Home / بەشی مێژووی كورد / ژن و حوكمڕانی

ژن و حوكمڕانی

hgayagga

ژن و حوكمڕانی

مەحمود نەجمەدین

دەشێ‌ لەوتارێكی ئاوەها كورتدا نەتوانین بەوردودرشتی باسی رۆڵی ژن بكەین لەحكومڕانیدا، چوون باسێكی ئاوا لێكۆڵینەوەی ورد و جیدی دەوێت و دەبێ‌ بگەڕێینەوە بۆ شارستانییەتە كۆنەكان كە ژنە ڕۆڵی زۆر گرنگیان هەبووە لەسیاسەت و لەبڕیارداندا، لەمێژووی حوكمڕانیدا دۆخی ژن بەوێستگەی جیاجیادا تێپەڕیوە، بەپێی شوێن و كات گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، لێ‌ بەدرێژایی مێژوو ژنی چاپوك و بەهێز هەبوون كە رۆڵی گرنگیان هەبووە لەحوكمڕانیدا، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ شارستانیەتی سۆمەر و فیرعەونەكان و هەتا سەردەمی ئاینی ئیسلام ژنی زیرەك و چالاك هەڵكەوتوون، و دەوریان هەبووە لەحوكمڕانیدا، بۆ نموونە خەدیجە و عائیشە كە ژنی گەورە و بچوكی پێغەمبەر(محەمەد) بوون، لەسەردەمی خۆیاندا رۆڵی گرنگیان هەبووە لەسیاسەتی ئەو وەخت و زەمانەی دنیای ئیسلامدا، رۆڵی ژن بەدرێژایی مێژوو رۆڵێكی گرنگ بووە و لەم سەر زەمینەی ئێمەدا گەلێك ژنی ئازا هەڵكەوتوون، لەسەردەمی جەنگدا لەناوژناندا ژەنەراڵی وا هەڵكەوتوون بوونەتە جێی سەرسوڕمان. بەڵام بەپێی شوێن و كات ژیانی ژن گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و زۆرجاریش چەوسێنراونەتەوە و لەهەندێك شوێن مافی دەنگدان و شۆڤێریشیان نییە، لە وڵاتانی دەوارنشینی خەلیجی عەرەبی كە ئێستا نەوت كردوونی بەپاشای جیهان هێشتاش ژن كائینێكە وەك كابان، وەك خزمەت چییەكی گیرفان بەتاڵ سەیر دەكرێت، هێشتا چوار چوار مامەڵەیان پێوە دەكرێ‌، ئەمە بە پێچەوانەی هەندێك وڵاتی وەك تونس و لوبنان و میسرو.. ژن رۆڵێكی زۆر گرنگ دەگێڕێ‌ و دەتوانێت مومارەسەی تواناكانی خۆی بكات.

لەهەندێك سەردەمدا یان لەچەند سەدەی پێشوودا ژن ئەو مرۆڤە پەراوێزخراوەبووە، كە هەمیشە وەك كائینێك لەخزمەتی پیاودا بووە، وەك كابانی ماڵ، وەك ئامێرێك بۆ نەوە خستنەوە، لەتەواوی بوارەكاندا ژن دەرفەتی بۆ نەڕەخساوە بچێتە پێشەوە، تاوەكو هێزی خۆی تاقیبكاتەوە، ئەمە نەك هەر لەرۆژهەڵات، بگرە لەرۆژئاوای سەدەكانی رابردووشدا هەر بەو جۆرە بووە، ژن هەمیشە وەك كائینێكی لاواز سەیركراوەو متمانە بەهێزو تواناكانی نەكراوە، تاكوتەرا ژنی خاوەن ئیرادە و بەهێز هەڵكەوتوون، بەڵام وردە وردە دنیای ژن گۆڕا، دەرگا بەڕووی ژندا كرایەوە و گەلێك ژنی چاپوك و خاوەن ئیرادە لەتەواوی بوارەكانی ژیاندا دەركەوتن چ لەبواری رۆشنبیریی و چ لەبواری زانستی و چ لەدنیای سیاسەتدا ژنێلێك هاتنە مەیدان كە توانا و هێزو ئیرادەیان سەرتر بوو لەهی پیاوان، نموونەی ئەو ژنانەی كە جیهانیان سەرسام كرد لەدنیای سیاسەتدا شێرە ژنی وەك ئەندێرا گاندی و سۆنیا گاندی و ئەنجیلا مێركل و هێلاری كلینتۆن و كۆندا لیزا ڕایس و بێنەزیر بۆتۆ و ئونگ سان سوتشی و كریستینا فرناندیز دی كیرشنر و تانسۆ چیلەر و بەهیجە بوران… سەدان ژنی دیكە لەم سەرزەمینەی ئێمەدا بەهێزو ئیرادەیان بۆچوونی دنیا سەبارەت بەژن گۆڕی، سەدەی رابردووش سەدەی ژن بوو، ژنانی خاوەن ئیرادە توانیان هاوكێشەكە بگۆڕن، ئیتر ژن ئەو مرۆڤە لاوازە نییە، كە نەتوانێ‌ مومارەسەی هێزو توانای خۆی بكات.

لەزۆر وڵاتی رۆژهەڵاتدا بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی هێشتاش ژن وەك كائینێكی لاواز سەیر دەكرێ‌، تەنانەت مافی شۆفێریشی نییە، بەڵام لەناو كوردەواریدا جۆرێكی ترە، لەگەڵ ئەوەی دابونەریتی كۆنەخوازی بەربەستبووە لەبەردەم ژنانی كورد، بەڵام كەموزۆر ژن رۆڵی هەبووە، خاتوونی خاوەن ئیرادەو بەتوانا هەڵكەوتوون و لەهاوشانی پیاواندا تێكۆشانیان كردووە، نموونەی ژنی خاوەن دەسەڵات و ئیرادەی وەك قەرە فاتم و پیزە (دایكی خولەپیزە) و عادیلەخان وحەپسەخانی نەقیب ومەستورەی ئەردەڵانی و رابیعە خانی سەرگەورەی نانەواكان لەشاری سلێمانی و فاتیمە خانی رەواندز و ئەنجوم خانمی هاوسەری موستەفا پاشای یامولكی و لەیلا خانمی ژنی شەریف پاشا و فاتیمە محێدێن و گوزیدە خانم و بەهیجە و شەفیقە خانم و حەلیمە خانی هەكاری و خانزاد خانی خوشكی میر سلێمان فەرمانرەوایی میرنشینی سۆران و ناهیدەی شێخ سەلام و مونیرە رەشید سەعاتچی و ئوم عەلی روناك محەمەد مەردان و… چەندان ژنی دیكە كە هەر یەكەیان شێرە ژنی رۆژگاری خۆی بووەو رۆڵی گرنگیان هەبووە لەكوردەواریدا، لێ‌ بەگشتی ژن وەك ئامێرێك سەیركراوە بۆ منداڵ دروستكردن یان بۆ خزمەتی پیاوان، كابانێكی گیرفان بەتاڵی ماڵ بووە، تەنێ‌ وەزیفەی ئەو كارو خزمەتكردنی نێرینەكان بووە، بەڵام لەسەردەمی شۆڕشی نوێی كوردا چ لەباكوور و چ لەباشووردا دۆخەكە گۆڕا، ئیتر ژن لەكوردەواریدا ئەو مرۆڤە لاوازە نییە كە نەتوانێ‌ مومارەسەی هێزو تواناو وزەی خۆی بكات، شۆڕشی نوێی باشوور كە یەكێتی هەڵگیرسێنەری بوو، دەرگای بەڕووی ژندا كردەوە لەباكووریش پەكەكە وێنەیەكی دیكەی دا بەژن، ئیتر ژن دەتوانێ‌ سەركردە بێت، دەتوانێ‌ قارەمان بێت، ژن لەشۆڕشی باكوور وەك قارەمانی شاخ و شار مەردایەتییان تۆمار كرد، نموونەی شێرەژنەكانی شۆڕشی مەدەنی لەیلا زاناو گوڵتان كشاناك و پەروین بوڵدان و… نموونەی ژنانی شۆڕش زیلانە كە خۆی فیدای خاك كردو چەندین شێرەكچی وەك ئارین مێركان گیانی خۆیان كرد بەفیدای رزگاركردنی كۆبانی و توانیان داستانی كۆبانی تۆمار بكەن و شارێك لەبن دەستی مەترسیدارترین هێزی توندڕەوی دنیا دەربهێنن. لەباشووریش گەلێك ژنی بەهێز هەڵكەوتوون كە خاوەنی توانا و ئیرادەی خۆیانن و توانیان هاوكێشەكە بگۆڕن. لەناو حزبی شیوعی و پارتی و یەكێتیدا گەلێك ژنی ئازا و جوامێر هەڵكەوتوون، بەتایبەتی لەشۆڕشی نوێدا كە یەكێتی ئاڵاهەڵگری بوو، چەندان شێرەژن هەڵكەوتن لەهاوشانی پیاواندا لەشاخ و لەشار هێزو توانای خۆیان مومارەسە كردو متمانەیان بەدەست هێنا، نموونەی ژنانی خاوەن ئیرادەو هێز سەلماندیان كوردەواری ژنی ئازا و زیرەكی تێدا هەڵدەكەوێت كە هێشتاش لەخەبات و تێكۆشانی مەدەنی و كێبڕكێی سیاسییدا بەردەوامن، لەناو حزبێكی وەك یەكێتیدا لەسایەی جەلال تاڵەبانی و پشتیوانی هێرۆ برایم ئەحمەد، چەندان ژنی تێكۆشەر و ئازا و چالاك هاتوونەتە مەیدان وتێكۆشان دەكەن، چ لەناو حزب و چ لەحكومەت و چ لەپەرلەمان. نموونەی ئەوانەش خاتوونی كۆچكردوو وەسفییە بەنی وەیس و پەروین بابەكر و سۆزان شەهاب و ئاڵا تاڵەبانی و تەلار لەتیف و گەشەی حەفید و بێگەرد تاڵەبانی و…. چەندین ژنی دیكە…

كچەكانی مامۆستا برایم ئەحمەد
ئێمە لێرەدا باسەكەمان لەبارەی دوو خوشكەوە چڕ دەكەینەوە، كە دوو خاتوونی پێشڕەوی نەترسی ژنانی ناو یەكێتین، دوو كچی نەترس و چالاك كە رۆحی پیاوێكی مەزن و تێكۆشەریان لەجەستەیاندا هەڵگرتووە، ئەو پیاوە برایم ئەحمەدە ئەفسانەی خەباتی مەدەنی و سیاسی و شۆڕشی شاخەو هاكات نووسەر و رۆشنبیرێكی بێوێنەبوو، ئەو دوو خوشكەش (شاناز و هێرۆ)ن مەعلومە شانازی قەڵەمە تیژەكەیەتی كە هەمیشەو بێترس و سڵەمینەوە ڕەخنە دەگرێت، لەبارەی سیاسەت و چاكسازی و ژیانی خەڵكیەوە قەڵەمەكەی نوكی تیژە، ئەمەش یەكێكە لەخەسڵەتەكانی مامۆستا برایم كە هەرگیز لەحەق لای نەداوە و لەپێناوی حەقدا رەخنەی گرتووە و وەك پارێزەریش داكۆكی لەمافی خەڵك كردووە، شاناز وەك باوكی نووكی قەڵەمەكەی لەئاستی ناعەدالەتی و كەموكوڕییەكاندا تیژە، هەمیشە قسە و بۆچوونی خۆی هەبووە، خاتوونی گەورەی ماڵیش هێرۆ برایم ئەحمەدە ئەو ژنەی یەكێتی لەچاڵی شكستەوە گەیاندەوە لوتكەی سەركەوتن. جا فەزڵی سەركەوتنەكانی ژنانی ئەم سەردەمە لەباكوورو باشوور ئەگەرچی بەر لەهەرە شتێك ئیرادەو توانای خۆیان سەلماندوونی، لێ‌ ڕرڵی هەر دوو سەركردەكە (مامی باشوور و ئاپۆی باكوور) دەبینرێ‌. ئۆجەلان و تاڵەبانی ئەو دوو سەركردەیەن كە جیاواز لەهەموو سەركردەكانی سەردەمەكەی خۆیان گرنگیان بەژنان داوەو پێیان وابووە ژن هیچی كەمتر نییە لەپیاوان و دەتوانن هاوشانی پیاوان و بگرە زیاترو بەهێزتریش بن، جەلال تاڵەبانی لەژیانی سیاسی خۆیداو لەوتارو نووسینەكانیدا گرنگی زۆری بەژن داوەو باوەڕی بەهێزو وزەی ژن هەبووەو ئەمەش نەك هەر بەقسە بگرە بەكرداریش هاوشان و پشتیوانیان بووەو لەكۆنگرەو كۆنفراسەكانی حزبدا هەوڵی سەركەوتنی ژنانی داوە، ئۆجەلان لەبەشی زۆری كتێبەكانیدا رۆڵی ژنی بەرز نرخاندووەو لەنووسینەكانیدا ژنانی تێكۆشەر پانتاییەكی فراوانیان داگیركردووە، ئەمە وای كردووە لەباكوور خانمی هێندە بەهێز پەیدابووە پیاوەكانیان سەرسام كردووە بەهێزو تواناو ئیرادەیان. ئۆجەلان لەكتێبی تێزەكانی رێبەر ئۆجەلان بۆ ئازادی ژن (ژنۆلۆژی)دا بەوردی باس لەهەوڵەكانی دەكات بۆ سەركەوتنی ژن لەناو شۆڕشدا كە كارێكی چەند ئەستەم بووە، لە لاپەڕە 206دا دەڵێت “لەپرۆسەی نەتەوەبوونی دیموكراتدا ئازادبوونی ژن بایەخێكی زۆری هەیە. ژنی ئازاد كۆمەڵگای ئازادە. كۆمەڵگای ئازادیش نەتەوەی دیموكراتە.”.  بیركردنەوەی ئۆجەلان سەبارەت بەرۆڵی ژن و هاتنە پێشەوەیان لەشۆڕشی شاخ و خەباتی مەدەنی لەشارەكانی باكوور سەلمێنەری ئەوەیە كە ژن دەتوانێ‌ رۆڵی گرنگ ببینێ‌. شۆڕشی ژن لەرۆژئاوا هەموو دنیای تووشی سەرسوڕمان كرد.

سیحری سەركەوتن لە قودرەتی ژنێكی بێدەنگدا
لەم ساڵانەی دوایی لەرووسیای نووستوودا، لەبەستەڵەكی هاوكێشەی سیاسیدا پیاوێك پەیدا بوو، پیاوێك كە دنیای راچڵەكاند، بەدنیای گوت روسیا دەگەڕێتەوە بۆ لووتكەو هەرواش بوو مۆسكۆ بووەوە بەپایتەختە مەزنەكەی سەردەمی سۆڤیەتی جاران، ئەو پیاوە ڤلادیمێر پوتنە، ئەو پوتنەی روسیای كردەوە بەجەمسەرێك و ئەمریكای خستە تایەكی تەرازووەكە و پێیگوت شتێك هەیە ناوی هاوسەنگی هێزە، ئیتر تۆ ناتوانی بە تەنێ‌ بڕیار بدەیت، من لەسەر ئاستی كوردستاندا هەمان قودرەتی ڤلادیمێر پوتن لەرۆحی ژنێكی كوردا دەبینم، ئەویش خاتوونێكی بێدەنگ و چالاكە، ئەو خانمە هێرۆی برایم ئەحمەد، ئەم خاتوونە لەم ساڵانەی دواییدا توانای لەڕادە بەدەری بینرا كە چۆن لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان هاوكێشەی هێزی گۆڕی و یەكێتی شكستخواردووی گەیاندەوە لوتكەی سەركەوتن و بە هەموو لایەكیشی وت یەكێتی جەمسەرێكە و هیچ كەس ناتوانێ‌ فەرامۆشی بكات و بە تەنێ‌ بڕیار بدات. ئەم ژنە وەك دایكێكی میهربان و دڵسۆز حورمەتی گێڕایەوە بۆ ماڵەكە و بوو بەچەتری كۆكەرەوەی كادیرە دڵسۆز وغەمگین و پەراوێزخراوەكان، وردە وردە ماڵە خامۆشەكەی ئاوەدان كردەوە و قەرەباڵەغی بۆ گێڕایەوە، بەفەزڵ وپشتیوانی ئەو دوو خوشكە (هێرۆ و شاناز) دەرگا بەڕووی چەندان ژنی خاوەن ئیرادەو بەهێزدا كرایەوە، كە ئەمڕۆ ئەو ژنانە لەناو حزبە وحكومەت و پەرلەماندا رۆڵی گرنگ دەبینن.
خاڵی سەركەوتن
هەموو سەركردەیەكی سیاسی دوو دوژمن یانژی دوونەیاری هەیە، نەیارێك لەدەرەوەی خودی سەركردەیە و دەبینرێ‌ و بە بەرچاوانەوەیەو نەیارەكەی دیكەیان لەناوەوەیە، نابینرێ‌، ئەو نەیارە یاخود ئەو دوژمنە نادیارە زۆر ترسناكترە لەنەیارەكەی دەرەوە، ئەو نەیارە نادیارە بریتیە لەترسنۆكی و چۆكدادان و بێئیرادەیی، كە هێزێكی ترسناك و تێكشكێنە. سەركردەی سەركەوتوو بەسەر نەیارەكەی ناخیدا زاڵەو بێترس و بیم بڕیار ئەدات و جێبەجێی دەكات، ئیرادەیەكی بەهێزی هەیە كە شەڕ لەگەڵ محاڵدا دەكات و رۆحی ئینكاریش چۆكی پێنادات و هەرگیز پەشیمان نابێتەوە لەقسەی خۆی. نموونەیەك لەسەر ئۆجەلان دەهێنینەوە وەك سەركردەیەك خاوەنی ئیرادەیەكی بەهێزە، لەكتێبی لەبیقاعەوە بۆ قەندیل كە دیدارێكە لەگەڵ سیاسەتمەدار محەمەد ئەمین پێنجوێنیدا سازمدابوو، لەساڵی 2014دا بەزنجیر لەرۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ بڵاوبوەوە پاشان لەدووتوێی كتێبێكدا چاپ بوو، لەلاپەڕە 61ی كتێبەكەدا هاتووە مەحمەد ئەمین پێنجوێنی دەڵێت (… ئەو وەختە من لەبیقاع بووم لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئەو كات تازە دایكی مردبوو لەتوركیا، دانای ئەحمەد مەجید مەسئولی مەكتەبی یەكێتی بوو لەسوریا، ئەو وەختە هاتە لای ئۆجەلان و پێی وت مام جەلال سڵاوی بۆت هەیە و سەرەخۆشیت لێدەكات و ئێستا تورگۆت ئۆزاڵ تەلەفونی بۆ كردووە داوای ئەوەی كردووە پرۆسەی ئاگر بەست درێژ بكرێتەوە. … جا ئۆزاڵ داوای كردووە مانگێكی تر ئاگر بەست درێژبكرێتەوە، وتبووی با یەك مانگی تر ئاگربەست درێژ بكرێتەوە تا بتوانم دەوروپشتەكەم رازی بكەم كە ئاشتی بەرقەرار بێت.. ئۆجەلانیش كە قسەی كرد ڕووی كردە لای من و وتی تۆ ئەڵێی چی پینجوێنی؟ ئەوە قەیناكە بڕیارمدا بیست وپێنج ڕۆژ ئاگربەست درێژ بكەمەوە. منیش وتم ئێ‌ بیست وپێنج رۆژ و مانگێك فەرقێكی وای نییە قەیچێكا با مانگێك بێت. وتی نا من مەبەستم هەیە لەوەدا با ئۆزاڵ نەڵێ‌ هەرچی داوا بكەم ئەبێ‌ وابكەن….) ئەم نمونەیە لەئیرادەی بەهێزی ئۆجەلان سەلمێنەری رۆحی ئینكاری و چۆكنەدانە، ئۆجەلان دەیەوێت بڵێت من بڕیار ئەدەم چۆن بێت، نەك دەوڵەت! ئەمە خاڵێكی سەركەوتنی ئەو پیاوە بوو، كە ئەمڕۆ بووە بە مەرجەعێك بۆ باكوورو رۆژئاوا، بەو ڕۆحی ئینكاری ومكوڕبوونەوە توانی سەركەوتن بەدەست بهێنێ‌. جا من ئەم ئیرادەیە لەخاتوونێكی وەك هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدیشدا دەبینم كە هەمیشە مكوڕە لەسەر بڕیارو بۆچوونەكانی خۆی و لێیان پاشگەزنابێتەوە و چۆكدانادا و نەترسانە دەڵێت من بڕیار ئەدەم هەر بەم ئیرادەیەوە توانی درێژە بەپرۆسەی ئاشتی و تەبایی لەناوچەی سەوزدا بدات و ببێتە ئەو خانمە ئازاو خۆشەویستەی كە چەتری كۆكەرەوەی بۆچوونەكان بێت. ئەم وتارە سەرەتایەكە لەسەر رۆڵی ژن لە حوكمڕانیدا و بەو هیوایەی لەداهاتوویەكی نزیكدا بتوانم بیكەم بەدۆسێیەك وەك دۆسێكەی كوردەكانی قەفقاز.
لە پیگەی خاكەوە.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …