Home / مێژووى جیهان / ئایا پۆلیسی نەمساوی دەستی هەبوو لە تیرۆرکردنی قاسملۆ

ئایا پۆلیسی نەمساوی دەستی هەبوو لە تیرۆرکردنی قاسملۆ

ئایا پۆلیسی نەمساوی دەستی هەبوو لە تیرۆرکردنی قاسملۆ

FB_IMG_1468308371188

نوسینی:علی سیرینی

(خوێندنەوەیەک لە کتێبەکەی کاڕۆڵ پڕانهوبەر)
پێش چەند ڕۆژێک لە خوێندنەوەی کتێبی:
The Passion and Death of Rahman the Kurd، Dreaming Kurdistanبوومەوە. ئەم کتێبە لە نوسینی ڕۆژنامەڤانی ڤەنزوێللی کارۆڵ پڕانهوبەرە. لە ڕۆژانی ڕابردوو، پەیوەندیم کرد بە کاڕۆڵ و چەندین پرسیارم ئاراستە کرد. پێم باش بوو خوێنەری کورد بە خوێندنەوەیەک لەم کتێبەدا ئاگادار بکەمەوە و تیشکیش بخەمە سەر هەندێک لە وەڵامەکانی کاڕۆڵ، کە داوام لێیکرد ئەم پرسیار و وەڵامانە بڵاو بکەمەوە، بەڵام ئەو پێی باش نەبوو بڵاو بێتەوە چونکە ڕاستیەکەشی من یەکەم جار کە پرسیارەکانم بۆی نارد، بە ناوی ئەوە نەبوو بڵاوی بکەمەوە. من 29 پرسیارم ئاراستەی کاڕۆڵ کرد و هەموو پرسیارەکانی وەڵام دایەوە. بەڵام من تەنها تیشک دەخەمە سەر وەڵامەکانی ئەو، دوای پێشکەشکردنی خوێندنەوەیەک لە کتێبەکەیدا.
ئەم کتێبەی ناوبراو، یەکێکە لەو کتێبە گرنگانەی دەربارەی ئەم دۆسیە نوسراون. ئێستا لە ئالوگۆڕدام لە گەڵ دەزگایەکی بڵاوکردنەوەی لوبنانی بۆ تەرجومەکردنی ئەم کتێبە بۆ زمانی عەرەبی. ڕۆژێک پێش ڕوداوی تیرۆرەکەی 13/7/1989، دکتۆر قاسملۆ میزاجی خۆشساز بووە، چونکە ڤیزای ئەمریکای وەرگرتبوو، هەروەها هیواشی هەبوو، گفتوگۆی لە گەڵ ئێرانیەکان سەربگرێ. لەگەڵ دوو ئەندامانی حزبەکەی لە ڤیەننا، کە خێزانەکانیان نەمساوین، دەچنە چێشتخانەیەک لە بەرزاییەکانی ڤیەننادا، بۆ خواردنی نیوەڕۆ. قاسملۆ پێشتر بە نوێنەرانی خۆی لە نەمسا گوتووە کە کەس ئاگادار نەکەنەوە، کە ئەو لە ڤیەننایە، کەچی ڕۆژی 13ی 7ی 1989، دەوروبەری ئێوارە کاتێک قاسملۆ دەرچووە بۆ دیداری ئێرانیەکان، بە مەبەستی گفتوگۆ، پانزە کەس لە نوسینگەی حزبی دیموکرات لە ڤیەننا چاوەڕێی دکتۆر قاسملۆ دەکەن بۆ ئەوەی سعات 4ی ئێوارە بیبینن! ل 18
هەروەها هەفتەیەک پێش هاتنیی بۆ ڤیەننا، قاسملۆ چەند کەسایەتیەکی فەڕەنسی و نەمساوی بەم سەفەرەی ئاگادار دەکاتەوە. پاشان حکومەتی نەمساوی دەزانێ قاسملۆ لە ڤیەننایە و ڕۆژی تیرۆر کردنەکەی سەردانی وەزارەتی ناوخۆی نەمسا دەکا بەڵام ناتوانێت دکتۆر ماتزکا بیبینێ کە ئاسانکاری کردبوو تا قاسملۆ ڤیزای نەمساوی وەربگرێ. ل17
لە نێوان سعات 7 تا سعات 7.20 ی ئێوارە تاوانەکە ڕوو دەدات. دکتۆر قاسملۆ سێ گوللەی لێدەدرێ. فازڵ ڕسول پێنج گولله و عەبدوڵلا قادری ئازەریش یانزە گولله، واتە کۆی نۆزدە گوللەیان بەرکەوتووە، کەچی پۆلیسی نەمساوی تەنها چواردە قەوانی فیشەکی لە ژورەکەدا دۆزیوەتەوە! ل17
رێنێتا، ئەو ئافرەتەیە، دکتۆر فازڵ کلیلی شوقەکەی لێوەرگرتبوو بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی نێوان قاسملۆ و ئێران. بەڵام ڕێنێتا بۆ گەشت و گوزار دەچێتە میسر! ل 19 بە دواوە.
سەحڕارودی کە بریندار دەبێ لای پۆلیس دەسگیر دەکرێ. بوزرجیانیش هەروەها. ئنجا قازی (مایکڵ دانیک) لە 20/13 دەچێتە خەستەخانە بۆ بینینی سەحرارودی. پۆلیس ئاوێنەی شکاوی ماتۆڕسایکلێک و کلیلەکە و فۆرمی فرۆشتنەکەشی لە نێو تەنەکەی زبڵدا دۆزیەوە. فرۆشیار دەدۆزرێتەوەو دەبردرێتە خەستەخانە، چەندین وێنەی جیای پیشان دەدەن بۆ ئەوەی بڵێ کامیان ماتۆڕسایکلەکەی کڕیوە، ئەویش سەحڕارودی دەناسێتەوە و پەنجە دەخاتە سەر وێنەکەی ئەو. بەڵام سەحرارودی هەر بەردەوام دەبێ و ئینکاری ئەم مەسەلە دەکا! ل 27، هەروەها لە لاپەڕە 24 بەدواوە.
ئیفادەی بوزرجیان و سەحرارودی بە هیچ شێوە تێک ناکەنەوە و ناکۆکن. بەڵام دادگای ڤیەننا هەردووکیان ئازاد دەکا و بوزرجیان گەڕایەوە ئێران و لە 22/13 سەحرارودی لە گەڵ چەند دیپلۆماتێکی ئێرانی ڕەوانەی ئێران کرایەوە. ل 27، 28 و 29
مستەفەوی یەکێک بووە لەوانەی تەقەی کردووە و سێ کوردی کوشتووە، هەر نەبینرایەوە. هەر زوو جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند کە مستەفەوی ئازادانە لە نێو شەقامەکانی تەهران پیاسە دەکات. شایەنی باسە ژنەکەی مستەفەوی کوردە و بارزانیە! ل 29، 233
جەلال تاڵەبانی لە لایەک دەڵێ “قاسملۆ دەبوایە بزانێ کاتێک ئێران ئێمەی یەکێتی وەلا نا لە گفتوگۆکە مەبەستیان لەناوبردنی قاسملۆ بوو” بەڵام لە لایەکی تر دەڵێ “قەت خەیاڵم نەدەکرد ئێران بیەوێ قاسملۆ بکوژێ”!! ل 202، 218، 220 و 222
قاسملۆ گوێ نادا بەو هەموو ئاگادار کردنەوانەی پێی گوتراوە. بەڵکو چەند جارێک بە پێکەنین و شۆخیەوە ئەم ئاگادار کردنەوانەی بەرێکردووە! ل 11، 12، 13 و 35
پۆلیسی نەمساوی هەوڵ دەدا فێڵ لە سەرۆکی پێشووی جەزائیر ئەحمەد بن بیللا بکا. پۆلیس بە بین بیللای گوتووە، بەپێی تۆمارکراوێک قاسملۆ داوای کردووە تۆ لە گفتوگۆ ئامادەبیت و ئێرانیش نەیویستووە. پۆلیس لێی دەپرسن ئایا تۆ لە شوێنی تاوانەکە ئامادە بووی؟ ئایا فارسی قسە دەکەیت؟! ئنجا بین بیللاش دەڵێ: کوا تۆمارکراوەکە؟ پۆلیسەکان تەماشای یەکتری دەکەن و دەڵێن: تۆمارکراوەکە وجودی نیە!! لێرەدا بین بیللا زۆر توڕە دەبێ و بە پۆلیس دەڵێ ئێوە لە گەڵ ئێرانیەکان بەشداریتان کردووە و ئەوان چەکیان لە ئێوە کڕیوە! ل209 و 210
بەنی سەدر دەڵێ، زانیاریمان هەیە لە ئێرانەوە کە قسە لە نێوان پاسداران کراوە، بە ئامادەبوونی پێشەوای پاسداران موحسین ڕەزا، کە یەکێک پرسیاری کردووە بۆ فازڵ ڕەسولیان کوشت؟ پێشەوای پاسدارانیش دەڵێ چونکە فازڵ مونافیق بوو، لە گەڵ ئۆپۆزۆسیۆنی ئێرانی کاری کردووە دژ بە ئێمە! ل 211
تاڵەبانی ددان بەوە دەنێ کە لە خولەکانی پێشووتر لە ڤیەننا ئەندامانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پاسەوانی شوێنی گفتوگۆکە بوونە و هەمووشیان چەکدار بوونە! ل 219
هەروەها تاڵەبانی دەڵێ: کورد نهێنی پێ ناپارێزرێ!! ل 222
بەنی سەدر دەڵێ: فازڵ تەلەفۆنی بۆ کردم کە زۆر مەشغولەو دەیەوێ بێتە پاریس بۆ ئەوەی من ببینێ، بەڵام گوتی کۆبوونەوەم هەیە، بەڵام بە هیچ شێوە باسی ئەوەی نەکرد گفتوگۆ لە نێوان قاسملۆ و ئێران هەیە. فازڵ لە ژێر زەختی هەر دوو لا بوو، چونکە گەر نهێنی دڕکاندبوایە تۆمەتی خیانەتیان دەدایە پاڵ. ل 210، 211، 224 و 225
ئازاد ئەندامی حزبی دێموکرات و جێی متمانەی قاسملۆ، وەک ئەوەی قاسملۆ پێی گوتبوو ئێوارە بێت بە شوێنی، کە دەچێت، دەبینێ ئەو ناوە پڕە لە پۆلیس. هەست دەکا شتێک ڕوویداوە. دەچێتە شوێنەکەو پۆلیس دەیبەنە ژووری شوقەکەی ڕێنێتا، دەبینێ سێ لاشە سارد و سڕ کەوتوون لە خەڵتانی خوێندا. بەڵام ئەو شێواز و وێنەیەی ئازاد پاش ماوەیەکی کەم لە کاتی ڕوودانی ئەم تاوانە دەیبینێ، زۆر جیاوازە لەو وێنانەی دواتر پۆلیس نیشانی ئەو و کەسیتری داون!! ل214 و 215
ئەو کاسێتانەی پۆلیسی نەمساوی پاش چەند ساڵێک لە ڕوودانی ئەم تاوانە، ڕادەستی حزبی دیموکراتی کردوون، زۆر جێگای گومانن. کاسێتەکان لە گەڵ چۆنیەتی تاوانەکە یەکناگرنەوە. ئنجا لێرە پرسیار دێتە کایەوە: ئایا دکتۆر قاسملۆ ئەو کاسێتانەی ڕێکۆرد کردووە یان ئێرانیەکان، یان پۆلیسی نەمساوی؟!
هەر چەندە کاڕۆڵ بە تێر و تەسەلی باسی ئەم بابەتەی کردووە، بەڵام بابەتەکە پرسیاری زۆری لای من وروژاند بۆیە چەند پرسیارێکم ئاراستەی کاڕۆڵ پڕانهوبەر کرد ئەویش لە وەڵامی پرسیاری بیست و چوارەمیندا گوتی: ئەم پرسیارانە بێ وەڵام دەمێنێنەوەو هەندێکیان هەر ناتوانرێ وەڵامیان چنگ بکەوێ چونکە تازە ماوەیەکی زۆر تێپەڕیوە بە سەر ئەم ڕووداوە. بەڵام هەندێکیان پەیوەستن بە لێکۆڵینەوە و پشکنینی ڕەسمی گەر بکرێ، هەندێک وەڵامی ئەم پرسیارانە وەدەست دێن. کاڕۆڵ لە وەڵامی پرسیارەکە ئایا خۆی گوێ بیستی کاسێتەکان بووە؟ دەڵێ: نەخێر، بەڵام هیلین کڕۆڵیچ بێوەژنی قاسملۆ بە نوسراویی دەقی کاسیتەکانی نیشان داوە. هەروەها لە وەڵامی ئایا ڕاستە لە کاسێتی سێیەم دکتۆر قاسملۆ پرسیار دەکا بۆ تاڵەبانی نەهاتووە؟ ئێرانیەکانیش دەڵین ئێمەش نازانین! کاڕۆڵ دەڵێ: من ناتوانم ئەم پرسیارە وەڵام بدەمەوە دەربارەی تاڵەبانی!!
بەڵام با سەیرێکی کتێبەکە بکەین. لە لاپەڕە 237 ەوە لە ژێر ناونیشانی “وتوێژ” کاڕۆڵ بە تێر و تەسەلی باسی ئەم کاسێتانە دەکات.
کاڕۆڵ دەڵی: ئەو کاسێتانەی لە ناو جانتای قاسملۆدا دۆزراونەتەوە، پێدەچێ دەستکاری کرابن و هەمان کاسێت نەبن کە ئەو ڕۆژە ڕێکۆرد کراون! ل 237
بەڵام خۆ ئێرانیەکان و کوردەکان لە سەر ئەوە ڕێک کەوتبوون نهێنی بپارێزن. چۆن قاسملۆ توانیویەتی کاسێت ڕێکۆرد بکا بە تایبەتی لە کاتێکدا کاسێتێک تەواو بووە پێویستی بە گۆڕین هەبووە؟!
وا دەردەکەوێت هەندێک شوێنی کاسێتەکان سڕاوەتەوە! ل 237 تا 250 و ل 252 و253
ئنجا لە بابەتی “گەوزان و ناڵەی سەر زەوی” لە لاپەڕە 251 ەوە بە تایبەت ل 253 فازڵ ڕەسول باسی مەسەلەی کات دەکا و قاسملۆش لە وەڵامدا دەڵێ: سبەی دوای نیوەڕۆ باسی هەر مەسەلەیەک دەکەین حەز بکەیت. یەکێک داوای زیاتر کات دەکات، یەکێکیش دەڵێ گرنگ نیە یا دەڵێ کات مەسەلەیەک نیە. لێرەدا فازڵ دەڵێ دەتوانین بەردەوامی بە گفتوگۆ بدەین تا درەنگی ئێوارە. قاسملۆش بە سوعبەت پێی دەڵێ: بۆ خواردنی شێوان دەعوەتمان دەکەیت؟ فازڵ وەڵام دەداتەوە: گەر ئێوە هەمووتان حەز بکەن، پاش ئەوەی تەواو دەبین دەتوانین بچین بۆ شوێنێک. قاسملۆ دەڵێ: باشە، نان و پەنیر دێنین و لێرە نان دەخۆین! پاشان قسەو باس دەبیسترێ.. فازڵ قسە دەکا… کاسێتەکە دیسان سڕاوەتەوە… فازڵ بە شێوازێک قسە دەکات وەک بڵێی بۆ برادەرانێک مەسافە لە نێوانیان هەیە… بە کاک لە گەڵ قاسملۆ و قادری ئازەر دەدوێ…پاشان قاسملۆ دەربارەی گفتوگۆ دەڵێ قەبولمە… فازڵ دەڵێ بۆ ئەوەی بزانین (بۆ گفتوگۆ) چی دەکەین…
کاڕۆڵ دەڵێ: ئەگر ئەم کاسێتانە ڕاست بن خۆ دەبێ لێرەدا پێنج چرکەیەک هەبێ دەنگی هەنگاوەکانی پێ و قاچی تۆمار کردبوایە… کەچی نە دەنگێک دەبیسترێ، نە هاوارکردنێک و نە هاوارێکیش… ئایا ئەم سێ کوردە هێشتان زیندوون لە کاتێکدا کاسێتەکە ئەم بێ دەنگیە تۆمار دەکا؟ پاش پێنج چرکە تەقە دەست پێدەکات، بەڵام لە کاسێتە کە تەنها دەنگی سێ چوار تەقەیەکی دەنگ خامۆش (کاتم ێوت) دێ. لێرەدا لە پشتەوەی (باکگڕاوند) کاسێتەکە چەند دەنگێکی نەناسراو بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێ، بە فارسی قسە دەکەن و بە پێکەنین دەنگەکان ناوبڕ دەکرێن و یەکێک دێ بە زمانی ئەڵمانی قسە لە گەڵ ئەوانیتر دەکات!! ل 251 تا 255
ئنجا با ئێمەش ئەم پرسیارانە لێرەدا بکەین: ئەم دەنگە ئەڵمانیە هی کێیە لە باکگڕاوندی کاسێتەکە دەبیسترێ؟ بۆ کاسێتەکان چەندین جار تێک دراون و پچڕاون؟ بۆ دەنگی هاوار و شەڕ نایێت؟ 19 گولله لە قاسملۆ و هاوڕێیانی دراون و کەچی دەنگی تەنها 3-4 گوللەیەکی دەنگ کپکراو دێ، بۆ؟ کێ ئەم کاسێتانەی لە نێو جانتای قاسملۆ داناون؟ بۆ پۆلیسی نەمساوی دوای چەندین ساڵ ئەم کاسێتانەی ئاشکرا کرد و لە ساڵی 1997 لە لۆمۆند دیپلۆماتیک بڵاو بوویەوە؟ بۆ ڕێنێتا ئەو کات نەمسا جێدەهێڵێت و دواتریش کە گەڕایەوە دەعوەتی سەفارەتی ئێران دەکرێ؟!
ئەوە ماوە بڵێین، لەم کتێبەدا هاتووە کە نەمسا نەیهێشتووە دکتۆر سادق شەڕەفکەندی بێتە نەمسا!! ل 271
ئنجا قاچاغچیەکی چەک و تەقەمەنی کە ئەڵمانیە، لە کاتی گیرانیدا لای پۆلیسی ئیتاڵیا ساڵی 2009 لە “تریستێ” ددانی بەوە ناوە کە لە هەفتەی یەکەمی مانگی هەفتی 1989 نیو دەرزەن چەکی سوکیی بردووەتە ناو باڵوێزخانەی ئێران لە ڤیەننا و بەردەوام پەیوەندی لە گەڵیاندا هبووە. لە کاتی بردنی چەک لە هەفتەی یەکەمی مانگی تەمموزی 1989 لە کۆبونەوەکەدا سێ کەس ئامادە دەبن یەکێکیان زۆر بە تەئکید ئەحمەدی نەژاد بوو!! ل 274
پێش ئەم ڕووداوە نەمسا بازرگانی زۆری هەبووە لە گەڵ ئێران و چەکیان بە ئێران فرۆشتووە. دواتر بازرگانیکردنەکە زیاتر بووە. دادگاش ملی بۆ حکومەتی نەمسا کەچ کرد.
ئەم بابەتە ئاوی زۆری دەوێ. لە کتێبێکدا بە وردی باسی دەکەین.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

2017031608070171

40 ساڵ به‌سه‌ر جه‌نگی میسر و سووریا دژ به‌ ئیسرائیل تێپه‌ر ده‌بێت

لە ٦/١٠/١٩٧٣ جەنگ لە هەردوو بەرەی سوری و میسری دەستیپێکرد، سوپای میسری توانی لە هەمان …