Home / مێژووى جیهان / ژیاننامەی جۆن کوینسی ئەدەمز، شەشەم سەرۆک کۆماری ئەمریکا (خولی سەرۆکایەتی ١٨٢٥ بۆ ١٨٢٩)

ژیاننامەی جۆن کوینسی ئەدەمز، شەشەم سەرۆک کۆماری ئەمریکا (خولی سەرۆکایەتی ١٨٢٥ بۆ ١٨٢٩)

jowanqwinnn
فرانک فریدێڵ و هاگ سیده‌ی

 و: له‌ ئینگلیزیه‌وه‌: خه‌سره‌و ئه‌ڵماسی

جۆن کوینسی ئەدەمز، یەکەم سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان بوو کە باوکیشی پێشتر سەرۆکایەتی وڵاتی ئەمریکای کردبوو، وە لە زۆر رووەوە، وەک پیشەکەی و هەروەها سروشت و روانگەکانی شانی لە شانی باوکە بەناوبانگەکەی دەدا. لە ساڵی ١٧٦٧ لە ناوچەی بڕەینتریی ماساچوسێتس لە دایک بوو. دواتر لە سەر بەرزاییەکانی گردی پێنەوە بە سەر مەزراکەیانەوە، سەیری شەڕ و پێکدادانەکانی گردی بانکەڕی دەکرد. لە ماوەی کارکردنی لە ئەوروپا وەک سکرتێری باوکی، زمانزانێکی لێهاتوو و نووسەرێکی وریای یادداشتی رۆژانەی لێ دەرهات.
دوای ئەوەی خوێندنی لە زانکۆی هارڤارد تەواو کرد، بوو بە پارێزەر. لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا، وەک نێردراوی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە وڵاتی هۆڵەندا دەستنیشان کرا و پاشان پلەی بەرز کرایەوە و بوو بۆ نێردراوی باڵای ئەمریکا لە بەرلین. لە ساڵی ١٨٠٢ دا، بۆ سێنای ویلایەتە یەکگرتووەکان هەڵبژێردرا. شەش ساڵ دواتر، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، مەدیسۆن، وەک نێردراوی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە رووسیا دەستنیشانی کرد.
بە کارکردنی وەک وەزیری دەرەوە لە کابینەکەی سەرۆک کۆمار مۆنڕۆ دا، ئەدەمز بوو بە یەکێک لە گەورەترین وەزیرەکانی دەرەوەی ئەمریکا کە توانی بە هاوکاری و لەگەڵ ئینگیلستان پرۆژەی داگیرکاریی هاوبەشی ناوچەی ئۆریگەن رێکبخات و توانی لەگەڵ ئیسپانیا بگاتە رێککەوتنێک بۆ ئەوەی دەستبەرداری ناوچەکانی فلۆریدای سەرەوە و خوارەوە بن، وە هەروەها توانی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بیرۆکە و دۆکترینی مۆنڕۆ دابرێژن.
بە پێی نەریتی سیاسیی باو لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەمدا، ئەدەمزی وەزیری دەرەوە وەک تاکە جێگری سیاسیی شیاو بۆ سەرۆکایەتی کۆمار ئەژمار دەکرا. بەڵام ئەم رێوشوێنە کۆنانەی هەڵبژاردنی سەرۆک، لە ساڵی ١٨٢٤ دا و پێش هاتوهاوار بۆ بژاردەیەکی جەماوەری، هێدی هێدی رێگەیان بۆ هاتنە ئارای میکانیزمێکی نوێی هەڵبژاردن خۆش دەکرد.
لە ناوەوەی تاکە پارتی سیاسیی گۆڕەپانەکە –  کۆماریخوازەکان –  کەرتگرایی و دەستەگەرایی خەریک بوون پەرەیان دەسەند، وە هەر کۆمەڵێکیان کاندیدی خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەبوو. ئەدەمز، کە کاندیدی کەرتی باکوور بوو، لە هەر دوو دەنگدانیی جەماوەری و دەستەی هەڵبژاردنەکاندا کەوتە دواوەی ژەنڕاڵ ئەندرو جەکسۆن، بەڵام کەوتە پێشەوەی هەر یەکە لە ویلیام ئەیچ. کڕافۆرد و هێنڕی کڵەی. لە بەر ئەوەیکە هیچ کام لە کاندیدەکان، زۆرینەی دەنگەکانی دەستەی هەڵبژاردنەکانی مسۆگەر نەکردبوو، ئاکامی هەڵبژاردنەکە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە لە نێوان سێ کەسی یەکەم بڕیاری لێدرا. کڵەی، کە لایەنگری پرۆگڕامێکی هاوشێوەی پرۆگڕامەکەی ئەدەمز بوو، لە ئەنجومەنی نوێنەراندا پشتیوانییەکی بەهێزیی کاندیدەکەی کەرتی ئینگلیستانی نوێ واتە ئەدەمزی کرد.
ئەدەمز، لەگەڵ بوونی بە سەرۆک کۆمار، کڵەیی وەک وەزیری دەرەوە دەستنیشان کرد. جەکسۆن و هەوادارە تووڕەکانی ئەو تۆمەتەیان بڵاو دەکردەوە کە «رێککەوتنێکی ژێربەژێر» کرابوو، وە هەر خێرا هەڵمەتیان بۆ دەرهێنانی سەرۆکایەتی لە ژێر چنگی ئەدەمز لە ساڵی ١٨٢٨ دەست پێکرد.
ئەدەمز سەرەڕای ئەوەی باش دەیزانی کە لە کۆنگرەدا رووبەڕووی دژایەتی دەبێتەوە، بەڵام لە یەکەم پەیامی ساڵانەیدا، پرۆگڕامێکی نەتەوەیی هەرە گرینگی راگەیاند. سەرۆک کۆمار پێشنیاری ئەوەی کرد کە حکومەتی فیدڕاڵ بە دروست کردنی تۆڕێک لە رێگەی خێرا و کاناڵی ئاوی، کەرتەکان بە یەکتر ببەسترێنەوە، وە هەروەها بە سوود وەرگرتن لە داهاتی فرۆشتنی زەوییە گشتییەکان، ناوچەی دەسەڵاتی گشتی پەرە پێبدرێت و بپارێزرێت. لە ساڵی ١٨٢٨، بەردی بناخەی کاناڵی ئاوی سی ئەند ئۆی دانا کە درێژییەکەی دەگەیشتە ١٨٥ مایل.
ئەدەمز هەروەها پێداگری دەکرد کە پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە دامەزراندنی زانکۆیەکی نەتەوەیی و گرتنە ئەستۆی تێچووی گەشتە زانستییەکان و بنیاتنانی خانەیەکی چاودێری ئەستێرەناسی، رۆڵێکی سەرەکی لە پەرەپێدانی هونەر و زانست بگێڕێت. رەخنەگرانی لەو باوەڕەدابوون کە کردە و هەنگاوی لەو بابەتە، لە چوارچێوە و سنوورەکانی یاسای بنەڕەتی دەردەچوون.
ئەدەمز لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ١٨٢٨، کە تیایدا جاکسۆنییەکانی دژبەری تۆمەتەکانی گەندەڵی و بەتاڵانبردنی ماڵی گشتییان دابووە پاڵی، رووبەڕووی ئەزموونێکی قورس بۆوە کە دواجار نەیتوانی بەرەنگاری بێتەوە. دوای شکستهێنان لەو هەڵبژاردنەدا، بە هیوای بە خۆشی بەسەربردنی پاشماوەی ژیانی لە مەزراکەی و لە ناو پەرتووکەکانیدا گەڕایەوە ماساچوسێتس.
لە ساڵی ١٨٣٠، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، خەڵکی ناوچەی پڵایماوس ئەدەمزیان بە نوێنەری خۆیان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژارد و هەر لە ناو ئەو ئەنجومەنەدا، وەک سەرکردەیەکی بەهێز، پاشماوەی ژیانی بۆ خزمەتکردنی خەڵکەکەی تەرخان کرد. لە سەرووی هەموو ئەمانەوە، ئەدەمز لە دژی سنووردارکردنی ئازادییە مەدەنییەکان وەستایەوە و لەو پێناوەدا تووشی ململانێی توند بوویەوە.
دواتر لە ساڵی ١٨٣٦، کۆنگرێسمانەکانی کەرتی باشوور «یاسایەکی سنووردارکردنیان» پەسند کرد بۆ ئەویکە ئەنجومەنی نوێنەران بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیک داخوازی و داواکارییەکانی دژی کۆیلەداری دوا بخات. ئەدەمز بۆ ماوەی هەشت ساڵ، بێ ماندووبوون و بێ کۆڵدان، دژی ئەو یاسایە وەستایەوە تا ئەوەیکە لە کۆتاییدا توانی یاساکە پووچەڵ کاتەوە.
لە ساڵی ١٨٤٨، بە هۆی جەڵتەیەکەوە کە لە ناو ئەنجومەنی نوێنەران لێیدا بەر بوویەوە سەر عەرز. بە هۆی ناجێگیر بوونی باریی تەندروستییەوە، گوازرایەوە بۆ ژووری سەرۆکی ئەنجەمەنەکە و دوو رۆژ دواتر لە هەمان ژووردا گیانی لە دەستدا. پاش مەرگی، لە کلێسای فێرست پاریش لە کوینسی بە خاک سپێردرا؛ لە هەمان شوێن کە باوک و دایک و هاوسەرەکەی نێژران. ئەدەمز کە بە «پیرەمێردی قسەزان» ناوی دەرکردبوو، تا کۆتایی ژیانی شەڕی لە پێناو ئەو شتانەدا کرد کە بە راست و دروستی دەزانین.
سەرچاوە:
http://www.whitehouse.gov/about/presidents/johnquincyadams
له‌ ژماره‌ ٦٤٦ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌

About دیدار عثمان

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …