Home / بەشی مێژووی كورد / سمكۆی شـكاك، دیپلۆمات و شـۆڕشگێڕو خاوەن بیرێکی فراوان، خەونی دامەزراندنی دەوڵـەتێکی کـوردی هەبووە

سمكۆی شـكاك، دیپلۆمات و شـۆڕشگێڕو خاوەن بیرێکی فراوان، خەونی دامەزراندنی دەوڵـەتێکی کـوردی هەبووە

smkoi-shkak-300x295

ئیسماعیل ئاغای شكاك ناسراو بە(سمكۆی شكاك) ساڵی 1887 لەدایكبووەو بنەماڵەكەیان لەمێژەوە دەسەڵاتداری‌ خێڵی‌ شكاك بوون‌و پاش مردنی‌ باوكی‌‌و جەعفەر اغای‌ برای‌، سەركردایەتی‌ شكاكی‌ گرتۆتە دەست‌و لەدوای‌ شەڕی جیهانی یەكەمەوە دەستی بەگرتنی ناوچەكانی قەراغی گۆلی ورمێ كردوە. هەرچەندە لەساڵانی‌ شەڕی یەكەمی‌ جیهانیدا سمكۆ لەهیچ چالاكییەكی‌ سیاسی بەشداری‌ نەكردبوو، بەڵام هێزەكانی‌ روسیا گرتیان‌و دووریان خستەوە بۆ شاری تفلیس‌و دواتر ئازادیان كرد بەو مەرجەی‌ دابنیشێ‌‌و هیچ هەڵوێستێك دژی روسەكان نەنوێنێت.

كەجەنگی‌ یەكەم كۆتاییهات، سمكۆ وەك سەركردەیەكی‌ سیاسی‌ ناوی‌ دەركردو لەپێناو دامەزراندنی‌ ئیدارەیەكی‌ كوردیدا لەساڵی‌ 1919 شۆڕشی بەرپاكردو زۆر ناوچەی‌ گرنگی خستە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیەوەو ساڵی ١٩٢١ لەئەنجامی لەشكركێشییەكی‌ گەورەی‌ هێزەكانی حكومەتی‌ ئێراندا سمكۆ ناچار بوو پاشەكشێ‌ بكات‌و پەنا بەرێت بۆ توركیاو ساڵی‌ ١٩٢٤ بەبڕیارێكی‌ لێبوردن گەڕایەوە ئێران‌و ساڵی‌ ١٩٢٦ جارێكی تر شۆڕشی‌ بەرپاكردەوە، بەڵام ئەمجارەشیان شۆڕشەكەی تێكشكاو ماوەیەك لەتوركیادا بەدەستبەسەری‌ مایەوەو پاش ئازادكردنی‌ گەڕایەوە ئێران‌و ساڵی‌ ١٩٣٠ بەپیلانێكی‌ كاربەدەستانی‌ ئێران لەشاری شنۆ كوژراو بەمەش شۆڕشەكەی‌ شكاك كۆتایی‌ هات كەیانزە ساڵ درێژەی‌ كێشابوو.

سمكۆ كەسایەتییەكی ناوداری عەشیرەتی شكاك‌و شۆڕشگێڕێكی لێهاتوو بوو، هەروەها ماڵباتی سمكۆی شكاك خاوەنی پێشینەیەك لەخەبات‌و شۆڕش بەدژی دەسەڵاتدارانی تاران بووە، سمایل ئاغای باپیرە گەورەو جافەر ئاغای برا گەورەی لەرێگای خەبات‌و هەوڵی رزگاریخوازیدا بەپیلانی كاربەدەستانی حكومەتی تاران كوژراون.

سمكۆی شكاك خاوەن دوو تایبەتمەندی بەهێز بوو، یەكەم بیرێكی ناسیۆنالیستی زۆر بەهێزی هەبوو كەزۆر بیرمەندی كورد بەباوكی ناسیۆنالیزمی كوردی ناوی دەبەن، هەر بۆیە بەهاوكاری عەبدلڕەزاق بەدرخان لەسەردەمی شەڕی یەكەمی جیهانیدا توانی لەشاری (خۆی) یەكەم قوتابخانە بەزمانی كوردی بۆ منداڵانی كورد بكاتەوەو رۆژنامەی (رۆژی كورد) بڵاو بكاتەوە.

دووهەم تایبەتمەندی سمكۆی شكاك ئەوە بوو كەهیچ دەرفەت‌و دەرەتانێكی لەكیس خۆی نەدەدا بۆ سەركەوتنی شۆڕشەكەی‌و لەهەمان كاتیشدا زەبری زۆر توندی لەحكومەتی تاران دەوەشاند، سمكۆ بۆ یەكخستنی نەتەوەی كورد، ساڵی 1922 چوو بۆ سلێمانی‌و چاوی بەشێخ مەحموود كەوت‌و هەوڵیاندا پێكەوە جووڵانەوەی كورد لەهەر دوو وڵات لێك نزیك بكەنەوەو ئامانجەكانیان یەكگرتوو بكەن.

جگە لەمەش سمكۆی شكاك بۆ سەركەوتنی خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەیی په‌یوەندی قوڵی لەگەڵ سەركردەو رێبەرانی نەتەوەیی پارچەكانی دیكەی كوردستان هەبووەو ئەو په‌یوەندییە قوڵانە ئاسۆی بیری نەتەوەیی سمكۆیان بەرفراوانتر كردبوو.

سمكۆ لەباری دیپلۆماسیشەوە هەوڵی بەرچاویدا لەگەڵ بەشێك لەوڵاتانی زلهێزی ئەوكات په‌یوەندی دابمەزرێنێ‌و بەتایبەت داوای پیادەكردنی 14 مادەكەی سەرۆك كۆماری ئەمریكا، ویلسۆنی دەكرد كەبەندەكانی دەربارەی ئازادی مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ نەتەوەكانی ژێردەست بوو.

رەزاخان جوڵانەوەی سمكۆی بەكۆسپێكی سەر رێگای خۆی دەزانی، چونكە دەیویست دەسەڵاتێكی بەهێزی ناوەندی لەئێراندا پێكبهێنێ بۆیە لەرۆژی 31ی جۆزەردانی ساڵی 1309ی هەتاویدا بەدانانی پیلانێك بۆ وتووێژكردن، سمایل ئاغای بۆ شاری شنۆ بانگهێشتكرد، بەڵام شەهیدی كردو لەو رۆژەدا ئەستێرەی سەركردەیەكی خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەیی ئاوا بوو، بەڵام هەر لەو رۆژەدا رێبەرێك لەدایكبوو، كە ئاڵاهەڵگری دیموكراسی‌و خەباتی نەتەوەیی بوو بەری بەپچڕانی زنجیرەی خەباتەكانی رزگاریخوازی نەتەوەیی كورد گرت.

شێخ لەتیفی حەفید دەربارەی سمكۆی شكاك نوسیویەتی: ״كەسێكی چالاك‌و وریا بوو، لەجەنگدا كەسێكی بەتواناو لێهاتوو بوو، دەیویست دەوڵەتێكی كوردی دابمەزرێنێ‌‌و دژی داگیركاری‌و تاڵانچێتی بوو، لەڕووی دبلۆماسیەوە كەسێكی بەتوانابوو، هەمیشە پەیوەندی باشی هەبووە‌و كۆبوونەوەی دەكردو لەوسەرۆكانە بوو قەد بیری لەوە نەكردۆتەوە كە وڵاتەكەی بەپارە بفرۆشێ‌ یان حەز لەپایەی بەرز بكات״.

سمكۆ لەتەمەنی 20 ساڵیدا بۆتە سەرۆكی هۆزی شكاك، بەڵام لاوێكی چالاك‌و لێهاتوو بووەو هەرلە تەمەنی منداڵیەوە دووچاری ژیانێكی سەخت بۆتەوە، چەند هۆكارێك بوونە هۆی زیاتر ناوبانگ دەركردنی سمكۆ، هەم لەئێران‌و هەمیش لەبەشەكانی دیكەی كوردستاندا، وەك بەهێزی هۆزی شكاك‌و خزمایەتی‌و پەیوەندی كۆمەڵایەتی لەگەڵ سەید تەها‌و یاخی بوونە بەردەوامەكانی لەدژی دەسەڵاتدارانی ئێرانی.

یەكێك لەهۆو پاڵنەرە سەرەكیەكانی هەڵایسانی شۆڕش‌و راپەڕینەكانی سمكۆ، وێڕای زوڵم‌و ستەمەكانی دەسەڵاتدارانی ئێرانی‌و دژایەتیە بەردەوامەكانیان بۆ كورد‌و نەسەلماندنی مافەكانیان، لەهەمان كاتدا كوژرانی (جەعفەر ئاغای شكاك)ی برا گەورەی سمكۆ، دەكرێت بەخاڵی سەرەكی دابنرێت بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی ئێرانی هەربۆیەش لەساڵانی (1919-1930) خەباتی رزگاریخوازی گرتە ئەستۆ بەئامانجی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی.

هەروەها سمكۆی شكاك زۆر بیرو هزری فراوان بووەو لەو قۆناغەدا هەستی بەگرنگی دەركردنی رۆژنامەیەك بەزمانی كوردی كردووە هەتا باسوخواسی شۆڕشەكەو بیری نەتەوایەتی‌و كوردایەتی فراوانتر بكات‌و هاوكاتیش دەستی هەبێت لەهۆشیاركردنەوەی تاكی كورددا. هەر بۆیە رۆژنامەی (كورد)ی دەركردووە كەئۆرگانی بزوتنەوەی كورد بووە بەرێبەرایەتی ئیسماعیل ئاغای شكاك (سمكۆ). لەژێر لۆگۆی رۆژنامەی كورددا نووسراوە: ״رۆژنامەیەكی سیاسی، ئەدەبی، ئەخباری״ییە، لەلای راستی سەرەوەی رۆژنامەكەشدا ئەم ئاماژانە نووسراون: ״جێگەی ئیدارە: ورمێ، چاپخانەی غیرەت، مدیر: محەممەد تورجانی، مەقالاتێك مەنفەعەت كوردان تێدابێ وەردەگیرێ، جارێ لەهەر هەفتەیەكدا یەكێك چاپدەكرێ، 12ی مانگ شەوال 1340״.

لەلای چەپی رۆژنامەكەشدا لەگەڵ ئاماژەكردن بەنرخ‌و ئابوونەی رۆژنامەكە، نووسراوە: ״حەقی رۆژنامە پێشەكی وەردەگیرێ״. هەروەها ساڵی1340 نووسراوە، كەساڵی دامەزراندنی رۆژنامەكەیەو دەكەوێتە بەرامبەر ساڵی 1922ی زایینی.

ئەم رۆژنامەیە كەبزوتنەوەی كوردی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێبەرایەتی ئیسماعیل خانی شكاك لەشاری ئورمیە دەریكردووە. یەكەم ژمارەی لەرۆژی 12ی شەوالی 1340 (1922ی زایینی) دەرچووە.

سمكۆی شكاك بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەرفروانەی هەیبووە لەگەڵ چەندین هۆزو كەسایەتی‌و سەركردەی كورددا هەموو پەیوەندییەكانیشی بۆ پتەوكردنی ریزەكانی كوردایەتی بەكارهێناوە، لەنامەیەكیشدا بۆ شیخ مەحمود كە لەگوندی بێتواتەی خۆشناوەتی ناردوویەتی‌و بەرواری ٢٨/١/١٩٢٣ی لەسەرە، تیایدا دەردەكەوێ كەسمكۆی شكاك شێخ مەحمود بەرێبەرو حوكمداری خۆی وەسف دەكا، بەپێچەوانەی بۆچونی زۆرێك لەمێژوونوسان كەدەڵێن سەركردە كوردەكان ناتەبا بوون بۆیە نەبوونە دەوڵەت، سمكۆ لەنامەكەدا جەختی لەبەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان كردۆتەوە.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …