Home / بەشی مێژووی كورد / لە پیرەمەگروونەوە … بۆ دڵە زیندووەکەی نیشتمان.!

لە پیرەمەگروونەوە … بۆ دڵە زیندووەکەی نیشتمان.!

لە پیرەمەگروونەوە … بۆ دڵە زیندووەکەی نیشتمان.!

FB_IMG_1468948432861

کامەران سوبحان

(١)

ئێواران بە جلوبەرگێکی شیک و پۆشتە و ڕێکپۆشەوە، لە وەزیرییەوە دەهات بۆ شەقامی ڕەشید و بە بەردەم مزگەوتی (سوڵتان عەلی) دەهاتە خوارەوە تا دەگەیشتە دوکانەکەی (بەشیر موشیر) بە هەردوو بەری شەقامەکەدا چەندین هاوڵاتی دەستی سڵاویان بۆ بەرز دەکردەوە. ئەو تاقانە کوردە، یان دەتوانین بڵێین کەم کورد هەبوو هێندەی ئەو لە بەغدای پایتەختی عێراق ناسراو بێت و هاوڵاتی بە رێزەوە سڵاوی بۆ بکەن. ڕەنگە ئەمەش بۆ پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی ئەو بگەڕێتەوە کە لە چەندین کابینەی حکومەتی عێراقدا وەزیر و کاربەدەست و ئەندامی (مەجلیسی ئەعیان-پەرلەمان)بووە، ئەمە جگە لەوەی نووسیارێکی دیاری ئەو کات و قۆناغە بووە، کە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا وتار و بابەتی لەسەر زمان و مێژوویی نەتەوەو ڕەگەز و ئاینە جیاوازەکان دەنووسی. ئەوەی بەلای ئەوەوە جێگەی بایەخ و گرنگی پێدان بوو، ئەو ئێوارەیەی کە لە دوکانی بەرگدرووەکەی (بەشیر موشیر) چ باسێک گفتوگۆی لەسەر بکەن و ئاڕاستەی دانیشتنی ئەو ئێوارەیان بەرەو کوێ بڕوات. بەدەم ئەم بیرکردنانەوە وردە وردە تۆفیق وەهبی نزیک دەبوویەوە لە دوکانەی بەشیر موشیر، کە ئەو کات دەیان کەسایەتی و ڕۆشنبیر و سیاسەتمەداریی کورد و نەتەوەکانی تری لێ دادەنیشتن و بابەتی جیاوازیان لێ باس دەکرد. هەندێ جار قسەی قۆشمە و گاڵتەجاڕیش بەشێکی دانیشتنەکانی دەبرد.

ئەو ئێوارەیە کە تۆفیق وەهبی گەیشتە دوکانە، هەریەک لە (فواد عارف و ئەمین زەکی بەگ و  مەلا جەمیلی ڕۆژبەیانی) دانیشتبوون و چاوەڕێی گفتوگۆی ئەو ڕۆژە بوون.

دانیشتن دەستی پێکرد، لە سلێمانییەوە بۆ پیرەمەگروون، لەوێشەوە بۆ چوارتا و پێنجوێن و زێوێ، هاتنەوە بۆ ئاکرێ و زاخۆ و قەڵای هەولێر و دواتر چەمچەماڵ و قەرە هەنجیر و کەرکوک. ناوی ئەم شارانە لە مێژوودا چۆن هاتوون و چۆن باسکراون. تۆفیق وەهبی باسی کتێبەکەی خۆی کرد لەسەر (ئاڵتون کۆپری) لە مێژوودا چۆن ئەم ناوە هاتووەو کێ بەکاری هێناوە. دواتر هەر ئەو ئێوارەیە باسی وشەی عەرەبی و پیتی لاتینی و پیت و وشە و زاراوە لێکچووەکان کرا. بەشیر بەدەم سەرقاڵبوونی کاری خۆیەوە، جار جار سەری هەڵدەبڕی و قسەیەکی فڕێ دەدایە کۆبوونەوەکەو هەندێجاریش دەیکردە گاڵتەو گەپ. مەلا جەمیلی ڕۆژبەیانی هاتە سەر وشەی کەرکوک و پێکهاتە و ناوی ئەو شارە. هەمو چاوەکان ڕوو لە لێوانی مەلا جەمیل بوو کە بەڵگەکانی لەسەر کوردستان بوونی ئەو شارە دەخستە ڕوو. چونکە دێرزەمانە و لەسەرەتای لکاندنی پارچەکانی ئەم وڵاتە بەیەکەوە، مەرامی سیاسی لەسەر دزینی ناو و شوناسی کوردستان بوونی ئەو شارە بووە.

تۆفیق وەهبی بەدەر لەوەی وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی درێژەی دەدا بە قسەکانی، ئەو ئێوارەیە زۆر باسی کتێبەکەی خۆی کرد لەسەر (ئاڵتون کۆپری) ناوی کتێبەکەش هەر ناوی شارۆچکەکە بوو. دواتر لە باسی کەرکوک و بنەچە و بنەمای ناوەکەی، باسی نووسینێکی خۆی کرد بە ناوی (لێبوونەوەى ناوى کەرکووک -اشتقاق اسم کرکوک)دەستی بە گێڕانەوە کرد و هەمو هۆش و ئەندێشەیان لای وتەکانی ئەو بوو.” من بۆ بنەچەی ناوی کەرکوک، پەنا بۆ فەرهەنگە کۆنە مێژووییەکان دەبەم. پێم وایە ناوى کەرکووک بە ناوێکی بچووک کراوە هاتبێت کە بە پاشبەندى(UK)بە دواى ناوى “کەرەک”وە دروست بووبێ. ئەم پیتە دەچێتەوە سەر پیتى(KA)ى هیندى- ئێرانى کۆنی(1500پ.م) ناسراوە، کە لە زمانی (ئاوێستایی)ی و لە فارسیى کۆندا لە شێوەت جیاوازدا بەکارهێنراوە بۆ دروستکردنی ناوى ئاوەڵناو، بەڵام ئێستا لە زمانەکاندا گۆڕاودان و بەشێوەی جیاواز بەکار دێن.”

بابەتەکە وشک و ئاڵۆز بوو، هەمو حەزیان دەکرد کۆتایی بە وتوێژی ئەو ئێوارەیەیان بێنن کە لە جامخانەی دوکانەکەی بەشیرەوە سەیری دەرەوەیان کرد. خۆرئاوابوونیان کرد، زانییان خۆر بە هێمین نیشتووە و تاریکی شەو خۆی بەسەر بەغدایە پەخش کردووە. کۆبوونەوەی ئەو ئێوارەیە بە بینینی ئەو دیمەنە تاریکیی و چۆڵییەی شەقامەکان کۆتایی هات.

 

 

(٢)

تۆفیق وەهبی، بەشێکی زۆری تەمەنی بۆ ساغکردنەوەی وشە و زمانناسی کورد تەرخان کرد و ژمارەیەکی زۆر کتێبی بە زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزیی لەسەر بنەچە و ئاین و بیروباوەڕیی کورد و ناوی شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان و گرد و دەشتاییەکانی نووسی. لە گۆڤاری (پێشکەوتن) ژمارە(8) ی نیسانی 1958، بابەتێکی لەسەر هەڵکەوتە و شوێنی سلێمانی بڵاوی کردۆتەوە و بەم شێوەیە باسی دەکات: (ئەگەر لە ملەی تاسڵووجەوە هەڵبگەڕێین بە شاخەکەی خۆرهەڵاتیدا‌ بچنە تەپڵەسەرێکی بەرز و ڕووبکەنە ڕۆژهەڵات، چاوتان دەکەوێ بە کێو و شاخ‌ و دەشتایی، کە سروشت بە هەموو تەڕ دەستیی خۆیەوە ڕازاندوویەتیەوە و ڕەنگاوڕەنگی کردووە. بە گشت ئەو ڕەنگانە کە چاو دەگەشێننەوە و فەرەحی دەبەخشن بە دڵ، ئەوێ بەشێکە لە نیشتمانی کورد، کە شاعیر و ئەدیبەکانی، بە (کوردستانی) ڕەنگین ناوی دەبەن. لەوێ دەشتاییەکی فراوان درێژ دەبێتەوە لە باکوریی خۆراوە بۆ خۆرهەڵات، خۆرهەڵاتی ئەم دەشتاییە، کە ناوی (دەشتی سلێمانی)یە….. ئەگەر وردتر بڕوانن، ڕاست ئاقاری خۆرهەڵات لە پەراوێزی بناری شاخی گۆیژە یەکێکە لەو ڕیزە شاخانەی سنووری دەشتەکە، شارێک بەدی ئەکەن، ئەمە سلێمانییە، ئەم شارە دڵە زیندووەکەی نیشتمانی کوردە. سلێمانی شارێکی تازەی کوردستانە و یادگاریی ئیبراهیم پاشای بابانە.)

ئەم نووسیارە کوردە، دواتر لە ساڵی ١٩٣٠ بۆ کەمتر لە ساڵێک بوویە موتەسەڕیفی ئەم شارە، بەڵام بەهۆی ڕاپەڕینەکانی ڕەشی ئەیلول دەسەڵاتدارانی ئەو کات دووریان خستەوە بۆ لوبنان. دواتر لە چەند کابینەیەکی حکومەتی عێراقدا بوویە سەرهەنگی سەربازیی باڵا و وەزیری (مەعاریف و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئابووری وڵات) و پاشتریش بە ئەندام لە (مەجلیسی ئەعیان-پەرلەمان). لەساڵی ١٩٥٨ عێراقی جێهێشت لە بەریتانیا نیشەجێ بوو، تا ڕۆژی مردنەکەی لە ساڵی ١٩٨٤ نەهاتەوە بۆ وڵات. لە دواساتی کۆچی دوایی داوا دەکات لە بەرزایی چیای پیرەمەگروون لەنزیک گۆڕی پیاوچاکێکی وەک(پیرەمەگروون) بنێژێرێت، بۆ ئەوەی هەمیشە لە بەرزایی چیاوە چاوی لە زێدی لەدایکبوونی خۆی و شارە خۆشەویستەکەی بێت کە خۆی ناوی برد بە شارە دڵە زیندووەکەی نیشتمانی کوردان.

بەدەر لە سلێمانی، لەبارەی زۆر شوێن و جێگەی گرنگ و مێژوویی تری کوردان، نووسین و وتارو کتێبی هەیە، لەبارەی (چوارتا و کەرکوک و تاسڵوجە و ئاڵتون کۆپریی و دەرگەزێن و شارەزوور) و زۆر جێگەی تر، شیکاریی وشە و ناوی شوێنەکەی کردووەو لە مێژوودا چۆن هاتووەو چۆن باسی لێکراوە شیکردووەتەوەو بۆچوونی خۆی لەبارەوە خستووەتە ڕوو، هەمو ئەم باسانە لە کۆکراوەی کۆ بەرهەمەکانیدا بە زمانی عەرەبی و بەشێکی بە کوردی لە بنکەی ژین چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

لە کتێبی (سخرة‌ من دربند بازیان الی تاسلوجة‌) باسکردنی بنەچەی وشەی (پیرەمەگروون)ە. تۆفیق وەهبی شیکار و وردەکاریی زۆری لەو نووسینەدا خستووەتە ڕوو، باسی بنەچەی کێوی پیرەمەگروون دەکات و دەڵێت:(کێوی پیرەمەگروون، دەبێ وەکو هەموو کێوێکی مانەندی خۆی، لە دەوری بەرددا پەرسترابێ، قوربانی پێشکەش کرابێ ‌و سوێندی بەسەر خورابێ، هەرچەند خوایەتییەکەی لە دەوری تاریخیدا لێیداکەنراوە، بەڵام موقەدەس تەماشاکراوە. مادەکان لە سەدەی حەوتەمی پێش میلادەوە، لە جەژنی سەری ساڵیاندا، لە جەژنەکانی گەڕانەوەی بەهار و هاوینیاندا، لە جەژنی نۆبەرەی سەوزی پاڕانەوە بۆ باران لە پاییزدا، بۆ ڕزگاربوون لە بێ بارانی ‌و نەبوونی ‌و نەخۆشیی داگیرکەر و نەخۆشی تر، بۆ پاڕانەوە بۆ مناڵ بوون‌ و نەمردن، بۆ پاڕانەوە بۆ دووربوون لە دوژمنی داگیرکەر، بۆ پیرۆزیی بەسەر دوژمندا، سەر دەکەوتنە تەوقە سەری پیرەمەگروون ‌و قوربانییان پێشکەش دەکرد. وا دەردەکەوێ کە پیرەمەگروون دەمی خۆی پەرستراوە، دەمێ بۆتە پەرستگا بۆ پەرستنی ئاسمان‌ ‌و دەمێ بۆ(ئاگر، ئاو) لە سەردەمی ئیسلامیشدا بۆتە جێی مەرقەدی شەخس‌ و پیر، کەوا ئێستا مەرقەدی پیرەمەگروونی لێیە. پیرەمەگروون کەوا دیارە، یەکێ بووبێ لە پیرەکانی ئسماعیلیی کۆن، مەرقەدەکەی لەبن قولەی کێوەکەدایە، ژنان دەچنە سەری، قوربانی بۆ سەر ئەبڕن، داوای زگ پڕبوونی لێ دەکەن. دەشێ ئەسڵی ناوەکەی (پیرعەنبەر گودروون) (گوردووە) بووبێ.

 

 

(٣)

عەبدوڵڵا  گۆران و ڕەفیق چالاک، شاعیر و هونەرمەندێکی دیاریی کوردن، لە گەرمەی شەڕی جیهانی دووەمدا، لە ڕادیۆیەکی بەریتانی لە فەلەستین کاردەکەن، ئەم ڕادیۆیە بەدەر لە بڵاوکردنەوەی ئایدیا و وتارە سیاسییەکانی دژ بە نازیزمی ئەڵمانی و فاشیزمیی ئیتاڵی، گرنگی و بایەخی زۆریی بە ئەدەب و کولتووریی ڕۆژهەڵاتی و زمانی کوردی و نەتەوەکانی تر دەدا. هەڵبژاردنی ئەم  شاعیر و هونەرمەندە کوردە لەو ساتانەدا بایەخ و کاریگەریی گەورەی هەبوو، پێشتر نووسەر و مێژوونووسی کورد تۆفیق وەهبی کە بەرپرسی باڵای دەوڵەتی بووە ئەم شاعیر و هونەرمەندە کوردەی بۆ ئەو شوێنە هەڵبژاردووە. . (گۆران)ی شاعیر، ئەو ویستگەیەی کارکردنەی لە ڕادیۆ بە قۆناغێکی پرشنگداری کاری ڕۆشنبیریی خۆی زانیووە، بەتایبەتیش لەگەڵ مرۆڤێکی خوێندەواریی وەک (تۆفیق وەهبی) کە ئینسکلۆپیدیا و فەرهەنگێکی مەزنی وشەسازیی کورد و نووسەر وشوێنناس و کۆنناسی نەتەوەکەی بووە. ڕۆژانە بەدەر لە کارکردنیان لەو ڕادیۆیە لە فەلەستین، (گۆران و ڕەفیق چالاک) پێکەوە گوێیان لە تۆفیق وەهبی دەگرت باسی بنەچە و مێژووی شوێنەوار و ناوی شوێنە جیاوازەکانی کورد و وشەسازیی کوردی بۆ دەکردن. ئەمە جگە لەو بناغە گەورەیەی ڕێزمان و زاراوەی کوردی، کە پێشتر بە کوردی و پاشتر بە عەرەبی داینا و تا ئێستاش ئەو شێوە زمانە نووسینە کوردییەی لە باشوری کوردستان لە نووسیندا پەیڕەو دەکرێت بناغەکەی تۆفیق وەهبی داینا.

(گۆران و ڕەفیق چالاک) هه‌میشه‌ خۆیان به‌ قه‌رزاریی  ئەو ده‌زانی، گۆران خۆی دەیڵێت به‌شێک له‌ به‌رهه‌مه‌ شیعرییە لیریکییەکانم زاده‌ی ژیانی ئەو سەردەمەیە کە لەگەڵ (ڕەفیق چالاک) لە ئێستگەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە فەلەستین کارمان کردووەو ڕۆژانە پێکەوە لەگەڵ تۆفیق وەهبی بەهرەمەند بووین بە وشەی نوێ و زانیاریی نوێ لەسەر زمانی کوردی.

شیعری (جوانی بێ ناو) ئەم شیعرە، یەکێکە لە شیعرە جوان و کاریگەرییەکانی (گۆران) کە تا ئێستاش دەنگدانەوەو کاریگەرییەکی گەورەی لە ئەزموونی شیعریی ئەودا هەیە، لەو قۆناغەدا نووسران کە لەگەڵ تۆفیق وەهبی پێکەوە بوون.

 

قژ کاڵی، لێو ئاڵی، پرشنگی نیگا کاڵ

ئەی کچە جوانەکەی سەرگۆنا نەختێک ئاڵ

ئەی کچە مەنگەکەی بە دەنگی چپە دوو

گەندەمووی دەمو چاو،مەچەک هەڵنەگرتوو

ئەی ئەندام وردیلەی، نەرمۆڵەی، ئێسک سووک

ئەی بەرگی ساکارت دڵگیرتر لە هیی بووک

ڕاستە من ڕێبوارم، سەر پێی ئەڕوانم

بەلام وا جوانی تۆ کاری کرد لە گیانم

ئەڵێی، نەک هەر ئێستا،عومرێکی درێژە

بەو دەست و پەنجانە برینم ساڕێژە

ئەی کچە کاڵەکە،جوانی تر با زۆر بن

لە باغچەی بەهارا گوڵباخی بەر خۆر

 

(٤)

لە نووسینێکدا بەناونیشانی “بنەچەی کوردان و زمانیان” بەعەرەبی نووسیویەتی، لە کۆ بەرهەمەکانیدا بڵاوکراوەتەوە. لەم نووسینەدا تۆفیق وەهبی بنەچە و کۆمەڵێک زانیاریی گرنگی مێژوویی و لێکچوون لەگەڵ زمان و دیالێکتە کۆنەکانی ئێران و زمانی کوردی بەراورد دەکات. لە زمان و دیالێکتی زمانی کوردیدا هەمو شێوە زارو دیالێکتەکانی کرمانجیی خواروو و سەروو و هەورامی و گۆرانی و زازا باس دەکات و بەراورد و خاڵی لێکچوون و جیاوازیان لەگەڵ زمان و شێوە زاریی بلوچی و فارسی نوێ و فارسی کۆن و زمانی ئاڤێستایی و میدیایی باس دەکات.

لەباسی ئاین و بیروباوەڕیی کۆنی کوردانیشدا، پێش ئیسلام و ئاینە یەکتاپەرستەکانی تر، لە نووسینێکدا بە ناوی (ئاینی کۆنی کورد) زۆر زانیاریی گرنگی خستووەتە ڕوو. بەتایبەتیش لەسەر ئاینی زەردەشتی و بیوراباوەڕی پێش زەردەشتییەکان، ئاماژە بە ناوی (داسن) دەدات، کە ناوی کۆنی ئاینی ئێزیدییەکان. ئەم ناوەش بە بۆچوونی تۆفیق وەهبی لەو نووسینەدا لە بنەڕەتدا لە ناوی (دە ئێڤە یەسنا) وە هاتووە، ماناکەی واتە (دە ئێڤە پەرستان) دە ئێڤە بەو خواوەندانی پێش درووستبوون و هاتنی ئایینی زەردەشت دەووترا، کە ئاینی زەردەشتی هات وپەرستنی خواکانی تری نەهێشت، بەڵام هەندێک لەسەر بیرو باوەڕی کۆنی خۆیان مانەوە و هەر بەردەوام خواوەندی(دە ئێڤە)یان دەپەرست، ئەو کەسانەی لەسەر ئەم پەرستشە مانەوە، زۆریان خەڵکی ناوچەکانی کوردستانی ئێستا بوون، کە (ئێزیدییەکان) بوون و توانییان پاش ململانێ و هێرشێکی زۆر، پارێزگاریی لە بیروباوەڕەی ئاینی خۆیان بکەن.

 

(٥)

یەکێک لەو پڕۆژە ڕۆشنبیرییانەی ژیانی کە زۆر دڵی پێخۆش بوو، نووسین و ئامادەکردنی فەرهەنگێکی (ئینگلیزی- کوردی)بوو لە ساڵی ١٩٦٢ لە لەندەن بە هاوبەشی (ئیدمۆنز) ڕاوێژکاریی بەریتانی لە عێراق ئامادەیان کرد. ئەو فەرهەنگە تا ئێستاش بە یەکێک لە بەرهەمە گرنگ و دانسقەکانی تۆفیق وەهبی دەژمێرێت. لەبارەی ئەو فەرهەنگەوە دەڵێت (ئەگەر ئینگلیزەکان ئێمەیان دابەشکرد و داگیرکەرمان بوون، لازمە ئەولادی کورد زمانەکەیان فێر بێت، ئەگەر ڕزگارکەرمان بوون و هێمای دەوڵەتی بەهێز و پێشکەوتوون لە دونیادا، هەر دەبێت ئەولادی کورد زمانەکەیان فێر بێت، ئەم فەرهەنگە هاوبەشەی من و ئیدمۆنز بە هەردوو زمانی (کوردی و ئینگلزی) ئەو ئامانجەی هەیە و هیچی تر.!

ئەمەش ھەندێک لە بەرھەمە چاپکراوەکانییەتی و بەشێکی زۆریشی دەستنووسن و تا ئێستا چاپ نەکراون:

بەرهەمە چاپکراوەکانی بە کوردی:

• وتاری کوردییەکەمان بە چۆن حرووفێک و چۆن بنووسین؟ – دیاریی کوردستان، ١٩٢٥

• دەستووری زمانی کوردی – بەغدا، ١٩٢٩

• خوێندەواریی باو – بەغدا ١٩٣٣

• قسنێک لە کوردستان – بەغدا ١٩٤٧

• فەرھەنگی کوردی – ئینگلیزی (A Kurdish-English dictionary) – بە ھاوبەشی لەگەڵ ئەدمۆنز (Cecil John Edmonds) ، لەندەن ١٩٦٥

بەرهەمە چاپکراوەکانی بە عەرەبی:

• رجعیة‌ المانیا و عبادة‌ القوة‌ – به‌غدا 1942

• الاصل و الاستطراد فی اصل معنى بغداد – به‌غدا 1950

• قواعد اللغة‌ الكردیة‌ ج (1) – بیروت 1956

• قواعد اللغة‌ الكردیة‌ ج (2) – بیروت 1956

• التون كوبري – به‌غدا 1956

• سخرة‌ من دربند بازیان الی تاسلوجة‌ – به‌غدا 1956

• حول مقال مسئوولیة الادیب الكردي للاستاذ عبدالمجید لطفي – به‌غدا 1973

بەرهەمە چاپکراوەکانی بە ئینگلیزی:

• ئەشکەوتی گندۆک – بەغدا ١٩٤٩

• پاشماوەی میسرازئیەکان (ئێزدییەکان) لەندەن ١٩٦٢

• خوێندنی کوردی – بەشی یەکەم لەندەن

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

215091752015_11

شوێنەوارەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایی میرنشینی بابان

   شوێنەوارەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایی میرنشینی بابان شوێنەوارەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایی میرنشینی بابان لەبەردەم هەڕەشەی داڕوخانو لەناوچووندان! …