Home / په‌رتووكخانه‌ / فەلسەفەی مێژوو / ڕۆڵی تاك لە مێژوو دا

ڕۆڵی تاك لە مێژوو دا

ڕۆڵی تاك لە مێژوو دا

1464516675859

عه‌تا قه‌ره‌داخی

                                                                          
رۆڵی تاكەكەس چیە لە مێژوودا؟ ئایا لە كام كۆمەڵگەیانەدا رۆڵی تاكەكەس چ بایەخێكی هەیە؟ ئایا ئەو كۆمەڵگەیانەی كە تاكەكەس رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینێت كۆمەڵگەی ئاسایین یان جۆرێك لە ناسرووشتی یان كەم‌و كورتییان تێدایە؟ ئایا رۆڵی تاكەكەس لە مێژووی كورددا چی بووەو ئێستا چییە؟ ئایا سەردەمی كۆتایی هاتنی تاكەكەس بۆ درووستكردنی مێژوو كۆتایی هاتووە؟ ئایا چۆن سەیری رۆڵی تاكەكەس لە كۆمەڵگەی مەدەنیدا دەكرێت؟ ئایا لە كۆمەڵگەی مەدەنیدا پێناسەی تاك چۆن دەكرێت‌و چ شوێن‌و پێگەیەك بۆ تاكەكەسی باڵا درووست دەكات، یان بە شێوەیەكی تر ئایا لە كۆمەڵگەی مەدەنیدا رووبەرێك هەیە بۆ ئەوەی تاكەكەسی باڵا پیادەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەوانی تردا بكات؟
دەشێ چەندین پرسیاری تری لەم جۆرە بەرز بكرێتەوە كە پەیوەستن بە بوون‌و رۆڵی تاكەكەسەوە لە كۆمەڵگەدا. بێگومان لە كۆمەڵگە نەریتی‌و پێكهاتە هەرەمییەكاندا كە بە كۆمەڵگەی داخراو ناو دەبرێن، لەبەرئەوەی سرووشتی بنیادی كۆمەڵگە خێڵایەتیە یان باشتر بڵێین سرووشتی پێكهاتن لەو كۆمەڵگەیانەدا سرووشتێكی هەرەمی هەمان شێوازی هەرەمی ئایینیە، بۆیە رۆڵی تاكەكەس دیارو لەبەرچاو دەبێت. ئەوە ئاشكرایە لە هەرمی خێڵدا تەنیا ترۆپكی هەرەمەكە بوونی هەیە كە ئەویش شوێنی كەسی یەكەمی ناو ئەو پێكهاتەیەیە. هەڵبەت هەرەمی ئایینیش هەمان سرووشتی پێكهاتنی هەیەو هێزی باڵای خواوەند لە لوتكەی هەرەمەكەدایەو لە دوای ئەو هێزە باڵایەش پێغەمبەران دێن وەكو نوێتەری خواوەند لەسەر زەوی. هەڵبەت لەم دوو هەرەمە هاوشێوەیەدا رۆڵی تاكەكەس گرنگ و دیارە. ئەم دوو هەرەمەش كەوەكو هەرەمی پێكهاتنی دامەزراوەكانی قۆناغێكی دیاری كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی سەیر دەكرێن كە قۆناغی دەسەڵاتی خێڵ یان دەسەڵاتی دامەزراوەی ئایینیە، قۆناغێكە نزیك لە ژیانی قۆناغی نێو سرووشت كە ئەو قۆناغەش لە مێژووی كۆمەڵناسیدا بە قۆناغی درووستبوونی پاڵەوانە رۆمانسیەكان دەناسرێت. كە دەشێ لەم قۆناغەدا تاكەكەس رۆڵی دیار بینیبێت لە درووستكردنی  جۆرێك لە مێژوودا. زۆرێك لەو ناوانەی كە ئێستا لە مێژووی رابردووی مرۆڤایەتیدا ئێستا وەكو ناوی ئەفسانەیی سەیر دەكرێن‌و، دەشێ ئەو پاڵەوانە رۆمانسیانە بن كە لە قۆناغێكدا توانیوویانە كۆی هێزی جەماوەر لە خۆیاندا كۆبكەنەوەو جەماوەر پاسیڤ بكەن‌و خۆیان نوێنەرایەتی ئەو هێزە بكەن و لەبری خەڵك یان جەماوەر مێژووی ئەو قۆناغە بە ناوی ئەم جۆرە تاكەكەسانەوە تۆمار بكرێت. بە واتایەكی تر پاڵەوانەكانی رابردوو كە گوایە مێژوویان درووست كردووە بە گشتی ئەو كەسێتە ئەفسانەییانەن كە قەناعەت هێنان بە رۆڵی راستەقینەی ئەوان لەسەر زەمینەی واقیع  تا ئەندازەیەكب ئاشكرا جێگای گومانە. هەر لێرەوە پێموایە لە رابردووشدا رۆڵی دیاری تاكەكەس لە مێژوودا لەسەر بنەمای ناهوشیاری‌و بێئ ئاگایی كۆمەڵگە درووستبووە. بە مانایەكی تر ئەو بۆچوونەی كە پێی وایە تاكەكەس لە رابردوودا مێژووی درووست كردووە، ئەویش جۆرێك لە ناهەقی تێدایە بەرامبەر بە كۆمەڵگە چونكە تاكەكەسی دیاری رابردوو هەموو تواناكانی كۆمەڵگە یان جەماوەری بەكارهێناوە لە پێناوی خۆیداو ئەوەی كە بە تواناو هێزی ئەوان بەرهەم هێنراوە بە ناوی ئەوی تاكەكەسی رابەر یان سەركردەوە تۆمار كراوە.
هۆكاری ئەوەش كە كۆی كۆمەڵگە پاسیڤ كراوەو لەسەر جەستەی پاسیڤكراوی ئەو شووناس بە تاكەكەسی باڵا یان دیار بڕاوە كە پێگەی رابەر، سەرۆك یان پێشەوای وەرگرتووە، دیسان ناسرووشتی ئەو دامەزراوە نیشان دەدات  كۆمەڵگەیە. بەمانایەكی تر تاكەكەس لەو كۆمەڵگەیانەدا توانیووێتی لە رابردوودا مێژوو دروووست بكات كە كۆمەڵگەیەك بوون تیایاندا خەڵك یان جەماوەر ئامادەبوونی ئەوەی نەبووە كە گوزارشت لە بوونی خۆی بكات. لە مێژووی كۆنی میسردا ناوی فیرعەونەكان دیارو زانراون بەڵام ئایا ئەوە كێبوون كە بەردە دوو تەنی‌و سێ تەنییەكانیان بۆ بەرزایی 146 مەتر بەرز كردۆتەوە. ئایا ئەوانە كێ بوون بەردە بیست بۆ پەنجا تەنییەكانیان لە رۆژئاوای لەندەن كۆككردووەتەوەو بازنەی ( ستەون هێنج) یان لێدرووست كردوون؟ ئایا ئەوانە كێبوون كە دیواری چین‌و قەڵای هەولێرو دیواری نەینەوایان درووستكردووە؟ ئایا تاكەكەسەكان بوون كە مێژوو بە ناوی ئەوانەوە تۆمار كراوە یان جەماوەری خەڵكی زەحمەتكێش بوون، ئەوانەی كە كەسانی بەهێز یان دەسەڵاتی ئەو سەردەمە وەكو كۆیلە بەكاری هێناون؟ بەهەرحاڵ مێژوو بە ناوی تاكە كەسە بەهێزەكانەوە تۆمار كراوە بەڵام ئەو مێژووەش مێژوویەكی راستگۆ نییە. هەمووش دەزانین لە هەموو سەردەمەكاندا مێژوو دەسەڵاتداران نووسیوویانەتەوە یان لەبەرژەوەندی ئەوان نووسراوەتەوە. هەربۆیە نووسینەوەی مێژوو وەكو ئەوەی كە پێشكەش كراوە بایەخێكی ئەوتۆی نییە ئەگەر ئەو مێژووە وەكو مادەی خاو بۆ لێكۆڵینەوەو شیكردنەوەوخوێندنەوە بە چاوو عەقڵی رەخنەگرانەوە لێی نەڕوانرێت.
ئایا لە مێژووی كورددا رۆڵی تاكەكەس چی بووە؟ بێگومان پێش لەوەی باس لە رۆڵی تاكەكەس لە مێژووی كورددا بكەین دەبێ بپرسین ئایا كورد خۆی وەكو نەتەوە لە مێژوودا چ ئامادەبوونێكی هەیە؟ ئایا لە مێژووی مرۆڤایەتی‌و لە شارستانێتی مرۆڤایەتیدا كورد هیچ بەشدارییەكی هەبووە كە بووبێتە هۆی ئەوەی بە لایەنی كەمەوە شووناسێكی بۆ دەستەبەر بكات؟ هەڵبەت ئەوە واقیعێكی تاڵە كە كورد لە رابردوودا وەكو نەتەوە یان كۆمەڵگە بەشداری نەبووە لە بەرهەمهێنانی شارستانێتی مرۆڤایەتیدا هەر بەوپێیەش نەبووەتە بكەرێكی رووداو درووستكەر، بۆیە هەر شتێكیش لەرابردوودا ئێمە وەكو كورد خۆمان بۆ پڕكردنەوەی گرێی هەست بەكەمیكردنمان بە ناوی كوردەوە ناوی ببەین هیچ بۆ ئێمە بەرهەم ناهێنێت و نابێتە بەشێك لە مێژووی ئێمە. گرنگ نییە سەلاحەدینی ئەیوبی چی كردووە، یان بەشێك لە  زانایانی بواری ئیسلامناسی‌و ئایینی ئیسلام  كە بە رەگەز كورد بوون چیان كردووە چونكە ئەوەی ئەوان كردوویانە بۆ مێژووی كورد نییەو لە چوار چێوەی شارستانێتییەكدا كراوە كە شارستانێتی كورد نییە وەكو نەتەوە. لە رووی ئەو تاكەكەسانەشەوە كە لەسەر جوگرافیای كوردستان بە تایبەتی لە سەدەی نۆزدەو بیستدا كە دەورێكیان بینیووە، دەورێكی سنووردارەو تەنیا لەسەر جوگرافیای ناوخۆیەو جێگەو پێگەی ئەوان وەكو تاكەكەس‌و كوردیش وەكو نەتەوەو كۆمەڵگە دەورو كاریگەرییەكی ئەوتۆی نەبووە لە مێژووی مرۆڤایەتی‌و شارستانێتی مرۆڤایەتیدا. كەواتە لێرەوە تێدەگەین كە كورد هەرچۆن بە گشتی رۆڵی نەبووە لە درووستكردنی مێژووی مرۆڤایەتیدا، تاكەكەسە دیارەكانیشی رۆڵیان لەو بوارەدا نەبووەو ئەوەش ئاشكرایە ئەو رۆڵە ناوخۆییەی كە تاكەكەسی دیار لەبەكارهێنانی توانای خەڵكدا بۆخۆیی دەستەبەر كردووە رۆڵی ناوخۆیی‌و ناوچەییەو هەربەو پێیەش ئەو تاكەكەسانەش بوونەتە خاوەنی شووناسی ناوخۆیی. كە دەشێ لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان یان ئەو دامەزراوانەی كە تیایدا بوون لە دامەزراوەكانی خێڵ‌و عەشیرەت‌و میرنشین‌و بزووتنەوەو راپەڕین‌و حیزب‌و تەكێ‌و خانەقا ناوێكیان بۆ درووستبووبێت و لە سنووری دامەزراوەكەی خۆیاندا كە دامەزراوەیەكی سنووردار بووە دەسەڵات‌و پێگەیەكی دیاریان بۆ بەرهەم هاتبێت.
بەڵام لە راستیدا لە كۆمەڵگەی هاوچەرخدا ئەوەی بایەخی هەیە رۆڵی تاكەكەسە بە تایبەتی كە چۆن تاكەكەس دەبێتە تاكێكی ئامادەو خاوەن شووناسی ئەو تۆ كە بوونی خۆی وەكو تاكەكەس بسەلمێنێت. رەنگە بە هەمان پێوانەش ئەو تاكەكەسانەی كە بنەمایەكی كەسێتی بەهێزیان هەیە بتوانن نەك لەسەر ئاستی لۆكاڵی خۆیان بسەلمێنن‌و ببنە خاوەنی شووناسی تایبەتی خۆیان بەڵكو لەسەر ئاستی ئەو لۆكاڵێتییەوە زیاتر پەل بهاون‌و ببنە كەسێتی جیهانی‌و راستەخۆ یان ناراستەوخۆ بەشداری بكەن لە درووستكردنی بۆچوونێكی مرۆیی باڵادا بە جۆرێك كە مرۆڤایەتی بە ئاسانی دەنگیان ببیستێت بۆ نموونە كەسێكی وەكو نیلسۆن ماندێلا كە لە رێگای خەبات‌و تێكۆشانەوە لە ئاستێكی لۆكاڵیەوە بەرزبووەتەوە بۆ ئاستێكی جیهانی‌و شووناسێكی نێونەتەوەیی بەدەستهێناوەو وەكو هێمای ئازادی‌و یەكسانی دەناسرێت.
 لە كۆمەڵگەی مەدەنیدا تاكەكەس لەرێگای ئامادەبوونی تاكەكەسی خۆیەوە دەبێتە خاوەنی شووناس‌و شووناسی  تاكەكەسیش لە كۆمەڵگەی مەدەنیدا لە سەربنەمای توانا تایبەتییەكانی ئەو تاكە كەسە خۆی دەستەبەر دەبێت. هەروەك لە كۆمەڵگەی مەدەنیدا كۆی پەیوەندییەكان ئاسۆین‌و مێژوو هەمووان درووستی دەكەن‌و تەنانەت ئەگەر تاكەكەسی باڵاش دەركەوت ئەوە كۆی تاكەكانی كۆمەڵگەن لە رێگای دەنگ پێدان‌و هەڵبژاردنەوە پێگەو جێگەیەكی باڵا بەو تاكەكەس دەدەن. واتە تاكەكەسی دیار یان باڵا لە كۆمەڵگەی مەدەنیدا لە رێگای خەڵكەوە دیاری دەكرێت و متمانەی دەدرێتێَ بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی ئەوان بكات. كە ئەو تاكەكەسەش هەرگیز ناتوانێت بە تەنیا بڕیاربدات یان رووداو درووست بكات چونكە لە كۆمەڵگەی مەدەنیدا دەبێ هەمووان یان نوێنەرانی هەمووان لەو بوارانەدا بەشدار بن، هەر بەو پێیەش هەمووان واتە گەل مێژوو درووست دەكات. كە لە كۆمەڵگەی كوردیدا هەرچۆن تاكەكەس نەیتوانیووە تاكو ئێستا مێژوو درووست بكات، بە هەمان شێوە خەڵكیش نەیتوانیووە مێژوو درووست بكات. كەواتە دەتوانین بڵێن كورد نە لەرێگای تاكەكەسەوە نە لە رێگای خەڵك یان جەماوەر یان گشتەوە نەگەیشتووەتە ئاستی مێژوو درووست كردن، بەڵكو ئەوەی كە هەیەو كردوویەتی ئەو مێژووە لۆكاڵیەیە كە تا ئێستا هەیەتی ئەویش مێژووی چەوساندنەوەو ژێردەستەیی‌و دابەشكردنە، واتە مێژووی كورد تاكو ئێستا بریتییە لە گێڕانەوەی تراژیدیای كوردی و تاكەكەسە دیارەكانیش بە ئەرێنی یان نەرێنی پاڵەوانەكانی ناو ئەو تراژیدیا درێژخایەنەن.
لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

download

مێژووی هەرێمی کشمیر و کێشە لەگەڵ هیندستان و پاکستان و چین

مێژووی هەرێمی کشمیر و کێشە لەگەڵ هیندستان و پاکستان و چین کشمیری گەورە  یەکەم/ناوی فەرمی: …