Home / په‌رتووكخانه‌ / شوناس و مێژوو رۆڵی مێژوو لە بیچمگرتنی شوناسی نەتەوەیی دا  

شوناس و مێژوو رۆڵی مێژوو لە بیچمگرتنی شوناسی نەتەوەیی دا  

Forex-History
خالید تەوەکولی
وەرگێڕان: ئەفراسیاب گرامی
پێشەکی:
نەتەوە و شوناس، لە چەمکە بنەڕەتی و لە هەمان کاتدا ئاڵۆزەکانی زانستی مرۆڤایەتین، ئەگەرچی زۆربەی بزووتنەوە و بە گشتی دیاردە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان بە یارمەتی ئەمانەوە شرۆڤە و راڤە ئەکرێن، بەڵام لە هەمان کاتدا زانایانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەهەمبەر پێناسە و چۆنیەتی بیچمگرتن و پەرەسەندنیدا لەسەر روانگەیەکی تایبەتەوە، کۆک نین.
گومان لەوەدا نیە کە بزووتنەوە شوناسخواز و نەتەوەخوازەکان، یەکێک لە گرینگترین بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی هاوچەرخ بە ئەژمار دێن (گیدینز، ١٣٨٩: ٦٣٩) . باسکردن سەبارەت بە شوناسی کوردی و شوناسی نەتەوەیی یەکێک لەو باسگەلەیە کە سەد ساڵی رابردوودا و بەتایبەتی پاش شەڕی جیهانی دووهەم، لە زۆربەی ململانێ فیکری و سیاسییەکان، بە شێواز و هۆکارگەلێکی جۆراوجۆرەوە قسەی زۆر لەسەر کراوە. هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتووری عوسمانی پاش شەڕی جیهانی یەکەم و سەرهەڵدانی شوناسە نوێیەکان، پەرەنەسەندوویی ناوچە کوردنشینەکان، ئایدیا و بیرە مۆدێڕنەکان، شۆڕشی سیاسی کە لە ئێران و وڵاتانی دەورووبەر روویان دا، ئەو هۆکارانە بوون کە بوونە هۆی ئەوەی کە شوناسی نەتەوەیی و ناسیونالیستی لە لایەن کوردەکانەوە سەرنجی پێ بدرێت و بە واتایەکی دیکە، بزووتنەوەی نەتەوەخوازیی کوردی بیچم بگرێت.
هەندێک لە پێوەندی لەگەڵ پرۆژەی نەتەوەسازی و بەرەوپێشبردنی خەباتی سیاسیی لەسەر بنەمای ناسیونالیزم، لەسەر ئەو باوەڕەن کە تەنیا یەک شوناسی کوردی بوونی هەیە کە لەسەر بنەمای مێژوو، زمان، نیشتمان و داب و نەریتی هاوبەشە و بە دوای دۆزینەوە، پێناسە و وەسفی ئەم شوناسە یەکانگیرەوەن. لە بەرامبەردا، هەندێکی دیکە باس لە جۆراوجۆر بوونی شوناسی کوردی یان شوناسە جۆراوجۆرەکانی کوردی دەکەن کە بە درێژایی مێژوو گۆڕانکاریی بەسەردا هاتوە و دروست بوە و یان ئەوەی کە تێکەڵ بە شووناسەکانی دیکە بووە.
لە ناو کوردەکان، هەوڵدان بۆ پێناسەی شوناسی نەتەوەیی و کەڵکوەرگرتن لە مێژوو بۆ پێناسەی مێژینەی خۆی هەیە و “ئەمین زەکی بەگ”، یەکێک لەو کەسانەیە کە بە شێوەیەکی سیستماتیک هەوڵی نووسینەوەی مێژووی کوردستانی دا و قۆڵی لێ هەڵماڵی تا ئەوەی کە بە کەڵکوەرگرتن لە مێژوو، پێناسەیەکی نوێ و پێکهاتەیەک بۆ بونیادنانەوەی شوناسی کورد دابڕێژێت. لەم نێوەشدا “رەشید یاسمی”یش خاوەن پێگەیەکی تایبەتە و بە نۆبەی خۆی، کاریگەریی لەسەر رەوتی بیچمگرتنی شوناسی نەتەوەیی هەبووە.
لە وانەیە ئەم بانگەشەیە راست بێت کە ئامانجی سەرەکی لە مێژوونووسی لە کوردستاندا، سەلماندن و پێناسەی شوناسی نەتەوەیی بووبێت. جیا لەوەش زۆربەی شاعیران و چالاکانی سیاسیی کورد ئاماژەیان بە چاوگە و کۆن بوونی مێژووی کورد، وەکوو توخمێکی بنەڕەتی لە پێناسەی شوناسی نەتەوەیی کردوە و باسیان لێوە کردوە. لەم وتارەدا ئەم پرسیارە دەخرێتە بەر تاوتوێ و توێژینەوەوە کە بەگشتی شوناسی نەتەوەیی کوردان، لە ژێر کاریگەریی چ هۆکارگەلێکن و رۆڵی “مێژوو” لەم نێوەدا چ بوە؟ خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە ئایا پێناسەی شوناسی نەتەوەیی بە پشت بەستن بە “مێژوو”، “نەتەوەخوازیی” بۆتە دیاردەیەکی خەیاڵپەروەرانە، رۆمانتیک، کۆن و کەونار یان ئەوەی کە لە سەدەکانی پێشوویە و بەرهەمی گۆڕانکارییەکانی چاخی مۆدێڕن سەرچاوەیان گرتووە؟
چوارچێوەی تیۆری
لە بارەی ناسیونالیزم یان نەتەوەخوازیی، تیۆریگەلێکی جیاواز و زۆرجار دژواز هەیە. لە واقێعدا لە سەدەی هەژدەهەم بە دواوە، کە ئەم ئەندیشەیە بە شێوەیەکی بەربڵاو پەرە ئەستێنێ و هێدی هێدی هەموو ناوچە جیاوازەکانی جیهان ئەگرێتەوە. “گیدینز” پێی وایە کە ناودارترین تیۆرداڕێژەری نەتەوەخوازیی “ئێرنێست گێلنر”ە. (هەمان سەرچاوە: 639).
بەگشتی “گێلنێر” لە باشاری روون و ئاشکرا بەرامبەر بە ناسیونالیزمی “ئەزەڵ‌گەرا ـ سروشتگەرا”، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ناسیونالیزم دیاردەیەکی تەواو مۆدێڕنە و لە سەردەمی نوێدا، کولتوور و دەسەڵات بە شێوازێکی نوێ کەڵەکە بووە و ناسیونالیزمیان پێک هێناوە، هەروەها ئەو ناسیونالیزم بە مەرامێکی سیاسی ئەزانێت کە لەسەر بنەمای هاوشێوەیی کولتورییە و کولتوری هاوبەش ئامانجی پێویست و تەواو بۆ ئەندامەتیی لە جڤاکێکی سیاسی دا بە ئەژمار دێت. هەروەها لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ناسیونالیزم لە بنەڕەتدا لە هەوێنی پێوەندیی کولتوری و کۆمەڵگای سیاسییەوە سەرهەڵ‌ئەدات و بە پێی ئەم بنەمایەش، رێکخستنی کۆمەڵگای وەرزێری کە رەوشی کۆمەڵایەتیی تاکەکان لە رێگای کولتوورەکانیانەوە دیاری دەکرێت، بە تەواویی لە دژایەتیی دایە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کۆمەڵگایەک کە قۆناخەکانی پیشەسازیی تێپەڕاندوە پێویستی بە چەشنێک یەکسانسازیی و پێکهێنانی کولتوور و زمانێکی ئیستانداردی هاوبەش هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بوونی بەریان و کولتوورە ناوچەییەکان دەتوانن رێگر بن لە شکڵگرتنی ئەم کولتوورە نوێیەدا، بۆیەش دەوڵەتی مۆدێڕن بەرەو بە ئیستانداردکردنی کولتوور هەنگاو دەنێت. ئەم روانگەیەی “گێلنر” لەمەڕ ناسیونالیزم، کە راستیدا بۆ دنیایەک شیاوی گەڵاڵەداڕشتنە کە بوونی دەوڵەتێکی لە پێشدا دیاریکراو، وەکوو پێویستییەک لەقەڵەم ئەدرێت.
هەروەها ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لەوێڕا بەشێکی گرینگ لە بەستێنەکانی تێڕوانینی ناسیونالیستی بۆ جیهان، بوونی دەوڵەتێکی یەکگرتووە و بە هۆی ئەوەی کە هەندێک لە کۆمەڵگاکان لە لایەکەوە لە بنەڕەتدا دەوڵەت بوونی هەر نیە و لە لایەکی دیکەوە خاوەنی فەرهەنگی شارستانییەت نین، ئیدی نەتەوە و هەستی ناسیونالیستی لە هەموو شوێنێکدا بەدی ناکرێت، بە واتایەکی دیکە دەوڵەت و دواتر نەتەوە دیاردەیەکی جیهانگیری (جهانشمول) نین. لەگەڵ ئەوەشدا پێناسەی ورد لە ناسیونالیزم، تەنیا بە بوونی کولتوورێکی هاوبەش نیە، بەڵکوو بوونی دامەزراوەیەکی رێبەریی یان دەوڵەت بە مەبەستیی جێگیرکردنی کولتووری نەتەوەیی و دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتی بێگانەکانیشدا بە پێویست دەزانێت.
گێلنر کە زۆر لایەنگری ناسیونالیزم نیە، وەکوو تیۆرییەکی مەترسیدار ناوی دەهێنێت، بە تەنیا بە هۆی ئەوەی کە تیۆرییەکی ناڕاست (کاذب)، بەڵکوو زۆرتر بە هۆی ئەوەی کە خۆی بە قەرزار ئەزانێت. لە روانگەی ئەوەوە، “رابوون‌گەری” (١) چەمک یان کردارێکی حیماسییە کە لە ناسیونالیزمی “ئەزەل گەرا”وە زۆر بەکار دەهێنرێت و لەسەر ئەم بنەمایە، پاساو بۆ گریمانەی “جیهانگەرایی” ناسیونالیزم ئەهێنێتەوە کە ناسیونالیزم لە تەواو کۆمەڵگاکاندا بوونی هەیە، بەڵام لە زۆرێک لەو شوێنانەدا نووستوە و دەبێت لەو خەوە هەستێتەوە، بەم شێوەیە کە چەمکی خەوتوویی و نووستوو بوونی نەتەوەیەک یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی تیۆریی ناسیونالیزمی “زات‌گەرا ـ سروشتگەرا“یە. لەبەرامبەردا گێلنێر، ناسیونالیزم بە جیهانشموول و حاشاهەڵنەگر نازانێت، بەڵکوو لە روانگەی ئەوەوە بەرهەمی پێویستیی بارودۆخێکی تایبەتی کۆمەڵایەتییە کە لە جیهانی ئەمڕۆدا پەرەی ئەستاندوە و ریشەیەکی قووڵی لە ژیانی کۆمەڵایەتی دەورانی ئێمەدا هەیە و لەو باوەڕەدایە کە بە پێچەوانەی کۆمەڵگای وەرزێری کە کولتووری بەرز، لە پاوانی گرووپێکی تایبەتدا بووە، لە کۆمەڵگای پیشەسازیی دا، کولتوور لەسەر بنەمای خوێندەواریی و پەروەردە و فێرکردنە و بەشێک لە ئیمتیازەکان بۆ گرووپی کەمایەتیی لەبەرچاو نەگیراوە و لە هەموو کۆمەڵگادا پەرەی پێ دراوە و لە دەورانی هاوچەرخیشدا ناسیونالیزم سەرهەڵدەدات.
لە ئاکامدا ئەو لەمەڕ ناسیونالیزم، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە هەر وانیە کە نەتەوەکان بەر لە بوونی خۆیان، سەربەخۆ بووبێتن و ئێستاکە کە خەو هەستابێتن و خوازیاری ژیانی سەربەخۆیانەی کولتوری خۆیان بن، بەڵکوو لە راستیدا ئەم کولتوورگەلەن کە “نەتەوە” بوویانە و نەتەوەش درووست دەکەن. لە سەرەتاوە، نە نەتەوەکان بوونیان هەبوو، نە شتێک دەکەن. کولتوورە بەرزەکان، دەبنە جێگرەوەی کولتوورە نزمەکان و تێکەڵبوونیان ئەبێتە جێگرەوەی فرەچەشنی و دواتر ئەم دیاردەیەش گرینگی سیاسیی بە خۆیەوە دەگرێت. “نەتەوەکان” بە گشتی سێبەری سیاسیی ئەم دیاردەیەن. لەم روویەوە بە رای ئەو، هەندێک لە نەتەوەکانی خاوەن رەگ و ریشەی کەوناران، هەندێک لە رێچەکەکان بانگەشەی ناسیونالیستەکان پێکیان هێناون، هەندێکی دیکە لە نەتەوەکان لە بنەڕەتدا خاوەنی هیچ رەگێک نین. ئەگەرچی زۆرترین نەتەوەکان لە جۆری دووهەمن، بەڵام پێویستیی رێچەکەدار بوون، بەرهەمی سەردەمی هاوچەرخن.
ئێرنێست رێنان: ئەو بە پێچەوانەی ئاڵمانییەکان، هەوڵ ئەدات هەتا تێگەیشتنێکی سیاسی و دێموکراتیک لە نەتەوە بخاتە ڕوو و لە نووسێنێکدا لە ژێر ناوی”نەتەوە چیە؟”، هەڵسەنگاندنی نەتەوەیی ـ کولتووریی لە نەتەوە بە نادروست ئەزانێت و لەسەر سیاسی و دێموکراتیک‌بوونی نەتەوە پێداگریی دەکات. (رێنان، ١٣٩١).
ئەو بەر لە هەموو شتێک پێداگریی لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە قەوارەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی جۆراوجۆر و فرەچەشنە و نەتەوەش بەتایبەتی یەکێک لەو فرە چەشنییانەیە. بە واتایەکی دیکە، رێنان، لەو بیرەدایە کە گریمانەی جەهانگەرایی نەتەوە بە درێژایی مێژوو و تەنانەت لە سەردەمی ئێستاکەدا بە شێوەیەک لە شێوەکان رەت بکاتەوە، ئەو شێوەگەلە بریتین لە: جڤین و کۆبوونەوەی مرۆڤەکان، خێڵ، دەوڵەت‌شار، ئیمپراتووری، بێ نیشتمانەکانی دینی، نەتەوەکان، کۆنفێدراسیۆنەکان، پەیوەندییە خزمایەتییەکان و …؛ لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لە رابردوودا نەتەوە بەو واتایەی کە ئەوڕۆکە هەیە، بوونی نەبوە و لە ئاکامدا دیاردە نوێیەکانی مێژووی مرۆڤایەتین. هەوێنی گوتاری رێنان لەو پێوەندییەدا ئەمەیە کە نەتەوە وەکوو قەوارێک لە ژیانی کۆمەڵایەتیی دیاردەیەکی نەمرانە نیە، بەڵکوو سەردەمێک دەستی پێکردوە و سەردەمێکیش کۆتایی پێ دێت.
لە قۆناخی دووهەمدا هەوڵ ئەدات وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە ئایا “نەتەوە” چی‌یە؟ یان لە راستیدا “چ شتێکیش نیە” بداتەوە؛ رێنان سەرەتا ئاماژە بە نەژاد (رەگەز) دەکات و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لەم بەستێنەدا ئەگەری هەڵخزانێکی مەترسیدار هەیە: بەم شێوەیە کە زۆربەی نەژادەکان لەگەڵ نەتەوەدا یەک دەگرنەوە و بە گرووپەکانی نەتەوەگەرا و تەنانەت زمانیش، دەسەڵاتێکی سەربەخۆ وەکوو دەسەڵاتە نەتەوەییەکانی ئێستاکە دەبەخشێت. بە هەمان رادەش کە ئەسڵی نەتەوەکان، دادپەروەرانە و رەوایە، ئەسڵی مافی سەرەتایی نەژادەکان بەرچاوتەنگانەیە و بۆ پێشڤەچوونیش راستییەکی مەترسیدارە. ئەو شعوورە سروشتییەی کە نەخشەی ئورووپای پێک هێنا، لە هیچ روویەکەوە پێوەندیی بە نەژادەوە نەبوو و سەرەتایی‌ترین نەتەوەکانی ئورووپا، نەتەوەگەلێکن کە تێکەڵاوییەکی خوێنی‌یان هەیە.
لە قۆناخی دواتردا، رۆڵی زمان وەکوو یەکێک لە توخمە پێکهێنەرەکانی نەتەوە و بە نیشانەی نەژاد دەخاتە بەر راڤە و توێژینەوەوە و لەو باوەڕەدایە کە زمانەکان هەڵقووڵاویی مێژوون کە شتێکی ئەوتۆ لەبارەی خوێنی ئەو کەسانەی کە بە زمانەکان قسە دەکەن نادەن بە دەستەوە، کەواتە زمان ناتوانێ وەکوو یەکێک لە نیشانەکانی نەژاد، پێناسە بکرێ، بەڵکوو وەکوو ئامرازێکی یان هۆکارێک بۆ کۆبوونەوە و جڤین بانگهێشت ئەکرێت، بەڵام بۆ ئەم کۆبوونەوەیە ناچار ناکرێت.
بەگشتی ئەو لەسەر ئەو باوەڕە پێداگریی دەکاتەوە کە پێکهێنەری نەتەوەکان، نە نەژادە و نە زیاتر لەوەش زەوی یان [خاک]. راستە کە زەوی ژێرخان و پێکهێنەر و پانتایی کار و هەوڵ ئەدات بە دەستەوە، بەڵام ئەوە مرۆڤەکانن کە گیان ئەبەخشن. جگە لەوەش لەم روانگەیەی رێنانەوە، دینیش وەک ئەوەی لە جوولەکەکاندا بەدی دەکرێت، ناتوانێ بنەڕەتی ئارەزوومەندانە بۆ بەرپاکردنی نەتەوەیەک مۆدێڕن دەستپێشخەری بکات. لە ئاکامدا، بەڵگەهێنانەوەی کەسانێک کە پێ لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بۆ بیچمگرتنی نەتەوە دەگرنەوە، قبووڵ ناکات و پێی وایە کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان ئەگەرچی پێوەندییەکی بە‌ هێزی نێوان مرۆڤەکان بەرقەرار ئەکات، بەڵام بۆ پێکهێنانی نەتەوە ناتەواوە.
پرسیارێک لێرەدا زەق ئەبێتەوە، کە ئەگەر ئەم توخمانە بۆ پێکهێنانی نەتەوە تەواو نیە و ناتوانن نەتەوەساز بن، کەواتە “نەتەوە” چیە و چ هۆکارێک بۆ پێکهێنانیدا رۆڵ دەگێڕێت؟ رێنان لەسەر ئەم باوەڕەیە کە جوهەری نەتەوە، هەمان دەستەواژەیە کە هەمووان لە لایەکەوە زۆرێک لە شتە هاوبەشەکانیان پێکەوە هەبێت و لە لایەکی دیکەوە زۆرێک لە شتەکانیان فەرامۆش کردبێت. نەتەوە رەوتێکی مێژووییە کە لە زەنجیرە رووداوێکی هاوئاراستە و یەکگرتووەوە سەرچاوە دەگرێت. یەکانگیری نەتەوە زۆرجار لە لایەن فەرمانڕەواوە پێک دەهێنرێت، وەکوو فەڕانسە، زۆرجاریش بە ویستی ئازادانە و راستەوخۆی ویلایەتەکانەوە وەکوو هولەند، سوئیس و بێلژیک، و زۆرجاریش لە رۆحی گشتی خەڵکەوە وەکوو ئیتالیا و ئاڵمانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو بە پێداگریی لەسەر رۆڵی گرینگی مرۆڤ لە نێواخنی نەتەوەدا، پێی وایە کە شکڵگرتنی توخمێکی پیرۆز کە ناویان لێ ناوە “نەتەوە”، کە مرۆڤ هەموو شتێکە و هیچ شتێکی ماددی بە تەنیایی تەواوکەری ئەم دروست بوونی نەتەوە نیە.
رێنان بەر لەوەی کە نەتەوە بە توخم و بنەما مادییەکان ناودێر بکات، زۆرتر لەسەر ئەسڵی مەعنەویی و رەوتی ئاڵۆز و قووڵەکانی مێژوو پێداگری ئەکات و؛ پێی وایە کە نەتەوە، بنەماڵەیەکی مەعنەوییە، نەک گرووپێکە کە لەسەر بنەمای خاک دیاری کرابێت. ئەو درێژە ئەدات کە ئەم ئەسڵە مەعنەوییە دوو تووخمی هەیە: حەزی هاوبەشی میراتی پڕبەرهەمی بیرەوەریی و حەز بە ژیانی هاوبەش و خواستی بەردەوامی بەخشین بە بەرهەمهێنانی میراتێکە کە بە شێوەی هاوبەش بە ئێمە گەیشتوە. لە ئاکامدا رێنان، تایبەتمەندییەکانی خوارەوە بۆ نەتەوە دەست‌نیشان دەکات:
ـ نەتەوە، بەرەنجامی مێژوویەکی درێژخایەنی لێوانلێو لە هەوڵ، لەخۆبردووی و فیداکارییەکان و ستایشی پێشینیانە کە هەبوونی ئەوڕۆکەی ئێمەیان پێکهێناوە.
ـ بوونی شانازییە هاوبەشەکان لە رابردوودا و ویستی هاوبەشی ئێستاکە؛ بەڕێوەبردنی کاری بە کۆمەڵی هاوبەش لە رابردوودا و خواستی درێژەدان پێی، ئێستاکەش مەرجە سەرەکییەکان بۆ دروستبوونی “نەتەوە”ن.
ـ نەتەوە؛ هاوپێوەندییەکی مەزنە کە بە هەستی فیداکارییەکانی رابردوو و هەروەها هەستی ئەو فیداکارییانە بیچم ئەگرێت کە دیسانەکە ئامادەی بەڕێوە بردنیانین. نەتەوە لە راستییەکی هەستپێکراودا کورت دەکرێتەوە: دەربڕینی رێککەوتن و حەزێکی ئاشکرا بۆ درێژەدان بە پێکەوەژیان.
ـ مرۆڤ نە کۆیلەی نەژاد و زمان و دینی خۆیەتی و نە کۆیلەی رێگای چۆم و رووبار و شاخەکانیەتی. جڤینی مەزنی مرۆڤەکان کە رۆحێکی پاک و دڵێکی گەرمیان هەیە و ویژدانێکی ئەخلاقی دەئافرێنن، ناویان لێ ناوە “نەتەوە”. ئەم ویژدانە ئەخلاقیە تا کاتێک خاوەنی رەوای‌یە و خاوەنی مافی ژیانە کە هێزەکەی بەو فیداکارییانەی کە لەسەر بنەمای چاوپۆشی کردنی تاک بە قازانجی کۆمەڵ بسەلمێنێت.
ناسیونالیزمی کوردی
پرسیارێک هەنووکە دەبێت وەڵامدەری بین ئەمەیە کە ئایا ناسیونالیزمی کوردی چۆن شکڵی گرتوە و لەسەر چ بنەمایەک پێناسە دەکرێ و توخم و هۆکارە بونیاتنەرەکانی چین؟ رۆڵی مێژوو، نەژاد، خاک، دین و زمان لەم نێوەدا چۆنن؟ ئایا ناسیونالیزمی کوردی ئەزەل گەرا بە ئەژمار دێت یان نەخێر؟
وەڵامدانەوە بە پرسیارەکانی سەرەوە لەم نووسراوەیەدا ناگونجێت، مەگەر ئەوەی کە لەم وتارەدا گریمانەی ئەوە بکەین، گرینگترین هۆکارێک کە لە ناسیونالیزمی کوردیدا بەرچاو ئەکەوێت، و پێداگریی زۆری لەسەر دەکرێت، مێژوو و هەوڵدان بۆ رەخساندییەتی. گرینگیی “مێژوو” بە شێوەیەک کە لە سەردەمی جێگیربوونی ناسیونالیزم لە ئینگلیستانیشدا، دەگەڕێننەوە بۆ توێژینەوە لەمەڕ مێژووی ئینگلیستان و نووسینەوەی بە زمانی ئینگلیسی. (گریفلێند؛ 1383: 166). بە چاوخشاندنێکی کورت بەسەر رەوتی مێژوونووسی لە کوردستاندا دەر ئەکەوێت کە مێژوو لە ناسیونالیزمی کوردیدا بە دوو رەوگەی تەواو جیاوازدا تێپەڕیوە؛ بە واتایەکی روونتر، دوو مەبەست و ئامانجی جیاواز و دژبەیەک لە نووسینەوەی مێژووی کوردیدا کە پێوەندی بە ناسیونالیزم و شوناسیشەوە هەیە، بەشدار بوون. لە لایەکەوە، هەوڵدان بۆ مێژوو نووسی “ئەمین زەکی بەگ (1948-1880) “ە کە ئامانجەکەی ئەو لە نووسینی “مێژووی کورد و کوردستان” شکڵگرتنی ناسیونالیزمی کوردی یان پێناسەی شوناسی کوردی بوە و لە پاڵ ئەویشدا یان بە واتایەکی دیکە لە باشاری ئەویشدا، “رەشید یاسمی(1330-1275)” هەیە کە لەوانەیە بتوانین بڵێین ئامانجی سەرەکی ئەو لە نووسینی کتێبی “کورد، پەیوەندیی مێژووی و نەژادییەکەی” بەهێزکردنی شوناس و ناسیونالیزمی ئێرانی و تێکەڵکردنی شوناسە کوردییەکەی بووبێت.
“ئەمین زەکی ‌بەگ” لەو کەسانەیە کە ماوەیەکی درێژخایەن لە ئەستانبوڵ ژیاوە و لە ئیمپراتۆری عوسمانی و حکوومەتی عێراقدا گەیشتۆتە ئاستی پلەی نیزامی و سیاسی گرینگ لە ئاستی فەرماندەیی، وەزارەت و نوێنەرایەتی مەجلیسی سەناش. لە نزیکەوە زۆرێک لە سەرەتاکانی نوێبوونەوە دەبینێت و هەستی پێ دەکات. لە ساڵی 1908 ئەبێتە ئەندامی دیاریکردنی سنوور و سنوورەکانی نێوان تورکیە و بولغارستان و تورکیە و رووسیە و بۆ ماوەی یەک ساڵ بۆ بەڕێوەبردنی هەندێک مەئموورییەتی نیزامی دەنێردرێتە فەڕانسە. لەگەڵ زمانەکانی فارسی، عەرەبی، تورکی، ئینگلیسی، روسی و تا رادەیەکیش فەڕانسەوی و ئاڵمانیدا ئاشنا بوە و لە سەرچاوە زانستییەکانی ئەوانیش کەڵکی وەرگرتوە. لە ئەستانبول، سلێمانی و بەغدا لەگەڵ زۆریک لە بڵاوکراوەکان و ناوەندە رووناکبیرییەکاندا پێوەندی هەبوە و شتی بڵاوکردۆتەوە.
پرۆژەی نوێژەنخوازی و چاکسازیگەریی ئەمین زەکی بەگ، وەکوو زۆربەی رووناکبیرانی ئێرانی، تورک و عەرەب، هاوکات لە دوو رێگا دا درێژەی هەیە: لە لایەکەوە لە پێناو پێکهێنان و بیچمدانی جۆرێک لە رۆحییەی ناسیونالیستییانە بوو و لە لایەکی دیکەوە بیری لە چۆنیەتی کەڵکوەرگرتن لە دەسکەوتە مادییەکانی جیهانی مۆدێڕن یان بە واتایەکی دیکە مۆدێڕنیزاسیۆن ئەکردوە. بەم مەبەستەوە، بەر لە هەر شتێک لە پلەی رووناکبیرێکدا، هەڵدەستێ بە نووسینی “مێژووی کورد و کوردستان” و هەوڵ ئەدات هەتا فەزای کوردی لەگەڵ بیاڤە فەرهەنگییەکانی رۆژهەڵاتی ناوین کە بە بۆچوونی “بێهنام (1375)” بریتییە لە فەزای تورک، عەرەب و ئێرانی زیاد بکات و بنەمایەک بۆ شوناسی نەتەوەیی کوردەکان دابمەزرێنێت. ئەو باسی لە بنەما و پێناسە و شکڵگرتنی شوناسیش هێناوەتە ئاراوە کە رابردوودا دین بوو و ئێستاکە دەتوانێ فەرهەنگ و مێژوو بێت، با لەبیر نەکەین کە ئەم گۆڕانەش لە فەڕانسەشدا روو ئەدات و بە شێوەیەک شوناسی فەڕانسەوی تا بەر سەرهەڵدانی ناسیونالیزم بە شوناسی مەزهەبییەوە گرێ درابوو. (گرینفلد:167) ئیدی لە پێشەکی کتێبی “کورد و کوردستان”دا ئاماژە بەم مەسەلەیە دەکات و ئامانجەکەی خۆی لە نووسی ئەو کتێبە بەم شێوەیە دەردەبڕێت: “پاش ئەوەی کە بە جێگای چەمکە گشتییەکەی “عوسمانی” لە تورکیەدا، چەمکگەلێک وەکوو “تورک” و “توارانی” هاتە ئاراوە، سروشتییە کە هەروەکوو نەتەوەکانی دیکە، منیش لە نێوەدا، هەستم بە غیرەت و توورەیی خۆم کرد و غرووری قەومییەکەم هانی دام تا لە دەرفەتێکی پێویست ئەم هەستە [کوردبوون]ی خۆم دەرببڕم” (ئەمین زەکی بەگ، 1350: 1)
بەڵام لەوێڕا کە مێژوویەکی سەربەخۆ لەبارەی مێژووی کوردستانەوە نەبوو، ئیتر بەو مەبەستەوە دەست ئەکات بە نووسینی کتێبی مێژووی کوردستان. جیا لەمەش و لەم راستایەشدا، ئەو کتێبێکی بە زمانی کوردی نووسیوە تا ئەوەی کە جیاوازییەکانی “خود”ی لەبەرامبەر “ئەوانی دیکە”دا زەق بکاتەوە و بنەمایەک بۆ هاوبەشبوون لە نێوان خودی‌یەکان (کوردەکان) و خودئاگایی مێژوویدا پێک بهێنێت. جیا لە نووسینی کتێبی ناوبراو بە زمانی کوردی، توێژینەوە لەمەڕ ناوداران و زانایانی کورد و نووسینی وتارگەلێک لەمەڕ زمانی کوردی، هەوڵدان بۆ هەناردنی خوێندکارانی کورد بۆ ئەورووپا و نووسنی کتێبگەلێک لە بواری زانستیشدا، دەبێت لەم بەستێنەشدا هەڵسەنگێندرێت.
“رەشید یاسمی” لە ساڵی ١٣١٣دا، پاش دامەزرانی زانکۆی تاران، ئەبێتە مامۆستای وانەبێژی مێژووی ئیسلام لە کۆلیژی ئەدەبیات و دانیشسەرای بەرزدا. دواتر ئەبێتە ئەندام لە فەرهەنگستانی ئێراندا و لە سالی ١٣٢٢ لەگەڵ گرووپێکدا وێڕای ئەندامەتی عەلی ئەسغەری حیکمەت و ئیبراهیم پوورداوود، ئەڕۆنە هیندوستان. لە ساڵی ١٣٢٤دا بۆ توێژینەوە دەنێردرێنە فەرانسە و پاش دوو ساڵ ئەگەڕێنەوە بۆ ئێران. دواتر هەروەکوو “رێنان” لە پێناسەی نەتەوەدا گرینگییەکی تایبەت بە مێژوو و بیر و هەست و ئاواتی کۆمەڵایەتیی هاوبەش ئەدات و بنەمای نەتەوە لە دین، زمان، نەژاد، خوێنی هاوبەش یان دەسەڵاتی هاوبەشدا نازانێت و ئەوانەش بە شتە سەرەکییەکانی نەتەوە نازانێت، بەڵکوو لە روانگەی ئەوەوە “بەهێزترین ئەستوونی نەتەوە، یەکیەتیی سەربوردەی مێژووییە” کە لەگەڵ هۆکارەکانی سەرەوەدا، واتای نەتەوە فراژوو ئەبێت. یاسمی هەروەها لەسەر ئەم خاڵە پێداگری ئەکاتەوە کە ئەم یەکانگیرییە و پێشینە هاوبەشە مێژووییەش هێدی هێدی لە رەوتێکی گواستنەوەیی دا لە نێوان نەوەکاندا دەگۆڕدرێت بۆ هەستێکی دەروونی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا. (یاسمی، 1366: 144-139).
ئامانج و مەبەستی رەشید یاسمی لە نووسینی مێژوو کە بە شانازییەوە خۆی بە ڕەچەڵەک کورد ئەزانێت، لانیکەم لە هەندێک لایەنەوە لەگەڵ کەڵکەڵەکانی ئەمین زەکی بەگ دا هاوشێوەن و لەیەک دەچن. لە راستیدا هەردوو لە هەوڵی بونیادنانی پێناسەیەک بۆ شووناسی کوردین بەڵام بەم جیاوازییەوە کە یاسمی دەیهەوێ کوردەکان بە یەکێک لە لقەکانی نەژادی ئێرانی و تەنانەت لە کۆڵەکەکانی نەتەوەی ئێرانی پێناسە بکات و بەم شێوەیە لە سەربوردەیەکی هاوبەشی مێژوویی کوردەکان لەگەڵ ناوەندی نەژادی خۆی، واتە ئێراندا پێوەندی داوەتەوە. (هەمان سەرچاوە: 7-5) ئەو بە راشکاوییەوە ئامانجەکەی خۆی لە نووسینی کتێبەکە بەم شێوەیە دەردەبڕێت: “بە بۆچوونی من، مێژووی کورد ئەمە نیە کە لەژێر ناوی پەردەوازەدا، گێڕانەوەی ئیماراتی فڵان ئەمیر و سەرۆکایەتی فڵانە بەگزادە بنووسرێت، بەڵکوو مێژووی حەقیقی ئەم تایەفەیە دەبێت لە رووی پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەسڵی نەژادەکەی بنووسرێتەوە” (هەمان: 9). یاسمی دواجار بانگەشەی ئەوش دەکات کە ئەم مەسەلەیەی سەلماندوە کە “کوردەکان لە رووی نەژادی و زمانیی و بیرباوەڕی دینییەوە لەگەڵ ئێرانییەکانی دیکەدا جیاوازییەکی نیە” و لە درێژەشدا دەڵێت کە ئەگەر ئەم هاوشێوەییەش بوونی نەبوایە، لەوێڕا کە کوردەکان خاوەنی هاوبەشییەکی سەربوردەی مێژوویی لەگەڵ قەوم و خەڵکانی نیشتەجێی ئێراندان، دیسانەکە کوردەکان ئێرانی و لە کۆڵەکانی ئەویش بە ئەژمار دێن و بە پێی باوەڕی یاسمی ئەمەش بەهێزترین ریشاڵەیە کە بە درێژایی مێژوو هاتووە و قەومە جۆراوجۆرەکانی لە یەکەیەک دا بە ناو “ئێران” پێوەندیان پێکەوە خواردوە.
لە لایەکی دیکەوە، بەم شێوەیە کە لە بۆچوونەکانی یاسمی تێگەیشتن دەکرێت، دەتوانین بڵێین کە یاسمی وەکوو ناسیونالیستە ئەزەل گەراکان، باس لە کانوونی نەژادی کە هەمان رۆحی خەوتووی نەتەوەیە دەکات، بەڵام دەبێ پێی بگەین و هەڵی بستێنین. لە رووی رادەی شوێندانەری یاسمی دەبێ بڵێین کە تا ئەم ساڵانەی دواییش، بەردەوام گوتاری یاسمی لە گۆڕەپانەکەدا زاڵ بووە و هەموو هەوڵی کوردەکان لە نیوەی سەدەی رابردوودا بەردەوام لەم راستایەدا بووە کە کوردەکانی بە کۆڵەیەک لە کۆڵەکەکانی نەتەوەی ئێرانی دابنێن. پێداگریی زۆر لەسەر ئیرانی بوونی کوردەکان و دووپاتکردنەوەی لە ناوەندە فەرهەنگی و ئەدەبییەکاندا نیشاندەری ئەوەیە کە روانگەی یاسمی بۆ ماوەیەکی زۆر لە لایەن شوناسخوازەکانەوە پێشوازی لێ دەکرا. لەسەر ئەم بنەمایەش کە مەلا مستەفا بارزانی بۆ خۆی یەکێک کە نەوەکانی ماددەکان و ئێرانی ئەسڵە و ئێرانی و کوردیش لەیەکدی جیا ناکرێنەوە و هەروەها وتەکانی محەممەدی خاتەمیش کە لە رۆژانی تەبلیغاتی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری خولی شەشەمی مەجلیسی ئێراندا، کوردەکانی بە ئەسڵترین ئێرانی ناودێر کرد، هەموو لەسەر بنەمای ئەم گوتارەوە راوەستا بوو کە لە ناسیونالیزمی ئێرانیدا بە تەواوی قبووڵ کراوە و لە راستیشدا یەکێکە لە کۆڵە سەرەکییەکانی بە ئەژمار دێت.
ناسیونالیزمی سەرچاوەگرتوو لە ئەمین زەکی بەگ بەتایبەت و سەربەخۆ لە شوناسەکانی دیکە، پێداگری لەسەر شوناسی کوردی دەکات و بە شێوەیەکی جیاواز لە ناسیونالیزمی ئێرانی کە یاسمی پەروەردەی کردبوو، بزووتنەوەی سیاسی کوردەکان رێکدەخات و پەرەی پێ ئەدات. بۆ نموونە ئەتوانین ئاماژە بە کۆمەڵەی “ژ.ک” و زۆرێک لە شاعیرانێک بکەین کە شوناسخوازیی و پێداگریی لەسەر مێژووەکەیان لە راستای بەهێزکردنی شوناسی کوردی دایە و بەس. لە زۆرێک لە وتاری نووسەران و شێعری شاعیرانێک، باسی سەرەکی لە پیوەندی لەگەڵ هۆکاری شکستی کوردەکان و چۆنیەتی دەستڕاگەیشتن بە ئامانجە سیاسییە کانی خۆیانەوەیە. هەڵبەتە لێرەشدا ناسیونالیزم، رواڵەتێکی ئەزەڵگەرایانە بە خۆیەوە دەگرێت و بەردەوام بە شێوەیەکی تایبەت لە سروودە سیاسی و نەتوەییەکاندا، جیا لە وەبیرهێنانەوەی سەربوردەی مێژووی و تایبەتی کوردەکان، بانگی رابوون و هەستانەوە لە خەوی غەفڵەتیش دێنێتە ئاراوە.
هەوڵدان بۆ پێناسەی شوناسێکی سەربەخۆ و خەسارناسی هۆکارەکانی گەشەنەسەندوویی کوردستان لەگەڵ سەرکوتی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، تووشی داهێزران دەبێت و لەوەش بە دواوە شووناسخوازی لەسەر بنەمای مێژووی یاسمی لە نێوان رووناکبیران و بژاردەکان بەتایبەتی مەرکەزنشین دا پەرە ئەستێنێ و وتارگەلێکی جۆراوجۆر لە راستای پێداگرتنەوە لەسەر رەچەڵەکی ئێرانی‌بوون و سەربوردەی هاوبەشی مێژووی ئەنووسرێتەوە.
بە گشتی هەردوو روانگە، لە دووی بەرهەمهێنان و پێکهێنانی بەندی ناوکێکن بۆ ناسیونالیزم، بەڵام لە ناسیونالیزمێک کە لە مێژووی ئەمین زەکی بەگەوە سەرچاوە دەگرێت، دوو تایبەتمەندیی زەق ئەبێتەوە، و بنەمای ناسیونالیزمی کوردی پێک دەهێنن: هەوڵدان بۆ جیابوونەوە لە تاران و ئەنکاراو پێناسەکردنی شوناسێکی سەربەخۆ بۆ کوردەکان و خەسارناسی هۆکارەکانی دواکەوتووییان. ئەو وەکوو رێنان و گێلنێر لەسەر ئەو باوەڕەیە کە واتاکانی نەتەوە و ئەم قەوارەیە لە ژیانی کۆمەڵایەتی نوێیە و لە رابردوودا بنەمای شوناس و پێکهێنانی کۆمەڵگا دین و شەریعەت بوە. بەڵام لە ناسیونالیزمێک کە مێژووی رەشید یاسمی پێکی هێناوە، بە جێگای جیابوونەوە بیچمگرتنی شوناسێکی سەربەخۆ، هەوڵ دەدرێت شوناسی کورد بە شێوەیەکی سەربەخۆ، لەبەرچاو نەگیردرێت و بە جێگای ئەوەش بەشێکی گرینگ و بنەڕەتی لە شوناسی نەتەوەیی ئێرانییەکان بناسرێت. لێرەدا بە جێگای جیابوونەوە و دیاریکردنی سنوورەکان، باس لە تێکەڵبوون و هاوبەشبوون لە سەربوردەیەکی مێژووییە و ئامادە نیە “کورد” وەکوو “ئەوی دیکە” خۆی پێناسە بکات. ئەمەش بە واتای لەبەرچاونەگرتنی ئەوی دیکە و هەوڵدان بۆ تێکەڵکردنیەتی، کە یەکێک لە لایەنەکانی روانگەی رۆژهەڵاتناسانەیە بە نیسبەتی کوردستانەوە کە بەردەوام شوناسی کوردیان لە دنیای کەونارا و لە مێژوودا راگرتوە و هێدی هێدی شوناسی فۆلکۆریکیان بە جێگای شوناسی راستەقینە داناوە. جیا لەمەش، ئەگەرچی هەم ئەمین زەکی بەگ و هەم یاسمی، پێ لەسەر نوێبوونی واتای نەتەوە دائەگرنەوە، بەڵام لەوێڕا کە هەردووکیان مێژوویان کردۆتە بنەمای بیچمگرتنی شوناس، ئاکامی نەخوازراوی ئەمەش، سەرهەڵدانی جۆرێک ناسیونالیزمی ئەزەل گەرایە کە هەم لە ئاستی ئێران و هەم لە ئاستی کوردستان بوە، کە تا رادەیەک لەگەڵ تیۆرییەکانی گێلنێر و رێناندا یەک ناگرنەوە.
سەرچاوەکان:
1.     رنان، ارنست (1391) ملت چیست؟ عبدالوهاب احمدی، نشر آگه، تهران، چاپ اول.
2.     گلنر، ارنست (1388) ناسیونالیسم، سید محمد علی نقوی، نشر مرکز، تهران، چاپ اول.
3.     گیدنز، آنتونی (1386) جامعه­شناسی، حسن چاوشیان، نشر نی، تهران، چاپ اول.
4.     یاسمی، رشید (1363) کرد و پیوستگی نژادی و تاریخی او، انتشارات امیرکبیر، تهران، چاپ اول.
5.     دائره­المعارف ناسیونالیسم: زیر نظر الکساندر ماتیل، انتشارات وازارت امور خارجه
سەرچاوە کوردییەکان:
.   سدیق، ساڵح (2005): سه‌رجه‌می به‌رهه‌می محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌کی به‌گ، بنکه‌ی ژین، سلێمانی، چاپی یه‌که‌م.
.  محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌کی به‌گ (1350) کورد و کوردستان، سه‌یدیان، مه‌هاباد، چاپی یه‌که‌م.
.   نیشتمان: بڵاوکەرەوەی بیری کۆمەڵەی ژ.ک (٢٠٠٨) ئامادەکردنی عەلی کەیمی، بنکەی ژین.

About دیدار عثمان

Check Also

گرفتی داروین

هه‌ڵكه‌وت محمد پشده‌ری بیردۆزەکەی داروین بۆ دەرکەوتن و پەرەسەندنی زیندەوەران بەردی بناغەی زانستی زیندەوەرزانییە. بەشێکی …