Home / ناوداران / پوختەیەك لەژیانی مامۆستامەلائەحمەدی خانەقا

پوختەیەك لەژیانی مامۆستامەلائەحمەدی خانەقا

13906859_1070668849679957_1961316520795689470_n

ناوى تەواو (احمد عبدالله شريف) ناسراو بە (مامۆستا ملا احمد خانقاە) لەساڵى 1947ز لەشارى بانەى ڕۆژهەڵاتى كوردستان لەدايك بوە ، بەڕەچەڵەك لە هۆزى بابانيەكانە لە تائيفەى فەيزوالله بەگى بابانيه ، دايكى بە ناوى هەمين ملا احمد خەڵكى گوندى شيوەڵۆكە لە ناوچەى باڵەكايەتى لە باشورى كوردستان .
لە سەرەتاى پەنجاكان ی سەدەى بيستەم بو يەكەم جار لەلاى (ملا خدری گۆرۆنى) لە ناوچەى باڵەكايەتی دەست بە خوێندنى قورئانى پيرۆز دەكات ، لە كۆتاى پەنجاكان لە (قوتابخانەى قەڵات) لە دۆڵى باڵەيان كە بە سەرپەرشتى ماموستا (ملا عبدالله قەڵاتى) دەست بە خوێندنى زانستە ئيسلاميەكان دەكات .
لە ساڵانى شەستەكان هەر لە ناوچەى باڵەكايەتى لايى ئەم مامۆستايانە درێژە بە خوێندنى شە رعى دەدات :
١.مامۆستا ملاكاك ئەحمەدى ناوبەرگە
٢.مامۆستاملا ئەحمەدى ڕەوەندۆک
٣.مامۆستا ملا مستەفاى وەردى
٤. قوتابخانەى ئاينى گوندى وەڵزێ
۵. (مامۆستا ملاعوسمانى تورك) لە چۆمان وە لە هەمان كاتدا وانەى زمانى لاتينيشى لەلاخوێندوە.
لە كۆتايى شەستەكان ئەچێتە (شارى هەولێر) لە (مزگەوتى سيد غريب) لە سێتاقان لەلاى (مامۆستا ملا بهائدينى خەتێ) بەردەوامى بە خوێندن ئەدات تا كۆتايى شەستەكان ، وە ئەچێتە (شارى سلێمانى) لە ساڵى 1969ز (ئيجازەى عيلمى) لەلاى (مامۆستا ملاحسين دەشتێوى) وەرگرتوە لەبەرئەوەی تائەوكاتە لەلاى خوێندوييەتى.
لەسەرەتاى حەفتاكان لە (سلێمانى) مامۆستا هەميشە گەڕاوە بە دواى زانستەكاندا وە سەرسام بوە بە كۆمەلێك لە باشترين مامۆستاى سلێمانى هەربۆيە بۆ دواجار هەندێ لەو مادە زانستيە ئاست بەرزەكان لەلاى ئەم مامۆستايانە دەخوێنێت :
١.مامۆستا ملاسيدعارف ى خومخانە
٢.مامۆستا ملاابوبكر وەجاخى
٣.مامۆستا ملاعبداللە ى چروستانى
٤.مامۆستا ملاعبدالرحيم ى پەرخى
هەربۆيە بۆ دواجار لە ساڵى 1972ز (ئیجازەیەكى عيلمى) بۆ جارى دووەم لە (مامۆستا ملا عبدالرحيم ى پەرخى) وەرگرتوە.
بۆ يەكەم جار لەساڵى 1972ز لە (گوندى يەخی ماڵى) سەر بە ناوچەى شارەزوور دەبێتە پێشنوێژ و ووتار خوێن ، هەر لەهەمان ساڵ ئەچێتە (گوندى كانى سپيكە).
مامۆستا ملا احمد هەر لەتەمەنى لاوێتيەوە كەسێكى زۆر ئازاو بوێر بووە هەميشە ڕوو بە ڕووى ناحەزانى ئيسلام و نەتەوەى كورد دەوەستايەوە و تێروانينى بۆ ئاينى پيرۆزى ئيسلام تێڕوانينێكى زانستيانە بوو نەوەك بە چاوى دەمارگيرى يان خورافياتەوە بروانێتە ئاينى ئيسلام ، هەر بۆيە بە درێژايى ژيانى يەكيك بوە لە باشترين ووتار بێژەكانى كوردستان ، وە هەروەها مامۆستا پێيى وابوو نابيت بەناوى نەتەوايەتيەوە ئيسلامت قبوڵ نەبێت يان بەناوى ئيسلامەوە نەتەوايەتيت قبوڵ نەبێت چونكە هەردووكيان لەگەڵ يەك جێيان دەبێتەوە هەربۆيە لەوكاتەوە پشتگيرى (بزووتنەوەى ڕزگارى خوازى كوردستانى) كردوە وە زۆر جاريش هاوكارى (يەكێتى زانايانى ئايينى )كردوە .
بۆيە لە مانگى ئازارى 1973ز لە (هەيئەى كەركوك) دەستگير دەكريێت وە دواتر بە هەوڵى مامۆستايان:
١.مامۆستا ملاشێخ محمدى قەرەداغى
٢.مامۆستا ملا مەجيدى قوتب لە كەركوك
ئازاد ئەكرێت.
لە ساڵى 1974ز ووتار خوێنى (موان سەربە شارۆچكەى سيد صادق) دەبێت ئينجا دواى نسكۆى شۆرشى كوردستان ئاوارەى ڕۆژهەڵاتى كوردستان دەبێت لە (ئوردوگاى سەرياس)پێش نوێژ و ووتار خوێن دەبێت دوابەدواى يەكتر لە (ئەنزڵ) سەر بە قەسرى شيرين و (ئۆردوگاى سەرميل) سەر بە (شارى كرماشان )دەبێتە ووتار خوێن تا ساڵى 1975ز .
ئەگەرێتەوە بۆ باشورى كوردستان ئيتر لە لايەن ڕژێمى ئەوكاتە ڕائەگوێزرێت بۆ (خواروى عێراق لە عامرية) وە پاشان بۆ (شارۆچكەى فەلوجە).
لە سەرەتاى ساڵى 1976ز بەفەرمى لە ئەوقاف دائەمەزرێت بە پێش نوێژ و ووتار خوێن لە مزگەوتى (ئەبا عوبەيدە ى جەراح) لە (فەلوجە) تا ناوەڕاستى 1977ز.
دواتر دەگەڕێتەوە بۆ (باشورى كوردستان) لە (شارۆچکە ى عەربەت) دەبێتە پێش نوێژ و ووتار خوێن لە (مزگەوتى گەورە).
لە ساڵى 1978ز دووبارە دائەمەزرێتەوە لە ئەوقاف بەناو نيشانی پێش نوێژو ووتار خوێن، دواتر دەچێتە (مزگەوتى حاجى رحمان بۆسكانى) لە (سلێمانى) تا سەرەتاى 1980ز هەر لەو ساڵەدا دەبێتە پێش نوێژ و ووتارخوێن لە (مزگەوتى گەورەى سيد صادق) تا سەرەتاى سالى 1982ز ، ئينجا دێتەوە سلێمانى لە (مزگەوتى حاجى حسن ى خفاف) پێش نوێژ و ووتار خوێن دەبێت تا ساڵى 1983ز چونكە ئەو مزگەوتە لەبەر زۆرى جەماوەرى مامۆستا جێگایان نەدە بۆيەوە لە لايەكى تر كاريگەريەكى يەكجار زۆرى هەبوو لە ووشيار كردنەوەى شارى سلێمانى هەر بۆيە بە هەوڵ و داواى مامۆستاى پايە بەرز جەنابى (مامۆستا شێخ محمدى خاڵ )ئاڵوگۆر بەسێ مامۆستاى تردەكات لە مزگەوتە كانيان تەنها بۆ ئەوەى (مامۆستا ملا احمد) بێتە (مزگەوتى خانەقاى مەولانە خاليد) هەر بۆيە مامۆستا بەردەوام دەبێت لە ووتارەكانى لە (مزگەوتى خانەقا)، بەڵام مامۆستا لەو ساڵانە كە لە مزگەوتى خانەقا دا بوو چەندين جار رووبەرووى كێشة و ئازار و زيندانى كردن و بريندار بوون بۆیەوە
چ لەلايەن (ڕژێمى ئەوكاتە ى بەعسيەكان )يان (بەكرێ گيراوەکانی ڕژێم) يان (هەندێ لايەنی چەپڕەو)ى بەناو كوردى ئەويش تەنها لەبەر ئەوەى هەڵوێست و ووتارەكانى (مامۆستا ملا احمدى خانقا) هەميشە ڕوو بە ڕووى نا عەدالەتى و زوڵم و ستەم كە لە گەلى كورد دەكرا لە لايەن ڕژێمى ئەوكاتە ى عێراق وە ، هەروەها گەنجانى ووڵاتەكە ى ووشيار دەكردەوە لەوەى كە ملكەچ نەكەن بۆ (ڕژێمى عێراق) وە هەروەها سەرمەشقێكيش بوو بۆ ئەوەى گەنجانى موسڵمانى كوردستان كەبتوانن بزاڤێكى ڕزگارى خوازى بۆ گەلى كورد بە دى بێت لە ژێر ئاڵاى پيرۆزى ئيسلامدا ، هەر بۆيە لەتەواوى شارو شارۆچكەكانى ترى كوردستان (ڕۆژانى هەينى) رويان دەكردە (مزگەوتى خانەقا )تاواى لێ هات چ ناحەزانى كورد چ ناحەزانى ئيسلام كەوتنە پيلان گێڕان لە دژى (مامۆستا ملا احمد).
ئەوە بوو لە ساڵى 1984ز دەستێكى چەپەڵى رەش هەستان بۆ ئەوەى مامۆستا شەهيد بكەن بەڵام برينداريان كرد بە دەمانچە لە ناو (مزگەوتى خانەقا) وە خواى گەورە پاراستى و وەكو موعجزة يەك ڕزگارى كرد لە مردن بەڵام ناحەزانى ئايين بەوەش نەوەستان ئەوە بوو لە (مانگى رەمەزانى) ساڵى 1985ز زيندانى كرا بۆ ماوەى شەش مانگ لە دائيرەى (ئەمنى سلێمانى) و (كەركوك) و (بەغداد) بەڵام دواى فشارێكى زۆر لە لايەن مامۆستايان و كەسايەتيە ديارەكان لەگشت ناوجەكانى كوردستان ڕژێم ناچار بوو ئازادى بكات.
بەڵام مامۆستا هەر لەسەر رێچكەى خؤى مايەو ووتارەكانى هەميشە بەو شێوازە بوو كە لە ڕابردوودا بوە هەربۆيە زۆربەى خەڵكى ئەو كاتە و زۆر بەى مامۆستايانى ئەو سەردەمە ئەوشایەتی دەدەن (مزگەوتى خانەقا) ببوە (گەورەترين زانكۆ) بۆ ئەوكاتە بەهۆى ووتارەكانى مامۆستا ملا احمدى خانقا كە زۆرێك لە كەسايەتى نيشتيمان پەروەرى ئيسلامى لێ پەروەردە بوو مامۆستا بەردەوام دەبێت.
ساڵى 1987ز ديسانەوە (ڕژێمى عێراق )زيندانيان كردەوە بڕياريان دا لە (دادگاى سەورە) ى عێراقى دادگاى بكرێت و بۆ ماوەى سێ ساڵ زيندانى بكرێت لە (زيندانى گەورەى ئەبوغرێب) وە لە هەمان كاتدا موچەكەشى ببردرێت ، بەڵام ئەوەى جێگاى خۆشحاڵييە مامۆستا ملا احمد هەميشە كۆڵى نەدا لە بانگخوازى و گەياندنى پەيامە پيرۆزەكەى ئايينى ئيسلام تەنانەت لە زيندانيش بەشەو و ڕۆژ بە نهێنى وانە و ئامۆژگارى بۆ زيندانيەكان دەووتەوە بەم شێوەيە مايەوە لە زيندان تا ئەوكاتەى دەستەڵات دارانى عێراق (لێبوردنى گشتيان) دەركرد پاش وەستانى شەرى نێوان عێراق و ئێران ئەوە بوو لە مانگى ئەيلولى 1988 ز ئازاد كرا.
بەڵام ئەم جارە ڕێگرى زۆرى لێكرا لەوەى نەگەڕێتوە سەر ووتار خوێندنەوە تا ئەو كاتەى ڕاپەڕينى بەهارى 1991ز ئەو كات دەگەرێتەوە (مزگەوتى خانەقا) ڕۆڵێكى بەرچاوى دەبێت لە ئامۆژگارى كردنى لايەنەكان و جەماوەر بۆ ئەوەى يەك ريزو يەك دەنگ بن تاچيتر (ڕژێمى عێراق) دەستى نەگاتەوە بە كوردستان و داگيرى بكات.
ئەوەى داخە دوژمنانى ئايينى ئيسلام بە هەرناوێك بێت هەميشە هەوڵى ئازاردان و چەوسانەوەى موسڵمانانيان داوە هەربۆيە لە مانگى دوانزە ى 1993ز شەر لە نێوان (لايەنيكى چەپ) و (لايەنێكى ئيسلامى) ڕوى دا ئەوەبوو کەچەپرەوەكانى كوردستان هەڵسان بەبێ رێزى كردن بە مزگەوتەكان (سوتاندنى قورئان) و بێ رێزى بە ئافرەتانى باڵاپۆش ئازار و ئەشكەنجە دانى قووتابيانى شەرعى و ئايينى، هەر بۆیە مامۆستا وەكو هەڵويستى هەميشەيى كە نادادپەروەرى لەكەس قبوڵ نەكردوە لە (ووتارى ڕۆژى هەينى) ئيدانەى ئەوكارەى كرد زۆر بە توندى داواى لە دەستەڵاتدارانى هەرێمى كوردستان كرد كە سنورێك بۆ ئەم بێرێزييە دابنێن كە دەكرێتە سەر ئيسلام و موسڵمانان ، سەرئەنجام ڕوو بە ڕووى زۆرێك لە كێشە بۆيەو وە هەروها لە هەمان ساڵدا (سێ نارنجۆك) خرايە ناو ماڵى مامۆستا كە خۆيو خاو خێزانى بريندار بوون بەڵام سوپاس بۆ خوا ئەم جارەش ڕزگارى بوو لە مەرگ ، بەڵام بە بەردەوامى ڕوو بە ڕووى كێشە و ململانێ دەبۆیەوە لەسەر دين هەربۆيە لە ناوەراستى ساڵى 1994ز (شارى سلێمانى) بە جێدێلێت روو دەكاتە (شارى هەولێر) دواتر لە (شارۆچكەى صلاح الدين) نيشتەجێ دەبێت.
هەرلەو ساڵە وە لەسەر داواى مامۆستايانى ئەو ناوچە یە بەردەوام دەبێت لە ووتار خوێندنەوە لە (مزگەوتى چوار خولەفا) لە (شارۆچكە ى صلاح الدين) تا ئەوكاتەى لە ساڵى 1996ز داواى لێ دەكرێت كە پۆستى (بريكارى وەزارەتى ئەوقاف )وەربگرێت.
هەر چەندە مامۆستا لە ڕابردوى ژيانيدا زۆر جاران داواى لێ كراوە كە پۆست وەربگرێت و وەرى نەگرتوە بەڵام ئەمجارەيان ڕازى دەبێت بە وەرگرتنى ئەم پۆستە لەبەر دوو هۆكار:
١.يەكەم دەيويست لەم رێگايەوە باشتر بتوانێت خزمەتى مامۆستايان و مزگەوت بکات
٢.دووەم هۆكار حكومەت حكومەتى هەرێمى كوردستان بوو
هەربۆیە بۆ ماوەى (چوار ساڵ) لەو پۆستەدا كارى كردووە ، بەڵام ئەوەى جێی خۆشحالييە زێرينترين كاتى ئەوقاف ئەو ماوەيەبووە كە (مامۆستا ملا احمد خانقا) كارى تێدا كردووە بە شاهيدى زۆرێك لە مامۆستايانى ئايينى و خەڵكى كوردستان هەرچەندە ڕوو بە رووى كێشە دەبۆيەوە لە لايەن (ناحەزانى دين) بەڵام مامۆستا بە ئيرادەيەكى بەهێز ڕوو بە ڕوويان دەبۆيەوە وە دواجار لە كۆتايى ساڵ 2000ز لەبەر ئەوەی زۆر جاران بەربەست دەهاتە بەردەمى لە خزمەتكردنى دين و مامۆستايان هەربۆيە بڕياڕى دا و داواى كرد كە لە و پۆستە ببەخشرێت وازبهێنێت.
هەرچەندە دوا بە دواى ئەمە زۆر جار داواى لێ دەكرا كە ئەرك و پۆستێكى تر وەربگرێت بەڵام مامۆستا رەتى دەكردەوە ئەويش لەبەر ئەوەى دەيزانى ناحەزانى ئيسلام لە جومگە سەرەكييەكانى دەستەڵات دا هەن هەر بۆيە كاركردن لە گەڵيان ئەستەمە ، ئيتر بريارى دا لە ماڵەكەى خۆى لە (شارى هەولێر) دابنيشێت زۆربەى كاتەكانى بە عيبادەت و خوێندنەوە بەسەر دەبرد چونكە مامۆستا خاوەنى گەورەترين كتێبخانە بوو تەنانەت لە ساڵانى دوایى تەمەنيدا بە بەردەوامى (هاوڕێيى قورئان )بوو تا ئەو ڕادەيەى لە رەمەزانى 2013ز ڕۆژانە يەك خەتمى قورئانى پيرۆزى دەكرد هەربۆيە كاريگەرى لەسەر چاوەكانى كرد پزيشك نەشتەرگەرى چاوى بۆ كرد ، رەنگە زۆر جار پرسيارى ئەوە بكرێت كە مامۆستا بۆچى هيچ بەرهەمێكى پەرتوكى دانەناوە لە وەڵامدا لەبەر ئەم هۆكارانە:
يەكەم لە تەواوى ژيانيدا پڕبووە لە ئاوارەيى زيندانى و بريندارى.
دووەم مامۆستا زياتر گرنگى بەووتارەكانى دەدا چونكە هەميشە دەيفەرموو كۆمەڵگاى كوردى لەبەردەم پيلاندایە تا بەرەو هەڵدێرى ببەن.
جا بۆيە هيچ كات و ساتێك مامۆستا ملا احمد گرنگى بە ژيانى خۆى نەداوە لە پێناو خزمەت كردنى ئايين و نەتەوەكەى هەرچەندە پۆڵێك لە ووتارەكانى كۆكراونەتەوە لە پەرتوكێكدا لە ساڵى 1995ز لە چاپ دراوە بە ناونيشانى لە (پێناوى ڕاستيدا) لەسەرەتايى ساڵانى دووهەزارەوە (تەفسيرى زاناى گەورەى كورد ملاى گەورەى كۆيە) خرايە بەردەستى بۆ پێداچوونەو بە تەفسيرەكە، وە هەروەها مامۆستا بە درێژايى ژيانى بەقۆناغى جيا جيا قووتابى فەقێى هەبوون بەڵام كەمتر وستوويەتى دەربكەوێت چونكە باوەرى وابوو كەدەبێت مرۆڤ هەركارێك كە دەيكات دەبێت بۆ ڕەزامەندى خواى گەورە بێت وە بەشى دونياى تێدا نەبێت ، وە هەروەها مامۆستا يەكەم كەسە كە لە سەرەتاكانى ساڵانى نەوەتەكان بە كۆمەڵ (قووتابى ئافرەتى) هەبووە لە (مزگەوتى خانەقاى مەولانە خاليد) بەڵام ئەوەى جێى داخە لە شەوى 9\10 ى شوباتى 2014ز بە يەكجارى كۆچى دوايى دەكات لە (شارۆچكەى صلاح الدين) بە خاك دەسپێردرێت.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

1516611239wefayi

وه‌فایی

جام کوردی: میرزا عەبدوڕە‌حیم سابڵاغی ناسراو به وەفایی شاعیری به ناوبانگی کورد، ساڵی ١٢٦٤ی ھەتاوی …