Home / بەشی مێژووی كورد / خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی “جوگرافیای مێژوویی عەشیرەتی شکاک.. ڕۆڵی لە بزوتنەوەی کوردایەتیدا”..

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی “جوگرافیای مێژوویی عەشیرەتی شکاک.. ڕۆڵی لە بزوتنەوەی کوردایەتیدا”..

کە مناڵ بوم لە ماڵی ئێمەدا چوار کەسایەتی زۆر باسیان لێ ئەکرا، ئەویش بە دۆشدامان و خۆشویستنەوە، شێخ مەحمودی حەفید، شێخ سەعیدی پیران، سمایلخان و خولە پیزە. لە باوک و دایکێکی نەخوێندەوار مرۆڤ بەسەرهاتەکان بە گێڕانەوەی دەماودەم ئەبیستێتەوە. گیرانەوەش تام و جێژی ئەفسانەی پێ ئەدرێ. ئەفسانەش واتە پیا هەلدان و لە واقیع دورکەوتنەوە. گۆرینی فاکت و داتاکان بە پێی مەبەست و توانای تێگەیشتنی کەسی بیژەر و هەلومەرجەکە و کاتی گێرانەوەکە و گوێگر ئەگۆرێت. کە باسی سمایلخانی شکاکیان بۆ ئەکردم هەمو جار بە سمایلخانی سمکۆ ناویان ئەبرد. منیش وام ئەزانی سمایلخان کوری سمکۆیە، تومەس سمکۆ کورتکراوە و نازناوە بۆ ئیسماعیل.
کە باسیان ئەکرد مارشەمعونی کوشتوە، بەدەست خۆم نەبو وام ئەزانی لە مۆتەکەیەک رزگاری کردوم. لەبەر ئەوەی برگەی یەکەمی ناوەکەی مارشەمعون کە ئەکاتە “مار” هەر جارێک ناوی ئەهێنرا موچڕکەی بە گیانما ئەهێنا. گیرانەوەکانیان لەبارەی شێح مەحمودی حەفید بوە هۆی ئەوەی ئێساتش بەردە قارەمان لە خەیالدانما لە چیای هیمالایا زەخم تربێ. هەرچەندە ئەو هەمو جارەی بە دەربەندی بازیانا تێپەریوم بە ئاستەم بەردەکەم بۆ لە دەوروپشتەکەی جیاکراوەتەوە. خولە پیزەیان لێ کردبوم بە نمونەی مرۆڤی مەزلوم و زولملێکراو کە دواجار لە دژی چەوسانەوە وەستابوە وە و لە کۆتایشدا بە هۆی خیانەتی یاوەرێکی خۆیەوە کوژرابو، چەندان شەوم بە حەکایەتەکانی ئەو بردۆتە سەر.، عومەر عەلیان لێکردبوم بە کابرایەکی کەلە رەقی کۆلنەدەری زالم کە خولەی کوشتبو. شێخ سەعیدی پیرانیش لە ناخما رقی ئەستوری تورک و عەرەبی لە کورد مۆرکردبو. هەر ئەوان وایان تێگەیاندم کە ئەفلاتۆن تەلەبەی ئەرسۆ بوە نەک بە پێچەوانە. کەواتە نوسینەوەی مێژوی سمکۆ لایەنی کەم بۆ بەندە لەو زانیاریە بەرتەسکەی مناڵی قوتارم ئەکات.

بۆی هەیە لە خۆمان بپرسین ئایا ئەرکی مێژو و نوسینەوەی مێژو دروستکردن و خولقاندنی ئەو جۆرە هەست و تێگەیشتنانەیە لای بیسەر یان خوێنەر؟
ئەبێ لە خۆمان بپرسین مەبەست و فەلسەفەی پشتی گێرانەوەی مێژو چیە؟ گیرانەوەی میژو و تۆمارکرنی واتە پاراستن و رزگارکردنی لە ئەفسانە و پیا هەلدان و زیادەپێوەنان. واتە ئەرکی میژو بە تەنیا رێکخستن و ریزکردنی فاکت نیە، بەڵکو گەرانە بە شوین پالنەرە راستیەکانی ڕوداوەکان و دەرئەنجامەکاندا. فاکت و زانیاری هەڵە دەرەنجامی هەڵەی لێ بەرهەم دێ.
ئەمانە و بە ئەکادیمی کردنی نوسینەوەی میژو گەر دەستلەملان بن ئیدی میژو بەو جۆرە نابێ کە سەرەتا پێی نوسراوەتەوە، واتە لە ئەفسانە رزگاری ئەبێ. کێشەی هەرە گەورەی نوسینەوەی میژو لە قۆناغە جیاجیاکانا بەدەست ئاین و نەتەوەپەرستی و دیکتاتۆرەکانەوە بوە. ئاین لەویوە دەست پێ ئەکا کە مرۆڤ ئەخاتە سەر راستە ڕێی بریاری خوداوەندی پێشوەخت. بۆ نەتەوە پەرستیش ئەوکاتە دەست پێ ئەکا کە نەتەوەیەک هەست بەکەمی خۆی ئەکاو ئەیەوێ لەڕیگەی پیا هەلدان و قەبە کردنی مێژوی خۆیەوە بەرامبەر نەتەوەکانی تر بوەستێتەوە، وەک ئەوەی لە ئەورپا روی دا و زۆر لە نەتەوە جیاجیاکان خۆیان بە گوتیەکان هەلئەکێشا، یان ئەوەی هیتلەر کە بە شان و باڵی قەومی ئاری دا هەڵی ئەدا.
ئەمە گەر باسی ئەو دیکتاتۆرانە نەکەین کە میژوی نەتەوەکەیان ئەشێوێنن و خۆیان ئەکەن بە پالەوان و ئەفسانە و میژوی درۆ هەلئەبەستن.
کوردستان ولات و شانۆی روداوەکانە، ئەمە وای لێ ئەکا ببێ بە نیشتمانی ئەفسانە راستەقینەکان، ئیتر ئەو ئەفسانانە باس لە نەهامەتی و دەردی سەری و تێکشکانەکان یان باس لە سەرکەوتن و کۆلنەدان و دوژمن بەزاندن بکەن. تێکشکانەکان لە نمونەی کوشتنی سمکۆ و شێخ سەعیدی پیران و شێخ عوبەیدولای نەهری و سەرکەوتنەکان لە نمونەی قارەمانێتی کیژانی کۆبانی، چونکە کە باسی کیژانی کۆبانی و بەرگریەکەیان لە شارەکە بکەین و وەک خۆی بیگیرینەوە لەوانەیە دوای سەد سال بە پیاهەلدان و زیادەرۆیی لێکبدرێتەوە، بۆیە نوسینەوەی میژوی کورد گەر زۆر ئەکادیمی و بێ ئەفسانەش بیگێریتەوە ترش و خوێی ئەفسانەی لێ ئەچێژرێ. وەرە باسی قارەمانێتی کۆبانیەکان بکە کە لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە رویان لەوێ کردبو تاکو وەکو شێر لەبەردەم هیێرشبەراندا بوەستن، کە موسا ئەبینی ئەروانێ بەسەر شارە خاپورەکەدا وەکو باز و دێتە بەر چاو. قارەمانێتی ئەو کیژە دەم بە بزانەی کورد لە کوێ پێش کۆبانێ بینراوە، لە ناو قورو لیتەدا بە کلاشینکۆفەوە بزەی لێوە جوان و ددانە سپیەکانیان جدیەتی حالەتەکەمان لە بیر ئەباتەوە و وا ئەزانین مۆدیلن و بۆ وێنەگرتن لەوێن.
میژوی کورد نوسینەوەی لە سەرەتاوە پێویستە. سەرەتا بەو مانایەی کە هەندێک جار پیویستە هەمو لایەنەکان و شێوازەکانی نوسینەوەی میژو بەکار بێنین، لەوانە نوسینەوەکە فەلسەفەیەک و پەیامێکی لە پشتەوە بێت و شێوازی ئەکادیمی و شیوازە کۆنەکەشی کە پێش ئەو دو حالەتە ئەکەوێ بەکاربێنین. لەبەر ئەوەی گەر فاکت و روداوەکان و ناوی کەسەکان و وەخت و شوێنی روداوەکان بەراستی تۆمار نەکەین ئاستەمە بە شێوەیەکی زانستی پەی بە راستی و پالنەری دەرئەنجامەکان بکەین. فاکت و زانیاری هەڵە یان نا تەواو لێکدانەوەی هەڵەی لێ ئەبێتەوە، ئەوە نیە لەباسی سمکۆدا زۆرتر باسی کوشتنی مارشەمعون ئەکرێ و باسی قەتلوعامی ئاسوریەکان بۆ کورد ناکرێ.
یەکێک لەو میژوانەی کە کەمی لەسەر نوسراوە و تا رادەیەکی زۆر بۆی هەیە شێوێنرابێ میژوی شکاک و سمایلخانە.
لەروی ئەکادیمیەوە گرنگ نیە یەکەم جار بێ لە سەر بابەتێک بنوسرێ یان هەزار جار لەسەری نوسرابێ. لە گرنگی کەم نا بێتەوە لەبەر ئەوەی زۆری لەسەر نوسراوە یان لە گرنگی زۆر نابێ لەبەر ئەوەی پێشتر کەمی لەسەر نوسراوە و یەکەم جارە لەسەری ئەنوسرێ، گرنگ ئەوەیە نوسینەکە چی تازەی پێیە، ئەو تازەیەش تەنیا مەبەست لەریزکردنی فاکتەکان نیە، بەلکو مەبەست ئەوەیە وەلامی ئەو پرسارانەمان بۆ بداتەوە کە پێشتر نەتوانراوە بەو شێوەیە وەلامیان درابێتەوە.
کتێبی ئەم بابەتە کە خوێندنەوەکەی بۆ ئەکەم هەلوێستەی ورد وەر ئەگرێ، لیرەدا هەول ئەدەم لە ژێر رۆشنایی ئەو پێشەکیە کورتەدا کە نوسیومە کتێبەکە بە خوێنەر بناسێنم، بەلام سەرەتا ئەمەوێ کەمێک باسی نوسەری کتێبەکە بکەم کە لە منالیەوە لە نزیکەوە تیکەڵیمان هەیە و یەکتر ئەناسین.
کاک قادر یان “عەبدولقادر شکاک” کە خۆی وا ناوی خۆی نوسیوە لە منالیەوە ئەناسم و خزمایەتیمان لەروی ژنخوازیەوە هەیە و کەسێکە لە کۆرو کۆمەل و دانیشتنەکاندا هەر لە منالیەوە توانیویەتی جێگەی خۆی دیاری بکا. زمانی گیرانەوەی هێند خۆشە کە بە منالی لە دانیشتنەکاندا گوێی لێ ئەگیرا. من خۆم زۆر جار تامەزرۆ بوم کە گویم لێ ئەگرتوە، زمانی ئەوەندە خۆش و ئەوەندە لە خۆی دلنیایە کە بیسەر خەریکە باوەر بە هەمو گێرانەوەکانی ئەکات. بیریشی زۆر بە هیز و بەرفراوانە، شتی زۆر لەبیر ئەمێنێ و وردەکاریەکانی لا ئەمێنێ. ئەمەش وای کردوە بە چێژەوە گوێی لێ بگیرێ. ئەو لە دانیشگە و ئەکادیمیە دانپێنراوەکان نەیخوێنوە بۆیە ناتوانرێ پێوەرە ئەکادیمیەکان بکرێنە پیوانە بۆ لێکانەوەی ئەم کتێبە و حوکم لەسەردانیهەرچەند لایەنە ئەکادیمیەکانی نوسینەوەکەشی کەم نین. پێشتر باسم کرد کە نوسینی ئەکادیمی بە پرسیار دەست پێئەکا و هەروەها بیانوی نوسینەکەی تیادا بەیان ئەکرێ و لە وەسف و سەنا دائەمالرێ و زۆر ئۆبییکتیڤانە لێکۆلینەوە لە بابەتەکە ئەکرێ. شێوازی دابەشکردنی باسەکە خۆی ئەبەستێتەوە بە قالبێکی ئەکادیمیەوە، واتە بە تەنیا ئەوەندە بەس نیە سەرچاوەی زۆر بەکار بهێنرێ وداتاکان دوبارە دابرێژرێنەوە. لەم خوێندەنوەیەدا ئەم قالبانە ناکەم بە پێوەری باسی کتێبەکە ئەمەش بەو مانایە نا کە کتێبەکە نا ئەکادیمییە.
لەو سالانەی دوایدا زانیم کە کاک قادر شکاکە و سەر بە شکاکەکانە، کاتی خۆی کتیبەکەی محەمەد رەسوڵ هاوارم دیبو بۆیە پێم باش بو لەیەکێک لەسەفەرەکانما بۆ کوردستان ئەو کتێبەی بە دیاری بۆ بەرم. بۆیە لە ستۆکهۆلم بۆم پەیدا کرد و بۆم بردەوە. ئیتر وای لێهات زو زو باسی روداوەکانی ناو کتێبەکەی بۆ ئەکردم و دواتر بە پرس و ڕا بە خاوەنەکانی کتێبەکە دوبارە لەسەر ئەرکی ڕۆشنبیری چاپیان کردەوە.
کاک قادر لە مناڵیەوە خەریکی کاروکاسپیە، سەرەتا بە وەستایی و دوایی بە دوکانداری. ماوەیەک لەژیر پردەکە دوکانی هەبوە و دواتر لە شەقامی مەولەوی. بە هۆی کاسپی و بازارەوە بازنەیەکی بەرفراوان لە دۆست و ناسیاوی هەیەو لە روی چالاکی سیاسیشەوە توانیویەتی کەسانێکی زۆر بناسێ و تێکەلاوی لەگەڵ ئەو شکاکانە پەیدا بکا کە بە کوردستانی باشوردا پەرتەوازە بون. تەنانەت نوسینگەکەی بە ناوی شکاکەوە ناوناوە و کوڕێکیشی هەر ناوی شکاکە. ئاستی خوێندنیشی بەرزەو پیشەسازی تەواو کردوە، گەر لەبەر کاروکاسپیش نەبوایە دڵنیام ئەم کتێبەو دو کتێبەکەی پێشتری کە نوسیونی دیپلۆمێکی ئەکادیمیان بۆ دەستەبەر ئەکرد.
خۆشحالم کە ئەرک و ماندوبونی کیشاوە و ئەم کتێبەی بۆ نوسیوین، هیوادارم خوینەرانی کورد بیخوێننەوە بۆ ئەوەی زانیاری نوێ لەسەر سمکۆ و عەشیرەتی شکاک پەیدا بکەن.
باسی ئەوەشم کرد کە ئیمەی کورد ئەبێ هەول بدەین میژو لەسەرەتاوە بنوسینەوە ئەمەش بەو مانایەی کە فاکت و داتاکان لە شێواندن رزگار بکەین و کاک قادریش لەم کتێبەدا چەند هەوڵێکی لەو جۆرەی داوە.
کاتێک دەستم بە خوێنەوەی کرد بینیم پرسیار ئامادەیی نەبو، راستە وەک خوینەر ئەتوانم خەیالم بۆ ئەوە بچێ کە ئەمە باسی ژیان و ژینگەی نزیکی سمکۆ و عەشیرەتەکەی ئەکا بلام کتێبەکە راستەوخۆ پێمان ناڵی نوسەر کام پرسیار ئەوروژێنێ و ئەیەوێ بە کام شێواز وەلامی بداتەوە. کاتێک لە خوێندەنەوەی کتێبەکە بومەوە بۆم دەرکەوت کە پرسیارەکە بە بێ ئەوەی دیاری بکرێ لە ناخی نوسەردا هەبوە و تا رادەیەکی باشیش وەلامی داوەتەوە. پرسیارەکەش ئەبو ئەوە بێ کە چۆن میژوی سمکۆ لە درۆ و دەلەسە و هەڵبەستن و بوختانی نوسەرانی بێگانە دامالین و راستیەکان دەربخەین. بەشێکی تری پرسیارەکە ئەبو ئەوە بێ کە چۆن راستی روداوەکان بخەینەوە ساتە وەختی خۆیان بە پێوەری ئەو زەمەنەی تیایدا رویان داوە حوکمیان بدەین، نەک بە بیرکردەنەوەی ئەمرۆمان حوکمیان بدەین و میژوی سمکۆ بشێوێنین. بۆ نمونە لە وەلامدانەوەی وتارێکی فەرید ئەسەسەرد دا ئەوە بە رونی ئەبینرێ، چونکە قادر شکاک پێی وایە ئەسەسەرد کەوتۆتە ژێر کاریگەری پێشکەوتوخوازیەوە و بە ناحەق سمکۆ بە تاوانبار دائەنێ. دیارە لە گێرانەوەی رۆژانە و لای هەندێک لە نوسەران سمکۆ بە خیانەتکار و تەعداکار لە مارشەمعون و ئاسوریەکان تاوانبار ئەکرێ، نوسەر بە خستنە روی فاکتەکان و گیرانەوەی دوبارەی روداوەکە و چۆنێتی هەلسوکەوتی باوی ئەو سەردەمە لە مامەلە کردن لەگەل نەیارەکان ئەیەوێ سمکۆ لەو حوکمانەی ئەم زەمانە رزگار بکات و ئەستۆی پاک بکاتەوە.
بە پێی نوسەر لەو سەردەمەدا مارشەمعون بە نیازبوە دەست بگرێ بەسەر ناوچە کوردیەکاندا و سمکۆش ەرکی بەوە کردوە و پێ قبولنەکراوە، هەروەها باسی ئەوش ئەکا کە لە تۆڵەی کوشتنی مارشەمعوندا ئاسوریەکان ژمارەیەکی زۆر کوردیان کۆمەلکوژ کردوە، بە تایبەتی کە دایکی سمکۆیان بە دوای ئەسپا چوارمیخەکێشاوە و دوپارچەیان کردوە بەڵگەی ئەوەیە ئەوانیش ئەوەندە بەستەزمان نەبون. لەڕێی ئەمەوە نوسەر هەول ئەدا بەو نوسەرە هاوچەرخە کوردانەی، کە بە پێی ئەو، میژو نەشێوێنن، بڵێ باشتر وایە روداوەکە بخەنەوە زەمەنی خۆی و بە بیانوی دەرخستنی پێشکەوتوخوازیان غەدر لە سمکۆ نەکەن و فاکتەکان نەشیوێنن چونکە ئەبێتە هۆی ئەوەی دەرئەنجام و حوکمی ناراست بدەن وەک چۆن داویانە.
لەوتارەکەدا ئەسەسەرد سمکۆ بە زالمی بکوژی مارشەمعون باس ئەکا و ئەڵێ شایەنی ئەوە نیە لە هەولێر شەقامێک بکەن بە ناویەوە، چونکە بیرۆکەی ئەوە هەبوە لەوێ خیابانێک بکەن بەناویەوە. نوسەر بە ئەسەسەرد ئەڵێ ئاسوریەکانیش قەتلوعامی کوردانیان کردوە و کەچی سمکۆ ناوی لە ناوانە!
لە لاپەرە ١٨٤ دا بەم جۆرە باسی کۆمەلکوژی کوردان و کوشتنی دایکی سمکۆ ئەکا:
واتە (دوڕی) خانی دایکی سمکۆ بە دەستی ئاسوریەکان کوژراوە، بەوەی قاچی بە ئەسپیکەوە بەستراوەتەوە و لاشەی کراوە بە دو بەشەوە و لە ماوەی ٣٠ رۆژا لە ناوچەکەی سمکۆ ١٩٢٠ کەسیان لە کەسوکارو لایەنگرانی سمکۆ لە ناو ورمێ و دەوروپشتی کوشتوە کەچی هیشتا هەر سمکۆ تاوانبار ئەکرێ. ئەمە یەکێکە لەو لایەنانەی نوسەر ئەیەوێ وەلامی بداتەوە، واتە هەولئەدا ئەو تەمومژی تاوانبارکردنەی سمکۆ لەلایەن نوسەرە کوردەکانەوە برەوێنێتەوە. کەمال نوری مەعروف ژمارەی کوردە کوژراوەکانی دەستی ئاسوریەکان لە پێشەکی کتێبەکەدا بە ١٢/١٠ هەزار کەس ناوزەد ئەکات.
لە لاپەرە ١٦٩ و لاپەرەکانی دواترا وەڵامی سەروەر عەبدولرەحمان پێنجوێنی ئەداتەوە کاتێک سەروەر بەم جۆرە ئەنوسێ:
“سمکۆ ئیسماعیل خانی شکاک، ساڵی١٩٢٧ شۆڕشگێڕێکی کوردستانی ئێران بوو کە لە نێوان بەرژەوەندی یەکانی ئینگلیز و ئێرانی شاهنشاییدا ئەمسەر و ئەوسەری دەکرد، ئەوەی کە مایەی شەرمەزاری یە لە تۆماری سمکۆدا ئەوەیە کاتێ پیاوی ئایینی و سەرکردەی ئاسوری یەکان پەتریاک (مارشەمعون بنیامین ٣/٣/١٩١٨ کە میوانی سمکۆ بوو، بەمەبەستی ڕێکەوتن و ڕێکخستنی هەردوو لایەنی کورد و سوریانی بۆ سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتێک کە ببێتە نمونەی برایەتی و ئایینی و نەتەوایەتی، بەڵام سمکۆ هیچی نەکرد تەنها ئەوە نەبێت کە مارشەمعونی لەهەمان کات و شوێندا تیرۆرکرد، دواتریش سمکۆ لە ساڵی ١٩٢٢ دا بزوتنەوەیەکی چەکداری پێکهێنا کە دەستی گرت بەسەر ناوچەیەکی فراوانی کوردستانی ئێراندا و سەر ئەنجامیش لە ساڵی ١٩٢٦ دا بە دوای دەسەڵاتدارانی ئێراندا چوو بەرەو تاران بۆ ئەوەی بەڕاستی بیکەنە سەرۆکی کوردەکانی شنۆ، بەڵام لە خێوەتی ڕیکەوتنەکەدا غافڵ کوژیان کرد”.
قادر شکاک لە وەڵامدا ئەنوسێ:
“.. کاتێک ئەو ستونەم خوێندەوە ئەو کاتە زانیم، کە ئێمەی کورد نەتەوەیەکین کە تاوانی زۆرمان بەرامبەر کراوە کە نابێت ئاوا بێ ئاگایانە خۆمان مێژووی خۆمان بنوسینەوە، یاخود ڕامان وابێ بەرامبەر مێژوو. چونکە مێژوو ڕونکردنەوەو نوسینەوەی ڕاستی ڕوداوەکان و کارەساتەکان دەردەخات، جا ڕوداوەکان دووربن، یاخود نزیک من خوێندنەوەیەکی سەرەتاییم هەیە بۆ مێژووی شکاک و شۆڕشەکەی سمکۆ. بۆیە ئەم سەرئەنجامەم لەسەری لا دروست بوو کە لە بابەتەکەیدا و لە ناوەڕاستی ستونەکەدا باسی کردووە بۆیە ئەمەوێ بە کوردتی وەڵامی بدەمەوە و هەڵەکانی بۆ ڕاست بکەمەوە”.
ئەمە خۆی لەخۆیدا وەلامی ئەو پرسیارەیە کە چۆن میژوی کورد لە هەڵە و ناڕاستیەکان پاکبکرێتەوە کە نوسەر لە ڕیگەی راستکردنەوەی هەڵەکانی پێنجوێنی دا بۆمان وەلام ئەداتەوە، بە واتایەکی تر ئەتوانم بڵێم کە شێواز و مەنهەجی دیراسەکە لای نوسەر بەراوردکاری و دیمارکاشنە، واتە دۆزینەوەی راستیەکان و بەردەوام بون لەسەر دۆزینەوەیان، بەو مانایەی وای ئەم کتێبەش بۆی هەیە راستی زۆرتمان دەستکەوێت.

با بزانین راستکردنەوەکان چین و چۆنن، شکاک ئەنوسێ:

“.. بزوتنەوەی شکاک ساڵی ١٩٢٢ دروست نەبووە، بەڵکو لە ساڵی ١٩٠٩ وە دەستی پێ کرد بە دوای مردنی محەمەد پاشای باوکی لە دورگەی ڕۆدس گیانی لەدەستدا ئەمەش بە بیانوی کوشتنی ڕەزوان پاشآوە کە پێشتر باسمان کرد. ئەوکارەساتەش لەڕۆژی ٣/٣/١٩١٨ دا نەبوو بەڵکو لە ٢٨/٣/١٩١٨ بوو. هەروەها لە ماڵی خۆشیدا نەبوو بەڵکو لە ماڵی تەیمور ئاغای کۆنەشار بوو، تەنانەت دیاریکردنی ژمارەی چەکداران کە هەردوولا لەسەری ڕێکەوتبون لەلایەن مارشەمعونەوە بوو. لە بەشێکی نوسینەکەیدا هێمای بۆ ساڵی کوشتنەکەی سمکۆ کردووە کە دەڵێ لە ساڵی ١٩٢٦دا کوژرا بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لە ٢١/٦/١٩٣٠ دا شەهید بوو بەڵگەشمان ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی لەڕۆژی ٢٢/٦/١٩٣٠: هەروەکو دەڵێ دوێنێ پەیامنێرمان لەتارانەوە پێی ڕاگەیاندین کە سمکۆی شکاک سەرکردەی کوردەکانی ئێران لەشاری شنۆ بەدەستی هێزەکانی ئێران کوژرا. لەبەشێکی تری نوسینەکەی دا نوسەری ستونەکە دەڵێ: لە خێوەتدا غافڵ کوژیان کرد بۆیە بۆڕاستی کوشتنەکە ئەوەیە کەلەخێوەتدا نەکوژراوەو غافڵ کوژیش نەکراوە بەڵکو لەشەڕی دەستەویەخەو بەرامبەردا کاتێک بەسەر پردی شنۆدا ڕۆیشتووە ڕویداوە. جگە لەوەش مارشەمعون سوریانی نەبووە بەڵکو ئاسوری بووە کە دەڵێم سوریانی بە زمانی خۆت کەڕاستی یەکەی(سریانی)یە دەمەوێ هێما بۆ ئەوە بکەم کە مارشەمعون لەو کاتەدا وەک ئاسوری یەک کاری کردوە، تا دەوڵەتێک بۆ ئاسوریەکان دابمەزرێنێ، بەڵام سمکۆ دەیویست وەک نەتەوەیی یەک کورد بە سەربەخۆیی شاد بکات. هەروەها کوشتنی مارشەمعون وەک ئەو نوسەرە باسی دەکات کە پیاوێکی ئایینی بووە، بەڵام هەر پیاوێکی ئایینی نەبووە بەڵکو پیاوێکی سیاسی ڕۆژگارەکەش بووەو کوشتنەکەشی کوشتنێکی سیاسی بووەو زۆر نهێنی لەپشتەوە باس دەکرێ و هەتا ئێستاش لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێ”.
تێبینیم لەسەر پێناسی کاک قادر هەیە بۆ ئاسری و سریانی یان سوریانی. ئەوانە هەمویان یەک شتن، بەلام نازانم کاک قادر بۆ لەیەکیان جیائەکاتەوە.

گرنگی ئەم کتێبە لەلایەن شارەزایەکی مێژوی سمکۆشەوە بەرز ئەنرخێنرێ، ئەوەتا لە لاپەڕە ٨ ی پێشەکی ئەم کتێبەدا کەمال نوری مەعروف باس لە وە ئەکا کە هەندێک لە زانیاریەکانی تەواو تازەن و لە سەرچاوەی تردا نەبینراون، هەروەک ئەنوسێ:
“..بۆچون لەسەر شەهیدکردنی سمکۆ لەم کتێبەدا زۆری لەسەر هاتووە و هەموشیان زانیاری نوێن کە لە سەرچاوە مێژوییەکانی ئەم سەردەمەی دواییدا ئەو باسانە گومناون یان دەتوانین بڵێین نوسەرەکانیان خۆیان کەمتر ماندوکردووە بۆ گەڕان بە دوای ڕاستیەکاندا و خستنە ڕوویان بۆ سودی مێژوو”.
مێتودی دیمارکاشن یانی هیڵ و سنور لادان، دەرخستنی ڕاستی و دورخستنەوەی ناراستی. دیارە لە بواری گەران بەشوێن نوسینەوەی مێژو بە شێوەیەکی دروست و نزیک لەراستیەوە، هەوڵدانە بۆ ساغکردنەوەی راستی و دروستی زانیاریەکانی پێشوتر. گەر راست نەبون ڕاستیەکان بخرێتە روو. نوسەری کتێبی عەشیرەتی شکاک هەوڵی داوە زانیاری ورد و رون لەسەر کوشتنەکە و شوێنی کوشتنەکەی سمکۆ پەیدا بکات و تەواو زانیاری نوێشی خستۆتە روو. دیارە بەدەستهێنانی ئەم زانیاریانە تەنیا لە خوێندنەوەی ئەو سەرچاوانە دەستی نەکەوتون کە بەکاری هێناون بۆ باسەکەی بەڵکو پێدەچێ لەریگەی سودبینین لەو پەیوەندیە کۆمەلایەتییە بەربلاوەی هەیەتی توانیبیێتی پەی بە هەلەی زانیاریەکانی تر بەرێت. گەر نوسەر ڕێنمایی ئەکادیمی هەبوایە بۆی هەبو میتوی لێکۆلینەوەکە بە دیمارکاشن دابنرایە.
لە پێشەکیە کورتەکەما باسی ئەوەم کرد کە زۆر روداوی ناو مێژوی کورد لە ئەفسانەی راستەقینە ئەچن، هەر بۆیە کاتێک کە بەسەرهاتی ژیانی سمکۆ لەم کتێبەدا ئەخوێنمەوە وا ئەزانم رۆمانێکی ئەفسانەئامێز ئەخوێنمەوە.
لە ناوەندی رۆشنبیری کوردیا زۆر باس لە رۆژنامەی کوردستانی بەدرخانیەکان ئەکرێ، بەڵام کەم باس لە کردنەوەی یەکەم خوێندنگەی زمانی کوردی ناکات. لەم کتێبەدا کاک قادر شکاک باسی یەکەم خوێندنگەی کوردی ئەکات کە لەلایەن سمکۆی شکاکەوە لە رۆژهەلاتی کوردستان کراوەتەوە. دیارە بە رای بەندە ئەم مەسەلەیە گەر راست بێ پێویستە هەلوێستەی لەسەر بکرێ و بکرێتە رۆژی یادکردنەوەی خوێندنگەی کوردی هەروەک چۆن ئەوی تریان کراوە بە رۆژی یادکردنەوەی رۆژنامەگەری کوردی.
لە لاپەڕە ١١٠ ی کتێبەکەدا شکاک ئەنوسێ:
“هەرچەندە سمکۆ خوێندەوارێکی بەهێز نەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە لە هەوڵی بەدەست هێنانی زانستدا بووە کە بتوانێ بوارێک بڕەخسینێت بۆ مناڵانی کورد کە فێری خوێندەواری ببن بۆ ئەو مەبەستە توانی بەهاوکاری و پشتیوانی (چێرکۆف) نوێنەری ڕووەسیا لەناوچەکەدا بۆ جاری یەکەم لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە یەکەم قوتابخانەی کوردی لە ٢٧/١٠/١٩١٣ دا لە شارۆچکەی (خۆی) بکاتەوە، ئەمە لەو رۆژگارەدا سەدایەکی باشی هەبوو لەناوچەکەدا هەرچەندە لەمپەڕو ڕێگر زۆر بوون بۆ پەشیمان کردنەوەی سمکۆ، تەنانەت هەڕەشەو چاو سورکردنەوەشی تێکەوت بەڵام سمکۆ هەر بەردەوام و سور بوو لەسەرکردنەوەی قوتابخانەکە تا رؤژی ٢٧/١٠/١٩١٣ بەئامادەبوونی چیرکۆف و خەڵکێکی زۆر قوتابخانەکە کرایەوە”.
گرنگی ئەم کتێبە تەنیا لە خستنەرووی زانیارییە نوێکاندا نیە، بەلکو لە جۆری لێکدانەوە و شیکردنەوەکانیشیدایە. بەلام بەهۆی ئەوەی نوسەر خۆی شکاکە و هەستی نەتەوایەتی و کوردپەروەری زۆر بەهێزە نەیتوانیوە لە هەستوسۆز دەربڕین خۆی رزگار بکات، هەستوسۆزیش لە نوسینەوەی مێژودا بۆی هەیە ببێتە هۆی پیاهەلدان و بە سیمبۆلکردن، ئەمەش ئەوەی لیئەکەوێتەوە راستیەکان وەک ئەفسانە بخرێنەرو، ئەبێ لە یادمان نەچێ هەست و سۆز کێشە بۆ زانستی بونی بابەت دروست ئەکات.
بایەخی ئەلبومی وێنەکان لە بایەخی زانیاریە نوسراوەکانی ناو کتێبەکە کەمتر نییە. وێنەکان زۆر رونن و پێویستە خوێندنەوەی وردیان بۆ بکرێ، لەلایەک شێوازی قیافە و جلوبەرگەکان باسبکرێت و جۆری کاریگەریان لەسەر ئاراستەی بزوتنەوەکەو لەلایەکی ترەوە هۆکاری هەلبژاردنی ئەو جۆرە جلوبەرگانە ئاماژەی پێ بدرێ.

کتێبەکە بەم جۆرەیە:
A5قەبارە
٢٤٤ لاپەڕە
تا لاپەڕەی ژمارە ٢٠٢ نوسین
لە لاپەڕە ٢٠٣ وە ئەلبومی وێنەکان دەست پێ ئەکات، واتە ٤٢ لاپەڕە بۆ وێنەکان تەرخان کراوە.
لە لاثەڕە ٢٠٤ دا درەخت واتە شەجەرەی پشتاوپشتی سمکۆ ئەبینرێت.
کتێبەکە زانیاری وردی تیایە لەبارەی سمکۆ و باووباپیرانی، لە بارەی ناوچەی ورمێ و جێنشینگەی شکاکەکان و عەشیرەتی شکاک. ئەم جۆرە زانیاریانە بۆ زۆر گرنگن، بە بەڵگەی ئەوەی لە کوردستان لەو کاتەدا پێناسی شارستانی نەبووە، گەر هەشبوبێت تا ئێستا نەتوانراوە ئەو وردەکاریانە بدۆزرێتەوە.
زۆر لە وێنەکانی ناو ئەم ئەلبومە پێشتر نەبینراون و کاک قادر شکاک بەهۆی دۆستایەتی و ناسیاویەوە لەگەڵ شکاکەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان توانیویەتی بەدەستیان بێنێت. ئەتوانم بڵێم کە نوسەر وەک بانکێکی زانیاری لەلایەن شکاکەکانەوە سەیرکراوە و خۆیان پەیوەندیان پێوەکردوە و زانیاریان پێداوە. دیارە ئەو زانیاریانە هەر لە هاتندان بۆ لای و هیوادارم لە چاپەکانی ئایندەدا شتی نویتر بۆ بخاتە رو.

سەرنج و تێگەیشتنی من بۆ وێنەکان:
ژمارەی وێنەکان بە دوانەکەی سەر بەرگەکانەوە ٧٠ وێنەیە
کتێبەکە دو نەخشەشی تیایە
جلوبەرگەکان بەزۆری پۆشتەن، لەبیرمان نەچێ کە ئەوکات بۆی هەیە ئەو جلوبەرگە جوانانە بۆ وێنەگرتنەکان لەبەر کرابن، بەڵام لە لاپەڕەی ١٠٧ دا نوسەر ئەنوسێ:
“کریس کۆچێرا لەکتێبەکەیدا لەبارەی سمکۆوە دەنوسێ: سمکۆ پیاوێکی پڕ نەزاکەت و سەلار بوو، جوانی جل و بەرگەکەی زۆر کاری لە ئینگلیزەکانکردووە”.
ئەمە دەری ئەخا ئەو بۆچونەی بەندە بۆ خۆئامادەکردن وێنەگرتنەکە هەڵەبێ بە تایبەت لەبارەی سمکۆوە.
لێکدانەوە و رونکردنەوەی زۆرتر لەسەر وێنەکان جێدێڵم بۆ نوسەر بۆ چاپەکانی تر، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە پێڵاوی چەرمی درێژیان لە پێدایە و ئەوەش بۆ رۆیشتنی ناو بەفر لەو سنورانەی ورمێ و گەڤەر گونجاون، بۆ ئەوەی قاچ سەرمای نەبێ و بە گورجوگۆڵی بڕۆن. پشتێنەکانیان زۆر جێی سەرنجە چونکە لەسەر پاڵتۆشەوە بەستویانن، ئەوەش خۆی لەخۆیدا لەلایەکەوە بۆ ڕاگرتنی گەرمی لەشە و لەلایەکی ترەوە بۆ گورجکردنەوەیە چونکە رؤڵی کۆرسێتیش ئەبینن و مرۆڤ قیتوقنج رائەگرن. دیارە لە سەردەمی ئێستادا لە وڵاتە ساردەکانی ئەسکەندیناڤیا و ئەوروپا چاکەت و پاڵتۆکان لە ژێرەوە لە ئاستی ناوک دا قەیتانیان تیایە کە ئەتوانرێ توند بکرێن بۆ ئەوەی هەوا نەیەتە ناو زگ و سینەوە.

دوا وتە:
کتێبەکە لەلایەنە ئەکادیمیەکانیشی کەم نییە، لەوانە چۆنێتی بەکارهێنانی سەرچاوەکان و جۆری گفتوگۆ و لێکدانەوەکانی زانیارییە جۆراوجۆرەکانی ناوی.
پێم وایە گەر دانشگە و زانکۆکانی کوردستان زات بکەن ئەبو دبلۆمی ڕێزلێنانیان بە نوسەرەکەی ببەخشیایە و هەروەها بەو کەسانەش کە خۆبەخشانە مێژووی کورد ئەنوسنەوە، با ماستەر و دکتۆرا نەبێ، بەڵام دبلۆمی بەشی مێژو لە جێی خۆیدا ئەبێ.
لە بەرگی دواوەی کتێبەکەدا ئەم نامەیەی سمکۆ بلاوکراوەتەوە:
نامەیەکی سمکۆ بۆ حەسەن موقەدەم فەرمانداری هێزەکانی ئێران لە ئازەربایجان: (بینیمان چۆن میللەتانی بچوکی جیهان کە چواریەکی هۆزە کوردییەکانیش نین، خود موختاری خۆیان لە دەوڵەتانی گەورەی وەکو دەوڵەانی ئەڵمان وەرگرت. ئەگەر میللەتی گەورەی کورد نەتوانێ مافی خۆی لەئێران وەربگرێ، پێی باشترە لەهەل و مەرجی ئاوادا بمرێ و نەمێنێ. دەوڵەتی ئێران بیەوێ و نەیەوێ ئێمە کوردستان ئازاد و خودموختار ئەکەین، ئیدی گوناحە بە خۆڕایی خوێنی خەڵکی کورد بێتە ڕژان). ئەم نامەیە دەری ئەخات کە ئەو بزوتنەوەیەی سمکۆ رابەرایەتی کردووە خاوەن بەرنامە بووە و بەو هۆیە شۆڕش بووە با ناوچەی نفوزی سنورداریش بوبێت.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …