Home / مێژووى جیهان / 10 بەناوبانگترین دادگاییكردن لە مێژوودا

10 بەناوبانگترین دادگاییكردن لە مێژوودا

10 بەناوبانگترین دادگاییكردن لە مێژوودا

خەندان- ڕەوا مەحمود

رۆژانە خەڵکانێک لەم جیهانەدا دادگایی دەکرێن و هەرکەسێک بە قەبارەی تاوانەکەی سزای یاسایی دەدرێت، بەڵام هەر زوو بیردەچێتەوە و مێژوو باسیان ناکاتەوە، بەڵام 10 جۆر دادگاییکردن هەیە کە مێژوو لە یادیان ناکات و وەک بەناوبانگترین دادگاییکردن ناسێنراون.

– چاوشیسكۆ، ڕۆمانیا

دادگاییكردنی دیكتاتۆری ڕۆمانی، (چاوشیسكۆ) یەكێكە لە دیارترین دادگاییكردنەكانی مێژووی ئەوروپای ئەم سەردەمە، چاوشیسكۆ كە لەنێوان ساڵانی 1974-1989 فەرمانڕەوای ڕۆمانیا بوو، ئەو وڵاتەی تووشی هەژاری و ڕووخانی ئابووری كرد، بەڵام زۆری نەبرد چاوشیسكۆ بە ڕاپەڕینێكی جەماوەری لەسەر دەسەڵات لابرا. ناوبراو لەساڵی 1989دا بە بەتۆمەتی ڕووخاندنی ئابووری و هێرشكردنە سەر خۆپیشاندەران دادگایی كرا، دواجار لەبەرواری 25ی دیسەمبەری 1989 كە ڕۆژی لەدایكبوونی چاوشیسكۆ بوو، لەگەڵ ژنەكەیدا گوللەبارانكران.

– سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ، یۆگۆسلاڤیا

سەرۆكی پێشووی یۆگۆسلاڤیا كە لەلایەن نەیارەكانیەوە بە شەیتان ناودەبرا، لەنێوان ساڵانی 1989 بۆ 1997 دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی گرتبوە دەست. لەو ماوەیەدا هەڵمەتی لەناوبردن و چەوساندنەوەی دژ بە موسوڵمانەكانی سڕبیا و بۆسنە و كرواتیای ئەنجامدا كە كوژرانی زیاتر لە 8 هەزار موسوڵمانی لێكەوتەوە.

لەساڵی 2001دا لەبەردەم دادگای تاوانەكانی جەنگی سەر بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دادگاییكرا، بەڵام هەر لەیەكەم دەركەوتنەوە گاڵتەی بە دەستەی دادوەران دەهات و تەنانەت وتیشی كە پێویستی بە پارێزەر نییە! دواجار و پێش كۆتا دانیشتنی دادگاییكردنەكەی لەساڵی 2006، سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ لە زینداندا مرد.

– جۆرج پاپادۆپولۆس

جۆرج پاپادۆپولۆسی سەرۆكی یۆنان لەساڵی 1967 بە كودەتای سەربازی هاتە سەر كورسی دەسەڵات و بۆماوەی 8 ساڵ بەردەوامبوو. لەو ماوەیەدا سیستمی سەربازی زۆرە ملێی پیادە دەكرد و نەیاران و سەرانی ئۆپۆزسیۆنی زیندانی دەكرد، پاپادۆپولۆس وەك چۆن بە كودەتا هاتە سەر كورسی دەسەڵات، هەر بە هەمان شێوە لابرا. لەساڵی 1975 بەتۆمەتی ناپاكی لە وڵات دادگاییكرا و حوكمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دواتر سزاكە بۆ زیندانی هەتاهەتایی كەمكرایەوە.

جۆرج پاپادۆپولۆس 24 ساڵی لە زینداندا بەسەربرد و لەساڵی 1999دا و لەتەمەنی 80 ساڵیدا لەزینداندا مرد.

– چارلز تایلەر

سەرۆكی لیبریا لەنێوان ساڵانی 1997 تاوەكو دەستلەكاركێشانەوەی لەساڵی 2003 كورسی دەسەڵاتی قۆرخكرد، ئەم سەرۆكە تاوانی دژە مرۆڤایەتی ئەنجامدا، هەروەك دەستی لە گەرمكردنی جەنگی ناوخۆی سیرالیۆندا هەبوو، بەجۆرێك كە بەچەك و پارە یارمەتی یاخیبووەكانی سیرالیۆنی دەدا، لەو جەنگەدا 50 هەزار كەس كوژران.
خۆ هەڵقورتاندنی ئەم سەرۆكە لە جەنگی وڵاتی سیرالیۆن بۆ ئەوەبوو كە هەل بقۆزێتەوە و سامانی نەتەوەیی ئەو وڵاتە تاڵان بكات، بەتایبەتیش ئەڵماس، بۆیە دواتر دادگاییكردنی چارلز تایلەر ناونرا كەیسی ئەڵماسی خوێناوی.

لە ساڵی 2012 و پاش بەردەوامبوونی دادگاییكردنەكە بۆماوەی 5 ساڵ، دادگا بڕیاری سەپاندنی سزای زیندانیكردنی بۆماوەی 50 ساڵ بەسەر چارلزدا سەپاند.

– ئۆجێستۆ بینۆشێ

بینۆشێ سەركردەیەكی سەربازی وڵاتی شیلی بوو كە تۆمەتباری سەرەكی بوو لە كوشتنی سالڤادۆر ئاێندی سەرۆكی وڵاتەكەیدا، هەر بەوشێوەیە حوكمی وڵاتی گرتە دەست و كوشتارگەی لە دژی نەیارەكانی بەرپاكرد.
بینۆشێ لەساڵی 2002دا دەستگیركرا، بەڵام هەرزوو بە بیانووی چوونە تەمەن و خەڵەفانەوە ئازادكرا، دواتر لەساڵی 2004دا دادگای ئەو وڵاتە بینۆشێیان دووبارە دەستبەسەر كردەوە، ئەوەش پاش باشتربوونی دۆخی تەندروستی، بەڵام پاش چەند ڕۆژێك لە دەستگیركردنی تووشی جەڵتەی دڵ هاتوو بەو هۆیەوە كۆچی دواییكرد.

– مونجێستۆ هیلا میریام

ئەم سەرۆكەی ئەسیوبیا ماوەی 14 ساڵ بە دڕندانەترین شێوە حوكمی وڵاتی گرتەدەست، لەنێوان ساڵانی 1977 و 1987دا كۆمەڵكوژی گەورەی بەرامبەر گەلەكەی خۆی ئەنجامدا، بەتایبەتی نەیارەكانی، سەردەمی سەرۆكایەتی مۆنجێستۆ بە ترسی سوور ناوی دەركردبوو.

مۆنجیستۆ بەشێوەی ئامادەنەبوو دادگاییكرا كە ماوەی دادگاییكردنەكەی 10 ساڵی خایاند و لەساڵی 2008دا سزای لەسێدارەدانی بۆدەركرا، بەڵام مۆنجێستۆ هەر لەسەرەتای شۆڕشی جەماوەرییەوە كە لەدژی هەڵگیرسا بەرەو وڵاتی زیمبابۆی هەڵهاتوو سەرۆكی ئەو وڵاتەش مافی پەنابەری پێبەخشی، ناوبراو تائێستا لەژیاندا ماوە و بە ئازادی لە وڵاتی زیمبابۆی دەژی، سەرەڕای ئەوەی حكومەتی ئەسیوبیا چەندینجار داوای ڕادەستكردنەوەی ئەم دیكتاتۆرەیان كردووە.

– حەسەن حیبری

سەرۆكی پێشووی وڵاتی چاد لەماوەی هەشت ساڵی حوكمكردنیدا لە ساڵی 1982 تا 1990، تاوانی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامدا، لەساڵی 1990 حەسەن حیبری لە دەسەڵات لابرا و بەرەو وڵاتی سەنیگال هەڵهات، هەرچەندە دادگای وڵاتی چاد چەند جارێك داوای ڕادەستكردنەوەی ئەم تۆمەتبارەیان كردەوە، بەڵام سەنیگال ئەو داوایەی ڕەتكردەوە. حیبری تائێستاش لەژیاندا ماوە، بەڵام دادگای وڵاتەكەی بە ئامادەنەبوو پرۆسەی دادگاییكردنیان بۆ ئەنجامدا بێئەوەی هیچ سزایەك لە دژی دەربكەن!

– زەین ئەلعابدین

دادگاییكردنی زەین ئەلعابدین بن عەلی سەرۆكی لەسەر كار لابراوی تونس یەكەمین دادگاییكردنی سەركردەكانی شۆڕشی بەهاری عەرەبی بوو. لەگەڵ ڕووخانی دەسەڵاتەكەیدا، عابدین بەرەو شانشینی سعودیە هەڵهات، بۆیە بە بەشێوەی ئامادەنەبوو دادگاییكرا. دادگاییكردنەكەشی لە دادگایەكی سەربازیدا ئەنجامدرا، نەك مەدەنی. دادگا بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەك و گەندەڵی دارایی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ ئەم سەرۆكە هەڵهاتووە دەركردووە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونیەوە سزاكە جێبەجێ نەكراوە.

– حوسنی موبارەك

حوسنی موبارەك یەكێكی دیكەبوو لەو سەرۆكانەی كە بووە قوربانی دەستی بەهاری عەرەبی، ناوبراو چوارەمین سەرۆك كۆمار بوو لە مێژووی میسردا كە لەساڵی 1981ەوە تا 2011 حوكمی وڵاتی گرتە دەست.

خراپ بەكارهێنانی پارە و دەسەڵات بۆماوەی 30 ساڵ، موبارەكی گەیاندە ئەوەی كە گەلەكەی لەدژی ڕاپەڕن، سەرەتای خۆپیشاندانەكان زۆر بەتوندی وەڵامدرایەوە و سەدان خۆپیشاندەر كوژران. ئەوەش بووەهۆی توندتربوونی خۆپیشاندانەكە تا ئەوساتەی موبارەك بە ناچاری دەستی لەكاركێشایەوە. ساڵی 2012 بەتۆمەتی تەقەكردن لە خۆپیشاندەران، دادگا سزای زیندانیكردنی هەتاهەتایی بۆ دەركرد، بەڵام ساڵی 2014 پێداچوونەوە بۆ بڕیارەكە كراو لە بڕیارێكی چاوەڕواننەكراودا، دادگای باڵای ئەو وڵاتە بڕیاری سڕینەوەی گشت ئەو تۆمەتانەیدا كە پێشتر بەسەریدا سەپێنرابوون!

– سەدام حسێن

دادگاییكردنی سەدام حسێن بەناوبانگترینە لەنێو گشت ئەو دادگاییانەی پێشوودا، ئەم دیكتاتۆرەی عیراق ساڵانێكی زۆر جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵكرد. سەدام لەسەر كەیسی كوشتارگەی شارۆچكەی دوجەیل دادگاییكرا كە ساڵی 1982 ئەنجامیدا، پاش ئەوەی لەو شارۆچكەیە هەوڵی كوشتنی درا. سەرەتا سەدام دانی بە شەرعیەتی دادگاكەدا نەدەنا، بەڵام دواتر ملكەچی پرۆسەكە بوو، دەستی كرد بە بەرگریكردن لەخۆی.

لە پێنجی تشرینی دووەمی ساڵی 2006دا دادگا سزای لەسێدارەدانی بۆ سەدام دەركرد، لەبەرەبەیانی 30ی كانوونی یەكەمی هەمان ساڵدا كە هاوكاتبوو لەگەڵ یەكەم ڕۆژی جەژندا سزاكە جێبەجێكرا.

به‌سوپاسه‌وه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ سایتی خه‌ندان وه‌رگیراوه‌

About كه‌یفی عمر

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …