Home / بەشی مێژووی كورد / ڕۆڵی ناسیۆنالیستەکانی سلێـمانی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان

ڕۆڵی ناسیۆنالیستەکانی سلێـمانی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان

ڕۆڵی ناسیۆنالیستەکانی سلێـمانی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان

1468914671245

مەجید ساڵح 

به‌شی یه‌که‌م
دوای ئەوەی قوتابخانەی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ئەستەمبول و باکوری کوردستان بە هۆی پەلامارەکانی تورانیەکانەوە توشی نسکۆ هات و بەشی زۆری سەرکردەکانی یان لە سێدارە دران، یان ئاوارەو دەربەدەر بوون، لە سلێمانی ژیلەمۆی قوتابخانەیەکی نوێ دەرکەوت. بە کەڵک وەرگرتن لە بیر و ئەزمونی ناسیۆنالیستەکانی باکور، لە سەروبەندی کۆتایی یەکەمین جەنگی جیهانی، لە سلێمانی بزوتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی کاریگەر سەری هەڵدا و زۆری نەخایاند بە هۆی هاتنەوەی کۆمەڵێک ئەفسەر و فەرمانەری تەکنۆکراتی لە تورکیاوە و یەکگرتینان لەگەڵ منەوەر و رۆشنیرانی شارەکە و گردبونەوەیان لە دەوری شێخ مەحمود و بزوتنەوەکەی، بناغەیەکی پتەویان بۆ قوتابخانەیەکی ناسیۆنالسیتی لە سلێمانی دروست کرد. زۆری نەخایاند کاریگەری ئەم قوتابخانەیە هەموو باشوری کوردستانی گرتەوە و دواتریش پەلی بەرەو رۆژهەڵاتی کوردستان هاویشت. لە ناوەڕاستی سەدەی رابردویشدا پریشکی بیری ناسیۆنالیستەکانی سلێمانی بووە هۆی ژیانەوەی سەر لە نوێی کوردایەتی لە سەرتاسەری کوردستان.
لەم باسەدا هەوەڵ دەدەم هەندێ لە روخسارەکانی گوتاری قوتابخانەی ناسیۆنالیزمی کوردی لە سلێمانی و هەوڵەکانی نەوەی یەکەمی ئەو قوتابخانەیە بخەمەڕوو.
سلێمانی لە فەلاکەتەوە بۆ ئازادی
سلێمانی لە ناو گێژاوی جەنگدا
جەنگی یەکەمی جیهانی (١٩١٤ -١٩١٨) کاولکاری و ماڵوێرانی گەورەی لەگەڵ خۆیدا بۆ کورد هێنا، چونکە بەشی زۆری سنوری ململانێی عوسمانییەکان و روسەکان کەوتبوە خاکی کوردستانەوە، جگە لەوە، بە هەزاران گەنج و پیاوی کورد لە سەفەربەرلکدا بران بۆ جەنگ و کران بە سوتەمەنی ئەو جەنگەی کە کورد هیچ بەرژەوەندییەکی تێدا نەبوو.
بەهۆی ئەو جەنگەوە قات و قڕییەکی گەورە ناوچەکەی گرتەوە، بەپێی هەندێ لە ئامارەکان٧٠%ی خەڵکی سلێمانی لە برسا مردون، ئینگلیزەکان لە رێگەی ئەو سیخورانەوە کە پێش جەنگی یەکەمی جیهانی ناردبویانن بۆ سلێمانی، ئاشنایەتییان لەسەر بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و کلتوری شارەکە هەبوو، هەروەها جۆرێک لە دۆستایەتیان لەگەڵ هەندێ لە سەرۆک هۆز و خێڵەکان دروست کردبو.
بە پێی راپۆرتێکی (مێجەر سۆن) پێش هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیهانی لە ساڵی ١٩١٤دا، ژمارەی دانیشوانی سلێمانی نزیکەی ٢٠ هەزار کەس بووە، بەڵام کاتێک ئینگلیزەکان لە تشرینی دوەمی ١٩١٨دا گەیشونەتە سلێمانی، ژمارەکە کەم بوەتەوە بۆ ٢٥٠٠ کەس».( ودیع جویدە، ص٣٠٩)
تاکە ملکەچییەک کە دەیانواند، بۆ سەرۆک تیرەکانیان بوو
(ویڵسن) حاکمی سیاسی بریتانیا، لە تەواوی عیراق لە کتێبەکەی خۆیدا «شۆڕشەکانی عیراق» باس لە کاریگەریی جوگرافیا بەسەر بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردەکانی باشوری کوردستانەوە دەکات و بەم شێوەیە دەیگێڕێتەوە:
«کوردەکان لە دۆڵێکی قوڵدا دەژین و زنجیرە چیای بەرز لە جیرانەکانییان دایبڕیون. بەشێوەیەک تا ئەم سەردەمەی دواییش، بە تەواوەتی لە دونیای دەرەوە دابڕابون. جگە لە مامەڵەیەکی کەم، هیچ زانیارییەکیان بە دونیای دەرەوە نەبو. تا ئەم دواییانەش لە یەکگرتنی نەتەوەیی و دەستگرتن بە رەگەزەوە بە یەکجاری داشۆرابون. تاکە یاسایەک بیزانن، یاسای هۆزایەتی بوو، تاکە ملکەچییەک کە دەیانواند، بۆ سەرۆک تیرەکانیان بوو»(سێر ئارنۆڵد ویڵسن، ل ١٧٠)
ئەم قسانەی ویڵسن بۆ ئەو قۆناغە زۆر راستە، چونکە سلێمانی بە هۆی ئەو فەلاکەتەوە کە تێی کەوتبوو، نەک هەر لە دونیای مۆدێرن دابڕابوو، بەڵکو زۆر بە کەمی ئاگای لەو بزاوتە ناسیۆنالیستەش بوو کە کوردەکانی باکور سەرقاڵی بوون. ئەدمۆندزیش کە ماوەیەکی زۆر لە کوردستاندا ژیاوە، تێڕوانینێکی رەشبینانەی لەسەر دۆخی بیناسازی و عومرانی سلێمانی هەیە. وێنەیەکی تاریکی لەم شێوەیە لە سەر سلێمانی نەک لە سەردەمی خۆیدا، بەڵکو لە یاداشتی گەشتیارانی دیکەشدا دەکێشێ:
«لە بیرەوەری هیچ یەک لەو نوسەرانەی کە سەردانی ئەم شارەیان کردوە بە بیرەوەریەکانی خۆشمەوە، هیچ وشەیەکی پیاهەڵدانم نەدۆزیەوە بۆ دیمەنی هەندەسی دەرەوەی شارەکە. شوێنێکە بێ هیوات دەکات، لە چۆڵی دەچێ، بەشی زۆری کەلاوەیە، بە گشتی لە کۆمەڵە کەپرێکی لە قوڕ دروستکراو پێکهاتوە.. مزگەوتی کاکە ئەحمەد کە کەتوەتە دەرگای رۆژئاوای شارەکەوە، تاکە بینایەکە کە گرنگی پێدراوە».( سی. جی. ادموندز، ص ٣٩٤)
سلێمانی له‌ ژێر فەرمانڕەوایی مەلیک مەحمودی ئەوەڵدا
پایزی ١٩١٨ فەرماندەی بەناوبانگی تورک (عەلی ئیحسان پاشا) کە زانی ئینگلیز گەیشتوەتە کەرکوک، داوای لە فەرماندەی سوپای عوسمانی لە حامیەی سلێمانی کرد، برێک لیرەی ئاڵتونی بدات بە شێخ مەحمودی حەفید بۆ ئەوەی جەنگێکی پارتیزانی دژ بە سوپای ئینگلیز کە بەرەو باکور هەڵدەکشان، بەرێ بخات و سەرقاڵ و هەراسانیان بکات. کاتێکیش ئاگربەستی (میندروس) بەسترا و سوپای تورکیا تەسلیمی هاوپەیمانان بوو، عەلی ئیحسان داوای لە فەرماندەی حامیەکە کرد کاروباری حامیەکە و لیوای سلێمانی رادەستی شێخ مەحمود بکات، بۆ ئەوەی بە ناوی دەوڵەتی عوسمانیەوە فەرمانڕەوایی بکات.( محمود الدرە، ص ١٣٣)بەمجۆرە سلێمانی کەوتە دەستی شێخ مەحمود، ئەویش کە لە بارودۆخی سیاسی و سەربازی ئەو کاتە تێگەیشتبوو، زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی کرد و لە جیاتی گرەو کردن لە سەر ئەسپی دۆڕاو، نامەیەکی ئاراستەی بریتانیەکان کرد و داوای لێکردن «کوردستان بخەنە لیستی گەلانی رزگاریخوازەوە»( سی. جی. ادموندز، ص ٣٩٤(
ئەو گۆرانکارییە گەورەیە لە بۆچونی شێخ مەحمود کە تا چەند هەفتەیەک لەوەو پێش، سەربازێک بو لە پێناوی خەلیفەی موسڵماناندا لە پێنجوێنەوە تاوەکو شوعیبە دەجەنگا، ئێستاش گەڵەکەڵەی سەربەخۆیی کوردستان داویە لە سەری، ئەوە دەردەخات کە شێخ مەحمود کەسێکی پراکماتیکی بوە.
ویڵسن حاکمی سیاسی بریتانیا لە عیراق بەم بڕیارەی شێخ مەحمود دڵخۆش بوو، لە تشرینی دوەمی ١٩١٨ داوای لە (مێجەر نوئێل) کرد بە نوێنەرایەتی ئینگلیز بچێتە سلێمانی. سیاسەتی گشتی بریتانیا لەگەڵ کوردەکاندا بەم چەند دێڕە بۆ نوئێل دەردەبڕێ:
 «پێویستە بۆ سەرۆک هۆزەکانی رون کەیتەوە کە ئێمە هیچ نیازێکمان نییە ئیدارەی نامۆ بە داب و نەریت و خواستەکانیان بچەسپێنین. پێویستە سەرۆکی عەشیرەتەکان بۆ پێکهێنانی یەکێتییەک هان بدەیت، بۆ ئەوەی کاروبارە گشتیەکان بە رێنمایی حاکمە سیاسیەکانی بریتانی یەکلا بکرێنەوە». (سێر ئارنۆڵد وڵسن، ل ١٧٢)
ئینگلیزەکان بە هۆی کەمی سەرباز و زۆریی خەرجیەکانیان، هەوڵیان دەدا هێزە سەربازییەکانی خۆیان لە کوردستاندا جێگیر نەکەن، بۆیە لە هەندێ قۆناغدا هێزێکی کەمیان بۆ ماوەیەکی کورت هێناوەتە سلێمانی ‌و هەوڵیان داوە لە رێگەی شێخ مەحمودەوە فەرمانڕەوایی ئەم ناوچەیە بکەن.
حکومەتی یەکەم:
لە ١٦ی تشرینی دوەمی ١٩١٨ نوئێل کە راوێژکاری سیاسی شێخ بوو لەگەڵ مێجەر دانلیس کە راوێژکاری سەربازی بوو گەیشتنە سلێمانی ‌و پێشوازییەکی فەرمی و بەرفراوانیان لێ کرا، ڕۆژی دوایی بە فەرمی شێخ مەحمودی وەک حوکمداری کوردستانی باشور ناساند.(عبدالرحمن البیاتی،ص١٠٨)
دواتر لە ماڵی شێخ مەحمود کۆبونەوەیەکی گەورە بۆ سەرۆک هۆزەکان و پیاوماقوڵانی سلێمانی رێکخرا، حکومەتێک پێکهێنرا کە زۆربەیان لە حەفیدزادەکان بون: (سەید عومەر بەرزنجی مامی کرا بە موتەسەڕیفی سلێمانی، شێخ حەسەن مامی دوەمی کرا بە قازی شەرع، شێخ قادری برای بو بە سوپا سالار)، رەفیق حیلمی لە سەر پێکهاتەی ئەو حکومەتە دەڵێ «زۆربەی خزمەکانی حوکمدار و کەسە نزیکەکانی بنەماڵەکەی لە حکومەتدا دامەزران و موچەیان بۆ بڕایەوە».(رەفیق حیلمی، ل٦٧)
مێجەر نوئێل لە سەرەتای دەستبەکاربونیدا بۆ رزگاربونی خەڵکەکە لەو برسێتی و قات و قڕیەی کە لە سەردەمی تورکەکاندا بەسەریان هاتبو، پرۆسەی تێرکردنی خەڵک و بوژانەوەی ژێرخانی کشتوکاڵی دەست پێ کرد کە بە تەواوەتی داتەپیو بوو:
«بریتانیەکان لەگەڵ خۆیاندا پرۆسەیەکی فریاگوزاری گەورەیان ئەنجام دا، خواردنیان بە سەر برسیەکاندا دابەش کرد، تۆ و دانەوێڵەیان بەسەر جوتیارەکان‌دا بەخشیەوە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر کشتوکاڵ کردن. ئەوە وای کرد پێشوازی کردنی کوردەکان لە بریتانیەکان وەک هێزێکی رزگارکەر بە شتێکی نامۆ لەقەڵەم نەدرێت».( دیڤید مکدول، ص ١٨٧)
مەکداوڵ سەبارەت بە کاریگەریەکانی ئەو پرۆسە فریاگوزاریەی نوئێل دەڵێ:
 «بارودۆخی ئابوری باش کرد، کشتوکاڵ بوژایەوە، زیاتر لە ١٠٠٠٠٠ دار چێنران، بەرهەمی توتن سێ هێندە زیادی کرد، ژیان بەبەری سلێمانی‌دا کرایەوە و لەو ماوە کەمەدا چڕیی دانیشوانەکەی ٥٠% لە جێگاکانی دیکەی عیراق زیاتر بوو».( دیڤید مکدول، ص٢٢٥.)
کارەکانی نوئێل تەنها فریاگوزاری و رێکخستنەوەی کاروباری دەوڵەتمەداری نەبو، بەڵکو هاوکات لە گەڵ ئەو کارانەیدا سەروی خۆی ئاگادارکردۆتەوە، کە دەبێ بەخێرایی کار بکرێت بۆ رێکخستنی ئیدارەی سیاسی کوردستان ‌و بۆ ئەو مەبەستە پڕۆژەیەکی گەڵاڵە کرد و داوای کرد بکرێتە بەرنامەی کاری بریتانیا، دکتۆر سەعد بەشیر ئیسکەندەر، پسپۆر لە مێژووی هاوچەرخی کوردستان، لەسەر ئەو لایەنە سیاسییەی پڕۆژەکەی نوئێل دەنوسێ:
«لەو ماوەیەی کە حاکمی سیاسی بو لە سلێمانی، نوئێل پڕۆژەیەکی دروستکردنی کوردستانێکی جیا کە خاوەن ئۆتۆنۆمی بێت، خستەروو. خاڵە سەرەکییەکانی ئەو پڕۆژەیە بریتی بو لە کۆنفدرالییەتێکی کوردی کە لە سێ کانتۆن پێک هاتبێت و لە ژێر چاودێری و پاراستنی بریتانیادا بێت، سلێمانی سەنتەری ئیداریی کوردستانی باشور بێت. موصڵ هی رۆژئاوای کوردستان و دیاربەکریش هی کوردستانی مەرکەزی. دەیویست شێخ مەحمود و سەید تەها رۆڵی سەرەکی و دیار لەو کۆنفدراڵیەتەدا ببینن». (د.سعد بشیر اسکندر، ص١٤٢)
دەتوانێت خێڵەکانی کورد لە سەر ڕێگەی راست بهێڵێتەوە
لە خوێندنەوەی بەڵگەنامە و بیرەوەری کەسە کاربەدەستەکانی ئەو سەردەمەدا دەردەکەوێت، هەندێ لە ئینگلیزەکان لەگەڵ بۆچونەکانی (نوئێل)دا زۆر کۆک نەبون. خاتو بێڵ کە نەیارێکی سەرسەختی کوردە، بە تەوسەوە باس لە پڕۆژەکەی نوئێل دەکات:
«مێجەر نۆئێل، كە حاكمی سیاسییە، پێداگری دەكات لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە و وای بۆ دەچێت كە دەتوانێت خێڵەکانی کورد لە سەر ڕێگەی راست بهێڵێتەوە، وەك چۆن هەر كاتێك بیەوێت سواری ئەسپەكەی بێت و بە هەر لایەكدا بیهاوێژێ. ئەم ئەفسەرە كەسێكی لەڕادەبەدەر نائاساییە و هیچ دوور نییە بتوانێت لە سلێمانی دەوڵەتێک بە سەرۆكایەتیی خۆی دروست بكات «.( مـحـەمـەد حـەمـە سـاڵـح تـۆفـیـق، ٦٩٣٧، ل ٩.).
نوئێل لەگەڵ سەرکردە کوردەکان هەوڵی زۆریدا، تاکو کەڵک لە دەرفەتەکە وەربگرن و لە نێوان خۆیاندا یەک بگرن و لە دەوری بەرنامەیەکی سیاسیدا کۆ ببنەوە، بەڵام هەوڵەکانی بێ ئەنجام بون. مەکداوڵ لەوبارەیەوە دەڵێ:
«سەرنەکەوتنی کوردەکان لەوەی سەرکردەیەک هەڵبژێرن کە جێگەی متمانە بێت، گورزێکی توند بو لە خواستی بریتانیا».( دیڤید مکدول، ص ٢٢٣)
لە راستیدا گورزێکی گەورە بو لە بەرنامەکانی نوئێل، لە لایەکی دیکەوە ئەو بریتانیانەی کە لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندا نەبون، هەستیان کرد شێخ مەحمود ئەو هێڵە سورانە دەبەزێنێ کە بۆیان دیاری کردوە، ئەوان دەیانویست دەسەڵاتەکانی حوکمدار سنوری نێوان زێی گەورە و روباری سیروان تێنەپەڕینێ، ئەمەش لەگەڵ خواستەکانی شێخدا یەکانگیر نەدەبو، کە دەیویست سنوری دەسەڵاتەکان لە خانەقینەوە بگاتە شەمدینان و لە چیای حەمرینەوە بگاتە سنوری ئێران.( عبدالرحمن البیاتی، ص١٢١.) بۆیە سەرەتای ناکۆکی لە نێوان شێخ مەحمود و بریتانیەکان سەری هەڵدا.
عەباس وەلی پسپۆر لە بواری ناسیۆنالیزمی کوردی، بەشی زۆری شکست هێنانی ئەو هەوڵانە دەخاتە ئەستۆی شێخ مەحمود:
«شێخ مەحمود بە هۆی سیاسەتە هەڵە و پەشۆکاوەکانیەوە، نەیتوانی ئەو هاوسەنگیەی کە دەیویست، لە نێوان دەسەڵاتەکانی عوسمانی و دواتر تورکیا و بریتانیادا دروست بکات، ئەو سیاسەتە هەڵانەش بونە هۆی لەناوچون و دورکەوتنەوەی»( هدایت جان،)
(ویڵسن)یش قسەیەکی نزیک لەوەی وەلی دەکات و پێی وایە تۆماری شێخ مەحمود هی ئەوە نییە کە متمانەی پێ بکرێت و دەڵێ «کاپتن نوئێل کە چەند هەفتەیەک سلێمانیی بەجێ هێشتبوو، کە گەڕایەوە بۆ سلێمانی بینی شێخ مەحمود دەسەڵاتی خۆی خراپ بەکار دەهێنێ»( سێر ئارنۆڵد ویڵسن، ل ١٨١.)
بەڵام کۆرن پێچەوانەی ئەوان بیر دەکاتەوەو پێی وایە «نوئێل کەوتبوە ژێر کاریگەری هەستی بەهێزی نەتەوایەتی کوردەکانی سلێمانی و خودی شێخ مەحمود».( دیڤید کۆرن، ل ٢٧.)
ئاشنای کۆمەڵگای کوردی بووە
نوئێل کە خۆی لە نزیکەوە کاری لە گەڵ شێخ مەحموددا کردووە و ئاشنای کۆمەڵگای کوردی بووە، وێنەیەکی رونتر لەوەی ئەوان لەسەر دۆخی پاش دانانی شێخ مەحمود وەک حوکمدار دەخاتەڕو:
«دەکرێت بڵێین دیاری کردنی شێخ مەحمود وەک نوێنەری بریتانیا لە باشوری کوردستان، جۆرێک لە هەڵە تێگەیشتنی لە سەر ئیدارەی عەشائیری راستەوخۆی دروست کرد، بۆیە بڕیارەکان پەشۆکاوییان پێوە دیاربو، بەڵام کاتێک رون بوەوە ئەفسەرانی سیاسی بریتانی ئاراستەی دۆخەکە دەکەن، هەڵە تێگەیشتنەکەی خەڵک رەویەوە. راستە کوردەکان پێیان باشە ئەفسەرە بریتانیەکان فەرمانڕەواییان بکەن، نەک شێخ مەحمود، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا پێیان باشە لە ژێر دەسەڵاتی ئەفسەرێکی سیاسی بریتانیدا بن کە کورد ئاراستەی بکات، نەک ژیان لە ژێر سایەی بیری عەرەبەبیدا».( الف.دی ل.رش، ص ٢٠٥.)
تورکەکان کە بینیان رۆژ لە دوای رۆژ پێگەی ئینگلیز لە باشوری کوردستان بەهێزتر دەبێ و خەریکە لە باشورەوە کوردستانێکی سەربەخۆ دەبێتە دراوسێیان، ئەم مەسەلەیان پێ هەزم نەدەکرا، هەمو تەقالاکانیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی خەڵکی ویلایەتی موسڵ تێگەیەنن کە لکاندنی ویلایەتی موسڵ بە عیراقەوە، بەهای ئەو کاغەزەی نابێ کە ئیمزای لە سەر دەکرێ.
تەنها بە هەڕەشەو گوڕەشەوە نەوەستان و دەستیان کرد بە پەیوەندی کردن بە خێڵە ناڕازیەکانەوە، خەڵکیان بۆ شۆڕش هان دەدا. هەڕەشەی کوشتنیان لە خیانەتکارەکان دەکرد، داوایان لە خەڵک دەکرد وەفایان بۆ خەلیفەی موسڵمانان هەبێ. لە پاڵ ئەوەشدا، دەستیان دایە پڕوپاگەندەیەکی بەرفراوانی ئاینی. ویڵسن لە سەر ئەو پڕوپاگەندانە دەنوسێ:
 «تورکەکان وایان بە ناو خەڵکدا بڵاو دەکردەوە کە بەم نزیکانە دەنگی زەنگی کلێسەکان گوێتان کەڕ دەکات و بە هیچ شێوەیەک بانگی مەلای مزگەوت بەر گوێتان ناکەوێ. فەرمانبەرە مەسیحیەکان بە هەمان شێوە مامەڵەتان لە گەڵدا دەکەن کە پێشتر روسەکان کردیان، ناچارتان دەکەن قاچی عەرەب و کلدانەکان ماچ بکەن».( سێر ئارنۆڵد ویڵسن، ل  ٦٥ .)
کوردەکان لە ناوخۆیاندا دابەش ببون
رووی ئەو پڕوپاگەندانە بەشێوەیەکی سەرەکی لە کوردەکان بو، لە راستیدا ئەم پڕوپاگەندانە کاریگەری زۆری لە سەر کۆمەڵگای کوردی بە گشتی و مەلا و پیاوانی ئاینی کورد دانا. ئەدمۆنز کە باس لە کاریگەرییەکانی ئەو پڕوپاگەندانە دەکات، دەڵێ:
 «کوردەکان لە ناوخۆیاندا دابەش ببون، لە لایەک وەفاداریان بۆ ئاین و رێزگرتن لە فەرمانڕەواکانی پێشویان و ترس لێیان، لەولاشەوە خەونی سەربەخۆیی کە تەنها بە ئینگلیزەکان دەهاتە دی و دیاربو بریتانیاش مەیلی بەو مەسەلەیە نەبو. لەو لاشەوە دەیانزانی گەر بلکێنرێن بە عیراقەوە، لە روی ئابوریەوە دەست و پێیان دەبەستێتەوە، بۆیە بەوەش رازی نەدەبون».( سیسیل جی ئەدموندز، ١٢٩.)
مارسی ١٩١٩ ویڵسن حاکمی عەسکەریی بریتانیا لە عیراق، بۆ کۆنترۆڵ کردنی دۆخەکە، بە بیانوی «گەڕان بە درێژی و پانی کوردستان بۆ ئەوەی لە مەودای جێبەجێکردنی ئەو ئۆتۆنۆمیە داهێنراوە دڵنیا بێت»( سێر ئارنۆڵد ویڵسن، ل ١٨٥) مێجەر نوئێل لە شێخ مەحمود دورخرایەوە. لە هەل و مەرجێکی وادا دەبو بریتانیا بە پەلە بڕیارێک بدات. ئەدمۆندز دەڵێ:
«ئینگلیز لەم دۆخەدا دوو جۆر سیاسەتی لەبەردەمدا بو، یەکەمیان ئەوەبو بڕیارێکی یەکلایەنە بدەین و خەڵکەکەی پێیان خۆش بێت، یان ناخوش، کەرکوک و سلێمانی بخەیەنە سەر حکومەتی عیراق. بەڵام ئەم هەنگاوە پێشێل کردنێکی ئاشکرای ئەو بەڵێنانە بو کە لە پەرلەمانی بریتانیا بە کوردەکان درابو کە کوردەکان ناچار ناکرێن بچنە ژێر رکێفی دەوڵەتێکی عەرەبییەوە.
رێگای دوەمیش دانانی حکومەتێکی راستەوخۆ لە جێگەی حکومەتێکی ناڕاستەوخۆ لە رێگەی کەسایەتییەکی دیاری کورد کە بتوانێ پشتیوانی زۆرینەی خەڵک بۆ خۆی دابین بکات».( سیسیل جی ئەدموندز، ل ١٣٤.)
دیارە ئینگلیزەکان لە سەر سیاسەتی دوەم گیرساونەتەوە، بۆیە بۆ پراکتیزە کردنی ئەو سیاسەتە لە سەرەتادا ویستیان حەمدی بەگی بابان لە بەغداوە بهێننەوە و ئەو ئەرکەی پێ بسپێرن، بەڵام ناوبراو تەنانەت زمانی کوردیشی نەدەزانی، چ جای ئەوەی بتوانێ خەڵک لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە. دواتر چوونە سەر سەید تەهای کوری محەمەد سدیق نەوەی شێخ عوبیدوڵڵای نەهری، بەڵام مێجەر نوئێل لەسەر دانانی رازی نەبو.
ویڵسن بۆ راستکردنەوەی دۆخەکە، (مێجەر سۆن)ی لە جێگەی نوئێل کرد بە حاکمی سیاسی سلێمانی. سۆن پێشتر بە شێوەی نهێنی لە سلێمانی و هەڵەبجەدا ژیابو، بەوە بەناوبانگ بو کە دژی بنەماڵەی بەرزنجییەکان و خودی شێخ مەحمود بوو
لەبەر ئەوەی ئەم کاراکتەرە بە جیا لە حاکمە سیاسیەکانی دیکەی ئینگلیز رۆڵێکی سەرەکی هەبوە لەو قۆناغەی کە بریتانیا سلێمانی داگیر کردوە، هەروەها لە بەر جیاوازی تێڕوانینی ئەو کەسانەی لە گەڵیدا بوون، بۆیە نەختێک لە سەر کەسایەتییەکەی دەوەستین.
(کابتن لاین) یەکێک لەو ئەفسەرانەی کاری لە گەڵدا کردوە بەم شێوەیە باسی ئەو دەکات
«ئەفسەرێکی بەتوانا بو، شارەزایەکی باشی زمانی فارسی بو، پشتگیرییەکی بەهێزی ئەوانە بو کە سەربەخۆیی کوردستانیان لا پەسەند بو».( کابتن لاین ل٦٣.)
ناوەڕاستی مارسی ١٩١٩ سۆن گەیشتە سلێمانی. بە هاتنی سۆن پەیوەندی نێوان شێخ مەحمود و ئینگلیزەکان ئاڵۆزی زیاتری بە خۆوە بینی و ناکۆکییەکان زیاتر قوڵ بونەوە.

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …