Home / بەشی مێژووی كورد / پیرانشار له‌ ناو ته‌می مێژوودا

پیرانشار له‌ ناو ته‌می مێژوودا

 ئامادە كردنی: محه‌ممه‌د ڕەسوڵ مهریار

له ناوچه‌ی موكریان و به تایبه‌ت دەشتی پڕ پیت و به‌رەكه‌تی لاجان و پیران، لێرەوار و له‌وەڕگه و كانگا و سه‌رچاوەی ئاوی زۆر له ناوچه‌ی مه‌نگوڕ و هه‌روەها كه‌ون بوونی ناوچه‌كه، بۆته هۆی هه‌ڵدان و په‌رەئه‌ستاندنی زیاتری ژیانی مادی و مه‌عنه‌وی دانیشتوان و به‌م جۆرە گه‌نجینه‌یه‌كی پڕ بایه‌خیان پێشكه‌ش به شارەستانیه‌تی مرۆڤ كردووە. هه‌روەها له سه‌رەتاوە دەوڵه‌ته‌كان، خاوەن دەسه‌ڵاتانی ناوچه و دەرودراوسێكان جاویان برێبووە ئه‌م خاكه رەنگینه و به دەیان جار گوندەكانی كاول كران و خوێنی جوتیار و وەرزێران زەوی پێ دێرا.‌  ئه‌مجار پاش دامركاندنی ئاوری رق و كینی داگیركه‌ران، چه‌رخی پێشكه‌وتن و شارستانیه‌ت وەگه‌ڕ كه‌وتۆته‌وە،برینی به‌رەی میراتگر سارێژ بۆته‌وە و سه‌ر له نوێ فه‌رهه‌نگ و زانست بایه‌خی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی په‌یدا كردۆته‌وە.

شوێنه‌واری به‌جێ ماو له ناوچه‌ی پیرانشار، یادگاری سه‌ردەمی شه‌ڕ و گیانبه‌خت كردن، پاراستنی كولتوور و فه‌رهه‌نگ و مه‌زەب و هه‌روەها خۆڕاگرتن له به‌رانبه‌ر هێرشی داگیركه‌ران دایه. به داخێكی گرانه‌وە دەبێ بڵێین ته‌نانه‌ت لێكۆڵینه‌وەیه‌كی ساكاری مێژوویش سه‌بارەت به‌م میراته‌ گه‌ورەیه‌ی ناوچه‌كه‌مان نه‌كراوە و هه‌ر بۆیه‌ش شاهیدی خامۆشی و بێدەنگی مێژووین سه‌بار‌ت به ناوچه‌ی پیرانشار. داخی گه‌ورەتر كۆڵینه‌وەی شه‌وانه‌ی هه‌ندێك تاقمی دزی میراتی فه‌رهه‌نگی‌یه كه دوور له جاوی خه‌ڵكی ناوچه و كار به‌دەستان به ئه‌نجام ده‌گات و زۆرتر مێژوو له نێ دەنگ خۆی‌دا به‌ردەوام دەكات.

پیرانشار به‌شێك له كوردستانی موكریانی ئێستایه. ئه‌م وڵاته له ڕۆژگارانی مێژوویی‌دا ناوەكانی “مادی‌بچووك” و “مێد” و “مه‌یدیا” ناو بانگی دەركردبوو. ئێستاش ئاسه‌واری قه‌ڵاكانی په‌سوێ، جه‌ڵدیان، گردی مه‌رقه‌دی لاوێن، قۆڵی ئاسنگه‌ران له قه‌ڵاته‌ڕەشێ و دەیان شوێنی تر یادگاری ئه‌و سه‌ردەمه‌یه ، هه‌روەها گردەكانی گردئاشه‌وان ، قه‌رەخدر، قه‌ڵاتی شیناوێ یادگاری دەورانی “ئۆرارتوویی”یان پێوە دیارە.

هه‌ندێك له گوندەكانی مێژوویی شارستانی پیرانشار بریتین له:

په‌سوێ، جه‌ڵدیان، قوبه، زێوكه، ماشكان، سێڵوێ، گردی كاولان، توان، ئه‌ندێزێ، خورینج،كوندرێ، گردگ سپیان، شنۆزەنگ، لاوێن، گردئاشه‌وان، لك بن، حوجران، شارستێن، شه‌ختان، باستان به‌گ، سه‌ڵۆس، گوله‌ك، كه‌وپه‌ڕ، سێوی گه‌دە، تركه‌شی به‌رەوە، هه‌نگه‌وێ، قه‌ڵاتی مه‌نگوڕان، قه‌ڵاتی موتاوێ، جه‌ڕان، شیناوێ، قه‌ڵاته‌رەش، زێوە، كۆنه‌لاجان و دێڵزێ.

قه‌ڵات و قه‌ڵاتگه نیشاندەری ئاوایی گه‌ورە و گرینگله ڕابردودایه. هه‌روەك دەزانین قه‌ڵات و قه‌ڵاتگه جێگای به‌رز و بڵیندن كه بۆ ئه‌ركی پاسه‌وانی و پارێزگاری له دانیشتوانی قه‌ڵا یان خه‌ڵكی ئاوایی و شار ته‌رخان كراون و یادگاری مێژوویی هه‌ر ناوچه‌یه‌كن. قه‌ڵاتی جه‌ڵدیان (5000 ساڵ به‌ر له زایین)، قه‌ڵاتی مووتاوێ (2500 ساڵ به‌ر له زایین)، قه‌ڵاتی شار (900 ساڵ به‌ر له زایین) و قه‌ڵای په‌سوێ گرینگترینی ئه‌م شوێنه‌وارانه‌ی ناوچه‌ی پیرانشارن. قه‌ڵات و قه‌ڵاتگه له دیاردەكانی سروشتی پێك هاتوون یان به دەستی مرۆڤ دروست كراون كه به ناوی “تورەكه‌رێژ” دەناسرێن.

به‌رزایی قه‌ڵاتگه به مام‌ناوەندی دەگاته‌ 30 تا 40 میتر و لێكۆڵینه‌وەكانی كۆنینه‌ناسی پێشانی داوە كه ئه‌م .شوێنه‌وارانه پتر له جارێك كه‌ڵكیان لێ وەرگیراوە و چه‌ندین سه‌ردەمی ژیانی مرۆڤیان به خۆوە بینیوە

ئه‌وەی كه ئێستا له ته‌نیشت هه‌ر گوندێك و ئاوایه‌ك قه‌ڵات و قه‌ڵاتگه دەبیندرێ، به‌ڵگه‌ی زیندووی كۆن بوونی ناوچه‌ی پیرانشارە.

با ئه‌مجارە باسێكمان هه‌بێ له مه‌ڕ ته‌پك و گردەكانی ناوچه، له‌م جێگایانه‌ی ئاسه‌واری خۆڵه‌مێش، شت و مه‌ك و ئامرازی شه‌ڕ یان خواردنیان تێدا دۆزراوەته‌وە. هه‌ندێك له‌م ته‌پك و گردە كۆنینانه‌ی ناوجه‌ی به‌ ناو “گوڵ ته‌په‌” ناسراون. وشه‌ێ “كوڵ” یان “گوڵ” له شێوەی په‌هله‌وی و ئازەری دا هه‌ركام مانایه‌كیان هه‌یه له فارسی‌دا به مانای ئاور و گڕی ئاگرە و له زمانی ئازەریش‌دا به مانای خۆڵه‌مێش و دە زمانی كوردی‌كۆنیش‌دا مانای”ئاگر” ئه‌دات

هه‌ر به‌م شێوەیه “كولحان” سۆبه‌ و “موغاری”یه وشه‌ی “گوڵ” پاشان ئاڵ‌وگۆڕی به سه‌ردا هات و وەك “كوڵ” به كاریان هێنا.

“كوڵ‌ته‌په” نیشانێك له ئاوری دە خۆیێدا نیهان كردووە و ئاورگه‌ی سه‌ردەمی كۆنی ئه‌م ئاو و خاكه‌یه. یادگاری سه‌ردەمێكه كه ئاته‌شگایه‌كی زۆر له‌م ناوچه‌یه‌دا سه‌ریان به‌رەو ئاسمان به‌رز كردبۆوە و ئاگر له لایه‌ن ئاگر په‌رەستانی زەرتوشتی جێگای رێز و قه‌در بووە.

بێ هۆ نیه ناوچه‌كانی لێواری گۆلی ورمێ به مه‌ڵبه‌ندی ژیان و له دایك بوونی زەرتوشت پێغه‌مبه‌ری كوردی ئێرانی دەزانن و به یه‌ك واته ” سه‌ردەشت”ی ئه‌مڕۆ به‌م شوێنه دائه‌نێن.

كول‌ته‌په ئاورگه‌یه‌كی بچووك له سه‌ردەمی خۆی‌دا بووە و ئاوربانان(ئاتۆربان) ئه‌ركی پارێزگاری له ئاگریان وەك هێزی خاوەن تین و گه‌رما به ئه‌ستۆوە بووە. خۆڵه‌مێشی جێماو له كول‌ته‌په به درێژایی زەمان له سه‌ر یه‌ك كۆ بۆته‌وە و یه‌پكێكی دێوست كردووە كه ئێستا به شێوەی “كوڵ‌ته‌په” دەیبینین.كول‌ته‌په له ته‌واری ناوچه‌كانی دراوسێش‌ دەبیندرێ و مه‌ڵبه‌ندی ئێمه‌ش یه‌كێك له‌م شوێنه‌وارانه‌یه.

به‌ر له‌وەی كه زەرتوشت بێته دونیا، گه‌لانی ئێران و به تایبه‌تی دانیشتوانی دەور وپشتی گۆلی ورمێ ئایینی “مه‌زداپه‌رەستی”یان له نێودا باو بووە و وەك ئامۆزایانی هیندی، مردوویان له جێگایه‌كی تایبه‌تی دەسووتاند، كه وابوو خۆڵه‌مێشی نێو كول‌ته‌په به‌رهه‌می سووتانی دار و دەوەن و ته‌رمی مردۆكانه.

كول‌ته‌په‌ی گوندی “سه‌روكانێ” له ناوچه‌ی لاجانی پیرانشار، یه‌كێك له‌م شوێنه باس‌كراوانه‌یه كه بیری پیرانی به ساڵاچوودا دێت كه زەمانێك جێگایه‌كی یه‌كجار ئاسته‌م بۆ هات‌وچۆ بووە و قامیشه‌ڵێنیكی زۆری له دەوروپشت‌دا بووە له‌م شوێنه‌دا ئاسه‌واری كۆنینه‌ی زۆر به نرخ دۆزراوەته‌وە.

دوكتۆر به‌همه‌ن كه‌ریمی ساڵی 13311ی هه‌تاوی هاتۆته‌ لاجان و باسی كول‌ته‌په‌ی سه‌روكانێ دەكات و به “گولی .ته‌په‌”ی سه‌روكانێ ناوی دەبا

به‌ڵام سه‌بارەت به ئاورگه‌كانی ناوچه وا باشه باسی ئاته‌شكه‌دەی “سه‌ری كوورە”ی ناوچه‌ی مه‌نگورایه‌تی پیرانشار بكه‌ین كه به‌رانبه‌ر به گوندەكانی “سه‌ڵۆس” و “وەرمیشان” و له‌م لاوە گوندی “گوله‌ك” هه‌ڵكه‌وتووە. به‌رزایی دوندی كێوی ئاورگه‌ی سه‌ری كورە دەگاته 3600 میتر له رێكی دەریاوه و سه‌رنجی هه‌ر رێبوار و بینه‌رێك بۆ لای خۆی رادەكێشێ. به داخه‌وە فۆڕمی سه‌رەكی و راسته‌قینه‌ی ئاته‌شكه‌دەكه نه‌ماوە و كاتی خۆی وەك ته‌ندوور و كوورەی رەژی ساز كردن چووە. ئێستاش له به‌زایی ئه‌م جێگایه به‌ردی سووتاو هه‌ر ماوە. به گوێرەی وته‌ی تێكه‌ڵاو به ئه‌فسانه له لایه‌ن خ‌ڵكه‌وە، هاوكات دەگه‌ڵ له دایك بوونی حه‌زرەتی موحه‌مم‌د (دخ) و شكانی تاقی كه‌سرا، ئاوری ئه‌م ئاته‌شكه‌دەیه‌ش خامۆش بۆته‌وە. سه‌ری كوورب جێگای عیبادەت و راز و نیازی گه‌ورەكانی زەرتوشتی بووەكه كات و ساتی تایبه‌تی له ساڵ بۆ به جێ هێنانی ئایینی مه‌زهه‌بی و قوربانی كردن كۆ دەبونه‌وە. یه‌كێك له كه‌سایه‌تی‌یه مه‌زنه‌كانی دەورانی ساسانی به ناوی”كریتر ” له سه‌ر تاشه به‌ردێك باسی ته‌واوی ئاورگه‌كانی ناوچه دەكات و دەڵێت: من له سه‌رانسه‌ری موڵكی ساسانی‌دا ئاوری ئاته‌شكه‌دەكانی ” ئاتۆرپاتكان”، ” میشان” و ..م گه‌شاوە راگرت. ئایا ئه‌م ئاورگه‌یه‌ی كه كریتر به ناوی ” میشان” باسی دەكات هه‌مان سه‌ری كوورەی خۆمان نیه كه .له نیزیك گوندی ” وەرمیشان” هه‌ڵكه‌وتووە

با ئه‌و جار باسێكمان هه‌بێ له مه‌ر گۆڕستانه‌كانی كه‌ونی ناوچه

سه‌بارەت به شێوەی ناشتنی مردوو له رۆژگارانی مێژوویی‌دا، دەبێ بڵێین له هه‌ر سه‌ر دەمێك‌دا رێ و رەسمی تایبه‌تی خۆی هه‌بوە.سه‌ردەمێك كه زەرتوشتی، بیر و باوەڕی مه‌زهه‌بی خه‌ڵك بووە، گۆڕێكمان وەبه‌ر چاو ناكه‌وێ، هۆی ئه‌وەیه كه زەرتوشتی‌یه‌كان مردوویان به خاك نه‌دەسپارد به‌ڵكوو دەیانسووتاند. كه وابوو گۆڕێكی زەرتوشتیمان نیه. دەسته‌یه‌ك له گۆڕەكانی ناوچه وەك سه‌ردەمی ئێستا دەچن و كێلی قه‌بر بۆ نیشانه كردنی قه‌بر دیاری كراون.

له نێو هه‌ندێك له‌م گۆڕانه‌ كه به هۆی باو باران یان كێشانی ڕیگا و بان له ناخی گڵ‌دا هاتونه‌ته‌ دبر، ئامرازی شه‌ڕ و نه‌رەكان یان كه‌رەسه‌ی خواردن دۆزراوەته‌وە . ئه‌م دەسته گۆڕستانه‌ كۆنینانه‌ی ناوچه هی سه‌دەی یه‌كه‌می زایینین. له نیوەی هه‌وەڵی سه‌دەی یه‌كه‌می زایینی‌دا ڕێ و شوێنی ناشتنی مردوو له نێو كووپه‌ڵه گڵ‌دا بۆته باو، سه‌ری كووپه پاشان به تاشه به‌رد داپۆشراون و پیورێز كراون.هه‌ندێك له‌و كووپه گۆڕانه هی سه‌ردەمی دووەمی زایینیه و جاری وایه له نێویان‌دا قاپ و قاچاخ و …..بیندراوەته‌وە.

دەسته‌یه‌ك له گۆڕستانه‌كانی ناو چه‌ی پیرانشار له كۆنه‌وە به ناوێكی تایبه‌تی ناسراون و فۆڕمی قه‌برەكان نیشاندەری ئه‌م راستیه‌ن كه سه‌ردەمێك گه‌لانی تر وەك غه‌یری كورد و موسوڵمان له‌م شوێنه‌دا نیشته‌جێ بوونه، وەك “كێله كونتی” و “قه‌برە قۆچ”‌‌ له گوندی زێوكه‌ی لاجان، ” قه‌برە قه‌له‌” له گوندی سێڵوێ، ” كێله سپی ” له گوندی دەڵاوان، ” گردی قه‌بران” له كوندرێ، گۆڕستانی “نوزەڵێ” له گوندی په‌سوێ و گوندی قوبه…..

ئینجا با باڵی به‌ر‌زەفڕی خۆمان به‌رەو سه‌ردەمێك لێك بدەین كه له‌م ناوچه‌یه به ناوی “پارسوا” ناسرا بوو. مێژوو له‌م بارەیه‌وە دەڵێ: قه‌ومی پارس له رەوتی هاتنیان بۆ ئاسیای نێو ڕاست و میروپوتما (بین‌النهرین) و كوێستانه‌كانی زاگرۆس له ناوچه‌ی پارسوادا نیشته‌جێ بوون. مینورسكی رۆژهه‌لات ناسی به ناوبانگ دەنووسێ: به بیر و رای من پارسوا دەبێ هه‌ر ئه‌و جێگایه بێت كه ئێستا پێی دەڵێن ” په‌سوە” یان “په‌سوێ”.

په‌سوێ ناوی گوندێكی گه‌ورەی ناوچه‌ی لاجانه‌و وێدەچێ ئه‌م گوندەش له “پارسوا” را هاتبێ،به تایبه‌ت كه شوێنی په‌سوێ و وڵاتی پارسوا یه‌ك دەگرنه‌وە.
كاك مه‌حموود پێدڕام سه‌بارەت به ناوی ئه‌م گوندە بیر و رایه‌كی جیاوازی هه‌یه و دەڵێ دە زمانی كوردی‌دا دەتوانین (س) به جێگای (ش) به كار بهێنین و بڵێین په‌سوێ یان پاشوێ به مانای پاش له‌وێ “قه‌ڵاتی شا”یه و دەگه‌ڵ مانای پارسوا كه ته‌نیشت و كه‌نار دە مێشك‌دا زیندو ئه‌كاته‌وە، یه‌ك دەگرنه‌وە. ئه‌ڵبه‌ته ئه‌وە بیر و بۆ چوونی كاك مه‌حموود پێدڕامه و به‌ڵگه‌ی مێژوویی له دەست‌دا نیه، ئه‌گینا گوندی په‌سوێ و قه‌ڵاتی سا ئێستاش لێك دوورن و به تایبه‌ت ئه‌ودەم وەسیله‌ی هات و چۆ وەك ماشێن نه‌بووە…..

به‌ڵگه‌كانی مێژوویی له بوونی وڵاته‌كانی “مێهری” و “كاراڵا” له سه‌ر چاوەی چۆمی “زێ”دا ئاگادارمان دەكا كه دەكه‌وێته لاجانی ئێستا و به تایبه‌تی ناوچه‌ی “به‌ربنه”ی لاجان. ئه‌م دوو وڵاته بچووكه له گه‌ڵ “پارسوا” هاو سنوور بوونه.

” ئاشور بانیپال” له پێنجه‌مین هێرشی خۆی‌دا بۆ ولاتانی پارسوا باسی داگیر كردنی چه‌ندین قه‌ڵا و شار له ناوچه‌كانی ژێر دەسه‌ڵاتی دەوڵه‌تی مانایی دەكا و دەڵێت: من به‌ردەوام هه‌شت شار و ناوچه له وانه “قه‌ڵای بوشتۆ”م داگیر كرد پاشان شاری “شوردیرا”م سه‌ر له ‌نوێ له چه‌نگ نه‌یاران دەرهێنایه‌وە.

كاك مه‌حموود پێدڕام قه‌ڵای “بوشتۆ” به “قه‌ڵاتی شا” له ناوچه‌ی سه‌رشاخانی لاجان دەزانێ و شاری شوردیرا به گوته‌ی ئه‌و شارێك بووە له سه‌رچاوەی چومی زێی بچووك دا.

به‌ڵگه‌كانی مێژوویی باسی په‌لاماری “سارگۆنی دووهه‌م” سای دەوڵه‌تی ئاشوری بۆ ئه‌م ناوچه‌یه دەكات. سارگۆن له نێوان ساڵه‌كانی 722 تا 450ی به‌ر له زایین‌دا حكومه‌تی به دەسته‌وە بووە. مێژوو له‌م بارەیه‌وە دەڵێ سارگۆن له موسڵ‌ ڕا به‌رەو ئێران هات و له‌شكری كێشایه ئه‌م خاكه. له رەوتی ئه‌م له‌شكر كێشانه‌دا خه‌ڵكی وڵاتی مانایی ئارد و شه‌ڕاب و كه‌ل و په‌لی تری پێداویستی ئه‌وانیان دابین دەكرد. سارگۆن له سوله‌یمانی كوردستانی ئێراق تێپه‌ڕی و گه‌یشته چۆمی زێ‌یه، له‌م چۆمه په‌ریه‌وە و ئه‌مجار له شوێنێكی كه ئێستا به ناوی په‌سوێ و لك‌بن و مه‌یدان ناسراوە، چل و دوو كه‌س له سه‌ركردەكانی عێل و وڵاته‌كانی بچووكی ناوچه‌ی به خزمه‌ت گه‌یشت و سه‌رجه‌م سارگۆنی دوهه‌میان به مه‌زن و سه‌ركردەی خۆیان قه‌بوڵ كرد و هه‌روەها خه‌ڵات و زێر و ئه‌سپ و كه‌رەسه‌یه‌كی زۆریان پێشكه‌ش كرد. سارگۆن فه‌رمانی دا له سه‌ر دیواری قه‌ڵا و قه‌ڵاتگه‌كان ئاڵی سه‌ر كه‌ووتن بچه‌قێنن و ههروەها له كه‌نار شاری “لاتاش” كه دەكه‌وێته نێوان په‌سوێ و مه‌هابادی ئێستا و له ته‌نیشت “قه‌ڵای سپی ” واته .قه‌ڵاتی په‌سوێ ” ئۆللۆسونۆ” سای دەوڵه‌تی مانایی به‌خشی

” ئۆللۆسونۆ” له لایه‌ن سارگۆنی دووهه‌مه‌وە كرابوو به شای مانایی، به‌ڵام پاشان له ئه‌مر و فه‌رمانی ئه‌و دەرچوو تا ئه‌وەی كه له‌م هێرشه‌دا سه‌رله‌نوێ هاته‌وە ژێر فه‌رمانی سارگۆن.

به‌ڵام له سه‌ردەمی هاتنی سپای ئیسلام، ناوچه‌ی ئێستای پیرانشار به ناوی ” سه‌ڵڵه‌ق” دەناسرا و له‌م شوێنه‌دا كوردەكانی ” هه‌ربانی” نیشته‌جێ بوون كه پاشان به ناوی “راوەندی” و “رەوادی” هاتنه ئارا.پاش ئه‌وەی كه وڵاتی كوردستان و ئازربایجان له دەست خه‌لیفه‌كانی عه‌باسی هاتنه‌دەر و هاروونه‌ڕەشید هاته سه‌ركار، ئیبراهیم ناوێكی كردە وەزیر، ئیبراهیم له پاشان هاته‌ لاجانی ئێستا و دە گه‌ڵ كچی حاكمی ئه‌ودەمی گوندی قه‌ڵاتی مووتاوێ زەماوەندی كرد و كورێكیان بوو به ناوی “دەیسیم”.

دەیسیم ته‌واوی ئازەربایجان و كوردستانی خسته ژێر چاوەدێری و پاشان دەگه‌ڵ دەیله‌می و لاهیجانی‌یه‌كانه‌وە ئێستای باشووری ئێران،تێكه‌وت به‌ڵام به هۆی خه‌یانه‌تی سه‌ركردەكان، نه‌یتوانی سه‌ركه‌وێ و ناوچه‌ی ئێستای لاجان كه‌وته دەستی ئه‌وان.

وێدەچێ ناوی “لاجان” یان “لاهجان” له لایه‌ن ڵ دەیله‌می و لاهیجانی‌یه‌كانه‌وە داندرابێ ئه‌ویش به هۆی زەنوێر و سه‌رسه‌وز بوونی ناوچه، ئه‌گینا لاجان و لاهجان به مانای شوێن و جێگای په‌روەردە كردنی كرمی ئاوریشمه و دەگه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندێكانی ئه‌مڕۆ و ئه‌ودەمی لاجان یه‌ك ناگرێته‌وە.

حوسێن حوزنی موكریانی دەنووسێ: ساڵی 429ی كۆچی ئۆغۆرەكانی پێشڕەوی سه‌لجووقی‌یه‌كان هێرشیان هێنایه سه‌ر عه‌شایری هه‌زیانی به‌ڵام سه‌رنه‌كه‌وتن. ئۆغۆزەكان دەیان دەست‌درێژی تریشیان بۆ هه‌زیانی‌یه‌كان هێنا و ئێستاش ناوی گوندەكانی “گردی مرادبه‌گی”،”قوبادبه‌گیان”، “به‌ستام‌به‌گ” و “ئوغه‌ن” و…. یادگاری ئه‌و سه‌ردەمه هه‌ر ماون.

ئۆغۆز له لایه‌ن خه‌لكی ناوچه‌وە به “توركه ڕەشه” ناسراون و هه‌روەك دەزانین سلجووقی‌یه‌كانیش تورك زمان بوون.

لاپه‌رەكانی مێژووی پیرانشار یادگاری سه‌ردەمی ئیسلام و سوپای عه‌ڕەبه‌كانیشی پێوە دیارە. پتر له 300 چاك و پیر وشه‌خس و نه‌زەرگه‌ی ناوچه شاهیدی زیندووی ئه‌م ئیدیعایه‌ی ئێمه‌ن. به‌ڵگه‌ی مێژوویی سه‌بارەت به هێرشی سپای ئیسلام به سه‌ر كردایه‌تی “خالیدی كوری وەلید” بۆ ناوچه‌ی پیرانشار و گوندی شارستێن له ناوچه‌ی مه‌نگورایه‌تی ئاگادارمان ئه‌كا و هه‌رو‌ەها له بوونی قه‌ڵای پته‌وی ئه‌م گوندە و شای وڵاتی مه‌نگورایه‌تی:مه‌نجوڕات” دەدوێت. به یه‌ك وته گوندەكانی “گردڕەحمه‌ت” و “گردشه‌یتان” شاهیدی شه‌ڕی نێوان سپای ئیسلام و كوردەكانی هه‌زبانی له لایه‌كی تره‌وه‌ بووه‌

ئه‌مجار با روچنێك بكه‌ینه‌وە له دەریای فۆلكلۆر و په‌نا به‌رینه به‌ر به‌یته‌كانی كوردی. ئه‌گه‌ر سه‌یر بكاینه‌ به‌یتی “برایم و مه‌حمه‌ڵی دەشتیان”، ناوی “چه‌ڵیان” وەبه‌ر چاو دەكه‌وێت. به پێی دەقی ئه‌و به‌یته میر زۆرابخان حاكمی شاری چه‌ڵیان بووە كه به هۆی پیری بێ‌دەسه‌ڵاتی حوكماتی داوەته په‌ریخانی كچی.

په‌ریخان زۆر به زیبك و زاكوون بووە له هه‌مان حاڵیش‌دا زۆر كه‌یفی له پیاوان هاتووە تا ئه‌و رادەیه‌ی كه رێبواران و كه‌سانێكی خۆشی لێیان دەهات، بانگی دەكردنه دیوەخان داوای دەست تێكه‌ڵ كردنی لێ دەكردن، ئه‌گه‌ر كابرا رازی بایه ئه‌وە هیچ، ئه‌گه‌ر به‌رهه‌ڵستی كردبوایه، فه‌رمانی دەدا له نێو چیغ دا بیسووتێنن. سه‌رئه‌نجام په‌ریخان دەگاته مه‌حمه‌ڵ ناوێك كه بۆ فرۆشتنی مه‌ڕ و مالات دێته شار په‌ریخان خۆشی لێ دێت و له دوایی‌دا رەگه‌ڵی دەكه‌وێ…..

ئێمه لێرەدا مه‌به‌ستمان لێكدانه‌وەی فۆلكلۆری نیه. هه‌ر بۆیه سرنجی خوێنه‌رانی تامه‌زرۆ بۆ شریته‌كانی تۆمار كراو یان كتێبی “توحفه‌ی موزەففه‌رییه” نوسراوی ئۆسكارمان رادەكێشین.

خوا لێ‌خۆش بوو ماموستای پایه‌ به‌رزی كورد، هێمن شوێنی رووداوەكه دەباته ناوچه‌ی سه‌ردەشت و گوندی بێژوێ، به‌ڵام به پێی سه‌فه‌ر و لێكۆڵینه‌وە و چاو خشاندن به سه‌ر نێوەڕۆكی به‌یتی برایم و مه‌حمه‌ڵی دەشتبان و هه‌روەها به‌راوەرد كردنی له گه‌ڵ راسته‌قینه، بۆمان روون بۆوە كه شوێنی روودانی ئه‌م به‌یته، نیزیك گوندی سێڵوێ و گردی كاولان و به گشتی ناوچه‌ی به‌ربنه‌ی لاجانی پیرانشارە. وا ئاماژە دەكرێ كه حاكمی شاری چه‌لیان میر زۆرابخان بووە و مه‌حمه‌ڵ پاش هه‌ڵگرتنی په‌ریخان په‌نا دەباته ئاشكه‌وتی بێشوێ.

ئێستاش له به‌ربنه ئاسه‌واری شاری “قه‌رە چه‌لیان”‌ و “قه‌ڵای میر زۆرابخان” و ئاشكه‌وتی بێژ و به‌رانان (بێشوێ) هه‌رماوە.كه وابوو وا باشه هه‌ڵه‌ی خوا لێ خۆش بوو كاك “عه‌لی حه‌سه‌نیانی”ش راست بكه‌ینه‌وە كه شوێنی روودانی ئه‌م به‌یته به بێ به‌ڵگه‌یه‌ك و ته‌نیا به بیر و بۆچوونی خۆی به ناوچه‌ی شاروێران و گوندی دەریاز دادەنێ.

سه‌رەڕای ئه‌وانه زۆر به‌یتی تری كوردیمان هه‌یه كه ناوچه‌ی پیرانشار دەگرنه‌وە وەك:

كانه‌بی، خه‌ج و سیامه‌ند، هه‌مزەئاغای مه‌نگوڕ، كاك باپیری مه‌نگوڕ، شێخ ڕەش و شێخ مه‌ند،سوارۆ، پایزە، ئازیزە و چه‌ندت تر.

مێژووی ناوچه‌ی پیرانشار له گه‌ڵ ناوی بڵباسیش تێكه‌ڵاوە. بڵباس مه‌به‌ست ناوی پێشووی عه‌شایری پیران، مه‌نگوڕ و مامه‌ش له ئه‌م دیو و ئه‌م دیوی كوردستان له ناوچه‌ی پیرانشاردا بووە.شه‌ڕەفنامه سه‌بارەت به بڵباس دەنووسێ: عه‌شیرەی رۆژەكی بریتین له 24 تایفه له ناوچه‌ی خۆیت كۆبوونه‌وە و دوازدەیان ” بڵباس ” و دوازدەی تریان به ناوی “قوالیس” جیا بوونه‌وە. ئه‌م سه‌رچاوەیه ئیتر باسی ئه‌وە ناكات كه ناوی بڵباس له كوێ را هاتووە و به چ مانایه‌كه.

یه‌كه‌م سه‌رچاوە كه ناوی بڵباسی تێدا هاتووە قوڕئانێكی دەس نووسه كه ئاماژەی به ناوی “مه‌نسوور كوڕی سادقی .بڵباسی” كردووە

بڵباسه‌كان هه‌ردوو دیوی سنوور په‌یمانی هاوكاری ناوچه‌یان به یه‌كه‌وە به‌ستبوو، ئه‌م هاوكاری‌یه ساڵی 1209ی هه‌تاوی له لایه‌ن میر محه‌ممه‌د، میری گه‌ورەی سۆران له رەواندز هه‌ڵوەشایه‌وە. بڵباسه‌كان به دەیان جار له لایه‌ن دەوڵه‌ته‌كانی ناوەندی ئێران و عوسمانی و میرانی بابان و ئه‌ردەڵان و سۆران و موكری په‌لامار دراون، به‌ڵام هه‌ركات .وەك هێزێكی به‌رگری، خۆیان نواندووە

ناوچه‌ی پیرانشار رووداوگه‌لی زۆری به خۆوە بینیوە لێرەدا ته‌نیا چه‌ند رووداوی گرینگمان هه‌ڵبژارد كه دڵۆپێك له دەریا بوو. ئه‌گینا ته‌نانه‌ت بڵباسه‌كان مێژوویه‌كی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه

سایتی پیرانشار

به‌شه‌کان: بابه‌تی گشتیتاگه‌کان: محه‌ممه‌د ڕەسوڵ مهریار, پارچه‌یه‌کی ونبوی کوردستان, پیرانشار

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …