Home / بەشی مێژووی كورد / پوخته‌ی ڕوداوی تیرۆركردنی دوكتۆر قاسملۆ‌ و گومانلێكراوانی ڕوداوه‌كه‌:

پوخته‌ی ڕوداوی تیرۆركردنی دوكتۆر قاسملۆ‌ و گومانلێكراوانی ڕوداوه‌كه‌:

پوخته‌ی ڕوداوی تیرۆركردنی دوكتۆر قاسملۆ‌ و گومانلێكراوانی ڕوداوه‌كه‌:

ئاماده‌ كردن و وه‌رگێڕانی: اركان احمد جاف. ماسته‌ر له‌ مێژوو.

اركان احمد جاف
دوای چه‌ند خول له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نیوان نوینه‌رانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) و نوێنه‌رانی كۆماری ئیسلامی، كۆبوونه‌وه‌ی سێیه‌م له‌ 13/ 7/ 1989 له‌ باله‌خانه‌یه‌ك له‌ ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا ئه‌نجام ده‌درێت، كه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، دوكتۆر قاسملۆ و دوان له‌ یاوه‌رانی تیرۆر ده‌كرێن، كه‌ بریتی بوون له‌: عبدالله قادری ئازه‌ر، جێگری دوكتۆر قاسملۆ. محمود فاچیل ڕه‌سول، ئه‌ندامی یه‌كیتی نیشتیمانی كوردستان. وه‌ هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌ نوێنه‌رانی ئێرانیش به‌ ناوی محمد جعفر شاهرودی (صحرا رودی) بریندار ده‌بێت و گوله‌یه‌ك به‌ر مل و چه‌ناكه‌ی ده‌كه‌وێت. شاهرودی ده‌برێته‌وه‌ بۆ ئێران و له‌ 27/ 7 له‌ چاوپێكه‌وتنێكی له‌ ته‌له‌فزیۆنی دا له‌ یه‌كێك له‌ خه‌سته‌خانی تاران، دوای ئیدانه‌ كردنی ئه‌و كاره‌، بكوژانیش به‌ تیرۆریست ناو ده‌بات و به‌ڵێن ده‌دات كه‌ به‌ ته‌واوی هاوكاری پۆلیسی نه‌مسا بكات. ته‌له‌فزیۆنی فه‌ڕمی ئێرانیش ڕایگه‌یاند كه‌ پێشتر دووجار شاهرودی و قاسملۆ پێكه‌وه‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌ و ئه‌م كۆبوونه‌وه‌ی سێیه‌میش له‌سه‌رداواكاری قاسملۆ ئه‌نجام دراوه‌، ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ش به‌مه‌به‌ستی چۆنیه‌تی ده‌ركردنی فه‌رمانێكی لێبوردنی گشتی بووه‌ بۆ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی كه‌ دژی ئێران جه‌نگاون.
گومانی زۆر له‌سه‌ر پشتی په‌رده‌ی ئه‌م تیرۆر كردنه‌وه‌ هه‌یه‌‌، تا ئێسته‌ش یه‌كێكه‌ له‌ پرسیاره‌ وه‌ڵام نه‌دراوه‌كان و هێشتا له‌ داگاكانی نه‌مسادا یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ گومان لێكراوان و بۆچوونه‌كان به‌م شیوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه‌:
یه‌كه‌م: ده‌وڵه‌تی ئێران: دوای تیرۆر كردنی قاسملۆ، (حدكا) به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌ و ئێرانی تاوانباری یه‌كه‌م له‌ كوشتنی قاسملۆ ناو برد. ده‌وله‌تی عێراقیش لای خۆیه‌وه‌ ئێرانی تاوانبار كرد. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ پۆلیسی نه‌مسا به‌ هۆی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خیرای شاهرودی بۆ ئێران و ڕێگه‌ نه‌دانی سه‌فاره‌تی ئێران به‌وه‌ی كه‌ پۆلیسی نه‌مسا چاوی به‌ ئه‌میر منصور بزرگیان كه‌ كوردێكی ئێرانیه‌، بكه‌وێت و ناوبراو كات و شوینی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ڕێك خستبوو، گومانی له‌ ده‌وڵه‌تی ئێران هه‌بوو. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا بوو كۆمه‌ڵه‌ی ئێران، كه‌ له‌گه‌ڵ (حدكا) و ده‌وڵه‌تی ئێرانیشدا له‌ شه‌ڕدا بوون، ده‌وڵه‌تی ئێرانی به‌ بێ تاوان ده‌زانی.
دووه‌م: ده‌وڵه‌تی عێراق: له‌ماوه‌ی جه‌نگی نیوان عێراق و ئێراندا، حدكا و به‌ تایبه‌تی خودی دوكتۆر قاسملۆ، په‌یوه‌ندیه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق دا هه‌بوو. به‌ڵام دوای كیمیاباران كردنی هه‌له‌بجه‌ له‌ 16/ 3/ 1988، قاسملۆ ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕیت و په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ عیراق دا ده‌بچڕێنێت، بۆیه‌ ده‌وترێت كه‌ ده‌وله‌تی عێراق به‌رنامه‌ی تیرۆر كردنی قاسملۆی داناوه‌.
سێیه‌م: موجاهیدینی خه‌لق: حدكا و موجاهیدین په‌یوه‌ندیه‌كی توندوتۆڵیان له‌گه‌ل حكومه‌تی عێراقدا هه‌بوو. هه‌ردولا ئه‌ندامی كارای به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ناسراو به‌ (شورای مقاومت ملی) بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ پشت كردنی حدكا له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق و ڕوكردنه‌ ئێران به‌ زیانی گه‌وره‌ بۆخۆیان ده‌زانی، هه‌ربۆیه‌ بڕیاری له‌ناوبردنی قاسملۆ ده‌ده‌ن پێش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران ڕێك بكه‌وێت.
چواره‌م: حدكا: ناكۆكیه‌كی توند له‌نێو ڕێزه‌كانی (حدكا) دا هه‌بوو، به‌ره‌ی دژبه‌ری قاسملۆ، به‌رده‌وام به‌وه‌ تاوانباریان ده‌كرد كه‌ سازش بۆ ئێران ده‌كات. هه‌ربۆیه‌ ده‌یانووت: قاسملۆ، ڕابردووی شۆڕشگێری خۆی فیدای هه‌ڵوێستی شازشكارانه‌ كردووه‌ و دانوستانیان له‌گه‌ڵ ئێران دا به‌ هه‌ڵه‌ی سیاسی ده‌زانی. هه‌ربۆیه‌ پیلانی كوشتنی قاسملۆیان داڕشتووه‌.
هه‌رچۆنێك بێت: تیرۆركردنی قاسملۆ گورزێكی كوشنده‌ بوو به‌ر خه‌باتی ڕزگاریخوازی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌وت. ئه‌م بابه‌ته تیرۆر كردنه‌ش،‌ هێشتا له‌ دادگاكانی وڵاتی نه‌مسادا ماوه‌ته‌وه‌ و به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی كه‌ ڕۆژێك بێت، یه‌كلایی بكرێته‌وه‌ و بكوژانی قاسملۆ به‌ته‌واوی ئاشكرا بكرێن.
.

بۆ زانیاری زیاتر بڕوانه‌: نادر انتصار: سیاست كردها در خاورمیانه‌، ت. عرفان قانعی فرد. ص86- 90.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About كه‌یفی عمر

Check Also

14485246-660x330

بەژداریکردنی هۆزی هەرکی لە شۆڕشی سمکۆی شکاکدا

  نوح رۆژهەڵاتی هۆزی هەرکی بەدرێژایی مێژووی و کوردستان و ناوچەکە پیاوانی ئازاو سوارچاک و …