Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی هاتنی جولەكەكان بۆ كوردستان

مێژووی هاتنی جولەكەكان بۆ كوردستان

culeke

ئامادەكردنی: زانا عومه‌ر

زۆربەی مێژوونوسان باسی ئەوەیان كردووە كەكۆنترین بوونی جولەكە لەكوردستانی عیراقە، كەبۆ یەكەمجار سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی سەدەی 8ی پ.ز، ئەم مێژووەش هاوكاتە لەگەڵ ساڵی 626 پ.ز كەئاشورییەكان جوییەكانیان بەدەست بەسەری هێناوە بۆ كوردستانی عیراق، ئەوەی زیاتر ئەو بۆچونەی ئەوان رەتدەكاتەوە ئەوەیە كە لەكتێبی تەوراتدا هاتووە كەكۆچكردنی ئیبراهیم خەلیل سەلامی خوای لەسەر بێت، فەرمانێكی خوایی بوو كەبچێت بۆ فەڵەستین لەگەڵ سارای خێزانی‌و لوگی برازای، عەرەبەكان زیاتر سیاسیانە بیردەكەنەوەو پێیانوایە كەریشەی جوو نابێت بگەڕێتەوە بۆسەر ئیبراهیم خەلیل سەلامی خوای لەسەر بێت، لەنەوەی ئەوبن.

سەبارەت بەكاتی هاتنی جوله‌کەكان بۆ كوردستانی عیراق سەرچاوەکان زۆر رێكنین لەسەر هاتنی جوله‌کەكان بۆ كوردستان، هەندێكیان دەڵێن ریشەیان دەگەڕێتەوە بۆ بەدیلگرتنیان لەلایەن پاشای بابلییەوە‌و هەندێكی تریشیان ریشەی هاتنی جوییەكان بۆ كوردستانی عیراق دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی پاشای (شلمانەسر) لەساڵی 721 (سەنماری) 702 پ. ز، كەژمارەیەكی زۆریان هێنا بۆ كوردستان، لەم بارەیەوە ئەحمەد سوسە دەڵێت: ״كۆنترین بوونی جوو لەكوردستانی عیراق دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی (911 – 6129 پ.ز) كەهەموو ناوچەكانی هیلال خەسیب‌و میسر خستبوویە ژێر دەسەڵاتیان هەر ئەمەش هانی دان كەدەستبگرن بەسەر مەملەكەتی ئیسرائیل‌و خەڵكەكەی بهێنن بۆ ناوچە شاخاوییە دوورەكانی كوردستان״.

هەروەك لەسەرەوە ئاماژەمان پێكرد زۆربەی مێژوونوسان دەڵێن ریشەی جولەکه‌كانی كوردستان‌و عیراق دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی سەدەی 8و سەرەتای سەدەی 7ی پ.ز، ئەم سەدەیەش هاوتایە لەگەڵ مێژووی بەدیلگرتنی جوله‌که‌و هێنانیان بۆ كوردستان، بەڵام هەندێك سەرچاوەی تر باسی ئەوە دەكات كەمێژووی هاتنی جولەكەكان بۆ كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 8ی پ.ز ئەم ماوەیەش ئاشووریەكان حكومیان كردووەو ئەوەی یارمەتی پاشاكانی ئاشوریدا بۆ دەستبەسەرگرتنیان ئەو ناكۆكی‌و جیابونەوەیە بوو لەدەوڵەتی ئیسرائیلدا روویدا، لەم كاتەدا شلمانەسر (859 – 822) هەستا بەهێرشكردنە سەر ئیسرائیل‌و توانی 25 هەزار لەجوولەكان بەدیلبگرێت‌و بیانهێنێت بۆ كوردستان، دوای ئەویش (سەرجۆنی دووەم 705-722) هێرشی كردە سەریان‌و ژمارەیەكی تری هێنا بۆ ناوچە شاخاوییەكانی كوردستان لەدوای ئەم هێرشەش پاشا سەنحاریب سەركردایەتی هێرشێكی گەورە دەكات بۆ سەر ئیسرائیل‌و یەهودا توانی لەم شەڕەدا كۆتایی بەپاشانشینی ئیسرائیل بهێنێت‌ بۆ ناوچە شاخاوییەكانی كوردستان‌و دانیشتوانی ئورشەلیم ناچاردەكات سەرانەیان لێوەرگرێت، ئەمەش بەشەپۆلی دووەمی هاتنی جولەكان دادەنرێت بۆ كوردستانی عیراق.

جگە لەمانەش دوای ئەوەی لەساڵی 509 پ.ز لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی بابل بەدەستی پاشای فارس (كۆرشی یەكەم) لەساڵی داهاتوو كورش هەستا بەهێنانی ژنێكی جوله‌که‌ ئیتر كۆرش رێگایدا بەجوله‌که‌كان كەبگەڕێنەوە شوێنی خۆیان یان لەعیراق بمێننەوە، لەوكاتەی كەوا ژمارەیەكی زۆر گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان لەم كاتەدا رۆمەكان بەسەركردایەتی (تسیتۆ) هەستان بەداگیركردنی فەڵەستین لەم كاتەشەدا ژمارەیەكی زۆر لەجوله‌که‌کان هەڵهاتن بۆ ژێر دەسەڵاتی هاخامییەكان، چونكە ناوچەیەكی بێ ترسبوو ئەمە لەلایەك، لەلایەكی ترەوە میرنشینی حدیان (كەپایتەختەكەی هەولێر) بوو هەستا بەپەنادانی جوله‌کەكان كەهەڵهاتبوون لەدەسەڵاتی رۆمەكان، چونكە ئەم میرنشینە پاشاكەی جووبوو، ئەمەش شەپۆلێكی تری هاتنی جوله‌کەكان بوو بۆكوردستان.

سەرچاوەو بەڵگە مێژووییەكان باس لەوە دەكەن كەجولەكەكان‌و كوردەكان پەیوەندییەكی بەتینیان هەبووەو زۆریش لەگێڕانەوە مێژووییەكان ئەوەیان باسكردووە كەساڵانی زوو بەتایبەتی سەدەی بیست جولەكەیەكی زۆر لەكوردستان بەگشتی‌و شاری سلێمانی بەتایبەتی هەبووە.

كۆچی جولەكەكانی عێراق بەكوردەكانیشەوە لەسەرەتای چلەكان دەستیپێكردوەو 10 ساڵی خایاندوە لەراپۆرتێكی TheTimesofIsraelدا كە لە30 ئەیلولی 2013 بڵاوبۆتەوە، هاتوە كە لەئێستادا نزیكەی 200 هەزار ئیسرائیلی بەرەگەز كورد هەیە.

بەڵگەنامە‌ مێژوییەكان دەڵێن ریچ لەساڵی‌ 1820 هاتۆتە سلێمانی‌‌و ژمارەی‌ دانیشتوانی‌ ئەوكاتەی بە دە هەزار كەس خەمڵاندوە، ״سلێمانی‌ 2000 ماڵی‌ ئیسلام،  120  ماڵی جولەكە، 9 ماڵی‌ دیانی‌ كلدانی،‌ 5 ماڵی‌ ئەرمەنی‌، تیا بووە״.

زۆری ژمارەی جولەكەكان لەسلێمانی بۆ پێگەی ستراتیژی ‌سلێمانی دەگەڕێتەوە لەڕوی بازرگانی‌و ئابورییەوە، چونكە جولەكە بەردەوام بەدوای شوێنی كاریگەری بارزگانیدا دەگەڕێن.

لەیاداشتەكانی شێخ لەتیفدا لە لاپەڕە 41دا هاتووە كەجولەكەكانی كوردستان لەرێگەی نوێنەریان (حاخام میرا)و كەسایەتی مەسیحی دیاری كوردستان لەو سەردەمەدا (كەریمی ئەلەكە) وەك نوێنەری مەسیحییەكان پشتگیریان لەشێخ مەحمودی نەمر كردووە بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی كە لەو یاداشتەدا بۆ كۆنگرەی ئاشتی جیهانی لەپاریس لە 1919/3/20 بەستراوە، ئەمەش بەڵگەیەكە لەسەر تەبایی‌و پێكەوە ژیانی ئاینی لەكوردستاندا.

زۆر كەسیش ئاگاداری ئەوەن كەوەزیری دارایی لەحكومەتی كوردستاندا لەسەردەمی شێخ مەحموددا كەریمی ئەلەكە بووە كە كەسایەتییەكی مەسیحی بووە مرۆڤێكی بەتواناو دڵسۆزو جێگەی متمانەو رێز بووە لەكوردستان و بەتایبەت لای شێخ مەحمود.

جگە لەم هەموو بەڵگە مێژووییانە هەر لەسلێمانی جولەكەكان گەڕەك‌و شوێنی تایبەتی خۆیان هەبووە كەتائێستاش شوێنەوارو ئاسەواری ئەو گەڕەكە ماوە كە بە(جولەكان) دەناسرێت.

(پیرۆ كاكۆ) كوردێكی جولەكە بوو خەڵكی گوندی هەسنەكە بوو لەنزیك زاخۆ، لەساڵی ١٩٥٠ كۆچی كردووە بۆ ئیسرائیل‌و كۆمەڵێك كلتورو دابونەریتی كوردەواری فێری كوڕو كچ‌و نەوەكانی خۆی كردوەو خزمەتێكی چاكی بەكوردانی ئیسرائیل كردووە لەرووی فێركردنی زمانی كوردی‌و كلتوری كوردی بەگەنجان‌و منداڵانی تازە پێگەشتوی كورد لەئیسرائیل.

كاك پیرۆ كاكۆ قسە خۆش‌و نەستەقی ناو كۆڕو دانیشتنی كوردانەی كوردانی ئسیرائیل بوو لەدڵان شیرین بوو لای خەڵك خۆشەویست‌و خزم دۆست بوو هەموو كوردێكی بەكەس‌و كاری خۆی ئەزانی، هیوای وابوو بۆ ١ جاریش بێت بجێتەوە گونەدەكەی خۆیان (دێكەی خۆیان)‌و هەوایەكی كوردستان هەڵبمژێت، سەد مەخابن ئاواتەكەی نەهاتەدی‌و دوو ساڵ بەر لەئێستا لەتەمەنی ١٠٥ ساڵیدا دڵە گەورەكەی لەلێدان وەستاو بۆ هەتا هەتایە ماڵئاوای لێكردین.

بەتەمەنترین جولەكە کورده‌

بەتەمەنترین جولەكە لەجیهاندا كوردەو ناوی (حاخام زەكەریا براشی)ه‌ لەساڵی 1900 لەشاری براشی كەدەكەوێتە نێوان سنووری عیراق‌و توركیاوە لەدایكبووە، ئەو بە بەتەمەنترین جولەكەی كورد دادەنرێت لەجیهانداو ئێستا لەشاری قودس دادەنیشێت.

لەساڵی 1936دا لەگەڵ هاوسەرو منداڵەكانیدا كۆچیان كردووە بۆ فەڵەستین‌و لەو كاتەوە لەقودس دەژی، چەندین ئیشی كردووە، هەروەها یەكێكیش بووە لەدامەزرێنەرانی كۆمەڵەی كوردە جولەكەكان لەئیسرائیل‌و یەكێكە لەدامەزرێنەرانی گۆڤاری جولەكەی كوردستان، لەساڵی 1980دا نازناوی (عەزیزی قودس)ی پێبەخشراوەو ساڵی 2013 بڕوانامەی فەخری وەك بەتەمەنترین هاوڵاتی لەئیسرائیڵ پێ بەخشراوە.

له‌ئاماده‌کردنی ئەم راپۆرتە سود لەچەندین سەرچاوە وەرگیراوە.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …