Home / ناوداران / موستەفا زەڵمی زانا درەوشاوەکەی کوردان

موستەفا زەڵمی زانا درەوشاوەکەی کوردان

 موستەفا زەڵمی زانا درەوشاوەکەی کوردان

FB_IMG_1465206948421

 

هەولێر- شۆڕش غه‌‌فوری

پێشەکی:
” ئامانجم لە دیــراسەت، خۆشەویستیمە بۆ ئایینەکەم” ئەمە قسەیەکی پڕۆفیسۆر دکتۆر (مستەفا ئیبراهیم زەڵمی)ـیە کە بەداخەوە پاش ماوەیەک تێکچوونی تەندرووستی و مانەوەی (٩) ڕۆژ لە ژێر چاودێری پزیشکی، سەعات یەکی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی (٤ی حوزەیرانی ٢٠١٦)ی زایینی لە نەخۆشخانەی (پاڕ)ی پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە تەمەنی (٩٢) ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

مستەفا زەڵمی کە زیاتر لە (٥٠) کتێبی لە بوارەکانی شەریعە ‌و یاسا ‌و زیاتر لە (٤٠) توێژینەوەی زانستی لە بوارەکانی یاسا، فەلسەفە هەیە و (١٣) ناونیشانی زانستیشی وەرگرتووە و زۆرینەی کتێبەکانی بۆ زمانە جیهانییەکان وەرگێڕدراون و لە چەند وڵاتێکیشدا کتێبەکانی وەک پڕۆگرامی خوێندنی زانکۆیی دەخوێنرێن لەوانەش، هیندستان، ئەندۆنیزیا، تورکیا، میسر، ئەردەن، عێراق، ئێران، مالیزیا و هەرێمی کوردستان. چەند ساڵێک بوو کە زەڵمی ڕاوێژکاری یاسایی و شەرعی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بوو و بە یەکێک لە داڕێژەرانی “یاسای باری کەسێتی عیراق و هەرێمی کوردستان” دادەنرێت و لە سەر ئاستی جیهان وەک (عەلامە) ناوی دەهێنرێت. پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمی خاوەنی چەندین فەتوای هاوچەرخی ئیسلامییە کە دەنگدانەوەی جیهانییان بە دوای خۆیدا هێناوە لەوانەش، (حەرامکردنی خەتەنەی مێینە)، (حەرامکرنی جگەرەکێشان)، (چاککردنەوەی تەلاقی نێوان ژن و مێرد).

هەر دوێنێ، سەعات (٩:٣٠)ی بەیانی تەرمەکەی لە مزگەوتی (جەلیل خەیات)ی هەولێر و لە لایەن (سەید ئەحمەد بەرزنجی) نوێژی لەسەر کرا و بەرەو شارۆچکەی خورماڵی پارێزگای هەڵەبجە بەڕێ کرا تا لە (مەڵبەندی ڕۆشنبیری هەورامان) بەخاک بسپێردرێت کە ئەمەیش بە پێی وەسیەتی خۆی بوو کە پێشتر وەسیەتی کردبوو لەسەر ئەرکی خۆی ناوەندێکی ڕۆشنبیری بە ناوی هەورامانەوە لە خورماڵ بکرێتەوە و کتێبخانەکەیشی هەمووی بەو ناوەندە ببەخشرێت و ئەگەریش کۆچی دوایی کرد تەرمەکەی لەوێ بەخاک بسپێردرێت.

مەراسیمی پرسەی کۆچی دواییشی سێ ڕۆژ دەخایەنێت کە لە (مزگەوتی سەواف)ـی هەولێر ‌و لە (مزگەوتی گەورە)ی خورماڵ لە (مزگەوتی ئەحمەد حاجی عەلی)ـی شاری سلێمانی و شار و شارۆچکەکانی کورستان و هەورامان مەراسیمەکانیان بەڕێوە دەچێت.

زەڵمی و توێژینەوە و فکر:
ئەم پیاوە هەورامییە، تەمەنی خۆی بۆ توێژینەوە و خوێندن و خوێندنەوە بەسەر بر و توێژینەوەكانی بە ئاراستەی ڕەوتێکی مۆدێڕنی ئینسانی و ڕیفۆرمی دەڕۆن و کار لەسەر ئایین و ئیمان دەکەن، ئەمەیش وەک زۆرینەی کتێبەکانی زەڵمی دەریدەخەن، بە مەبەستی دەرچوواندنی ئایینە لە کەلتوور، ئەو بەشەی کەلتوور کە ئایین هێندەی تر دۆگما دەکات و تێزەكانی بوونەتە هەڵوێستی شەرعیی و فەرمی ئایینی ئیسلام. زەڵمی زۆر باش لەوە گەیشتبوو کە ئیمان بەم تێز و ڕوانگە تەرجەمەکراوانەی قورئان ئیمانێکی گەورە نییە و دەبێت سەرلەنوێ خوێندنەوە بۆ دەقەكان بکرێت و ئەو مەدوا فراوانەی نێو عەقڵ و قورئان کەم و کەمتر بکرێتەوە.

بۆچوونە نوێیەکانی زەڵمی لەسەر تەڵاق و نەسخ و خەتەنە و سوننەت و رەجم و مەزهەب و کۆمەڵە چەمکێکی دیکەی ئایینی مشتومڕێکی زۆریان لە نێو مامۆستایانی ئایینی دروست کردووە.، بۆ لەسەر پرسی تەڵاق و لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ یەکێک لە ماڵپەڕە ئیسلامییەکان دەڵێت: “من کتێبێکم دانا بە ناوی (الطلاق فی القران)، بڵاوم کردەوە هیچ سوودی نەبوو، کەس گوێی بۆ نەگرت. مامۆستایێکی عاقڵ هاتە لام وتی: مەڵێ‌ (فی القران) چونکە. ‌ئینجا نووسیم (الطلاق مرتان فی تفاسیر القران) هەموو تەفسیرە گەورەکانم هێنایەوە، هەموو دەڵێن (مرتان) دەبێ‌ نێوانیان هەبێت. ‌ئەمە جێگەی خۆی گرت، مامۆستاکان پێشوازیێکی گەرمییان لێ کرد. ‌بڕۆ لە پیاوێکی تەماتەفرۆش ببپرسە بڵێ‌ جیاوازی نێوان (مرتان) و (اثنان) چییە؟ پێت دەڵێت: (اثنان) زەمان نییە لە نێوانیان بەڵام (مرتان) زەمان هەیە لە نێوانیان. ‌خەتەنەی کوڕان زەرورەتە، چونکە ئەگەر ئەو پێستەی ژێرەوە لانەبرێت ئایدز پەیدا دەبێت، یان تووشی شێرپەنجە دەبێت، بەڵام خەتەنەی کچ من لە چەندان کۆنگرەی جیهانی بە تەقریری پزیشکی دەرمخستووە، پانزە نەخۆشی لێ‌ پەیدا دەبێت. ” ئەم بۆچوونەی زەڵمی ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە و تەنانەت زۆر ئایینداریش بە لادانی ئەم پیاوەی هەژمار دەکەن.

یا لە گێڕانەوەیەکی شێوە حیکایەتیدا گاڵتەیەکی تاڵ بە بوونی مەزهەب دەکات و دەڵێت: “(‌ئەحمەد ئەمین)ـی زانای میسری، لە گۆڤاری (المنار) لە بارەی مەزهەبەکانەوە نووسیبووی‌: لە ساڵی 19۴۶داوایان لە شەش زانای میسری کرد تا قانوونێکی مەدەنی لەسەر مەبدەئی ئیسلام بۆ وڵات دابنێن، لەم شەش زانایە دووانیان شافیعی، دووانیان مالیکی و دووانەکەی تریان حەنەفی بوون. ‌ئەمانە لە نێوان خۆیان بوو بە ناکۆکییان و چوون بە گژ یەکتردا، ئەو گوتی دەبێ‌ حەنەفی بێت، ئەو گوتی دەبێ‌ شافیعی و ئەویتریش گوتی دەبێ‌ مالیکی بێت، پاش شەش مانگ بە دوایاندا ناردن یەک وشەشیان ئامادە نەکردبوو! ئینجا پێیان وترا بەرپرسیاری دەکەوێتە ئەستۆی ئێوە، لەمەودوا ئێمە دەچین لە فەڕەنسا و ئیتاڵیا و سویسڕا قانوون دەهێنین لەسەر میسر جێ بەجێی دەکەین)، بۆیە هەقیقەتەن مەزهەب لە ئیسلامدا نییە، برۆ بگەڕێ‌ نە لە قورئان، نە لە سوننەتی پێغەمبەر، نە لە (تەتبیقی) چوار خولەفای ئیسلام، مەزهەب نادۆزییەوە. (ئیختلافی) ئوممەت ئەمە نییە، (ئیختلافی) ئوممەت بریتییە لە بۆچوونی هەمەجۆر لە سەر ئەساسی قورئان و سوننەتی پێغەمبەر. ”

زەڵمی سەبارەت بە جیاوازی نێوان (قانوون و شەریعەت) دەڵێت: ” شەریعەت بە سێ‌ مانا هاتووە:یەکەم مانای (اخص) کە قورئانی پیرۆزە. دووەم: مانای (خاص) کە دەقی شەرعییە. سیێەم مانی (عام) کە فیقهی ئیسلامیش دەگرێتەوە” و دواتر زەڵمی لە بارەی بەراوردکردنیانەوە دەڵێت: “من ئەم سیانەم لە گەڵ قانوون بەراورد کردوون، شەریعە و قانوون هەردووکیان لە خزمەتکردنی مرۆڤ هاوبەشن، هەردووکیان سیستەمی ژیان ڕێک دەخەن، ‌بەڵام شەریعەت سەرچاوەکەی سرووشە و قابیلی گۆڕین نییە و دوورە لە سەهو و لەبیرچووەنەوە، بەڵام قانوون سەرچاوەکەی عەقڵی مرۆڤە و قابیلی گۆڕینە، هەروە‌ها مانای قورئانیش شایەنی گۆڕینە لە زەمەنێکەوە بۆ زەمەنێکی دیکە. ‌بە نموونە: (وأعدوا لهم ما استطعتم من قوە) کاتی خۆی هێز شمشێر و درع و. ‌بەڵام ئەمڕۆ قوەت بریتییە لە چەکی نەوەوی و چەکی تازە و زەبەلاح.
زەڵمی لەو گوتوبێژەدا باسی پەیوەندی نێوان فەلسەفە و ئایین دەکات و دەڵێت:

“سوقرات دەڵێ‌: هەموو شتێک چوار هۆی هەیە:

1-هۆی کارا، بۆ نموونە هۆی کارای ئەم تەپڵەکەیە نەجارەکەیە. (علت فاعلی)
2-هۆی ماددی: دارەکەیە. (علت مادی)
3-هۆی (صوریە) شکڵەکەیەتی (علت صوری)
۴-هۆی مەبەست، بەکارهێنانەکەیەتی. (علت غایی)

فەلسەفەی کۆن چەند جۆرێکە، جۆرێکیان دەڵێ‌: جیهان دروستکراوی سروشتە. ‌بەشێکیان دەڵێن: دروستکراوی خودایە. ‌ئیبنو ڕوشد و فارابی ویستیان هەماهەنگی لە نێوان فەلسەفەی کۆن و نوێدا پەیدا بکەن. ‌فەلسەفەی هەقیقی زیان لە مرۆڤ دوور دەخاتەوە و فێری حیکمەتی دەکات، دەی کەواتە قورئان پڕە لە فەلسەفە. ‌سوقڕات فەیلەسووفێکی گەورە و زانا بووە، قسەیەکی هەیە دەڵێ‌: (القانون مایحلو للاقوی) تا ئەمڕۆش ئەمە وایە. ‌ئەم قسەیە کە ۴۵۰ ساڵ پێش زایین کردوویەتی دەڵێی ئەمڕۆ کردوویەتی. ‌هەموو حیزبە دەستەڵاتدارەکانی دنیا قانوون بۆ بەرژەوەندی مانەوەی خۆیان دادەنێن. ‌سوقڕات حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا چەسپا، کە بردیانە بەندیخانە وتی: «رێز لە قانوون بگرن، با هەرچەند ئەم قانوونە ستەمکارانەش بێت). پێویستە رێز لە قانوون بگرین بۆ ئەوەی پاشاگەردانی دروست نەبێت. ‌دەی ئەمە چ فەلسەفەیەکی بەهێزە، دەبێ‌ ئەوەش لە بیر نەکەین کە هەموو هەقیقەتێک خزمەتی ئیسلام دەکات. ”

بۆچوونە جیاوازەکان لەسەر زەڵمی:
تازە بە تازە دنیا ڕووناک ببووەوە، کە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک خرۆشا و زۆرکەس و زۆر نووسەر و ڕۆشنبیر و مامۆستای زانکۆ قسەیان لەسەر خەساری کردنی پڕۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمی دەربڕی و پۆستەکانی خۆیان بە پەژارەوە بڵاو کردەوە و لە سیاسییەکانیشدا (سەرۆک بارزانی) وەک یەکەم کەس پەیامی خۆی بڵاو کردەوە کە تیایدا هاتبوو “هەواڵی كۆچی دوایی بیرمەندی ناوداری کوردستان و جیهانی ئیسلامی و کەسایەتیی نیشتیمانپەروەری کوردستان، پڕۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمی خەمباری کردم. دکتۆر مستەفا زەڵمی، وەک زانا و بیرمەندێکی بە ئەزموون و بەتوانا، کەسایەتییەکی گەورە و بەناوبانگی جیهانی ئیسلامی بوو و وەک عەللامە و بیرمەندێکی گەورە پێگەیەکی گرینگی لە ناوەندە زانستی و ئایینییەکاندا هەبوو و بەرهەمەکانی دەگاتە زیاتر لە ٧٠ کتێبی چاپکراو و چاپ نەکراو کە هەندێکیان لە زانکۆکاندا بوونەتە مەنهەج و بۆچوونەکانیشی لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی جێگەی متمانە بوون. پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا لە سەر ئاستی کوردستانیش، ڕاوێژی شەرعی و یاسایی پێشکەشی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان کردووە و ڕۆڵێکی گرینگی لە هەموارکردنەوەی یاسای باری شارستانی و برەودان بە ڕەوتی میانڕۆی ئایینی و عەقڵانییەت و دژایەتی بیری توندڕۆیی هەبوو و بەوەیش خزمەتێکی گەورەی پێشکەشی پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەکرد و لەدەستدانی بۆ کوردستان و عێراق و جیهان، خەسارەتێکی گەورەیە”.

(ئاراس عەبدولکەریم) دەنووسێـ: ” بە دوای یەکدا ئاوابوون و شوێنیشیان هەمیشە چۆڵ. خەمی من ئەوەیە وەک چۆن لە پاش شێخی خاڵ و سەجادی و مودەریس، زانایانی مونەوەر لە نێوماندا بوونە جۆرێک لە یادەوەری، ئاواش لە پاش دکتۆر مستەفا زەڵمیی ڕەوانشاد، بە تەواوی ئەو دنیایەمان ببێتە چۆڵەوانیی نوور و عیرفانێکی ژیان و مرۆڤ دۆستانە، شتێک کە هەڵقولاوی دنیا و کولتووری خۆمان بێت، نەک سەر بە کولتوور و دنیابینی و خەونی شوێن و زەمەنێکی تر..”

(مەهاباد قەرەداغی)، لە واڵەکەی خۆی نووسیبووی “سەفەری ژیانی کۆتایی پێهێنا و گەڕایەوە بۆ ماڵ، پرۆفیسۆر د. مستەفا زەڵمی، زانایەکی ئایینی، بەڵام جیاواز لە هەموو ئەوانەی بە ناوی زانای ئایینییەوە ناڕەوا دەکەن بە ڕەوا، جیاواز و دڵ و میشک کراوە، جیاواز و قبوڵکەری جیاوازییەکان، ئازادی و یەکسانیخواز. گەورەیی ئەم مرۆڤەم لە دەیان کۆبوونەوەدا بۆ دەرکەوت کە پێکەوە لە لیژنەی باڵای هەموارکردنی یاسای باری کەسێتیدا بووین و دەرفەتی ناسینی بیر و بۆچوونەکانیم لە نزیکەوە بۆ هەڵکەوت.”

(دیا هەورامی)، مامۆستای زانکۆ نووسیویەتی: “ماوەیەک پێشتر لەگەڵ مامم چومە خرمەتی، شکۆ و پایەبەرزی خۆی تەسلیمی نەخۆشی نەکردبوو، ئەتوت لە پشوودایە، چاوەکانی ماندووبوونیان پێوە دیار نەبوو،تەنیا بە چاو قسەی دەکرد. من لەبری خۆم سەرەخۆشی لەم میللەتە ئەکەم، بەهیوام شوێنی پرۆفیسۆر زەڵمی چۆڵ نەبێت لەکایە ئایینی و نەتەوەییەکاندا.”

(مەریوان نەقشبەندی)، نووسیویەتی: “كۆچی دوایی د.مستەفا زەڵمی زیانێكی گەورە بوو لە پڕۆسەی چاكسازیی ئایینی و ڕێكخستنەوەی تەفسیر و ئیجتیهاداتە شەرعییەكان لە كوردستان، پێویستە زانا و مامۆستایانی ئایینی و بیرمەندە ئیسلامییەكانی كوردستان سوود لە ئەزموون و بەرهەمەكانی ئەم بیرمەندە گەورەیە وەربگرن.”

(دانا مەلەکی) نووسیویەتی: “ئەگەر مارتن لۆسەر نەبوایە دێکارت و گالیلۆ و فیختە و هێگڵ و مارکس و نیچەش هێندە کاریگەر نەدەبوون، شۆڕشەکانی فەڕەنسای کۆن و نوێ نەدەبوون، مەحاڵە بە بێ لەرزین و هەڵوەشانەوەی ئیمان و ڕیفۆرمی دینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری بێنە ئاراوە، بۆیە جێی ڕێزن ئەو ئاخووند و مەلا و زانا و قەشانەی کە لە نێو دیندان و توانیویانە دیوارە ئیمانی و شەرعییەکان بلەرزێنن و بشکێنن و ڕووبەڕووی کۆنزەرڤاتیفییەتی دینی ببنەوە، جوڵە بە فکری دینداران بدەن، مستەفا زەڵمی بە بیروڕا نوێکانی ئەم کارەی کرد و لەم ساتەوەختی لێکهەڵوەشانەوە ئیمانی و کۆمەڵایەتیانەی ئێمەدا ئەم جۆرە فکر و پیاوانە زەروورەتی تەنگاوتەنگین بۆ واقیعیەتی ئێستەی ئێمە، هەنێ لەبۆچونەکانی شۆڕشی شەرعین لە نێو شەرعی ئیسلامیدا”.

سێ توێژینەوەی سەربەخۆی دکتۆر زەڵمی هەن کە (عومەر عەلی غەفوور) وتارێکی لەسەر نووسیون کە (حوكمی شەرعی)ـن و بریتین لە حوكمی بەردباران (واتە رەجم)كردنی زیناكەری هاوسەردار (كە پێی دەگوترێ محصن) تا مردن و حوكمی كوشتنی ئەو كەسەی لە ئیسلام هەڵدەگەڕێتەوە (كە پێی دەگوترێ مرتد) و حوكمی ڕێگەدانە بە دیاردەی بەكۆیلەكردن، بەتایبەت بەكۆیلەكردنی دیلی جەنگ و بەكەنیزەككردنی ئافرەتان بەناوی سەبایا و پڕۆفیسۆر هەر سێکیان بەو ڕەهایە ڕەت دەکاتەوە، باسی لەوە کردووە کە “ئەگەرچی (نا)كانی ئەم پڕۆژەیەی د. زەڵمی بەگژ ڕەشە(با)یەكی زۆر بەهێزدا دەچنەوە و كاریگەرییان سنووردار دەبێت، بەڵام بوونی گرنگە تا هیچ نەبێ ببێتە بناغە بۆ نەوەكانی داهاتوو”.

کوردستان و زەڵمی:
دوو پیاوی گەورە بە دوو چڵە ئێسقانەوە مردن، من دڵنیام پیاوە گەورەکانی نێو دنیای نووسین بە پووکانەوەی جەستەیی تا مەرگ دەچن، دوو نمونەی زۆر باشمان هەیە، (مودەریس) و (زەڵمی) کە هەر یەکەیان (٥٠) کتێبی هەیە، و لە کاتی مردندا کێشێکی کتێبەکانیان لە خۆیان زۆرتر بوو! ئەمە مانای وایە ئەم پیاوە گەورانە نایانەوێت ئەزیەتیان کەسی دیکە بیکێشێت، کەچی زۆرێک هەن و ناویان نووسەر و ڕۆشنبیرە، کەچی تەنیا فەزایان داگیر کردووە و ژاوەژاو دروست دەکەن.

هەرێمی کوردستان هەردەم زێدی یەکەم و هەمیشەیی دکتۆر زەڵمی بووە، بۆیە هیچ کات ئەم هەرێمەیش ئەم پیاوە مەزنەی لەبیر نەکردووە. ڕاستە بە پێی پێویست بەرەوپیریەوە نەچوون، بەتایبەت لە نێو زانایانی ئایینییەکانەوە، بەڵام لەسەر داوای (سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان) گەڕایەوە هەرێم و بووە ڕاوێژکاری ئایینی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و ماوەیەک بەر لە ئێستایش لە شارۆچکەی خورماڵ و لە مەراسیمێکدا و بە ئامادەبوونی دکتۆر خۆی و قایمقامی هەڵەبجە و بەرپرسانی حزبی و حکومی، شەقامی سەرەکی (خورماڵ ـ ئەحمەدئاوا ـ زەڵم) بە ناوی پرۆفیسیۆر دکتۆر مستەفا زەڵمییەوە ناو نرا. زەڵمی، ئەندامی (لیژنەی باڵای هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی)ـدا بوو و ڕۆڵی گەورەی تێدا گێڕا و دەستوپەنجەی تێدا دیارە. هەموو بەرهەمەکانی لە کۆبەرهەمێکدا چاپ کراونەتەوە و بوونەتە سەرچاوە لە هرێمی کوردستان

ساڵژمێری ژیانی زەڵمی:

ـ لە ساڵی (١٩٢٤)ی زایینی لە گوندی (زەڵم)ـی ھەورامانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لە دایک بووە.

ـ لە ساڵی (١٩٤٦) لە کۆیە خوێندنی ئایینی تەواو کردووە.

ـ لە ساڵی (١٩٦٥) بەکالۆریۆسی لە یاسا و لە زانکۆی بەغدا بە دەست ھێناوە.

ـ لە ساڵی (١٩٦٩) ماستەری لە شەریعە و لە زانکۆی بەغدا بە دەست ھێناوە.

ـ لە ساڵی (١٩٧١) ماستەری لە فیقھی بەراوردکاری لە زانکۆی ئەزھەر وەرگرتووە.

ـ لە ساڵی (١٩٧٣) ماستەری لە یاسا لە زانکۆی قاھیرە بە دەست هێناوە.

ـ لە ساڵی (١٩٧٥) دکتۆرای لە فیقھی بەراوردکاری لە زانکۆی ئەزھەر بە پلەی شەرەف وەرگرتووە.

ـ لە ساڵی (١٩٩٠) پلەی ئوستازی پێ بەخشراوە.

ـ لە ساڵی (١٩٩٢) خەڵاتی (هێماـ نیشانەی زانستی) پێ بەخشراوە.
ـ لە ساڵی (٢٠٠٥) دکتۆرای دووەمی لە یاسا لە زانکۆی بەغدا بە پلەی ئیمتیاز وەرگرتووە.

ـ لە (١١ی ئایاری ٢٠١٣)ی زایینی لە بارەگای ڕابیتەی جیهانی دەرچووانی ئەزهەر لە میسر، ڕێزی لێگیرا.

ـ لە ( ٤ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦)ی زایینی لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد .

بەرهەمەکانی زەڵمی:
ـ لا رجم فی القران
ـ لا قتل للمرتد غیر المفسد فی القران
ـ مستنقع العبید و الجواری و تجفیفه فی القران
ـ الدستوریە فی القران الكریم مقارنە بالدساتیر الوچعیە
ـ عناصر الالتزام فی الشریعە الاسلامیە والتشریعات المدنیە العربیە
ـ اسباب اختلاف الفهاو
ـ المفعولیەالجنائیە فی الشریعە الاسلامیە
ـ اصول الفقە الاسلامی
ـ الصلە بین المدخل و القانون
ـ حکم الاحکام القران
ـ المنگق القانونی
ـ فلسفە الشریعە

About زريان احمد

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …