Home / بەشی مێژووی كورد / ڕۆڵی نەوەی یەکەمی ناسیۆنالیستەکانی سلێمانی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا

ڕۆڵی نەوەی یەکەمی ناسیۆنالیستەکانی سلێمانی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا

ڕۆڵی نەوەی یەکەمی ناسیۆنالیستەکانی سلێمانی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا

1468914758720
مەجید ساڵح 

به‌شی چوارەم

کۆتایی گەمەکە
١٦ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٢٥ کۆمەڵەی گەلان بڕیاری لکاندنی ویلایەتی موسڵ بە عیراقەوە دەرکرد، بریتانیا کاری زۆری کرد بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە بەو شێوەیە دەرچێت، بەوەشەوە نەوەستاو هاوکاری رژێمی پادشایی تازە هاتووە سەرکاری عیراقی کرد، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو کوردستاندا بسەپێنێت. فڕۆکەکانی ئینگلیز بۆ ماوەی دوو ساڵ بە هەموو توانایەکیانەوە پشتیوانیی سوپای عیراقیان کرد بۆ لێدانی سلێمانی و تەفروتونا کردنی شۆڕشگێڕە کوردەکان بە فەرماندەیی شێخ مەحمود.
لەبەر دوو هۆکار ستراتیژ و سیاسەتی ئینگلیزەکان بەرامبەر بە کوردەکان بە تەواوەتی گۆڕا:
یەکەم: لەو ماوەیەدا نەیانتوانی سەرکردەیەکی کورد بدۆزنەوە جێگەی متمانەیان بێت و بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا بپارێزێت.
دوەم: توانییان مەسەلەی موسڵ لە کۆمەڵەی گەلان بەو شێوەی لە بەرژەوەندی خۆیاندا بۆ یەکلایی بکەنەوە و دەستی تورک و هەڕەشە و گوڕەشەکانیان لە سەر سنور نەهێڵن، بەم جۆرە ترسی ئەوەیان نەما تورەکەکان پشتیوانی لە کورد بکەن، بەو واتایە پێویستییەکی ئەوتۆیان بە کورد نەما.
بۆ دڵنەوایی کورد، بریتانیا دەستی دایە یارییەکی سیاسی و باسی لەوە دەکرد کە کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقدا، ئێستا و داهاتویان پارێزراو دەبێ و بریتانیاش بە پێی ماددەکانی سێ و چواری بڕیارەکەی کۆمەڵەی گەلان ئەو مافە بۆ کورد دابین دەکات.
لە بەندی (٣)دا داوا لە حکومەتی بریتانیا کراوە «دەبێ لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانیدا وەک دەوڵەتی ئینتداب، ئاسایشی کوردەکان بپارێزێ و شێوەیەک لە ئیدارەی لۆکاڵیان بۆ دروست بکات».
لە بەندی (٤)یشدا هاتوە: «دەبێ بریتانیا کار ئاسانی بکات بۆ یەکسانی لە نێوان هەموو پێکهاتەکاندا».
ئەوە بو لە ٢١ی کانونی دووەمی ساڵی ١٩٢٦دا سەرۆک وەزیرانی عیراق لە وتارێکدا لە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا رایگەیاند (ئەم وڵاتە ناتوانێ بژی گەر هەموو پێکهاتەکانی مافەکانی بەدەست نەهێنێ، دەبێ مافی گەلی کورد بدرێت. دەبێ فەرمانبەران لە خۆیان بن، دەبێ دان بە زمانی کوردیدا بنرێت و منداڵان لە قوتابخانەکاندا بە زمانی خۆیان بخوێنن)( کمال رٶوف محمد، ص ١٤٥).
لەم کاتەوە خواستە نەتەوەییەکانی کورد و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئینگلیز بە دوو ئاراستەی زۆر جیاوازدا دەچون. ئیتر ئەو سەردەمە بەسەرچوو کە ئینگلیزەکان لە ماوەی ساڵانی ١٩١٨- ١٩٢٣دا کار بۆ بوژانەوەی هەستی نەتەوەیی کورد بکەن، بەڵکو ستراتیژێکی نوێ سەری هەڵدا کە توانەوەی کورد بوو لە ناو ئەو گەلە نوێیەی کە دەیانویست لە جوگرافیای دەستکردی بە ناو عیراقدا دروستی بکەن. بریتانیەکان بۆ بە زۆر لکاندنی کوردستان بە عیراقەوە، تەنها بە کۆمەک کردنی سەربازییەوە نەوەستان، بەڵکو لە سەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیش هەموو رێوشوێنێکیان گرتەبەر بۆ ئەوەی چیتر مەسەلەی کورد باس نەکرێت.
د.سەعد بەشیر ئەسکەندەر، دروست نەبونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و گوڕینی ستراتیژی بریتانیا لە بەرامبەر کوردستان بە تەنها ناخاتە ئەستۆی ئینگلیزەکان، بەڵکو بزوتنەی ناسیۆنالیستی کوردیش بە هۆکارێکی سەرەکی دادەنێت و لای وایە «پەرت و بڵاویی بۆچونە سیاسیەکان و هەژمونی پەیوەندییە خیڵەکیەکان بەسەر کۆمەڵگای کوردییەوە، رۆڵیان هەبو لەوەی کە کورد نەگاتە خواستەکانی».( سعد بشیر اسکندر، ص ٢٦٨).
بەڵام سەرەڕای ئەو هەل و مەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەی کە لە کوردستاندا باڵا دەست بوو، نکۆڵی لەوە ناکرێت کە کار و چالاکیی سیاسی و کلتوریی نوخبە رۆشنبیر و سیاسی و سەربازییەکانی کورد لە نێوان ساڵانی ١٩١٨- ١٩٢٦دا، بوون بە بناغە بۆ هەموو ئەو چالاکییە سیاسی و کلتورییانەی کە لە ساڵانی دواییدا لە قۆناغە جیاجیاکاندا لە باشوری کوردستان سەریان هەڵدا.
سەرەتای بیری ناسیۆنالیزمی کوردی لە باشوری کوردستان
داریوش ئاشوری لە کتێبی «دانشنامە سیاسی»دا بەم جۆرە ناسیونالیزم پێناسە دەکات: «ناسیۆنالیزم ئایدۆلۆژیایەکە دەوڵەتی نەتەوەیی بە باڵاترین شێوازی رێکخستنی سیاسی دەزانێت، خەباتی نەتەوەیی لە دژی داگیرکاری و هەڕەشەی بێگانە لە پێناوی دروستکردن یان پاراستنی ئەو جۆرە دەوڵەتەدایە»( داریوش ێ‌شوری).
لەم بەشەدا ئەو پێناسەیەی سەرەوە وەک بنەمایەک بۆ شیکردنەوە و راڤەکردنی بۆچونەکان لەسەر ناسیۆنالیزم  بەکار دەهێنم، چونکە لەگەڵ ئەو هەوڵ و تەقالایانەدا دەگونجێ کە منەوەر و دۆستانی کورد داویانە بۆ بوژانەوەی هەستی ناسیۆنالیزم لە کوردستانی جنوبی (سلێمانی).
زۆربەی توێژەران پێیان وایە سەرەتای دەرکەوتنی ناسیۆنالیزم لە جیهانی ئیسلامی دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا و ئێران و دواتر وڵاتانی عەرەبی وەک میسر و عیراق. ناسیۆنالیزمی کوردیش سەرەتا لە ئەستەمبوڵ لە ژێر کاریگەری ناسیۆنالیزمی تورکی‌دا سەری هەڵدا. دواتر لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانیدا لە رێگەی ئەفسەر و تەکنۆکراتەکانی کوردەوە گەیشتە سلێمانی، لێرەشەوە شەپۆلی ئەم دیاردەیە دەگاتە رۆژهەڵاتی کوردستان.
عەباس وەلی لای وایە ناسیۆنالیزمی عەرەبی و تورکی دەرهاویشتەی بەربەرەکانیانە لەگەڵ داگیرکەران و کاتێکیش سەربەخۆ دەبن بۆ چەسپاندنی ناسیۆنالیزمی خۆیان دەست بە چەوسانەوەی نەتەوەکانی دیکەی وەک کورد و ئەرمەن و بەلوچ دەکەن. بەو مانایەی ناسیۆنالیزمی کوردیش دەرهاویشتەی ئەو زوڵم و زۆرەیە کە عەرەب و فارس لەو نەتەوانەی کردوە.
«ناسیۆنالیزم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوو جۆر بووە، یەکەم ناسیۆنالیزمێک کە پاش گرتنەدەستی دەسەڵات خۆی ناساند، وەک ناسیۆنالیزمی تورک و فارس و وڵاتانی عەرەبی. دووەم ناسیۆنالیزمی کورد و ئەرمەنی و بەلوچ کە لە دیمەنێکی جیاوە هاتنە مەیدان. ئەو کاتەی کە دوەڵەتی تورکیا و وڵاتانی عەرەبی و لە ئێران دەوڵەتی مۆدێرنیان راگەیاند، ئەمانە بۆ ناساندنی دەسەڵاتی خۆیان، دەبوایە ناسنامەی نەتەوەیی نەتەوەکانی وەکو کورد و بەلوچ و… نادیدە بگرن بۆ ئەوەی خۆیان وەک گەلێکی یەکپارچە دروست بکەن».( هدایت جان).
لە راستیدا ئەو تێزە دەکرێ بۆ ناسیۆنالیزمی تورکی تا رادەیەکی زۆر راست بێ، بەڵام ناسیۆنالیزمی عەرەبی تاڕادەیەکی زۆر لەگەڵ هاتنی ئینگلیز و فەرەنسیەکاندا دەردەکەوێت، بگرە عەرەبەکانی رۆژهەڵات خۆیان زەمینەیان خۆش کرد بۆ ئەوەی خاکی وڵاتەکانیان ببێتە مەیدانی جەنگی ئینگلیز و عوسمانی، بەشی هەرە زۆریشیان چونە سەنگەری ئینگلیزەکان دژ بە عوسمانی.
لە پێنجوێن لە دژی روسەکان دەجەنگێ
بەر لە هاتنی ئینگلیزەکان، هەندێ لە منەوەرەکانی نیشتەجێی سلێمانی ئاگاداری ئەو بزوتنەوە رۆشنبیری و کوردایەتیە بوون کە لە ئەستەمبوڵ سەری هەڵدابوو، چونکە هەندێک لە سەرانی «جەمعیەتی تەعاون و تەرەقی کورد» خەڵکی سلێمانی بوون، تەنانەت کەسێکی وەک پیرەمێر سەرنوسەر، خاوەن ئیمتیاز، بەڕێوەبەر و نوسەری رۆژنامەی «کورد تعاون و تەرەقی غەزەتەسی» بو کە لە نێوان ساڵانی ١٩٠٨- ١٩٠٩ دەرچووە.( نەوشیروان مستەفا، ل٦١.) بەڵام لە سلێمانی تا هاتنی ئینگلیزەکان هیچ پڕۆژەیەکی نوسراوی سیاسی کە داوای خواستە نەتەوەییەکانی کورد لە عوسمانیەکان بکات، لە ئارادا نەبوو. لەو کاتەدا کە گڵۆڵەی دەوڵەتی عوسمانی سەرەولێژ ببوەوە؛ پێچەوانەی عەرەبەکان کە خۆیان ئامادەکردبو بۆ هاوکاریکردنی ئینگلیز و دەرکردنی تورک لە وڵاتەکەیان، لەو سەردەمەدا شێخ مەحمودی حەفید کە دیارترین کەسایەتی ئاینی و سیاسی کوردی بو لە سلێمانی، ساڵی ١٩١٦ بە هێزێکەوە بەرەو شوعیبەی باشوری عیراق دەکەوێتەڕێ و لە دژی ئینگلیز جیهاد رادەگەیەنێت دواتر بۆ پشتیوانی لە عوسمانیەکان لە پێنجوێن لە دژی روسەکان دەجەنگێ.
  لە روی کلتوریشەوە زمانی تورکی و فارسی ببوون بە زمانی نووسین، تەنانەت نامەنووسین لە نێوان کەسایەتییەکان و شاعیرەکانیشدا هەر بەو دوو زمانە دبوو، لە قوتابخانەکاندا تورکی و لە حوجرەکانیشدا عەرەبی و فارسی زمانی فەرمی بوون. پیرەمێرد لەوبارەوە دەنوسێ:
«ئیمە لە کاتێکەوە کە ئیدریسی بەدلیسی خستینیە ژێر زەنجیرەی عوسمانیەوە تا ئەم دواییە کە ئینگلیز هات، ناوونیشان و دەرەتان و سەر و ژیانمان نەبوو، بێ زبان بەستەزمان بوین، ئەمە سێسەد ساڵ زیاتری پێ چوو. ئەوەی لە کارابوو، ئەبوو ناچار بە هۆی ئیش و کاری دیوانییەوە تورکی و ئەوی تریش چونکو خەرید و فرۆختمان وەها و بنیچەمان لە گەڵ ئیراندا بوو، فارسی ئەمان نووسی و ئەم دوو زبانەیش هیچیان لەسەر شێوە و بناغەی خۆی نەمابوو، چونکو هەردوو لایان بە هۆی ئاینی ئیسلامەوە کە نوێژ و قورئان و خوێندنمان بە عەرەبی بوو، زۆر زۆر عەرەبی تێکەڵ بوو، خوێندنی فەقێ و مەلا لە مزگەوتاندا عەرەبی بوو، خۆیشمان لە حوجرەی خۆماڵیدا فارسیمان ئەخوێندەوە، نوسینیشمان هەر بە فارسی بوو. ئەنجا بەم زوانە کە هێشتا لە بیرمان ماوە (مێجەر سۆن) کوردیی بۆ خستینە مەیدان. لە زەمانی ئەودا کە شارەزای هەموو شێوە و شوێنی نووسین و ئیملا بوو، هەر لەسەر ئیملای عەرەبی و فارسی ئەڕۆیشتین»( ژین، ژمارە ٨٦٨، ل ١).
پرۆسەی دەرکەوتنی بیری نەتەوەیی لە باشوری کوردستان
بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە باس لە ناسیۆنالیزمی کوردی دەکەن، هەمان ئەو پێناسەی بەسەردا دادەبڕن کە بۆ ناسیۆنالیزمی رۆژئاوایی بەگشتی و ئۆرۆپی بە دیاریکراوی دانراوە، بەبێ ئەوەی ئەو راستیە لەبەرچاو بگرن کە تەنانەت سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم لە وڵاتێکی ئۆرۆپیەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێت. بۆیە کاتێک باس لە ناسیۆنالیزمی کوردیش دەکرێت دەبێ ئەو هەل و مەرج و زەمین و زەمانە لە بەرچاو بگرین کە تێیدا دەردەکەوێت. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە کە هۆکاری هاوبەش نییە لەو نێوەندەدا.
بیری نەتەوەیی لە لای کوردەکانی باشوری کوردستان، لە ئەنجامی پێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردی لە رووەکانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە سەری هەڵنەداوە، وەک ئەوەی لە زۆربەی وڵاتانی ئۆرۆپیدا لە سەدەی نۆزدەیەم دروست بوو. تەنانەت وەک کوردەکانی باکوری کوردستانیش لە ئەنجامی کاردانەوە لە بەرامبەر زوڵم و زۆری تورکەکان و پێشێل کردنی مافە نەتەوەیی و سیاسیەکانیان دروست نەبووە، بەڵکو ئەوەی لەم بەشەی کوردستاندا روویدا تەواو پێچەوانە بوو، پرۆسەی دەرکەوتنی بیری نەتەوەیی لە باشوری کوردستان لە ئەنجامی بەرکەوتنی بەرژەوەندییەکانی کۆڵۆنالیزمی ئینگلیزی و خواستی هەندێ لە کەسە ناودارەکانی کورد و بەشێک لە نوخبەی رۆشنبیری کورد سەری هەڵدا.
قسەکردن لەسەر ئەوەی کۆڵۆنالیزمی بریتانی چ رۆڵێکی هەبووە لە گەشەسەندنی بیری ناسیۆنالیزمی کوردی لە باشوری کوردستان، مەسەلەیەکی گرنگە و دواتر لە بەشەکانی دیکەدا قسەی لەسەر دەکەم.
لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

75341173_955724274814673_7299845051868250112_n

چەند دیمەنێكی قەڵا دێرینەکەی شاری وان

قەڵای وان یەکێکە لە شوێنەوارە مێژووییەکان و دیمەنە سەرنجراکێشەکانی شاری وان لە باکوری کوردستان، کە …