بوون و ئەوان (واتا ئاق قۆینلۆەکان) سوننی مەزهەب بوون. (3)

سەرەڕای ئەوەی هەردوولا لەسەر سەرۆکایەتی هۆزایەتی و بەرژەوەندی خێڵەکی لە ململانێیەکی سەختدابوون. بەڵام سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەدەن ئاق قۆینلۆکان بەر لەهێرشی مەغۆلەکان بۆ رۆژهەڵاتی ئیسلامی بۆ ئەنادۆڵ کۆچیان کردووە و لەسەردەمی سەلجوقیەکاندا دیاربەکریان پێ‌ بەخشراوە، پاشان بەرە بەرە کشاون بۆ ناوچەکانی ئەرمینیا و هەولێر و موسڵ و بەشەکانی دیکەی ئاسیای بچووک. (4)

لەمەوە (قتلو بەگ)ی سەرۆکی ئەم کۆمەڵە لەنێوان ساڵانی (780 – 790ک/1378 – 1388ز) چەند ناوچەیەکی کوردنیشنی داگیرکردوە، (بەهائەدین عوسمان)ی کوڕیشی شاڵاوەکەی (تەیموور لەنگ) قۆستەوە و بەمەبەستی لێدانی نەیارەکانی هاوکاری تەیمووری لەنگی کرد و پێشوازی لەو شاڵاوانەی تەیموورلەنگ کرد کە بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی کوردستان ئەنجامیدا و سنووری بۆ سیاسەتی فراوانخوازی بنەماڵەی قەرە قوینلۆ دانا. (5)

(ابو بکر الگهرانی) لە کتێبی (الدیار البکریە) ئاماژە بە شوێنی نیشتەجێبوونی ئاق قۆینلوەکان دەکات کە لەتورکستانەوە بۆ دەشتی قەبجاق کۆچیان کردووە و پاشان هاتون بۆ ئاران، دواجار لە هەرێمی دیاربەکر و خەڵات نیشتەجێبوونە ، ئەوە بوو هەردوو هەرێمی خەڵات و دیاربەکر بەر لە دەرکەوتنی میرنیشینی ئاق قۆینلو لەلایەن یەکە سەربازییەکانی مەغۆلی بەڕێوە دەبران، هەرێمی دیاربەکر درابوو بە خێڵی ئەویرات، چونکە هەر ململانێیەکی دەسەڵاتی ناوەندی راستەوخۆ کاری لەسەرهەرێمەکان دەکرد، بۆ نموونە لە کاتی گۆڕینی سوڵتانەکان و هەڵوێستیان بەرامبەر هێزە دەرەکییەکان، هەردوو هەرێمەکە بەشێکی زۆر و گرنگی سنووری رۆژئاوای دەوڵەتی ئیلخانییان پێکدەهێنا، ماوەیەک ببووە جێگەی تێڕامانی مەغۆلەکان، چونکە مەترسیان هەبوو مەمالیکەکان دەست بخەنە ناوچەکە، هەروەها میری هەرێمەکان ملکەچی گۆڕانکاری دەسەڵاتی مەرکەزی بوون. (6)

بەشێوەیەکی گشتی تا ئەوکاتەی دەسەڵاتی مەغۆلەکان بەهێزبوو، تورکمانەکان ببوونە پاشکۆی دەسەڵاتی مەرکەزی و رۆڵیان لە گۆڕەپانی سیاسیدا کەم بوو، گومان لەوەدانییە بەپێی سیستمی خێڵایەتی مەغۆلەکان، تورکمانەکانیش وەک هێزێک سوودیان لێ وەرگیراوە.

هەرچۆنێک بێت هێرش و شاڵاوەکانی مەغۆل بۆ رۆژهەڵاتی ئیسلامی گەلێ گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی هێنایە ئاراوە، ئەم خێڵانەش (بەتایبەتی ئاق قۆینلو و قەرەقۆینلو) بەم هۆیەوە کۆچیان کردووە بۆ دەشتی دیاربەکر و ئەرزەڕۆم و نیشتەجێبوون.

میرنشینەکانی کوردستان لەو سەردەمەدا:

بارودۆخی کوردەکان یاخود میرنشینەکانی کوردستان بەر لە شاڵاوی مەغۆلەکان، هەروەک بارودۆخی جیهانی ئیسلامی ئەو رۆژگارە وابوو. تیایدا جیهانی ئیسلامی و خودی خیلافەتی عەبباسی بۆ چەندین دەسەڵاتی نیمچە سەربەخۆ دابەش ببوون، لەوانە دەوڵەتی خەوارزمی لە بەری رۆژهەڵات و دەوڵەتی ئەییوبی لە میسر و شام و ئەتابەکیەکانی فارس و ئازەربایجان، لەو هێزانە بوون کە دەسەڵاتیان بەسەر جیهانی ئیسلامیدا گرتبوو، لە بەرامبەریشدا خیلافەتی عەبباسی هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی نەبوو تەنها ئەوە نەبێت کە وەک بنەماڵەیەکی ئایینی رێزی لێ دەگیرا. (7)

جێگەی ئاماژە بۆ کردنە لە پاش مەغۆلەکان هێزێکی دیکەی ئیلخانی بەناوی (جەلائیریەکان) بۆ ماوەیەک دەستیان بەسەر کوردستاندا گرت لە نێوان ساڵانی (722 – 813ک / 1322 – 1410ز) کە دەتوانین بڵێین سەردەمێکی ناهەموارو پڕ لە ئاژاوە و شاڵاوی کاولکاری بوو ، تیایدا بارودۆخی کوردەکان و ناوچە کوردنشینەکانی بەرەو ئاقارێکی خراپ برد. سەدان زەوی کشتوکاڵی سوتێنرا و سەدان گوندو شار و شارۆچکە کەوتنە بەر شاڵاوی کاولکاری هێزەکانی ئەو سەردەمە. ئەمە و سەرەڕای ئەوەش چەندین هۆز و سەرۆک هۆزی کوردی دەسەڵاتدارێتی جەلائیرکانیان وەرگرت و سوودیان لەو سەرکەوتنانە بینی کە لەزەوتکردنی سامانی دوژمنەکانیدا بەدەستیان هێنا.(8)

لەکاتێکدا بنەماڵەی قەرەقۆینلۆی تورکمانی دەستیان بەسەر بەشێکی کوردستاندا گرت چەندین دەسەڵاتی خۆجیەتی کوردی لە چەندین ناوچەی جیاجیا و هەر یەکەیان لە سنووری ناوچەی خۆی کاروباری ناوچەکەیان بەڕێوە دەبرد ، ئەمە و لەکاتێکدا زۆربەی ئەو دەسەڵاتانە بۆ چەندین جار کەوتبوونە بەر شاڵاوی “تەیموری لەنگ” لەنێوان سـاڵانی (771 – 807ک / 1369 – 1404ز) و بنەماڵەکەی، لەو ڕووەوە کاتێک سەرۆک هۆز و تیرە کوردییەکان ڕووبەڕووی دەسەڵاتێکی نوێ‌ دەبوونەوە (کە بنەماڵەیەکی تورکمانی بوون) هەوڵیان دەدا سوود لەو بوارە وەربگرن و بە هەر دوولا سنوورێک بۆ شاڵاو و سیاسەتەکانی بنەماڵەی تەیموری دابنین.(9) بەو پێیەی کوردستان لەو سەردەمەدا لە ململانێی هەردوو بنەماڵەی ئیلخانی “جەلائیری و تەیموری” و تورکمانی “قەرە قۆینلو و ئاق قۆینلو”دا بووە، پێ ناچێت لە ئاست ئەو ململانێ‌ و شاڵاوە بەردەوامانەی ئەو هێزانە بۆ سەر یەکتر لەتاڵان و کاولکردنی ناوچەکانی سەر رێِگایان (کە کوردستان بووە) بارودۆخێکی باش و ئارامیان بۆ کوردەکان بەجێهێشتبێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە بارودۆخیان لەو پەڕی خراپیدا بوو ،لەم ڕووەوە کاتێک “قەرە یوسف” لە ساڵی (809ک / 1407ز) لە شاڵاوێکیدا بۆ سەر هەرێمی ئازەربایجان شارەکانی مەرەند و ماکۆ و باکووری دەریاچەی ورمێی داگیرکرد، کەوتە تاڵان و کاولکردنی ئەو شار و گوندانەی دەکەوتنە بەردەم شاڵاوەکە، کوردەکانی موکریانیش بۆ بەرگرتن لە شاڵاوی قەرە یوسف و کوڕەکانی کەوتنەخۆ و لەژێر سەرکردایەتی “سەیفەددین خانی موکری” سنووریان بۆ ئەو شاڵاوانە دانا، کوردەکانی ناوچەی “ماردین”یش بە هۆی راپەڕینێکیان لە ڕووی سیاسەتی “قەرە یوسف” لە سـاڵی (809ک / 1406ز) کەوتنە بەر شاڵاوێکی داگیرکاری و وێرانکاری “قەرە یوسف” ، ئەوەبوو دەستی گرت بەسەر ژمارەیەکی زۆری قەڵا و سامانیاندا. تەنانەت ئەو شاڵاوە ناوچەکانی باشووری دیاربەکر و شارەکانی موسڵ و شنگاریشی گرتەوە ، تیایدا کەوتە ئازار و ئەشکەنجەدانی دانیشتوانەکانی. (10) ساڵی (814ک / 1411ز) جارێکی دی لە شاڵاوێکی گەورەتردا پەلاماری شاری دیاربەکری دا و کوشتارێکی گەورەی لە دانیشتوانی شارەکە کرد ، چونکە ئەوەی دانیشتوانی شارەکە هاوکاری ئاق قۆینلوی سوننە مەزهەبیان کرد.

لە سەردەمی “جیهان شای کوڕی قەرە یوسف” (839 – 872ک / 1435 – 1467ز) یشدا کە فەرمانڕەوایەکی زۆردار و خوێنرێژ و چەوسێنەربوو، کەوتە ئازار و ئەشکەنجەدانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کە نــاوچە کوردنیشـینەکانیش بەشێک بوون لێی.(11)

لەو ماوەیەدا کە ئەم بنەماڵە تورکمانییە لە هەوڵدابوون بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان و دژایەتی کردنی هێزەکانی جەلائیری و تەیموری و ئاق قۆینلو، هەوڵی زۆریاندا دژایەتی ئەو سەرۆک هۆز و میرە کوردانە بکەن کە رێگربوون لە بەردەم سیاسەتەکانیاندا،بەتایبەت ئەو میر و سەرۆک هۆزە کوردیانەی سەر بە مەزهەبی سوننە بوون و لەڕووی مەزهەبیەوە هاوکاری بنەماڵەی ئاق قۆینلویان دەکرد. لەم ڕووەوە فەرمانڕەوایانی ئەم بنەماڵە شیعە مەزهەبە سەرجەم دەرامەتە ئابووری و پایە کۆمەڵایەتی و هێزە سەربازییەکانی ناوچە سوننی مەزهەبەکانی ژێر دەسەڵاتیان و بەردەم شاڵاوەکانیان بە (ڕەوا) و مافی خۆیان زانی، کە لە نیویاندا ناوچە کوردنیشینە سوننی مەزهەبەکانیش بەشێک بوون لێی.(12)

لە رۆژگارێکدا کە بنەماڵەیەکی تورکمانی سوننی مەزهەب لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیدا بەشێکی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکان بکاتە مەڵبەندی پێکدادان لەگەڵ نەیارەکانی وەک جەلائیری و قەرەقۆینلۆکان، دەرخستنی بارودۆخی کوردەکان کارێکی ئاڵۆز نییە، چونکە بێگومان بارودۆخێکی نا ئارام و پەشێو و دژوار بووە.

بە هاتنە سەرکاری ئاق قۆینلوەکان ناوچەیەکی بەرفراوانی قەرەقۆینلوەکان و بەشێکی قەڵەمڕەوی تەیمورییەکان کەوتە ژێر دەسەڵاتیان، (ئوزون حەسەن) سنوری لە ئەرمەنستان و میسۆپۆتامیاوە تا نزیکی خۆراسان دەکشا، ئەو کاتە پایتەختەکەی لە ئامەدەوە بۆ تەورێز گواستەوە، داوای لە هەموو خێڵەکانی ئاق قۆینلو کرد لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵەوە بۆ تەورێز کۆچ بکەن، بەمەش شەپۆلێکی دیکە لەکۆچی خێڵە تورکمانە ئاق قۆینلوەکان لە دیاربەکرەوە بۆ ئێران ڕوویدا، (ئوزون حەسەن) زەوی وزاری بەسەر خێڵەکانی ئاق قۆینلودا دابەش کرد، بەم جۆرە بەشی هەرە زۆری کوردستان کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئاق قۆینلوەکان، ئوزون حەسەن دەسەڵاتی ڕەهای بەسەر میر و قەڵا کوردییەکاندا سەپاند.(13)

ئۆزون حەسەنی ئاق قۆینلو لە ساڵی (872 – 882ک / 1467 – 1477ز) لە کاتی پەلاماردانی هەرێمی جەزیرەدا “کەلەک محەمەد”ی میرنشینی جزیرە و هەردوو برازاکەی “محەمەد کوڕی بەدر” و “عەلی کوڕی بەدر” بۆ باشووری عیراق دورخستەوە و چەندین گوند و شاری سنوری میرنشینەکەی کاول و وێران کرد و چەلابی بەگ”ی کەسایەتی تورکمانی کردە فەرمانڕەوای هەرێمەکە و بۆ ماوەی سی ساڵ دەستیان بەسەر هەرێمەکە و میرنشینەکەدا گرت.

ناوچەکانی سنوری دەسەڵاتی “میرنشینی فێنک”یش کەوتە بەر شاڵاوی تاڵان و وێرانکاری ئەم بنەماڵەیە و نا ئارامی و پەرتەوازەیی میرنشین و دەزگا بەڕێوەبەرایەتیەکانی گرتەوە، “میرنشینی حوسن کیف”یش لەسەردەمی “خەلەفی کوڕی سلێمان”ی میری میرنشینەکەدا ڕووبەڕووی شاڵاوی “ئۆزون حەسەن”بوویەوە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لەلایەن هێزەکانیەوە تاڵان و کاول کرا ، تەنانەت فەرمانڕەوای ئەم بنەماڵەیە برازایەکی “خەلەف”ی هاندا و داوای لێکرد “خەلەف” بکوژێت، تا لەبەرامبەردا وەک میری ئەم میرنشینە بیناسێنێت.(14)بەڵام پاش ئەوەی برازاکەی “خەڵەف”ی کوشت “ئۆزون حەسەن” لەبری ئەوەی وەک میری میرنشینەکە بیناسێت لەناوچەکە دووری خستەوە، ئەوەش ساویلکەیی ئەو کوردە و بێ‌ وەفایی فەرمانڕەوای ئاق قۆینلۆکانی دەرخست. ئەمە و “ئۆزون حەسەن” لەشاڵاوێکی دیکەیدا دژایەتی “خەلیلی کوڕی سولەیمان”ی برای “خەلەف” ی کرد و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تاڵان و وێرانکرد.

لەشاڵاوێکی دوژمنکاریانەی تریشدا فەرمانڕەوای ئاق قۆینلۆ ناوچەکانی ئامەد و میافارقینی سنووری دەسەڵاتی میرنشینی( ئاگیلی) داگیرکرد و پاشان فەرمانی دا بەهێزەکانی تا سامان و بەرهەمی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵی دانیشتوانەکە بەتاڵان بەرن.(15) ئەم سیاسەتەش ناوچەکانی سنووری دەسەڵاتی میرنشینی بازوکی گرتەوە و شارەکانی (حوسن کیف) و( ئارجیش) و (عەلجواز) تاڵان و وێران کران.

سیاسەتێکی تری ئەم بنەماڵە تورکمانیە راگوێزانی چەند هۆزێکی تورکمانی بوو بۆ ناوچە کوردنشینەکان و نیشتەجێ‌ بوونیان بوو تیایدا، لەوانە “ئۆزون حەسەن” چەند هۆزێکی تورکمانی بۆ سنووری دەسەڵاتی میرنشینی چەمشکرک راگواست و لەنێو هۆزە کوردییەکاندا نیشتەجێی کردن. ئەوەش سیاسەتێکی بەتورک کردن بوو کە ئەو بنەماڵە لەماوەی دەسەڵاتیاندا پەیڕەویان کرد و هەوڵیاندا سیمای کوردانەی کۆمەڵگای کوردەواری تێکبدەن و بەکۆمەڵگەی تورکمانی ئاڵوگۆڕی بکەن. (16)

ئەو سیاسەتەی ئۆزون حەسەن فەرمانڕەوای ئاق قۆینلۆ لەو ناوچانەی داگیری دەکردن پەیڕەوی دەکرد ، فەرمانڕەواکانی دوای خۆیشی پەیڕەویانکرد. ئەوان کە لە ماوەی سی ساڵدا دەستیان بەسەر ناوچەیەکی فراوانی کوردستاندا گرت و لەو ماوەیەدا چەندین ناوچەی کوردنشینیان داگیر کرد و دواتر وێرانیان کردن و سەدان پارچە زەوی کشتوکاڵیان سووتاند ، رۆڵێکی گەورەشیان بینی لە ڕاگواستنی هەزاران خێزانی تورکمانی لە هەرێمەکانی تورکمانستانەوە بۆ ناوچە کوردنشینەکان و بەخشینی زەوی کشتوکاڵی پێیان و دابینکردنی بژێوی ژیان بۆیان، ئەمە و سەرەڕای ئەوەی ئەو کۆچ پێکردنی تورکمانیانە هاوکاری ئەو بنەماڵەیەی کرد تا وەک هێزی چەکدار لەریزەکانی سوپای ئاق قۆینلۆدا خزمەت بکەن.

وەک پێشتر سەرنجمان دایە پاڵ “ئۆزون حەسەنی فەرمانڕەوای ئەم بنەماڵەیە لە یەکەمین هەوڵی سیاسیدا سەرەتا بەرزاییەکانی ئەرمەنستان و کوردستانی داگیرکرد و پاشان لەساڵی “872ک / 1467ز” لە باشووری ئەرمەنستان سوپای “جیهان شای قەرەقۆینلۆ”ی شکاند و لەو شەڕەدا سەری (جیهان شای) بۆ “ئەبو سەعیدی کوڕی سوڵتان (موحەممەد”ی تەیمور)ی وەک سووکایەتی پێکردن بۆ هاوپەیمانی جیهان شا نارد و سەری “حەسەنی کوڕی جیهان شا”شی بۆ سوڵتان محەمەدی دووهەمی عوسمانی هاوپەیمانی نارد. ئەو کارەی ئەو فەرمانڕەوایەی ئاق قۆینلۆ لە هەرێمێکی کوردنشیندا و ساڵێک ململانێ‌ لەگەڵ نەیارەکەیدا بارودۆخی کوردەکانی نائارام و دژوارکردبوو، بەڕادەیەک نائارامی بارودۆخی سیاسی و شەڕەکان هۆکاری سووتاندنی زەوییە کشتوکاڵیەکان و رەز و باخەکان بوون، هەروەها دیاربەکریش کە لەناوچە کوردییە دیارەکان و خاوەنی سەدان بەرهەمی کشتوکاڵی جۆراوجۆربوو هەر لە دانەوێڵە و میوە و لۆکە و زەیتون و دەیان شار و شارۆچکە و سەدان گوند و ئاوەدانیان بەناوچەکە بەخشیووە،(17) بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوچەکە لەلایەک مەڵبەندی ململانێی ئەو هیزانەبوو، لەلایەکی دیکەوە ئەو زەوییە کشتوکاڵی و دەرامەتە ئابوورییانە بەدەست سەرۆک هۆز و میرە کوردەکانەوە بوو، بەردەوام کەوتبوونە بەر شاڵاوی ئەو هێزانە بەگشتی و بنەماڵەی ئاق قۆینلۆ بەتایبەتی ، بۆیە باری ئابووری ئەو سەردەمەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە لەمەترسیدا بوو و بارودۆخی دانیشتوانەکەی خراپ کردبوو.

ئاق قۆینلوەکان لە ساڵی (875ک / 1470ز)، شازادە (محەمەد بەگ)یان بۆ شاڵاوی لوڕستان نارد، ئاق قۆینلوەکان بەوپەڕی دڵڕەقییەوە هێرشیان بۆ کرد، لەگەڵ ئەوەی تاڵانێکی زۆریان کرد، بەڵام سەربازانی ئاق قۆینلۆ هێندە بە ئاسانی بۆی دەرنەچوون و ڕووبەڕووی بەرگرییەکی بوێرانەی دانیشتوانی ناوچەکە بوونەوە. لەهەمان ساڵدا ئاق قۆینلوەکان سوپایەکی گەورەیان ئامادەکرد بە ئامانجی هێرش کردنە سەر قەڵای (خوڕەم ئاباد)، لەو هێرشەیاندا ڕووبەڕووی لوڕەکان بوونەوە لە ئەنجامدا کوشتارێکی زۆریان دا، و توانییان خوڕەم ئاباد داگیربکەن، بەڵام نەیانتوانی ووە کۆتایی بهێنن بە دەسەڵاتی لوڕەکان بە تایبەت لە سەردەمی (رۆستەمی کوڕی شا حوسێن) کە لە پاش کوژرانی باوکی دەسەڵاتی وەرگرتووە و بەدرێژایی حوکمڕانی ئاق قۆینلوەکان توانیویەتی پارێزگاری لە قەڵەمڕەوی لوڕی بچوک بکات،(18)هاوکات گەر لە نەخشەی سیاسی و ئیدارەی قەڵا و ناوچە و هەرێمە کوردییەکانی سەردەمی ئاق قۆینلۆ بڕوانین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئاق قۆینلوەکان بەشێوەیەکی گشتی خۆیان راستەوخۆ سەرپەرشتیان کردووە، دوای شاڵاوە بەرفراوانەکەی ئاق قۆینلوەکان ژمارەیەک لە میرە کوردەکان کوژران، لەوانە میر (عیزەدین هەکاری)، کە قەڵاکەیان درا بە هۆزی دونبولی کوردی، و ئامانج لەم کارە نانەوەی دووبەرەکی بوو لە نێو هۆزە کوردییەکاندا، ئەوە بوو بنەماڵەی میرانی هەکاری هەڵهاتن بۆ لای دەسەڵاتدارانی مەمالیکی ناو وڵاتی میسر، هەروەها میرانی بنەماڵەی (حوسەن کیفاش )لەپاش داگیرکردنی قەڵاکەیان بۆ شاری حەما هەڵهاتن، بەڵام بە پێچەوانەوە لەناوچە و هەرێمەکانی جەزیرە لە پاش داگیرکردنی لەلایەن ئاق قۆینلوەکان هەندێ‌ لەمیرەکانیان بەدیلی گیران و راگوێزکران و هەندێکی دیکەیان لەدەستی ئاق قۆینلوەکان هەڵهاتن و لەناو خاکی کوردستان توانییان خۆیان حەشار بدەن، ناوچەکانیان درا بە (چەلەبی بەگ) ، لێرەدا ئەو راستیەمان بۆ روون دەبێتەوە کە زۆربەی قەڵا و ناوچە هەرێمە کوردیەکان لەپاش داگیرکردنی لەلایەن ئاق قۆینلوەکان درا بە میر و خێڵە تورکمانەکان، هاوکات جێگەی ئاماژە بۆ کردنە کە هەندێ‌ لەناوچە کوردییەکان دەستی ئاق قۆینلۆیان پێی نەگەیشتووە وەک فەرمانڕەوایی (ساسۆن)، لەهەمانکاتدا میرانی سوێدی بە تایبەتی میر (محەمەد کوڕی میر حەسەن) لەناوچەی دیاربەکر هاوپەیمانی (ئوزون حەسەن)ی ئاق قۆینلۆ بوون بەرامبەر بە پێدانی ناوچەکانی (خان چۆک و چیا قچوری)، بەمەش توانی هاوپەیمانی میر (محەمەد) بۆ خۆی مسۆگەر بکات و دووبەرەکی بخاتە نێوان هەردوو برا (میر محەمەد) و (میر فەخرەدین)، (19) لەهەمان ساڵدا هەندێ‌ لە میر و بنەماڵە کوردییەکان ڕوویان لە دەسەڵاتدارانی مەمالیک کرد ئەمەش لەبەر زەبر و زەنگ و سیاسەتی تۆقاندن و لەناوبردنی ئاق قۆینلوەکان، بەمەشەوە نەوەستان و ئەوە بوو ئوزون حەسەن بە فەرمی داوای لە سوڵتانی مەمالیک کرد کە میرە کوردیەکانی تەسلیم بکاتەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی مەمالیک ئەو داوای ئۆزون حەسەنیان جێبەجێ نەکرد، بەڵکو پشتگوێیان خست. (20)

لە ئاست ئەو بارودۆخە دژوارەدا “ئەمیر شەرەف کوڕی بەدر”ی نەوەی میرەکانی جەزیرە لەتۆڵەی ئەوەی “ئۆزون حەسەن” کەلکی”ی مامی و “محەمەد و عەلی” برای کوشتبوو ساڵی “902ک / 1496ز” لە “رۆستەم کوڕی موقتەدەر”ی فەرمانڕەوای ئاق قۆینلۆ راپەڕی و بەشێکی هەرێمی جەزیرەی ئازادکرد و درێژەی بە دەسەڵاتی میرنشینی جەزیرە دا، هەروەها بۆ دەربازبوون لەو بارودۆخە دژوارە “میر شا محەمەدی شیرەوی” لە بنەماڵەی فەرمانڕەوای حوسن کیف لە بنەماڵەی ئاق قۆینلۆ ڕاپەڕی و ناوچەکەی لەژێر دەستەیی تورکمانیەکان ئازادکرد. “پیرحوسێن”ی نەوەی میرەکانی چەمشکۆک بە هاوکاری هۆزێکی تورکمانی لە ناوچەکە دەرکرد، لەلایەن بنەماڵەی ئاق قۆینلۆوە بە زۆرە ملێ بۆ ناوچەکانی سنووری دەسەڵاتی میرنشینی چەشکۆک راگوێزرابوون ،(21) سەرەڕای ئەو بارودۆخەی بەسەر کوردەکاندا تێپەڕی و شەڕ و ململانێ و هەوڵی کوردەکان بۆ رزگاربوون لەژێردەستەیی ، باری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگێس خستبووە مەترسیەوە، نەخۆشی و ژەهراوی بوونی سامانی سروشتی کوردستان ئەوەندەی تر بارودۆخەکەی ناهەموار کردبوو، بەتایبەتی ژەهرابوونی گیاو کێڵگە کشتوکاڵییەکان و سامانی ئاژەڵ، کە زیانێکی گەورەی بە سامانی ئابووری و باری تەندروستی ناوچە کوردنشینەکان گەیاندبوو، لەم ڕووەوە ژەهراوی بوونی دەشتی موغان نەک هەر زیانی بەسامانی ئابووری کوردەکان گەیاندبوو، بەڵکو لەکاتی پێکدادانی هەردوو سوپای “ئەبو سەیدی تەیموری” و ئۆزون حەسەن” زیانێکی زۆربەسوپای هەردوولا گەیشت و بەشێکی زۆری ئەسپەکانی هەردوولا لەناوچوون ، بەڵام دواجار “ئۆزون حەسەن” دەربازی بوو و تۆڵەی ئەو بارودۆخەی لە سوپا شکست خواردوەکەی “ئەبو سەعید” کردەوە و خودی “ئەبو سەعید”ی بەدیل گرت و لەسێدارەیدا ، بەو شێوازە “ئۆزون حەسەن” و بنەماڵەکەی نەک هەر بارودۆخی کوردستانیان ناهەموارکرد ، بەڵکو لە کوردستاندا نەیارەکانیشیان لەناوبردن. (22)

ململانێی نێوان ئاق قۆینلۆ و قەرەقۆینلۆ:

قەرە یوسف لە ساڵی (807ک / 1404ز) لە پاش مردنی تەیمور لەنگ لە وڵاتی شام گەڕایەوە ناوچەکانی دەسەڵاتی پێشووی، بەم گەڕانەوەیەش باروودۆخی ئاق قۆینلو شێوازێکی نوێی وەرگرت، زستانی ئەو ساڵە لە شاری موسڵ مایەوە و پاشان ڕوویکردە نسێبین و دواتر بۆ شاری ماردین، ئەوە بوو دەسەڵاتدارانی جەزیرە و خێڵەکانی ئەو ناوچەیە لە دەوروبەری کۆبوونەوە، هەواڵی ئەم جمووجۆڵانە گەشتە قەرەیولوک لە شاری ئامەد و خۆی بۆ هێرشێک ئامادەکرد، ئەوەی جێگای ئاماژە بۆ کردنە ئەوەیە هەردوو سوپای قەرە قۆینلو و ئاق قۆینلوەکان بۆ ماوەی (20) بیست رۆژ لە ناوچەی (تقی) لەنێوان ماردین وحەسەن کێفا ڕووبەڕووی یەکبوونەوە، پاشان ئاشتی باڵی کێشا بەسەر پەیوەندیەکانی هەردولادا. (23)

لەساڵی (812ک / 1409ز) قەرە یولوک خۆی بۆ شاڵاوێکی گەورە ئامادەکرد بۆ سەر شاری ماردین، چونکە قەرە یوسف لە ململانێدا بوو لەگەڵ بنەماڵەی تەیمورییەکان و جەلائیرییەکان، ئەمەش هەلێکی لەبار بوو بۆ پێکانی ئامانجەکانی، بەڵام هەر زوو قەرە یوسف بەهاوکاری میرەکانی دەورووبەری (خەڵات) و میر بەدلیس توانییان لەدەورووبەری شاری ئامەد شکست بە قەرە یولوک بهێنن، ئەمەش جاری دووەم بوو ئاق قۆینلوەکان بەدەستی قەرەیوسف شکست بخۆن، بەڵام لە هەمان کاتدا شاری ئامەد وەک ناوەندێکی گرنگی دەسەڵاتی ئاق قۆینلوەکان مایەوە، لە کاتێکدا قەرە قۆینلوەکان دەسەڵاتیان هەبوو بە سەر بەشێکی زۆری کوردستاندا.

قەرە قۆینلوەکان بۆ ئەوەی ئاگاداری چالاکی و جموجوڵی ئاق قۆینلوەکان بن هەستان بە وەرگرتنی شاری ماردین لە بنەماڵەی (ئەرتوقی) بە شێوەیەکی یەکجاری و بەخشینی بەمیرێکی خۆیان، هەروەها لەهەمان ساڵدا (بایبورد و تەرجان و ئەسپایرد و ئەرزنگان)ی یان خستنە ژێر رکێفی خۆیانەوە، لەسایەی ئەم هەلومەرجە نوێیەی ناوچەکەدا پەیوەندییەکانی میرە کوردەکان و قەرەقۆینلوەکان باش بوو ئەمەش لەپێناو دانانی سنورێک بۆ مەترسییەکانی ئاق قونیلوەکان لە ناوچەکەدا.(24)

لەساڵی (814ک / 1411ز) قەرەیوسف بەهاوکاری میرە کوردەکانی ناوچەکە خۆی ئامادەکرد بۆ پەلاماردانی ئاق قۆینلوەکان لەشاری ئامەد کە کوڕێکی قەرە یولوک وهەندێ‌ لە میرەکانی شارەکە لە ئامادە باشیدا بوون، هێرشەکە بەتاڵانکردنی قەڵای چەرموک دەستی پێکرد و خەڵکێکی زۆریان لێ کوشتن ئەمەش ناچاری کردن داوای ئەمانیان لێکردن بەرامبەر بە هەزار ئەسپ، بەڵام رێککەوتنەکە سەرکەوتوو نەبوو و ناوچەکە ڕووبەڕووی تاڵانی و وێرانێکی زۆر ببوویەوە(25).

پاشان قەرە یوسف خۆی ئامادەکرد بۆ پەلاماردانی قەرەیولوک لە (ئەرغەنی) و شەڕ لەنێوان قەرە قۆینلوەکان و ئاق قۆینلوەکان دەستیپێکرد، ئەم شەڕە مانگێک زیاتری خایاند، ئەوەبوو قەرەیولوک لەم شەڕەدا شکستی خوارد و قەرەقۆینلوەکان توانیان گەمارۆی ئاق قۆینلوەکان بدەن، بەڵام لەم کاتەدا هەواڵی ئەوە گەشتە قەرەیوسف کە (شا هروخ) هێرش دەکاتە سەر شاری (تەورێز)، ئەمەش وای لە قەرەقۆینلوەکان کرد بریاربوە وازبهێنن لە ئابلوقەی ئاق قۆینلوەکان و بکشێنەوە ، ئەمەش لەپێناو پارێزگاری کردن لە شاری تەورێز، لەمیانەی ئەم هەلومەرجەدا لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی ناوچەکە بوارێکی باش و لەبار ڕەخسا( بەتایبەتی لە پاش گەڕانەوەی قەرەقۆینلوەکان) بۆ قەرەیولوک کە دووبارە هەوڵە فراوانخوازییەکانی دەست پێبکاتەوە بە داگیرکردنی سنجارو تاڵانکردنی کاروانەکانی موسڵ، هەروەها هێرشبردنە سەر کوردەکانی ئەو ناوچانە و تاڵانکردنی ماڵەکانیان و وێرانکردنی ناوچەکانیان. (26)

لەساڵی (818ک / 1415ز) دووبارە قەرەیولوک هێرشی بردە سەر ئەرزنگان، لەوکاتەدا قەرە یوسف سەرقاڵی پیلانەکانی شاهروخ بوو، ئەوە بوو (پیرعومەر) داوای هاوکاری و یارمەتی لە قەرەیوسف کرد، ئەویش بۆ ئەو مەبەستە ئەسکەندەری بۆ ڕەوانە کرد، پێش ئەوەی ئەسکەندەر بگاتە ئەرزنگان ئاق قۆینلوەکان ئەو ناوچانەیان تاڵان کرد و قەرە یولوک هەڵهات. (27)

لەساڵی (820ک / 1417ز) ململانێکانی نێوان قەرەقۆینلوەکان و ئاق قۆینلوەکان لە هەرێمی دیاربەکر پەرەی سەند، بەهێرش و پەلاماری قەرەیوسف بۆ سەر ئاق قۆینلوەکان دەستیپێکرد و توانی سەرکەوتن بەسەر قەرەیولوک بەدەست بهێنێت، ئەمەش دەرفەتێکی باش بوو بۆ مەمالیکەکان بەتایبەتی (مەلیک موئەیەد شێخ مەحمودی مەملوکی) کە هێرش بکاتە سەر (مەلاتیە و بەهسەنی)، هەروەها مەمالیکەکان لە نزیکەوە زۆر بە وردی چاودێری ململانێکانی نێوان قەرە یوسف و قەرە یولوک یان دەکرد تا سوود لەو بۆشاییە سیاسی و سەربازییەی ناوچەکە وەربگرن ، لە ئەنجامی ئەم ململانێیەشدا بە ڕێککەوتنامەیەکی ئاشتی کۆتایی پێهات بەو مەرجەی دەبێت قەرە یولوک قەڵای ساوری بدات بە قەرە یوسف لە بەرامبەردا ملیۆنێک درهەم و دوو سەد ئەسپ و وشترێک وەربگرێت، ئەم ڕێککەوتنە ئاشتییە لەنێوانیاندا تەنها یەک ساڵی خایاند(28).

لە پاش یەک ساڵ ئاشتی و ئاشتبوونەوە ململانێیەکانی نێوان ئاق قۆینلوەکان و قەرە قۆینلوەکان ڕووی لە هەڵکشان کرد و بەهێرش و پەلاماری قەرە یولوک بۆ سەر شاری ماردین دەستی پێکرد، لەم هەڵمەتەدا ئاق قۆینلوەکان بەشێوەیەکی دڕندانە ناوچەکەیان تاڵان و وێرانکرد و زیانێکی زۆریان پێی گەیاند و توانیان نزیکەی (220) دووسەد و بیست گوند و (8) هەشت قەڵا ئاوارە بکەن و ناوچەکانیان بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. ئەم ڕەفتارانەی ئاق قۆینلوەکان قەرە یوسفی توڕە کرد و هەڵمەتێکی بۆ ئامادەکرد، ناچار قەرە یولوک بەرە و ئامەد هەڵ هات و پاشان بۆ قەڵای (النجم)، بەڵام قەرە یوسف بەمە وازی لێ نەهێنا، بەڵکو شوێنی کەوت، ئاق قۆینلوەکان هیچ چارێکیان نەما تەنها رووکردنە مەمالیکەکان نەبێت، قەرە یوسف توانی ڕووباری فورات ببڕێت و شکست بە ئاق قۆینلوەکان بهێنێت و زیانێکی زۆریان لێ بدات، لەسەر و بەندی ئەم ڕووداوانە کوڕێکی قەرە یوسف بە ناوی (پیربوداق) هێرشی کردە سەر شاری عینتاب و توانی داگیری بکات و (100) سەد هەزار درهەم و (40) چل ئەسپی لێسەندن، پاشان ڕوویکردە شاری (پیرە چک) هەرچەندە دانیشتوانی شارەکە قارەمانانە بەرگرییان لە شارەکە کرد، بۆیە قەرە یوسف تاڵانی و میراتی شارەکەی بەخشیە سەربازەکانی، بەمەش ئاق قۆینلوەکان شارەکەیان بەجێهێشت و ڕوویانکردە شاری حەلەب، هەرچەندە قەرە قۆینلوەکان تا نزیکی شاری حەلەب پێشڕەویان کرد، بەڵام قەرە یوسف داوای لێبوردنی لە مەمالیکەکان کرد و ئەوەی بۆ ڕوون کردنەوە کە تەنها ئامانجی سزادانی قەرە یولوک بووە ئەویش بەهۆی کردەوە ناشیرینەکانی لەشاری ماردین نەوەک بەزاندنی سنووری دەسەڵاتی مەمالیکەکان. (29)

لەساڵی (823ک / 1420ز) ئاق قۆینلوەکان بەسەرکردایەتی قەرە یولوک لە تۆڵەی کوڕەکەی قەرە یولوک هێرشیانکردە سەر (پیر عومەر) والی ئەرزنجان ، هاوکات (پیر عومەر) ڕووی لە (عەتاق) کردبوو، لە لایەن (پیلتن بەگی کوڕی پیر عەلی) فەرمانڕەوایی (کیفی) هەواڵی پیر عومەر گەیشتە قەرە یولوک ، ئەویش بۆ ئەم مەبەستە هەموو سوپاکەی کۆکردەوە، توانی پەلاماری (پیر عومەر) بدات و شکستی پێ بهێنێت و خودی پیر عومەریش بکوژێت. (30)

لە ئەنجامی ململانیەکانی نێوان ئاق قۆینلوەکان و قەرە قۆینلوەکان وەک لەم کورتە باسە مێژووییەدا ئاماژەمان پێداوە، خێڵە تورکمانەکان لەڕووی سیاسیەوە ژیانەوە، جگە لە پەرە سەندن و هەڵکشانی ململانێی سەربازییەکانی نێوانیان بەهۆی هێرش و پەلامار و کاری تاڵان و وێرانکردنی زۆربەی ئەو ناوچانەی کە دەکەوتنە کۆڕەپانی شەڕەکانیان، لەگەڵ ئەوەی ئاق قۆینلوەکان چالاکی سیاسی و سەربازییەکانیان زووتر دەستی پێکردووە، کەچی قەرە قۆینلوەکان توانیویانە لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە دەرفەتەکە بقۆزنەوە و دەسەڵاتیان بسەپێنن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ دەسەڵاتەکانی تر ببنە پاشکۆی قەرە قۆینلوەکان، بەتایبەتی قەڵاو سەرداریەتە کوردیەکان پێویستیان نەما تاوەک سەردەمی مەغۆلەکان ڕووبەڕووی هێرش و پەلامار و تاڵان ببنەوە، بەڵکو خاوەنی تەواوی دەسەڵات و سەروەری قەڵا و شارەکانیان بوون و لە هەندێ‌ کاتدا هاوشانی خێڵە تورکمانەکان بەشداری ڕووداوەکانیان کردووە، لەلایەکی ترەوە ئاق قۆینلوەکانیش لەم دەرفەتەدا پێگەی خۆیان چەسپاندووە، قەرە قۆینلوەکان بەپێی بارودۆخ و خواستی رۆژگار هەڵوێستیان لەبەرامبەردا جودا بووە،ئاق قۆینلوەکان لە نێو ڕەوشی هەردوو هەرێمی خەڵات و دیاربەکردا چ قەرە قۆینلوەکان بە دەسەڵاتی مەرکەزی گەیشتبن یاخود نەگەیشتبن، توانیویانە ناوچەکانی خوارووی دیاربەکر بخەنە ژێر قەڵەمڕەوی خێڵەکی خۆیان و چەندان قەڵاو ناوچەی دیکەش داگیربکەن.

لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێین شوێنەواری ململانێی نێوان ئاق قۆینلوەکان و قەرە قۆینلوەکان بەسەر هەرێمی دیابەکر بەگشتی و میرە کوردەکاندا بەتایبەتی بە جۆرێ‌ دەرکەوت، کە لەهێرش و دژە هێرشی هەردوو خێَڵدا قەڵا و شار و شارۆچکەکانیان داگیردەکران و سەرانەیاندەدا، ئەمەش نائارامییەکی سیاسی لە زۆربەی کوردستاندا دروست کردبوو و کوردەکان زیانێکی زۆریان لێکەوت و زەوییان سووتێنرا، لەگەڵ ئەوەی لەلایەن قەرە یولوک و قەرە یوسفەوە، میرە کوردەکان ڕووبەڕووی هێرش بوونەوە، بەڵام لە بەڕێوەبردنی شار و قەڵاکانیاندا سەروەری خۆیان لەدەست نەدا.

ئوزون حەسەن:

ئوزون حەسەن یەکێک بوو لە سەرکردەکانی بنەماڵەی ئاق قۆینلوەکان، لە ســاڵی (857ک / 1453ز) توانی ڕێککەوتنامەی ئاشتی لەگەڵ قەرە قۆینلوەکان واژۆ بکات، ئەم ئارامی و ئاشتیەی کە لەنێوان هەردوو لادا بەرقەرار بوو دەرفەتێکی باشی بۆ ئوزون حەسەن رەخساند کەوا خۆی ئامادە بکات بۆ دەست پێکردنی هەڵمەت و شاڵاوەکانی بۆ سەر میرە کوردەکان بە تایبەتی کوردەکانی قەڵای (بیرە جک و سروچ) کە چەند جارێک هێرشیان کردە سەریان و ناوچەکانیان بە تاڵان برد و هیچ دەست پارێزیان لە دانیشتوانەکەیان نەکرد، پاشان هەندێک لە میرەکانی ئاق قۆینلو بە فەرمانی ئوزون حەسەن پەلاماری کوردەکانی دەوروبەری قەڵای (ئوروم) و کوردەکانی (ئویوم ئاغەچ) یاندا و هەموو ناوچەکانیان تاڵان و ویران کرد، جگە لە ڕەفتارە ناشیرینەکانیان هەموو دیلە کوردەکانیان لەنزیک (سەمیسات) کوشت. (31)

سیاسەتی ئوزون حەسەن بەرامبەر میرە کوردەکان سیاسەتێکی دوژمنکارانە بوو، هەموو هەوڵەکانی لە پێناو نەهێشتنی سەروەری دەسەڵاتە کوردیەکان بوو، بەپێچەوانەی سیاسەتی قەرە قۆینلوەکان کە سیاسەتێکی تایبەتیان هەبوو، ئەویش دەست تێوەرنەدان بوو لە کاروباری ناوخۆی میرنیشین و دەسەڵاتە کوردیەکان، ئەمەش بۆ خۆی کەشێکی ئارامی بەخشییە ناوچە کوردیەکان و پەیوەندی دیپلۆماسی و دۆستانەی بەر قەرار کرد لەنێوان کوردەکان و قەرە قۆینلوەکان.

ئوزون حەسەن لە هەمان ساڵدا سیاسەتێکی نوێی پێچەوانەی سیاسەتەکانی پێشووی پیادەکرد لەگەڵ میرە کوردەکان لەو کاتەی کە قەرە قۆینلوەکان سەرقاڵی خوراسان بوون، ئەویش بە پەیوەندی کردنی هەر یەک لە (میر شەمسەدینی بەدلیسی و میر ئیبراهیم بەگی سولەیمانی و میر ساسون) بە ئوزون حەسەن و مانەوەیان بۆ ماوەی یەک مانگ لەلای، ئەمەش ڕاست و دروستی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولادا نیشان دەدا، بەڵام ئەوەی جێگای ئاماژە بۆ کردنە ئەوەیە کە ئوزون حەسەن ئامانجی تایبەتی خۆی هەبوو لەم جۆرە پەیوەندیە دا کەمەبەستی زانینی هێز و توانای میرە کوردەکان و ئاشنابوون بوو بەناوچە کوردییەکان تاکوو داگیرکردنی کارێکی ئاسان بێت. (32)

لەچوارچێوەی بەرنامە و پیلانەکانی ئوزون حەسەن بەرامبەر بە میرە کوردەکان ئەمجارەیان بیانوی بە (شێخ حەسەنی کوردی) گرد کە پەیوەندی دۆستانەی هەبوو لەگەڵ قەرەقۆینلوەکان، بەڵام (شێخ حەسەنی کوردی) لە پێناو پاراستنی (چەمشگەزەک) هەنگاوێکی ژیرانەی نواند بە دڵنیاکردنی نوێنەری ئوزون حەسەن، ئەویش بووە هۆی ئەوەی کە ئاق قۆینلوەکان ناوچەکانیان بەجێبهێڵن، ڕوو بکەنە (بەشیر) و پاشان بۆ قەڵای (عەتاق) و داوای لە میر (شاهین بەگی)کرد کەوا ملکەچی خۆییان بۆ ڕابگەیەنێت، بەڵام ئەو قایل نەبوو، بە داواکاریەکەی، بۆیە ئوزون حەسەن بڕیاری هێرش کردنی دا و سوپاکەی توانی قەڵاکەیان بەناوی (میهرانییان) داگیر بکات و بیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، دواتر سەربازانی ئاق قۆینلوەکان پەلاماری شاری (نسیبین) و گوندەکانی دەروبەری ماردین یاندا، جگە لە تاڵان و وێرانکردن سەروەت و سامانێکی زۆریان کۆکردەوە(33).

لە سەروبەندی ڕووداوەکانی ململانێی نێوان ئاق قۆینلوەکان و قەرە قۆینلوەکان لە ساڵی (857ک / 1452ز) (تۆقانی کوڕی عەرەبشای ئایینلو) هێرشی کردە سەر ئەرزنگان، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لەداگیرکردنی، پاشان ئوزون حەسەن ڕووی کردە مەرداسیەکان و زیانێکی زۆری پێ گەیاندن و پاشان گەڕایەوە ئەرزنگان، هەروەها لە چوارچێوەی بەرنامە داگیرکارییەکانی پەلاماری (حێن کیفا) یدا و هەوڵێکی زۆریدا داگیریبکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، دواجار ئوزون حەسەن پەیماننامەیەکی لەگەڵ (مەلیک خەلەف) واژۆکرد و زێڕ و زیوێکی زۆریان لێ سەند و دواتر ڕووی لە (باتمان) کرد، ئەوەی جێگای ئاماژە بۆ کردنە ئوزون حەسەن وازی لە (حێن کێفا) نەهێنا و هەوڵەکانی بەردەوام بوو بۆ داگیرکردنی، لەسەر وبەندی ئەم ڕووداوانە ئاق قۆینلوەکان ڕوویان کردە جەزیرە ، هەر چەندە لەم ناوچەیەدا قەرە یولوک وەک ئاماژەمان بۆ کرد (سێ‌) جار بەرامبەر ئەسکەندەر شکستی خوارد بوو، لەگەڵ ئەوەشدا، میرانی جەزیرە لە پێناو پاراستنی ناوچەکانی خۆیان لە مەترسیەکانی ئاق قۆینلوەکان ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت دیارییان پێشکەش بە ئوزون حەسەن کرد، لەوێوە ئاق قۆینلوەکان ڕوویان لە شێخ کەندی کرد. (34)

ئوزون حەسەن لە ساڵی (866ک / 1461ز) سوپایەکی ئامادەکرد بەسەرکردایەتی (خەلیل تواجی) بەمەبەستی پەلاماردانی قەڵای هەیسەم پاش گەمارۆدانی توانیان داگیری بکەن و هەموو دیلەکانی نێو قەڵاکە کە نزیکەی (200) دوو سەد کورد دەبوون هەموویان کوشت، پاشان ڕوویان کردە (حێن کێفا) مەلیک خەلەف توانی لە هەموو هێرش و پەلاماردانەکانی ئاق قۆینلوەکان خۆی ڕاگرێت و شکستیان پێ بهێنێت، ئوزون حەسەن لە ڕووی سەربازییەوە سەرکەوتوو نەبوو ناچار پەنای بردە بەر تەکتیک بەهاندانی دوو کەس بەناوەکانی (زەین ولعابدین و مەلیک ئەیوبی) کە هەر دووکیان ئامۆزای مەلیک خەلەفن، تا بتوانن مەلیل خەلەف بکوژن بەرامبەر ئەم کارەیان (حێن کێفا)یان پێی دەسپێرێ‌، ئەوەبوو ئوزون حەسەن بەو تەکتیکە توانی دوو ئامانج بپێکێت: یەکەمیان نەهێشتنی مەترسیەکانی مەلیک خەلەف لەسەر ئاق قۆینلوەکان، دووەمیان داگیرکردنی (حێن کیفا) لەلایەن خۆیانەوە بوو. (35)

ئاق قۆینلوەکان لە ساڵی (869ک / 1464ز) بە فەرمانی ئوزون حەسەن فەرمانیاندا بە (خەلیل تواجی) تا خۆی ئامادە بکات بۆ هەڵمەتێکی گەورە بۆ سەر ناوچەکانی دەوروبەری (حێن کێفا) بە تایبەتی کوردە یەزیدییەکان کە کەوتنە بەر شاڵاو و پەلاماری دڕندانەی ئاق قۆینلوەکان کە بەهیچ شێوەیەک دەست پارێزیان لێی نەکردن، جگە لە تاڵان و وێرانکردنی ناوچەکانیان. (36)

دووبارە ئوزون حەسەن لە ساڵی (871ک / 1366ز) لەشکرێکی ئامادەکرد بە سەرکردایەتی برایەکی بەناوی (جیهانشا) بۆ داگیرکردنی قەڵاکانی کوردستان، بەر لەوەی قەرە قۆینلوەکان شاڵاوی خۆیان بکەن بۆ سەر هەرێمی دیاربەکر و خەڵات، ئەوەبوو ئاق قۆینلوەکان ڕوویان لە قەڵای (شاخ) لە جەزیرە و (میهرانی) کرد و گەمارۆیاندا، هاوکات (عەلی بەگی پەروانە)تەرجیلی ، گەمارۆدا و داگیریانکرد، پاشان (عەلی قوچە) قەڵای نەوشادی داگیر کرد، قەڵای (عینودار) و قەڵای (پاڵو) یان داگیرکرد، هاوکات قەرە قۆینلوەکان بە لەشکرێکەوە توانیان قەڵای خەڵات داگیر بکەن، لە سەروبەندی ئەم ڕووداونەدا ئوزون حەسەن پەلاماری (سعیرت)یدا، لەوکاتەدا هەواڵی لەشکری عوسمانییەکانی پێگەشت کەوا ڕوویان لە (قویلە حەسار)کردووە، ئەویش ڕووی لە ئەرزنگان کرد، هەرچەندە هەردوولا هەندێ‌ پێکدادان لەنێوانیاندا روویدا، بەڵام توانیان لە ڕێگەی چەند نوێنەرێک لە نێوان هەردوولادا ڕێککەوتنامەیەک واژۆ بکەن و ئاشتی و ئارامی باڵ بکێشێت بەسەر پەیوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا . (37)

لەهەمان ساڵدا ئوزون حەسەن ڕووی لە رەقە کرد و میرەکانی قەڵای عەتاق و قەڵاکانی کوردستان ملکەچی خۆیان بۆ راگەیاند.

جپهانشای قەرە قۆینلوەکان لە ساڵی (871ک / 1466ز) بڕیاری هێرشێکی بەرفراوانیدا بۆ سەر ئاق قۆینلوەکان لە دیاربەکر، لە ئەنجامی ئەم پەلامارەدا (جیهانشای) قەرە قۆینلوەکان کوژرا و دەوڵەتی قەرە قۆینلوەکان ڕووی لەهەڵدێر کرد، بەمجۆرە ئوزون حەسەن سنوری قەڵەمڕەوی قەرە قۆینلوەکانی بۆ واڵا بوو، پاشان ڕووی لەشاری بەغداد کرد، هەروەها هەندێ‌ لە میرە کوردەکان ملکەچی خۆیان بۆ ڕاگەیاند، جگە لە (شا عەلی حاجیلوی) قەرەقۆینلۆی حوکمڕانی (هەولێر و سنجار) بە هەمان شێوەی میرە کوردەکان ملکەچی خۆی بۆ ئوزون حەسەن ڕاگەیاند. (38)

لەپاش کوژرانی (جیهانشا) سوڵتان (ئەبو سەعید) عێراق و ئازەربایجانی بە موڵکی خۆی زانی، ئەوەبوو لە ساڵی (872ک / 1467ز) لە خۆراسانەوە سوپایەکی گەورەی ئامادەکرد بۆ سەر ئاق قۆینلوەکان، لەمیانەی ئەم ڕووداوانەدا ئوزون حەسەن بە نوێنەرێک پەیامێکی بۆ ڕەوانە کرد و تێیدا ئەوەی بۆ روونکردبوەوە کە عێراق بۆ سوڵتان (ئەبو سەعید) بێت و ئازەربایجانیش بۆ خۆی (ئوزون حەسەن)، بەڵام سوڵتان بەم پێشنیارە ڕازی نەبوو، ئەمەش دۆخەکەی ئاڵۆزترکرد، هەردوولا لە ساڵی (873ک / 1468ز) ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە، سەرئەنجام ئوزون حەسەن سەرکەوتنی بەدەستهێنا و سوڵتان (ئەبو سەعید)یش کوژرا، پاشان ئوزون حەسەن (میر داروغە)ی بۆ مەملەکەتە تازەکەی دامەزراند، بەمەش بەشێکی هەرێمی کوردستان و هەمەدان و دەوروبەری لەژێر فەرمانڕەوایی ئاق قۆینلوەکاندا بوون. (39)

هەندێ‌ لە سەرکردەکانی ئاق قۆینلوەکان درێژەیان دا بە هەڵمەت و پەلامارەکانی خۆیان بۆ ناوچەکانی دەوروبەری (هەولێر و موسڵ و بەغدا)، هەروەها لە ساڵی (873ک / 1468ز)دا ئاق قۆینلوەکان پاش سەرکەوتنەکانیان ڕوویانکردە قەڵاکانی کوردستان و دەستیان نەپاراست لە خراپەکاری و تاڵان و وێران کردن و کوشتاری کوردەکان.

ئوزون حەسەن لەپاش کوشتنی (جیهانشای) قەرەقۆینلۆ دە ساڵ فەرمانڕەوایی ئاق قۆینلوەکانی کرد، لە ساڵی (882ک / 1477ز) لە تەمەنی پەنجاو چوارساڵیدا کۆچی دوایی کرد، لەپاش خۆی بەپێی نەریتی خێڵەکییان (خەلیل)ی کوڕە گەورەی ببووە سەردار و گەورەی ئاق قۆینلوەکان. (40)

لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێین ململانێی بەردەوامی بنەماڵەی ئوزون حەسەن دەرفەتێکی باشی رەخساند بۆ سەفەوییەکان تا شار و شارۆچکەکانی سنوری دەسەڵاتی ئاق قۆینلوەکان داگیر بکەن و کۆتایی بە بنەماڵەی ئوزون حەسەن بهێنن، بە نەمانی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئاق قۆینلوەکان تەواوی کوردستان بە شێوەیەکی کاتی سەربەخۆبوو و میرە کوردەکان گەڕانەوە سەر زێدی باوباپیرانیان تا دەستپێکردنی ململانییەکانی عوسمانیەکان و سەفەویەکان لەسەر خاکی کوردستان.

●●●

*) پ. ی. د. ئاراس فەریق زەینەڵ، سکوڵی زانستە مرۆڤایەتییەکان، بەشی مێژوو.

پەراوێــزەكان

1. علا‌و محمود قداوی : العراق فی القرن التاسع الهجری ، ل 41 – 44.

2. بایەندوربیەكان: بەواتای زەوی هەمیش بەپیت و بەرەكەت دێت.(البغدادی :سبائك الژهب فی معرفە قبائل العرب ،(د.م.ت) ، ل 92.

3. الغیاپی : التاریخ الغیاپی ، ل 237 ؛ احمد كسروی : تاریخ، ل 20.

4. كاڤم الموسوی :مادە اق قویونلو، دائرە المعارف الاسلامیە الكبریQ ، ج1/ص283 ؛ رابیعە فتاح : كوردستان لە سەدەی پازدەی زاینیدا ، ل 119.

5. استرابادی: كتاب بزم و رزم، ل 369 – 370.

6. الدیار البكریە ، ج1 /10 – 20.

7. بۆ زیاتر زانیاری بڕوانە ئاراس فەریق زەینەل: پێوەندیە دیبلۆماسی و بازرگانیەكانی كورد لەسەردەمی بوەییەكاندا ، دكتۆراه نامە ،2008، ز. سلێمانی .

8. رشید فچ الله الهمدانی : جامع التواریخ ، ل 768.

9. بۆ زیاتر زانیاری بڕوانە: د.زرار صدیق توفیق: كردستان فی القرن الپامن الهجری ، ل 191 – 240.

10. رابیعە فتاح : س. پ ، ل 132.

11. المقریزی : السلوك لمعرفە دول الملوك ، 4/1/ص 181.

12. المقریزی :السلوك لمعرفە دول الملوك ، 4/1/ص 181.

13. ابوبكر الگهرانی : الدیار البكریە ، ل 54.

14. البدلیسی :شرفنامە ، 204 – 205 ؛ محمد امین زكی بگ ، خولاصە ، 2/368.

15. البدلیسی : شرفنامە ،249.

16. محمد امین زكی بگ ، خولاصە ، 2/ 367 .

17. د.زرار صدیق توفیق : س. پ ، ل 297.

18. ابوبكر الگهرانی : س. پ ، ج2/ص 551 ؛ البدلیسی : شرفنامە ، ل 197 ، 205.

19. البدلیسی : شرفنامە ، ل 177.

20. رابیعە فتاح ، س- پ ، ل 177.

21. محمد امین زكی بگ : خولاصە ، 2/367.

22. پیكولوسكایا: تاریخ ایران ، ل 440.

23. ابوبكر گهرانی : س- پ ،ج2/ ص 248.

24. : السلوك ، ج6/ص 248.

25. رابیعە فتاح ، س، پ،ل 134 – 135.

26. المقریزی : السلوك ، 6 / 292 ، الغیاپی : س- پ ، 242.

27. المقریزی : السلوك ، 6/ 376.

28. ابن مجد : ابنا‌و ، ج3/ 131 – 133.

29. ابن تغری البردی : النجوم الزاهرە، ح 14/ ص 70.

30. حافڤ ابرو : زبدە، ح2 / 738 ؛ ابوبكر گهرانی : س- پ، ج1 / ص70.

31. ابوبكر گهرانی : س- پ – ، 1/214 – 215.

32. بۆ زیاتر زانیاری بروانە (رابیعه فتاح ) : س – پ ، 156 – 157.

33. ابوبكر گهرانی : س- پ- ،ج 1/ص230.

34. البدلیسی : شرفنامە ، 314 ؛ ابوبكر گهرانی : س- پ، ج1/ص 240.

35. ابوبكر گهرانی : س-پ، ج2/ ل 367.

36. رابیعە فتاح: س-پ، ل 164.

37. عباس العزاوی : تأریخ العراق ، ج3/228.

38. الغیاپی : س-پ-/330؛ علی شاكر : دولە اڵاق قونیلو ، ص7.

39. ابوبكر گهرانی : س-پ، ج2/ ص 449.

40. بۆ زیاتر زانیاری بروانە (رابیعە فتاح : س-پ، ل 180).

لیستی سەرچاوەكان

1. كتاب دیاربكریە، تصحیح: نجاتی لوغال وفاروق سومر ،كتابخانە گهوری ، تهران : 1356 ه.ش)، چ2

2. استر ابادی : كتابی بزم ورزم ، اوقاف مگبعه سی ، (استانبول :1928).

3. حافڤ ابرو: زبدە الواریخ ، تصحیح سید كمال حاج سید جوادی ، سازمان چاپ وانتشارات وزارت فرهنگ وارشاد اسلامی ، (تهران :1372).

4. رشید الدین فچل الله : جامع التواریخ بكوشش ، بهمن كریمی ،انتشارات اقیال ، تهران.

5. البدلیسی : شرفنامە ، ت – مەلا جمیل رۆژبیانی ، موكریانی ، اربیل ، 2001.

6. ابن تغری البردی : النجوم الزاهرە فی ملوك مصر والقاهرە ، دار الكتب المصریە، القاهرە : 1949.

7. الغیاپی: التأریخ الغیاپی ، تحقیق – گارق نافع ، مگبعە اسعد ، (بغداد : 1975).

8. المقدیزی: السلوك لمعرفە دول الملوك،تحقیق محمد عبدالقادر عگا، دار الكتب العلمیە،(بیروت، 1997).

9. احمد كسروی : تاریخ پانصد سالە خوزستان ، انتشارات بنگاە مگبوعات گوتنبرگ ، (تهران : 1330).

10. زرار صدیق توفیق : كردستان فی القرن الهجری ، مۆسسە موكریانی ، اربیل ، 2001.

11. عباس العزاوی: تأریخ العراق بین الاحتلالین ، مگبعە بغداد الحدیپە ، بغداد ، 1936.

12. محمد أمین زكی بگ : خولاصەیەكی تاریخی كوردوكوردستان .

13. علی شاكر علی : دولە الاق قوینلو فی الاناخول والعراق ، بحپ مقبول بالنشر فی مجلە المۆرخ العربی .

14. علا‌و محمود قداوی: العراق فی القرن التاسع الهجری/ رسالە دكتوراە، كلیە الاداب،جامعە الموصل، 1993.

15. البغدادی :سبائك الژهب فی معرفە قبائل العرب ، (د- م- ت).

16. كاڤم الموسوی: مادە اق قویونلو ، دائرە المعارف الاسلامیە الكبریQ، مركز دائرە المعارف اسلامی بزرگ ، (گهران :1991).

17. رابیعە فەتاح شیخ محمد : كوردستان لەسەدەی پازدەی زاینیدا ، چاپ یەكەم ، 2005، هەولێر.

18. ئاراس فەریق زەینەڵ: پێوەندیە دیبلۆماسی وبازرگانیەكانی كورد لە سەردەمی بوەیهیەكاندا، دكتوراە نامە ، ز-سلێمانی ، 2008.

19. پیكولوسكایا: تأریخ ایران از دوران باستان تاپایان سدە هجدهم ، ت- كریم كشاورز ، (تهران : 1333 ه – ش).

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …