Home / بەشی مێژووی كورد / ئیمپراتۆرییای ماددەکان، کێ بوونء چۆن ھاتن و چیان کرد؟

ئیمپراتۆرییای ماددەکان، کێ بوونء چۆن ھاتن و چیان کرد؟

kurdish zardasht8

ماد ناوی نەتەوەیەکە کە لەھەزارەی یەکەمی پێش زایینی مەسیح کۆچیان کرد بۆ رۆژئاوای بانەکانی ئێران. مادەکان بناغەی یەکەم پاشاییەتی ئاریائیەکانیان دامەرزان بەشکست پێھێنانی ئاشوریەکان لە٦٠٠ ساڵ پێش زایینی مەسیح، بووە گەورترین پاشایەتی رۆژئاوای ئاسیا. پاشایەتی ماد لەسەردەمی ھەڤەخشترە حوکمڕانی گەورەترین پاشایەتی رۆژئاوای ئاسیای ئەکرد. بەسەر وڵاتانی ئێران، تورکیاو ئەفغانستانی ئەمڕۆ. یەکەم گەورەترین حوکمڕانی بوو کەھەموو نەتەوەکانی ئەو ناوچەیەی خستە ژێر ئاڵایەک. کۆمەڵە ھێرشەکانی ئاشووریەکان بۆ سەر ھەرێمی ماد لە ٨٠٠ ساڵ پێش زایینی مەسیح، ئەو نەتەوەیەی تووشی کێشە کردبوو. ھێرودوت دەنووسێ: “ئاشووریەکان زیاتر لە ٥٠٠ ساڵ حوکمڕانیان کرد لەئاسیادا. یەکەم خەڵکانێک وا بەرامبەری دەسەڵات راوەستان، مادەکان بوون. ئەوان بۆ ئازادی شەڕیانکرد، تێکۆشانء لەبەندەیی رزگار بوون.
پێرست
یەکەم ئاماژەکان لەسەر نەتەوەی ماد لەنووسراوێکی مێژوویی لەکوێستانەکانی کوردستان دۆزرایەوە کەباسی لەھێرشی شڵمانسەری سێەھەمی کردووە. ئەم نووسراوەیە بۆ ساڵی ٨٣٧ پێش زایین دەگەڕێتەوە. مادەکان لەڕەگەزی ھێندو ئەورووپایین کە لەھەزارەی یەکەمی پێش زایین کۆچیان کردووە بۆ ئەو شوێنەی تایفەکانی گۆتییەکان، لۆلۆییەکان، کاسییەکان، ھۆرییەکان لەوێدا نیشەجێبوونء لەوێ گیرسانەوەو دانیشتوانی ئەو ناوچەیەیان لەخۆدا تواندەوە. لەنزیکی شاری ھەمەدان لەئێرانی ئێستادا، بەرزایی ھەگمەتانە کەخاوێن مێژینەی بەقەد مادەکانە واتە لەسەردەمی مادەکان پایتەختی ئەوان بووەو دوای ئەوانیش پایتەختی ھەخامەنشیەکان بووە (ھاوینە ھەوار). گرینگترین نووسراوەکان سەبارەت بەماد لەنووسراوەکانی ھێرودوتدایە کە ٥٠٠ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیح نووسیویەتی. لەتەوراتدا بەکورتی باسی ماد کراوە.
وڵاتی ماد
ماد ناوی وڵاتێکە کە ئەو خەڵکەی بەماد ئەناسرێن لەوێ گیرسانەوە. وڵاتی ماد دوو بەش بووە. ئازەربایجانی ئێستای ئێرانء بەشێک لەتورکیای ئێستا مادی بچووکء بەشێک لەعێراقء پارێزگاکانی کوردستانء ھەمەدانء کرماشانء لۆڕستانی ئێستا مادی گەورە بوون. پایتەختی ماد لەڕابردوودا ھەگمەتانە بووە دوایی بەئەکباتان ناوی گۆڕدرا. ئەو قەومە لەکوێستانەکان گیرسانەوەو لەبەرد مس، ئاسن، نۆقرەو زێڕو مەڕمەڕیان بەدەست ئەھێنا. لەتەختاییەکانیشدا کشت‌وکاڵیان ئەکرد.
سنووری خاکی ماد
سنووری خاکی ماد لەباکوورەوە رووباری “ئاراس”و لوتکەکانی چیای ئەلبورز لەخوارووی دەریای خەزەر، لەڕۆژھەڵاتەوە دەشت شۆرەکاتەکانی دەشتی “کویر”و لە ڕۆژئاواو خواروەوە زنجیرە چیاکانی زاگرۆسەو لەکەناری خوارووی دەریاچەی ورمێء دەوروبەری چەمی “جەخەتو”و ئەو رووبارانەی کەشانبەشانی ئەو دەڕۆن، ئەم ناوچەیە لەسەدەی نۆیەمی پێش زاییندا ناوی “زاموای” ناوخۆ بووە.
تیرەکانی ماد
وەک زانیارییە مێژوویەکان پێمان دەڵێن ٣ تیرە لە٦ تیرەکەی یەکیەتی ماد واتە بوسیەکان، ستروخاتیەکانء بودیەکان، بەشی کوردەکان بووەو ٣ تیرەکەی تر بریتی بوون لەئاریزانتیەکان (پیاو ماقووڵەکان) کە لەنزیکی کاشانی ئێستای ئێران ئەژیانء مۆغەکان کە لەنێوان شاری مەراغەو رەی ئێستای تاراندا دەژیانء لەکۆتاییدا پارتاکانیەکان ئەو خەڵکە بوونء لەئەسفەھانی ئێستادا ژیانیان ئەبردە سەر. وەک نووسراوە یۆنانیەکان دەڵێن تیرەی ستروخاتیەکان کە بەساگارتی ناویان دەبردرێ لەکرماشانی ئێستادا بوون کەناوی یۆنانی کراوەکەی یانی زاگرۆس بۆ زنجیرە کوێستان ئەو ناوچە داندرا.
پێکھاتنی پاشایەتی ماد
وەک یۆنانیەکان باسیدەکەن دوای ھێرشە پڕھێزو دڕندانەکانی ئاشورییەکان بۆ سەر خەڵکی ماد، دەوروبەری ساڵی ٧٠٨پێش زایین، رابەرێک لەتیرەکانی ماد کەناوی دیاکۆ دەبێ، لەلایەن نوێنەرانی یەکیەتی تیرەکان، بۆ دامەزراندنی حکومەتی ناوەندی ھەڵدەبژێردرێت. بەیەکگرتنەوەی تیرە بەربڵاوەکانء رێکەوتن لەسەر یاساکانی ناودەوڵەتی، حکومەت پەرە ئەسێنێتء ھەگمەتانە بە پایەتەختی خۆیان دائەنێن.
پاشاکانی ماد
دیاکۆ (٧٠٨ تا ٦٥٥ی پێش زایین) ٥٣ساڵ درێژەی ھەبووە.
فرەڤەرتیش (٦٥٥ تا ٦٣٣ی پ.ز.) ٢٢ساڵ درێژەی ھەبووە.
ھەڤەخشترە (٦٣٣ تا ٥٨٤ی پ. ز.) ٤٩ساڵ درێژەی ھەبووە.
ئەژیدەھاک (٥٨٤ تا ٥٥٠ی پ. ز.) ٣٤ساڵ درێژەی ھەبووە.

دیاکۆ
نزیکەی ٧٠٠ ساڵ پێش لەزایین لەنێو مادەکاندا کەسایەتییەک دەژیا بەناوی دیاکۆ کە لەلای ھەموو مادەکانەوە رێزێکی تایبەتیی ھەبوو. دیاکۆ مرۆڤێکی باشو ناسیاوو تێگەیشتوو ھەڵکەوتەی گوندەکەی بوو. خەڵک کەلێزانیء تێگەیشتووییء دادوەریی دیاکۆیان دیبوو بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتء کێشەو ئاژاوەکانیان ھانایان دەبردە بۆ ئەو. دیاکۆ بوو بەخۆشەویستی ھەمووانء ناوبانگی داخست، وای لێھات کە لەبەر دادگەریء پیاوچاکییەکانی لەلایەن خەڵکەوە داوای لێکرا کەببێ بەسەرۆکء پاشایان. ئەویش کەپشێویء بەربڵاویء ھەتەرانء تەتەرانی ناوچەکە ئازاری دەدا، بەداخوازییەکەیان قاییل بوو بڕیاریدا مادەکان لەدەوری یەک کۆکاتەوەو لەوان نەتەوەیەکی یەکگرتوو ھاوبەش پێکبێنێ.
لەیەکەم ھەنگاودا داوایکرد لەخەڵک کەواز لەجودایی بێننء لەدەوری یەکدا کۆبنەوەو فەرمانیدا کەپایتەختێک ساز کەن. ئەوە بوو کەشاری ئیکباتانیان سازکرد. شارەکە حەوت شوورەی بازنەیی بەدەوردا کێشرابوو ھەر شوورەیەک لەویتر بەرزتربوو بارەگای شاو خەزێنەکانی لەنێو ئاخرین شوورەکەدا بوو. چێوەی دیوارە دەرەکییەکانی زۆر لەدیوارەکانی ئاتێن پایتەختی یۆنان دەچوو. رەنگەکانی ئەو شوورە حەوتەوانانە بەڕیز بریتی بوون لەسپی، ڕەش، ئەرخەوانی، شینء نارنجی. لەسەربانی دوو شوورە دوایینەکە، یەکێکیان بەزێوو ئەوی دیکەشیان بەزێڕ داپۆشیبوو.
بەشاری ئیکباتان، ھەگمەتانەش وتراوەو ئەوڕۆکە پێیدەڵێن ھەمەدان. دیارە بەدرێژایی زەمان ھەموو شتێکی لێ سڕیوەتەوەو بۆنء بەرامەی مادەکانی لێنایە، بەتایبەت کەپاش مادەکان ئەو شارە ھەمیشە لەدەستی ناحەزانی ماد بووەو ھەرچی شارستانیەتی ئەو شارە بووبێ سڕیویانەتەوە یان بۆ خۆیان بردوویانە.
فرەڤەرتیش
فرەڤەرتیش پاش دیاکۆ دەسەڵاتی گرتە دەستء بۆ ماوەی ٢٢ ساڵ لەنێوان ساڵانی ٦٥٥ و ٦٣٣ حوکمی گێڕا. لەکاتی ھاتنە سەرتەختی فرەڤەرتیش، ھۆزی سەکا کەتیرەیەکی شەڕانیء جەنگاوەر بوون لەدەوروبەری زەریای ورمێدا دەژیان. پارسەکانیش لەباشوور دەژیان. فرەڤەرتیش ھەردەم ھەوڵی دەدا کەسنوورکەی ئیمپراتۆریی ماد بەربڵاوتر بکا، ئەوە بوو ھێرشی بردە سەر پارسەکانء مەڵبەندەکەیانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیء قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریی مادی بەرینتر کرد، بەڵام ئەو لەخولیای ئەوەدا بوو کەھێرشیش بەرێتە سەر ئیمپراتۆریی ئاشوورو کۆتایی بەزۆڵمء ستەمی ئاشووریەکان بێنێء گەلێ نەتەوە کەناچار بوون باجء پیتاکء سەرانە بەئاشووریەکان بدەن لەژێری ئەو بێدادییەدا ڕزگار بکات.
سوپایەکی گرانی کۆ کردەوەو بەرەو نەینەوا پایتەختی ئاشوووریەکان کەوتە ڕێ. ھەواڵ گەیشتە ئاشووریەکان، ئەوان لەپێشەوە بەرپەرچی مادەکانیان دایەوە. سەکاکانیش کە لەدەوروبەری زەریای ورمێدا دەژیانء ھاوپەیمانی ئاشووریەکان بوون، سوپایەکی گرانیان لەپشتەوە خستەڕێ بۆ ھێرشبردنە سەر مادەکانء پشتیوانی لەئاشووریەکان. ماوەیەکی دوورودرێژ گەلێ شەڕی قورسء گران لەو نێوەدا کرا. مادەکان کەوتبوونە گەمارۆی سەکاکانء ئاشووریەکانەوە.
لەیەکێ لەو شەڕانەدا لەساڵی ٦٣٣ی پێش زایین فرەڤەرتیش کوژراو دەوڵەتی ماد کز بوو سەکاکان کەھەلیان بەلەبار دەزانی کەوتنە داگیرکرتنء تاڵانکردنی مەڵبەندی مادەکان. ئەوان نزیکەی ٢٨ ساڵ ھەتەرانء تەتەرانیان لەوڵاتی ماددا دەکردو کەوتبوونە کوشتوبڕی مادەکان.
ھەڤەخشترە (سیاگزار) یانی (کەیخەسرەو بەکوردی)
پاش کوژرانی فرەڤەرتیش، کوڕەکەی کەناوی ھەڤەخشترە یان بەکوردی کەیخەسرەو بوو دەسەڵاتی گرتە دەست. دیارە ئەو کێشەی زۆری لەگەڵ سەکاکان ھەبوو. ھەڤەخشترە پێشەوایەکی لەبارو لەبەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا سەرکردەیەکی بێ ‌وێنە بوو. ئەو بۆ ئەوەی کەبتوانێ بەرەنگاری سوپای دوژمن بێت، سوپایەکی ڕێکوپێکی کۆکردەوەو پسپۆڕانە مەشقی پێدەکردن. سوپایەک بریتی بوو لەسوارەو پیادە. سوارەکانیان شانیان لەشانی سوارەکانی ئاشووری دەداو پیادەکانیان لە تیرھاویشتن بێ وێنە بوونء بەتیرو کەوانء نێزە چەکدار بوون.
لەبەر ئەوەی کەوڵاتی ماد جێگەیەکی لەبار بۆ پەروەردەی ئەسپ بوو مادەکان ھەر لەمنداڵییەوە شارەزای ئەسپ‌سواریء تیرھاویشتن بوون، کاری ھەڤەخشترە ئاسانتر دەبوو بۆ پێکھێنانی سوارەیەکی خاوەن ئەزموون. ھەڤەخشترە توانیی جەنگاوەرانی ئازاو بەجەرگی وا بار بێنێ کە لەھیچ شتێ نەترسن. ھەر بەیارمەتی ئەو سوپا نەبەزە توانی سەکاکان کەدەمێکبوو لەوڵاتی ماددا کەوتبوونە تاڵانء کوشتوبڕ تێک بشکێنێء لەوڵات وەدەریاننێ. بەوجۆرە تۆڵەی باوکیء وڵاتە تاڵانکراوەکەی مادی لەسەکاکان کردەوە.
پاشانیش لەگەڵ نەبوو پۆلاسار پاشای بابل کەپێشتر بەیارمەتی مادەکان سەربەخۆیی خۆیان بەدەستھێنا بوو، یەکی گرتء بەسوپایەکی گرانەوە ھێرشی بردە سەر ئاشووریەکانء شاری نەینەوای لە ٦١٢ی پێش لەزاییندا گرت کەپایتەختی ئاشووریەکان بوو. ساراکوس (سەنا خەریب) کەپاش مەرگی ئاشوور بەنیپال ببووە پاشای وڵاتی ئاشوور، کە دی بەرگەی مادەکان ناگرێ ئاگرێکی گەورەی ھەڵکردو خۆیء خاوو خێزانی خستە ناو ئاگرەکەو بەوجۆرە چرای تەمەنی ھەزار ساڵەی ئیمپراتۆریی ئاشوور کوژرایەوە.
لەسەردەمی ھەڤەخشترەدا وڵاتی ماد گەلێک پەرەی سەند. ھەڤەخشترە بەتێگەیشتووییء زانایی خۆی خزمەتی گەورەی بەمادەکان کرد. ئیمپراتۆریی ماد لەسەردەمی ئەودا زۆر بڵاوو بەرین ببوەوە.
ھەڤەخشترە لەساڵی ٥٨٤ی پێش زایین کۆچی دواییی کرد.
ئەژیدەھاک (ئاستیاگ)
پاش ھوڤخشەترە، کوڕەکەی کەناوی ئاستیاگ بوو دەسەڵاتی گرتە دەست. ئەویش نزیکەی ٣٤ ساڵ دەسەڵاتداریی کرد. لەسەردەمی ئەودا وڵاتی ماد ھێمنء کڕوکپ بوو. ئاستیاگ بەلاساییکردنەوەی پاشایانی ئاشووری بارەگای دروستکردو خەڵکێکی زۆر تێیدا کەوتنە کارکردن. دەربارییەکان جلی ڕەنگاوڕەنگیان لەبەر دەکردو لەڕێوڕەسمء بۆنە تایبەتییەکاندا زنجیرو ملوانکەی زێڕینیان دەکردە مل.
ئاستیاگ کچێکی ھەبوو بەناوی ماندانا، ئەم کچە درابوو بەمێرد بەیەکێ لەسەرکردەکانی پارس لەباشوور. ئەویش دواجار کوڕێکی دەبێ کەناوی دەنێن کوورش. کاتێ کوورش گەورە دەبێ خۆی بەپارسێکی تەواو دەزانێء بڕیاریش دەدا کەوڵاتی ماد داگیر بکات.
سوپایەک کۆدەکاتەوەو بەسیاسەتیش خۆی لەبابلییەکان نزیک دەکاتەوەو داوایان لێدەکات کەپێکەوە ھەڵمەت بەرنە سەر ئیمپراتۆریی ماد. بابلییەکانیش کەدەمێکبوو لەحەسرەتی (ھاران)دا بوون کەڕێگای ھاتوچۆی نێوان سووریاو بابل بوو لەژێر دەستی مادەکاندا بوو، دەبن بەھاوپەیمانی پارسەکانء دوو قۆڵی ھێرش دەبەنە سەر وڵاتی مادو پاش گەلێ شەڕی قورسء گران، ئاستیاگ کەزۆریش بەتەمەن بوو پاشاو سەرکردەی سوپای ماد بوو، لەلایەن پارسەکانەوە بەدیلی دەگیرێء چەمەسەری زۆر دەبینێ. بەوجۆرە دەسەڵاتداریی مادەکان دەکەوێتە دەستی پارسەکانء کوورش دەتوانێ حکوومەتی ھەخامەنشیەکان بۆ یەکەمجار دامەزرێنێ. بەوجۆرە ئیمپراتۆریی ماد لەساڵی ٥٥٠ی پێش لەزاییندا سەرەوژێر دەبێ.
ململانێی مادو لیدیا
ململانێی نێوان ئیمپڕاتۆریەتی مادو ئیمپڕاتۆریەتی لیدیا (کە لەباکوری خۆرئاوای تورکیای ئێستا دەسەڵاتی ھەبوو) لەسەردەمی پاشایەتی کەیخەسرەو دەستی پێکرد دوای ئەوەی کەیخەسرەوی پاشای ماد بەھاوپەیمانێتی بابل توانی ئیمپڕاتۆریەتی ئاشور لەناوببات ئینجا دەستی کرد بەفراوان کردنی سنووری دەسەڵاتی بەم جۆرە دەسەڵاتی بەرەو باکوری خۆرئاوای تورکیای ئێستا ھەڵکشا، دواتر ھێزەکانی ئیمپڕاتۆریەتی ماد ھێرشیان بردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لیدیا بەم جۆرە شەڕ لەنێوان ئیمپڕاتۆریەتی مادو ئیمپڕاتۆریەتی لیدیا ھەڵگیرسا، پاش پێنج ساڵ جەنگ ھیچ لایەک نەیتوانی سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بەدەست بێنێت. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لەدوا شەڕی نێوانیاندا خۆرگیران ڕوویدا ھەردوولا ئەمەیان بەموعجیزەیەکی خوایی زانی ھێزەکانی ھەردوو لەشەڕ کردن کشانەوەو پاشەکشەیان کرد دواتر بەپێی پەیمانێکی نێوانیان رووباڕی ھالیس بوو بەسنووری نێوانیان. ھەرچەندە شەڕی نێوانیان کۆتاییھات، بەڵام ململانێی نێوانیان ھەر بەردەوام بوو تا ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی مادو لەسەردەمی ئاستیاگ یاخود ئەژدەھاکی کوڕی کەیخوسرەویش ململانێکە ھەر بەردەوام بوو بەو ھۆیەوە ئیمپڕاتۆریەتی لیدیا بەرەو لاوازی دەچوو ئیپڕاتۆریەتی مادیش توانی چەند شارو ناوچەیەک لەئیمپڕاتۆریەتی لیدیا داگیر بکات، بەڵام ڕووخانی ئیمڕاتۆریەتی ماد بەدەستی ھەخامەنشیەکانەوە کۆتایی بەو ململانێیە ھێنا، دوای ڕووخانی ماد لیدیاش زۆر لاواز ببوو بەھۆی ململانێکەی لەگەڵ ماد بەوھۆیەوە ھەخامەنشیەکان ھێرشیان بردەسەر لیدیاو ئەو ئیمپڕاتۆریەتەشیان ڕووخاندء ئیتر ململانێکە کۆتایی ھات.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

215091752015_11

شوێنەوارەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایی میرنشینی بابان

   شوێنەوارەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایی میرنشینی بابان شوێنەوارەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایی میرنشینی بابان لەبەردەم هەڕەشەی داڕوخانو لەناوچووندان! …