Home / شوێنەوارى کوردستان / پێوەندیی نێوان قەڵای هەولێر و گردەكانی دەروروبەری ناڕوونە

پێوەندیی نێوان قەڵای هەولێر و گردەكانی دەروروبەری ناڕوونە

 
شوێنەوارناسان تا ئێستە نەیانتوانیوە پێوەندیی نێوان قەڵای هەولێری و گردەكانی دەوروبەری ئەو قەڵایە و شاری هەولێر ئاشكرا بكەن و بیسەلمێنن. ئەوان بۆ نموونە لەسەر گرد لەشكری بۆچوونی جیاوازیان هەیە، بەڵام هیچ كامیان بەڵگەی تەواویان بۆ سەلماندنی بۆچوونەكانیان لە بەردەستدا نییە.
گردەكانی قالینج ئاغا، كلك مشكە، تەل قەسر و گردی لەشكری، چوار گردی دەوروبەری شاری هەولێرن كە مێژوویان بۆ هەزاران ساڵ پێش لە زایین دەگەڕێتەوە. قالینج ئاغا نزیكترین گردە بە قەڵای هەولێر.

تیمێكی هاوبەشی زانكۆی ئۆتۆنۆمی بەرشەلۆنای ئیسپانیا، شوێنەواری هەولێر و زانكۆی سەڵاحەدین دوا هەڵكۆڵینیان لە گرد لەشكری كردووە و بۆیان دەركەوتووە كە مێژووەكەی بۆ شەش هەزار ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە. ئەو گردە دەكەوێتە نێوان شارەدێیەكانی كەسنەزان و بنەسڵاوە.

شوێنەوارناسانی كورد رای جیاوازیان لەبارەی پێوەندیی نێوان گرد لەشكری و قەڵای هەولێر هەیە، هەندێك پێیان وایە ئەو گردە بۆ كاری سەربازی بەكار هاتووە و بەشێكی تریشیان پێیان وایە گردەكە تایبەت بووە بە بەڕێوەچوونی كاروباری ئاینی. ئەو شوێنەوارناسانە، نایشارنەوە كە ئەوە تەنیا “گومان”ە و بەڵگەی حاشاهەڵنەگریان بۆ سەلماندنی بۆچوونەكانیان لە بەردەستدا نییە.

دكتۆر عەزیز محەمەد ئەمین مامۆستای شوێنەوار لە زانكۆی سەڵاحەدین، دووپات دەكاتەوە كە حاشا لەوە ناكرێت پێوەندی لە نێوان قەڵای هەلێر و گردەكانی دەوروبەریدا هەبووە.

بە بڕوای ئەو مامۆستایە كە سەرۆكی تیمی زانكۆی سەڵاحەدین بووە لە كاری هاوبەشی هەڵكۆڵینی گرد لەشكردا و خۆیشی بەشدار بووە، بوونی مێژوویەكی هاوتەمەن و دۆزینەوەی پارچە شوێنەواری هاوسەردەم لە قەڵای هەولێر و گرد لەشكردا، نیشانەن بۆ بوونی پێوەندی لە نێوان ئەو دوو شوێنەدا، بەڵام تا ئێستە بەڵگەی پتەویان لە بەردەستدا نییە.

 ئەو بە “وشە” دەڵێ، “قەڵای هەولێر لە سەردەمی ئاشوورییەكان وەك ناوەندێكی سەربازی و پەرستگەی خواوەندی عەشتار (خوای جەنگ)  بەكار هاتووە، بە شوێنێكی گرنگی ئەو سەردەمە دەزانرێ. رەنگە گردەكانی تر وەك ناوەندی دووەمی سەربازی و سیاسی بەكار هاتبن، بەتایبەت گرد لەشكری كە لە رووی جوگرافییەوە دەكەوێتە نێوان قەڵای ئەربائیلۆ و هەرێمی كیرۆر (حەریری ئێستە) و بە ئەگەری زۆر وەك ناوەندێكی پێوەندیی نێوانیان بەكار هاتبێت. هەرێمی كیرۆر لە رووی جوگرافییەوە بۆ ئاشوورییەكان شوێنێكی ستراتیژی بووە، بەتایبەت بۆ دەرچوون و هەڵمەتی سەربازی”.

شوێنەوارناسان لە قەڵای هەولێر و گرد لەشكریدا هەندێ پارچە شوێنەواریان دۆزیوەتەوە كە مێژووەكەیان بۆ سەردەمی هاوبەش دەگەڕێتەوە. ئەوكات كە قەڵای هەولێر وەك ناوەندێكی سەربازی بەكار دەكات، بۆ وەرگرتن و دابەشكردنی هێز و هەواڵە جەنگییەكان سوودی لێ وەردەگیرا.

مەهدی جەلال مامۆستای بەشی شوێنەوار لە زانكۆی سەڵاحەدین، پێ وایە گرد لەشكری لەگەڵ گردەكانی تری دەوروبەری هەولێردا جیاوازی هەیە.

ئەو كە لە كاری هەڵكۆڵینی گردەكەدا بەشدار بووە، بە “وشە” دەڵێ، “ئەو شتەی كە ئەو گردە لە گردەكانی تر جیا دەكاتەوە، پێكهاتەی بیناسازییەكەیەتی كە ئەویش بۆ هەڵكەوتی جوگرافی و جۆرە زەوییەكە دەگەڕێتەوە. جۆری زەویی ئەو گردە لە شوێنێكی ئەستەمە و لە چەو و بەرد پێك هاتووە. بۆیە بەرد بۆ بەكارهێنانی دیوارەكانی بینای سەر ئەو گردە پێك هاتووە”.

“جیاوزای”ی پێكهاتەی بیناسازیی ئەو گردە لەگەڵ گردەكانی تری دەوروبەری هەولێر، بەشێك لە شوێنەوارناسانی هان داوە كە پێیان وابێت گرد لەشكری بە مەبەستی سەربازیی بەكار هاتووە و ئەمە پێوەندییەكەیەتی لەگەڵ قەڵای هەولێر.

ئەو بۆچوونە لەلایەن دكتۆر عەزیز محەمەدئەمین رەت دەكرێتەوە. ئەو دەڵێ، “بوونی دیاری بەردین نابێتە هۆی ئەوەی كە بڵێین گردەكە وەك بنكەی سەربازی بەكار هاتووە، چونكە لەو رووبەرەی ئێمە كارمان تێدا كردووە هیچ بەڵگەیەك دەست نەكەوتووە كە ببێتە بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەو بۆچوونە.

قەدری جەمیل سەرۆكی تیمی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر لە كاری هەڵكۆڵینی گرد لەشكردا، لەگەڵ بۆچوونەكەی دكتۆر عەزیز محەمەدئەمین هاوڕایە، بەڵام جێی گومانیش دەهێڵێتەوە.

ئەو بە “وشە” دەڵێ، “تا ئێستە هیچ بەڵگەیەك بۆ سەلماندنی ئەو بۆچوونە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ناوەكەی گرد لەشكرە، دەكرێ بۆ كاری سەربازی بەكار هاتبێت”.

شوێنەوارناسان لە ئەنجامی هەڵكۆڵینی گرد لەشكردا بخووردانێكیان دۆزیوەتەوە و قەدری جەمیل بە پشتبەستن بە دۆزینەوەی ئەو پارچە شوێنەوارە، دەڵێ “دەكرێ ئەو بۆچوونەشمان لا دروست بێت كە گرد لەشكری وەك ناوەندێكی ئاینی بەكار هاتبێت”.
وشە/ سارا سەردار

About دیدار عثمان

Check Also

ئەشکەوتی گەلیمگۆش

هه‌ڵكه‌وت پشده‌ری لە بیست ساڵی رابردوودا، ڕەچەڵەک، دەرکەوتن، بڵاوبوونەوە و نیشتەجێیەکانی مرۆڤی نوێ (هۆمۆسایپیان) لە …